هاوڵاتیانى عێراق بە بەرزبوونەوەى نرخەکان پێشوازى لە مانگى رەمەزان دەکەن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ دەستپێکردنى مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، هاوڵاتیان بەشێوەیەکى زۆر زیاتر لەمانگەکانى تر، ڕوو لەبازاڕەکان دەکەن و بەکاربردنى کاڵاو شمەکیش دەگاتە لوتکە، ئەمەش لەکاتێکدایە، نرخی بەشێک لەماددە خۆراکیەکان لە نێوان 15% بۆ 25% بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، بەپێی خەمڵاندنی پسپۆڕان و چاودێرانی بازاڕ، لە مانگی ڕەمەزاندا خواست لەسەر خۆراک بە ڕێژەی 20% زیاد دەکات، بەتایبەتى لە وڵاتێکى وەک عێراقدا کە خێزانە کەم دەرامەتەکان نزیکەی نیوەی داهاتی مانگانەیان بۆ خۆراک خەرج دەکەن.
ژووری بازرگانی بەغدا پێیوایە، بەرزبوونەوەی باج و ڕەسمی گومرگی، یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی سستی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخ بەر لەمانگی ڕەمەزان، دەشڵێت، ئەگەر نرخی کاڵایەک یەك ملیۆن دینار بێت و ١٠٪ سوودی بخرێتە سەر، دەبێتە یەك ملیۆن و ١٠٠ هەزار، بەڵام کاتێک باجی گومرگیی ٣٠٪ی دەخرێتە سەر (کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە)، نرخەکەی دەبێتە یەك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار، کاتێکیش ١٠٪ سوودی بازرگانیی بخرێتە سەر، دەبێتە یەك ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دینار، کەواتە ئەم بەرزبوونەوەیە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر گیرفانى هاوڵاتى و خواستی کڕیار لاواز دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم دیاردەیە پێچەوانەی ئەزموونی وڵاتانی دراوسێیە کە لە ڕەمەزاندا نرخەکان دادەبەزێنن، تا ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان بکەن لە کڕینی پێداویستییەكانیان.
بەپێى ئەو سیستمە نوێیەى بۆ وەرگرتنى باج و رسومات و گومرگ دانراوەو لەسەرەتاى ئەمساڵەوە خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەرێژەی 1% تا 30% باج و رسومات لەسەر هەموو جۆرە کاڵاو شمەکێک زیادیکردووە، بەنمونە ههر كیلۆیهك میوه 100 دینارو سهوزه 50 دینار باج لەسەریان زیادیکردووە، گومرگى هەر تۆنێک ئاژەڵی هاوردە لە 120 دۆلارەوە بۆ 600 دۆلار زیادیکردووە، ئەوەش وایکردووە نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور 2 تا 4 هەزار دینار لەبازاڕەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق بەرزبنەوە.
هاوکات وەزارەتى بازرگانى عێراق دڵنیایى دەدات لەوەى بازاڕەکان سەقامیگرن لەرووى نرخەوە و رۆژانە بەدوادچوون بۆ جوڵەى بازاڕ و نرخ و ئاستى خستنەڕووى کاڵا دەکەن، جگەلەوەش خۆراکى پێویست لەبازاڕەکان بوونى هەیەو لەبەشێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە کاڵاو شمەک بەنرخێکى هەرزان دێتەوە وڵاتەوە.
بەوتەى ئەسیر غەریرى، وەزیرى بازرگانى عیراق، جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا ، بۆ رێکخستنى دەروازە سنوورییەکان و پارێزگاریکردن لە دراوى نیشتمانیی و رێگریکردنە لەبردنە دەرەوەى بە قاچاخ، ئەو بڕە پارەیەش کە بەهۆى ئەو سیستمەوە زیادیکردووە ناگاتە سەدا پێنج، ئەو رێژەیەش کارناکاتە سەر زیادبوونى نرخەکان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارى دارایى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندووە، دروستکردنى مەترسى لەسەر بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک لە مانگى رەمەزاندا زیادەڕۆیى تێدا کراوە، چونکە بازاڕەکانى عێراق سەقامگیرەو گۆرانى نرخ بەشێوەکى دیار تێیدارونادات.
لاى خۆیەوە کەریم حلو، پسپۆڕی ئابوورى پێیى وایە، ئەو دۆخەى کە لە بازاڕەکان ڕوودەدات پێش مانگى رەمەزان، نا هاوسەنگیە لەنێوان خواست خستنەڕوودا، کێشەى بەرزبوونەوەى نرخەکانیش بەتەنها لە رسومات و گومرگدا نییە، بەڵکو بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە زنجیرەکانى گەیاندنى کاڵاکەوە هەیە، ئەوەش وادەکات بەنرخێکى گران بگاتە دەستى بەکارهێنەرى کۆتایى.
ئەو پسپۆڕە ئابورییە دەڵێت، خێزانەکانى عێراق کە داهاتیان سنووردارە، نزیکەى نیوەى داهاتى مانگانەیان بۆ خۆراک خەرج دەکەن، بۆیە هەر بەرزبوونەوەیەکى نرخەکان، راستەوخۆ فشار لەسەر هێزى کڕینیان دروستدەکات و کورتهێان لە خەرجیەکانیان دروستدەبێت، بۆیە چارەسەرکردنى ئەم دۆخە پێویستى بەچاودێریەکى زۆر توندە، لەسەر نرخەکان لەگەڵ چاوخشاندنەوە بەرسوماتەکان بەتایبەتى لەو وەرزانەى بەکاربردن زۆر دەبێت.
