پەرلەمانتارێك: نیوەی مووچەی وەزیر و پەرلەمانتارانى عێراق بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
پەرلەمانتارێكى عێراق داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیر و خاوەن پلە تایبەتەكانی عیراق دەكات، نیوە یان زیاتر لە مووچەی مانگانەیان ببەخشن بە گەنجینەی دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی وڵات پێیدا دەڕوات.
کەریم علێوى محەمەداوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی بەدر لە راگهیهندراوێكدا دهڵێت، پێویستە ئەم رێکكارە بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێک بەردەوام بێت، یان تا ئەوکاتەی ئەم قەیرانە ئابوورییەی ئێستا تێدەپەڕێت.، ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی سەرچاوەیەکی نوێی داهاتە بۆ دەوڵەت و کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر خەڵک.
ئاماژەی بەوەشكرد، با پهرلهمانتاران، وەزیر، راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی، پێشەنگ بن لە قوربانیدان و لە کاتی قەیرانەکانیدا لەگەڵ دەوڵەتدا بوەستن، ئەم هەنگاوە نیشانەیەکی بچوکی سوپاسگوزارییە بۆ ئەم میللەتە گەورەیە و هەنگاوێکە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی .
لە چەند مانگی رابردوودا حكومهتى عێراق ژمارەیهك رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ زیادكردنی سەرچاوەکانی دارایی و چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینە. ئەو رێوشوێنانە بریتی بوون لە زیادکردنی باجی گومرگی و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، جگەلەوەش بەهۆی كەمی نەختینەوە دواکەوتنی مووچەشی هاتۆتەسەر، بەڵام ئەم رێوشوێنانە کاریگەرییان لەسەر مووچە و ئیمتیازاتی گهوره بەرپرسان نەبووه، ئەوەش وایكردووە دووچاری رەخنەیەكی زۆر ببن.
