فەرشچنین پیشە دێرینەکەى ئێران بەرەو لەناوچوون
3 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرچەندە فەرشی ئێران لەسەر ئاستی جیهان خاوەن ناوبانگێکی گەورەیە، بەڵام بەهۆی خراپی بازاڕەکەیەوە، شەپۆلێکی فراوانی کۆچ، لەفەرشچنان یاخوود پیشەسازی رستن و چنین لەو وڵاتەوە دەستی پێکردووە بەرەو هەرێمی کوردستان و تورکیا، هاوتەریب لەگەڵ گواستنەوەی ئەو پیشەسازییەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەست رەنگینانی تەبرێز و شارەکانی تر بەرەو هەولێر کۆچ دەکەن، ئەمەش وایکردووە یەکێک لە پیشەسازییە مێژوویی و دیارەکانی ئێران لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئابووری رووی لەو وڵاتە کردووە.
لێپرسراوانی کەرتی پیشەسازی شاری تەبرێز ئاشکرایان کردووە، شەپۆلێکی کۆچی فراوان لە دەست رەنگینان و فەرش چنانی ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو هەرێمی کوردستان و بەدیارکراویش بۆ هەولێری پایەتەخت دەستی پێکردووە، ئەوەش بەهیوای دۆزینەوەی هەلی کارو دەستبەرکردنى ژیانێکی باش بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، لێپرسراوانی ئەو کەرتە هۆشداری دەدەن لە لێکەوتە خراپەکانی ئەو کۆچە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی پاشەکشەی کەرتی رستن و چنین و فەرشی دەستی لە ئێران.
ئەیوب بەشیری، جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی وتووە، ئێستا شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان و تورکیا بوونەتە دوو جێگەی دیار بۆ کۆچکردنی فەرشچنانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ئەو لێپرسراوەی ئێران، ئەم دیاردەی کۆچکردنەی بە "زەنگێکی مەترسیدار " ناوبردوو جەختی کردەوە، ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ چۆڵ بوونی ناوچەکە لە کەسانی دەست رەنگین ، کە خاوەن توانایەکی بەرزى مرۆین، نەشی شاردەوە کە گرنگی نەدان بە ژیان و گوزەرانی دەست رەنگیان و فەرشچنانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکیی بووە لە پشت ئەم کۆچەوە بەرەو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو لەوێ ژینگەیەکی نوێ و سەقامیگر بۆ کارەکەیان بدۆزنەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران، روونیکردەوە، پیشەسازی فەرش تەنها پیشەیەکی دەستی نییە، بەڵکو "زنجیرەیەکی ژیانە" بۆ پاراستنی گوزەرانی هەزاران خێزان، بەشێوەیەک بەرهەمهێنانی یەک فەرش دەبێتە هۆی دابینکردنی بژێوی 15 خاوەنکاری جیاواز، وەک دیزاینەر، بۆیاخچی، فەرشچن، کرێکاری گواستنەوە و هەناردەکارو چەندین کەسی تر بەراستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ.
