پلانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاشکرابوو؛ ئایا سیناریۆی جەنگی عێراق دووبارە دەبێتەوە؟
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمریکا رۆژانە توانا سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات، ئامانجەکەش فشارخستنەسەر ئێرانە بۆ قایلبوون بە رێککەوتنێک کە بەدڵی واشنتن و تەلئەبیبی هاوپەیمانی بێت.
لەئەگەری ملنەدانی ئێران بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی وەک پیاوی وەستێنەری جەنگەکان ناودەبات، ئەمجارە خۆی بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگ دەدات.
بژاردەی سەربازی ئەگەرێکی نزیکە، بەڵام هەمووان پرسیاریان لە شێوازی لێدان و سیناریۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەیە.
گۆڤاری فۆربس لە راپۆرتێکدا پلان و سیناریۆی هێرشی ئەمریکای بۆ سەر ئێران ئاشکراکردووە، بەگوێرەی گۆڤارەکە، هێرشەکە سنووردار و ئامانجدار دەبێت، بەرپرسانی سوپای پاسداران و دەسەڵاتداران ئێران دەکرێنە ئامانج.
بەگوێرەی گۆڤارەکە، هیچ هێرشێکی زەمینی ناکرێتە سەر ئێران، چونکە لە ئامادەکارییەکانی ئەمریکادا هیچ هێزێکی پیادە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکراوە، ئەوەی هەیە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک و تۆپهاوێژی دوورمەودان.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ترەمپ نایەوێت بەهیچ شێوەیەک سیناریۆی جەنگی عێراق دووبارە بکاتەوە.
هاوکات ماڵپەڕی خزمەتگوزاری پەخشی گشتیی ئەمریکا لە زاری چەند پسپۆڕێکی سەربازییەوە، راپۆرتەکەی گۆڤاری فۆربسی پشتڕاستکردووەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لە دوای جەنگی عێراقەوە، یەکەمینجارە سوپای ئەمریکا بەو توانا سەربازییەوە زۆرەوە هاتبێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا، پێشبینی جەنگی زەمینی ناکرێت.
پسپۆڕێکی سەربازی بە ماڵپەڕەکەی گوتووە، لە جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ زیاتر لە ٢٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کران، لە جەنگی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٥٠٠ هەزار سەربازی رەوانەی عێراق کرد. بەڵام ئێستا کەمتر لە ٢٠ هەزار سەرباز لەناوچەکەن، ئەمەش سیناریۆی هێرشی زەمینی و دەستپێکردنی جەنگێکی درێژخایەن دووردەخاتەوە.
پسپۆڕێکی دیکەش جەخت لەوە دەکاتەوە، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سنووردار دەبێت، بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن و مووشەکی دوورمەودا ئامانجەکانی نێو خاکی ئێران بۆردومان دەکرێن، دواتریش بەرپەرچی هەر هێرشێکی پێچەوانەی ئێران دەدرێتەوە.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە سەربازییە، ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بۆ هێرشێکی ئامانجدار و بەرپەرچدانەوەی وەڵامی ئێرانن.
