زمان، شوناس و فەرهەنگە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەسرین عاسی شوانی
زمان بە پێناسە و بنەمای سەرەکیی هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و یەکێکە لە پایەکانی پەیژەی ناسینی نەتەوە، بە جۆرێک لە ڕێگای زمانەوە، کولتوور و فەرهەنگ شوناسی نەتەوەکان لە جیهاندا دەناسرێتەوە.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کاتێ پۆلیسی پاکستان بە فەرمانی دەوڵەت لە 21ی شوباتی 1952 تەقەیان لە ژمارەیەک قوتابیی مانگرتووی زانکۆی بەڕەگەز بەنگلادیشی کرد، ئەوەش لە کاتی مانگرتنیان و داواکارییان بۆ بەکارهێنانی زمانی بەنگلادیشی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی پاکستان، بەهۆی ڕێزنەگرتن لە داواکاری و خۆپیشاندانەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە تەقەیان لێ کرا و چەندین قوتابی گیانیان لەدەستدا.
ساڵی 1999 بە مەبەستی ڕێزگرتن و نرخاندنی سەرجەم زمانەکانی نەتەوەکانی جیهان (یونسکۆ) ڕۆژی 21 شوباتی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دەستنیشانکرد.
بەگشتی زانایانی بواری زمان بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی گەلان دادەنێن، زمان وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندیگرتن و لێکگەیشتن بەکاردەهێنرێت، بە رەگەزێکی سەرەکیی کولتوور ناوی دەبەن، بۆ پاراستنی کولتووری نەتەوەکان و گواستنەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر.
بەپێی دوا زانیارییەکان بێت، نزیکەی شەش هەزار و حەوتسەد زمان لە جیهاندا هەن، مەترسیی لەناوچونی زمانیش بەردەوامیی هەیە و بەپێی دوا ئامارەکان بێت لە ساڵی 1950وە نزیکەی 200 زمان لەناوچوون، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری زمان پێیانوایە، لە سەد ساڵی داهاتوودا نیوەی زمانەکانی جیهان لە لێواری لەناوچوون و هەڕەشەی نەماندان، چونکە ئێستا 184 زمان لە جیهاندا کەمتر لە 10 کەس بەکاریدەهێنن.
سەبارەت بە زمانی کوردی، هەرچەندە زمانێکی دەوڵەمەندە و چەندین زاراوە و دیالێکتیکی جیاوازی هەیە، بەڵام جێگای داخە تا ئێستا خاوەنی زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو نییە، هەرچەندە سەرەڕای هەڕەشە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستان زمانی کوردی کاڵ نەبووەتەوە و لە گەشەسەندندایە، ئەوەش نەک لەسەر دەستی دامودەزگاکان، بەڵکوو لەلایەن ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و خوێنەوارانەوە زمانی کوردی پەرەیپێدراوە و بە زیندوویی هێڵراوەتەوە.
وەک ئاماژەمان پێدا، زمانی کوردی لە چەندین شێوەزار و بنزار و شێوەئاخافتن پێکهاتووە، کورد لە کوردستان بە چوار زاراوەی سەرەکی قسە دەکەن وەک:
٭ زاراوەی کرمانجی باکوور (کرمانجی): بایەزیدی، بۆتانی، هەکاری، بادینانی. شەمدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوا.
٭ زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست (سۆرانی): موکریانی، سۆرانی، سلێمانی، گەرمیانی.
٭ زاراوەی کرمانجی خواروو (لوڕ): لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسێنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەڵهوڕ.
٭ زاراوەی گۆران: گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەلانی و زازا
یەکێ لە شێوەزارەکانی ئاخافتن و نووسین و دیالۆگ شێوهزاری موکریانە، ئەو بابەتە ئەدەبیانەی بە موکریان دەنووسرێن چەندە چێژ بە خوێنەر و ئەدەبییاتی کوردی دەبەخشن.
سەرەڕای دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لەلایەن ڕێکخراوی کولتووری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، زمانی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خوێندن قەدەغەیە و مافی کولتووری و خویندنیان بە زمانی کوردی وەک پێویست دەستەبەر نەکراوە، بەڵام لە باشووری کوردستان زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی، زمانی فەرمی و ڕێگەپێدراوە پێکهاتەکانی تری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕێگەیان پێ دراوە بە زمانی خۆیان بخوێنن و قسەی پێ بکەن بەبێ هیچ ڕێگریەک.
