ئەو رووناکییانەی تاریکی پیشان دەدەن دەشتی شارەزوور بپارێزە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



رێباز ئه‌حمه‌د

گەر شەوانە لە بەرزاییەکانی هەڵەبجەوە سەیری دەشتی شارەزور بکەین، یەکپارچە رووناکی دەبینین. رووناکییەک کە جاران لێرە و لەوێ بە چەند پەڵەیەک دەبریسکانەوە، بەڵام ئێستا جگە لە ئاستی دەریاچەی سیروان کە تاریکە، رووناکیی گلۆپ شەوارەت پێدەکات. هەڵبەت رووناکی بۆ خۆی رووناکییە و ژیانی مرۆڤی پێوە پەیوەستە، بەڵام دەکرێت رووناکیییش ئاماژە بێت بۆ کارەساتێک و تاریکییەکی قوڵی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت؛ چونکە هەروەک چۆن ئاسایی نییە شار تاریک بێت، ئاواش ئاسایی نییە دەشت وەک شار رووناک بێت.

دەشت بەنرخە؛ تا وڵاتانێکی بێ دەشت یان پڕ خاکی بێ پیت نەبینین، نازانین دەشتی شارەزوور چ گەوهەرێکە. دەشتێک وەک چۆن لە مێژوودا و لە پێش دۆزینەوەی نەوت، خۆراکی پاکی بۆ دابین کردووین، ئاواش لە کاتی نەوت و دوای نەوتیش، گەر بە رووناکی داینەپۆشین، ده‌توانێت هەمان کارمان بۆ بکاتەوە.

دیارە زۆربوونی ئەو رووناکییانەش تەنها هۆکاری زیادبوونی رێژەی خۆشگوزەرانی و دانیشتووان و گلۆپی زیادە و گەیاندنی هێڵی کارەبای زۆرتر نییە بە گوندەکان؛ نا، بەڵکو چیمەنتۆڕێژکردنی خاکەکەیە بە خانوو دروستکردن. گەر سەیری ژمارەی خانووی ناپێویست، بۆشایی و ژوورە گەورە ناپێویستەکانی ناو ماڵەکان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت ئێمەی کورد بە "شا و سەپانەوە" چەند بەبێ‌ قەدری بەسەر ئەو خاکە بەنرخەدا رادەبوورین.

گەر دروستکردنی خانوو بە کێشە نەزانین و پێمان وابێت زەوی بۆ مرۆڤ فەراهەم کراوە و دەتوانین ئێمەی "حەیوانە ستونییەکە" بە ئارەزووی خۆمان سروشت دڕندانە بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بەکاربهێنین، ئەوا دەبێت ئەوەشمان بیربێت کە نەوتراوە بۆ چ نەوەیەکی مرۆڤ؛ ئەگەر نەوەیەک "کە خۆی کرێچییە لەسەر زەوی" هەموو خێرەکانی بۆ خۆی بەرێت و دەشتەکان لە بەرهەم بخات، ئەی نەوەکانی دواتر؟

گەر خانوو پێویستە، فەرموو ئەوە شاخی روتەڵە و ئەوەش شوقە، یان هەر  حەلێکی تر، نەک دابەشکردنی زەویی کشتوکاڵی بۆ خانوو. ئاخر گەر شاخەکان لە شەڕدا دۆستمان بن، ئەوا دەشتەکان هەم لە شەڕ و هەم لە ئاشتیدا دۆستمانن.

بە کورتییەکەی، رووناککردنەوەی هەر بستە خاکێکی ئەو دەشتە بەنرخە بە خانوو دروستکردن، تاریککردنی ئایندەی نەوەکانمانە؛ هەر گلۆپێک کە دەیبینن نیشانەی زیندەبەچاڵکردنی خاکێکە.

 بۆیە خراپ نییە ژینگەدۆستان و سوپاسگوزارانی "نیعمەتە پێبەخشراوەکان"، کەمپینێکیش بۆ پاراستنی دەشتی شارەزووریش (یان هەر دەشتێکی تری کوردستان) رابگەیەنن؛ بە شێوەیەک کە بتوانرێت سەرنجی گشتی بۆ رابکێشرێت و هەست بە گوناهـ لە لای هەموو ئەوانە دروست بکرێت کە خەریکی کوێرکردنەوەی ئەو خاکەن.

بە هیوای ئەو ناوچە تاریکانەی کە ماوە لە دەشتەکەدا رووناک نەبنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار