بترسین و خواردن پاشەکەوت بکەین، لە ئەگەری جەنگی ئێران-ئەمریکادا؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهرۆز ڕەئوف
دروستکردنی ترسی برسێتی و پاشەکەوتکردنی خواردن و پێداویستی ڕۆژانە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە دڵی هاوڵاتیاندا، لە ئەگەری جەنگی ئێران - ئیسرائیل، هیچ لۆژیک نییە.
هەر جەنگێک رووبدات بۆ یەکلاییکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی ئێرانة، یان تەسلم بوون لەڕێی گفتوگۆ یاخود گورزی کوشندە و ڕوخاندنی یەکجارەکی. بۆیە ئەنجامی هەر یەکێک لەو ئەگەرانە ڕێگە بە ئێران نادات گەرووی هورمز له هەفتەیەک زیاتر دابخات، کە ئەویش لاوازترین ئەگەرە. گرنگیی گەروەکە چەندین فاکتەری خۆی هەیە:
١. ڕێڕەوە ئاوییەکە وەک شەبەکەی وزەی جیهان: ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ ملیۆن بەرمیل نەوت (کە دەکاتە نزیکەی ۲۰٪ی بەکارهێنانی جیهان) پیایدا تێدەپەڕێت.
٢. گازی سروشتی: زۆربەی گازی سروشتی شلکراوەی (LNG) قەتەر، کە گەورەترین هەناردەکاری جیهانە، لەم ڕێگەیەوە دەگاتە بازاڕەکان.
ئابووریی وڵاتانی هەناردەکاری کەنداو وەک سعودیە، عێراق، ئیمارات، کوێت و قەتەر، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کراوەیی ئەم گەرووەوە و داهاتی سەرەکیان لەدەستدەچێت. هەروەها وڵاتانی تری کڕیاری وزە وەک چین و ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیندستان دەبنە زەرەرمەندی گەورە، بۆیە هێز و کاریگەری ئەم وڵاتانە ڕێگە بەوە نادات، هەر ئەگەرێکی داخستن درێژە بکێشێت.
لە پاڵ هەموو ئەمانەدا خودی ئیدارەی ترەمپ هەوڵی بەردەوامیان بۆ دابەزاندنی نرخی وزە بووە لە جیهاندا بەتایبەت نەوت. کەواتە بڵاوکردنەوەی هەر ترس و دڵەڕاوکێیەک، کارێکی ناعەقڵانییە و ناکرێت خوێندنەوەکان فرە ڕەهەند نەکرێت. ڕاستە شەڵەژانی گەورە لە بازاڕی جیهانی وزەدا ڕوودەدات، بەڵام بەو مانایە نییە، پێویست بە خەزنکردنی خواردن بکات، کە خۆی ئەو ترسە لە خودی جەنگەکە و ئاکامەکانی وێرانترە، کەواتە ئیتر بۆ دەبێت ئەم ترسە لە دڵدا دروستبکرێت!؟
