سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە بارەی پرۆسەی ئاشتی کۆدەبێتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەم ساڵ چوارەمین کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بێشتەپە ئەنجام دەدرێت. مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و ڕاپۆرتەکەی کۆمسینی پەرلەمانی تورکیا.
دوای سێ هەفتە لە پشووی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ کاتژمێر 1:30ی دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەنجام دەدرێت، سەرەتا پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەخرێتە سەر مێزی گفتووگۆ، هەروەها ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی کە "کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێشکەشی کردبوو، لەلایەن سەرۆککۆمارەوە قبوڵ کراوە و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات، دوایین پێشهاتەکانی سووریا و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
یەکێکی تر لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەبێت، هەوڵەکانی تورکیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و نێوەندگیری نێوان ئەو دوو وڵاتە تاوتوێ دەکرێت.
هەروەها ناردنی هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ غەززە و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی فەلەستین یەکێک دەبێت لە بابەتەکانی کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەی ئەم جارە کابینەکەدا، بۆ یەکەم جار هەریەک لە ئەکین گورلەک، وەزیری دادی تورکیا و موسرەفا چیفتجی، وەزیری ناوخۆی تورکیا بەشداری دەکەن.
