داخستنی گەروی هورمز ... داهاتی عێراق 90%ی كەم دەبێتەوە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
عێراق لەبەردەم هەڕەشەیەکی راستەقینەدایە، لەئەگەری داخستنی گەروی هورمز نزیکەی 90%ی داهاتەکانی لەدەست دەدات و بەپێی رێکخراوی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، گەرووی هورموز رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیلی پێیدا تێپەر دەبێت، کە دەکاتە نزیکەی پێنجیەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان و گەروی هورمز بە شادەماری هەناردەی نەوت ناسراوە، بۆیە بەداخستنی نەك ئابووری عێراق دەپوکێنیتەوە، بگرە قەیرانێكی تووند لەسەر ئابووری جیهان دروست دەكات.
گۆفەند شێروانی شارەزای بواری نەوت و وزە دەڵێت، هەر جۆرە رووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازی لە گەروی هورمز، لێکەوتەی توندی دەبێت، لەسەر کۆی بازرگانی جیهان، لەنێویشیدا هەناردەی نەوتی عێراق، کە بەڕێژەی سەدا 90ی نەوتەکەی لەو گەروەوە دەچێتە بازاڕەکانی جیهان، ئەوەش بەو مانایە دێت، داخستنی دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەناردەی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت و ئەگەر بۆ ماوەی یەک مانگیش دابخرێت، عێراق زیاتر لە 6 ملیار دۆلار لەدەست دەدات، کە ئەوەش دەکاتە نزیکەی سەدا 90ی داهاتی گشتی وڵات.
ئەو پسپۆڕەی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەگەری داخستنی گەروی هورمز تەنها هێڵێکی هەناردەکردنی نەوت بۆ عێراق دەمێنێتەوە ئەویش بەندەری جەیهانی تورکیایە، رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیلی لێوە هەناردە دەکرێت، ئەوەش کەمتر لەسەدا 10ی کۆی گشتی ئەو نەوتەیە عێراق هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، ئەگەر ئاستەکەشی بۆ ملیۆنێک بەرز بکرێتەوە هەر ناتوانێت بارگرانی لێکەوتەی ئەو شۆکە گەورە لەسەر عێراق کەم بکاتەوە.
لای خۆیەوە، حەیدەر عەبدولجەبار، پسپۆڕی بواری نەوت پێی وایە، لە ئەگەرى هەر جۆرە هەرەشەیەک بۆ راگرتنی هەناردەی نەوت نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر هەر جۆرە پەک کەوتنێک، یان داخستنێک لە رێڕەوەی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز روبدات، مانای راوەستانی داهات و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەیەنێت.
سەبارەت بە بەهای دۆلار، کە بازاڕێکی ئێجگار هەستیارە لە عیراق ، ئەحمەد عید، توێژەری ئابووری دەڵێت، بازاڕەکانی عێراق بەر لە کاریگەرییە داراییەکان کاریگەرییە دەروونییەکانی زیاتر لێکەوتە لەسەری جێدهێڵن، بۆیە هەر جۆرە پەرەسەندنێک وادەکات بازرگان و هاوڵاتیان پەنا بۆ کڕینی دۆلار بەن واتە دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەری، ئەوەش وادەکات کەلێنی نێوان نرخی رەسمی دۆلار لە بانکی ناوەندی و نرخەکەی لەبازاڕی رەش زیاتر بێت، بەتایبەتیش ئەگەر رێوشوێنەکانی ئەمریکا بەرامبەر حەواڵەکردنی دۆلار بۆ عێراق توندبێتەوە.
گۆفەند شێروانی شارەزای بواری نەوت و وزە هۆشداری دەدات، لەوەی سیناریۆی داخستنی گەرووی هورمز زۆر توند دەبێت، چونکە کەمبوونەوەی داهاتی نەوت دەبێتە هۆی نەمانی دۆلار، بۆیە پێشبینی دەکرێت، لەماوەیەکی زۆر کورتدا بەهای 100 دۆلار بگاتە 200 هەزار دینار، ئەمەش لێکەوتەی زۆر خراپی دارایی و ئابووری لەسەر ئەو کەسانە دروست دەکات کە داهاتیان سنووردارە.
شێروانی دەشڵێـت، داخستنی گەرووی هورمز لێکەوتەکان تەنها لەسەر نەوت و دۆلار دەرناکەون، بەو پێیەی زۆرینەی بازرگانی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەبێت، لە ئەگەری داخستنی، کاڵاو شمەک کەم دەبێتەوەو لەتەواوی ناوچەکە لەوانە قەتەر، سعودیە، بەحرەین، ئیمارات و عێراق و نرخی کاڵاکان بەرزدەبنەوە.
هاوكات ئەحمەد عید، توێژەری ئابووری باس لەوەدەکات، ئابووری عێراق فرە چەشن نییەو بەڕێژەی سەدا 90 پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بۆیە بوونی هەر جۆرە مەترسیەکی جیۆ سیاسی و ململانێکانی ناوچەکە وادەکات عیراق زۆرترین زیانی لێ بکەوێت، چونكە یەك سەرچاوەی دابینكردنی داهاتی هەیە ئەویش فرۆشتنی نەوتە، بۆیە لەئەگەری رودانی جەنگ لە گەرووی هورمز ئەو سەرچاوە گرنگەی داهاتی عێراق دەوەستێت.
