دەم پارتی ناوی پارتەکەی بۆ "کۆماری دیموکراسی" دەگۆڕێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت، دوای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمسیۆنەکە، پرۆسەکە بۆ قۆناغی ڕێکخستنەوەی ماف و سیاسەت دەگۆڕێت، لەو چوارچێوەیەدا دەم پارتی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پارتەکەیدا دەکات، ناوی پارتەکە دەبێت بە "کۆماری دیموکراسی" و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتەکە دەگۆڕێن، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتەکەی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
لە میانەی بەرەوپێشچوونەکانی هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی، دەم پارتی گۆڕانکاری گەورە لە ناوخۆیی پارتەکەیدا دەکات، گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی کارکردن و دیدگای پارتەکە تەنانەت ناوی پارتەکەش دەگرێتەوە.
دەم پارتی دەیەوێت پارتێک بێت لە چوارچێوەی کۆماری تورکیا و ڕایگەیاندووە کە پێویستە دیموکراسی شوێنی چەک بگرێتەوە، ئامانجی دەم پارتی کردنەوەی قفڵەکانە و دەیانەوێت ئەمە لە دیدگای پارتەکەیان ڕەنگ بداتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی خەبەرتورک، لە قۆناغی نوێی سیاسەتی دەم پارتی، سەرجەم چالاکییە سیاسییەکان لە ژێر یەک چەتردا بەڕێوە دەچێت. ڕێکخراوە پێکهێنەرەکانی وەک کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (د.ت.ک)، کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هدک) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) دادەخرێن.
هەروەها لە نێو ڕیزەکانی پارتەکەدا گۆڕانکاری بەرچاویش پلانی بۆ دانراوە. تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت، بەڵام نوێبوونەوەیەکی بەرچاو لەنێو ئەندامانی دیکەدا ڕوودەدات. بڕیارە لە مانگەکانی هاویندا کۆنگرە ببەسترێت؛ بەڵام بەپێی پێشکەوتنی پرۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" وادەی دیاری دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت ئەم بڕیارە کاردانەوەی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت. ئێستا پێکهاتە چەپەکان لەژێر یەک پارتدا یەکدەگرن، تەنها توانای ئەوەیان هەیە لەژێر ناوی ئەو پارتەدا سیاسەت بەڕێوەببەن. ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە لە لیستەکانی دەم پارتییەوە هەڵبژێردراون، ناتوانن بگۆڕدرێن بۆ پارتێکی تر.
