فەهمی بورهان: بەقەزاکردنی جەلەولا هەنگاوێکی نادەستوورییە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت: گۆڕینی ناونیشانی ئیداری جەلەولا لە ناحیەوە بۆ قەزا، بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، هەوڵێکی ترە بۆ گۆڕانکاری لە دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان و پێچەوانەی مادەی 140 ی دەستوری عیراقە.
میدیاى یەکێتى بڵاویکرۆدتەوە، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاندوە: گۆڕینی ناونیشانی ئیداری جەلەولا لە ناحیەوە بۆ قەزا، بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، لە لایەن بەغدادەوە، هەوڵێکی ترە بۆ گۆڕانکاری لە دیموگرافیای بەشێکی تری ناوچە کوردستانییەکان و پێچەوانەی بێ چەندوچوونی بنەما گشتییەکانی مادەی 140 ی دەستوری هەمیشەیی عیراقە، ئەم هەنگاوە تاک لایەنانە لەو ناوچانە، ئاماژەیەکی روونە کە نیشانی دەدات نیەتی جدییان نییە پابەندی دەستور و لێک تێگەیشتنی هاوبەشبن.
فەهمی بورهان دەشڵێت: سەرئەنجام رانەگرتنی ئەم هەڵوێست و بڕیارانە لە لایەن نوێنەرانی کوردستانەوە لە بەغداد، بۆ بڕیاری خەراپتر و مەترسی زیاترمان دەبات.
رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، بەفەرمی لەلایەن عومەر کوڕووی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەقەزابوونى گوڵاڵە راگەیێنرا و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەش داوە کە ژمارەى دانیشتوانى گوڵاڵە زیاتر لە 140 کەسەو لە دوای ئەوەی داواکارییەکە گەیشتە بەغدا و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەفەرمی گوڵاڵە کراوەتە نۆیەم قەزاى دیالە، وتیشی: "لەپشت پەردەوە چەندین پیلانگێڕی هەبووە بۆ ئەوەی نەکرێتە قەزا."
گوڵاڵە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو، یەکێکە لەو ناوچانەی ماددەی 140ی دەستوور دەیگرێتەوە و کێشەلەسەرە، بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ١٩٧٥ زیاتر لە ٧٥٪ـی دانیشتووانەکەی کورد بوون، بەڵام چارەنووسی کارگێڕیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا یەکلا نەبووەتەوە.
