سەرۆک بارزانی: دەبێت حكومەتی داهاتوو كێشەكانی ماددەی 140 و یاسای نەوت و گاز چارەسەر بكات

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمرۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی  لە پیرمام، پێشوازی لە تۆم بەڕاک نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم بەڕاک وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات.

 ئاماژەشی بەوە دا، بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و رێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت، هەروها تۆم بەڕاک جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمرریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان و ئەو تاوان و جینوسایدەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراوە و ئاماژەی بەوەشداوە، گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە و ویستویەتی كێشەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن، لەبارەی عێراقیش سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە، پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و عێراقیش رەچاو بكرێت.

هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە، حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت، كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.

پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار