ئه‌لمۆنیتۆ نهێنی كۆبوونه‌وه‌ی رۆبیۆ و شه‌یبانی لە میونشن ئاشكرا ده‌كات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، لە میونشن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەرجی ئامادەبوونی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.

پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا نهێنییەکی گفتوگۆکانی نێوان مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریای لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشیی جیهانی میونشن ئاشکرا کردووە و بە گۆێرەی زانیارییەکان روبیۆ بە شەیبانی وتووە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵت ناکرێت لە میونشن ئەگەر مەزڵووم عەبدی فەرماندەی کورد لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبێت.

رۆژنامەنووس ئەمبەرین زەمان راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆری ئامادەکردووە و نووسیویەتی "مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆبوونەوەکەی 13ی شوبات، لەگەڵ ئەسعەد شەيبانی وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادە بێت. کە دیدارەکە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان کە زانیاریی تەواویان لەسەر گفتوگۆکانی پێش کۆبوونەوەکە هەبووە، بە مەرجی مانەوەیان بە نهێنی بە 

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە زانیاریی تەواویان لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن هەبووە، بە مەرجی ئەوەی ناویان بڵاو نەکرێتەوە، بە ئەلمۆنیتۆریان راگەیاندووە؛ رۆبیۆ بە شەيبانی گوتووە ئەگەر سەرکردە سەربازییەکە کورد، مەزڵووم عەبدی لەناو شاندی سووریادا نەبێت، ئەوا کۆبوونەوەکە هەرگیز ناکرێت. هەربۆیە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا، رێگەی بە شەیبانی داوە کە پابەند بێت. لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، عەبدی لە تەنیشت شەیبانی دانیشت کە بەنزیکەی دەکەوتە بەرانبەر بە روبیۆ.

ئەمبەرین زەمان لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: ئەم ساتەوەختە لەلایەن کوردانی سەرتاسەری جیهانەوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هەڵمەتی دەیان ساڵەیان بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی ئاهەنگی بۆ گێڕا. تەنانەت بەئەزموونترین چاودێرانی کاروباری کوردیشی تووشی سەرسوڕمان کرد.

هەروەها تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا، کە زۆرجار لەلایەن کوردەوە بە لایەنگری شەرع تۆمەتبار دەکرێت، وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "وێنەیەک بەرانبەر بە هەزار وشەیە. سەرەتایەکی نوێ".

هەر بە بۆچوونی ئەو سەرچاوانەی زانیاریان بە ئەلمۆنیتۆر داوە، دەڵێن باوەش پێداکردنی رۆبیو بە عەبدی زیاتر بۆ رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە نەک نیشانەیەک بێت بۆ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە هەسەدە.

بەگوتەی سەرچاوەکان، لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە ئەحمەد شەرع لە زیادبووندایە، بە تایبەت لەبارەی خراپ مامەڵە و رەفتاری لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناو وڵاتەکەی. تەنیا لە ساڵی رابردوو، بەهۆی توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس لە عەلەوی و درووزەکان کوژران، ئەمەش وای لە ئیسرائیل کرد، لە بەرژەوەندیی درووزەکان دەستێوەردانێکی بەهێزی سەربازیی لە سووریادا بکات. سەرەڕای ئەمەش، کۆنگرێس دەنگی دا بۆ هەڵگرتنی قورسترین سزا سەپیندراوەکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە شەرع بدات تا وڵاتە وێرانبووەکەی بەهۆی جەنگەوە بنیادبنێتەوە.

بەڵام هێرشی سوپای سووریا لە مانگی رابردوودا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانی پێنتاگۆن، هەنگاوێک بوو کە لە سنوور دەرچوون. 

نادین مێنزە، هاوسەرۆکی مێزگردی ئازادیی ئایینیی نێودەوڵەتی و بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی، بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاندووە "دوای ئەوەی هێزەکانی سووریا پێشتر تێوەگلاون لە تاوانەکانی دژی پێکهاتە عەلەوی و درووزەکان، دەرکەوتنیان لە چەند ڤیدیۆیەکدا، کە تاوانی هاوشێوەی داعش ئەنجام دەدەن و سەری شەڕڤانانی کورد، لەنێویاندا ژنان دەبڕن و هاووڵاتی کوردیان دەکوشت، ئەمەش زەنگی مەترسی لە کاپیتۆڵ هیل لێدا." بەڵام هێشتا بە تەواوی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە.

توندوتیژییەکان لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب دەستیان پێکرد. هەردوو لایەن یەکتریان بە هەڵگیرساندنی پێکدادانەکان تۆمەتبار کرد. بە هەردوو بارەکەدا، دەرەنجامەکەی ئەوە بوو کە هەسەدە زیاتر لە سەدا %80ی ئەو ناوچانەی لەدەستدا کە کۆنتڕۆڵی کردبوون، بەتایبەتی ناوچە دەوڵەمەندەکانی بە نەوت لە پارێزگای دێرەزوور کە زۆرینەیان عەرەبن  نشینن. 

هێزەکانی حکوومەتی سووریا ئاگربەستی 9ی کانوونی دووەمی حەلەب، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا رێکخرابوو پشتگوێخست و بەرەو رۆژهەڵات بۆ ناوچە کوردییەکان پێشڕەوییان کرد و هێڵەکانی ئاگربەستیان بەزاند، کە رووباری فورات نێو بڕی هەسەدە و هێزەکانی دیمەشق بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار