موسەنا... دوو پارێزگار و یەك كورسی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
گۆڕانكارییەكانی چەند رۆژی رابردوو لە پارێزگای موسەنا، ناكۆكی و ئاڵۆزی سیاسی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكە، دەست لەكاركێشانەوەی "موهەنەد عەتابی" پارێزگاری پەسەندكرد و "ئەحمەد مەنفی جەودە"ی هەڵبژارد بۆ پۆستی پارێزگاری نوێ، بەڵام ئێستا پارێزگاكە كەوتۆتە دۆخێكی چەق بەستووی یاسایی ئیدارییەوە، چونكە پارێزگاری پێشوو، ڕەتیكردەوە كە هیچ دەست لەكاركێشانەوەیەكی پێشكەش كردبێت، ئێستا ئەو شارە دوو پارێزگار و یەك كورسی هەیە، كورسیەكەش بەكاتی دراوە بە جێگرێكی پارێزگار، تاوەكو كاری هاوڵاتیان بەڕێ بكات و هەموان چاوەڕێی دەركردنی مەرسومێكی كۆمارین بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كورسییە.
ئەحمەد زیادی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا دەڵێت، هۆكاری راستەقینەی پشت دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگاری پێشوو، بوونی چەندین سەرپێچی یاسایی و ئیداری بوو، جگە لە بە فیڕۆدانی دارایی گشتی و بەكارهێنانی پۆستەكەی بۆ مەرامی تایبەتی خۆی، دەست لەكاركێشانەوەكەشی بەویست و ئارەزووی خۆی بووە و هیچ فشارێكی سیاسی و ئیداری لەسەر نەبووە.
رۆژی سێ شەممە 24ی شوباتی 2026 ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا دەست لەكاركێشانەوەی "موهەنەد عەتابی" پارێزگاری پەسەندكردو لەكۆی 12 ئەندام 10 ئەندامیان بە بەڵی دەنگیان دا بۆ "ئەحمەد مەنفی جەودە" بۆ پۆستی پارێزگاری نوێ، دواتر ئەنجومەنەكە داوای دانیشتنێكی كرد بۆ لێپرسینەوە لە "موهەنەد عەتابی" پارێزگاری پێشوو، بەڵام هەر ئەنجومەنەكە خۆی رایگەیاند، عەتابی پێش دانیشتنی لێپرسینەوەكە دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری دەست لەكاركێشراوەی موسەنا رەتیكردەوە، ئەو دەستی لەكار كێشابێتەوە و خۆی هەر بەپارێزگار دادەنێت و دەڵێت، ئەوەی لەنێو ئەنجومەنەكە رویدا، شتێكی كتوپر چاوەڕوان نەكراو بوو، دەبوو دانیشتی لێپرسینەوە بێت، وەك ئەوەی من ئاگادار كرابووم، دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بیستم كە من دەستم لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام نازانم كێ ئەو دەست لەكاركێشانەوەی منی پێشكەش كردووە، یان ئەو دەست لەكاركێشانەوەی من ئێستا لە كوێیە، وتيشى، فەرمانێکی سالاری لە دادگای هێناوە بۆ راگرتنی رێکارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی تاوەکو ئەو کەیسە بە تەواوی یەکلایی دەبێتەوە.
هاوكات ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا، نووسراوێكی فەرمیان دەركردووە، بۆ جێگری یەكەمی پارێزگار، بەكاتی كاروبارەكانی پارێزگا كە بەڕێ بكات، تا ئەو كاتەی مەرسوومی كۆماری بۆ پارێزگاری نۆی دەردەچێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پۆستی پارێزگاری موسەنا بەپێی رێككەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی بەركەوتەی دەوڵەتی یاسایەو رێگەنادەیەن بدرێتە لایەنێكی تر، ئەگەریش ئارەزوویەك بۆ گۆڕینی هەبێت، ئەوا جێگرەوەكەی هەر دەبێت لە دەوڵەتی یاسا بێت.
هاوپەیمانییەتەكەی نوری مالیكی بەهەموو شێوەیەك ئەو گۆرانکاریانە رەتدەكاتەوەو پێی وایە، ئەوە كودەتایەكی سیاسیە بەسەر هەموو ئەو رێككەوتنانەی پێشتر كراون بۆ پێكهێنانی حكومەتە خۆجێیەكان، هەر چیش كراوە، لەرووی یاساییەوە لای ئەوان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، لەپێش هەموویانەوە هەڵبژاردنی "ئەحمەد مەنفی جەودە" بۆ پۆستی پارێزگاری نوێ.
هاوكات بزووتنەوەی سادقون، باڵی سیاسیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە، رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە پەیڕەو، پرەنسیپ و بڕیارەکانی بزووتنەوەکەوە بڕیاردراوە، ئەحمەد موحسین درێول، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای موسەننای لە ریزەکانی دوورخستووەتەوە و چیدی نوێنەرایەتیی ئەوان ناکات.
