گۆڕەپانی جەنگ یان مێزی دانوستان؛ ئەمریکا و ئێران دەبێت بڕیار بدەن
3 كاتژمێر لەمەوپێش
تاران و واشنتن شیر و تیر لەیەکتر دەسوون، سەنگەریان لەیەکتر گرتووە و نمایشی هێز و بازوو دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر مێزی دانوستانن، دەیانەوێت بەبێ شەڕ خواستی خۆیان بسەپێنن.
سبەی گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێف دەبن.
ئامانجی هەردوولا روونە، بەڵام دوو ئامانجی دژ بەیەک، کەسیشیان ئامادە نین سازش بکەن
ئەمریکا، ئێرانێکی دەوێت بەبێ بوونی هیچ بەرنامەیەکی ئەتۆمی، ئێرانیش هەبوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانە بە مافی خۆی دەزانێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاندووە، دانوستانەکەی سبەی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی دانوستانی پێشوویان دەبێت، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و تیایدا نە شیش بسوتێت، نە کەباب
بە وتەی عێراقچی، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت، رێککەوتن نزیکە، ئێران هەرگیز هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆم نادات، بەڵام دەستبەرداری پرۆگرامە ئەتۆمییە ئاشتیانەکەشی نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشی سپی دەڵێت، ترەمپ رێگەی دیپلۆماسی بەگونجاو دەزانێت بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام سڵ لە بەکارهێنانی هێزیش ناکاتەوە، ئەگەر پێویست بکات.
لەئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، چاوەڕوانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکرێت، بڕیاری کۆتایی لای ترەمپە و لە نێوان ئەو بژاردانەی خراونەتە بەردەستی یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
ترەمپ جەنگی درێژخایەنی ناوێت، خواستی ئەوەیە بە گورزێکی کوشندە ئێران لە پەلوپۆ بخات، ئەوەش تا ئاستی گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامی یان ملکەچکردنی بۆ داواکارییەکانی واشنتن.
ئاماژەکانی جەنگ لە ئاماژەکانی ئاشتی، زەقتر و بەهێزترن، سوپای پاسداران مەشق و راهێنانەکانی چڕکردووەتەوە و مووشەکی دژەکەشتی لە چین وەردەگرێت، سوپای ئەمریکاش کەشتییە جەنگییە زەبەلاحەکانی لە ئێران نزیک دەکاتەوە.
