هەوڵێکی کودەتا لە ئێران ئاشکرا دەبێت، کێ هەوڵیداوە کودەتا بکات و کێ شکستی پێهێناوە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



رۆژنامەی لوفیگارۆی فەرەنسی هەوڵێکی کودەتای سپی بەسەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، یەکێک لە سەرۆکەکانی پێشووی وڵاتەکە ویستوویەتی عەلی خامەنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دووربخاتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێش هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە هەشت و نۆی مانگی رابردوو، حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران جوڵەیەکی سیاسی کردووە و ویستوویەتی گەلەکۆمە لە خامنەیی بکات، بەڵام عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران شکستی بەو هەوڵە هێناوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، حەسەن رۆحانی لەگەڵ بەرپرسانی پێشووی ئێران و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری وڵاتەکە و پیاوانی ئاینیی قوم و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران کۆبووەتەوە، هەوڵیداوە قایلیان بکات دۆسیەی ئەمنی و سیاسی ئێران لە دەستی خامنەیی دەربهێنن و ناوبراو لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە دووربخەنەوە.

عەلی لاریجانییش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و دژی ئەو پێشنیازە وەستاوەتەوە، دواتریش حەسەن رۆحانی و محەمەد جەواد زەریف چەند رۆژێک هاتنەدەرەوەیان لێ قەدەغە کراوە، ناچارکراون لە ماڵەوە بمێننەوە تاوەکو هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی ئامانجەکەیان نەنێن.

رۆژنامەکە لە زاری شەش بەرپرسی باڵای ئێرانەوە باسی لەوەکردووە، لەو کاتەوە عەلی لاریجانی راسپێردراوە بە ئیدارەدانی دۆسیەی سیاسی و ئەمنی وڵاتەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانەکان و هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا.

پێشتر لە جەنگی دوانزە رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، عەلی خامنەیی ناوی سێ کەسی وەک جێگرەوەی خۆی دیاریکردبوو، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، لاریجانی یەکێک نەبووە لەو سێ کەسە، چوونکە لێهاتووی و شارەزایی ئاینی لەو ئاستەدا نیە وەک جێگرەوەی رێبەری باڵا دیاری بکرێت.

بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی لوفیگارۆی فەرەنسی، لەدوای شکستپێهێنانی کودەتاکەی حەسەن رۆحانی، عەلی لاریجانی متمانەی زیاتری پەیدا کردووە و ئێستا وەک شوێنگرەوەی خامنەیی تەماشا دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار