چوارچێوەی هەماهەنگى کۆدەبێتەوە پرسى سەرۆک وەزیران یەکلا دەکاتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک ئاشکرایکردووە بڕیارە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا سەرکردەکانى هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگى کۆبوونەوەیەکى گرنگ ئەنجام بدەن، بۆ یەکلاکردنەوەى پرسى کاندیدى هاوپەیمانییەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، "چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی خولیی خۆی لە ماڵی هومام حەمودی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵا ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی سیاسی گرنگ، لە پێش هەموویانەوە خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، و تاوتوێکردنی پرسی کاندیدکردنی نورى مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق لە ژێر ڕۆشنایی هەڵوێستى ئەمریکا کە بە ئاشکرا ئەم کاندیدکردنە ڕەتدەکاتەوە".
هێزە شیعەکان لە بەغدا کۆدەبنەوەو یەکێک لە پرسەکان بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانە. بەرپرسی یەکێک لەو هێزانە ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرێت و گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسریش پێشبینی دەکات ئەگەر کۆبوونەوەکە فراوان نەبێت، دووقۆڵی و سێقۆڵی بن.
رۆژى 24ی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاری دا نوری مالیکی وەک کاندیدى گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری بکات. سێ رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی مالیکی بۆ ئەو پۆستە هۆشداری دا و وتی، "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
هاوکات ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026 نووری مالیکی، کاندیدبۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، نیازی کشانەوەی نییە، "لەپێناو رێزگرتن لە وڵاتەکەم، سەروەرییەکەی و ئیرادەکەی، بە هیچ شێوەیەک نییەتی کشانەوەم نییە. هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە پێمان بڵێت دەنگ بە کێ بدەین یان دەنگ بە کێ نەدەین."
مالیکی سووربوونی خۆی لەسەر کاندیدبوونەکەى دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "من تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبم و پاشەکشە ناکەم."
