کوردانی رۆژهەڵات و شەڕی ئەمریکا ئیسرائیل -ئێران و لێدانی قەوانە سواوەکە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەسرین عاسی شوانی
هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، جۆرێک لە جموجۆڵی خستۆتە نێو ئەجندای کوردانی رۆژهەڵات و بیرکردنەوەیان لە قۆستنەوەی ئەو بشێوییە بە قازانجی کورد و دۆزە رەواکەیان، بەڵام لێرەو لەوێ گوێمان لە چەند گوتارێکی سواو و نابەجێ دەبێت، بەڕاستی قابیلی پێکەنین و هەزەلیەت سەیرکردنە. جارێک ئاگادارکردنەوە و رێنماییەکانی جمهوری ئیسلامی کە کوردانی رۆژهەڵات ئاگاداردەکاتەوە لەهەر کردەیەکی سەربازی دژی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی روحمیان پێناکرێت و دەکەونە چوارچێوەی توڕەیی هێزەکانی ئیسلامەوە، وەک ئەوەی تا ئێستا ئێران شامی شەریف بوبێت بۆ کوردانی رۆژهەڵات و، بەهۆی سیاسەتی دژ بە مرۆڤایەتی دەربەدەری وڵاتی جیهان نەبوبێتن. ئەگەر بپرسین بەر لە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەم دەنگۆیەش بوونی نەبوو، هەر هەڕەشە و دەستدرێژی و تیرۆرکردنی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بەردەوام بوو، بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی رۆژهەڵات ملیارهها دۆلاریان سەرف دەکرد تا سەرکردەیەکی وەک قاسملو و شەرەفکەندی بە ئامانج بگرن.
دەکرێ بوترێ دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەرهەق بە کورد و مافەڕەواکانی کورد هیچ کات تەقسیری لە کوشت و بڕ و سەرکوتکردنیان نەکردووە، ئەی بۆ دەبێ ئێستا گەلی کورد لەو پارچەیە ئەو هەڵە نەقۆزنەوە و، دەست لە دوژمن نەوەشێنن. ئەگەر باس لەوە دەکرێت کورد نەچێتە نێو یاریی ئەو شەڕەوە و نەبێتە دەسکەلای ئەمریکا و ئیسرائیل، بە بڕوای من هەموو جیهان یاری دەستی ئەمەریکا و سیاسەتەکانی ئیسرائیلن. کوردێکی بێ قەوارە و بێ پشتوپەنا چیە تا لە یاریی ئەو گەمە سیاسیە خۆی بەدوور بگرێت. زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لەکاتێکدا خاوەن قەوارە و کیانی خۆشیانن، کەچی مێچکە مێچکە بۆ ئەمریکا دەکەن لە خوایان دەوێت ترامپ لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بانگێشتێکیان بکات، بۆ دەبێ بۆ ئەوان وارد بێت، بەڵام کاتێ دێتە سەر کورد، دەبێتە هاڵا و جیهانی لێ پڕدەکرێت،کە بەبڕوای من کورد دەبێ بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو بانگێشتە بکات و ببێتە لایەنێکی کاریگەری ئەو یارییە، چونکە لە ئێستا یان رابردوو خراپتری پێ ناکرێت.
خۆ پێشتر ئەم شەڕەش بوونی نەبوو، بۆردومانی کەمپەکانی رۆژهەڵات هەر بەردەوام بوو، تیرۆر و کوشتن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی لە ئێران هەر هەبوو. بە کوردانی رۆژهەڵات کۆڵبەری بە شایستە نەدەزانرا، کە بۆ بژێویی ژەمێک نان خواردن چەندین کیلۆمەتریان دەبڕی کە چی دەسەڵاتدارانی پەت و سێدارە دەیانکوشتن.
هەر چۆنێ بێ کوردانی رۆژهەڵات ئەگەر سەرجەمیان لەم کاتی شەڕەدا بچنە حاڵەتی متبوون و سڕبوونیانەوە، هەر دەکوژرێن و روحمیان پێناکرێ، ئیتر بۆ دەست بەو گەمەیە نەکەن و لە کۆتایی گەمەکەدا قسەی خۆیان نەبێت. ئەوەشمان بیرنەچێت ئەمریکا و، ئیسرائیلیش وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا، رێڕەوی جیهان لە دەستیان دایە و ئەوان دەزانن چۆن ئاراستەی ئەو رێڕەوە دەکەن. بۆیە باشترە لەو مەیدانەدا بوونت هەبێت نەک سەیرکەرێکی زەلیل و داماو. بەڕاستی کورد بە گشتی و تایبەتتر کوردانی رۆژهەڵات پێویستیان بە موجازەفە هەیە و، ئێستا کاتیەتی ئەو ئەگەرە بجوڵێنن نەک لە کەمپەکاندا مێروو لێیان بدات و چاوەڕێی قەدەری زەمانە بن تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
