زیرەکیی دەستکرد لە گۆڕەپانی جەنگدا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسینی: نەوزاد عومەر عەلی
 چیتر زیرەکیی دەستکرد لە جەنگی مۆدێرن، یان ئەوەی پێی دەڵێن نەوەی پێنجەمی جەنگ تەنها یارمەتیدەرێک نییە، بەڵکو لە بەڕێوەبردنیدا بووەتە هاوبەشێکی ستراتیژی، کە لە سێ ئاستی بەستراو بەیەکەوە کاردەکات، لە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگرییەوە تا دەگاتە ئاستی جێبەجێکردن.    
                                                         
١- شیکاری بۆ داتاکان و ناسینەوەی ئامانجەکان دەکات، دەتوانین بڵێین ئەرکی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان دەگرێتە ئەستۆ.         
٢- ھاوشێوەکردن و دروستکردنی سیناریۆ بۆ هەموو ئەگەرەکان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای سێ ڕەهەندی مەجازییەوە دەکات.   
٣- سیناریۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە پاش ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز تا ئاستی هیچ هەڵەیەک جێبەجێ دەکات.   

ئاستی یەکەم: پێشتر لە جەنگی نەریتیدا شیکاری هەواڵگری چەند ڕۆژێک، یان چەند هەفتەیەکی دەویست، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە وەک فەرماندەیەکی مەیدانی کە تەنها لە ماوەی چەند چرکەیەکدا ڕەوتی داتایەکی بەرفراوان هەڵدەمژێت: وەک وێنەی مانگی دەستکرد، گرتە ڤیدیۆییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری، کامێرای هاککراو کە بەهۆی هێرشی سایبەرەوە لەسەر زەوی هاک دەکرێن، هەروەها جگە لە پێوەندیی تەلەفۆنی ڕێگری لێکراو، پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا و ڕاپۆرتە هەوالگرییەکان. ‌لە ڕێگەی ئەم هەموو ژاوەژاوەی زانیارییەوە، سیستمی زیرەکیی دەستکرد گونجاوترین نەخشە بۆ گرتنەبەری جەنگەکە دەردەهێنێت، بۆ ئەوەی چاودێری جوڵەی هێزە سەربازییەکانی دوژمن بکات، ئامانجە ئەگەرییەکان پۆلێن بکات، جا تاک بن یان ژێرزەمین و بینا، یان شوێنی جوگرافی و ڕایەڵکاری بن، بۆ ئەوەی بتوانێت گونجاوترین چەک بۆ لەناوبردنی هەریەک لەو ئامانجانە دیاری بکات. هەموو ئەمانەش لە کاتی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆدا ئەنجام دەدرێن.      
                                      
ئاستی دووەم: زیرەکیی دەستکرد وەک ڕاوێژکارێکی ستراتیژی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە پێش ئەوەی یەک تەقە بکرێت کاردەکات، هاوشێوەی مێشکی سەرکردە سیاسییەکان پێشبینی بۆ ڕێڕەوی ململانێی هەموو جۆرە ئەگەرێک لە ڕێگەی بەکارهێنانی تیۆری ئەگەریی، تیۆری یاری، داتای مێژوویی جەنگەکان و ئەو ستراتیژییە سەربازییانەی کە پێشتر لە بەڕێوەبردنی جەنگەکاندا بەکارهێنراون دەکات.   

ئاستی سێیەم: لێرەدا زیرەکیی دەستکرد وەک جەنگاوەرێکی بێ ڕۆح بە ترسناکترین شێوە خۆی دەردەخات. بەبێ ئەوەی مرۆڤ دەست بۆ هیچ ئامێرێک ببات، بە چەکی زیرەک و ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ شەڕ دەکات. هەروەها لەو جەنگەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەکی کروز و ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ لەگەڵ زیادبوونی سەربەخۆیدا  لە وشکانی، دەریا و ئاسمانی جەنگەکەدا دەسوڕێنەوە و توانای ئامانجکردن و جێبەجێکردنی هەموو ئامانجێکیان هەیە.   
                                                     
بەم شێوەیە زیرەکیی دەستکرد نەک هەر لە شەڕکردندا هاوکاریی مرۆڤەکان دەکات، بەڵکو بە تەواوی جێگەی دەگرێتەوە.                  

  سەرچاوە: کتاب (الحرب في عصر الذكاء الاصطناعي) دكتور ايهاب خليفة.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار