هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران.. لە باڵادەستی ناوچەییەوە تا جەنگی مانەوە و کەناری هەڕەشەی داڕمان

5 كاتژمێر لەمەوپێش



به‌هرۆز عیزه‌ت
کاتێک کاربگاتە ئەوەی کە سەرکردە و فەرماندە باڵاکان و تەنانەت ڕێبەری باڵا بەسەرکەوتی بکرێتە ئامانج پێویستی بە شیکردنەوەیەکی فرەلایەنە جیا لەوەی کە سیستەمی ئاسمانی، سیستەمی بەرگری و سیستەمی دەریایی لە ٨٠٪ داڕماوە و زۆربەی سەرکردە و فەرماندە پلە یەک و دووەکانی لەدەست داوە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنیا تیشک دەخەێنە سەر سیستەمی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران

سیستەمی هەواڵگریی و ئەمنی ئێران سەرەڕای بودجەیەکی زۆر و دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی لەکاتێک دا کە لەچەند ساڵی ڕابردوو لە لوتکەی بەهێزی خۆی دابوو، هەژموون و نفوزیکی بەرفراوانی لە تەواوی ناوچەکەدا هەبوو، بەجۆرێک چالاکی و ئۆپەراسیونی مەزنی هەواڵگریی لە تەواوی ناوچەکە و جیهان ئەنجام ئەدا و زۆربەی پرسە گرنگەکانی یەکلادەکردەوە لە بەرژەوەندیی ئێران، بۆچی بەو رۆژە گەیشت؟ کە تەنانەت لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی خۆیدا شکستی هێنا! ئەمە بە چەند رۆژ و مانگێک دروست نابێت، بەڵکو ئەمە کاتێکی زۆرتری دەوێت. کاری زۆری دەوێت لەلایەن دوژمن! بەپێ لێکدانەوە و شیکردنەوەی سیاسی و هەواڵگریی دەتوانێن چەند هۆکاریکی سەرەکی بۆ ئەمە بخەینەڕوو لەوانە:

- دەست نەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە تەکنەلۆژیا، ئامێر و چەکی سەردەم. باڵادەستی و بەردەستبوونی  نوێترین چەک، فرۆکەی سەردەم و تەکنەلۆژیای سەردەم لەلایەن دوژمنانی کۆماری ئیسلامی.

- ئەم جەنگە بەتەواوی دەریخست کە سیستەمی سەربازیی، ئەمنی و هەواڵگریی ئێران لە سەرەتای سەدەی ٢١ ی دا بەجێماوە! ئیتر ئەم جۆرە سیستەمە وەڵام دەرەوە نیە لەبەرامبەر وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل! لە دوکتۆرینی سەربازیی و هەواڵگرییدا، رێگریکردن تەنها بە مووشەک دروست نابێت، جۆرێک لە ڕێگری هەواڵگریش هەیە کە بە واتای توانای ناسینەوە، لێدان و لەناوبردنی تەحەددی و مەترسییە ئەگەریی و پێش وەختەکان واتە پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکان دێت.

-کاتێک سیستەمی سیاسی کاریگەری خۆی بە هەزاران کیلۆمەتر لە سنوورەکانی خۆی درێژ دەکاتەوە، هێڵەکانی پەیوەندی و زنجیرەی فەرماندەیی درێژتر دەبن و لە ئەنجامدا بۆشایی و  لاوازی گەورەش دروست دەبن.
جوڵەی بەردەوامی فەرماندەکان لە نێوان چەند پایتەختیکی ناوچەکە بۆ نموونە لە تارانەوە بۆ دیمەشق، بەیروت، سەنعا، غەززە و بەغدا چەندین خاڵی پەیوەندی دروست دەکات. هەر خاڵێکی پەیوەندیکردن دەرفەتێکە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان! 

- پەیوەندیی و پشتبەستن بە هێزە پرۆکسەکانی لەو وڵاتانە کە خۆیان لە کێشە، قەیرانە ناوخۆ و کاریگەرە بەربڵاوەکان تێوەگلاون، دەیان دەرفەت دەخاتە بەردەم دەزگا هەواڵگرییەکانی دژ بە ئێران بۆ دروستکردنی بۆشایی، بەدەستهێنانی زانیاری و راکێشانی بریکارە ناوخۆییەکان.

- کەواتە لە جیهانی مۆدێرنی هەواڵگریی کاتێک بەشێک لە تۆڕەکە (بۆ نموونە لە فەلەستین، سوریا  و لوبنان) دەخرێتە ژێر مەترسییەوە، داڕما ئەگەر سیستەمەکە دیواریکی پۆڵاینی نەبێت، ئەوا تەواوی تۆڕەکە دەکەوێتە خوارەوە.

- یەکێک لە تەحەددیە هەرە جددییەکان بۆ هەر دەزگایەکی هەواڵگریی، مامەڵەکردنە لەگەڵ دزەکردن لە ناوەوە! یاخود دژە هەواڵگریی کاریگەر، کە لە ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی و ناڕەزایەتی بەردەوام زەمینەیه‌کی زۆر باشی دروست کردبوو، بەپێچەوانەی دەیەکانی یەکەمی شۆڕش کە پاڵنەرەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ئایدیۆلۆژی بوون، لەم ساڵانەی دواییدا هۆکارە ئابوورییەکان، ناڕازیبوون، ململانی و ناکۆکی سیاسی وایکردبوو بەشێک لە فەرماندە، سەرکردە و ئەندامە باڵاکانی دامەزراوە سەربازیی، ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەرەوڕووی ئۆفەری دارایی دەزگا بیانییەکان ببنەوە. ئەمەش وایکرد کە چەندین بەڵگەنامە و زانیاری ژیانی، کە زۆریک لە پرسەکانیان یەکلادەکردەوە لە دژی ئێران دزەیان پێبکرێت.

- کاتێک خزمەتگوزارییە بیانییەکان دەتوانن بچنە ناو قوڵایی  دەسەڵاتەوە، واتا تەواوی پرۆسە و سیستەمی هەواڵگریی ئەو وڵاتە پیس بووە. هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە لە ڕاستیدا دزەکردنەکە لە چینەکانی خوارەوە رووی نەداوە، بەڵکو لە چینە باڵاکانەوە روویداوە کە بەرپرسیار بوونە لە داڕشتن، بڕیاردان و سەرپەرشتیکردنی سیستەم. بۆیە بینیمان دوژمن نەک هەر خاوەنی زانیاری بوو بەڵکو خاوەنی (کات و شوێن)، کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر ژینگەی فیزیکی دا هەبوو. کاتێک سەرکردە و فەرماندە پلە یەکەکان لە پارێزراوترین و نهێنی ترین شوێنی وڵات دەکرێنە ئامانج، کەواتە دوژمن کۆنتڕۆڵی پرۆتۆکۆڵی دەوڵەتی کردوە و دەستی بە تەواوی پلانە بەردەوامەکانی دەوڵەت گەیشتوە.

 - کاتێک ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە یەک لە دوای یەکەکانی دوژمن (لە دزینی ئەرشیفی ئەتۆمیەوە بگرە تا تیرۆرکردن لە دڵی پایتەخت) بەبێ وەڵامێکی هەواڵگری هاوتا دەمێننەوە، دەزگای هەواڵگریی دوژمن دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دیواری بەرگری بەتەواوی داڕماوە. بۆیە لەوکاته‌دا دوژمن ئیتر لەگەڵ سیخوڕی تەقلیدیدا کارناکات، بەڵکو لەگەڵ ئەندامانی ئاستی باڵای ناو دەوڵەت کاردەکات.

 - بوونی چەندین دامەزراوەی هەواڵگری جۆراجۆر هەرچەندە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی یەکتر و پاراستنی ڕژێم و بڵاوکردنەوەی شۆڕشی ئیسلامی دروست کرابوون، بەڵام بە کردەوە بۆشایی هەواڵگریی گەورەیان دروستکرد.

- کەواتە کاتێک دەستدەگات بە پرۆتۆکۆڵی ڕێبەری باڵا ئەمە چیتر دروستبوونی بۆشایی، شکستی ئەمنی و هەواڵگریی نییە، بەڵکو بەرەو داڕمانی سیستەمی هەواڵگریی هەنگاو دەنێت. لەکاتێکدا سیستەم پێیوایە چاودێری دوژمن دەکات، بەڵام خۆی بووەتە سیستەمێکی شووشەیی بۆ دوژمن.

کاتێک هەموو ئەمانە بەیه‌کەوە دروست دەبن سیستەمەکە نەک شکستی هێناوە بەڵکو بەرەو داڕوخانێکی سیستماتیک دەڕوات! ئایا سیستەمی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت خۆی راس بکاتەوە و ئەم قۆناغە تێپەربکات! ئایا سیستەمی هەواڵگریی و سوپای پاسداران دەتوانن کۆماری ئیسلامی ئێران لەم قۆناغە تێپەربکەن کە لە کەناری داڕمانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار