ترەمپ: جەنگی ئێران تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە بەتەواوی تێکشکێنراوە. ترەمپ ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکا زۆر پێش ئەو خشتە کاتییە ئامانجەکانی پێکاوە کە بۆی دانرابوو، هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە تاران کە هەر هەنگاوێکی کاردانەوە، دەبێتە هۆی وێرانبوونی یەکجارەکیی ئەو وڵاتە.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی، سەبارەت بە دۆخی جەنگ لەگەڵ ئێران گوتی: "پێم وایە شەڕەکە تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە و کۆتایی هاتووە. ئەوان ئێستا نە هێزی دەریاییان ماوە، نە سیستەمی پەیوەندییەکان و نە هێزی ئاسمانی.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە خێرایی پێشڕەوی و سەرکەوتنی هێزەکانیان زۆر لە پێشبینییەکان زیاتر بووە و ڕایگەیاند: ئێمە زۆر لە پێش ئەو خشتە کاتییەوەین کە سەرەتا بە 4 بۆ 5 هەفتە خەمڵێنرابوو.

سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران و هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای نوێ، کە پێشتر ترەمپ بە ئاشکرا ڕەخنەی لێ گرتبوو، و گوتی: هیچ پەیامێکم بۆ ئەو نییە، بە هیچ شێوەیەک.

ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا پلانی دیکەی بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسیی ئێران هەیە و ڕایگەیاند: کەسێکم لە مێشکدایە بۆ ئەوەی جێگەی خامنەیی بگرێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بخاتە ڕوو یان ناوی ئەو کەسایەتییە ئاشکرا بکات.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، ترەمپ سەرنجی خستە سەر پرسی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز کە دەمارێکی سەرەکیی بازرگانیی نەوتی جیهانە. ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا کەشتییەکان بەبێ کێشە بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، بەڵام گوتی: "بیر لەوە دەکەینەوە کە بەتەواوی کۆنترۆڵی بکەین و بیگرینە دەست.

ترەمپ و هۆشداریی کۆتایی دایە تاران لە ئەنجامدانی هەر جۆرە پەرچەکردارێک، و ڕایگەیاند: ئەوان هەموو ئەو چەک و مووشەکانەی هەیانبوو، تەقاندیان. بۆیە باشترە بیر لە هیچ جووڵەیەکی هەڵە یان سەرکێشی نەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوە بکەن، ئەوە دەبێتە کۆتایی ئەو وڵاتە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار