عەباس عێراقچی: سوپرایزی زۆرمان بۆ ئەمریکا هەیە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە لێکەوتە نەرێنییە جیهانییەکانی نۆ رۆژەی جەنگی دژی وڵاتەکەی دەکات و هۆشداری لە هەڵاوسانێکی سەرتاسەری دەدات، دەشڵێت "سوپرایزگەلێکمان لە هێز و بازوودایە".

عێراقچی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " 9 رۆژ بەسەر “ئۆپەراسیۆنی هەڵەی ئەفسانەیی” تێپەڕی؛ لە کاتێکدا نرخی نەوت دوو هێندە بەرزبووەتەوە، نرخی هەموو کاڵاکانی دیکەش بە خێراییەکی پێشبینی نەکراو بەرز دەبنەوە". بۆ ئەمەش وێنەیەکی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بازاڕی ئۆنڵاینی جیهانی بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها نووسیویەتی "ئێمە دەزانین ئەمریکا پیلان لە دژی دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانمان دادەڕێژێت، بەو ئومێدەین، ئەو کارەساتە گەورەیەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات، چونکە ئێران بە تەواوی خۆی ئامادەکردووە و بەرەنگاری هەر پیلانگێڕییەک دەبێتەوە".

عەباس عێراقچی لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی "ئێمە سوپرایزگەلێکمان لە هێزو بازوو دایە".

پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە بەهۆی جەنگی ئێران و داخرانی گەروی هورمز، هەناردەی نەوت لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری کەنداو راگیراوە، بەمەش نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، هەر لەمبارەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کاتیە و پەیوەستە بە نەهێشتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەر کاتێک سەرکەوتوو بین، نرخی نەوت بە خێرایی دادەبەزێتەوە.

هەروەها رۆژنامەی وال ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی شیکاری لە بارەی خێرا بەرزبوونەوەی نەوت لە جیهاندا بڵاوکردەوە و ئاماژە بە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 داوە، کە وایکرد نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی خێرا بەخۆیەوە ببینێت. 

لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی ساڵی 2008داوە، کە نرخی نەوت گەیشتە 145.29دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتە لە 18 ساڵی رابردوودا، کە تا ئێستا تۆمار کرابێت، بەڵام پشێبینی دەکرێت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامبوونی جەنگ، نەوت بەرزترین پێوانەی نرخ تۆمار بکات و نرخی هەر بەرمیلێکی نەوت بگاتە 215 دۆلاری ئەمریکی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار