ئا: هاوڵاتی لە ئێران و  بەشێک لەو ناوچانەی کە سەر بە رەوتی شیعەن، ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیران کراوە بە جەژن. لە ئێران، لە ناوچە سوننە نشینەکان، سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵات رۆژی دووشەممەی بە جەژن راگەیاند، بەشێکی زۆری خەڵک رۆژی یەکشەممەیان کرد بە جەژن. ئەمە رەوتێکە کە چەند ساڵە بوونی هەیە و ئەتوانین بڵێین لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئێران بەزۆری جەژنی قوربان و رەمەزانی لەگەڵ وڵاتانی سوننە نشین جیاکردۆتەوەو بەزۆری یەک رۆژ دواتر ئەکات بە جەژن. بەڵام ناوچە سوننە نشینەکان، لەوانە ناوچە سوننە نشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ وڵاتانی سوننە نشین جەژن ئەکەن و بووە بە نەریتێک. بە شێوەیەک لە ناوچە سوننە نشینەکان دوو جار جەژن ئەکرێت، جارێک خەڵک ئەیکات کە لەگەڵ جەمسەری سوننەیە و خۆیان ئەڵێن لەگەڵ سعوودیە ئەیکەین و جارێک دەسەڵات ئەیکات بە جەژن، کە رۆژی دوای رۆژی جەمسەری سوننەیە. جیاکردنەوەی دوو جەمسەر ئەوەی کە ئێران جەژنی خۆی لە گەڵ جەمسەری سوننە و سعوودیە وەک دیارترین وڵاتی ئەم جەمسەرە جیا ئەکاتەوە، وەک رووبەڕوو بوونەوەی دوو رەوتی دیاری ئیسلامی دەرئەکەوێت. موختار هووشمەند، نووسەر و لێکۆڵەر و شارەزا لە رەوتە ئیسلامییەکان و مێژووی ئیسلامی سیاسی، لەمبارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،" ئێران وەک جەمسەری شیعە لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەیهەوێت خۆی لە جەمسەری سوننە جیا بکاتەوە. ئەوەش کە زۆربەی ساڵەکان دوو جەژنی قوربان و رەمەزان بە جیا لە وڵاتانی سوننە نشین و لەوانە سعوودیە ئەیگرێت بۆ جیاکردنەوەی خۆیانە وەک رەوتێکی جیاواز بە ئایدیای جیاوازەوە". ئێران دەیهەوێت خۆی لە هەموو روویەوە وەک جەمسەرێکی بەهێزی ئیسلامی نیشان بدات، ئیشی بۆکردووەو لە هەموو رەمز و سێمبۆلەکان کەڵک وەرئەگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە رەوتی سوننە وجەمسەری سوننە جیا بکاتەوە. جەژن لە کوردستان وەک نافەرمانی مەدەنی لە ناوچە سوننە نشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەشی زۆری خەڵک نەک لەگەڵ تاران بەڵکو لە گەڵ سعوودیە ئەیکەن بە جەژن. هەرچەند دام و دەزگا حکوومەتییەکان کراوەن، خوێندنگە و قوتابخانەکان کراوەن، بەڵام خەڵک هەرجێژنی خۆیان ئەکەن و ئەیکەن بە جەژن و رێ و رەسمەکانی جێژن لەم رۆژەدا و لەگەڵ جەمسەری سوننە بەڕێوە ئەبەن. موختار هووشمەند لای وایە، ئەمە جۆرێکە لە نافەرمانی مەدەنی و جیاکردنەوەی خۆیانە لە دەسەڵات. ئەتوانێت ئەمە ئاماژە بێت بەوەی، بەو پێیەی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە سوننەکان پەراوێز خراون، کۆماری ئیسلامی بە گشتی لەگەڵ رەوتی سوننە لە دونیا وەک ئایدیۆلۆژیا باسی ئەکەم کێشەی هەبووە. لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا سوننەکان پەراوێز خراون. هەربۆیە خەڵک زیاتر وەک پەرچەکردار بەرامبەر ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی شوناسی خۆیان بە شتێکیترەوە لە دەرەوەی ئێرانەوە گرێ بدەنەوە، رێکەوتی جێژنەکانی خۆیان جیا ئەکەنەوە". هووشمەند لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا دەڵێت،" ئەوەی کە خەڵک رێکەوتی جێژنی خۆیان لەگەڵ حکوومەت جیا ئەکەنەوە، لە راستییدا خۆدوور خستنەوەیە لەو بەرنامە و کارانەی کە کۆماری ئیسلامی بە ناوەی ئایینەوە ئەیکات و خۆبەستنەوەیە بە شتێکیتر لە دەرەوەی ئێران، بە تایبەت سعوودیە کە وەک سەرچاوەی بڕیاری موسوڵمانە سوننەکان دادەنرێت و ئەوانیش دەیانهەوێ خۆیان گرێ بدەنەوە بە سعوودییەوەو لە خۆیان لە ئێران دوور بخەنەوە" پێشنوێژی هەینییەکان نوێنەری خەڵک نین لە ئێران بە فەرمی جگە لە میدیاکان، پێشنوێژەکانی شارەکان، هەر شارەو یەک پێش نوێژی هەیە کە بە پێشنوێژی هەینی ناسراوە، دیاریکردنی جێژن لە لایەن پێشنوێژ شار و گوندەکانەوەیە. بەڵام خەڵک بە پێچەوانەی ئەوەی پێشنوێژەکان رۆژێک دوای جەمسەر سوننە وەک رۆژی جێژن دیاری ئەکەن، لەگەڵ جەمسەری سوننە ئەیکەن بە جێژن. موختار هووشمەند دەربارەی پێشنوێژەکان و ئەوەی کە بۆچی خەڵک گوێڕایەڵی ئەوانیش نین ئەڵێت،" خۆت ئەزانی پێشنوێژەکانی ، نوێژی هەینی لە ناوچەکوردنشینەکان و ناوچە سوننە نشینەکان و بە گشتی لە ئێران لە لایەن حکوومەتەوە دیاری ئەکرێن. ئەوەی ئەیڵێن و ئەیکەن ئەبێ لە چوارچێوەی ئەو شتانەدا بێت کە کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت و بە دیاریکراوی " ناوەندی گەورەی ئیسلامی" بۆیان دیاری ئەکات. لە رۆژئاوای ئێران و ناوچە کوردنشینەکان " ناوەندی گەورەی ئیسلامی رۆژئاوای وڵاتە، کە دیاری ئەکات مەلاکان و پێش نوێژەکان چی بکەن و چی بڵێن و کۆنتڕۆڵی مزگەوتەکان ئەکات. ئەوان ئەبێ ئەو رۆژە وەک رۆژی جەژن بە خەڵک رابگەیەنن کە حکوومەت دیاری ئەکات، بەڵام ساڵانێکە خەڵک بە پێچەوانەی داوکارییەکانەوەو سەرەڕای ئەوەش کە زۆرجار هەڕەشەیان لێدەکرێت، هێشتا ئامادەنین تەک کۆماری ئیسلامی جێژن بکەن. ناسەرکەوتووی دروشمی حەوتووی یەکبوون "وەحدەت" کۆماری ئیسلامی چەند ساڵە بەردەوام باس لەوە ئەکات شیعە و سوننە لە ئێران جیاوازییان نییە، بە دروشم ئەمەیان ئەوتەوە " شیعە و سوننە فەرقی نییە، رێبەرمان خومەینییە". بەڵام لە راستییدا بە پێچەوانەوە بووەو تا ئێستا لە شارێکی وەک تاران کە وەک دەوترێت زیاتر لە یەک میلیۆن سوننەی تێدایە، مزگەوتێک بۆ سوننەکان نییە و ئیزنیان پێنادەن مزگەوتیان ببێت یان کەسێکی سوننە ناتوانێت بە پێی یاسا ببێت بە سەرۆککۆمار لە ئێران. هووشمەند لەمبارەوە ئەڵێت،" ئەوەی کە سوننەکان لە ئێران رێکەوتی جێژنی خۆیان لەگەڵ شیعەکان جیائەکەنەوەو هاوکات لە گەڵ سعوودیە ئەیکەن بە جێژن، پێمان ئەڵێت ئەو دروشمەی ئێران کە باس لە یەکبوونی شیعە و سوننە ئەکات سەرکەوتووە نەبووە، تەنانەت حەوتوویەکیشی داناوە بە ناوی " حەوتووی یەکبوون" ( حەوتووی وەحدەت" لە 12ی ربیع الاول بۆ 17 ی ربیع الاول ی هەموو ساڵێک، ئەو هەنگاوەی سەرکەوتووە نەبووە. سوننەکان خۆیان بە هاوسۆز لەگەڵ شیعە و دەسەڵاتی شیعە نابینن لە ئێران.

هاوڵاتی لە چەند رۆژی رابردوودا و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، هەزاران هێکتار (هەر هێکتارێک چوار دۆنمە) لە دارستانەکانی زاگرۆس، لە ئیلام و ئەیوان و داڵاهۆوە بگرە تا دەگاتە جوانڕۆ و پاوەو مەریوان ئاگری گرتووە.  هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و وشکبوونی پووش و پاوەنەکان، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێت. سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس بووە بە پرسێکی گرنگی ژینگەیی.  ئەنجومەنی "چیای سەوزی مەریوان" لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلگرام رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیران رایگەیاند کە دارستانەکانی نزیک ئاوایی سەردۆشی سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە هەوڵی ژینگەدۆستان توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.  رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان رایگەیاند، "دارستانەکانی دەورووبەری ئاوایی "نەچێ" سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە دەستی ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان و خەڵکانی ناوچەکە توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت". دارستانەکانی دەورووبەری پاوەو جوانڕۆ لە 5ی حوزەیرانەوە ئاگری گرتووە، ژینگە پارێزەکان لە پاوەو جوانڕۆ و شوێنەکانیترەوە روویانکردۆتە ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام تا ئێستاش سووتانی دارستانەکانی پاوە هەر بەردەوامە و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی حوزەیران توانراوە ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆ کۆنتڕۆڵ بکرێت. دەوری هێزە خۆبەخش و ژینگەپارێزەکان عەدنان حسەینی، یەکێک لە ئەندامانی بەشی راگەیاندنی چیای سەوزی مەریوان بە هاوڵاتی راگەیاند، "نیگەرانین لە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان، لە هەمانکاتدا هەوڵ و ماندوو بوونی ژینگەپارێزەکانی بەرز دەنرخێنین کە ماندوونەناسانە و خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان". حسەینی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی، "ژینگەپارێزەکان لە راستیدا پارێزەرانی دارستانەکانی کوردستانن. دارستانەکانی کوردستان سەرمایەیەکی گەورەی سروشتی ئێمەن، بەڵام هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بە پلانەوە ئیش ئەکرێت بۆ نەهێشتنی دارستانەکان". ژینگەپارێزکی دیکەش بۆ هاوڵاتی دواو وتی، "ئێمە لە بەردەم جینۆسایدی ژینگەییداین. ئەم جینۆسایدی ژینگەییە زیاتر لە دوو دەیەیە لە کوردستان دەستی پێکردووە، ئێمە خۆنەویستانە و سەرەڕای هەموو کێشەکان، سەرەڕای ئەوەی گیانمان ئەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام سوورین لەسەر ئەوەی دارستانەکان بپارێزین". ئەندامێکی ژینگەپارێزی شاری "پاوە" لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، " ئەمساڵ لە 4ی حوزەیرانەوە دارستانەکانی بووزین ئاگری گرتووە, تائێستاش نەمانتوانیوە بە هۆی رژدی رێگاکە و چڕی دارستانەکانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام هەر بەردەوامین و خەڵک خۆبەخشانە لە هەموو شوێنەوە بە هانامانەوە هاتوون". ئەم ئەندامە ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "ژیوا"ی شاری پاوە بە ئاماژە بە سێ کەس لە ژینگەپارێزەکانی پاوە کە 29ی حوزەیرانی 2020 لە دارستانەکانی " بووزین " و "مەرەخێڵ" گیانیان لەدەستدا، وتی "نزیک چوار ساڵ لەوە پێش سێ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە بە ناوەکانی "موختار خەندانی" ، "یاسین کەریمی" و "بیلال ئەمینی" لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا گیانیان لە دەستدا". هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە عەدنان حسەینی، ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، چەند هۆکاری دیاریکردووە بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکان. ئەو لای وایە ئاگرەکان سروشتی نین. هەم دەستی لایەنی سەربازی و حوکمی تێدایە و هەم دەستی کەسانێکی بەرژەوەندیخواز کە دەیانهەوێت بە سووتاندنی دارستانەکان، دەست بە سەر ناوچەکەدا بگرن. حسەینی دەڵێت، "زیاتر باس لە سووتانی دارستانەکان ئەکرێت، بەڵام تەنها سووتاندن نییە. لە وەرزە جیاوازەکاندا بڕێنەوەی دارستانەکان هەیە. بە رۆژی روون بە بەرچاو ناوەندە حکوومەتی و بەرپرسەکانەوە دارستانەکان تاڵان ئەکرێن، بەڵام کەس ناپرسێتەوە". لایەنێکی سەربازی، خۆی نەیشاردووەتەوە هۆکارە بەوەی ئاگر لە دارستانەکان ئەکەوێتەوە. چ لە کاتی نمایشی سەربازی وەک ئەوەی ساڵی پار روویدا، یان بە شێوەیتر وەک دەڵێن دەیانهەوێت بتوانن توانای کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان هەبێت. ئەندامە ژینگەپارێزەکەی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی وت، "بە ئاشکرا دەستی حکوومەت لە سووتاندنی دارستانەکاندا ئەبینرێت. سوپای پاسداران هەموو ساڵێک ئەم ئاگرانە ئەخاتەوە. خەڵکانیتریش کەدەستیان هەیە لەو ئاگرەدا ، پلانەکانی سوپای پاسداران جێبەجێ ئەکەن". کەسێکی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆ بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو کەس ئەوە ئەزانێت ئەم ئاگرانە بۆ کەوتوونەتەوەو ئەکەونەوە. ئەوان زەوی سووتاویان ئەوێت. دەیانهەوێ قڕمان بکەن. بەس ئێمە ناهێڵین". یارمەتییە حکوومەتییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە حسەینی لەمبارەوەیەوە دەڵێت، "ناتوانین بڵێین لایەنە حکوومەتییەکان لە سەدا سەد هیچ کارێک ناکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. بەڵام کەمتەرخەمن. تا ئێستاش نەبووە کۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. خەڵک بە پاچ و پێمەڕە و باوشە داری تەڕەوە رووبەڕووی ئاگر ئەبنەوە.حکوومەتیش کە ئاگرەکە تەواو بو دەردەکەون". ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەی "ژیوا" ئەوەشی وت، "ئەوانەی کە دێن بە هانای بانگەوازەکانمانەوە خەڵکانی دڵسۆزن. ژیانیان  بۆ ئەم ژینگەیە تەرخان کردووە. بە ژن و پیاوەوە، بە کوڕ و کچەوە، هەر یەکەو بە گوێرەی تواناییەکانی خزمەتکردنن، حکومەت نەیویستووەو نایهەوێت یارمەتیمان بدات. بەڵام ئێمە بەردەوامین و واز ناهێنین".

هاوڵاتی درەنگانی شەوی سێشەممە 11ی حوزەیرانی 2024 سوپای ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردە سەر گوندی جۆیا لە باشووری لوبنان و چوار فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا بەهۆی ئەم هێرشەوە کوژران. یەکێک لەو فەرماندە باڵایانە، " تالب سامی عەبدوڵڵا" بووە، لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکرێت تالب عەبدوڵڵا کێ بووەو چ دەور و نەخشێکی لەناو حزبوڵڵادا بووە. تالب سامی کێ بوو؟ تالب سامی عەبدوڵڵا، لە دایکبووی 1969، کە بە " ئەبووتالب" دەناسرا، یەکێک بوو لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنان. ماڵپەڕی "ارم نیوز"ی ئیماراتی دەربارەی ئەم فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا نووسیویەتی، ئەبووتالب، فەرماندەی " لیوای النصر" ی حزبوڵڵابووە، لیوایەک کە بەرپرسایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵای لە ناوچە سنوورییەکانی  لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل گرتۆتە ئەستۆ. ناوچەی کشت و کاڵی "شبعا" کە بە دەست ئیسرائیلەوەیە، ناوچەیەک بووە کە "لیوای النصر" چالاکی تێدا بووە. ئەبووتالب، دیارترین فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا بووە کە لە ماوەی هەشتی مانگی رابردوودا و دوای پەرسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل، لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. کێشە و ناکۆکی و شەڕی ناوەناوەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل وەک درێژکراوەی کەرتی غەزە دەبیندرێت. حزبوڵڵا ئەڵێت بۆ ئەوەی بتوانێت گوشارەکان لە سەر فەلەستینییەکان کەم بکاتەوە لە کەرتی غەزە، بە درۆن و مووشەک هێرش ئەکاتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش لە وەڵامدا، بنکە و شوێنەکانی حزبوڵڵا ئەکاتە ئامانج. بە هۆی وەڵامدانەوەو هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس لە هێزەکانی ئەم گرووپە میلیشیایە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن کوژراون. کۆبوونەوەیەکی گرینگ کراوەتە ئامانج ژمارەیەک لە میدیا عەرەبییەکان لەوانە "ارم نیوز" و "العربیە" باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل لەم هێرشەدا بە درۆن کۆبوونەوەیەکی گرینگی فەرماندەکانی حزبوڵڵای کردۆتە ئامانج، کۆبوونەوەکە بە بەشداری " تالب سامی عەبدوڵڵا" و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا بەڕێوەچووە کە لەو هێرشەدا لانیکەم 4 فەرماندەی حزبوڵڵا کوژراون. میدیاکانی لوبنان باس لەو ئەکەن، جگە لە "تالب سامی" 3 فەرماندەیتری حزبوڵڵا بەناوەکانی، عەلی سەفوان، محەممەد سەبرا، حسێن محەممەد حەمید لەو هێرشەدا کوژراون. ئەوانە ٣ فەرماندە بوون کە وێڕای تالب سامی عەبدوڵڵا لەم کۆبوونەوەدا بەشدار بوون.  پەیوەندی لەگەڵ قاسم سلێمانی تالب سامی، یەکێک بوو لە فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران بوو.  لیوای "سیدالشهدا" یەکێک لە گرووپە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە بە دەرکردنی راگەیاندنێک، سەرەخۆشی کردووە بە بۆنەی کوشتنی "تالب سامی"ەوەو وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی قاسم سلێمانی ناوی بردووە. بەپێی دوایین ئاماری دامەزراوەی لوبنانی " زانیاری نێونەتەوەیی" (International Information)  لە 8 مانگی رابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لانیکەم ٤٤٤ کەس لە لوبنان کوژراون.  334 کەسیان ئەندامی حزبوڵلا، 18 کەسیان سەر بە رێکخراوی تەندروستی ئیسلامی حزبوڵڵا، 18 کەسیان سەر بزووتنەوەی " امل" هاوپەیمانی حزبوڵڵا، 7 کەس لە بەشی فریاگوزاری خێرا، 3 هەواڵنێر، 1 کەس سەر بە سوپای لوبنان، یەکێک لە ئەندامانی حزبی سووری نەتەوەگەرانی کۆمەڵایەتی لەم هێرشانەدا کوژراون.

  هاوڵاتی بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیرانی 2024، بڵاوی کردۆتەوە، محەمەد ڕەزا نووری، ئەندامی هێزەکانی قودسی سوپای پاسداران کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەکی ئەمریکی، لە عێراق زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیرکرابوو. کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێونەتەوەیی وەزارەتی دادی ئێران، رۆژی دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024، لەگەڵ ئەوەی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراوەتە پاڵ محەمەد ڕەزا نووری وتوویەتی، ئەمریکا داوای کردووە ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت، بەڵام عێراق رازی نەبووە. هاوکات بە پێی هەندێک لە زانیارییەکان ماوەیەکی کەم لەوە پێش، عەلی باقری کەنی، سەرپەرەشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی عێراقی کردووە بۆ گفتگووگۆ دەربارەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران. دۆسییەی محەمەد رەزا نووری لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە میدیاکانی ئێران هاتە بەرباس. حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشتری ئێران کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەر لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی گیانی لە دەستدا، رۆژی دووشەممە 13ی ئایار 2024، لە گەڵ بنەماڵەی نووری دیداری کرد و بە بنەماڵەکەی راگەیاند ماوەیەکە هەوڵی ئازادکردنی دەدات. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی محەممەدرەزا نووری وەک راوێژکاری میدیای ناو ئەبەن، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشنال" محەممەدڕەزا نووری لەم ساڵانەی دواییدا بە هاوکاری ئەندامێکی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی نوجەبا، کەڵکی لە پەیوەندییەکانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی خەریکی بازرگانی بێت بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی لە عێراق و کۆمەڵێک گرێبەستی بازرگانی رێکخستووە.  رووداوی کوشتنی هاوڵاتییە ئەمریکییەکە ستیڤن ئێدوارد ،هاوڵاتیەکی ئەمریکی و مامۆستای قوتابخانە رۆژی 7ی تشرینی دووهەمی 2022 لە کەڕادە، ناوەندی بەغداد کوژرا. هەمانڕۆژ گرووپی "اصحاب الکهف" بەرپرسایەتی کوشتنەکەی گرتە ئەستۆ. "ئەنیستیتۆی لێکۆڵینەوەی واشنگتۆن" رایگەیاند گرووپی "اصحاب الکهف" سەر بە «عصائب اهل الحق»ە و پلاتفۆڕمەکانی "عصائب اهل حق" نزیکییەی زۆری لەگەڵ "اصحاب الکهف" هەیە و ئەم کردەوە تیرۆریستییەش لە ناوچەیەک بووە کە "عصائیب اهل حق" باڵادەستە لەو ناوچەیە. رۆژی 23ی ئازاری 2023،محەممەد رەزا نووری وێڕای چوار ئەندامی هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق، بە تۆمەتی کوشتنی مامۆستایەکی ئەمریکی بە ناوی " ستیڤن ئێدوارد ترۆئێل" دەستگیرکران. ستیڤن ئێدوارد هاوڵاتییەکی 45 ساڵ تەمەنی ئەمریکی و خەڵکی ویلایەتی "تێنسی" لە باشووری ئەمریکا، لەگەڵ ژن و مناڵەکەی لە عێراق ئەژیا. ستیڤن ئێدوارد مامۆستای قوتابخانە بوو. گرووپی "اصحاب الکهف" رایگەیاند ئەم مامۆستا ئەمریکییەی لە تۆڵەی کوشتنی "قاسم سلێمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوشتووە. رۆژی 23ی ئازار، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵاتی عێراقی ئەندامی " عصائب الحق" لە نەجەف دەستگیرکران. رۆژی 31ی ئابی 2023، لە لایەن دادگای تاوانەکانی کەرخی عێراقەوە، محەممەد رەزا نووری و 4 هاوڵارییە عێراقییەکە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ بڕایەوە. تاوانبارەکان لە دادگا دانیان بە کشتنی " ستیڤن ئێدوارد"دا ناوەو باسیان لەوە کرد سەرەتا دەیانویست ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییە بدزن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پرۆسەی دادگایی کردنی ئەم ٥ کەسەی بە عادڵانە ناوبرد و پێشوازی کرد لەو بڕیارەی دادگا.  سیخوڕ لە تاران، بکوژ لە عێراق محەممەد رەزا نووری بە پێی ئەوەی لە پاسپۆرتەکەیدا هاتووە، 25ی حوزەیرانی 1987ە لە تاران لە دایکبووە. بە پێی کۆمەڵێک زانیاری ، ئەم هاوڵاتییە ئێرانییە، هاوکاتی هاوڵاتی سووریا بووە و لە سووریا بە "ئەبوو عەباس" ناسراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئێراندا هاتووە، لە شەڕی ناوخۆ لە سووریا بەشداری کردووەو کەسێک بووە نزیک لە قاسم سلێمانی. بە پێی کۆمەڵێک زانیاری کە ایران اینترنشناڵ بڵاوی کردۆتەوە، محەممەد رەزا نووری، چەند ساڵ لەوە پێش دوای ئەوەی لە سووریاوە گەڕاوەتە بۆ ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکراوەو 9 مانگ لە زیندان بووەو لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوەو وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و رێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسداران، هاوکات رایانگەیاند گومانیان هەیە لەم ئەندامەی سوپای قودس. دەوترێت ئەوەی کە سوپای پاسداران لە میدیاکانی خۆیدا ئامادە نەبووە ئاماژە بە ناو و تۆمەتی ئەم کەسە بکات و باس لەوە بکات لە تۆڵەی قاسم سولەیمانیدا ئەم هاوڵاتییە ئەمریکییەی کوشتووە، بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە سوپای پاسداران گومانی بووە لەوەی کە سیخوڕ بێت. بەڵام هەوڵی ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران، رادەستی ئەمریکییەکان بکرێت بووە بە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدا بن ئازادی بکرێت. لەگەڵ دەستپێکی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی، میدیاکانی ئێران دوای زیاتر لە 1 ساڵ ناویان محەممەد رەزا نووری بردووە وەک کەسێک کە 400 رۆژە لە زیندانە و باسیان لەوە کردووە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە. میدیاکانی ئێران لە لایەکەوە باسیان لەوە کردووە کە تۆمەتی کوشتن بێ بنەمایە و ئەو تۆمەتەیان رەت کردۆتەوە. لە لایەکیترەوە باسیان لەوە کردووە ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییەی کە کوژراوە، هاوڵاتییەکی ئاسایی نەبووە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێراق، پەیماننامەی رادەستکردنی سزادراوەکانیان واژۆ کردووە، بەڵام عێراق تا ئێستا رازی نەبووە نووری رادەستی ئێران بکات. تەلەفیزیۆنی "ایران اینترنشناڵ" باسی لەوە کردووە نووری یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەشی عەرەبی " صابرین نیوز" راگەیاندنی بەرگری ئیسلامی لە عێراق.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد هەموو ساڵێک، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و رشانەوە لەنێو منداڵاندا زیاددەکات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی پلەی گەرما کە دەبێتەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو، خراپ هەڵگرتنی خۆراک و گەشەکردنی هەندێک جۆری بەکتریا، بێجگە لەمانە منداڵ لە پلەی گەرمیی بەرزدا زیاتر وشکدەبێتەوە و کەمتر بەرگەی سکچوون و رشانەوە دەگرێت. د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لە سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم پاتەیە ساڵانی رابردووش لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ژمارەی نەخۆشەکانمان بە تووشبوون بە پەتای سکچوون و رشانەوە زیاتر دەبێت بەراورد بە نەخۆشییەکانی دیکە". بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان روونیشیکردەوە، "لەوانەیە رۆژانە 50 بۆ 60 نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە بێت لەو رێژەیە 25 بۆ 30 منداڵایان تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە کە زیاتر هۆکارەکەی بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوەیە". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ساڵانە لەم وەرزەدا رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە زیاتر دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و چوونە دەرەوەی زیاتری هاوڵاتییان بۆ گەشت". د. کۆیان زاهیر رێنمایی هاوڵاتییان دەکات و داوایان لێدەکات خۆیان لە خواردنی دەرەوە و سەوزەواتەکان بپارێزن و گرنگی زیاتر بە پاک و خاوێنی بدەن و خواردنی ماڵەوە بۆ جاری دووەم گەرم نەکەنەوە و میوەکان بە باشی بشۆنەوە. لای خۆشییەوە د. پشدەر عەبدوڵڵا،  پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان رێنمایی بە دایکان و باوكان دەدات و دەڵێت، بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنرێت: - کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە. - هەڵگرتنی خواردن لەناو بەفرگردا. - شۆردنەوەی تەواوی سەوزە و میوە. - شۆردنی زووزووی دەستی منداڵ بەتایبەت پاش چوونە تەوالێت. - پاکراگرتنی تەوالێت و حەمام. - خاولی، پەرداخ، کەوچک و کەرەستەی دیکەی یەکدی بەکارنەهێنرێت - دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت خواردنی سەر عەرەبانەکان. - باشکوڵاندنی گۆشت و خواردنەکانی دیکە.

هاوڵاتی، هەرێم شێرە  بە پێی راپۆرتێکی دیوانی چاودێری هەرێم داهاتی مانگانەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە(111) ملیار دینارە، هەروەها داهاتی مانگانەی دەروازەی ابراهیم خەلیل بە تەنها نزیکەی (60) شەست ملیار دینارە. لە بەرامبەریشدا موچەی وەزارەتی پێشمەرگە (133) ملیار دینار و هەروەها موچەی مانگانە دەزگاو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم نزیكەی (63) ملیار دینارە. واتە تەنها بە داهاتی دەروازەكانی ئەم دوو مانگەی رابردوو حکومەتی هەرێم دەیتوانی موچەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە بدات و هێشتا 89 ملیار دیناریش وەک داهات بۆ حکومەتی هەرێم دەماوە. جگە لەمەش حکومەتی هەرێم تەنها لە رێگای داهاتی مانگانەی دەروازەی ابراهیم خلیل دەیتوانی لە %95 موچەی کارمەند و ئەفسەرانی ئەنجومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم دابینبکات. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەرپرسانی هەرێم بە بەردەوامی لە کۆڕ و لێدوانەكانیاندا ستایشی هیزەکانی پێشمەرگە دەکەن و بە سیمبول و پارێزەری کوردستان ناویان دەبەن کەچی ماوەی 55 رۆژە پێشمەرگەو ئەفسەرانی ئاسایش خۆیان و خێزانەکانیان لەبەر بێ موچەیی لە باردوخۆێکی سەختی داراییدان و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن و هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری كێشەكە نانێن،لە کاتێکدا وەک باسمان کرد تەنها لە رێگای داهاتی دەروازەکان دەیانتوانی موچەکانیان پێبدەن. لە ماوەی ڕابردودا سەرەرای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە قوربانی زۆریان داوە بەڵام لە نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم ڕۆڵ و قوربانیدانیان لەبەرچاو نەگیراوە،لە شەری داعشدا هێزەكانێ پێشمەرگە زیاتر لە ١٨٠٠ هەزارو هەشت سەد شەهیدیان دا بەڵام عەبادی كە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق بوو لە كاتی گوتاری سەركەوتن بەسەر داعشدا بە یەك وشەش باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی نەكرد،دەسەڵاتدارانی هەرێمیش تا ئێستا نەیانتوانیەوە سادەترین مافیان كە دابین كردنی موچەكانیتیان بۆیان دابین بكەن،بۆیە لە ئێستادا دەتوانین بڵێین كە پێشمەرگە مافخوراوترین چینی كۆمەڵگایە٠٠

هاوڵاتی ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی منداڵانە وهاوڵاتی  بەدواداچوونی بۆ دۆخی منداڵانی ئیشکەر کردووە لەشەقام و بازاڕەکانی هەرێمدا و منداڵپارێزی کوردستانیش دەڵێت، ئەو سزایەی دەدرێت بەسەر دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا کە کاردەکەن بڕەکەی زۆرکەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە دووبارە نەخرێنە بەر کار لەلایەن دایک و باوکیانەوە. نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری منداڵپارێزی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 لە لێدوانێکدا بە هاوڵاتی وت، "لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بەردەوام چاودێری ئەو منداڵانە دەکەن کە کاردەکەن و لە ڕێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە دایک و باوکی ئەو منداڵانە ئاگادار دەکرێنەوە" باسی لەوەشکرد، "بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی کاردەکەن بە پلەی یەکەم منداڵی ئاوارەکانن کە لە هەرێم نیشتەجێن بە تایبەت منداڵی پەنابەرە سورییەکان و بە پلەی دووەم منداڵی  کۆچەرییەکانن (قەرەج) و کەمترین ریژەی منداڵی ئیشکەریش سەربە دانیشتوانی  ناوخۆی هەرێمن هاوکات ئەو منداڵانەی کاردەکەن کچ و کوڕیشیان تێدایە". منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت، ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کاردەکەن کەمدەبێتەوە و بە گوێرەی نوێترین داتاکانی ئەو ڕێکخراوە ژمارەی ئەو منداڵانەی ئیشیان لەسەرکراوە و   بەشێوەیەکی نایاسایی لە هەرێم کاردەکەن بەم شێوەیە دابەشبوون: - پارێزگای سلێمانی : 443 منداڵ. - پارێزگای هەولێر: 390 منداڵ. - پارێزگای دهۆک: 414 منداڵن. وەک لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت ژمارەی منداڵانی ئیشکەر لە پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە منداڵانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بەرزترەو منداڵپارێزیش هۆکاری بەرزی ژمارەکە بۆ هەبوونی کێشەی تەکنیکی وەک دابینکردنی سەیارە و کاتەکانی کۆکردنەوەی داتاکان و نەبوونی ژمارەی پێویستی پۆلیسی نەوجەوانان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەگەڕێنێتەوە. هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی هاوڵاتی لە منداڵپارێزەوە دەستی کەوتووە زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە کاریان پێدەکرێت لە لایەن دایک و باوکیانەوە "ئیستیغلال" کراون و کاریانپێدەکرێت لە کاتێکدا خۆیان توانای کارکردنیان هەیە. هەروەها بە شێکی زۆری ئەو منداڵانەی بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێن زیاتر منداڵی ئاوارەوپەنابەرەکانن و منداڵپارێزدەڵێت، بەهۆی ئەوەی بەردەوام شوێنی نیشتەجێبونیان دەگۆڕن ئاسانتر دەتوانن ئیستیغلالی منداڵەکانیان بکەن و خۆیان لە سزا و ڕێکارە یاساییەکان بدزنەوە". لە ئێستادا بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە دوای دەستنیشانکردنی منداڵەکان لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە لێپێچینەوەی یاسای لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانەدا دەکرێت و بەڵێننامەیان پێپڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەخرێنەوە سەر کار و لە کاتی پێشێلکردنی ئەمەدا دایک و باوکەکان سزای مادی دەدرێن. سەرچاوەیەکیش لە منداڵپارێزی کوردستان بە هاوڵای وت، "ئەو بڕە پارەیەکی لە دایک و باوکی منداڵەکان وەردەگیرێت بڕەکەی زۆر کەمە و یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بەڵام بەهۆی کارنەکردنی  پەرلەمانی کوردستانەوە ناتوانن ئەو کارە بکەن و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کە مندال هەیە دایک و باوکی زیاتر لە جارێک بەڵێنامەیان پێپڕکراوەتەوە سزا دراون بەڵآم دووبارە خراونەتەوە سەر کارکردن". لە رۆژی جیهانی مداڵاندا، بەهۆی کەموکورتی و بێباکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەبونی ڕێکار و یاسای پێویست بۆ پارێزگاری کردن لە منداڵانی ئیشکەر لە بازاڕەکان و شوێنە جیاجیاکانی هەرێمدا ژمارەیەکی زۆر منداڵ کاردەکەن و مەترسی توندو تیژی سێکسییان لەسەرە  و لە بەشێکی زۆری مافە سەرەتاییەکانیان بێبەشکراون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی وارشۆ وادیارە شەڕەکەی حەماس دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بۆ فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بێنێتە بەرهەم. ئەوەش لەبەر ئەوەی وردە وردە تەواوی جیهان لەوە تێدەگەن، بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پێویستە فەڵەستین ببێتە دەوڵەت. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس پەلاماری بۆ سەر ئیسرائیل برد؛ لەو هێرشەدا حەماس 1,139 کەسی کوشت کە 695یان هاوڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی بوون و 36 کەس لەوانە منداڵبوون. 71 کەسیان هاوڵاتی بیانی بوون و 373 کەسیشیان پۆلیس و ئاسایش بوون. هەر لەو پەلامارەدا 24 هاوڵاتی و پۆلیس لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، ئەمە جگە لەوەی رووبەرێکی لە ئیسرائیلیش کۆنترۆڵکرد. هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی لەگەڵ حەماسدا راگەیاند کە تا ئێستا بەردەوامە و ئامانجەکەشی لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە لە غەززە. لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا کە وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی لەناوبردنی حەماسە، تاوەکو نوسینی ئەم راپۆرتە 35 هەزار و 647 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و لانیکەم 79 هەزار و 852 کەسیش برینداربوون. جەنگەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و تا رادەیەک وەک هەمیشە زەوی کردووە بە دوو جەمسەری دژیەکەوە. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا تا ئەمڕۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن و بە "شەڕ لە دژی تیرۆر" ناوی دەبەن؛ بەشێکیان بێ لایەنیان هەڵبژاردووە و هەرچی دەمێنێتەوە ئێستا سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن بەوەی لە غەززە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و رەشەکوژی" دەکات. "ئاڕاستەی گفتووگۆ دیپلۆماسییەکان رووەو کوێ؟" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشتووە، ئەگەر ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە کۆتایی نەیەت، بەدەر لەو کارەساتە مرۆییەی دوای خۆی جێیدەهێڵێت، پریشک دەهاوێژێت بۆ رووبەرێکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش بۆ جیهان. هەروەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەربازی و ستراتیجییەکانی یەکدی لە دەرەوەی خاکی خۆیان و دواتریش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر یەکدی؛ ئێران لە 13 و 14ی نیسانی ئەمساڵ و ئیسرائیل لە 19ی هەمان مانگ. ئەمە جگە لە مەترسی پەلکێشبوونی لوبنان لە شەڕەکەدا بەهۆی هێرشە جار بە جارەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی. هەربۆیە دەنگی دروشمی "چارەسەری دوو دەوڵەت" لە کۆبوونەوە فەرمی و لوتکەکانی جیهاندا خەریکە زیاتر بەرزدەبێتەوە. چارەسەری دوو دەوڵەت بریتییە لە پێشنیازێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1947، کە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلی بەوە دەکرد، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی ئێستا هەردووکیانی تێدان دروستبکرێت. هەروەها مزگەوتی ئەقسا و رووبەرێکی دیاریکراوی چواردەوری کە لەلای موسڵمان و جووەکان بە پیرۆز دادەنرێت، بە سەربەخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت. جگە لەوەش، ئێستا وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی نێودوڵەتیدا ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەنە فەڵەستین. 10ی ئاداری 2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی ماف و بەرژەوەندی زیاتر بە فەڵەستین و کردنی بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 193 ئەندام، 143 ئەندامیان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. هەروەها ئەمڕۆ ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت جێبەجێبکرێت و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی رژد رووەو ئەو مەبەستە بنێن. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای تێدا ئەندامن بە فەرمی داوای دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە. ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەیەکەوە لەسەری بگەنە رێککەوتن؛ ئەوەش لای زۆرێک "ئەستەمە". هەر ئەمڕۆ، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەوان یەکێکن لە هەرە پاڵپشتە گەورەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتییەکە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، چین پاڵپشتی تەواوەتی خەڵکی فەڵەستین دەکات لە بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆییان. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە چین بە رژدی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و لە پێشووتریشدا پەکین هەر زوو دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. تێڕوانینی ئێستای عەرەب، ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازە بەساڵاچووەکە هەرچی وڵاتانی عەرەبییە هەرچەندە لە رابردوودا دوو جار لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دژوەستانەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت چوونەتە جەنگەوە، لە دواین لوتکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەریەککەوتنەکانی فەڵەستین، بەتایبەت حەماس و ئیسرائیل بهێنن. مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد، هەروەک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری لەسەر بکەن و دەکرێت، "ئەمە کۆتا هەل بێت بۆ پەیڕەوکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت". هەرچی حەماس و ئیسرائیلە بیروڕای پەڕگیر و تێکدەرانەیان بۆ بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە. حەماس لە 2017دا پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیازەکە خستەڕوو، بەو مەرجەی سنوورەکان بگەڕێنەوە پێش ساڵی 1967. لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوتووە، بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین گەورەترین خزمەتە بە "گرووپی تیرۆرستی حەماس". پێشنیازێک کە بە دوایدا دوو جەنگ هاتووە، ئێستا دەبێتە هەوێنی ئاشتی؟ دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچوو، لە ساڵی 1918دا بەریتانیا کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد کە بەشێک لەو رووبەرە ئەو خاکەیە ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن. لەو کاتەدا دانیشتووانی فەڵەستین بریتیبوون لە موسڵمان، کریستیان و جووەکان کە زۆرینە موسڵمان بوون. لە ساڵی 1936، شۆڕشی عەرەب لە دژی بەریتانییەکان روویدا، ئەوەش لەبەر مەترسی زۆربوونی دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین. دواتر بەریتانیا بڕیاریدا چارەسەری دوو دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە کە لەو کاتەدا 80٪ی رووبەری ئەو خاکە بۆ فەڵەستینییەکان و 20٪ی بۆ جووەکان دانرا، بەڵام فەڵەستینییەکان ئەو چارەسەرەیان رەتکردەوە. دواتر لە ساڵی 1947، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا دووبارە چارەسەری دوو دەوڵەتی هێنایە ئاراوە. پێشنیازەکە 56٪ی خاکەکەی بۆ ئیسرائیل و 44٪ی بۆ فەڵەستین یەکلادەکردەوە. ئەم جارە جووەکان چارەسەرەکەیان قبوڵکرد و ئەو هەنگاوە بووە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی ئاداری 1948، بەڵام عەرەب بۆ جاری دووەم رەتیانکردەوە. هەرچی لوبنان، عێراق، ئوردون، میسر و سووریا بۆ رووخاندنی ئەو دەوڵەتە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بردییەوە و رووبەرێکی گەورەتری لەسەر خاکی فەڵەستین کۆنترۆڵکرد و ئوردونیش کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ساڵی 1967، دووبارە ئوردون، میسر، سووریا و لوبنان هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل و جەنگەکە شەش رۆژی خایاند، بەڵام دووبارە ئیسرائیل بردییەوە و تەواوی خاکەکەی بە غەززە و کەرتی رۆژئاواوە کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2000، دووبارە فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتووگۆی ئاشتی لە ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیهود داراک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات بۆ ماوەی 14 رۆژ بە نێوەندگیر بیڵ کڵینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا گفتووگۆیان کرد. پێشنیازکرا 94٪ی کەرتی رۆژئاوا و تەواوی غەززە بچێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانەوە و وەک دەوڵەتی فەڵەستین بناسرێت؛ هەروەک رۆژهەڵاتی ئۆرشلیم\قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین. یاسر عەرەفات، سەرۆکی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بە پێشنیازەکە رازی نەبوو و دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە. لە ساڵی 2008، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لەگەڵ ئیهود داراک کۆبوونەوە و هەمان پێشنیاز بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین هاتەوە بەرباس، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن فەڵەستینەوە رەتکرایەوە. لەو کاتەوە چارەنووسی دەوڵەتی فەڵەستین بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێگیر کراون، کە ئەمەش ئێستا یەکێکە لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، چونکە بە دروستبوونی فەڵەستین دەبێت تەواوی ئەو نیو ملیۆن کەسە ماڵەکانی خۆیان جێبێڵن و بگەڕێنەوە ناو سنووری ئیسرائیل. "چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت بەرەو کوێ؟" لە دوای ساڵی 2020 کە رێککەوتننامەی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا کە ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی بوو، لە نێوان بەحرەین و ئیمارات لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە واژۆکرا، وردە وردە نێوانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئامانجی رێککەوتننامەی ئەبراهام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. مەغریب و سوودان لە دواتردا بڕیاری بە چوونە ناو رێککەوتنەکەیاندا و ئێستاش سعودیە لە گفتووگۆدایە بۆ چوونە ناو رێککەوتنەکە. سعودیە کە وەک ناوەندی بڕیاری دەوڵەتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت جێبهێڵێت. پاڵپشتیی چین، رووسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەرمی نواندنی ئەمریکا، پاڵپشتی زۆرینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەو پێشنیازە، دوای 77 ساڵ لە دژایەتیکردنی، دەکرێت ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ جێبەجێکردنی لە داهاتوویەکی تا رادەیەک نزیکدا و بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین.

هاوڵاتی/ ژیر فاتیح یەکێک لەو دیارەدە خراپ و دزێوانەی لە دونیای ئێمەدا لە ئارادایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر تەشەنە دەکات، بینینی فیگەر و کەسایەتی و دیاردە جیاوازەکانە بە یەک شکڵ و شێوەی دیاریکراو و لەناو یەک پۆلین و ڕێکخستنی گشتیدا، بە واتایەکی دیکە؛ جۆرە تێڕوانینێک لە فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری دونیای ئێمەدا باڵادەستە، کە کۆی کەسایەتی و ڕوودا و و دیاردەکان بە یەک فۆڕمی کڵێشەیی دیاریکرا و دەبینێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تایبەتمەندێتی و جیاوازی و وردەکاری ئەم فیگەر و کەسایەتی و دیاردە ناچوونیەکانە بکات، لەناو یەک شێوە پێناسە و تێڕوانیندا کورتیان دەکاتەوە و مۆبیلیزەیان دەکات. ئەم نیگا سەرتاپاگیرە کە توانای بینینی جیاوازییەکانی نییە و لە یەک گۆشە نیگای دیاریکراوە لە دیاردەکان و کەسەکان دەڕوانێت، وا دەکات بوارێک بۆ بینینی تاقانەیی و لێوەشاوەیی کەسایەتییەکان و فرەیی و ناهەمەچەشنی دیاردە و دەرکەوتەکان نەهێڵێتەوە. یەکێک لەو شێوە-ڕوانینە باوانەی هەنوکە لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە، ڕوانینە بۆ پرسی سەرمایەداری و کەسایەتییە سەرمایەدارەکان، کە زۆرجار بە شێوەیەکی دوور لە ڕاستی و نا بابەتییانە خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و هەندێک ئایدیا و روانگەی بارگاوی بە نەریتی مارکسیستانەش بۆ ئەم جۆرە خوێندنەوانە دەکرێنە پاساو و کەرەستە، کە نەک تەنیا لەڕووی تیۆرییەوە راست نین، بەڵکو رێگەی ئەوەشمان لێدەگرن شتەکان بە شێوەیەکی بابەتی و وەک خۆیان ببینین. بێگومان ئەوە راستە کە کۆی جیهان لەمڕۆدا بەدەست سیستمی سەرمایەداری و لۆژیکی بازاڕی ئازادەوە لە قەیراندایە، بەڵام قسەکردن لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و ئابوری نیولیبڕاڵی و بازاڕی ئازاد، پێویستە جیا بکرێتەوە لەو هەوڵە فەردییانەی کە بە گیانێکی دڵسۆزانە ونیشتیمانپەروەرانەوە، بڕێکی زۆری سەرمایە و داهاتی خۆیان دەخەنە خزمەتی پڕۆژەی نیشتیمانی و گشتییەوە، کە سود و قازانجە گشتییەکانی دەیانجار لە دەستکەوتە فەردیی و کەسییەکان گەورەترە. "فاروقی مەلا مستەفا" نموونەی ئەو سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرانەی نیشتیمانە، کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوام و بێ پشوودان، لە هەوڵی سەرپێخستنی دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و سەرمایەگوزاری جیاوازدایە، بە سەدان ملیۆن دۆلاری لە بڕی سەرمایەکەی خۆی بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی و کوردستان بە گشتی، تەرخانکردووە و بەردەوام وەک فیگەرێکی دیاری ناو بواری بازرگانی، خۆ نەویستانە و لەخۆبوردووانە لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و هێنانە ئارای دونیایەکی ئارام و کەشێکی لەباردا بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، ماندوونەناسانە هەوڵی داوە و هەمیشە پێشەنگ بووە لە خزمەتکردن و بونیادنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە یادی دە ساڵەی دامەزراندنی (نەخۆشخانەی فاروق)دا، ئەم سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرە، کە خاوەنی باکگراوندی مەعریفی و دیدگای تایبەت بە خۆیەتی سەبارەت بە پرس و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە چەند خاڵکێدا، کە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنن و پێویستە دیوە ئینسانی و نیشتیمان پەروەریی و قازانج نەویستییەکەیان بۆ هەمووان ئاشکرا بکرێت. تا ئەوە لای هەمووان ڕوون بێت کە مەرج نییە، هەموو سەرمایەدارێک تەنیا لە بیری کەڵەکەکردنی قازانجدا بێت، هەرچەند زۆر سەرمایەدار هەن لە دونیای ئێمەدا بەو لۆژیکە بیردەکەنەوە، بەڵام بوونی ئەوانە ناتوانن تاقانەیی و خەمخۆری کەسانی وەک "فاروقی مەلا مستەفا" بشارنەوە. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدا، ئەوەیە کە چۆن دڵسۆزانە و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، بیریان لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی تەندروستی و زانستیی گەورەی وەک نەخۆشخانەی فاروق کردووەتەوە. بەو پێیەی ئەزموونی حکومڕانی لە دونیای ئێمەدا تا ئەندازەیەکی زۆر لە قەیراندایە، ئەمە وایکردووە کە هانیان بدات ئەرکێک لە ئەستۆ بگرن، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی حکومەتە ئەنجامی بدات، بەڵام بەو پێیەی لە قسە و کردارەکانی "فاروقی مەلا مستەفا"وە دەردەکەوێت، ئەوان تەنیا وەک بازرگانێکی بێ هەڵوێست لە کۆمەڵگەدا ناژین، کە تەنیا بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆیان بووێت، بەڵکو نموونەی بازرگانێکن کە خەمخۆری وڵاتەکەیانن و بیرکەرەوەیەکی بەردەوامن، لەو ڕووەوە کە شان بەشانی سەرانی حکومڕان و بگرە زیاتریش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرانبەر بە هاونیشتیمانیان و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان. هەر بۆیە لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانیدا، وردبینانە و وەک کەسێکی خاوەن دید و پسپۆڕی لە پیشەکەی خۆیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کەرتە گشتییەکانی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن، لە ژێر چاودێری حکومەتدا بە تایبەتی بکرێن، بۆ ئەوەی نەبنە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و کەسانێکی چاوچنۆک لەسەر قوتی خەڵکی و بەبێ رەچاوکردنی باروگوزەرانی ژیانی گشتی سەروەت و سامان کەڵەکە بکەن. ئەم دڵسۆز و خەمخۆرییەش بە ڕادەیەکە، کە بە گفتێکی ئینسانی و زۆر دڵسۆزانە لە ماوەی ڕابردوودا و لە مەڕاسیمی یادی دە ساڵەی دامەزراندنی نەخۆشخانەی فاروقدا دەڵێت: من خۆشم و کەسە ئازیزەکانیشم هەموو زەرەرەکان بە قازانجێکی گەورە دەبینین. واتە هەرچەندێک لەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزاریانەدا زیانمەند ببن، هێشتا وەک قازانج دەیبینن، چونکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە. ئەم بیرکردنەوە و تێگەیشتنە دەریدەخات، کە بوونی کەسایەتی و بازرگانانی لەم شێوەیە، نەک تەنیا نابێت وەک کەسانی خۆپەرست و قازانخواز تەماشا بکرێن، بەڵکو پێویستە بکرێنە سەرمەشق و کارێک بکرێت ناویان لەناو مێژوو و یادەوەری نەتەوەدا بەو پەڕی ئەمکدارییەوە بپارێزرێت.   

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد رۆژی 3ی ئایار، رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەرییە، ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی مەترسییداردایە و وەک رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێدەکات، ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ژینگەی دەربازبوونە لە سزا تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، هەروەها سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت "پێشلکارییەکان لە هەولێر و دهۆک زیاترن". رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو ساڵێک لە 3ی ئایاردا نەتەوەیەکگرتووەکان و یونسکۆ یادی ئازادی رۆژنامەگەری دەکاتەوە، ئەم یادە رۆژێکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەموو وڵاتێکدا". ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بێین هەڵسانگاندنێک بۆ ئازادی رۆژنامەگەری بکەین لەچەند خاڵێکدا دەتوانین قسەی لەسەر بکەین، خاڵی یەکەم لەرووی بواری پێشکەوتنی یاساکانەوە، ئێمە یاسای رۆژنامەگەری و یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری و خۆپیشاندانمان هەیە کە ئامانە هەمووی پەیوەستن بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، کەواتە ئێمە لەرووی دەرکردنی یاساوە لە پێشەوەین، بەڵام کە ورد دەبینەوە لە بارودۆخەکە لە جێبەجێکردنی یاساکان ئاستەنگ و بەربەستی زۆر هەیە، واتە یاساکان تەنها دیکۆرە نەک بۆ بەهێزکردنی دیموکراسییەت". "ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ژینگەی دەربازبوونە لە سزا و هەموو ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراون، بێگومان ئەمەش دیموکراسییەت و سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر لێپرسینەوە"، رەحمان غەریب وادەڵێت. روونیشیکردەوە، "دەربازبوون لە سزا لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی بەربڵاوە لەکاتی بەکارهێنانی تووندوتیژی و دەستگیرکردن و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن هێزەکانەوە، هەروەها هەموو ئەو تووندوتیژیانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە لە ساڵانی رابردوو ئەنجامدەرانی بەبێ لێپرسینەوە دەربازیان بووە لە سزا". رەحمان غەریب ئەوەشی وت، "دەبێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان هێندە رازی نەبێت لە بارودۆخی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە چاوێکی رەخنەگرانە دۆسیەی مافی مرۆڤ بە گشتی و بابەتی ئازادی رۆژنامەگەری بە تایبەتی هەڵسەنگێنێت و بەچاوێکی رەخنەیی تەماشای بکات و پلانی هەبێت بۆ باشترکردنی ژینگەی کاری رۆژنامەنووسی". لای خۆشییەوە کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە هاوڵاتی وت، "بەدەر لەوەی رێکخراوە بیانییەکان قسە لەسەر ئێمە بکەن و هەندێک خەڵک بەبێ ئەوەی لە ژینگەی کوردستان تێبگەن ئێمە خۆمان دەڵێین ئازادی رادەربڕین لەدوای ساڵی 2020 و 2021 لە پاشەکشێدایە و ئەم پاشەکشێیەش حاڵەتێکە پێشبینیکراو بوو". وتیشی "ئەم پاشەکشێیە پەیوەستە بە ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو و ژینگەیەکی سیاسی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی پەیوەستە بە ناوچەی جوگرافیاوە هەولێر و دهۆک بە پلەی یەکەم دێت لە پێشێلکارییەکان بە تایبەت هەولێر کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتبوو لە هەولێر و بەغدا 345 حاڵەتی پێشێلکاری تیادا تۆمارکراوە". کاروان ئەنوەر جەختی لەوەشکردەوە، "بەراورد بە کابینەکانی دیکە لەم کابینەیەدا ئازادی رادەربڕین پاشەکشێی کردووە، بە تایبەتی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسان و چالاکوانانەی بادینان کە هەموویان هێنرانە هەولێر دادگایی کران، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کەشوهەوا میدیایەکە لە هەرێمی کوردستان نیشانەیەکی پرسیاری گەورەی بکەوێتەسەر". لەبارەی ئەوەی لەم قۆناغەی ئێستادا چی بکەین، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان باسی لەوەکرد، "دەبێت ژینگەی سیاسی لەباربێت بۆ ئەوەی ببێت بە زادەی لەدایکبوونی ژینگەیەکی میدیایی گونجاو، هەروەها سەرجەم سێکتەرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابووری چەندین سێکتەری دیکە لە خاڵێکدا بەیەک دەگەنەوە کە پێی دەوترێت ئازادی بەشێوە گشتییەکەی". راشیگەیاند، "هەم ئێمەی رۆژنامەنووس، هەم خەڵکی شەقام لەم بارودۆخەی ئێستا رازی نین، چونکە ئێستا رۆژنامەنووسەکان وەک روژنامەنووسەکانی پێشوو کارناکەن، هەروەها جگە لە فشارەکانی دەسەڵات کەناڵ و میدیاکان فشار لەسەر رۆژنامەنووسەکان دروستدەکات و پاداشت و مووچەکەی لەژێر هەڕەشەی لێبڕیندایە، ئەمانەش هۆکارن کە رۆژنامەنووس ببێت بە دیلێک کە نەتوانێت داهێنان بکات". هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەکات دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن بۆ سەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری، لەوانەش، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، لێدان و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی رۆژنامەنوسان، هەراسانکردن و تۆقاندن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان کاریگەرییەکی ساردی لەسەر مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، زۆرێک لە رۆژنامەنووسان ناچاربوون هەڵبێن، خۆیان بشارنەوە یان بەتەواوی واز لە رۆژنامەگەری بێنن، لەکاتێکدا زۆرێک لە هاوتاکانیان له بەندیخانە ماونەتەوە. لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە دۆسیەکانی هەردوو رۆژنامەنووسی زیندانیکراوی بادینان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری کراوە، ئەوەش راگەیەندراوە " دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شانازی بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان چرای ئازادی رۆژنامەگەرییە، بەڵام ئەمە جگە لە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانە هیچ نییە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادی ۆژنامەگەری و هەراسانکردنیان، تۆقاندن و لێپێچینەوە لە رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر پرسی گەندەڵی نووسیویانە و رەخنەیان لە مامەڵەی دەسەڵاتداران گرتووە". بەپێی ئامارێکی سەنتەری میترۆ، پێشلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2022 و 2023دا بەم جۆرەبووە: - ساڵی 2022: (431) - ساڵی 2023: (249) - كەمیكردووە: (182) - بەرێژەی : (42%) دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2023: - ساڵی 2022: (64) دەستگیركردن - ساڵی 2023: (37) دەستگیركردن - كەمیكردووە: (27) حاڵەت - بەرێژەی: (42%) كەمیكردووە

زریان فەرەیدوون وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکات خۆیان دەستەبەر بکەن و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانیش دەڵێت کرێکاران متمانەیان بەو دەستەبەرە نییە و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی لە پرۆژە یاساکەدا هەیە پێشکەش بە کرێکاران ناکرێت . ئەمڕۆ ١/٥ ڕۆژی جیهانی کرێکارانە و لە سەرجەم دام و دەزگانی هەرێم پشوی ڕەسمییە بەڵآم گەر بەرەبەیان بچیتە ناوبازاڕی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاکە دەبینیت کرێکاران  بەردەوامن لە کارکردن ، لەگەڵ ئەوەی پشوو وەرناگرن نە شوێنی کارەکانیان سەلامەتە و نە مافەکانیان پارێزراوە. سەبارەت بە ڕەوشی کرێکارانی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند، "دۆخی کرێکاران بە ڕاستی خراپە، هەمان حاڵەت و کێشەکانی ڕابردوو دوبارە دەبێتەوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەم یاداشت و داخوازی و داواکارییەکانمانەوە نایەن". ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنگە و پێویستە  چارەسەر بکرێت جێبەجێکردنی سەلامەتی پیشەیی و گرێبەستی کاری کرێکارانە لە شوێن کارەکانیاندا بەڵام ئەو بە ڕێوبەرایەتییانەی بەرپرسن لەم کەیسانە زۆر لاوازن ، لەگەڵ ئەوەی  حکومەتی خۆجێیشمان لێی ئاگادار کردۆتەوە بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە هیچ هاتنە پێشەوەیەک نەبووە." پرسی سەلامەتی لە شوێنی کاردا:  سەلامەتی شوێنی کار و دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران یەکێکە لەو پرسانەی بەردەوام باسدەکرێت و حکومەتی هەرێم دەڵێت بەرەوپێشچونی بە خۆیەوە بینیوە بەڵام سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت هەندێک بڕیارلە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەوە دەرکراوە بەڵام بەتەواوی ناخرێنە کار و میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دڵخۆشکەر نییە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی ئەم ساڵ حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە دوایین کرێکار ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەستدا، لە هەولێر سێ کرێکار و لە دهۆک دوو کرێکار گیانی لەدەستداوە، لە هەڵەبجە هیچ کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەست نەداوە . سەبارەت بە پرسی سەلامەتی شوێنی کار وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاریان ئەحمەد لە لێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند ، "زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن بەتایبەت ئەو کرێکارانەی لە باڵەخانە بەرزەکاندا ئیش ئەکەن کە بەکارنەهێنانی ئەو کەرستانە مەترسی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژیانیان". ئەوەشی وت "لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە" وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت زۆری ڕوداوەکانی سەلامەتی لە شوێنی کاردا   ئاماژەی بەوەدا "کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان". وتیشی، " کرێکارەکان زۆر جار بەرژەوەندی خاوەن کارەکە لەبەرچاودەگرن لەبەر ئەوەی موچەیەکی ئەداتێ و زۆرجار ئەو کێشەیەی هەیە  ناوێرن باسی بکەن و شکات بکەن کاتێک لیژنەکانی ئێمە ئەچێت ڕاستییەکان بڵێن و لەویایا زۆرجار مافی کرێکارەکە پێشێل دەکرێت و ئێمەش گەر ڕاستییەکانمان پێنەڵێن ناتوانین هیچیان بۆبکەین". ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت" ئێمە هێڵی گەرمان هەیە کە ژمارەکەی ٥٠٠٥  هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت". لەم بارەیەوە سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت،" حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات و ئەو لیژنانەی کە تایبەتن بە سەلامەتی پیشەی تەندروستی بۆ شوێنکارەکان کە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم چالاک نین و زۆر لاوازن یانیش هەر کارناکەن". باسی لەوەشکرد کە ئەوان وەک سەندیکای کرێکارانی کوردستان  لە شاری سلێمانی ماوەی پێنج ساڵە لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ قایمقامییەتی سلێمانی هەیە کە لە پرسی  سەلامەتی پیشەیی لە شوێن کار بۆ کرێکاران دەکۆڵێتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی تەنیا یەک لیژنە هەیە لە سنوری سلێمانی و نزیک بە پێنج هەزار پڕۆژە و کارگە و شوێنی کار هەیە کە کرێکار ئیشی تیا دەکات تەنانەت ئەوانیش ناتوانن بەتەواوی چاودێری خاوەن کارەکان بکەن تا پێشێلکاری نەکەن. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت. پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی:  لە ئێستادا  هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە چەند کرێکار هەن، بەڵام بەڕێوبەری سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکار بەس لە شاری سلێمانیدا هەن و زیاتر لە نیوەیان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان پڕنەکردۆتەوە و نییانە بە هۆی ئەوەی کرێکاران باوەڕیان بەو پڕۆژە یاسایە نییە. سەبارەت بە هۆکاری ئەمە چالاک ڕەوف بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، خاوەن کارەکان خۆیان لە دەستەبەرکردنی کرێکارەکانیان دەدزنەوە بۆ ئەوەی ناچارنەبن ئەو بڕە پارەیە بۆ کرێکارەکانیان بدەن و کرێکارانیش باوەڕیان بە پڕۆژە یاساکە نییە. ئەو کرێکارانەی ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکەن دەبێت ڕێژەی لە سەدا ١٧ ی مووچەکانیان بدەن بە سندوقی خانەنشینی، لەم بڕەش ڕێژەی ٪١٢ی خاوەن کارەکە بۆی دەدات ٪٥ ی کرێکارەکە خۆی دەیدات،لەبەرامبەر ئەمەدا کرێکارەکان کە گەشتنە تەمەنی خانەنشینی وەک فەرمانبەرەکانی دیکەی سەر بە حکومەتی هەرێم خانەنشین دەکرێن و مانگانە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە. هاوکات لەناو پڕۆژە یاساکەدا جگە لە خانەنشینکردنی کرێکارەکان چەندین خزمەتگوزاری دیکە هەیە کە پێویستە بۆ کرێکارانی بەشدار دابین بکرێت ، کە بە گوتەی چالاک ڕەوف هیچکام لەو خزمەتگوزارییانە بۆ کرێکاران دابین ناکرێت کە بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە و ناویان تۆمار کردووە.  بەشێک لەو خزمەتگوزارییانە لە زاری بەڕێوبەری سەندیکای کرێکارانی کوردستانەوە : یەکەم:  " لە پرۆسەی ناو تۆمار کردنی کرێکاران بۆ خانەنشینی بابەتێک هەیە کە پێی ئەڵێن سەلامەتی پیشەی یانی کرێکارەکە پارەکە دەدات حکومەت ئەرکە لەسەر شانی سەلامەتی پیشەی بۆ کرێکارەکان دابین بکات ، سەلامەتی پیشەی ئەوەیە کە کرێکارێک نەخۆشکەوت یان بریندار بوو بەبێ بەرامبەر چارەسەری بۆ بکرێت یانیش کەم ئەندام بوو چارەسەری بۆ بکرێت و خانەنشین بکرێت لەسەر ئەم پارەیەی بۆ خانەنشینی دەیدات ." دووەم: "گەر کرێکارێک شوێنی کارەکەی گۆڕی لە جێگایەک بۆ جێگەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی بەشداری کردووە لەم سندوقەدا پێویستە حکومەت بۆ ئەو چەند مانگەی کاری نییە پارەی بۆ سەرف بکرێت." سێیەم : " تایبەتە  بەو کرێکارانەی ئافرەتن کە مەسەلەی مۆڵەتی دایکایەتییە ، هەر خاتونێک بەشداری و ئیشتیراکی لە سندوقی خانەنشینیدا کردبێت لە یاساکەدا هاتووە و مادەکەش هەموارکراوەتەوە کە دەڵێت دەبێت لەمۆڵەتی دایکایەتیدا سندوقی خانەنشینی مووچەی ئەم کرێکارە ژنە بدات بەو ماوە یاساییەی کە بۆی دیاری کراوە، وەک چۆن لە کەرتی حکومی فەرمانبەرێک مۆڵەتی دایکایەتی هەیە و مووچەی دەدرێتێ. چالاک ڕەوف دەڵێت لەگەڵ ئەوەی هیچکام لەو خزمەتگوزارییە زۆرانەی لە پڕۆژە یاساکەدا هەن بۆ کرێکاران دابین ناکرێت و تەنها خانەنشینییەکەی جێبەجێدەکرێت کە ئەویش ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەمە و بەرچاو نییە لە هەمان کاتدا خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە کرێکارەکە دەچێتە لای حکومەت بۆ ئەوەی پارەی  دەستەبەرییەکەی بدات هیچ  پسوڵەیەکیان نادرێتێ کە بیسەلمێنێ ئەم کرێکارە پارەکەی داوە بە سندوقی خانەنشینی ئەمەش وایکردووە کرێکاران باوەڕیان بە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی گشتگیر نەبێت.  چالاک رەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان باسی لەوەشکرد کە ئەو شەش کرێکارەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە  " هەر شەشیان لە بواری بیناسازیدا ئیشیانکردووە و ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆمار نەکراوە و هەر شەشیان ئەوانەن لە دوای مردنیان هیچ یاساو قانونێک شمولیان ناکات و گیانیان بەهەدەر چووە" شەوی ڕابردووش هەر لە سلێمانی کرێکارێکی دیکە لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا.  لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987. بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون و ئێستا 880 کەس [کرێکار] خانەنشینی وەردەگرن.

هاوڵاتی / شوان عەباس بەدری رۆژی شەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 170 ئەندام پەرلەمان یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی پەسەندکرد و ئەمەش ناڕەزایەتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لێکەوتەوە. هەر سەبارەت بەم بابەته رێکخراوی لێبوردنی جیهانی رایگەیاند، "ئەم یاسایە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات" هەروەک چۆن رێکخراوەکە چاکسازییەکانی ناو یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر عێراقییەکان وەسفکرد.  وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش نیگەرانی خۆی لە دەرکردنی یاساکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی دەربڕی و یاساکەی بە هەڕەشەیەکی جدی بۆسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان وەسفکرد، هەر لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "پەسەندکردنی ئەم یاسایە، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئازادی رادەربرین و دەسکەلایەکە بۆ سەرکوتکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا". لە یاسا نوێیەکەی قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازیدا هاتووە، سزای هاوڕەگخوازی یان گۆڕینەوەی ژن بەمەبەستی چێژی سێکسی لە 10 ساڵ تا 15 ساڵە و هەروەک چۆن لە یاساکەدا هەموو ئەو لایەن و رێکخراوانەی کە بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەکەن لە عێراقدا قەدەغە دەکرێن و ئەوکەسانەش کە بەم بانگەشەیه هەڵدەستن سزای حەوت ساڵ زیندانییان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لە یاسا تازەکەدا گۆڕینی رەگەز بەپێی حەز و ئارەزووی کەسەکان قەدەغەکراوە و گەر بێتۆ کەسێک ئەم کارە ئەنجام بدات و هەر پزیشکێکیش نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەز ئەنجام بدات ئەوا سزای یەک ساڵ تا سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەر لەیاساکەدا باس لە کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە (هاوڕەگەزخوازی) کراوە و بە پشت بەستن بە یاسای ساڵی 1969، سزاکەیان لە چەند ساڵێک بۆ زیندانی هەتاهەتایی درێژ دەبێتەوە. لەلایەن خۆیەوە رائد مالکی، خاوەن بیرۆکەی دەرکردنی ئەم یاسایە بە میدیاکانی راگەیاند،"بڕیاربوو لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، دەنگ لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە بدرێت، بەڵام بەهۆی سەفەرەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ واشنتۆن ،بە باشمانزانی دەنگدانەکە دوابخەین، چونکە ئاگاداربووین نە یەکێتی ئەوروپا و نە ئەمەریکا بە پەسەندکردن و دەرکردنی یاسایەکی بەم جۆرە رازی نابن". لەلایەکی دیکەوە عەلی تەمیمی، یاساناسی عێراقی رەخنەی تووندی لە یاساکە گرت و بەناڕوون وەسفی کرد. عەلی تەمیمی باسی لەوە کردوو، "لە یاساکەدا ئەوە روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ خۆشوبهاندن تەنها ئەو پیاوانە دەگرێتەوە کە خۆیان بۆ ژن دەگۆڕن و مکیاژ و قژی سەناعی و جلوبەرگی ژنان لەبەردەکەن و هەڵسوکەوتیان وەک ژنانە، یان خودی ئەو ژنانەش دەگرێتەوە کە پیاوانە هەڵسوکەوت دەکەن". "لە یاساکە ئەوەش روون نەکراوەتەوە کە ئاخۆ مەبەست لە هاوڕەگەزبازی، نێر لەگەڵ نێر دەگرێتەوە، یان خود لێزبییەنەکانیش (ژن لەگەڵ ژن) دەگرێتەوە" عەلی تەمیمی وادەڵێت. هەربۆیە تەمیمی داوایکرد کە خاڵ بە خاڵی یاساکه روون بکرێتەوە تا لە داهاتوودا لایەنی پەیوەندیدار دووچاری کێشەی یاسایی و سەرلێشێواوی یاسایی نەبن. لەلایەن خۆیەوە موحسن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بە وەکالەت پەسەن کردنی ئەم یاسایەی بە پێویستییەکی گرنگ زانی و رایگەیاند، "لەناو عێراقدا جێی هاوڕەگخوازەکان نابێتەوە". دوێنێ شەممە 28ی نیسانی 2024 لە راگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی پاراستنی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگەی عێراقی لە هەموو هەڵدێرێکی ئەخلاقی، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای چاکسازی لە یاسای قەدەغەکردنی لەشفرۆشی ژمارە 8ی ساڵی 1988 پەسەندکرد تا بەم جۆرە تاکی عێراقی و نەوەکانی داهاتوو لە مەترسییەکانی لەشفرۆشی و هاوڕەگخوازی بپارێزرێن.

هاوڵاتی دوابەدوای هێرشی مووشەکی و درۆنی بێ وێنەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، رووسیا دوای چەند کاتژمیر بێدەنگبوون، بە شێوەی فەرمای و لە راگەیاندنێکدا بۆچوونی فەرمی خۆی راگەیاند و وتی "وەزارەتی دەرەوەی بە تەواوەتی نیگەرانە لە پەرەسەندنی نوێ و مەترسیداری ناکۆکییەکان لە ناوچەکە". رەنگە ناوەرۆکی ئەم راگەیاندنە زۆر لە راستیشەوە دوور نەبێت لەبەر ئەوەی شارەزایان لەسەر ئەو باوەڕەن دەستپێکی جەنگێکی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆککۆماری رووسیادا نابێت، بەڵام وا دیارە کرێملین لە ئێستادا خوازیاری جۆرێک ئاڵووگۆڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە بەرژەوەندی پۆتیندا تەواو بێت، بە تایبەت بەلەبەرچاو گرتنی ئەو جەنگەی ئێستا لە ئۆکراین هەیە. هانا نۆتێ، یەکێک لە هاوکارانی باڵای بەرنامەی ئەوروپا، رووسیا و ئۆراسیا لە ناوەندی خوێندنەوە ستراتیژیی  و نێونەتەوەییەکان کە بنکەکەی لە واشنگتۆنە لە تۆڕی کۆمەڵاتی X نووسی "جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەی کە ئەم ناوچەیە بکەوێتە دۆخێکی نەزانراوەوە، بێ ئەوەی جەنگێکی تەواو و گشتگیر روو بدات، باشترین رووداوە کە لە ئێستادا ئەکرێت بۆ پۆتین رووبدات". هۆکارەکانیشی ئەمانەوەی خوارەوەیە: یەکەم: ئەم جەنگە نوێیە ئەکرێت سەرنجەکان لە جەنگی ئۆکراین دوور بخاتەوە، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کیێڤ کێشەی گەورەی هەیە لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ و ئەم کێشانە رەنگە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بێت. دووەم: رووسیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ ژێرخانەکانی وزەی ئۆکراینیا دەست پێکردۆتەوەو شارەکانی خارکیێڤ و ئۆداسا بۆمباران دەکات. سێیەم: بەر لەم رووداوانە، دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپی توندڕەوەی حەماس لە تشرینی یەکەم، سەرنجی دونیای لە جەنگی ئۆکراین دوور خستەوەو هەوڵەکانی دونیای رۆژئاوای بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بۆ بەرگری کردن دژواتر کردەوە. چوارەم: دەستپێکی جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جا بە شێوەی یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی ئێران بۆ دوژمنە کۆنەکەی خۆی، ئیسرائیل بێت یان بە پێچەوانەوە، ئەکرێت کێشەکانی ئۆکراین قووڵتر بکاتەوەو کێشەی زیاتر بۆ ئۆکراین دروست بکات. دەرفەتێک بۆ بردنە ژێر پرسیارەوە بۆ کرێملین هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە و بەرژەوەندییەکن فرەچەشنن و روون ئاشکران. لە دەستپێکی هێرشی بەربڵاوی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینەوە، پۆتین لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، وای خستۆتەڕوو کە ئەم جەنگە بەشێکە لە ململانێیەکی بەربڵاوتر. جەنگێکە کە لەو جەنگەدا رووسیا دەیهەوێت بەرگری لە خۆی و شوێنەکانیتری دونیا بکات لە بەرامبەر رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکادا. لەم گەمەی بردنەوەو دۆڕاندنەدا، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەکرێت لە ئاراستەی پڕووپاگەندەکانی کرێملیندا بێت و هەلێک بۆ رووسیا بڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی ئەو حیکایەتەی دەرباری جەنگی ئۆکراین و رووبەڕووبوونەوەی دونیای رۆژئاوا دروستکردووە. ئیهوور سێمی ڤووڵس، بەرپرسی ناوەندەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کیێڤ، بە "کارێنت تایم" کەناڵی رووسی زمان کە لە لایەن رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی و بە هاوکاری دەنگی ئەمریکا بەڕێوە ئەبرێت، ئەڵێت:" وڵاتانی ناسراو بە بەرەی بەرگری واتە رووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و چین، لایوان وایە رۆژئاوا لاواز بووەو سیاسەتەکانی ئەمریکا ئیتر ناتوانێت ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بپارێزێت و گەرەنتی بکات". کەوایە، ئەوان لایان وایە، هێرشی  ئێران ئەو دەرفەتە ئەدات بە رووسیا و ئەو وڵاتانەی وەک ئەو بیرئەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو دونیا تاک جەمسەریەی کە پۆتین، شی جین پینگ و عەلی خامنەیی زۆر باسی لێوە ئەکەن، ببەنە ژێر پرسیارەوە. هانا نۆتێ، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێوەنەتەوەییەکانی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی ١٥ی نیسان لە وەڵامی پرسیاری رادیۆ ئەورووپای ئازاد دا نووسی "ئەم نائارامییە نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجەکان و سەرچاوەکانی رۆژئاوا لەسەر ئۆکران و باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بەلاڕێدا ئەبات . وا ئەکات هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەست بەوە بکەن ئاسایشیان نییە، ئەو روانگەیە بەهێز ئەکات کە رۆژئاوا ناتوانێت ناوچەکە ئارام رابگرێت، واتە هەمان ئەو جۆرە روانینەی کە دوای جەنگی غەزە دروست بووە". "بە کورتی سەرهەڵدانی ئەم نائارامی و ناسەقامگیریانە، ئەم جۆرە روانینە لە دونیا بەهێز ئەکات کە جەنگی ئۆکراین یەکێکە لە جەنگە فرەجۆرەکان و کێشەیەکە لە ناو ئەو هەموو کێشەدا کە بوونیان هەیە؛ جۆرە روانینێک کە لە بەختی کرێملین دایە و ئەوان پەرەی پێ دەدەن". لە راستییدا زۆربوونی کێشەکان و خودی ئەم هێرشە ئەکرێت ببێت بە هۆکاری لاوازبوونی پشتیوانییەکان لە ئۆکراین و ئەو جۆرە روانینە لاواز ئەکات کە لای وایە چارەنووسی رۆژئاواو دونیا بەندە بە جەنگی ئۆکراینەوە. هەورە رەشەکان بەسەر کۆنگرەوە؟ بە شیوەیەکی تایبەت، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێت بە هۆی ئەوەی گومانەکان لەسەر داهاتووی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئۆکراین زیاتر بکات و ناڕوونییەکی زیاتر ئەخولقێنێت. تەنانەت لە سەردەمێکیشدا کە ئەگەری ئەوە هەیە کە یاسایەک لە کۆنگرەدا پەسەند بکرێت لەسەر یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ ئۆکراین. نزیک بە ٦ مانگ دوای ئەوەی جۆبایدن سەرککۆماری ئەمریکا، بۆ یەکەمجار پاکێجێکی پێشنیاری خستە بەردەم کۆنگرە کە تێیدا باس لەوە کراوە زیاتر لە ٦٠ میلیارد دۆلار یارمەتی بدرێت بە ئۆکراین و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیتر و یارمەتییەکەی بەشی هەرەزۆری سەربازی بێت، مایک جانسۆن، سەرۆکی پەرلەمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە حیزبی کۆماریخواز، لە دوایین رۆژەکانی مانگی ئازاردا رایگەیاند دەیهەوێت لە رۆژ یان حەوتووەکانی داهاتوودا پرسی بەردەوامی پشتیوانیکردن لە ئۆکراین بکات بە یاسا و پێویستییەکانی بەردەوامی یارمەتیدانی ئۆکراینی لەم جەنگەدا هێنایە بەرباس. بەڵام هێشتا نەدەزانرا جانسۆن چ پێشنیارێکی هەیە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم پەرلەمان. چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ پەسەندکراوکدا کە مانگی شوبات و بە پشتیوانی هەردوو حیزبی کۆماری خواز و دیمۆکرات لە سێنا پەسەند کرابوو. ئاخۆ ئەو ئەیتوانی بەربەستی دژایەتی توندی ژمارەیەک لە هاوحیزبییەکانی بۆ پشیتوانی سەربازی و چەک و چۆڵ بۆ ئۆکراین تێپەڕێنێت یان نا. مایک جانسۆن رۆژی ١٥ی نیسان وردەکاری زیاتری خستەڕوو و وتی دەیهەوێت بۆ هەرکام لە سێ بەشی پەسەندکراوی سێنا ( یارمەتی بۆ ئیسرائیل، ئۆکراین و تایوان و هاوپەیمانەکانتر) پەسەندکراوی جیاواز پێشنیار بکات. ئەو هەروەها بۆ ئەوەی سەرنجی کۆماریخوازەکانی دژی پشتیوانی چەک و چۆل بۆ ئۆکراین بۆ لای خۆی رابکێشێت، پشنیاری چوارەم ئەخاتە بەردەم کۆنگرە کە لە لایەن زۆرینەی زۆری ئەندامانی حیزبەکەیەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت. هێشتا نازانرێت ئەم پاکێجی یارمەتیدانە چی بەسەردێت. خوازیاری نارامییە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی یارمەتی گەیاندنی ئەمریکا، رەنگە پۆتین هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بکات بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بتوانیت زیاتر جێی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوەو جێ پێی خۆی پتەوبکات. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچەیە کە وا دەرئەکەوێت هەر لەو کاتەوەی پۆتین بە دەسەڵات گەیشتووە لە دوو دەیەی رابردوودا، دەیهەوێت جارێکیتر جێگەی خۆی لەو ناوچەیە پتەو بکاتەوە، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی یەکیەتی سۆڤییەت رووسیا پێگەی خۆی لەم ناوچەیە لە دەستدا و ئێستا پۆتین دەیهەوێت جارێکیتر شوێن پێی خۆی لەم ناوچەیە پتەوتر بکات. جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراین، پەیوەندی رووسیا و ئێرانی بەهێزتر کردو و ئێران بە گەیاندنی درۆنی هێرشبەر و هەروەها ئەوەی کە تەکنۆلۆژیای دروستکردنی ئەم درۆنانەی خستە بەردەم رووسیا، یارمەتی زۆری رووسیای داوە لەم هێرشەدا بۆ سەر ئۆکراین. بەمەشەوە پۆتین لە مێژساڵە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی زیاتر جێگەی مۆسکۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات و هێز و پێگەی ئەمریکا بباتە ژێر پرسیارەوە، هەوڵیداوە لەگەڵ دوژمنەکانی ئێران لە ناوچەکە وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە پەیوەندی باشی هەبێت. پەیوەندی رووسیا لەگەڵ ئیسرائیل، لەم دواییانەدا لەبەر ئەوەی مۆسکۆ زیاتر بەرەو تاران چووەو هەروەها جۆری هەڵوێستەکانی کرێملین بەرامبەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیانی بەرکەوتووەو وەک جاران نەماوە. بەڵام رەنگە کرێملین هیوادار بێت سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکانیان وەک جاران نەماوە، پەیوەندییە چەند لایەنەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگ یان ساڵەکانی داهاتوودا کاریگەری گرینگی هەبێت بۆ مۆسکۆ لە ناوچەکە و ئەوەی بتوانێت پێگەی خۆی لەو ناوچەکە پتەوتر بکات. هانا نۆتێ لە وتووێژ لەگەڵ رادیۆ ئەورووپای ئازاد/ رادیۆ ئازادی ئەڵیت:" بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی رووسیا و ئێران تا دێ پەیوەندییەکانیان پتەوتر ئەبێتەوە، رەنگە کرێملین بەو ئەنجامە بگات ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زیاترناکۆکی ئەنێتەوە، ببێت بە هۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداو بە گرینگییەکی زیاترەوە لە رووسیا بڕوانن و وا بکات رووسیا زیاتر شوێن پێی خۆی لەو ناوچەیە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە مۆسکۆ و پێکەن وەک دوو وڵات ئەبینین کە کاریگەریان لەسەر ئێران هەیە و ئەوەی بیانهەوێت ئەو دوو وڵاتە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات". ئەمە جۆرێک ستراتێژییە کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری پۆتین لە رووسیا بەردەوام دووبارە ئەبێتەوە:" خولقاندنی ناکۆکی و دواتر دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆی بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی رووسیادا بێت. بەمەشەوە، وەک چۆن لێکۆڵەران لە سەردەمی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو جەنگەی کە دواتر لە غەزە سەری هەڵدا بەراوردیان کردبوو، مۆسکۆ نایهەوێت جەنگی راستەوخۆ و تەواو لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا رووبدات. هانا نۆتێ هەروەها ئەڵێت ئەم جەنگە کۆمەڵێک مەترسی هەیە بۆ سەر رووسیا: کێشە دروست ئەکات مانەوەی سەربازی رووسیا لە سووریا  و هەروەها لێدان لە ئێران تا رادیەک ئەبێ بە هۆی لاوازی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئۆکراین. جگەلەمەش،"  ئەوەی کە جەنگێکی تەواو رووبدات ئەبێ بە هۆی ئەوەی کۆتایی بە سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی رووسیا لە ناوچەکە بهێنێت ( هەرچەن لە ئێستاشدا لاواز بووە). ئەم بابەتە وا ئەکات مۆسکۆ تای ترازووەکە بەلایەکیاندا قورستر بکات و زیاتر لایەنگری یەکێک لە لایەنەکان بکات." خاتوو هانا نۆتێ لە درێژەدا ئەڵێت:" هەرچەند مۆسکۆ لەو کاتەوەی هێرشی کردۆتە سەر ئۆکراین، زۆر زیاتر لە ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران نزیک بۆتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نایهەوێت بە تەواوتی بچێتە بەرەی ئێرانەوە. نووسینی بابەت/ ستیڤ گاتێرمەن

راپۆرت/ شوان عەباس بەدری دوابەدوای هێرشەکەی روسیا و چوونە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا ، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانییەکان راگەیاند و هەرلەم چوارچێوەیەدا دەستییان کرد بە ناردنی یارمەتی سەربازی و دارایی بە ملیارەها دۆلار و لەبەرامبەریشدا "ڤلادیمیر پۆتین"ی سەرۆکی روسیاش بۆ بەرپەرچدانەوەی وڵاتانی ئەوروپی چەندین جار بە راستەخۆ و ناراستەوخۆ هەرەشەی پەرچەکرداری سەربازی لەو وڵاتانە کرد و چەکی ئەتۆمیش یەکێک بوو لە بژاردەکانی روسیا و ئایندەی وڵاتانی ئەوروپیش لەناو ئاگری ئەو جەنگەدا بە ناروونی ماوەتەوە . سەبارەت بەم بابەتە "سەرهەد شێخە" چاودێری سیاسی بە "هاوڵاتی" ووت:" پێشبینیکردنی داهاتووی ئەوروپا دوای نزیکەی سێ ساڵ شەڕ لە نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەستەمە چونکە ململانێکان لێکەوتەی ئاڵۆز و دوور مەودای هەیە، یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی ئەو شەڕە، زیادبوونی گرژیی نێوان ڕووسیا و ئەروپایە.  پێدەچێت ئەم گرژییانە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن و ئەگەری هەیە شەڕی ساردی نوێی لێبکەوێتەوە.  ئەمەش دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسایش، ئابووری و سیاسەتی ئەوروپا هەبێت". لە پرسیارێکی دیکەی "هاوڵاتی"کە ئاخۆ ئەم جەنگە لە داهاتوودا چ کاریگەییەکی جیۆپۆلۆتیکی دەبێت لە سەر کیشوەری ئەوروپا ،"سەرهەد شێخە" وتی:" لە درێژخایەندا پێدەچێت شەڕەکە ببێتە هۆی گۆڕانکاری قووڵی جیۆپۆلەتیکی لە ئەوروپادا.  ڕەنگە هەندێک وڵات هەوڵی زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی خۆیان بدەن. یەکێتی ئەوروپاش ڕەنگە هەنگاو بنێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری فراوان بوونی سنوری ڕێکخراوی ناتۆ.  هەروەها ڕەنگە لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم زیاتر بێت ". "نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ئەم شەڕە هەستی شوناسی ئەوروپی زیندوو کردۆتەوە.  هاوکات یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕووسیا و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی" سەرهەد شێخە وا دەڵێت. بە بڕوای ئەم چاودێرە سیاسییە بە کارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ یەکلایی کردنەوەی جەنگەکە و سەرکەوتنی لایەک بە سەر لایەکی دیکەدا ئەگەرێکی دوورە ، پێشی وایە چەکی ئەتۆمی چەکێکی دوولایەنەیە و بە کارهێنانی دەبێتە هۆی لەناوبردنی دوژمن و ئەو لایەنەش کە بەکاری دەهێنێت ، لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی:"بە دووری دەزانم لە قۆناغی ئێستادا روسیا بیر لە بەکارهینانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە چونکە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ زۆربەیان خاوەن هەمان چەکن ،ئەگەربێتوو روسیا ئەتۆم بەکار بهێنێت بە دڵنیاییەوە ئەوا ئەو وڵاتانەش بە هەمان چەک وەڵامی دەدەنەوە ". لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە ئاوارەیەی کە لە دوای جەنگەوە روویان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە و ئەو فشارە ئابووریانەی کە کەوتۆتە سەر ئەو وڵاتانە ،ئەم چاودێرە سیاسییە وتی:" دەرئەنجامێکی گرنگی دیکەی ئەو شەڕە قەیرانی پەنابەرانە،  بە ملیۆنان کەس لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بردووە،  ئەمەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر سیستمی چاودێری کۆمەڵایەتی و سەرچاوەکانی ئەو وڵاتانە و پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە ئاڵنگاری لەبەردەم وڵاتانی ئەروپا وهەروەها شەڕەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی ئابووری لەسەر ئەوروپا هەبوو.  نرخی وزە بەرزبووەتەوە  ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری.  پێدەچێت ئەم کاریگەرییە ئابوورییانە لە کورت خایەندا بەردەوام بن ".   سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ پەیامی روسیا بۆ وڵاتانی جیهان  لە هاویشتنی مووشەکە کیشوەربرەکەی کە هەفتەی رابردوو بە شێوەیەکی ئەزموونی هاویشتی و لە ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە تێپەری چییە ، ئەم چاودێرە سیاسییە وتی :" لەوەیە ئاسان نەبێت بتوانین پاڵنەرە وردەکانی ڕووسیا بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی کیشوەر بڕ  دەست نیشان بکەین بەڵام دەتوانرێت ئەوە بخەینەڕوو  کە ڕووسیا ئەم تاقیکردنەوەی وەک نیشاندانی هێز بۆ دراوسێ و ڕکابەرەکانی بە تایبەت ئەمریکا و ناتۆ ئەنجامدابێت.  لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا زۆرە و ئەم تاقیکردنەوەی مووشەکییە دەتوانێت ببێتە پەیامێک کە ڕوسیا وەک هێزێکی سەربازی بەهێز دەمێنێتەوە و ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا". "سەرهەد شێخە" پێی وایە ئامانجێکی دیکەی روسیا لە هاویشتنی مووشەکە بالیستییەکەی ، جگە لە پەیامە دەرەکییەکانی ئەوا پەیامێکی ناخۆییشی بە مەبەستی  بەرززکردنەوەی هەستی نەتەوەیی رووسەکان و پشتگیری وڵآتەکەیان لە جەنگی ئۆکرانیا لە خۆ دەگرێت. " ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم تاقیکردنەوەیە ئامانجی  ناوخۆیی هەبێت.  ڕەنگە سەرکردایەتی ڕووسیا هیوای ئەوە بخوازێت کە ئەم نمایشە و تاقیکردنەوە ببێتە هۆی هەستی نیشتمانپەروەری و پشتیوانی گەلی ڕووسیا لە جەنگی لەگەڵ ئوکراینا زیاتر بکات" سەرهەد شێخە وا دەڵێت. ئەم چاودێرە سیاییە پێشی وایە دوابەدوای هاتنی "ڤلادیمیر پۆتین" ئەو ووڵاتە کار بۆ کۆتایی هێنان بە تاک جەمسەری لە جیهاندا دەکات و بە "هاوڵاتی"ووت :" دەکرێت یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگی ڕوسیا لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ دەرکەوتنی بێت وەک یەکێک لە جەمسەرەکانی جیهان کە دوای ڕوخانی بلۆکی خۆرھەڵات (یەکێتی سۆڤیەت) هاتنی پۆتین بۆ سەرۆکایەتی ڕوسیا  کار بۆ تێ پەڕاندنی سیستەمی یەک جەمسەری دەکات و ئێستا لە قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنی سیستەمی چەند جەمسەری داین". دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024  دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەم جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.

هاوڵاتی رۆژی ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بە هۆی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بینای کۆنسولگەری ئێران لە دیمەشقی سووریا ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران  کوژران. کوژرانی ئەم ٧ ئەفسەرە پلە باڵایەی سوپای پاسداران دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو لە میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران. سەرەنجام درەنگانی شەوی شەممە ١٣ی نیسان لە لایەن ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایە سەر ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی بە زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ٩٩٪ مووشەک و درۆنەکان بەر لەوەی بگەنە خاکی ئیسرائیل لە لایەن هێزی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل، ئەمریکا، فەرەنساوە تێکشکێنران و خرانە خوارەوە. بە وتەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە هۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کچێکی ٧ ساڵان بریندار بووەو خەسارێکی زۆرکەم بە بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل گەیشتووە. لە ئێستادا میدیاکان باس لەوە ئەکەن ئیسرائیل خۆی ئامادە ئەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و ئەمەش ئەگەری ئەوەی لێئەکەوێتەوە کە ئەو جەنگەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە بەربڵاوتر بکات. ئەمە یەکەمجار نەبوە کە ئەفسەر و پلەدارەکانی سوپای پاسداران لە سووریا لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە ئەکوژرێن. لەم بابەتەدا باس لەو ئەفسەرانە ئەکەین کە لەم هێرشانەدا کوژراون. ١ی نیسانی ٢٠٢٤ رێکەوتی ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بە هۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کۆنسولگەری سوپای پاسداران ٧ ئەفسەری پلەباڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی: عەمید محەممەد رەزا زاهیدی، عەمید محەممەد هادی حاجی رەحیمی، حسێن ئەمانوڵڵاهی، مەهدی جەلالەتی، موحسێن سەداقەت، عەلی ئاقا بابایی و عەلی ساڵەحی روزبەهانی کوژران. عەمید محەممەد رەزا زاهیدی دوای قاسم سولەیمانی دیارترین سەرکردەی سوپای پاسداران بووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە کوژراوە. محەممەد رەزا زاهیدی بەرپرسی دۆسیەی سووریا و لوبنان بوو لە سوپای قودس. پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریا و سەید حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حزبوڵڵای لوبنان هەبوو. محەممەد رەزا زاهیدی ٦٤ ساڵ تەمەن، یەکێک بوو لە فەرماندە بە ئەزموونەکانی سوپای پاسداران و لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە پەیوەست ببوو بە سوپای پاسدارانەوە. لە ماوەی جەنگی عێراق و ئێراندا بەشداری جەنگ بووەو هەروەها بە پێی هەندێ گرتە ڤیدیۆش کە سوپای پاسداران دەربارەی ئەم فەرماندەیە بڵاوی کردۆتەوە بەشدار بووە لە جەنگ دژی حیزبەکوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ١٩٨٠. محەممەد رەزا زاهیدی یەکێک بوو لە ٢٤ فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە ساڵی ٢٠٠٠ نامەیەکیان بۆ خاتەمی سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران نارد دەربارەی رووداوی کوژرانی بەکۆمەڵی خوێندکاران لەو ساڵەدا و یەکێک بوو لەو فەرماندانەی کە وەک بڕیاردەری هێرش بۆ سەر خوێندکارەکان ناو دەبرێت. لە مانگی ٧ی ٢٠٠٠ دا دوای داخرانی رۆژنامەی سەلام، ژمارەیەک لە خوێندکارەکان خۆپیشاندانیان کرد و لە لایەن بەسیج و سوپای پاسدارانەوە هێرش کرایە سەر بەشی ناخۆیی خوێندکارەکان و دەیان خوێندکار کوژران و بریندار بوون و قۆڵبەستکران و ئێستاش هەندێ لە خوێندکارەکان بێ سەر و شوێنن. محەممەد رەزا زاهیدی بەشدار بووە لەجەنگی ٣٣ رۆژەی لوبنان- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٦.   محەممەد رەزا زاهیدی یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی و دوای کوژرانی ، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و پێی وتن پەشیمان ئەبنەوە لەم کارەیان. ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤ بەرەبەیانی ٢٦ ی ئازاری ٢٠٢٤ بە مووشەک ڤیلایەک لە دیرەزوور کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە بێهرووز واحیدی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، وێڕای ١٤ کەس لە ئەندامانی حیزبە میلیشیاکانی عێراق و سووریە کوژران. سوپای پاسداران رایگەیاند ئەم هێرشە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووەو رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاند سوپای قودس ئەو ڤیلایەی وەک ناوەندی پەیوەندیکردن بەکار هێناوە. بێهرووز واحیدی فەرماندەی باڵای سوپای قودس و سوپای پاسداران لەو هێرشەدا کوژران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی گشتی سوپای قودس لە رێ و رەسمی ناشتنەکەی بەشداریکرد. ٢٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ رۆژی ٢٠ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤ ، لە گەڕەکی " المزە" لە رۆژئاوای دیمەشق پێنج ئەندامی پلەباڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی : حوجەتوڵڵا ئومیدوار، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، سەعید کەریمی و محەممەد ئەمین سەمەدی کوژران.  سوپای پاسداران کوژرانی ئەم ٥ ئەندامەی خۆی دایە پاڵ ئیسرائیل. حوجەتوڵڵا ئومیدوار بە ناوی خوازراوی "حاج سادق" یەکێک بوو لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و یەکێک لە بریکارەکانی قاسم سلێمانی بوو. ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران رایانگەیشند پێش کوشتنی چەند جار لە لایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوشتنی دراوە. ئومیدوار یەکێک بوو لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە جەنگی ٨ ساڵە و هەروەها لە جەنگ دژی لایەنە کوردییەکانیش بەشدار بوو لە دەیەی ١٩٨٠. ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣- کوژرانی رەزی مووسەوی رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە هۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر بینایەک لە گەڕەکی زەینەبییەی دیمەش، سەید رەزی مووسەوی، کە وەک کەسی ژمارە ٢ی سوپای قودس دوای قاسم سلێمانی دەناسرا. سوپای پاسداران لە راگەیاندنێکدا رەزی مووسەویوەک " بەرپرسی یارمەتیگەیاندن بە بەرەی بەرگری لە سووریا" ناوی برد. رەزی مووسەوی فەرماندەیەک بوو کە زۆر  کەم ناسراو بوو و تەنانەت لە فیلمێکی دێکۆمێنتاری کە دەرباری قاسم سولەیمانیدا دروستکراوە، دەم و چاوی دادەپۆشرێت ووەک " یاری کۆن" و " نزیکترین هاوسەنگەر"ی قاسم سلێمانی ناوی دەبرێت. حسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا وتبووی رەزی مووسەوی تا کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە باڵیۆزخانەی ئێران بوو لە دیمەشق و دواتر گەڕاوەتە بۆ ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی زەینەبییە و کاتژمیر ٤:١٠ دوانیوەڕۆ بە ٣ مووشەک لە لایەن سووریاوە کرایە ئامانج و کوژرا. رەزی مووسەوەی ماوەی ٢٥ساڵ بوو لە سووریا و لوبنان و فەلەستین بوو. بە وتەی بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سوریا، پێشتر ٢ جار ئیسرائیل هەوڵی کوشتنی داوەو سەرکەوتوو نەبووە. ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣- گەڕەکی زەینەبییەی دیمەشق گەڕەکی زەینەبییە لە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق وەک گەڕەکێک دەناسرێت کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی تێدا جێگرکراون. رۆژی ٢ی کانوون یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا کە هیچ کات وردەکارییەکەی رانەگەیەنرا ، ٢ فەرماندەی سوپای پاسداران بە ناوەکانی " پەناە تەقی زادە" و " محەممەد عەلی عەتایی شوورجە" کوژران. دواتر سوپای پاسداران رایگەیاند  ئەم ٢ فەرماندەیەی سوپای قودس لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان وەک راوێژکار لە بەرەی مقاومەی ئیسلامی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢- سنووری ئیسرائیل رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٢، داوود جەعفەری یەکێک لە کادێرە بە ئەزموونەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە نزیک سنوورەکانی سووریا- ئیسرائیل کوژرا. سەرەتا میدیاکانی ئێران رایانگەیاند بە هۆی تەقینەوەی مین لە قەراخ جاددە ، لە دیمەشق و نزیک فڕۆکەخانە کوژراوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی سوپای پاسداران بڵاوی کردەوە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل کوژرا . هەروەها بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "صوت المعاصمە" ٦ ئەفسەری پلەباڵای سووریا بە تۆمەتی گەیاندنی زانیاری دەربارەی "داوود جەعفەری" بە دوژمن دەستگیرکران. داوود جەعفەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران بوو کە تۆمەتبار ئەکرا بەوەی دەستی بووە لە تەقە کردن لە فڕۆکە ئۆکراینییەکە کە ١٧٦ کەسی تێدا کوژرا. ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥- بەرزاییەکانی جەولان (گوڵان) رۆژی١٨ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٥ ژمارەیەک لە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە نزیک شاری " مزرعە الامل" لە ناوچەی "قنطریە" لە نزیک بەرزاییەکانی جەولان (گوڵان) کە بەدەست ئیسرائیلەوەیە، بە فڕۆکەیەکی جەنگی کرانە ئاماج و محممەد عەلی ئەڵڵا دادی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبوڵڵا کوژران. ١٢ی شوباتی ٢٠١٣- رێگای دیمەشق بۆ لوبنان عەمید حەسەن حەسەن شاتری ، کەبە ناوی خوازرای " حیسان خۆشنویس" دەناسرا، بەرپرسی بەشی نۆژەنکردنەوەی باشووری لوبنان، پردی پەیوەندی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ لوبنان، لە رێگای نێوان دیمەشق بەیرووت لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران حەسەن شاتری وەک ئەندازیار بەشداری جەنگ بوو. دوای جەنگی ٣٣ رۆژەی ئیسرائیل – حزبوڵڵا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی گەمارۆکانەوە. حەسەن شاتری ساڵی ٢٠٠٦ بۆ بونیادنانەوەو نۆژەن کردنەوەی ناوچەکانی باشووری لوبنان رۆشتبووە ئەو وڵاتە. لە دوای دەستپێکی نائارامییەکانی سووریا و جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی خۆی ناردە سووریا، بەناو پارێزەرانی مەزارگەی "زەینەب" و راوێژکاری سەربازی. لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران لە لایەن دژبەرانی بەشار ئەسەدەوە کوژراون. لەگەڵ ئەمەش ئیسرائیل ئەم هێزانەی کردۆتە ئامانج. لە خوارەوە ناوی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەهێنن کە لە سووریا کوژراون. حسێن هەمەدانی ، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، حەلەب هادی کەجباف، نیسانی ٢٠١٥، دەرعا فەرشاد حەسونیزدە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ قەنتەریە حەمید موختربەند، تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ قەنتریە سەعید سەیاح تاهیری ١٣ی کانوونی دووهەمی ٢٠١٦ خان توومان حەسنعەلی شەمس ئابادی ٧ی ئازادی ٢٠١٦   غوڵامڕەزا رەسایی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ، حەلەب   داریووش دروستی ، ٣٠ ئابی ٢٠١٦،  حەماء   ئەحمەد غوڵامی، ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ ، حەلەب   مستەفا سەدرزادە، ٢٣ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ، حەلەب   جان محەممەد عەلیپوور، ٣ی ئابی ٢٠١٧- تەدمیر   محەرەمعەڵی مرادخانی، ٦ کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، حەمس   جەبار دریساوی ٨ی تشرینی دریساوی، ٢٠١٤ حەلەب   محەممەد جەمالی پاقەلعە، ٢ی کانوونی دووهەم ٢٠١٣، دیمەشق   حەمیدرەزا تەباتەبایی مێهر، ٢٢ی شوباتی ٢٠١٣، حەلەب   ئەمیررەزا عەلیزادە، ٢١ی نیسان ٢٠١٣، حەلەب   دادالـلە شیبایی، ٢٣ی حوزەیران ٢٠١٤   محەممەد حسێن عەتری، ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٣ مووسا کازمی دەرەبیدی، ٢٣ ئاب ٢٠١٤ عەبدوڵڵا ئەسکەندەری، مانگی ٦ی ٢٠١٤ ، حەلەب ئیسماعیل حەیدەری، ١٩ی ئابی ٢٠١٣، حەلەب