هیوا ناسیح کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی (WEF) بریتییه لهکۆڕبهندێک یان رێکخراوێکی دامەزراوەیی و لۆبیی، له‌ساڵی ١٩٧١ له‌لایه‌ن ئابوریناسی ئه‌ڵمانی کلاوس شڤابهوه دامه‌زراوه، کاتی خۆی وه‌ک (وه‌قف)ێک واته رێکخراوێک یان پلاتفۆرمێکی قازانج نه‌ویست بۆ دیالۆگ له‌نێوان کۆمپانیاکانی ئه‌وروپا دامه‌زرا، تالهوێدا سیاسییه‌کان و ئابوریناسانی ئه‌وروپا گفتوگۆ له‌باره‌ی گرفت و کێشه دارایی و بازرگانییه‌کانه‌وه بکه‌ن، له‌پێناو فه‌راهه‌مکردنی که‌شێکی لێکتێگه‌شتن لەنێوانیاندا، که له‌به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و گوزه‌ران و دارایی خه‌ڵک و دانیشتوانی وڵاته‌کانیاندا بێت. به‌ڵام لەئێستادا گومان زۆره کهئامانجهکهی خۆی پێکابێت یان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر رێبازی خۆشی به‌رده‌وام بێت. باره‌گای سه‌ره‌کی رێکخراوه‌که له‌ناوچه‌ی کۆلۆگنییه له‌کانتۆنی ژنێڤ، نوسینگه‌شی له‌چه‌ندان شوێنی تری جیهان هه‌یه وه‌ک له‌په‌کین، نیویۆرک، سانفرانسیسکۆو تۆکیو. به‌ڵام ساڵانه کۆنفرانس یان کۆڕبه‌ندی خۆی له‌هاوینه‌هه‌واری داڤۆس، که له‌کانتۆنی گراوبیوندن له‌نێو شاخه‌کانی ئه‌ڵپدایه له‌سویسرا سازده‌کات، ئه‌م رێکخراوه تاساڵی ١٩٧٨ ناوی (کۆڕبه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌وروپا) بوو، له‌و ساڵه به‌دواوه به‌نێوی (کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی) ناسرا. له‌ساڵی ٢٠١٥ه‌وه وه‌ک رێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی دانی پێدانراوه. رێکخراوه‌که خۆی وا پێناسه‌ده‌کات، که ناسیاسیی و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆیه له‌ڕووی ئایدۆلۆجی و بیروبۆچوونه‌وه. پله‌ی راوێژکاریی له‌ڕێکخراوی ئاشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دراوه‌تێ. له‌ژێر چاودێریی توندی وه‌زاره‌تی ناوخۆی وڵاتی سویسرادا رێکده‌خرێت. دروشمی ئه‌م رێکخراوه (به‌ره‌و باشترکردنی ره‌وشی جیهان)ه. ساڵانه له‌مانگی کانونی دووه‌م یان شوباتدا کۆنفرانسی گشتی خۆی سازده‌کات. که به‌سه‌دان رۆژنامه‌وان، شاره‌زای ئابوری، سیاسه‌تمه‌دار، هونه‌رمه‌ند، زانا‌و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ناوبانگی جیهانی تێیدا به‌شداریی ده‌که‌ن. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی باس له‌کێشه ئابوریی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستیی و پیسبوونی ژینگه ده‌که‌ن. ئه‌م رێخکراوه ناوداره جیهانییه به‌رده‌وام له‌جیهاندا کۆنفرانسی تریش سازده‌کات و بهڕێکوپێکیش راپۆرت و لێکۆڵینه‌وه چاپ و بڵاوده‌کاته‌وه. زۆر جاران له‌میانه‌ی سیمینار‌و کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌کانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا رووداوی گرنگ روویداوه، وه‌ک ساڵی ١٩٨٨ هه‌ردوو وڵاتی تورکیا‌و یۆنان، کهگرژییهکی سه‌ربازی و سیاسیی زۆر له‌نێوانیاندا دروست ببوو، رێکه‌وتنیان واژوو کرد، که په‌نا بۆ شه‌ڕ نه‌به‌ن و ململانێکانیان به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربکه‌ن، هه‌روه‌ها ساڵی ١٩٩٢ ئاشتیخوازی ناوداری باشوری ئه‌فریقا نیلسۆن ماندێللا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌وکاتی حکومه‌تی باشوری ئه‌فریقا فره‌دریک دیکلێرک بۆ یه‌که‌مجار بەئاشکراو له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته کۆبوونه‌وه. ساڵی ٢٠١٨ش سه‌رۆکی تورکیا ره‌جه‌ب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆکی ئیسرائیل شیمعون پیرێز ده‌مه‌قاڵێی توند لەنێوانیان دروست بوو، ئه‌ردۆغان وه‌ک ناڕه‌زایی مێزگرده‌که‌ی به‌جێهێشت به‌شداربووانی کێن و کێ باربووی ده‌کات؟ کۆڕبه‌نده‌که له‌لایه‌ن نزیکه‌ی ١٠٠٠ که‌سایه‌تی و رێکخراو کۆمپیانیاو بانکی جیهانییه‌وه له‌ڕووی ئابورییه‌وه باربوو ده‌کرێت. به‌شداریی و به‌ئه‌ندامبوونی ئه‌مانه به‌ئامانجی به‌شداربوونه لهنهخشهدانان و پلانڕێژیی بۆ داهاتووی ئابوری و بازرگانی له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا. له‌ساڵی ٢٠٠٥ ه‌وه بڕی ئابوونه‌ی ئه‌ندامانه به ٤٢ هه‌زارو پێنجسه‌د فره‌نکی سویسری (نزیکه‌ی ٥٠ هه‌زار دۆلار) دیاریکراوه، بڕی ئابوونه‌ی به‌شداری لهکۆبوونهکانی دیداری سه‌رۆکه‌کانیش لهکۆڕبهندهکهدا ٢٥ هه‌زار فره‌نک (٢٩ هه‌زار دۆلار) هه‌ندێک باجی زیاده‌ش ده‌چێته سه‌ری، واته به‌گشتی بۆ به‌شدارییکردن لهکۆڕبهندهکهدا بۆ کورسییه‌ک پێویسته نزیکه‌ی ٣٠ هه‌زار دۆلار بدرێت. دیاره هیچ که‌سێک له‌سه‌رۆکی وڵاتان داوه‌ت ناکرێن، به‌ڵکو ئه‌وه خۆیانن گه‌ر بیانه‌وێت پێویسته داواکاریی به‌شداریی پێشکه‌ش بکه‌ن و ئه‌م بڕه پاره‌یه پێشه‌کی بده‌ن، ئینجا ره‌زامه‌ندیی یان داوهتنامهیان بۆ ده‌نێرن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وته‌یه بۆ سه‌رۆکوه‌زیران یان سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش راسته‌و داوه‌ت ناکرێن، به‌ڵکو داواکاریی به‌ناویانه‌وه پێشکه‌شکراوه‌و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ دراوه تابهشداریی بکات. به‌ڵام ده‌کرێت داوه‌ت بۆ که‌سایه‌تییه‌کی گرنگی جیهانی بنێردرێت، که له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر ناسرا بێت، یان هونه‌رمه‌ندو که‌سانێکی وا که‌بیانه‌وێت پاره بۆ پرۆژه‌یه‌کی خێرخوازیی و مرۆیی ببه‌خشن. سه‌باره‌ت به‌تێچوونی دابینکردنی ئاساییش و سه‌لامه‌تی ژیان و گیانی به‌شداربووان که به‌هه‌زاران که‌س ده‌بن، پاره‌یه‌کی زۆر‌و خه‌یاڵی سه‌رف ده‌کرێت. هه‌ر بۆ نموونه ساڵی ٢٠١٩ حکومه‌تی سویسرا نزیکه‌ی یانزه ملیۆن دۆلاری له‌م بواره‌دا سه‌رفکردوه، که‌مه‌به‌ست لێی به‌کارخستنی هه‌زاران پۆلیس و سه‌ربازو هێزی ئاسایشی تایبه‌تیی و مهشقپێکراوو هێلیکۆپته‌رو ..هتد. به‌شێکی ئه‌م پاره‌یه‌ش حکومه‌تی وڵاته‌که دابینی ده‌کات. بۆ نموونه له‌هه‌ر پێنج رۆژی کۆنفرانسه‌که‌دا به‌رده‌وام چه‌ندان هێلیکۆپته‌ری پێشکه‌وتوو چاودێری شارۆچکه‌که‌و ده‌وروبه‌ری ده‌کات. دیاره وڵاتی سویسرا سودێکی بێ ئه‌ندازه لهسازکردن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفراسی ساڵانه‌ی رێکخراوه‌که ده‌بینێت، له‌ڕووی بره‌و په‌یداکردن بۆ بازرگانی و گه‌شتیاریی و په‌ره‌پێدان و ناوبانگ بۆ به‌رهه‌می وڵاته‌که، کهگهشهیهکی زۆر به‌ئابوریی سویسرا ده‌دات، بۆ نموونه ساڵی ٢٠١٧ ئه‌م وڵاته به‌گشتی له‌م باره‌یه‌وه ٩٤ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌میشه به‌شداربووانی کۆنفرانسی سه‌ره‌کی زیاتر له‌هه‌زار ئه‌ندام ده‌بن، که‌نوێنه‌رایه‌تی، وڵاتان و رێکخراوی ناحکومی و ئاینی و کۆمپانیای میدیایی و بانک و کۆمپیانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره جیهانییه‌کانه له‌هه‌موو بواره‌کاندا. هاوکات و هاوته‌ریبیش ده‌یان کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه‌و سیمینار سازده‌کرێت و له‌په‌راوێزی ئه‌مانه‌شدا چه‌ندان کۆبوونه‌وه‌و دیداریی دووقۆڵی و سێقۆڵی و گروپ به‌جیاجیا ساز ده‌درێت، جا هی که‌سایه‌تییه دیپلۆماتی و سیاسییه‌کان بن یان خاوه‌نکارو کۆمپانیاکان. کۆڕبه‌ندی داڤۆسی ٢٠٢٤ ئه‌مساڵ کۆڕبه‌نده‌که له ١٥ تا ١٩ی کانوونی دووه‌م واته پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت و گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه، چونکه په‌نجاوچواره‌مین ساڵه‌ی سازکردنیهتی. له‌که‌شێکی ساردی ژێر ٥ پله‌ی سه‌دی، کهداروبهردو دره‌خت و خانووبه‌ره‌کان نیومه‌تر به‌فر دایپۆشیون، لهداڤۆس، که‌وه‌ک ده‌ڵێن به‌رزترین شاره له‌ڕووی ده‌ریاوه لهئهوروپاداو ئاووهه‌وایه‌کی سازگارو پاکی هه‌یه، هه‌ربۆیه بووەته جێنزرگه بۆ توشبووانی هه‌ندێک نه‌خۆشی و چه‌ندان نه‌خۆشخانه‌و نشینگه‌ی چاکبوونه‌وه‌و ئاساییبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌کانی هه‌ناسه‌دان و پێست و هی تری تێدایه. نووسه‌ری ناسراوی ئه‌ڵمانی هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ تۆماس مان کاتێک نه‌خۆشی سیلی هه‌بووه و بۆ چاکبوونه‌وه له‌وێ ژیاوه، رۆمانێکی به‌ناوی (شاخی ئه‌فسوناوی) له‌سه‌ر ئه‌م شارۆچکه‌یه‌و ناوچه‌یه نووسیوه، له‌وێدا باس له‌وه‌ده‌کات، که به‌هۆی جوانی و ئه‌فسوناوی ناوچه‌که‌و پاکی ئاووهه‌واکه‌ی ئه‌وێ، ده‌کرێت مرۆڤ دیدێکی تری بۆ ژیان و گه‌ردوون هه‌بێت. جێی باسه منیش که له‌م وڵاته ده‌ژیم، زۆرجار سه‌ردانی ئه‌و شارۆچکه‌یه‌م کردووه‌و به‌سروشتی ناوازه‌ی ئه‌و شارۆچکه‌یه سه‌رسام بوومه. کۆڕبه‌ندی ئه‌مساڵ له‌ژێر ناونیشانی (بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه)دا‌و له‌پاڵ نزیکهیدوو هەزارو ٨٠٠ میوان له‌سه‌رۆک و نوێنه‌رانی کۆمپانیا جۆراوجۆره‌کانی جیهان، نزیکه‌ی دوو هه‌زار که‌سایه‌تی سیاسی و ئابوریناس و خاوه‌نکاری سه‌رمایه‌داری گه‌وره (بزنسمان) که ١١٩ که‌سیان ملیاردێرن، که‌سانی تری ناسراو له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌شداری ده‌که‌ن، که‌کاریگه‌ری ناوبانگ و که‌سایه‌تییان بۆ سه‌ر سیاسه‌ت و ته‌کنه‌لۆژیاو چاره‌نووسی مرۆڤ و جیهان هه‌یه. له‌نێو به‌شداربووانیش ٦٠٠ که‌سیان قسه‌که‌ر ده‌بن، واته وته‌یان ده‌بێت لهکۆڕبهندهکهدا. که‌وه‌ک حکومه‌تی سویسرا رایگه‌یاند، تێچوونی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش و رێوشوێنی پاراستنی و هاتووچۆو گواستنه‌وه‌ی (به‌چوار هێلیکۆپته‌ر له‌فڕگه‌ی زویرخه‌وه بۆ داڤۆس و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ فڕگه‌که) به‌رزه، کۆبوونەوەی کەسانی زلهێز لەهەموو جیهانەوە ئاڵهنگارییەکی گەورەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان. بۆ نموونە سەردانەکانی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەئۆکرانیا، ئیمانوێل ماکرۆن لەفەرەنسا و ئیسحاق هێرزۆگ لە ئیسرائیل پێویستی بەڕێوشوێنی توند هەیە. خاڵی پشکنین و قەناس بەدەست و ناوچەی دژەفڕین و چەند دەیان کیلۆمەتر سیاج تەنها چەند رێکارێکن. تا پێنج هەزار کارمەندی سوپا پاڵپشتی پۆلیس دەکەن بۆ ئەو کۆبوونەوە پێنج رۆژە. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی فیدراڵی، تێچووی زیادەی ئاسایش دەگاتە نزیکەی نۆ ملیۆن فرانکی سویسری (نزیکه‌ی ١٠ ملیۆن و نیو دۆلار). بابه‌ته‌کانی کۆڕبه‌ندی ئه‌مساڵ چین؟ له‌بابه‌ته گرنگه‌کانی بۆ ئه‌مساڵ دانراون باس بکرێن بریتین له: -شه‌ڕی ئۆکراینا، زێلێنسکی سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته دێت و وتاری ده‌بێت. له‌په‌راوێزی کۆڕبه‌نده‌که‌شدا کۆنفرانسێک به‌ناوی کۆنفرانسی ئۆکراینا هه‌ر لهداڤۆس سازده‌کرێت. راوێژکارانی ئاسایش لەزیاتر لە ٨٠ وڵاتەوە باس لەداهاتووی ئۆکرانیاو بەناو فۆرمولەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکەن بەپلانێکی ١٠ خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی دەستدرێژی رووسیا. بەڵام ئەمانە گفتوگۆی ئاشتی راستەقینە نین. چونکه نوێنه‌ری روسیا لەوێ نییە. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسەش ئەوەیە کەهاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا به‌یه‌کڕیزی بمێننەوە. -ململانێی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، شه‌ڕی ئیسرائیل-غه‌ززه، هێرشی سه‌ربازی ئه‌مریکاو به‌ریتانیا بۆ سه‌ر حوسییه‌کان، له‌مباره‌وه سه‌رۆک کۆماری ئیسرائیل ئیسحاق هێرزۆگ به‌شداری ده‌کات، هه‌روه‌ها وەزیرانی قەتەرو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە بەناوبژیوان لەململانێکان دادەنرێت. ئوردن، لوبنان، عێراق و قەتەریش یه‌کی بهوهزیرێک به‌شداری ده‌که‌ن. -زیره‌کی ده‌ستکردو ئاڵنگارییەکانی، چۆن دەتوانرێت ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنرێت بۆ سوودگەیاندن بەهەمووان؟ چ رێسایەک پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چ مەترسییەک؟ چ داهێنانێک دەکرێت و چۆن ئه‌مه دەتوانێت کارلێک لەگەڵ بایۆتەکنەلۆژیادا بکات؟ هەروەها میوانێکیان سام ئاڵتمانە، که دامەزرێنەری رۆبۆتی چاته ChatGPT. -ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای جیهانگریی نوێ -گۆڕانی که‌شوهه‌وا -هێرشه ئه‌له‌کترۆنییه‌کان به‌شداربووان کێن؟ سه‌رۆکی کۆمسیۆنی یه‌کێتی ئه‌وروپا، سه‌رۆکی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان، سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا، سەرۆکوەزیرانی چین لی کیانگ، سه‌رۆکی ئۆکراینا، سویسرا، ئیسرائیل، ئه‌رجه‌نتین به‌شداری ده‌که‌ن. به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌مساڵ سه‌رۆکی ئه‌مریکا جۆ بایدن و راوێژکاری ئه‌ڵمانیا به‌شداری ناکه‌ن، هیچ که‌سێکیش به‌نوێنه‌رایه‌تی روسیا هه‌روه‌ها ئێران به‌شداری ناکات. له‌بواری ئابورییه‌وه، بانکدارە ناوەندییەکان- لەنێویاندا کریستین لاگارد لەبانکی ناوەندی ئەوروپاو تۆماس جۆردن سەرۆکی بانکی نیشتمانی سویسرا - هەروەها هەزارو ٦٠٠ سەرکردەی بازرگانی باس لهئاڵنگارییهکان ده‌که‌ن کهڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری جیهانی بوونەتەوە، بۆ نموونه: گەشەی مامناوەند، رێژەی سوی بەرز، مەترسییە سیاسییەکان، کاریگەرییەکانی دوای پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی قەرزەکان. هەروەها کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان نوێنەرایەتییەکی باشیان هەیە: وتاردەران بریتی دەبن لە مارک بێنیۆف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پسپۆڕی نەرمەکاڵای کۆمپانیا Salesforce، سەرۆکی مایکرۆسۆفت ساتای نادێلا و ئەلێکس کارپ لەکۆمپانیای شیکاری داتا‌کان Palantir. هەروەها ملیاردێری دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت بیل گەیتس میوان دەبێت. کۆڕبه‌نده‌که ده‌توانێت چی بکات؟ لهکۆبوونهکانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا قسه‌وباس و گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌ته ئابورییه‌کان، هه‌روه‌ها دارایی جیهان، بازرگانی و کۆمپانیاو بانکه‌کان، ره‌وشی ته‌ندروستی جیهانی و په‌نابه‌ران و …..هتد ده‌کرێت. هه‌روه‌ها بابه‌ته‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌واو پاراستنی بایۆلۆژیی جۆره‌کانی رووه‌ک و گیانه‌وه‌ران، لابردنی قه‌رزه به‌رزو درێژخایه‌نه‌کان له‌سه‌ر وڵاتان، دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگی ته‌کنه‌لۆژی، دروستکردنی پاراستن و پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان ملیاران مرۆڤ، چاره‌سه‌ری قه‌یرانه سیاسی و مرۆییه‌کان و …هتد قسه‌یان له‌باره‌وه بکرێت، هه‌روه‌ها باس لەنوێترین پێشنیارەکان دەکەن بۆ پێشکەوتن لەبوارەکانی ئاسایشی جیهانی، بازرگانی، گەشەی ئابووری، دامەزراندن، پاراستنی کەشوهەواو سروشت، گواستنەوەی وزە، گۆڕانکاری تەکنەلۆژی و خۆشگوزەرانی و تەندروستی ده‌کرێت. ره‌خنه‌گران چی ده‌ڵێن؟ ساڵانه‌و له‌ڕۆژانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا له‌و که‌شه سه‌رماو سۆڵه‌و سه‌خته‌دا به‌سه‌دان که‌س له‌چه‌په‌کان و نه‌یارانی سه‌رمایه‌داریی جیهانیی خۆپیشاندان له‌نێو شاره‌که‌دا سازده‌که‌ن. دیاره ئه‌مان دژی کۆنفرانسه‌که‌ن و پێیان وایه که ته‌نها سود به‌سه‌رمایه‌داران و بازرگانان و وڵاته زلهێزه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ژاری و بێ‌کاری و بێدادی زیاتر له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. ره‌خنه‌گرانی کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانیی داڤۆس ده‌ڵێن، که‌ئه‌مه ته‌نها کۆبوونه‌وه‌ی تووێژێکی هه‌ڵبژارده‌ی جیهانه له‌سه‌ر ئاستی ملیاردێرو خاوه‌نکاره‌کان که‌ئابوری و دارایی وڵاتان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، بۆ دروستکردنی تۆڕێکی په‌یوه‌ندی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. زانای ئابوریناس و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ جۆزێڤ ستیگلیتز که له‌ساڵی ١٩٩٥ه‌وه به‌رده‌وام به‌شداریی ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ی کردووه ده‌ڵێت: کۆڕبه‌نده‌که سه‌ره‌ڕای زیادبوونی نادادی و نایه‌کسانی له‌جیهاندا و گۆڕانی که‌شوهه‌وا بەههلپهرستانه به‌ره‌و پێچه‌وانه‌ی گلۆبالیزه‌یشن هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. ناوبراو زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت (لەکۆڕبهندی داڤۆسدا باس له‌دابه‌زاندن و که‌مکردنه‌وه‌ی باجی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان هه‌روه‌ها نابه‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی جیهان ده‌کرێت). له‌وەڵامدا رێکخه‌رانی کۆڕبه‌نده‌که ده‌ڵێن که‌زۆرێک له‌به‌شداربووان له‌ڕێکخراوه ناحکومییه‌کانه‌وه دێن. هه‌وه‌ها نوێنه‌رانی زۆر لهڕێخکراوهکانی مافه‌کانی مرۆڤیش به‌شدارن تێیدا. بۆ نموونه رێکخراوی جیهانی (ئۆکسفام)یش که بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و گه‌شه‌پێدانی ته‌ندروستی و زانیاریی له‌جیهاندا خه‌بات ده‌کات، به‌شداری ده‌کات، که‌ساڵانه راپۆرتێک له‌سه‌ر دۆخی نایه‌کسانی و بێدادی و هه‌ژاری له‌جیهاندا بڵاوده‌کاته‌وه. هه‌روه‌هاش وه‌ک داکۆکی لێی ده‌ڵێن: ئه‌مه هه‌لێکی ده‌گمه‌نه که‌نوێنه‌رانی رێخکراوه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کان رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ سیاسییه‌کان، ئابوری‌ناسان، ده‌وڵه‌مه‌ندان و نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی جیهاندا گفتوگۆ بکه‌ن.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمرۆ چوارشەمە 17/1/2024، دوو هەواداری نزیک لە پەکەکە بە ناوەکانی "بێریتان" و "مارک کامبل"ی بە رەگەز بەریتانی بە تاوانی بەرز کردنەوەی ئاڵای پەکەکە لە بەریتانیا ، بە یاسای تیرۆری ساڵی 2000ی بەریتانیا دادگایی بکرێن . دوێنی سێشەمەش "بێریتان " لە پارچە ڤیدیۆییەکیدا داوای لە کوردانی بەریتانیا کرد کە لە رۆژی دادگایی کردنەکەدا بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆی و "مارک کامبڵ" لەبەردەم دادگاکە ئامادە بن . "ئەوە تەنها دادگایی کردنی من و مارک کامبڵ نییە، بەڵکو دادگایی کردنی گەلی کوردە و هەر سزایەک بە سەر من و مارکدا بسەپێنرێت ، ئەوە بەسەر گەلی کوردیش‌دا سەپێنراوە" ، (بێریتان) وای ووت. هەروەها بێریتان "مارک کامبڵی" بە هەوادار و پشتیوانێکی سەرسەختی کورد لە بەریتانیا ناساند کە هەمیشە بەرگری لە دۆزی کورد و مافەکانی دەکات. لە یاسای تیرۆری بەریتانیا بۆ ساڵی2000 هاتووە کە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەندام یا هەوادارن لەو گروپانەی کە تیرۆریستن یان گومانی تیرۆریان لێدەکرێت یان خود یونیفۆرم یا ئاڵای ئەو گروپانە لەبەر دەکەن یا بەرز دەکەنەوە ئەوا بە یاسای تیرۆر دادگایی دەکرێن.
هاوڵاتی جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، دوابودوای هێرشەکانیان بۆ سەر حوسییەکان ،ئەمریکا نامەیەکی تایبەتی بۆ ئێرانییەکان ناردووە. بایدن ئەوەشی راگەیاند ،" ئێمە بە تەواوی ئامادەین" ، و روونکردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە نەدا. بە بروای ئەمریکاو ووڵاتانی کەنداو ، حوسییەکان گروپێکی نزیک لە ئێرانن و لە لایەن ئێرانەوە یارمەتی لۆجیستی و سەربازی دەدرێن و ئێران وەک باڵێکی سەر بە خۆی بۆ شێواندنی ناوچەکە و بازرگانی جیهانی لە دەریای سوور بە کارییان دەهێنێت . ئێرانیش بە تووندی ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە ، ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە. لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی پێشوو ،هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و بە پشتیوانی کەنەدا و ئوستورالیا ، نزیکەی پێگەی چەکدارەکانی حوسی لە یەمەن بوردومان کرد و رۆژێک دوای ئەو بوردومانەش ، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان بۆ جاری دووەم چەکدارەکانی حوسییەکانی یەمەنییان بە مووشەکی تۆماهۆک بوردومان کردووە لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بوردومانەکان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لە سەر توانای چەکدارەکانیان بۆ ڕێگری کردن لە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دانانێن . جێی ئاماژەیە ئەمریکا و ووڵاتە رۆژئاواییەکان ، بەبەردەوامی حوسییەکان بە لەمپەر دانان و پەلاماردانی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور تۆمەتبار دەکەن و بە مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر ئاسایشی بازرگانی جیهانییان دەزانن.
هاوڵاتی سەرۆك كۆماری ئەمریكا رۆژێك دوای هێرشی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر بنكەو شوێنەكانی حووسییەكان لە شوێنە جیاوازەكانی یەمەن، رایگەیاند ئەمریكا نایەوێت جەنگی بریكاری لەگەڵ ئێران بكات. جۆ بایدن سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەكاتی سەردانیدا لە پێشانگای كار‌و پیشە بچوكەكان لە شاری ئەلێنتۆن لە ئەیالەتی پێنسیلڤانیای ئەمریكا، لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لێیان پرسی ئاخۆ حوسییەكان گرووپێكی تیرۆریستین، وەڵامی دایەوە "لام وایە تیرۆریستن". جۆ بایدن دوای هاتنە سەركاری لە ساڵی 2021، حوسییەكانی لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستەكان دەركرد. بەرپرسانی دەوڵەتی جۆبایدن مانگی تشرینی دووەمی 2023،رایانگەیاند"سەرقاڵی تاووتوێكردن و هەڵسانگاندنی دووبارەی دۆخی حوسییەكانن". سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوتەكانیدا دەربارەی هێرشەكەی رۆژی هەینی بۆ سەر حوسییەكان، جەختی لەوەكردەوە كە ئەو هێرشە زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوەوە، بەڵام سەركەوتوو بووەو بەشی زۆری سەركەوتنەكەی بۆ ئەوەی زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە". بایدن لە قسەكانیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەمریكا لە ئێستادا لە جەنگی بریكاریدا نییە لەگەڵ ئێران. سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئاخۆ ئەمریكا لە گەڵ ئێران لە جەنگێكی بریكاریدایە؟ وتی:" نەخێر، پێشتر ئێرانم ئاگادار كردۆتەوە، ئەوان ئەزانن نابێ هیچ كارێك بكەن". سەرۆكی ئەمریكا لە درێژەی قسەكانیدا وتی"ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بین ئەگەر حوسییەكان بەردەوام بن لەم ئاكارە شەڕخوازانەیان، لەگەڵ هاوپەیمانەكان وەڵامی شیاویان بدەینەوە". سوپای ئەمریكا رایگەیاند"ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەرەبەیانی هەینی زیاتر لە 30 دامەزراوەو بنكەی سەربازی حوسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج". هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سینتكۆم)، بەرەبەیانی شەممە رایگەیاند سوپای ئەمریكا بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج. لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە". فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێییە كە بەمەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا". كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بەئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە. بە پێی راپۆرتی سێنتكۆم، حووسیەكان لە دوو مانگی رابردوودا 28 جار هێرشیانكردۆتە سەر ئەو كەشتیانەی كە لە دەریای سوور‌و كەنداوی عەدەن لە هاتووچۆدان.
هاوڵاتی جارێكی تر سوپای ئەمریكی هێرشی بۆ سەر حوسیەكانی یەمەن ئەنجامداو چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكانی لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن كردوەتە ئامانج. لەمبارەیەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەسەر پێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"هێزەكانمان لەڕێی كەشتی سەربازی (یوئێس ئێس كارنی دی دی جەی 64) بەموشەكی تۆماهۆك چەند هێرشێكیان بۆ سەر چەكدارانی حوسی ئەنجامداوە". فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكادا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەم هێرشە درێژكراوەی هێرشەكەی دوێنێیە كە بە مەبەستی كەمكردنەوەی توانای حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور ئەنجامیان دەدا". كەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریكیش بڵاویكردەوە كە هێرشەكان بۆ سەر چەند بنكەیەكی راداری حوسییەكان لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجامدراوەو بە ئەندازەی هێرشەكەی 12ی مانگ فراوان نەبووە. رۆژی هەینی 12ی 1ی 2024 هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بەمەبەستی ڕێگریكردن و توانای حوسییەكانی یەمەن لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو كەشتییە بازرگانییانەی دەریای سوور، چەند هێرشێكی موشەكییان بۆ سەر بنكەی چەكدارەكانی ئەو گرووپە ئەنجامدا.
هاوڵاتی وتەبێژێكی ناتۆ رایگەیاند هێرشی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بەرگریكردن بووە بەمەبەستی پارێزگاری لە ئازادی بازرگانی لە یەكێك لەشاڕێكانی بازرگانی جیهان. بە پێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ 12ی كانونی دووەمی 2024، وتەبێژی ناتۆ رایگەیاندوە" ئێران پشتیوانی لە چەكدارە حوسیەكان دەكات و پڕچەكیان دەكات، ئێران پێویستە هێزە بریكارەكانی خۆی لە ناوچەكە هەسار بكات". ناتۆ بەشداری نەكردووە لە هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر حوسییەكان، بەڵام ئەمریكا و بەریتانیا ئەندامی ناتۆن، هەروەها هۆڵەندا و كەنەدا دوو ئەندامی تری ناتۆن، پشتیوانیان لەم هێرشانە كردووە. وتەبێژەكەی ناتۆ ئاماژەی بەوە نەداوە ئایا 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، پشتیوانیان لە هێرشی حوسیەكان كردووە یان نا.
هاوڵاتی دوای هەشت ساڵ سوپای ئەمریکا و بەریتانیا دوبارە هێرشیانکردەوە سەر حوسییەکانی یەمەن ئەویش دوای ئەو گرژیانەی بەهۆی جەنگی غەززەوە دروستبوون و ژمارەیەک هێرشکرانە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور هاوکات هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا و بەریتانیا هێرشەکانی بەیانی ئەمڕۆ بە" پێویست: دەزانن. به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 12ـی كانوونی دووه‌می 2024) وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 10 هێرشی ئاسمانیان به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هێزه ئاسمانییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ سه‌ر پێگه و جبه‌خانه‌ی چه‌كداره حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن له چه‌ند شارێكی ئه‌و وڵاته ئه‌نجام داوه. له‌لای خۆیه‌وه جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا بەسەرکەوتوویی پێگەی گرووپە هەڵگەڕاوەکانی نزیک لە ئێرانیان لەناو خاکی یەمەن بۆردوومان کردووە. بایدن راشیگەیاندووه، رێكکاری دیکە دەگرنەبەر لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانی دەریای سوور. ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە، هێرشکردنە سه‌ر بنکە و پێگه و جبه‌خانه‌ی حوسییەکانی نزیک لە ئێران لەناو خاکی یەمەن گرنگ و لە جێگەی خۆیدا بوو. هاوکات، حوسییەکان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و عەلی قەحوم، سەرکردەی گروپی ئەنسار الله (حوسییەکان) لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بڵاویكرده‌وه، “وەڵامدانەوەی یەمەن زۆری نەخایاند، ئێستا هێزە چەکدارەکانی یەمەن وەڵامی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەریتانیایان لە دەریای سور دایه‌وه، شوێن و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا-بریتانیا دەکاتە ئامانج، ئەوەی دێت گەورەترە”. ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، سه‌نعای پایته‌خت و پارێزگاکانی دیکە بە فڕۆکەی ئەمریکی و بریتانیا بۆردومان دەکرێن، شەڕەکە گەورەتر و گەورەتر دەبێت و لە دەرەوەی خەیاڵ لە دژی ئەمریکییەکان و ئینگلیزەکان، “شەڕێکی ئاشکرایە و هێزی یەمەنییەکان ئامادەیە و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی توندتربن و پەشیمان دەبنەوە لە شەڕانگێزی خۆیان”. جێگەیباسە دوا بەدوای هێرشەکان ده‌یان كه‌س له به‌رده‌م كۆشكی سپی له واشنتۆن خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایه‌تییان دژی "ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به حوسییه‌كان" ئه‌نجام دا و خۆپیشانده‌ران دروشمی "بژی یه‌مه‌ن، ده‌ست له یه‌مه‌ن هه‌ڵبگرن"ـیان ده‌گوته‌وه. هاوكات به‌هۆی ئه‌و هێرشه ئاسمانییانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی حوسییه‌كان، نرخی نه‌وت به رێژه‌ی 2،3% به‌رز بووه و نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاوی برێنت گه‌یشته 79.22 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
سەرچاوە هەواڵگرییەكانی بەریتانیا رایانگەیاند روسیا دوای پەلاماردانی ئۆكرانیا، دووبارە دەزگای سمیرشی هەواڵگری سووپای روسیای دروستكردۆتەوە. مێژووی دامەزراندنی ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانیی دووەم كە بەسەردەمی ستالین ناسراوەو جۆزێف ستالینی سەرۆكی یەكێتی سۆڤێت بەمەبەستی دۆزینەوەی بەكرێگیراو سیخووڕەكانی سەر بە ئەڵمانیای ناو سوپای سوور فەرمانی بەدامەزراندنی كرد. لەسەرەتاكانی ساڵی 1941دا، دوابەدوای ئەوەی مەكتەبی چواری ناو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ووڵاتی سەر بەدەسەڵاتدارێتی كاروباری ناوخۆی گەل، بەرپرسیارێتی قەڵاچۆكردنی سیخوڕەكانی ناو سوپای سووری گرتە ئەستۆو بە فەرمانێكی راستەخۆی ستالین ، ئەم مەكتەبە هەڵوەشێنرایەوەو ناوەكەی كرا بە كۆمیساریای گەل بۆ كاروباری ئاسایشی ووڵات. لەلایەكی دیكەشەوە هەر لەو ماوەیەدا دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی سۆڤێت چەند گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییان تێدا ئەنجامداو كۆمیساریای گەل بۆ كاروباری ناوخۆیی كە بە (ئێن كەی ڤی دیش) ناسراوە دەستكراوە بوو لە چاودێریكردنی سوپای سوور‌و دیاریكردنی سیخوڕە ئەڵمانییەكان و ئەوانەی كە دژ بەسیاسەتەكانی جۆزێف ستالین بوون. هەرچەندە كاری سەرەكی ئەم دەزگایە لە چالاكییە دژە سیخوڕییەكاندا خۆی دەبینییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندامەكانی سمیرش، چەندین پلەدارو سەربازی ناو سوپای سووریا‌ن بەتۆمەتی دژایەتیكردنی ستالین گولەباران كرد. لە ساڵی 1942شدا بەفەرمانێكی راستەخۆی ستالین، دەزگای سمیرش لەناو هەناوی ئێن كەی ڤی دی دامەزرا كە لە سێ بەشی سەرەكی پیكهاتبوو، خودی ستالین ئەم ناوەی بۆ هەڵبژارد، كە بەمانای مردن بۆ سیخوڕەكان یان مردن بۆ خۆفرۆشان دێت. لە 14 ی نیسانی ساڵی 1943شدا ، یەكێتی سۆڤێت بەفەرمی ئەم دەزگایەی بە بەشێك لە سوپای سوور ناساند‌و چەندین كاری جۆراوجۆری وەك بەدواداچوون و قەڵاچۆكردنی سیخورەكانی ناو سووپا و یەكێتی سۆڤێت و جیاكردنەوەو پۆلێنبەندی ئەو بەڵگەنامە ئەڵمانییە جیاوازانەی كە دەست یەكێتی سۆڤێت كەوتبوون و رێنمایی بەكرێگیراوەكانی یەكێتی سۆڤێت لە ووڵاتانی دیكە و كوشتنی ئەو فەرماندە سەربازیانەی كە لە جێبەجێكردنی كارەكانیان سەركەوتوو نەبوون و بەسزاگەیاندی ئەوانەی لە ریزەكانی سوپا رایاندەكردو پێكهینانی لیژنەی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لەو سەربازانەی كە بەمەبەستی جیهێشتنی شەڕگەكان خۆیان نەخۆش دەخست، بە دەزگاكە سپێردرابوو. كارێكی دیكەی ئەم دەزگایە بریتی بوو لە چاودێریكردنی بازاڕ‌و رێگریكردن لە دامەزراندنی بازاری ڕەش و دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە دژ بە سیستم و سیاسەتی ستالین بوون. لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمیش، فەرمانی گەڕان و دەستگیركردن یان كووشتنی ئەدۆلف هیتلەریان پێسپێردراو فەرمانیان پێكرا بە دەستگیركراوی یا كوژراوی بیهێننەوە بۆ مۆسكۆ، دوابەدوای گەڕانێكی چڕیش، ئەندامانی ئەو دەزگایە توانیان پاشماوەی سووتێنراوی جەستەی هیتلەر بدۆزنەوە. ئەم دەزگا دژە سیخوڕییە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە كارەكانی بەردەوام بوو و دواجار لە 4ی 5ی 1946 بەفەرمانێك هەڵوەشایەوە، لەدوای نزیكەی 77 ساڵ لە هەڵوەشانەوەشی، بەپێی راپۆرتە بەریتانییەكان پۆتینی سەرۆكی روسیا دووبارە لە جەنگی ئۆكرانیا ئەم دەزگایەی دامەزراندۆتەوە.
هاوڵاتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند مانگی رابردوو نزیكەی 10 هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە. تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند "ئەگەرچی لە ئێستادا بڵاوبونەوەی كۆرۆنا وەك حاڵەتێكی ترسناك نەماوە لەسەر تەندروستی جیهانی، بەڵام ڤایرۆسەكە هێشتا هەڕەشەیەكی گەورەیە". "لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا ئاماری توشبون بەجۆری نوێی ڤایرۆسەكە (سارس كۆڤ٢) بەڕێژەی 42٪ زیادیكردوەو تەنها لەماوەی ئەو مانگەدا 10 هەزار كەس بەهۆی كۆرناوە گیانیان لەدەستداوە.
كریس كریستی تاكە كاندیدی سەرسەختی دژ بەترەمپ و سەر بەحزبی كۆماری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمریكا كشانەوەی خۆی لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ راگەیاند. لە بارەی كشانەوەكەی كریستی لە وتارێكیدا لە شاری وینهامی ویلایەتی نیوهاشمیردا لەبەردەم هەوادارو لایەنگرانەكانیدا، وتی " هەموو كارەكانم لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردەكانی ئەمریكا رادەگرم و لە خۆكاندیدكردن دەكشێمەوە". كریستی تەمەن 61 ساڵان و حاكمی پێشوی ویلایەتی نیوجێرسی بە یەكێك لە لایەنگرانی ترەمپ ئەژمار دەكرا، بەڵام دواتر بوو بەیەكێك لە سەرسەختترین رەخنەگرەكانی دژ بەترەمپ و بەردەوان ترەمپی بە خۆپەرەست و ناپاك وەسفدەكرد. كشانەوەی ئەم كاندیدە لەدوای راپرسییەكەوە هات كە تێیدا رێژەیەكی كەمی دەنگەكان و متمانەی خەڵكی بە دەستهێنا بوو.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند بەردەوامی هێرشەكانی حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان ئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوەو ئێرانمان ئاگادار كردۆتەوە دەستبەرداری پشتیوانیكردنی حوسییەكان بێت. ئەنتۆنی بلینكین وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ چوار شەمە 10ی كانونی دووەمی 2024، لەكاتی سەردانیدا بۆ وڵاتی بەحرەین رایگەیاند "بەردەوام هەوڵمان ئەوە بووە ئێران ئاگادار بكەینەوە، وەك چۆن وڵاتانی تریش ئەمكارەیان كردووە، ئەوەی كە پشتیوانیكردن لە حوسییەكان، بەتایبەت بەهۆی ئەمكارانەیەوە پێویستە رابگیردرێن". دوای دەستپێكی جەنگی غەزەو دەستپێكی ئەم جەنگە لەلایەن حەماسەوە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت و پەرچەكرداری توندی ئیسرائیلییەكان، گروپە میلیشیاكانی سەر بەئێران لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەكان لە یەمەن و گرووپە میلیشیا شیعەكان لە عێراق هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمان و ئیسرائیل زیاتر كردووە. ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ئەمڕۆ رایگەیاند"حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن درەنگانی شەوی سێ شەممە بەكاتی یەمەن، بە موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیانكردۆتە سەر هێڵی كەشتیوانی نێودەوڵەتی لە باشووری دەریای سوور. لە راگەیاندنی ئەم دامەزراوە سەربازییەی ئەمریكادا ئاماژە بەوە دراوە كە حوسییە یەمەنییەكان، لەم هێرشەدا سودیان لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی دروستكراوی ئێران و موشەكی كرووز و دژە كەشتی و هەروەها مووشەكی بالستیكی دژە كەشتی وەرگرتووە. بە پێی ئەو زانیارییانەی سینتكۆم بڵاویكردۆتەوە، لە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2023ەوە تا ئێستا 26 جار لەلایەن حوسییەكانەوە هێرش كراوەتە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سوور. حوسییەكان لەگەڵ دەستپێكی جەنگی غەزە رایانگەیاند "بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە فەلەستینییەكان، ئەو كەشتیانەی كە سەر بە ئیسرائیلن یان بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، دەكرێنە ئامانج، بەمەشەوە زۆربەی ئەو كەشتیانەی كە لەم ماوەیەدا لەلایەن حوسییەكانەوە كراوەتە ئامانج پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە نەبووە".
هاوڵاتی کیم جۆنگ ئۆنی سەرۆکی کۆریای باکوور هەرەشەی سرینەوەی کۆریای باشووری لە سەر نەخشەی جیهان کرد و رایگەیاند ،گەر بێت‌و کۆریای باشوور هێرش بکاتە سەر خاکی ووڵاتەکەی ، ئەوە سووپای ووڵاتەکەی هەموو ئامادە سازییەکی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە کردووە. بە پێی میدیای فەرمی کۆریای باکوور ، ئەم قسانەی سەرۆکی کۆریا لە دوای سەردانێکیدا هات بۆ کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چەک و هەروەها ناوبراو ئەوەشی وتووە کە کۆریای باشوور دوژمنە سەرەکییەکەی ئێمەیە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت سووپای ووڵاتەکەی لەو پەڕی ئامادە باشیدا بن بۆ هەر ئەگەرێک و وەڵامی هەموو هێرش و پەلامارێک بدەنەوە و وەڵامدانەوە بە چەکی ئەتۆمیش لە پێش هەموو وەڵامە سەربازییەکانی دیکەدا دەبێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کیم جۆنگ ئۆنی سەرۆکی کۆریای باکوور هاتووە کە ناوی فەرمی کۆریای باکوور "کۆماری دیمۆکراتی گەلی کۆریایە" و تاکلایەنە شەر هەڵناگیرسینێت ، بەڵام گەر بێت‌و کۆریای باشوور زاتی ئەوە بکات کە لە دژی ووڵاتەکەمان چەک و هێزی سەربازی بەکار بهێنێت یان ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر سەربەخۆیی و ئاسایشی ووڵات ، ئەوا بیگومان دوودڵ نابین لە لەناوبردنی ئەو ووڵاتە و سرینەوەی لەسەر نەخشەی جیهان. لەدوای ئەوەی کە سەرۆکی کۆریا فەرمانی بە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و بالیستییەکانی ووڵاتەکەی دەرکرد ، کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باشوور و کۆریای باکوور گەیستۆتە لووتکە و کۆریای باشوور و ژاپۆن و ئەمریکا و دەیان ووڵاتی دیکە ، کۆریای باکوور بە یارمەتیدانی روسیا لە ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکەن . جێی ئاماژەیە لە گەرمەی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێتی جاران ،لە ساڵی ١٩٥٠ دا لە نێوان باکور و باشوری کۆریا دا شەڕێکی خوێناوی ڕووی دا. لەو شەرە دا چینیەکان و سۆڤیەت پشتیوانیان لە باکور کرد و ئەمەریکاش پشتی باشوریەکانی گرت. پاش ٣ ساڵ لە شەڕی ماڵوێرانکەر و گیان لەدەستدانی ھەزاران کەس، لە ساڵی ١٩٥٣ دا ھەرد دوو لا ئاگربەستیان مۆر کرد و بەفەرمی نیوە دورگەی کۆریا بۆ دوو بەشی باکور و باشور دابەش کرا و ناوچەیەکی تامپۆن قەدەخەکراو ی بێچەک، لە نێوانیان دا دەستنیشان کرا .
هاوڵاتی جەستین ترۆدۆ سەروک وەزیرانی کەنەدا بەشداری مەڕاسیمی چوارەمین ساڵیادی بەرز ڕاگرتنی کوژراوانی فڕوکەی ٧٠٧ ئۆکرانی کرد، کە کەوتە بەر هێرشی ڕاستەوخۆی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران. ترۆدۆ لە مەڕاسیمەکەدا ئەوەی خستە ڕوو کە وڵاتەکەی بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕی کە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. باسیشی لەوە کرد کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ڕێزێک لە مافی مرۆڤ ناگرێت و لە ئێستاشدا گەورەترین هۆکاری بشێویەکانی ڕوژهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهانیشە، لە درێژەی وتەکانی ئاماژەی بەوە کرد کۆماری ئیسلامی بکوژی هەزاران هەزار ئێرانیە و دەوڵەتی کەنەدا ئێدانەی ئەم هەڵسووەوتانەی حکومەتی تاران دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی. سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە سەرهەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کرد و وتی بە دڵنیاییەوە روناکی بەسەر تاریکیدا زاڵ دەبێ لە ئێران و سەرکەوتن هەر بۆ خەڵکی ئێرانە.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەمە 7/1/2024 وەزارەتی تەندرووستی لە غەزە رایگەیاند، لە ئەنجامی بوردومانێکی سووپای ئیسرائیلی بۆ سەر شاری رەفەح لە کەرتی غەزە دوو رۆژنامەنووس کوژراون. لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندرووستی غەزە هاتووە کە ، (موستەفا سورەیا) پەیامنێری ئاژانسی رۆژنامەی فەرەنسی کە لە ساڵی 2019 ەوە کار لەگەڵ ئەو ئاژانسە دەکات و (وائیل حەمزە دەحدوح)ی کوری وائیل دەحدوحی پەیامنێری جەزیرە کە هاوشێوەی باوکی کاری لەگەڵ ئەو کەناڵەدا دەکرد، لە بوردومانێکی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بەرکەوتوون و کوژراون. لەسەر کووژرانی پەیامنێرەکەشیان ئاژانسی رۆژنامەی فەرەنسی داوای روونکردنەوەیان لە سووپای ئیسرائیل کردووە. بە پێی ئاماری لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان ، بە کوژرانی ئەم دوو رۆژنامەنووسە،ئاماری ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە سەرەتای جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا کوژراون بۆ 77 کەس بەرزبۆتەوە و لە ئامارێکی سەندیکای رۆژنامە نووسانی فەڵەستینیشدا هاتووە کە لە سەرەتای جەنگەکە تا ئێستا، 107 رۆژنامەنووس کوژراون. لە دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا لە غەززە زیاتر لە 22 هەزار و 600 کەس کوژراون و لە ئیسرائیلیش ژمارەی کوژراوان 1200 کەسیان تێپەڕاندووە، بە دەیان هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوڵاتی سووپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە تەفروتوونا کردنی هەیکەلی فەرماندەیی بزووتنەوەی حەماس لە باکووری غەزە سەرکەوتوو بووە. هەر لەم چوارچێوەیە ، دانیال هاگاری ، ووتەبێژی سووپای ئیسرائیلی ، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە لە ئێستادا چەکدارەکانی حەماس بە شێوەی پەرش و بڵاو و بەبێ فەرماندەیی لە باکووری غەزە چالاکن . ناوبراو ئەوەشی بە رۆژنامەنووسان راگەیاند ، کە تا ئێستا نزیکەی هەشت هەزار چەکداری حەماس کوژراون. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئێستادا سووپای ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجاری فەرماندەیی حەماس لە باشوور و ناوەراستی غەزە هەموو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە . هاوکات دوێنێ شەمە ، حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند کە ؛ە وەلامی کوژرانی ساڵح عاروری ،سەرکردەی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە بەیروتی پایەتەختی لوبنان ، بە 62 رۆکێت هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل و هێرشەکانیش تا کاتی تۆڵەکردنەوەی تەواو بەردەوام دەبن. دوابەدوای راگەیاندنەکەی حزبوڵای لوبنانیش، سووپای ئیسرائیلی رایگەیاند ، کە لە باشوری لوبنانەوە بە نزیکەی 40 رۆکێت هێرش کراوەتە سەر ناوچەی شاخی مرون لە باشووری ئیسرائیل. هاوکات حکومەتی جەنگ لە ئیسرائیل‌دا هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەکانی راگرتنی جەنگی تا ئێستا رەت کردۆتەوە و بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکی ئیسرائیل لە وتەیەکیدا رایگەیاند ، کە جەنگەکە تا ڕاماڵین و کۆتایی هاتنی بزوتنەوەی حەماس بەردەوام دەبێت و لەسەر هێنانەدی ئامانجەکانمان سوورین. لەلایەکی دیکەوە ، سەرچاوە تەندرووستییەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ئاشکرایان کرد کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا نزیکەی 22 هەزار کەس کووژراون.
