پۆتین دەزگا بەدناوەكەی سەردەمی ستالین زیندوو دەكاتەوە

4 مانگ لەمەوپێش



سەرچاوە هەواڵگرییەكانی بەریتانیا رایانگەیاند روسیا دوای پەلاماردانی ئۆكرانیا، دووبارە دەزگای سمیرشی هەواڵگری سووپای روسیای دروستكردۆتەوە.
مێژووی دامەزراندنی ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانیی دووەم كە بەسەردەمی ستالین ناسراوەو جۆزێف ستالینی سەرۆكی یەكێتی سۆڤێت بەمەبەستی دۆزینەوەی بەكرێگیراو سیخووڕەكانی سەر بە ئەڵمانیای ناو سوپای سوور فەرمانی بەدامەزراندنی كرد.
لەسەرەتاكانی ساڵی 1941دا، دوابەدوای ئەوەی مەكتەبی چواری ناو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ووڵاتی سەر بەدەسەڵاتدارێتی كاروباری ناوخۆی گەل، بەرپرسیارێتی قەڵاچۆكردنی سیخوڕەكانی ناو سوپای سووری گرتە ئەستۆو بە فەرمانێكی راستەخۆی ستالین ، ئەم مەكتەبە هەڵوەشێنرایەوەو ناوەكەی كرا بە كۆمیساریای گەل بۆ كاروباری ئاسایشی ووڵات.
لەلایەكی دیكەشەوە هەر لەو ماوەیەدا دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی سۆڤێت چەند گۆڕانكارییەكی بنەڕەتییان تێدا ئەنجامداو كۆمیساریای گەل بۆ كاروباری ناوخۆیی كە بە (ئێن كەی ڤی دیش) ناسراوە دەستكراوە بوو لە چاودێریكردنی سوپای سوورو دیاریكردنی سیخوڕە ئەڵمانییەكان و ئەوانەی كە دژ بەسیاسەتەكانی جۆزێف ستالین بوون.
هەرچەندە كاری سەرەكی ئەم دەزگایە لە چالاكییە دژە سیخوڕییەكاندا خۆی دەبینییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندامەكانی سمیرش، چەندین پلەدارو سەربازی ناو سوپای سووریان بەتۆمەتی دژایەتیكردنی ستالین گولەباران كرد.
لە ساڵی 1942شدا بەفەرمانێكی راستەخۆی ستالین، دەزگای سمیرش لەناو هەناوی ئێن كەی ڤی دی  دامەزرا كە لە سێ بەشی سەرەكی پیكهاتبوو، خودی ستالین ئەم ناوەی بۆ هەڵبژارد، كە بەمانای مردن بۆ سیخوڕەكان یان مردن بۆ خۆفرۆشان دێت.
لە 14 ی نیسانی ساڵی 1943شدا ، یەكێتی سۆڤێت بەفەرمی ئەم دەزگایەی بە بەشێك لە سوپای سوور ناساندو چەندین كاری جۆراوجۆری وەك بەدواداچوون و قەڵاچۆكردنی سیخورەكانی ناو سووپا و یەكێتی سۆڤێت و جیاكردنەوەو پۆلێنبەندی ئەو بەڵگەنامە ئەڵمانییە جیاوازانەی  كە دەست یەكێتی سۆڤێت كەوتبوون و رێنمایی بەكرێگیراوەكانی یەكێتی سۆڤێت لە ووڵاتانی دیكە و كوشتنی ئەو فەرماندە سەربازیانەی كە لە جێبەجێكردنی كارەكانیان سەركەوتوو نەبوون و بەسزاگەیاندی ئەوانەی لە ریزەكانی سوپا رایاندەكردو پێكهینانی لیژنەی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لەو سەربازانەی كە بەمەبەستی جیهێشتنی شەڕگەكان خۆیان نەخۆش دەخست، بە دەزگاكە سپێردرابوو.
كارێكی دیكەی ئەم دەزگایە بریتی بوو لە چاودێریكردنی بازاڕو رێگریكردن لە دامەزراندنی بازاری ڕەش و دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە دژ بە سیستم و سیاسەتی ستالین بوون.
لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمیش، فەرمانی گەڕان و دەستگیركردن یان كووشتنی  ئەدۆلف هیتلەریان پێسپێردراو فەرمانیان پێكرا بە دەستگیركراوی یا كوژراوی بیهێننەوە بۆ مۆسكۆ، دوابەدوای گەڕانێكی چڕیش، ئەندامانی ئەو دەزگایە توانیان پاشماوەی سووتێنراوی جەستەی  هیتلەر بدۆزنەوە.
ئەم دەزگا دژە سیخوڕییە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە كارەكانی بەردەوام بوو و دواجار لە 4ی 5ی 1946 بەفەرمانێك هەڵوەشایەوە، لەدوای نزیكەی 77 ساڵ لە هەڵوەشانەوەشی، بەپێی راپۆرتە بەریتانییەكان پۆتینی سەرۆكی روسیا دووبارە لە جەنگی ئۆكرانیا ئەم دەزگایەی دامەزراندۆتەوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار