فۆسفۆڕی سپی.. چهكه كوشنده قهدهغهكراوهكه
2 كاتژمێر لەمەوپێش
رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ رایگهیاند، سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر لوبنان، بۆمبی فۆسفۆڕی بەکارهێناوە، کە چەکێکی کوشندەی قەدەغەکراوە.
فۆسفۆڕی سپی
ماددەیەکی رەقی سپییە و بۆنی وەک بۆنی سیر وایە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ماددەیە کارلێککردنی خێرایەتی لەگەڵ ئۆکسجین، بەشێوەیەک کاتێک ماددەکە بەر هەوا دەکەوێت، یەکسەر دەست بە سووتان دەکات.
لە کاتی سووتانیدا گەرمییەکی سووتێنەر دەردەکات کە دەکاتە 800 بۆ هەزار و 200 پلەی سیلیزی، هەروەها دووکەڵێکی چڕی سپیی ژهراوی و خنکێنەر دەردەکات. فۆسفۆڕی سپی کاتێک بەر جەستە دەکەوێت، دەتوانێت پێست و ماسولکە و تەنانەت ئێسکی کەسەکەش بسووتێنێت.
تێکەڵبوونی فۆسفۆڕ بە خوێنی مرۆڤ، دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە و دڵ و جگەر، هەروەها دووکەڵە ژەهراوییەکەی دەبێتە هۆی برینداربوونی سییەکان و، خنکانی بەدوادا دێت.
لە رێککەوتننامەی جنێڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەکارهێنانی فۆسفۆڕی سپی وەک تاوانی جەنگ هەژمارکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم وڵاتانە چەکی فۆسفۆڕیان بەکارهێناوە:
- ئیسرائیل لە ساڵی 2008ەوە چەندین جار چەکی فۆسفۆڕی لە غەززە و لوبنان بەکارهێناوە
- ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنام، جەنگی عێراق و جەنگی دژی داعش بەکاریهێناوە
- روسیا لە جەنگی چیچان و جەنگی ئۆکراین بەکاریهێناوە
- رژێمی پێشووی سوریا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی وڵاتەکە لە دوای ساڵى 2011وه بەکاریهێناوە
- بەریتانیا لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا بەکاریهێناوە
- تورکیا لە ساڵی 2019دا دژی رۆژئاوای کوردستان بەکاریهێناوە.
دوایین بهكارهێنانى ئهو چهكهش بهپێى رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ له رۆژی سێی ئەم مانگەدا بووه و دهڵێت، سوپای ئیسرائیل گوندی یوحموری لە باشووری لوبنان بۆردوومانکردووە، دوای بۆردوومانەکە دووکەڵێکی چڕی سپی ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە.
رێکخراوەکە دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە حەوت وێنەی بۆردوومانەکە کردووە، دەرکەوتووە ماددەی فۆسفۆڕی سپی لە دووکەڵی سەر گوندەکەدا بووە، ئەوەش ئاماژەیە بە بەکارهێنانی بۆمبی فۆسفۆڕی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
