مەزهەر كەریم فۆتۆ: ناسح عەلی خەیات خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی لە 35 وڵاتی جیهانەوە 150 میوانی بیانی بەشدارن و 143 فیلم نمایش دەكرێت، لەلایەن كۆمانیای مەستی فیلم سكاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەچوونی ڤیستیڤاڵەكە تۆمار كرا بەهۆی بەكارهێنانی لۆگۆوە، بەڵام سكاڵاكە نەیتوانی كارەكانی ڤیستیڤاڵەكە رابگرێت. رۆژی 17ی كانونی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی دەستی پێكردووەو بڕیارە تا 23ی مانگ بەردەوام بێت. شەهێن سابیر بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵ لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە ماوەی هەشت مانگە بەچڕی كاردەكەن بۆ ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ، رۆژی دەسپێك بەفەرشی سور دەستی پێكردو پاشان بەچالاكیو موزیك. ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لەئێستادا فیلمی ئۆپنین دەستی پێكردوەو رۆژانی 18 تا 22ی مانگ لەكاتژمێر سێ تا یەكی شەو فیلمەكان نمایش دەكرێن كە 143 فیلمیان هەیە لە 35 وڵاتی جیهانەوە 150 میوانی بیانی بەشدارن تێیدا، رۆژی 23ی مانگ كۆتا رۆژی ڤیستیڤاڵ دەبێت و براوەی فیلمەكان خەڵات وەردەگرن. هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵ لەسلێمانی لەبارەی ئەوەی ئەو داهاتەی بۆیان تەرخانكراوە چەندەو چەندەیان پێویست بووە، وتی:»وەزارەتی رۆشنبیری بڕی 97 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردووین، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ ئاشكرای دەكەین تێچووەكەی گەیشتووەتە چەند». وتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت بۆ 13 ڤیستیڤاڵ پارە خەرج دەكەن كەحەوتیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەو شەشیان لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك دەبێت. نامیق هەورامی وتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێمە گلەیمان لەهیچ دەستەو تاقمێك نیە ڤیستیڤاڵ ساز دەكات، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری تەنیا پارە بۆ ئەو سیانزە ڤیستیڤاڵە تەرخان دەكات كەخۆی دایناوە، كە حەوتیان دەكەوێتە سنوری ئەودیوی دێگەڵەوەو شەشیان دەكەوێتە پارێزگای هەولێرو دهۆكەوە». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی پەیوەندی بەوەزارەتی رۆشنبیرییەوە نەبووەو لەگەڵ ئەوەشدا نەوەتو حەوت ملیۆن دینارمان وەك هاوكاری بۆ تەرخان كردووە كە هێشتا مامەڵەی یاسایی ماوە تا ئەو بڕە پارەیە وەربگرن». وتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری، ئەوەشی خستەڕوو لەچەندڕۆژی داهاتوودا ڤیستیڤاڵی ئەدەب ئەنجامدەدەن لەشاری سلێمانی بەمەبەستی هاندانو پاراستنی ئەو شوناسەیە كە یونسكۆ داویەتیە شاری سلێمانی. بەڕێوەبەری كۆمپانیای مەستی فیلم سكاڵا لەسەر ئەو كەسانەی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی سلێمانی بۆ فیلم بەڕێوەدەبەن تۆمار دەكات. فواد جەلال سەرپەرشتیاری كۆمپانیای مەستی فیلم لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئەو كەسانەی ناو لۆگۆی ئێمەیان بۆ خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵ بەكارهێناوە لەگەڵ خۆمان كاریان كردووە چەند جارێك داوامان لێكردوون كە ناوو لۆگۆی ئێمە بەكارمەهێنن، دواجار دادگامان ئاگادار كردووەتەوە رۆژێك پێش ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ بڕیاریانداوە دەست بگرن بەسەر كەلوپەلەكانی ڤیستیڤاڵدا كارەكانی رابگیرێت، بەڵام دواجار دەستی حزب هاتە ناو بابەتەكەوەو ڤیستیڤاڵ ئەنجامدرا كارەكانی دادگا راگیرا». سەرپەرشتیاری مەستی فیلم ئاماژەی بەوەشكرد كە كێشەیان لەگەڵ ئەو كەسانەدا نیە ڤیستیڤاڵ ئەنجامدەدەن یان نا، بەڵام لەساڵی 2016وە مۆڵەتی ڤیستیڤاڵیان وەرگرتووە، لەساڵی 2020 مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هێماكانی كوردستانو وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی حكومەتی هەرێم لۆگۆو ناوی پێداون، وتیشی:» پاشان رەوانەی بەغداو وڵاتانی جیهان كراوە كە ئەو لۆگۆو ناوە تایبەتە بەخۆمان و شەهادەی ناوخۆییو نێودەوڵەتیمان هەیە، بەو هۆیەوە كۆمپانیاكەمان زیانێكی ماددی قورسی بەركەوتووە، كە بە 750 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت كە بەناوی ئێمەوە لەخولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی وەرگیراوە». لەبەرانبەردا، شەهێن سابیر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی ئەوەی باسكرد كە لەئێستادا ئەو كەیسە لەدادگایە، وتیشی:»رۆژێك پێش وادەی ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ بڕیاری دادگامان بەدەست گەیشتوە كەتێیدا هاتووە دەبێت دەست بەسەر كەلوپەلەكانی ڤیستیڤاڵدا بگیرێت، بەڵام ئەوە بابەتێكی یاساییەو پێویستە ئەم بابەتە یەكلایی بكرێتەوە كەكێ مافی چی هەیەو كێ مافی چی نیە، هەر ئەوەندە بەسە».
هاوڵاتی لەبودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا بودجەی سەربازیی بەڕێژەی 240% زیاددەكات و باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكەش بە رێژەی 64% بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا موچەی كارمەندان 10% زیادكراوە، بۆیە حكومەت بۆ دابینكردنی بودجەكەی دەستی خستووەتە گیرفانی خەڵكەوە. مامۆستایانی ئێران نزیكەی هەفتەیەك بەهۆی كەمی موچەكانیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام بڕی بودجەی وەزارەتی پەروەردە لەو وڵاتە بە رێژەی 13٪ بەرزبووەتەوە. گەڵالەی بودجەی ئێران بەیەكێك لەدەگمەنترین بودجەكانی جیهان لەقەڵەم دەدرێت كە سەرەتای پەسندكردنی لەگەڵ كۆتایی جێبەجێكردنی لەیەكتر ناچن و رەنگە تەواو پێچەوانە بێتەوە. بودجەی ساڵی نوێی ئێران زیاتر لەهەفتەیەكە لەپەرلەمانی وڵاتەكە تاووتوێ دەكرێت و قسەی زۆری لەسەرە بەتایبەت كە ئەو وڵاتە لەقەیرانی قوڵی ئابوریدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بودجەی سەربازیی زیادكردووەو باجی لەسەر هاووڵاتیانیشی بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزكردووەتەوە. بودجەی ئێران لەنەوتەوە بۆ گیرفانی خەڵك داهاتی حكومەتی ئێران لەساڵی 2011 زیاتر بووە لە 131 ملیار دۆلارو بەپێی یاسای بودجە لەو وڵاتەدا سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و غاز لەدەستی حكومەتدایەو لەو ساڵەدا تەنها داهاتی فرۆشی نەوت و غاز بۆ حكومەت 120 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش وایكردووە ئێران لەنێوان بودجەی 228 وڵاتدا بكەوێتە ریزبەندی 29یـەمین وڵاتەی جیهانەوە لە رووی ئاستی بەهێزی بودجەوە. ژمارەی دانیشتوانی ساڵی 2011 لەئێران 81 ملیۆن كەس بووەو حكومەت رایگەیاندوە 92 ملیار دۆلاری لەبودجەی ئەو ساڵەی تەرخانكردنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و باشتركردنی دۆخی ئابوریی لەوڵاتەكەدا، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 هیچ ئاماژەیەك بەبڕی تەرخانكراوی بودجە بۆ خۆشگوزەرانیی زیاتر لە 84 ملیۆن كەس نەكراوە. لەو ساڵەدا رێژی 9%ی بودجە لەداهاتی وەرگرتنی باج لەئێران دابینكراوەو تەنها باجی حكومی لەپارێزگای تاران زیاتر لە 6%ی داهاتی بودجەی ساڵەكە بووە و 30 پارێزگای دیكەی لەو وڵاتە رێژەی 3.7%ی بودجەی وڵاتەكەیان بەباج دابینكردووە و بەواتایەكی دیكە تاران بەتەنها 53% باجی داوەو پارێزگاكانی دیكەش پێكەوە 47% باجیان داوە بۆ پڕكردنەوەی 9%ی بودجەی وڵاتەكە. ریزبەندنی بودجەی ساڵی 2020ی ئێران لە 29وە بۆ 49 دابەزیوە، واتە لەهەر ساڵێكدا زیاتر لە دوو پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە پیشبینی ناكرێت حكومەتی وڵاتەكە بەم زووانە بتوانێت ئاستی خۆی لەبودجەدا بەرزبكاتەوە بەتایبەت كە سزاو گەمارۆكانی سەری زیادی كردووە. كورتهێنانی بودجەی ئێران لەساڵی 2021 زیاتر بووە لە 58 ملیار دۆلار لەكاتێكدا خەرجییەكانی لەو ساڵەدا بە 115 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. بودجە لەگیرفانی خەڵك حكومەتی ئێران ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی زۆربەی شارەزایانی ئابوریی ئەوەیە كە 64%ی بودجەی ئەو ساڵە لە رێگەی باجی ساڵانە لەخەڵكی وڵاتەكە دابین دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەو رێژەیە تەنها 9% بووە. وڵاتێكی وەك دانیمارك كە زیاترین باج لەخەڵكەكەی وەردەگرێت و لە رووی خۆشگوزەرانییەوە لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهانە بەڕێژەی 22% بۆ 45% باج لەدانیشتوانی وڵاتەكەی وەردەگرێت و لەحاڵەتی زۆر دەگمەندا رێژەی باج دەگاتە 50% ، بەڵام بەپێی بودجەی ساڵی نوێی ئێران دەبێت رێژەی باج بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە بگاتە 64% بۆ ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا روونەدات، بەڵام حكومەت دەڵێت رێژەی باج بەراورد بەساڵانی رابردوو 64% بەرزكراوەتەوە. حكومەت بەگرانتركردنی زیاتر لە دوو هێندەی نرخی غازو ئاوو كارەبا لەئێران دەیەوێت بەشێك لەداهاتەكەی بەرزبكاتەوە، كە ئەوەش بەزیادكردنی باج لەسەر دانیشتوانی وڵاتەكە ئەژمار دەكرێت لەساڵانی رابردوودا حكومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلارو كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە دۆلاری دەخستە بازاڕەوە، بەڵام لەبودجەی ئەمساڵدا ئەو پلانە رەتدەكاتەوە. شارەزایان پێیانوایە حكومەت راستەوخۆ دەیەوێت كورتهێنانی بودجە بخاتە سەرشانی خەڵك و دەستی لەگیرفانی هاووڵاتییەكانی وڵاتەكەیدا بێت. ساڵی رابردوو بڕی 11 ملیار دۆلار وەك باج لەخەڵك وەرگیراوە بۆ قەرەبووی كورتهێنانی بودجە، بەڵام ئەو بڕە لەباج لەبودجەی ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بەرز كراوەتەوە. رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی باج لەسەر هاووڵاتییانی ئێران لەكاتێكدایە ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی وڵاتەكە بەپێی بەراوردی حكومەت 44% بووە، بەڵام بە سەرنجێكی ئاسایی دەردەكەوێت ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی سێ ساڵی رابردوو لەئێران زیاترە لە 50% ، چونكە بەرزبونەوەی هەڵاوسان سفرەكانی خەڵكی وڵاتەكەی بۆ زیاتر لەنیوە بچووك كردووەتەوە. ئەنجومەنی ئاژەڵدارانی ئێران رایگەیاندووە قەیرانی ئابوریی لەوڵاتەكە بووەتە هۆی ئەوەی خواردنی ساڵانەی گۆشتی ئاژەڵ لە 12 كیلۆوە بووە بەكەمتر لەشەش كیلۆ دابەزێت، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە توانای خەڵك بۆ كڕینی خۆراك و پێدوایستیی رۆژانە بە رێژەی زیاتر لەنیوە كەم بووەتەوە. داهاتی نادیاری كۆمپانیاكانی حكومەت زیاتر لە 400 كۆمپانیای سەر بەحكومەت رێژەی داهات و خەرجییەكانیان ئاشكرا ناكرێت و پاساوی حكومەتیش بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە كە ناكرێت پەرلەمانتارەكان بەوردو درشتی ئەو ژمارە زۆرە لە كۆمپانیاكانی حكومەتەوە سەرقاڵ بكرێن. حكومەت رایگەیاندووە خاوەنی 377 كۆمپانیایەو لەو ژمارەیە 170 دانەیان سودیان هەیە و 183 دانەیان سودو زیانیان هاوتایەو 24 كۆمپانیاش زیانیان زیاترە لەسود بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو كۆمپانیانە باجیان تا نزیكەی 40% بەراورد بەساڵی 2021 لەسەر زیادكراوە بۆ ئەوەی بودجە تووشی كورتهێنان نەبێت. كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێران بە تەنها نزیكەی 42%ی داهاتەكەی وەك باج رادەستی حكومەت دەكات لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایە فرۆشتنی زۆرینەی رەهای نەوتی وڵاتەكەی لەئەستۆیە، ئەوەش گومانەكانی لە نادیاریی داهاتی كۆمپانیاكانی حكومەت زیاد كردووە. دۆلاری حكومی ئێران لەساڵی 2018 بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلارو دابینكردنی پێدوایستییەكانی لەدەرەوەی وڵاتەكەی، نرخی هەر دۆلارێكی حكومیی بەچوار هەزارو 200 تمەن دەستنیشانكرد لەكاتێكدا بەهای هەر دۆلارێك لەبازاڕەكانی وڵاتەكەدا زیاتر لە 27 هەزار تمەن بوو. حكومەت لەو كاتەوە ساڵانە زیاتر لە 32 ملیار دۆلار بەنرخی حكومیی رادەستی بازرگان و كۆمپانیاكان لەوڵاتەكەی دەكرد بەمەبەستی دابینكردنی پێدوایستییە سەرەكییەكانی وڵاتەكە بەتایبەت دەرمان و خۆراك و هەندێك ئامێری پزیشكی و ئەندازیاریی، بەڵام لەبودجەی ساڵی نوێی ئێراندا ئەو بڕە بۆ هەشت ملیار دۆلار كەمی كردووەو حكومەت رایگەیاندووە تەنها بەمەبەستی دەرمان و خۆراك دۆلاری حكومی بۆ بازرگانەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان تەرخان دەكرێت. ئیحسان خاندوزیی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە: بڕیارە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا تەنها دۆلاری حكومی بۆ نان و دەرمان تەرخانبكرێت. بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی ئێران لەئێستادا دۆلاری حكومی بۆ دابینكردنی گەنم و جۆو رۆن و دەرمان لەدەرەوە تەرخان دەكرێت و لە بودجەی داهاتوو ئەو دۆلارە حكومییە تەنها بۆ كڕینی گەنم و دەرمان تەرخاندەكرێت. مەسعود میركازمی، سەرۆكی دامەزراوەی بەرنامەو بودجەی ئێران رایگەیاندووە حكومەتی ئێستای ئێران دەبێت تاساڵی 2026 ساڵانە بڕی 18 ملیار دۆلار قەرزی حكومەتی رابردوو بداتەوە كە بەهۆی رادەستكردنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنی تووشی كورتهێنانی بودجە بووە. هادی قەوامی جێگری وەزیری داریی و ئابوریی ئێران رایگەیاندووە؛ دۆلاری حكومی لە رابردودا نرخی كاڵاو شتومەكی بە رێژەی 150٪ بەرز كردووەتەوە، بۆیە كابینەی ئێستای رەئیسی پلانی نەمانی رادەستكرندی ئەو دۆلارەی هەیە. نەوت لەبودجەدا ئەگەرچی پێشتر 90%ی بودجەی ئێران لەسەر داهاتی نەوت گەڵاڵە دەكراو داهاتی ساڵانەی نەوتی ئەو وڵاتەش دەگەیشتە زیاتر لە 120 ملیار دۆلار، بەڵام لەبودجەی ساڵی 2022 ئێران كەمتر لە 40%ی بودجە پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە، لەكاتێكدا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 60 دۆلار خەمڵێنراوەو پێشبینی كراوە ئێران رۆژانە یەك ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. حكومەت داهاتی فرۆشتنی نەوتی ساڵی 2022ی وڵاتەكەی بە 381 ترلیۆن تمەن خەمڵاندووە كە دەكاتە نزیكەی 13 ملیار دۆلار، بەڵام ئەگەر ئێران بتوانێت ئەو رێژە نەوتە لە بودجەدا دەستنیشانی كردووە بفرۆشێت، ئەوە داهاتی ساڵێكی نەوتەكەی دەگاتە نزیكەی 26 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا لە ساڵی 2018 و دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران نەیتوانیوە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رەوانەی بازاڕەكان بكات. بەپێی خەمڵاندنەكانی حكومەت فرۆشی نەوت سەرچاوەی دابینكردنی 25%ی كۆی بودجەكەی ساڵی 2022 دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بەردەوامبێت لەسزادانی ئەو وڵاتە ئەوا ئێران ناتوانێت رۆژانەی بڕی زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەكان بكات، بۆیە گومان لەوەش هەیە كەدواجار حكومەت بۆ قەرەبووی كورتهێنان پەنا بۆ زیادكردنی باج ببات، چونكە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتی نییە. نەوتی ئێران بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریكا سەپاندویەتی بەنرخێكی هەرزانتر لەبازاڕەكانی جیهانداو بەقاچاخ ساغدەكرێتەوە، بۆیە پێشپینی ئەو رێژە لەهەناردە و نرخی نەوت لەبودجەی نوێدا دوورە لە راستییەوە. بودجەی رەئیسی لەنێوان جەنگ و رێككەوتندا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رۆژی یەكشەممە 12/12/2021 گەڵاڵەی بودجەی ساڵی 2022ی پێشكەشی پەرلەمان كردو رایگەیاند ئەو بودجە لەلایەن حكومەتەكەیەوە بەشێوەیەك داڕێژراوە كە دەستی بێگانەی تێدا نەبێت و كورتهێنان تێیدا روونەدات. بودجەی ساڵی نوێ لەئێران بە سێ هەزار ترلیۆن و 631 هەزار ملیار تمەن خەمڵێنراوە كە دەكاتە 123 ملیار دۆلار، ئەوەش بەراورد بە بودجەی حكومەتی سەردەمی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران لەساڵی 2021 بڕی 750 هەزار ملیار تمەن بۆ بودجەكە زیاد كراوە، كە دەكاتە 25 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار. لەساڵی 1980 تا ئەمساڵ بەبەردەوامی بودجەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران لە زیادبووندا بووەو لەبودجەی ساڵی داهاتووشدا بە رێژەی 240% زیادی كردووە كەدەكاتە نزیكەی دوو هێندە و نیوی بودجەی ساڵی رابردوو. ساڵی 2020 بودجەی سوپای پاسداران بە رێژەی 58% زیادی كردو لە 24 ترلیۆن و 335 ملیار تمەن بۆ 38 ترلیۆن و 564 ملیار تمەن لەساڵی 2021 زیادی كرد كە كردیە زیاتر لەیەك ملیارو 309 ملیۆن دۆلار، بڕی بودجەی ساڵی 2022ی سوپای پاسداران گەیشتووەتە سێ ملیارو 162 ملیۆن دۆلار، شارەزایانی سیاسیش ئەو بەرزبوونەوەیەی بودجەی سوپای پاسداران بەپەیامێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جەنگ لەناوچەكەدا لەقەڵەم دەدەن. سەرەڕای زیادكردنی بودجەی سوپای پاسداران بڕی زیاتر لەپێنج ملیار دۆلار بۆ بەهێزكردنی توانای بەرگریی و سەربازیی لەبودجەی ساڵی داهاتوودا تەرخانكراوە، كەئەوەش بەشێكی دیكەیە لەبودجەی هێزە سەربازییەكانی دیكەی وەك سوپای فەرمیی ئێران و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكان.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی 2021 دەکەوێتە ساڵی داهاتوو و لە رۆژی 02-01-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی كانوونی یهكهمی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە: "بەهۆی راگەیاندنی پشووەکانی سەری ساڵی زاینی، کە لە 25-12-2021 دەستپێدەکات تاوەکو 01-01-2022 دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2021 دەکەوێتە رێککەوتی 02-01-2022". لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەدراوە، هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، دابەشکردنی مووچە بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و بۆ رۆژانی دواتریش بەپێی خشتەی مووچە، دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-11-2021 دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی 2021 کرد، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە سستی تێکەوت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، شەممەی رابردوو 18-12-2021، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق 200 ملیار دینارەکەی بەشە بودجەی مانگی 11ی ئەمساڵی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، بۆیە مووچەی ئەو وەزارەتانەی ماون لە پارەی تەرخانکراوی مووچەی مانگی 12 دەدات. رۆژی سێشەممە 21-12-2021 دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کۆتایی هات.
هاوڵاتی یەدەگی عێراق لەماوەی کەمتر لەیەک ساڵدا بە بڕی ١٦ ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و هەروەها دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندیەوە. پیشبینیش دەکرێت لە ٢٠٢٢دا یەدەگی عێراق زیاتربێت. ئەو پارەیەی کە عێراق لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت مانگانە نزیکەی حەوت ملئار دۆلارە بەپێی نرخی ئێستا، لە رێگەی بانکی ناوەندیەوە دەکرێتەوە بەدینارو حکومەت مووچەو خەجیەکانی خۆی پێ بەرێدەکات، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی لە رێگەی بانکەکانەوە دەخاتە بازاڕەوە. تەنیا لەماوەی کەمتر لەساڵێک یەدەگی عێراق لە ٤٨ ملیار دۆلارەوە گەیشتە ٦٤ ملیار دۆلار، ئەوەش بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە بوو کە یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە کە نرخەکەی بازاڕ دیاریدەکات، ئەوەی دیکەی دینارە کە بانکی ناوەندی عێراق نرخەکەی دیاری دەکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی یەدەگی عێراق دەنگۆی جێگیرکردنەوەی نرخی دینار بۆ نرخی پێشووی کە ١٢٠ هەزار دینار بوو بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلارێک لە بانکی ناوەندی، بەڵام هیچ بڕیارێک نیە بۆ ئەو کارە، ئەوەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوەیە کە عێراق ناتوانێت بەهۆیانەوە نرخی دینار بگەڕێنێتەوە بۆ هەمان نرخی ساڵی رابردوو. عێراق دەستبەرداری نرخە دڵخوازەکەی دینار نابێت چەند رۆژێکە بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمهریکی بووەتە باسی گەرمی میدیاکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی نووسینگەی موقتەدا سهدر، رێبەڕی رەوتی سەدرییەکان رایگەیاند، مەرجی پێکهێنانی حکومەتیان ئەوەیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی دەگەڕێننەوە. بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵین سەرەڕای لێدوانە جیاوازەکان، بەڵام دۆخی ئێستای عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەبار نییە، چونکە بەرپرسانی عێراق دەڵێن ئەو دابەزاندنە هۆکاری سەرەکی بووە تاوەکو ئابووری عێراق لەداڕمان رزگار بکات. لەگەڵ ئەوەی یەدەگی دراوی قورسی عێراق بۆ 64 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەته ناوچەی ئارام، کە بە 82 ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتە هەر قەیرانێکی کتوپڕ رووبدات، دۆخی دارایی عێراق بەرگەی ناگرێت، بۆیە پێویستە لەدۆخی ئێستا لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت. بەرپرسانی دارایی عێراق دەڵێن لە ئەگەری دەستکاریکردنی بەهای دینار متمانە بە ئابووری عێراق لاواز دەبێت، ئیدی وایلێدێت داواکاری زیاتر بکرێت تاوەکو زیاتر دەستکاری بەهای دینار بکەن. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوو بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەپڕۆژەیاسای بودجەی 2022، بەڵام ئەوەی بەدوور زانی کەدەستکاری نرخەکەی بکرێت. ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوەداوە، گەڕاندەوەی بەهای دینار لەئاستی پێشووی دروست نییە، ئەو ئاستە بووە بەشێک لەمێژوو، بەتایبەت کە ئێستا ئەو ئاستە قازانجی بۆ پێگەی دارایی عێراق هەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، پەڕاوی چاکسازی پڕۆژەیەکی سەدا سەدی عێراقییە و ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەتە، بۆ ئەمەش دەستیان بە جێبەجێکردنی کردووە ،سەرەتای چاکسازییەکان لەکارگێڕی گشتی دەوڵەت دەستیپێکردووەو ئینجا چاکسازی لەدارایی دەوڵەت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رێگە بەبەرزکردنەوەی بەهای دینار نادات هەرزانبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار تەنیا وەکو قسەیەکی میدیای ماوەتەوە، چونکە هەرزانبوونی دۆلار پێویستی بە ڕەزامەندی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە کۆمەڵێک مەرجی لەسەر عێراق داناوە. ئەگەرچی بەپێی یاسا دیاریکردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام ساڵی رابردوو حکومەتیش دەستوەردانی کرد لەدابەزاندنی نرخەکەی، لەئێستاشدا دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار بەتەنها لەدەسەڵاتی حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندی عێراقیدا نییە، بەڵکو سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش مەرجی بەسەر عێراقەوە داناوە کە دەبێت نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە. ئەگەربێت و نرخی دینار بەبێ رەزامەندی بانکی نێودەوڵەتی بەرزبکرێتەوە، ئەوا ئەو سندوقە هاوکاریەکانی خۆی لەپێدانی قەرز بۆ عێراق رادەگرێت، بۆیە هەر دەستکاریکردنێکی نرخی دینار دەبێت ڕەزامەندی سندوقی دراوی نیودەوڵەتیشی لەسەر بێت. سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت جێگیر نییەو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار حکومەت قازانجێکی زۆری کردووەو زۆر قەیرانی بەهۆیەوە تێپەڕاندووە ئامادەنییە جارێکی دیکە زیان بەخۆی بگەیەنێتەوە. یەکێکی تر لە سوودەکانی دابەزاندنی نرخی دینار بۆ حکومەت ئەوە بوو کە ئەمساڵ عێراق هیچ جۆرە کورتهێنانێکی لە بودجەدا نەبوو، لەکاتیکدا لەساڵانی رابردوودا دەیان ترلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووەو بەقەرز پڕی کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی عێراق کورتهێنانیشی نەبووە، بەڵکو یەدەگی نەختینەی زیادیکردووە، لەئێستادا نەختینەی دۆلار لەبانکی ناوەندی عێراق گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار لەکاتێکدا پێشتر عێراق تەنها خاوەنی نزیکەی ٤٨ ملیار دۆلاری نەختینە بوو. ئەگەربیت حکومەت دەستکاری نرخی دینار بکاتەوە ئەگەر هەیە دیسانەوە یەدەگی عێراق دابەزێتەوە، لەکاتیکدا پلانی هەیە بیگەیەنێتە ٨٢ ملیار دۆلار. بانکی ناوەندی عێراق رهتیدهكاتهوه بهنیازی دابهزاندنی نرخی دۆلار بێت بانکی ناوەندی عێراقیش وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە کە باس لەدابەزاندنی نرخی 100 دۆلار دەکەن بۆ نزیکەی 120 هەزار دینار، لەحاڵەتی پێکهێنانی کابینەی نوێش بە ڕابەرایەتی سەدرییەکان بەهەمان شێوە ناتوانن دەستکاری نرخی دینارو دۆلار بکەن، چونکە چەندین لێکەوتەی ئابوری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئەوەی دەوترێت تەنها قسەی ناو سۆشیال میدیایە. بانکی ناوەندی عێراق لەچەند رۆژی رابردوودا رەتیکردەوە کە بهنیازی دابهزاندنی نرخی دۆلار بێتو دەڵێت و رایگەیاند ئەو کارە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی دراو لەکۆنترۆڵ دەربچێتو زیان بەهاووڵاتیانو پڕۆژەکان بگەیەنێت. لەبارەی دەنگۆی دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ 120 هەزار دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی عێراق لهبهیاننامهیهدا رایگەیاند، دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی بەسیستەمی داراییو پهككهوتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانو بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لەکێبڕکێو قوڵبوونەوەی بێکاریی بەهۆی وەستانی پڕۆژەکانەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پێشتر بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بەڕێژەی 23%، کە ئەوەش وایکرد قەیرانی دارایی تێپەڕێنرێت. حکومەتی عیراق لە ساڵانی رابردوودا چەند گورزیکی ئابوری بەرکەوت، کە دیارترینیان دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و زیادبوونی مووچەخۆرو چەکداری میلیشیا بوو لەسەر بودجەی دەوڵەت، ئەوەش وای کرد عێراق دووجاری قەرزو کورتهێنانێکی زۆر ببێتەوەو قەرزێکی زۆر بکات. هەرچەندە بەرپرسانی دارایی عێراق لەماوەی رابردودا ڕایانگەیاندبوو، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار دابەزیوە، بەڵام پسپۆڕێکی بواری ئابووری ئاشکرایکرد، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار». زیا موحسین پسپۆڕی ئابوریی عێراقیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، «پێچەوانەی ئەوەی حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، قەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دەگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەوە جگە لەحەوت ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی، کە ئەستەمە حکومەت توانای ئەوەی هەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو ئەو قەرزە بداتەوە». لەماوەی ڕابردوودا، مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، «بەھۆی بەزربوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیھاندا، قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە». بەڵام زیا موحسین وتی: «عێراق لەساڵی 2022دا لەڕووی داراییو ئابورییەوە، بووژانەوە بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوتو زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بەقەبارەی 400 ھەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا». نرخی نەوت بۆ ساڵی دهاتوو چۆن دەخەمڵێنرێت؟ ڕاوێژكارێكی كازمی دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار دانراوە، لەكاتێكدا لەئێستادا نرخی نەوت لە دەوروبەری 70 دۆلاردایە.. لەماوەی ڕابردوودا نرخی نەوتی خاو بۆ نزیكەی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبووەوە، بەڵام چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت بەردەوامە لەدابەزین و گەیشتووەتە نزیکەی 70 دۆلار، ئەوەش بەهۆی کۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە.. مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابوری و دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراق ئامادەیە و بۆ یەكەمجارە لەپڕۆژەیاسای بودجەدا پلانی سێ ساڵە دانراوە بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان. ڕاوێژكارەكەی كازمی پێشبینیدەكات لە بودجەی ئەمساڵیشدا حكومەت ناچاربێت قەرزبكات بەهۆی ئەوەی كورتهێنان لەبودجەدا بێتەئاراوە. دەشڵێت، “لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022ی عێراقدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 50 دۆلار دانراوە، ئەوەش وەك ئامادەكارییەكی پێشوەختە بۆ ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت”. بەوتەی مەزهر محەمەد ساڵح، ئەو نرخە گریمانەییە و لەكاتی فرۆشتنی نەوت بەنرخی بەرزتر، داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و كورتهێنانی بودجەی پێ پڕدەكرێتەوە یاخود خەرجدەكرێت..
عەمار عەزیز.دهۆك تەنیا لەم مانگەدا زیاتر لە 500 دار لەسنوری ناحیەی كانی ماسێ بڕدراون لەلایەن سەربازانی سوپای توركیاوەو شەقامی دروستكردووە بۆ گواستنەوەی دارەكان بۆ وڵاتەكەیان بەپێی وتەی خەڵكی ناوچەكە، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش پێشنیار دەكات ئەنجومەنەكەیان و پەرلەمان كۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر بكەن. لەمانگی شەشی ئەمساڵدا سوپای توركیا لەناوچەكانی بادینان دەستی كرد بەبڕینەوەی دارەكان كەتێیدا داری تەمەن سەد ساڵەیان بڕیوەو ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی لێكەوتەوە، پاش شەش مانگ جارێكی دیكە توركیا دەستی كردووەتەوە بەبڕینەوەی دارەكان. رەمزی بەدەل، خەڵكی گوندی هرور سەر بەناحیەی كانی ماسێ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « سوپای توركیا لەم مانگەوە جارێكی تر دەستی بەبڕینی دارەكان كردووەتەوە، لەگوندەكانی گێمێ ، زێوكێ و چەند ناوچەیەكی تر كە نزیكەی هەزار داریان بڕیوە، لەهەمووشی ناخۆشتر هەندێك داری ئەو ناوچانە تەمەنەیان سەرووی 100 ساڵە كە بەداخەوە لەلایەن توركیا بڕاون». رەمزی بەدەل وتیشی: « لەكاتی بڕینی دارەكان خۆیان ڤیدیۆیان تۆماركردووەو دواتر بڵاویان كردووەتەوە كە ئەمەش وەكو بێمنەتی ئەوان دەردەخات، لەهەمان كاتیشدا بێڕێزی كردنە بەخەڵكی كوردستان». ئەو هاووڵاتییەی گوندی هرور پێشیوابوو توركیا هەر ناوچەیەك داگیربكات بەمۆڵكی خۆی دەزانیت و هەر شتێك لەو ناوچانە بێت بۆ خۆی دەبات و بەهیچ شێوەیەك ئەو ناوچانە رادەستی هەرێم ناكاتەوە كەئەمەش گەورەترین زیانە بەخەڵكی سنوری قەزای ئامێدی. «هەر ناوچەیەك بیانەوێت دار ببڕن دەتوانن، چونكە هیچ كەس و لایەنێك نایەتە سەرخەت، وابڕوات تەواوی سروشتی ناوچەكە تێكدەدەن، بەشێك لەو دارانەی دەیبڕن بۆ خۆگەرمكردن بەكاریدەهێنن و بەشێكی تر دەگوازنەوە بۆ توركیا، ئەویش لە رێگای ئەو شەقامانەی كە دروستیان كردووە لەنێوان خاڵە سەربازییەكانی خۆیان و شارەكانی باكوری كوردستان و بەئاسانی دار دەگوازنەوە « رەمزی بەدەل وادەڵێت. موختاری گوندی هرور دەڵێت سوپای توركیا نۆ خاڵی سەربازی لەسنورەكەیاندا جێگیركردووە. ئازاد ئەدیب، موختاری گوندی هرور لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سوپای توركیا نۆ خاڵی سەربازی لەسنورەكەمان جێگیركردووە، ئەو سەربازانە كە زۆرینەیان خەڵكی پارێزگاكانی باكوری كوردستانن خۆیان قسەیان لەگەڵ ئێمە كردووە، وتیان ئێمە بۆ هەر خاڵێكی سەربازی 500 تەن دار دابین دەكەین لەوەرزی سەرما بەكاریدەهێنن بۆ خۆگەرمكردنەوە، ئەو دارانە هەموویان لەناوچەكانی ئێمەیان بڕیوە ، دار هەبووە تەمەنی سەرووی 100 ساڵ بووەو بڕاوە». موختیاری گوندی هرور، باسی لەوەشكرد كە ئەم هاوینە 50 خێزان لەناو گوندی هروردا دەژیان، ئێستا ژمارەیان كەمبووتەوە بۆ 23 خێزان، لیژنە هاوبەشەكەی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان هیچیان نەكردووە، تەنیا لەو رۆژانە چەند قسەیەكیان كرد وتیان بە دواداچوون بۆ كێشەكانتان دەكەین، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە «. قایمقامی قەزای ئامێدی دەڵێت زانیاری نییە لەچ ناوچەیەك داربڕینەوە هەیەو قەبارەكەی چەندە. وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « چەند مانگێكە وەك قایمقامی قەزای ئامێدی دەستبەكاربووم، بۆیە نازانم لەچ شوێنێك دار هاتوونەتە بڕین یان قەبارەی ئەو دارانە چەندە، ئەمە پێویستی بە ڵێكوڵینەوەیەكی وردو مەیدانی هەیە». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجامی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق هیچی لێی دیارنەبووە بۆ پرسی قەرەبووكردنەوە و بۆردوومانكردنی ناوچەكە هەمووی بەشێوەی راپۆرتێك ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراوە. لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای دهۆك خۆیان لەقەرەی بڕینی دارەكانی ناوچەكانی بادینان نادەن. سەباح عەلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « ئەم پرسە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكدایە، بابەتەكە پەیوەستە بەدوو وڵاتەوە پێویستە لەسەر ئاستی باڵا وەكو سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان قسە لەسەر پرسی داربڕین بكەن، ئێمە بەدواداچوونمان كردووەو راپۆرتیشمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە «. سەباح عەلی پێشیوابوو دەبوایە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دانیشتنێكی تایبەتیان لەسەر پرسی داربڕین بكردایە لەلایەن سوپای توركیاوە، وتیشی:» هەموومان لەسەر ئەو پرسە كەمتەرخەمین، پێشنیار دەكەم پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دانیشتنی تایبەت لەسەر پرسی داربڕین بكەین تا زیاتر ژینگەی كوردستان تێكنەدرێت».
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی دووکەڵی خەڵووزەوە، دایکێک و چوار منداڵی لە گوندێکی نزیک ئاکرێ خنکاون و ئێستا تەرمەکەیان لە نەخۆشخانەی ئاکرێیە. كەسێی نزیكی قوربانیەكان بە هاوڵاتی وت:" رووداوەکە لە گوندی قوپکی سەر بە شارۆچکەی گرەسێنی ئاکرێ روویداوە، دایکەکە و چوار منداڵەکەی لە خەودا بوون و بەهۆی ئەوەی خەڵووزیان کردووەتە نێو تەنەکەیەک و دواتر ئاگرەکەی کوژاوەتەوە و بووەتە دووکەڵ، خنکاون. وتیشی:" یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی 28 ساڵە و خاوەنپێداویستیی تایبەتە، سێ منداڵەکەی دیکەش یەکیان لە پۆلی سێی بنەڕەتی بووە و ئەوی دیکەش لە پۆلی پێنج . بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو پیاوی خێزانەکە پێشمەرگەیە و لە دەوام بووە. ناو و تەمەنی دایک و منداڵەکانی 1- بیلمەس مستەفا، تەمەن 42 ساڵە 2- رەوان عوزێر خدر، تەمەنی 9 ساڵە 3- موراد عوزێر خدر، تەمەنی 11 ساڵە 4- سەعد عوزێر خدر، تەمەنی 28 ساڵە 5- خەلات عوزێر خدر، تەمەنی 12 ساڵە
هاوڵاتی نوێترین داھێنانەکانی ئاسیاسێڵ؛ “Yooz” لاوان دڵخۆش دەکات لە میانەی ئاھەنگی دەستپێکە گەورەکەی وئاشکراکردنی تایبەتمەندییە بێشومارەکانی بەغدا، 22 کانونی یەکەم (دیسەمبەر) 2021 – شاری بەغدا شەوی رابردوو ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی YOOZ ی بەخۆیەوە بینی لە میانەی بۆنەیەکی زۆر گەورە ودڵخۆشکەردا کە بۆ ئەو مەبەستە سازکرابوو وبووە مایەی سەرسامبوونی گەنجانى عێراق. بۆ یەکەمجار ولەلایەن ئاسیاسێڵەوە، کە پێشەنگی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە عێراق وگەورەترین پاڵپشتی گەنجانە، پەردە لەسەر پلاتفۆرمی YOOZ لادرا. ئەم داھێنانە بێوێنەیە بە تازەترین پلاتفۆرمی بێهاوتا ھەژماردەکرێت کە ئاسیاسێڵ پێشکەشی لاوانی دەکات کە بە تایبەتی بۆ گەنجانی عێراق دیزاینکراوە. ئەوەی ئاهەنگەکەی ڕازاندبووەوە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر بوو لە لێپرسراوانی حکومی ودیبلۆماسی وکەسانی بەناوبانگ وخاوەن کاریگەریی، سەرەڕای ئامادەبوونی 15000 میوان کە بە خزمەتگوزاریی YOOZ ئاشناکران؛ کە ئەویش سیمکارتێکی ئەلکترونییە بوار بۆ بەکارهێنەرانی دەڕەخسێنێت کۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە لە بەرامبەریدا پارە دەدەن، ئەمە بێجگە لە چەندین تایبەتمەندی کە بێشومار لە پێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەنجانی عێراق. بەڕێز عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکار کۆمپانیای ئاسیاسێڵ خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە دەسپێکی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی YOOZ دەربڕی و لە وتەیەکیدا بەو بۆنەیەوە وتی: "زۆر خۆشحاڵین کە لە ناوجەرگەی بەغدای پایتەختەوە خزمەتگوزاریی Yooz پێشکەش دەکەین. بە ڕادەی گرنگی بەغدای پایتەخت بۆ عێراق، پلاتفۆرمی Yooz نوێنەری ڕۆحی ئەو گەنجانەیە کە لە هەوڵدان بۆ شەفافیەت و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی. لاوان توێژێکی هەمەچەشنن لە ڕووی حەز وئاوات وپێویستییەکانیانەوە، ئێستا سەربەستی تەواویان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پاکێجەکانی تایبەت بە خۆیان وسوود وەرگرتن لەو بژاردە وتایبەتمەندییە بێسنوورانەی ئەو پاکێجانە دەستەبەری دەکەن بەوپەڕی شەفافیەتەوە، وە بەباشی دەزانن هەر دینارێك کە خەرجی دەکەن بۆ کوێ دەچێت. YOOZ بەڵێنی ئەوە دەدات کە پاڵپشتی هەمیشەیی لاوان دەبێت، ئەوان پاکێجگەلێكیان دەویست کە بە جۆرێك دزاینکرابێت لەگەڵ پێویستییەکانیاندا بگونجێت، ئێمەش گوێمان بۆ ڕاگرتن و ئەمڕۆ هەستاین بە پێشکەشکردنی. ئێستا گەنجان ئەتوانن کۆنتڕۆڵی خەرجکردنی ئەو پارەیە بکەن کە لە پاکێجەکاندا سەرفی دەکەن. لەم پلاتفۆڕمەدا گەنجان دەتوانن بە خواستی خۆیان پاکێجەکانیان بۆ پەیوەندی، ئینتەرنێت و کورتەنامە وهەروەها کارتی MOODی تایبەت بە خۆیان بەکاربهێنن وچێژ وەربگرن لە بەشداریکردنی بێبەرامبەر لە دڵخوازترین ئەپلیکەیشنەکانی فیلم و گۆرانی ویارییە تایبەتەکان لە فرۆشگەی Play Store، ئەمە بێجگە لە هەڵبژاردنی ژمارەی مۆبایلەکانیان! ئامانجمانە خزمەتی بەشداربووانمان بکەین لە ڕێی دابینکردنی پشتگیریی تەکنیکی وپڕۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان کە دەتوانێت ڕەوشی کۆمەڵگە باشتربکات وشارەزایی ومەعریفەش زیاتر بکات. لە داهاتووشدا دەستپێشخەری زیاترمان دەبێت کە شوێنپێی دەستپێشخەرییەکانی ڕابردوومان هەڵدەگرن لە ڕووی جوانی و نایابی وگشتگیرییەوە." لەم ڕووداوە مەزنەدا، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەر تەنها تەکنەلۆجیای مۆدێرنی بواری پەیوەندییەکانی پێشکەش نەکرد، بەڵکو ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش وگرنگی خستەڕوو ئەویش ئەوە بوو کە ئاهەنگەکە بە دەسپێکێکی سەرنجڕاکێش وپڕجۆش وخرۆش دەستیپێکرد؛ بە دەرکەوتنی شەش دەفژەن لە هەوادا کە دەستپێکردنی بۆنەکەیان ڕاگەیاند وچەند نمایشێکی ڕووناکی ڕەنگاوڕەنی لێزەریی لەخۆگرتبوو کە پێشتر لە وێنەی نەبووە. تایبەتمەندییە زۆرەکانی YOOZ لە ڕێگەی نمایشێکی سەرسوڕهێنەرەوە لە پێشەکی بۆنەکەدا ڕوونکرانەوە کە لەسەر ستەیجی شانۆکە پێشکەشکرا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای هۆڵۆگرام وسەماکارانی شاراوە کە بە تایبەتی هاتبوون بۆ پێشکەشکردنی نمایشەکان لەم بۆنە گرنگەدا وبە لۆگۆی YOOZ ـەوە. وە مەراسیمی ئاهەنگەکە بەردەوام بوو بە ئامادەبوونی هونەرمەندی عێراقی ستار سەعد کە بەدرێژای شەو جۆشوخرۆشی جەماوەری ئامادەی ئاهەنگەکەی زیاترکرد وجەوی ئاهەنگەکەی خۆشترکردبوو. مەراسیمی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمەکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ وەکو کۆمپانیایەکی پێشەنگی تەکنەلۆجیا بەردەوامە لە بەخشین لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنجانەوە وتوانیویەتی بەدجیتاڵکردن بهێنێتە ناو سەرجەم کایەکانی ژیانەوە. YOOZ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی داهێنەرانەیە بۆ گەنجان. لە ئاهەنگەکەدا 15000 میوان کۆدی QR یان سکان کرد کە لەسەر شاشەیەکی زەبەلاح دەرکەوتبوو ودەستبەجێ ئەپلیکەشنی YOOZ یان دابەزاند وئەم ئەزموونە تازەیان تاقیکردەوە. سیمکاری YOOZ ئێستا بەردەستە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت دەستبکات بەم ئەزموونە دیجیتاڵیە پێشکەوتووە نایابە. دەربارەی ئاسیاسێڵ ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق وله 1ى كانونى دووەمی 2021 ــەوە ژمارهى بهشدرابووی ڕەزامەندی14.7 مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزای 4G بە کوالیتی یەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته فراوانترين تۆڕى مۆبايل له بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی 2021، ئاسیاسێڵ وەکو خێراترین خزمەتگوزاری 4G لە عێراق لەلایەن Speedchecker® وگشتگیرترین ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت لە Ookla ® ـەوە دەستنیشانکرا. بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com
کاکەلاو عەبدوڵا ئەو سیاسەتمەدارەی گوژمێکی گەورەی بە ئابوری تورکیاداو گەیاندییە ترۆپک بەجۆرێک ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بووژاندەوەو بەجۆش و خرۆشەوە ستایشیان دەکردو پێیان هەڵدەدا، ئێستا هەر هەمان سیاسەتمەدار بە سیاسەتە ئابورییەکانی دەستی خستووەتە بینەقاقای هاووڵاتیانی وڵاتەکەی و خەڵکی تورکیا گەشتوونەتە ئاستێک کە چەندین کاتژمێر سەرە دەگرن بۆ کڕینی نانی هەرزان. رۆژانە لەتورکیا خەڵک لەسەرەی ناندا چەندین کاتژمێر بەسەردەبەن تەنها بۆ ئەوەی بە پارەیەکی هەرزانتر بیکڕن و ئەو بڕە کەمەی دەمێنێتەوە لە شتێکی تردا خەرج بکەن بۆ ئەوەی بەرگە بگرن لەو دۆخە سەختە ئابورییەی تووشی بوون. تا دێت لیرەی تورکی بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەستدەدات و ئەمەش ژیانی هاووڵاتیانی تورکیای سەخت کردووە چونکە ئیتر پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەیان پێ ناکڕدرێت و رۆژ لەدوای رۆژ نرخ زیاتر بەرزدەبێتەوە. بەهۆی سیاسەتە ئابورییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لیرەی تورکی لەمساڵدا لەسەدا ٥٠٪ی بەهاکەی لەدەستدا کە بەشیکی زۆری لەمانگی رابردوودا بوو بە لەدەستدانی لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار، پێش ئەوەی لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا لەسەدا ٢٥٪ی بەهاکەی بۆ گەڕایەوە دوای وتارەکەی سەرۆکی تورکیا کە داوای لە هاووڵاتیان کرد پارە هەڵگیراوەکانیان بە لیرە دابنێن و ئەمەش بووە هۆی فرۆشتنی یەک ملیار دۆلار لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا و لەئەنجامدا یەک دۆلار لە ١٨ لیرەوە گەیشتە ١٢ لیرە. سەرە بۆ نانی هەرزان لە گەورە شاری ئەستەمبوڵ خەڵک بە کاتژمێر سەرە دەبەستن بۆ کڕینی نانی هەرزان، ئەو نانەی لەڕێی پرۆگرامی «نانی گشتی» حکومەتەوە دابین دەکرێت بۆ هاووڵاتیان. لە ئەستەمبوڵ هەزارو ٥٠٠ کۆشک ئامادەکراوە بۆ دابەشکردنی ئەم نان و سەمونە هەرزانانە کە هەر دانەیەک بە یەک لیرەو ٢٥ قروشە کە دەکاتە نۆ سەنت لەکاتێکدا نانێکی ئاسایی لە شوێنی تر بە دوو لیرەو ٥٠ قروشە واتە ١٨ سەنت. هەرچەندە جیاوازییەکە زۆر نییە، بەڵام ئەو پارەیەی دەمێنیتەوە زۆرە بۆ هەزار دانیشتووی ئەستەمبوڵ. نیازی تۆپراک یەکێکە لەو هەزارەها دانیشتووەی سەرەی بۆ نانی هەرزان گرتووە و دەڵێت: هەمووشتێک گرانە، هەر لە خواردنەوە بۆ نان، لەکراسەکەتەوە بۆ ئەو گۆرەوییەی لەپێی دەکەیت. تۆپراک خانەنشینێکی تەمەن ٧١ ساڵە و بۆ جەزیرەی ئینگلیزی قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی خانەنشینییەکەی بەشی خێزانەکەی ناکات. «مووچەی خانەنشینییەکەم تەنها ٨٠٠ لیرە (٥٨ دۆلار)ە، بۆیە ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی لەم رۆژانەدا پێی بژیت»، تۆپراک وای وت. «ئێمە چوار کەسین لە ماڵەوەو کرێی خانوەکەمان دوو هەزار لیرە (١٤٠ دۆلار)ە، هەر یەکێکمان لانیکەم رۆژی نانێک دەخۆین، بۆیە بەنیازم چوار نان لێرە بکڕم، دەبێت ئەم ماوەیە چەنێک بتوانیت پارە خەزن بکەیت»، تۆپراک وا دەڵێت. لەساڵی ٢٠٠٣ەوە پارتەکەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدایە و سەرکەوتنتە یەک لەدواییەکەکانی بەشێکی زۆری بۆ ئەو گەشە ئابورییە دەگەڕێتەوە کە ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵات بۆ تورکیای بەدەستهێنا. قەدری تەستان، زانایەکی باڵای بانکی ئەڵمانی مارشال فەند بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راگەیاند، «تورکیا لەدەیەی یەکەمی حوکمی ئەردۆغاندا بە موعجیزە لێکدەدرایەوە.» هەژاری لەسەدا ٥٠% کەمی کرد، ملیۆنەها کەس لە چینی هەژارەوە هاتنە چینی مامناوەندو وەبەرهێنی دەرەکیش بەپەرۆش بوون کە پارە بخەنە قەرزەوە. بەڵام ئێستا هەڵئاوسان لەوڵاتەکەدا گەیشتووەتە سەروو لەسەدا ٢١٪ و لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو تا دێت هاووڵاتیان کەمتر شتیان پێ دەکڕدرێت. بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکانەوە ئەردۆغان رەخنەی زۆری لێدەگیرێت لەلایەن بازرگانان و ئۆپۆزسیۆنەوە بەڵام سەرۆکی تورکیا دەڵێت ئەم سیاسەتەی لەماوەی درێژخایەندا وڵاتەکەی وا لێدەکات لەسەر پێی خۆی بوەستێت و پشت بەکەلوپەلی دەرەوە نەبەستێت، هەروەها گەشەی ئابوریش زیاد دەکات. بانکی ناوەندی لە ماوەی سێ مانگدا سوودی قەرزی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٤٪ ئەمەش بەهای لیرەی تورکی بەتەواوی دابەزاندووە و بووەتە داڕمانی ئابوری وڵاتەکە. بە کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکان، ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە بەکاربەران بەپەرۆشتر دەبن بۆ بازاڕکردن و بزنسەکان زیاتر قەرز دەکەن لە بانەکەکان و زیاتر وەبەرهێنان بە پارەوە دەکەن و هەلی کاریش زیاتر دەبێت. ئەردۆغان دەشڵێت ئەگەر لیرە بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلار لەدەستبدات، هەناردەی تورکیا هەرزانتر دەبێت و وا لە بەکاربەرانی دەرەوە دەکات زیاتر بکڕن. ئەوە تا رادەیەک راستە، بەڵام باجێکی قورسیشی لەگەڵە. تورکیا زۆر پشت بە هاوردەی وەک پارچەی ئۆتومبیل و دەرمان و سووتەمەنی و چەندین شتی تر دەبەستێت لە ماددە خاوەکانی تر. کاتێک لیرە بەهای لەدەست دەدات، ئەو بەرهەمانە پارەی زیاتریان تێدەچێت بۆ کڕین. لەهەمان کاتدا سیاسەتەکەی ئەردۆغان وا لە وەبەرهێنەرانی دەرەوە دەکات کە بترسن و وەک پێشتر قەرز نەدەنە بانکەکانی تورکیا چونکە متمانەیان بە لیرە نەماوە. لەچاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەردۆغان رایگەیاند، «درەنگ یان زوو، هەروەک چۆن کاتێک دەسەڵاتم وەرگرت هەڵئاوسانمان گەیاندە لەسەدا ٤٪، هەر بەو جۆرە جارێکی تر کەمی دەکەینەوە، بەڵام ناهڵێم هاووڵاتیان و گەلەکەم لەژێر سوودی قەرزدا تێکبشکێن.» هەڵئاوسان لەساڵی ٢٠١١دا کەمبووەوە بۆ لەسەدا ٤٪ ، کاتێک ئەردۆغان سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام لەوکاتەوە بەرزی بەخۆیەوە بینیوەو تەنها لە مانگی رابردوودا بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای لیرەوە هەڵئاوسان لەسەدا ٣.٥٪ بەرزبووەوە و بەپێی ئاماری حکومەت، بەکۆی گشتی گەیشتە سەروو لەسەدا ٢١٪، شارەزایانی ئابوریش دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخەی تورکیا بەردەوام بێت هەڵئاوسان دەگاتە لەسەدا ٣٠٪. رەخنەگرانی حکومەت دەڵێن ئەو رێژەیە زۆر زیاترە کە حکومەت دایناوە. شارەوانی ئەستەمبوڵ، کە لەلایەن سەرۆک شارەوانی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی سەر بە پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەلی کۆماری (جەهەپە)ەوە بەڕێوە دەبرێت، رێژەی خۆی لەسەر هەڵئاوسان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت خەرجی ژیانکردن لەشارەکەدا لەسەدا ٥٠٪ بەرزبووەتەوە لەساڵێکدا. بەپێی ئۆفیسی ئاماری ئەستەمبوڵ، نرخی گەنم لەسەدا ١٠٩٪، رۆنی گوڵەبەرۆژە لەسەدا ١٣٧٪، کلێنس لەسەدا ٩٠٪، شەکر لەسەدا ٩٠٪، هەروەها غازی سروشتی لەسەدا ١٠٢٪ بەرزبوونەتەوە. هاووڵاتییەکی تورکی کە لەسەرەی ناندا دەوەستێت و پیشەکەی کارەباچییە، دەڵێت: خەڵک لە ئازاردا دەژین، من ئێستا ناتوانم پارەی تەواوەتی بەدەست بهێنم بۆ ئەوەی پێی بژین. ئەو کارەباچییە بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز قسەی کردووە و باس لەوە دەکات مووچەی مانگانەی دوو هەزار و ٩٠٠ لیرە (٢١٧) دۆلارەو کرێی خانووەکەی لەسەروو دوو هەزار لیرە (١٥٠ دۆلار)ەوەیە. نانەواخانەو سەمونخانەکان بوونەتە داردەستی سیاسەتمەدارەکان نان بەشێکی گرنگی ژیانی هاووڵاتیانی تورکیایە و بەپێی ئاماری یەکێتی پیشەوەرانی نانەواخانەکان هەر هاووڵاتییەک ساڵانە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ کیلۆگرام نان یان سەمون دەخوات. ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆک شارەوانی ئەستەمبوڵ و سەر بەپارتی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، بەرهەمهێنانی «نانی گشتی» زیادکردووە بۆ ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزاری رۆژانە لەیەک ملیۆن ٥٠٠ هەزار نانی رۆژانەوە. خاوەنی سەمونخانەکان دەڵێن لە دوولاوە فشاریان دەکرێتە سەر و ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بێت تووشی مایەپووچی دەبنەوە لەسەر شەڕی سیاسی لایەنە جیاوازەکان. حکومەتی تورکیا فشار دەخاتە سەر نانەواخانە و سەمونخانەکان کە بەهەرزانتر نان و سەمون بفرۆشن لەکاتێکدا رۆژ لەدوای رۆژ نرخی ئاردو دانەوێڵەو غاز و کارەبا بەرز دەبنەوە. «من ناتوانم بزنسەکەم بەرەوپێش ببەم، نرخی ئارد تا دێت بەرز دەبێتەوە»، ئەحمەد ئوجار، خاوەنی سەمونخانەیەک لەئەستەمبول ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت. ئوجار دەشڵێت، «ئێمە لە دوو لاوە لێمان دەدرێت، شارەوانی نانی هەرزان دەفرۆشێت بۆ راکێشانی دەنگ، حکومەتیش نرخی نان بە دابەزیوی دەهێڵیتەوە بۆ هێشتنەوەی دەنگەکانی». جگە لەمانەش لە هەندێک کەرت و پیشەسازی تردا مووچەی کارمەندان دوادەخرێت و پاشەکەوت دەکرێت. گونای ئەکیل، هاووڵاتییەکی ئاسایی تورکیا بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، هاوسەرەکەی لە کارگەیەکی دیزاینکردنی چێشتخانەدا کاردەکات و موچەیان بەنیوە پێدەدرێت. ئەکیل لەکاتی کڕینی شتومەک لە سوپەرمارکیتێک لەلایەن گاردیانەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوەو ئاماژەی بۆ ئەو شاتنە کردووە کە کڕیونی کە ئەوانیش کیلۆیەک پیازو کەلەرمێکی گەورە بووە لەگەڵ ماست و نان. «بۆ ئێوارە ئەمەمان هەیە، نان و ماست و سوپی کەلەرم،» ئەکیل وای وت. «ئێستا هەموو شتێك گرانە، بەحاڵ دەتوانین خۆمان بژێنین، بۆ ئەوەی لە پارەی کرێچییەتی رزگارمان ببێت ئێستا لەگەڵ ماڵی خەزروم دەژین»، ئەکیل وادەڵێت. تەنانەت ئێستا بەشێکی زۆری لایەنگرانی ئەردۆغان بێهیوا بوون و دەڵێن چیتر دەنگ نادەن، ئەو لایەنگرانەی کە ١٠ ساڵ لەمەبەور بەهیواوە دەنگیان دەدا بۆ داهاتوویەکی رۆشنتر. «من ئێستا بۆ کار دەگەڕێم، ناتوانم قەرزەکانم بدەمەوە... هیچ چارەسەرێک نییە و خەڵک بێزاربوون، چەندین ساڵ بۆ (ئەردۆغان) دەنگمدا، بەڵام تەماشاکەن ئیتر ئەو ناتوانێت خۆی رزگار بکات»، هاووڵاتییەکەی شاری کۆنیا بەناوی سەریکایا ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت. بڕیارە لەساڵی ٢٠٢٣ هەڵبژاردنی گشتی لەتورکیا ئەنجامبدرێت و بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە چەند راپرسییەکی چەند ناوەندێکی باوەڕپێکراوی وڵاتەکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەنگیان زۆرتر هێناوە یان پارتی دادو گەشەپیدان (ئەکەپە)ی ئەردۆغان دەنگەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کەئەمە یەکەمجارە شتی لەوجۆرە رووبدات لەساڵی ٢٠٠٣ەوە. «هەرگیز هێندە پشتگیری ئەوەندە کەممان نەدیوە بۆ ئەکەپە لە رابردوودا، بڕوایەکی بەهێز هەیە کە لە ٢٠٢٣دا گۆڕانکارییەکی سیاسی روودەدات»، سینان ئۆڵگن، لە ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە لەئەستەمبوڵ ئەمەی بە ئاژانسی رۆیتەرز وت.
سەركۆ جەمال وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەو چاكسازی و دادپەروەری لەپێدانی كارەبا پێوەری زیرەكی وەك تاكە چارەسەر داناوە كە لەئێستادا لەكۆی یەك ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا یەك ملیۆن و سەد هەزار هاوبەش تەنها 40 ئەمپێر كارەبایان پێدەدرێت. وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستی كرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی. شاخەوان ئەحمەد، كە هاووڵاتیەكی دانیشتووی ناحیەی تەكیەیە بۆ هاوڵاتی وتی: "تائێستا پێوەرەكەمان هیچ كێشەیەكی نەبووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە لەناحیەكەمان خراوەتەكار". هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی گۆران وەهاب لەگەڕەكی بەختیاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" پێوەرەكە هیچ كێشەیەكی نەبووە تائێستا بەڵام وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە نابێت لە 40 ئەمپێر زیاتر بەكاربهێندرێت ئەگەرنا هەڵدەستێتەوە". بەڵام هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی محەمەد عیزەدین، بۆ وتی :"تائێستا چەند جارێك تووشی كێشەی پێوەری زیرەك بووین بەوەی چەند ئامێرێك پێكەوە كاربكات پێوەرەكە هەڵدەستێتەوە و بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەك یاخود زیاتر هەڵنابێتەوە". پێوەری زیرەك دراوەتە سێ كۆمپانیاو ئەوانیش لەڕێگەی "مقاول" بەشێكی كارەكەیان ئەنجامداوە، حكومەتی هەرێمیش بەپێی چەند گرێبەستێكی جیاواز ئەو كارەی ئەنجامداوە. سەبارەت بەو كێشەیە پێشتر وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە: "ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە پێوەری زیرەكیان بەهۆی بارزۆری (بەكارهێنانی زیاتر لە 40 ئەمپێر) یان هەر گرفتێی دیكە دەكوژێتەوەو پاش 250 چركە ناگەڕێتەوە، لەبەر بوونی گرفت لەهێڵی ساردی كارەباكەیانە". وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم دەڵێت:" ئامانجمان لەدانانی پێوەری زیرەك بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبایە بەهاوبەشانی كارەبا". ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ملیۆنێك و 100 هەزار پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا بەستراوە لەكۆی ملیۆنێك و 700 هەزار هاوبەشی كارەبا، ئەمە قۆناغی یەكەمە لەقۆناغی دووەمدا ئەو پێوەرانە كە بەستراون بەسەنتەری كۆنترۆڵەوە كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە دەكەوێتەگەر كە چەند ئۆپشنێكی هەیەو دەتوانیت چەند كارێكی پێ ئەنجامبدەیت، ئێمە تائێستا تەنیا یەك كارمان پێكردووە كە ئەویش سنورداركردنی كارەبایە". ناوبراو باسی لەوەشكرد كە دانانی پێوەری زیرەك كاریگەری هەبووە كەساڵی رابردوو 350 فیدەر ئۆڤەرلۆدیان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبووەتەوە، بەڵام ئەگەر پرۆژەكە تەواو ببێت ئەوكات هەموو شتێك رێكدەخرێت، وتیشی:"پلانەكە بۆ ئەوەیە كە وەزارەتی كارەبا 24 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بەهاوبەشانی كارەبا جێبەجێ بكات". "هەركاتێك كارەبای نیشتمانی زیاتر بێت كاری مۆلیدە ئەهلیەكان كەمدەبێتەوە ئامانجەكەمان ئەوەیە كارەبای نیشتیمانی بكەینە 24 كاتژمێری تا كارمان بەمۆلیدەی ئەهلی نەمێنێت، بۆ ئەوەش ماستەرپلانمان هەیە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە پلان دادەنێین و هەموو شتێك رێكدەخەین بەڵام بارودۆخی دارایی و نەبوونی پارە و سوتەمەنی هەموویت لێ تێكدەدات"، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم وا دەڵێت. هاوكات سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو پێوەرانەی بۆ ماڵان دانراوە پێی دەوترێت تۆڕی زیرەك بۆ سەر فیدەرو گۆڕەر(محاویلە) و عەمودەكانیش دادەنرێت و 40 ئەمپێرە، تائێستا پرۆژەكە 70٪ ی جێبەجێكراوە و لەبەرئەوەش كە زستانە پێوەرەكە لەسەرەتاوە كێشەی دەبێت، زۆر كەس پەیوەندی بەوەزارەتی كارەباوە دەكات كە پێوەرەكانیان كێشەی هەیە". ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان پێیوایە حكومەتی هەرێم لەدابینكردنی كارەبادا شكستی هێناوە. كاروان عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 200 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، پێویستی هەرێم لەمانگی 11 بەدواوە كە وەرزی سەرمایە هەندێك جار دەگاتە حەوت هەزار مێگاوات كارەبا، راستە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كارەبا بەفیڕۆ دەچێت یاخود دەدزرێت، بەڵام بەشەكەی دیكەی تەكنیكییە، بۆیە حكومەت لەمەسەلەی كارەبادا شكستیهێناوە ". هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێوەری زیرەك سیستەمێكە كۆمپانیایەك بەناوی "ئێندرا" دەیكات كە ئەمریكییە سۆفتوێرەكەی دەكات و یەكسەر بەرنامەڕێژی دەكات، بەنیازن كۆبوونەوەیان لەگەڵ بكەن، وتیشی:"ئەگەر 40 ئەمپێر بێت كێشەی تێدایەو هەموو ساڵێك بەو شێوەیەیە لەسەرما و گەرمادا كارەبا كەمدەبێتەوە". كاروان عەبدلوڕەحمان پێشیوابوو وەزارەتی كارەبا مەسەلەی سووتەمەنی دەكەنە بیانوو بەبێ مانا وەسفی كرد، وتی:" ئێمە چەندین رێگەی دیكەمان خستووەتە بەردەم وەزارەتی كارەبا، بەڵام جێبەجێیان نەكردووە".
سازدانی: مەزهەر كەریم فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات كە بافڵ تاڵەبانی ئەوەی راگەیاندووە كە نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت و دەشڵێت:»هێز هێزی یەكێتییەو نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت». مستەفا چاورەش، فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و ئەوەش ئاشكرا دەكات كە» وەك یەكێتی ئێستا ئەوی كە هەمانە بیستو هەشت لیوامان هەیە بێجگە لەوەی وەزارەتو برادەرانی پارتیش رەنگە زیاتریان هەبێت». هاوڵاتی: یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەچی ئاستێكدایە واتا هێزەكانی 70و 80 دەڵێم چی بەسەرهات؟. مستەفا چاوڕەش: یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئیشی رۆژو دوو رۆژو خەیاڵیو كۆمەڵێك قسە نیە، ئێمە دوو هێزی سەرەكین یەكێتیو پارتی دوو هێزی گەورەین كە چەكمان بەدەستەوەیە هەردوولا قیادەی خۆی هەیە. بۆ خۆم لەڕابردوودا یەكێك بووم لەوانەی لەگەڵ هێزەكانی برادەرانی فەلكو فەرماندەیی خۆمان لەساڵانەكانی دوای رووخانی سەدام حسێن دەیان كۆبوونەوەمان كردو وە بەحزوری مام جەلالو كاك مەسعودو هەردوو فەرماندەییەكە ئەوەی كە بۆمان كرا لەڕابردوودا چواردە لیوامان تەشكیل كردووە لەوەزارەتی پێشمەگە، ئێمەو برادەرانی فەلەك كەدادەنیشتین جارێك ئێمە دەچووین بۆ هەولێر جارێك ئەوان دەهاتن بۆ سلێمانی، ئەوكاتەی كاك كۆسرەتیش سیحەتی باش بوو بەشداری دەكرد لەگەڵماندا، زۆر لەو لیوایانەمان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو چواردە پانزە لیوایەی خۆمان لەبەینی خۆماندا ئیتیفاقمان كردووە ئیشی خۆی دەكات. وەك یەكێتی ئێستا ئەوەی كە هەمانە بیستو هەشت لیوامان هەیە بێجگە لەوەی وەزارەتو برادەرانی پارتیش رەنگە زیاتریان هەبێت، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی كە هاوپەیمانەكانیش هاتوون داوامان لێدەكەن چەند كۆبوونەوەیان بەحزور لەگەڵ هەردوولادا كردووە، داوامان لێدەكەن هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوە، پێش هەموو شتێك دەبێت خۆمان قەناعەتی ویژدانی خۆمان هەوڵبەین ئەم هێزە بكەین بەهێزی هەموو خەڵك. پێنج شەش مانگ پێش ئێستا هێزەكانی پشتیوانیمان پێیان دەوت سەرۆك ئەركانو ئەوانە لەهەوەڵدا ئێمە نۆ هەزارمان هەبوو ناردمان، دوایی وتیان زۆرە، پێنج هەزارو تەقریبەن پێنج سەد كەس لەهێزی پشتیوانی ئەوەی تۆپو دەبابەیەو ناقیلەیەو سیلاحە قورسەكان هەموویمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو كیتابمان كردووە چۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە كیتابی بۆ كراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بیستم دوێنێ پێرێ ئەوەشیان ئیمزا كردوەو برادەرانی پارتیش عەینی شتیان كردووە ئەمە بۆ یەكگرتنەوەیە. هەروەها لیوایی شانزەمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا لەواجبدایە لە مەنتیقەی کوڵەجۆو لایی كەركوك لیوایی حەڤدەمان تازە ماوەی یەك دوو مانگە خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەواجبدایە، لیوای تریشمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەحزوری كاك بافڵ بەشداری كردووە لەهەندێك كۆبوونەوە لەگەڵماندا، رێنمایی كردووین لەگەڵ ئەو برادەرانەی كە مەعنین لەگەڵ فەرماندەییو لیژنەكانیان چوون بۆ شوێنەكان لەبەرئەوە ئەمانەشمان هەمووی حازركردووە هەنگاو بەهەنگاو كارەكان دەكەین تا لەساڵی داهاتوودا بتوانین ئەو هێزە بكەین بەهێزی وەزارەتی پێشمەرگە. هاوڵاتی: یەكخستەوەی پێشمەرگە بەوشێوەیە دەبێت ئاخۆ ئامر لیوا پارتی بووە جێگرەكەی یەكێتی بووە یان بەپێچەوانەوە؟ مستەفا چاوڕەش: ئەوە نابێت بەكێشە، كێشەی ئێمە دوژمنەكانمانن، ئێمە دەبێت هەوڵبدەین بەیەك دڵ ئیش بكەین لەعەینی كاتدا لەمەودوا كەلیواكان دەكەین بەیەك لیواكەی یەكێتی بایەكێتی بێت، لیواكەی پارتی با پارتی بێت، بەڵام هەمووی سەر بە وەزارەت بێت، ئەمەش هەنگاوێكە بۆئەوەی ئەو ورتە ورتە نەمێنێت بۆ جێگرەكەی فڵانە بۆ جێگرەكەی تەرەفی ترە هەوڵدەدەین ئەو هێزانەی حازریان دەكەین هەمووی سەر بەوەزارەت بێت. هاوڵاتی: دواخستی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەتەواوی هۆكارەكەی سیاسیە یان لەڕووی داراییەوە گرفتتان بۆ دروست بووە؟ مستەفا چاوڕەش: خەڵك دەڵێت هێزی پێشمەرگە دەبێت یەكبخرێتەوە، ئەی مەسەلەی ئیقتیسادی لەهەموو شتێك گرنگتر نیە، پێشمەرگە معاشی دەوێت داعش لەمڕۆژانەدا بۆچی زەفەری پێبردین غەیری ئەوەی ئێمە ئەو ئیمكانیەتو شتەی مەفروز بوو ئەو پێویستیانەی كە هەیە بۆ هێزەكان، ئەو شتەی داعشێك بەو هەمووخراپیەی خۆیەوە هەندێك چەكی هەبێت ئێمە نەمانبێت ئەوان هەیان بێت، تۆ ئەو هەموو هێزە یەكدەخەیت نابێت مقەڕاتی باشی هەبێت، ئەوەی ئێستا هەیە دەبێت باشتری بكەین. هاوڵاتی: لەسكرتاریەتی مام جەلال چەند لیوایەك یەكدەخرێت قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات ئەوە چۆنەو ئێوە ئاگادارن؟ مستەفا چاوڕەش: ئەوە ئیلاقەی بەسەر ئیشی پێشمەرگەوە نیە، ئیشی سكرتاریەتی مام جەلالو هەر هێزێك هەبێت هێزی مام جەلال یان هێزی هەر كاكێك لەكاكەكان سەر بە هێزی ئەم حەفتایەیە، بەڵام دیارە هەندێك تایبەتمەندی خۆی هەیە كاك كۆسرەتیش لیوایەك یان دوانی هەیە، بەڵام ئەوە جگەلەوەی پێویستیەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام سەر بەهێزەكانی حەفتان، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە كاك بافڵ دەڵێت دەبێت هەموو هێزەكان لەژێر ئەمری هێزەكانی حەفتادا بن نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت. هاوڵاتی: بەكرداری قسەكانی بافڵ تاڵەبانی دەست بەجێبەجێكردنی كراوە كە هێزەكان لای بەرپرسان نەمێنن؟ مستەفا چاوڕەش: هێز هێزی یەكێتیە كەس لەپێشمەرگە قارەمانترنیە، ئەوانەی ئەو هێزانەیان هەیە هەموویان مولزەمن، ئەگەر هێز هەبێت لەدەرەوەی یەكێتی تەمەننا دەكەم ئەوەش رێكبخەینەوە. هاوڵاتی: لەكۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم باسی لەوە كرد هەرچی لەتوانایدا بێت دەیكات بۆ هێزەكانی پێشمەرگە؟بەكرداری هیچ شتێك بۆ پێشمەرگە جێبەجێكرا؟ مستەفا چاوڕەش: لەوێ بووم بۆ رۆژی دواتر پەنجا دوربینی حەراریان هێنابوو دابەشی هەشت میحوەرەكە كراوە، چواریان لایی پارتیەو چواری لای ئێمەیە، وەعد دراوە ئەو كەموكوڕیەی دیكە كە هەیە چارەسەر بكرێن، هەر بۆ رۆژی دوایی تر دوو لیژنەیان ناردووە بۆ خوارەوەی جەبهەكان لەڕووی سەنگەرەوە لەڕووی پێویستیەكانەوە قسەی لێكراوە، تەمەنا دەكەین ئەوەی باسكراوە جێبەجێ بكرێت.
هاوڵاتی پەکەکە لەو کاتەوە خراوەتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکا گەورەترین گورزەکانی لە رووی یاسایی و سیاسی و دارایی و راگەیاندن و رێکخراوەییەوە لێدراوە. هەر ئەو لیستە وایکردووە نەک تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایی، بەڵکو بەشێک لە هێزە کوردییەکانیش بە پاساوی تیرۆر دژایەتیی پەکەکە بکەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ داگیرکەران بەتایبەتی تورکیادا بکەن. بەهۆی لیستی تیرۆرەوە ٧ کەناڵی ئاسمانیی نزیک لە پەکەکەو ژمارەیەک رۆژنامەو گۆڤار لە ئەوروپا داخراون. تەنانەت بەهۆی ئەو لیستەوە حەلیم دەنەری لایەنگری مەدەنیی پەکەکە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە تەقەی لێکراوەو کوژراوە. ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند و رێکخراوەکانی پەکەکە، یان نزیک لە پەکەکە داخراون. لایەنگران و ئەندامانی پەکەکە بۆ خۆپاراستن لەداخستن و گرتن بە بەردەوامی کەناڵ و رێکخراوی نوێ دروستدەکەن و بەفۆرم و شێوەی تر درێژە بەکارەکانیان دەدەن. تورکیا بە پاساوی تیرۆر هەموو ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوخۆی تورکیا، باکووری کوردستان، رۆژئاواو باشووری کوردستان لەدژی پەکەکە ئەنجام دەدات. هەر بەو پاساوە بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی داگیرکردووە و دەیان بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری لەو بەشانەی کوردستاندا دروستکردووە. تورکیا بەپاساوی تیرۆر ٧ حزبی کوردی لەباکوری کوردستان داخستووەو هاوسەرۆک شارەوانیەکان، پەرلەمانتاران و چالاکوانان زیندانی دەکات. رێکخراوە جۆراوجۆرەکان مەدەنییەکان، کەناڵەکان و رۆژنامەکانی کورد دادەخات. جگە لەوانە بەهۆی لیستی تیرۆرەوە پەکەکە دونیای دیجیتاڵ میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ قەدەغەیە و بەخێرایی پەیج و ئەکاونتەکانیان دادەخرێت. هەوڵێکی زۆر چڕ هەیە بۆ ئەوەی پەکەکە لە زمانی پەکەکەوە نەناسرێت، بەڵکو لەزمانی کەسانی تر، کە زۆربەیان نەیاری پەکەکەن، کار بۆ ناساندن و پێناسەو وێناکردنی پەکەکە دەکرێت، بەڵام لەو دونیا بەرفراوانەی دیجیتاڵ میدیادا رێگا نادرێت پەکەکە خۆی خۆی بناسێنێت. هەر ئەوەندەی سەکۆیەک و ئەژمارێک دەکەنەوە و ژمارەیەک کەسی لە دەور کۆدەبێتەوە بەخێرایی دادەخرێت، بەڵام ئەوانەی لە دژی پەکەکە بابەت دەنووسن، رێکخراوەکانیان، ئەژمارەکانیان و دونیای دیجیتاڵ میدیا بە روویاندا کراوەیە. ئەو لیستە بووەتە گەورەترین پاساو بۆ رێگریکردن لە کارەکانی پەکەکە لەزۆربەی هەرە زۆری وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دیوی پشت ئەو لیستە چییەو چی دەگوزرێت. پەکەکە و دۆستەکانی چییان کردووە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستانەدا. چیرۆکی لیستی تیرۆر بۆ پەکەکە یەکەم قەدەغەکاریی فەرمی لە دژی پەکەکە لەوڵاتانی رۆژئاوادا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەیڕەو کرا. ئەڵمانیا لە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لەساڵی ١٩٩٣دا پەکەکەی خستە لیستی رێکخراوە قەدەغەکانەوە. ئەمریکاش لەساڵی ١٩٩٧ پەکەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە. لە دوای هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی نیویۆرک لە ١١ی سێپتەمەری ٢٠٠١دا لیستی نوێی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە دروستکران. سەرەتا پەکەکە لە هیچ یەک لەو لیستانەدا نەبوو، بەڵام دواتر لەسەر گوشار و داوای تورکیا پەکەکە خرایە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکاوە. تورکیا بۆ دانانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ٧٠ ئارگۆمێنتی پێشکەشی ناتۆو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەشێکی زۆر لەو ئارگۆمێنتانەی تورکیا خودی تورکیاو ئەڵمانیا و بەشێک لەوڵاتان و کۆمپانیاکانیشی پێ سزادران. دۆسیەی دوسلدۆرف یەکێک لەو ئارگۆمێنتانە رووداوە ناوخۆییەکانی رێکخستنەکانی پەکەکە بوون لە دوسلدۆرف، کە بە کەیسی دوسلدۆرف دەناسرێن. لەو کەیسەدا ئەڵمانیا بڕیاری گرتنی بۆ دوران کاڵکان و عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد. دوران کاڵکان لەسەر ئەو بڕیارە لە ئەڵمانیان گیرا و بەهۆی ئەوەی ئۆجالان لە بوقاع بوو ئەڵمانیا نەیتوانی بیگرێت. کاڵکان ماوەی ٦ ساڵ لەئەڵمانیا زیندانیکرا. دوای ئەوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ لەئازادکردنی کاڵکان و رەخسانی دۆخی ئەوەی، کە پەکەکە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، کاڵکان لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە دۆسیەکەی خۆی بردە دادگای مافی مرۆڤی ئەڵمانیاو لەسەر ئەو دۆسیە ئەڵمانیا مەحکوم کراو بەوەش هۆکارو پاساوەکانی بڕیارەکە بۆ دەستگیرکردنی ئۆجالان و کاڵکان بە عەمەلی پووچ بوونەوە. دۆسیەی پاڵمە دۆسیەکی تری گرنگ، کە پەکەکەی زۆر پێ تۆمەتبار دەکراو کرابووە یەکێک لە ئارگۆمێنتە گەورەو بەهێزەکان بۆ ئەوەی پەکەکەی پێ بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، تیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید بوو لە ساڵی ١٩٨٦ دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید. راگەیاندنەکانی تورکیاو ئەڵمانیا و سوید زۆر بەخێرایی بە چەندین هەواڵ و راپۆرت پەکەکەیان کردە بەرپرسیاری تیرۆرکردنی پاڵمە. لەسەر داوای پۆلیسی ئەمنیی سوید (ساپۆ) داوا لە پۆلیسی ئەڵمانیا کرا وێنەی ئەو کەسە بکێشنەوەو بڵاوی بکەنەوە کە پاڵمەی کوشتوە، ئەوانیش وێنەی کەسێکی قژ رەش و ئەسمەر، کە هاوشێوەی کەسێکی کورد بوو کێشا و وتیان، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان ئەوە بکوژەکەی پاڵمەیە و پەکەکەیە. لە سوید لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە ٣٠٠ کورد کرا. تەنانەت ٧٠ کەسی کوردو رێکخراو و حزبی کورد لە سوید لەو کاتەدا پەکەکەیان ئیدانە کرد. لەو نێوەندەدا کەس گوێ لە راگەیاندراوەکەی پەکەکە نەگرت، کە رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییان بە تیرۆری پاڵمەوە نییە. جگە لەوەش هاوسەرەکەی پاڵمە، کە کاتی تیرۆرەکە لەگەڵیدا بوو چەند جارێک وتبوی ئەوەی پاڵمەی کوشتوە، کەسێکە سەروچاوی لە ئەوروپی و ئەسکاندیناڤی دەچوو، بەڵام دەسەڵاتەکانی سوید، ئەڵمانیا و ناتۆ گوێیان لە قسانە نەگرت و هاوسەرەکەی پاڵمە لە دوای ئەو لێدوانانە بە تەواوی گۆشەگیری و بێدەنگیی هەڵبژارد، یان بێدەنگ کرا، بەڵام دوای ٣٤ ساڵ داواکاری گشتیی سوید رایگەیاند، بکوژی پاڵمە کەسێکە بە ناوی ستیگ ئێنگسترۆم-ەوە کوژراوە. بەوەش تۆمەتی تیرۆری پاڵمە بەسەر پەکەکەوە نەما، بەڵام ئەو چالاکوان و هاووڵاتییە کوردانەی لە سوید راستەوخۆ بوونەتە قوربانی و ساڵەهای ساڵە نەیانتوانی لەگەڕەکەکەی زیاتر بۆ هیچ شوێنێک بڕۆن لەگەڵ چالاکوان و پەکەکە داوا دەکەن، سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و پەکەکەش لەلیستی تیرۆر دەربهێنێت. دادگاکانی بەلجیکا لە دوای داخستنی کەناڵی ئەسمانیی رۆژ تیڤی لەسەر داوای تورکیا داوا لە بەلجیکا کرا ٧٠ کەسایەتی و چالاکوان بە تۆمەتی تیرۆرو ئەندامی پەکەکە دەستگیر بکات و رادەستی تورکیایان بکاتەوە، کە ناوەکانی رەمزی کارتاڵ و زوبەیر ئایدار لەو لیستەدا بوو. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگایکردن دەستپێکرد، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی تورکیاو هاوپەیمانەکانی بوو. دادگای بەلجیکا راگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و ئەوەی روویداوە لە چوارچێوەی جەنگی ناوخۆ لە تورکیا روویداوە. ئەوە ململانێیەکی زۆری لێکەوتەوە، لە دادگای بەراییەوە تاوەکو دادگای ویلایەت لە ویلایەتەوە بۆ دادگای باڵا و لە ئەنجامدا دادگای دەستووری بە گشتی لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا هەموو دادگاکانی بەلجیکا رایانگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و داواکەی تورکیای بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانە رەتکردەوە. دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا و دادگای لوکسەمبۆرگ لەبەردەوامیی هەوڵەکانی پەکەکە بۆ دەرهێنانی ناوەکەی لەلیستی تیرۆردا، موردا قەرەیلان و دوران کاڵکان بە ناوی پەکەکەوە سکاڵایان لەدژی ئەو بڕیارە و ئەو لیستە تۆمار کردووە و لە رێگەی پارێزەرەکان و ناوەندە یاساییەکانەوە کار بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا دەکەن. یەکێک لەو ناوەندانە پارککەن ئۆلیڤێرای هۆڵەندییە و لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە تانەیان لە لیستەکە داوە. لەسەر ئەو تانەیە و دوای ٤ ساڵ لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە ساڵی ٢٠١٨دا دیوانی دادپەروەریی ئەوروپا دانیشتنی خۆی بەڕێوەبردو رایگەیاند، ئارگۆمێنتەکانی بەریتانیاو ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ داوای مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا لاوازن. هەروەها سکاڵایەکیان لەدادگای لۆکسەمبۆرگ لە دژی لیستی تیرۆرەکە تۆمار کردو لە ئەنجامدا دادگای لوکسەمبۆرگ لەساڵی ٢٠١٧دا رایگەیاند، مانەوەی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا ناهەقییە. مەحکومکردنی وڵاتان بۆ داخستنی کەناڵەکانی نزیک لەپەکەکە لە ئەوروپا جگە لەوانەش لە ئەوروپاو لەسەر داوای تورکیا و بەبڕیاری حکومەتە ئەوروپییەکان و بڕیاری کۆمپانیاکانی مانگی دەستکرد کەناڵەکانی مەد تیڤی، میدیا تیڤی، میدیا خەبر تیڤی، رۆژ تیڤی، میزۆپۆتامیا تیڤی، رۆژنامەی ئۆزگور پولوتیکا و نەورۆز تیڤی داخران، بەڵام لەدوای پرۆسەی بە دواداچوون و تۆمارکردنی سکاڵا داخستنی هەموو ئەو کەناڵانە بە نایاسایی وەسفکراوە و مافی پەخشیان بۆ گەڕاوەتەوە و تەنانەت کۆمپانیای مانگی دەستکردنی یوتێل سات لەسەر داخستنی نەورۆز تیڤی سزای دارایی درا. بەپێی بەڵگەکانی ویکیلیکسیش لە دۆسیەی داخستنی رۆژ تیڤیدا تورکیا بەڵێنی بەسەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دانیمارک ئاندرێس فو راسموس دابوو، ئەگەر راسموس کەناڵی رۆژ تیڤی دابخات، تورکیاش پشتیوانی لێدەکات بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری ناتۆو ئەویش لەبەرامبەر داخستنی کەناڵێکی کوردی، کە بەپارەی ئابونە و هاوکاریی کرێکارانی کورد بەڕێوەدەچوو، بووە سکرتێری ناتۆ. لەو دۆسیەیاندا چەندجارێک ئەڵمانیاو وڵاتانی تر مەحکوم کراون. کەمپەینەکان و هەوڵەکان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لەلیستەکەدا پەکەکە جگە لەو هەوڵانە ژمارەیەک کەمپەین و هەوڵی رێکخراوەیی و مەدەنی و جەماوەریی لە ئاستی ئەوروپا جیهان خستووەتەگەڕ تاوەکو ناوخۆی لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. تا ئیستا لە رێگەی پەرلەمانتارانی دۆستی کوردەوە لە پەرلەمانەکانی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لەوانە پەرلەمانی بەریتانیاو سوید داواکراوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت. لەتازەترین هەوڵدا ١٠٠٣ (هەزار و سێ) کەسایەتی و فەیلەسوف و پەرلەمانتارو سیاسی رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دەستپێشخەرییەکیان بە ناوی «دەستپێشخەریی دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد» راگەیاند. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر دەربهێنرێت. بەشێک لەو کەسانەی بەشدارن لەو کەمپەینەدا بریتین لە، ئێلفریدە جێلینک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و خەڵکی نەمسا، فەیلەسووفی سلۆڤینی سلاڤۆی ژیژێک، سەرنوسەرو هونەرمەندی ئەمریکی جانێت بیهل، وتەبێژی پارتی پشتیوانی ئەفغانی سیلای غەفار، پەرلەمانتاری ئیسپانیی پەرلەمانی ئەوروپا میگل ئوربان کریسپۆ، فەیلەسووفی کرواتی سرێچکۆ هۆرڤات، بەڕێوەبەری گشتیی ئینتەرناسیۆنالیستی پێشکەوتووخواز دەیڤد ئاڕ کەی ئەدلەر، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی ئەوروپا و سیناتۆری ئیتالی رۆبێرتۆ رامپی، وەزیری پێشووی ئیتالیا پاولۆ فێرێرۆ، سیناتۆری باسک لە ئیسپانیا گۆرکا ئیلجاباریتا دیاز، پسپۆڕی مافە نێونەتەوەییەکان پرۆفیسۆر نۆرمان پائچ، سەرۆکی کۆمسیۆنی هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپا - تورکیا (EUTCC)/ نەرویج پرۆفیسۆر کریان وێستەرهایم، نووسەر و سەرنووسەری فەرەنسی نیلس ئەندەرسۆن، ئەندامی دەستەی هەماهەنگیی پشتیوانی لەکوردستان لە فەرەنسا / جۆل دوتۆ، ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دایکانی پلازا دی مایۆی ئەرجەنتینی نورا کۆرتیناس، چالاکوانی ناوداری ئاشتی هیندی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک، سکرتێری گشتیی کۆمسیۆنی هاووڵاتییانی ئەوروپا – تورکیا (EUTCC) پرۆفیسۆر میخائیل م. گیونتەری ئەمریکی، مافناسی ئەڵمانی بیرتهۆڵدا فریسینۆس، پرۆفیسۆری بۆلیڤیایی رائول پرادا ئەلکۆرێزا، وەزیری پێشووی پلاندانانی ڤەنزوێلا رۆلاند دێنیس، سەرۆک شارەوانیی پێشووی کۆپنهاگن ڤیللۆ سیگوردسۆن، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپای خەڵکی دانیمارک پێرنیل فراهم، داکۆکیکاری ناسراوی مافی مرۆڤ سویدی بێنی گوستاڤسۆن، ئێڕلینگ فۆلکڤۆرد پەرلەمانتاری پێشووی نەرویجی، پیا ماریا ڕۆڵ هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی لە نەرویج، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سویدی هاکان سڤینلینگ، دامەزرێنەری لوتکەی جیهانی نوێ د.جۆناس ستاڵی هۆڵەندی، پارێزەرو مافناسی ئەڵمانیا دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر، وتەبێژی جوڵانەوەی ئاشتیی بەلجیکی لودۆ دی برابەندەر. دەرهێنەری ناوداری سینەمایی کێن لۆچ، پرۆفیسۆری فیزیای ناوکیی پاکستانی و شیکاری پاراستنی سیاسیی پرۆفیسۆر پەرویز هودبهۆی، نووسەری ئەمریکی لوسینا کاتمان، شاعیر و نووسەری مەکسیکی جودیت هیلک، فەیلەسوفی هەنگاری جی. ئێم تاماس، ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراوەکانی وەک (Me Ra25 ve DiEM 25) و پرۆفیسۆری ئابوری یانس ڤارۆفاکیس، نووسەرانی سکۆتلاندی جەیمس کێلمان و پاول لاڤێرتی، سیناتۆرە فەڕەنسییەکان پیەر لۆرانت و لۆرێنس کۆهن، لە دامەزرێنەرانی پارتی چەپی ئەڵمانی دکتۆرگریگۆر گیسی، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ فیلیپ پوتو، سەرۆکی چەپی ئەوروپا پرۆفیسۆر دکتۆر هاینز بیرباوم، کاریکاتوریست ئیتاڵی سفرکالیکر، کاندیدی سەرۆکایەتی فەرەنسا ژان-لوک مولنچۆن، ئەندامی بەرێوەبەرایەتیی کۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانی گوستاو ماسیا، سەرۆکی لیژنەی زمانی وەزارەتی پەروەردەی نیپال دکتۆر لاڤا دیۆ ئاواستهی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یونان سۆفیا ساکۆرافا، نووسەر و رۆژنامەنووسی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیکز، بەڕێوەبەری بزووتنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (ماک / MAK) سورەیا سۆغ، یوف ئیلبیلاک، پەرلەمانتاری دانمارکی میشێل ڤانهورنی، ڕێکخەری کۆڕی ژینگەیی چەپی بەلجیکا، ریپۆرتەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسەر پرۆفیسۆر ژان زیگلری سویسری، بەڕێوەبەری یەکێتی مامۆستایانی ئوسترالی جۆن گاوچی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئەرمەنی لە فەرەنسا ئارا تۆرانیان، چالاکوانی ئاشتیی هیندی و بەڕێوەبەری بزووتنەوەی جیهانیی دژە ناوەکی پرۆفیسۆر ئاچین ڤانایک. پلانی کەمپەینی دەستپێشخەری دادپەروەریی نێونەتەوەیی بۆ کورد ئەو دەستپێخەرییە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئامانجی کەمپەینەکە لە رۆژنامەکانی سەرتاسەری ئەوروپاو ئەمریکادا، دەیەوێت لەسەرتاسەری ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئەمریکای باشوورو ئوستورالیا بە دانانی چادرو سەکۆو ستاند لەسەر شەقامەکان ٤ ملیۆن ئیمزا بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەش داوای هاوکارییان لە کەسایەتییەکان و رێکخراوە جۆراوجۆرەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کردووە، کە پشتیوانییان بکەن. لە دوای ئەوەی ئیمزاکان کۆکرانەوە، هەر پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کەمپەینەکە ئیمزاکان دەباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی و داوا دەکات ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەر بهێنرێت. هەروەها ئیمزاکان و داوای کەمپەینەکە بۆ هەموو ناوەندەکان، دامەزراوەکان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاو ناتۆو یەکێتیی ئەوروپاو حکومەتەکان دەنێرن و داوایان لێدەکەن ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنن.
فریشتە ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژە بەوەدەدات كە لۆدێكی زۆریان لەسەرەو پێویستیان بە بینایەكی نوێ هەیە و دەشڵێت:»پێویستمان بەپزیشكی جێگرو كارمەند هەیە بۆ نەخۆشخانەكەمان». نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تایبەت بەنەخۆشانی شێرپەنجە رۆژانە دەیان نەخۆش رووی تێدەكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بڕیاریدا مانگانە بڕی ملیارێك و 700 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەكە تەرخان بكات تا پێداویستییەكانی دەرمان و ئامێری پزیشكی پێ دابین بكەن. ئامارەكانی تووشبوون بەشێرپەنجە ساڵانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك لەساڵی 2019 لەنەخۆشخانەی هیوا سێ هەزارو 118 نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراون كە لەسەدا 24% نەخۆشی پارێزگاكانی عێراق و هەولێرو دهۆك بوون. هەروەها لەساڵی 2020دا، دوو هەزارو 561 نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراوەو لەسەدا 19.2% نەخۆشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەولێرو دهۆك بووە. هاوكات لەمساڵدا 2021، دوو هەزارو 820 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار كراوەو لەسەدا 16.6% نەخۆشی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەولێرو دهۆك بوون. دەشتی لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»سەرەڕای هەبوونی كەموكورتییەكان نەهێڵدراوە هیچ چارەخوازێك لە وەرگرتنی چارەسەرە پێویستەكان بێبەش بكرێن، بەهەبوونی یارمەتی بەردەوامی خێرخوازان و سندوقی كۆمەكی شێرپەنجە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد هەموو ئەو پێویستیانەی بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش بەباشترین كوالێتی جیهانین بەكارهێنانی هەمان ئامێر و پێداویستی پزیشكی كە لەدەرەوەی وڵات بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەرپێشكەش بە نەخۆشەكانیانی دەكەن. جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی:» گەورەترین گرفتی نەخۆشخانەی هیوا نەبوونی بینای گونجاوو ستافی تەواوی كارمەندە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار داوامان بەرزكردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ گەورەكردنی هیوا لەئایندەدا. هاوكات ئەوەشی ئاشكراكرد كار بۆ ئەوە دەكەن بەتەواوەتی بەشی منداڵان لەنەخۆشخانەكە جیابكرێتەوەو نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەمناڵانی تووشبووی شێرپەنجە دابنرێت. جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی دووپاتكردەوە كەدەستنیشانكردنی نەخۆشی و ئاستی شێرپەنجە بەزوویی دەكرێت و نەخۆش لەكەمترین ماوەدا چارەسەری پێویست وەردەگرێت سەرەڕای ئەمە، پلان دانراوە بۆ كردنەوەی سەنتەری پێشوەختە دیاریكردنی شێرپەنجە لەم رێگایەوە، ئەو كەسانەی بۆماوەیی یان گومانی سەرهەڵدانی شێرپەنجەیان لەسەربێت بتوانن پشكنینی پێشوەخت بكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆنترۆڵی نەخۆشیەكەی بكرێت لەئەگەری هەبوونیدا كە تائێستا ئەوەی لەهیوا چارە وەردەگرێت پاش تووشبوونی شێرپەنجەیە. بەئومێدی ئەوەی سنورێك بۆ زیاد بەرزبوونەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان دابنرێت. لەبارەی ئامارەكانی ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەی روونكردەوە كە هۆكاری كەمبوونەوەی چارەخوازەكانی دەرەوەی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەزۆربەی پارێزگاكان سەنتەری چارەسەركردنی شێرپەنجە كراونەتەوەو بەشێك لەنەخۆشەكانی دەرەوە كۆدی تایبەتی نەخۆشخانەی هیوایان بۆ ناكرێت، بەڵكو نەخۆش دەرمان و پڕۆتۆكۆڵی تایبەت بەجۆری نەخۆشییەكەی پێدەدرێت و لەشارەكەی خۆی بەپێی ئەو پڕۆتۆكۆڵە چارەسەر وەردەگرێت. « تۆمارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەبە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوولە نەخۆشخانەی هیوا ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام هاوتا لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوان نەگەیشتووەتە ڕێژەیەكی مەترسیدار و كۆنترۆڵ نەكراو، ئەم زیادبوونە پەیوەندی هەیە بە كۆمەڵێك هۆكاری بۆماوەیی و ژینگەیی، بێگومان هۆكارە ژینگەییەكانی وەك پیسبوونی ئاو و هەوا وخۆراك و هەبوونی كارگەكان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە زیادبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان». د. دەشتی لەتیف وای وت.
هاوڵاتی فەرماندەی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی ئایڤاجیکی سەربە پارێزگای چاناککا لە باکووری خۆرئاوای تورکیا، 43 کۆچبەری نایاسایی کە بزوێنەری بەلەمە پلاستیكییهكهیان تێکچووبوو، لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە رزگارکران. تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان ئاماژەیان بەوەکرد، دوای ئەوەی داواکاری ھاوکارییان لە لایەن گروپێک کۆچبەری نایاسایی کە لە نزیک کەناراوەکانی ئایڤاجیک پێگەشتووە بەمەبەستی هاوکاری کردن پاش ئەوەی بزوێنەری بەلەمە پلاستیكییهكهیان تێکچووبوو رزگارکران. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە 43 کەس بوون و لەناویشیاندا ژن و منداڵ بوونی هەبووە و هەوڵیانداوە بەشێوەی نایاسایی لە دەریاوە گەشت بکەن. باس لەوەشکراوە، کۆچبەرە نایاساییەکان بەڕەچەڵەک بیانی بوون، دوای ئەوەی رزگارکراون گهیهندرانه وشکایی له شارۆچکەی کوچوککویو و دوای تەواوبوونی رێکارەکان رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی بیانییەکانی ئایفاجیک کراونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە شەوی 21ی ئەم مانگە، یەختێکی کۆچبەران بە 70 کۆچبەرەوە کە زۆرینەیان کوردن لە کەنارئاوەکانی یۆنان داوای فریاکەوتن و هاوکارییان کردووە و پەیوەندییەکانیان پچڕاوە. رۆژی24ی مانگی رابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان فەڕەنسا و بەرتانیا نوقوم بوو، بەهۆیەوە 27 کۆچبەر خنکان کە 16 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و تا ئێستا تەرمەکانیان نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و بڕیار وایە هەینی داهاتوو بگەڕێندرێنەوە و کەسێکیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
سەركۆ جەمال راپۆرتی رێكخراوێكی مەدەنی لەسەر ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان زانیاری سەرنجڕاكێشی تێدایە كە 22% ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، بەڵام یاساكانی كوالێتییان لاواز بووەو زۆرترینیان كەمترین قسەیان كردووەو دوو پەرلەمانتاریش بەهیچ شێوەیەك لەماوەی ساڵێكدا قسەیان نەكردووە. ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، راپۆرتێكی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی ساڵێكی كارەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی نێوان یەكی ئازاری 2020 بۆ 28ی شوبانی 2021 بڵاوكردەوە. یەكەم راپۆرتی ئەو رێكخراوە لەسەرەتای ساڵی 2014 بڵاوبووەوە، لەسەر خولی چوارەمی پەرلەمان 13 راپۆرتی بڵاوكردووەتەوە، لەسەر خولی پێنجەمیش ئەمە حەوتەم راپۆرتە واتە كۆی گشتی 20 راپۆرتی لەبارەی پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە. راپۆرتەكە لەلایەن هەریەك لەسەروەر عەبدولڕەحمان وەك سەرپەرشتیارو حەوت كەسی دیكە لە ئینیستیتوتی پەی ئامادەكراوە. ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەتشرینی دووەمی 2013 لەفەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەخولی چواری پەرلەمانەوە دەستیپێكردووە، ئەویش بەهاوكاری سندووقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (نید) ی ئەمریكی. لە راپۆرتی ئەمجارەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەسەر پوختەی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان هاتووە:» لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنیا 61 كاتژمێر كۆبووەتەوەو تەنها چوار پرۆژە یاساشی پەسەندكردووە، لەو ماوەیەدا، ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نۆ دانیشتن بووەو ژمارەی كۆبوونەوەی دواخراو چوار دانیشتن بووەو لەو 19 كۆبوونەوەیەش ژمارەی بڕگەكانی كار 45 برگە بووەو ژمارەی بڕگەی كارجێبەجێكراو 39و ژمارەی بڕگەی كارو جێبەجێنەكراو هەشت بووە. هەروەها راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی یەك ساڵدا پەرلەمان داوای لە 14 ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران كردووە لەهۆڵی پەرلەمان ئامادەبن، كە بریتی بوون لەسەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری دارایی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، تەندروستی، بەڵام پێنج وەزیری دیكە ئامادەنەبوون. لەبارەی ژمارەی كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان، بەپێی راپۆرتەكە لیژنەكان 204 كۆبوونەوەیان كردووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكان لەسەر پرۆژە یاسا نووسراو چوار راپۆرت بووەو ژمارەی راپۆرتی لیژنەكانیش لەسەر پرۆژە یاساكان، كە پێویست بوو بنوسرێت و نەنووسراوە 15 بووە. بەپێی راپۆرتەكە، ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بەراورد بەهەموو خولەكانی دیكەی پەرلەمان خراپترین خول بووە، خول لەدوای خول پەرلەمان لاوازتربووە بەوەی لایەنە سیاسییەكان كەمترین كەسانی بڕیار بەدەست دەنێرن بۆ پەرلەمان. لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە یاساكانی پەرلەمان جێبەجێ ناكرێن و گوێ بەبڕیارەكانی نادرێت، لەپرسە نیشتیمانی و چارەنووسسازەكاندا كەمترین جێدەستی دیارە، هیچ كات لایەنە سیاسییەكان بۆ پرس و را بۆ لای پەرلەمان نەگەڕاونەتەوە. لەكاتێكدا پەرلەمانی كوردستان بەپێی راپۆرتەكە كوالێتی ئەو یاسایانەی دەریكردوون لاوازە، بەڵام 22%ی ئەندامانی پەرلەمان پسپۆڕییان لەیاسادا هەیە، دوای ئەو پسپۆڕییەش راگەیاندن دێت دواتر پسپۆڕیەكانی دیكە. هەر بەپێی راپۆرتەكە 92 ئەندامی پەرلەمان لەم خولەدا ئیمەیلیان نییە كە رێژەكەی دەگاتە 84% لەبەرامبەردا 17 ئەندام ئیمەیلیان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە كە ئەویش 15%ی ئەندامانی پەرلەمان دەكات، 76 پەرلەمانتاریش تۆڕی كۆمەڵایەتییان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمان تۆمارنەكراوە. عەلی حەمەساڵح بەپێی راپۆرتەكە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە كە 91 هەزارو 934 دەنگە، هیمداد سەباح بیلالیش لەنەتەوەی توركمان كەمترین دەنگی هێناوە كە 138 دەنگە، بەهۆی ئەوەش كە حزبەكان كەسێكیان كاندید كردووە بۆ دەنگ كۆكردنەوەو پاشان نەچووەتە پەرلەمان ژمارەی دەنگی قەوارە سەركەوتووەكانی پەرلەمان لەم خولەدا ملیۆنێك و 557 هەزار و 453 دەنگە بەڵام ژمارەی دەنگی ئەوانەی لەپەرلەمانن 738 هەزار و 721 دەنگەو جیاوازیەكە 818 هەزارو 732 دەنگە. لەكۆی 19 كۆبوونەوەی پەرلەمان لەماوەی ئەو ساڵەدا چوار پەرلەمانتار زۆرترین جار ئامادەنەبوونیان لەدانیشتنەكانی پەرلەمان تۆماركراوە كە شەش جار بووە، بەشێوەیەك 33%ی ئەندامانی پەرلەمان لەو ماوەیەدا ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمان نەبوونە، تەنها 28% ئامادەی سەرجەم كۆبوونەوەكان بوون، هەردوو پەرلەمانتار بەختیار شوكری سلێمان لەفراكسیۆنی پارتی و هەژان حەسەن لەفراكسیۆنی یەكێتی لەهیچ دانیشتنێكی ئەو ساڵەدا قسەیان نەكردووە. هاوڵاتی چەندین جار پەیوەندی بەهەریەك لەو دوو پەرلەمانتارەوە كرد بۆ ئەوەی لەسەر راپۆرتەكە قسە بكەن، بەڵام ئامادەنەبوون لەسەر راپۆرتەكەش قسە بكەن. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت :»ئامانجی ئێمە وەكو رێكخراوێكی مەدەنی دروستكردنی فشارە بۆ سەر پەرلەمان كە دامەزراوەیەكی گرنگە تا بەئەركەكانی خۆی هەڵبستێت، بەپێی یاسا ئەو دامەزراوەیە دەبێت رێزی لێبنرێت نەوەك بێبایەخ بكرێت». هەروەها پێشیوابوو كە پەرلەمان تاكە دەزگایە هەموو خەڵكی كوردستان كۆبكاتەوە، «دەمانەوێت لەسەر ئەدای ئەندام پەرلەمانەكان یەكەم راپۆرتە بڵاوببێتەوە، مەبەستمان ئەوەیە بە دەنگدەری كوردستان بڵێین ئەو پەرلەمانتارەی هەڵتان بژاردووە تاچەند لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بووە، چونكە بەپێی پەیڕەو پەرلەمانتار ژمارەیەك ئەركی لەسەرە، مانای نییە پەرلەمانتار قسە نەكات، بەڵام مەرجیش نییە هەر پەرلەمانتارێك قسە نەكات ئەدای باش نەبێت، بەڵام ناكرێت قسەش نەكات و لەلیژنەكان ئامادە نەبێت». راپۆرتەكەی ئینستیتیوتی پەی بەكوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەكرێتەوە بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران و حزبەكان و كونسوڵخانەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی دەنێرن بۆ دروستكردنی فشاری مەدەنی. هاوكات، سەروەر عەبدولڕەحمان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «ژمارەیەك پەرلەمانتار تەلەفۆنیان بۆ كردووم و گلەییان كردووە لەوەی زیاتر قسەیان كردووە، بەڵام ئێمە لەداتاكانی خۆمان دڵنیاین». لەبەرامبەر ئەو راپۆرتەدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: «رێكخراوێك كە من نامەوێت ناوی بهێنم ئەمە چەندەمین راپۆرتیەتی، ئێمە زۆر گوێمان پێنەدەدا، ئێستا تێگەیشتن لەو راپۆرتەدا ئینساف بوونی نییە». وتیشی: «پەرلەمانتار هەیە لەیەك پرۆژە یاسا 22 جار قسەی كردووە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە زۆر كەمتر لەوە قسەی كردووە، پێوانەكردنی پەرلەمانتار لەسەر بنەمای قسە نابێت، هەریەك لەلیژنەكانی پەرلەمان دەیان كاتژمێر قسەیان كردووە، هەر لەبەرئەوەی كامێرای لێ نەبووە هەڵنەسەنگێندراوە، بۆیە داواتان لێدەكەم لەكارەكانی خۆتان بەردەوام بن بێ ئەوەی گوێ بدەن بەو راپۆرتە».
