هاوڵاتى فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند:"حکومەتی هەرێم لەبارەی کێشەی بێ ئاوییەوە ١١ بڕیاری دەرکرد و لەوانەش، "تەرخانکردنی بڕی ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە". دەقی راگەیاندراوەکە: ١- وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار ڕاسپێردرا هەفتەی داهاتوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک بكات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی یاسایی و ڕاوێژی ستراتیژی و بۆردی پڕۆژەکان، بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی ڕووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی و مانگانی جارێک. ٢- تەرخانکردنی گوژمەی ١ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە، بۆ مانگەکانی ٨-٩-١٠ و پێدانی دەستەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار. ٣- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دیراسەیەک و ڕاپۆرتێک ئامادە بکات لەسەر هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی ٤ و پڕۆژەی ئاوی بارزان و دڵنیابوون لە توانای کۆمپانیاکان لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پرۆژانە و دۆزینەوەی سەرچاوەی پارەدارکردن (تمویل). ٤- پابەندکردنی وەزارەتی کارەبا لەماوەی دوو ڕۆژدا بۆ ئهوهی دیراسەیەک ئامادە بکات بە مهبهستی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە. ٥- پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانیی، بە ئامادەکردن و دابینکردنی ئالیات و تانکەر و هەماهەنگی کردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەکانەی كێشهی کەمی ئاویان هەیە. ٦- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە تیایدا دیراسەیەکی ورد لەسەر هێڵی گواستنەوەی ئاو و پاڵاوتنی و پێوەرەکانی ئاو و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو و خەزانەکانی ئاو و کۆکردنەوەی داهاتی ئاو (جیبایە) چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ ئاستێک دایە و ئاستەنگەکانی چین، لە ماوەی ١٥ ڕۆژ بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرزی بکەنەوە. ٧- ڕاسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ناردنی دۆسیەی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لەسەر شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. ٨- ڕاسپاردنی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ دیراسەکردنی ئهوهی تا چەند سوود لە بەنداوەکان وەردەگرین بۆ کارەبا. ٩- ڕاسپاردنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو. ١٠- پابەندکردنی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و کارەبا بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشت و گوزار و کارەبا و ئەوقاف و کاروباری ئایینی و پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی. ١١- ڕاسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی کارکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو. ئەمڕۆش فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم وەک هەنگاوی یەکەم بڕی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ بەرنگاربوونەوەی وشکەساڵی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە هەرێمی کوردستان خەرجکرد. لە دوو رۆژی رابردووشدا، دانیشتووانی گەڕەکی باداوای شاری هەولێر بەهۆی بێ ئاوییەوە خۆپیشاندانیان کرد و شەقامی ١٠٠ مەترییان داخست، هاوڵاتییەکیش وتى، "ماوەی مانگ و نیوێکە گەڕەکەکەمان بێ ئاوە و حکومەت دەستی دەستیمان پێدەکات."
هاوڵاتى له ئهنجامی وەرگەڕانی پاسێك له شارۆچكهی سارز لهسهر رێگای سهرهكی نێوان قایسهری-مهرەش ٢٩ كهس برینداربوون. بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14 ئابی 2021 له ئهنجامی وەرگەڕانی پاسێك له شارۆچكهی سارز لهسهر رێگای سهرهكی نێوان قایسهری-مهرەش ٢٩ كهس برینداربوون بریندارهكان بۆ نهخۆشخانه گوازرانهوه و ئهوانهشی به سهختی بریندار بوون، دوای فریاگوزاریی سهرهتایی به هێلیكۆپتهری ئامبوڵانس رهوانهی نهخۆشخانهكانی ناوهندی قایسهری كران. سهرنشینانی پاسهكه قوتابیان و خوێندكارانی كۆرسی فێربوونی قورئان بوون و به مهبهستی ئهنجامدانی گهشتێک بۆ ئیستانبوڵ بهرێگاوه بوون.
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: " بەرهەمهێنانی کارەبا زیادیکردووە، بەڵام تیرۆریستان پەلاماری تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا دەدەن بۆیە بە پێویستی دەزانن کە شانەیەک پێکبهێنرێت بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا". لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار چەکدارانی داعش تاوەرەکانیان دەتەقاندەوە و قەیرانی کارەبایان قووڵتردەکردەوە. ئەمڕۆ هەینی 13ی ئابی 2021 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەبارەی پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا و لەو بارەوە لە تویتەری خۆی رایگەیاند، "بەرهەمهێنانی کارەبا زیادیکردووە، بەڵام تیرۆریستان پەلاماری تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا دەدەن"، بۆیە بە پێویستی دەزانن کە شانەیەک پێکبهێنرێت بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا. سەرەتای مانگی رابردوو حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نزیکەی 70 تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە عێراق بە "کاری تێکدەرانە و تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراو کراونەتە ئامانج". ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە مانگی تەممووزی 2021 دا رایگەیاند؛ بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات و ئەوە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایە بەدرێژایی مێژووی عێراق.
هاوڵاتى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" چوار ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کێشەی ئاوی ماڵان تەرخاندەکەن، کە دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناریان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشدەکرێت". ئەمڕۆ هەینی 13ی ئابی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان رایگەیاند:" چوار ملیار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کێشەی ئاوی ماڵان تەرخاندەکەن، کە دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناریان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشدەکرێت". بەپێی راگەیێندراوەکە، ملیارێک و 500 ملیۆن دینار "بە مەبەستی خێرا بەرەنگاربوونەوەی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر" خەرجدەکات. ئەمساڵ بەهۆی کەمبارانی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، بەشێک لە هاونیشتمانیان تووشی قەیرانی کەمئاوی بوونەوە، جگە لەوەش چەندین باخچە و پارک بەهۆی ئاو نەدان وشکبوونەتەوە. ئەو دوو ملیار و 500 ملیۆنەی کە بۆ پارێزگاکان خەرجکراوە، 925 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر، 575 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای دهۆک و یەک ملیار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان راپەڕین تەرخاندەکرێت.
هاوڵاتى ئازانسی ئافاد رایگەیاند:" لە تورکیا دوای لافاوەکەی شارۆچکەی بۆزکورتی لە رۆژئاوای هەرێمی دەریای رەش تاوەکو ئێستا تەرمی 27 هاوڵاتی دۆزراونەتەوە و زیاتر لە 100 کەس بێسەروشوێنن. ئەمڕۆ هەینی 13ی ئابی 2021 ئازانسی "ئافاد" رایگەیاند:" لە پارێزگای کاستامۆنو ژمارەی مردن بەهۆی لافاو بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە و لە پارێزگای سینۆپ 2 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، ئەو کەسانەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونیان بە فەرمی تۆمارکراوە ژمارەیان زیاتر لە 100 کەسن". ئازانسەکە ڕاشیگەیاندووە :" لە پارێزگای بارتن 2 کەس بێسەروشوێنن و هەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو 2 کەسە بەردەوامن". کەشناسی تورکیا رۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دا بەوەی، رۆژی هەینی 13ی ئاب و شەممەی داهاتوو شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەمان ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە. رۆژی چوارشەممە 11ی ئابی 2021 لە پێنج شاری تورکیادا لافاو هەستا و زیانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لافاو لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگاکانی سامسون، کارابوک، بارتن، سینۆپ و کاستامۆنو دروستبوو. بە گشتی چەندین ئۆتۆمبیل و کەرەستەی لەگەڵ خۆی برد و زیانی بە ژمارەیەکی زۆر خانوو و باڵەخانە گەیاند. بەهۆی لافاوەوە لە چەند شوێنێکی ئەو 5 پارێزگایەدا رۆچوونی زەوی روویدا و چەند رێگەیەکی سەرەکیش بەڕووی هاتووچۆدا داخران و ژمارەیەک خانووبەرە ژێرئاوکەوتن.
هاوڵاتى سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند:" بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کار دەکەن و هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، ئەوانیش کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر دەکەن. کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە ڕایگەیاند:" بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی کار دەکەن و هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، ئەوانیش کێشەی کورد لە وڵاتەکەیاندا چارەسەر دەکەین". سەرۆکی جەهەپە هەروەها رەخنەی لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و لادانی ئەو ئەکادیمیست و مامۆستایانەی زانکۆکانی تورکیا و باکووری کوردستانی گرت، کە بەهۆی واژۆکردنیان لەسەر راگەیێنراوی ئاشتی لەسەرکار لادران. ژمارەیەک کەسایەتی و ئەکادیمیستی تورکیا و باکووری کوردستان لە 10ی کانوونی دووەمی 2016 بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە تورکیا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و دواتر سەرجەم ئەو کەسایەتی و ئەکادیمیستانەی کە واژۆیان لەسەر راگەیێنراوەکە کردبوو، لەسەرکار لادران.
هاوڵاتى عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك ڕایگەیاند:" پێویستە ھەموو خەڵكی سنورەكە نەك ھەر سوپاس و ستایشی بكەین، بەڵكو ھەموان پشتیوانی خۆی و حزبەكەی بكەین تا ھانی بدەین بۆ خزمەتی زیاتر و تۆڵە سەندن و پەیامێكیش بێت بۆ ئەوانەی كە چەندە ساڵە دڕۆیان لەگەڵمان كردووە". عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك كادیرەی پارتی لە پەیامێكدا كە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە:" چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چەمچەماڵ، لەمیانەی دانیشتنێكی خۆی و سەرۆكی حكومەت بووە، كە كێشەكەی بۆ باسكردووەو مەسرور بارزانیش زۆر نیگەران و غەمبار بووەو دڵنیای كردووەتەوە كە زۆر بە جدی ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەخاتەكار بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە. ئاماژەی بەوەشكردووە كە ھەر دوابەدوای ئەو دانیشتنە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم نوێنەری تایبەتی خۆی ناردە سنورەكەو دەرخستەی چارەسەری خێرا بە 10 بیری ئیرتیوازی و دەرخستەی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ- یان گەیاندە وەزارەتی پەیوەندیدارو ئەنجومەنی وەزیران، راشیگەیاندووە: وا ئێستا بڕیار لەسەر ھەڵكەندنی بیرەكان و بەستەوەی بە ھێڵی گشتی ئاوی چەمچەماڵەوە دراوەو بە جدیش ئیش لەسەر پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەماڵ دەكرێت. عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، رەخنەی ئەوەشی گرتووە كە ماوەی 30 ساڵە كێشەی كەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ هەیەو كەم حزب و كەسایەتی سیاسی و حكومی ھەیە موزایەدەی پێوە نەكردبێت و چەندین جار حزبەكان وەكو بانگەشەی ھەڵبژاردن بەكاریان ھێناوە، دەشڵێت: بۆ یەكەم جارە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردە و نوێنەری ئەو حزبە لە حكومەتدا باسی چارەسەری ئەو كێشەیە دەكات و بە شێوەی كردەیی گرنگی پێداوە. راشیگەیاندووە، ئەمە ھەوڵ و تاقیكردنەوەیەكی نوێیە، ئیتر چی پێویست دەكات خەڵكی گوێ لە چەند دەسوپێ سپی و بێ كردارێك بگرن، كە دەیان جار لەلایەن خۆیان و حزبەكانیانەوە قۆڵی خەڵكیان بڕیوە بەناوی چارەسەری ئاوی چەمچەماڵەوە، یان بۆ دەبێت پێویست نەكات ئێمە سوپاس و ستایشی كەسێكی نوێ بكەین كە لە حكومەت و بۆ یەكەم جار بەڵێنی خۆی بردبێتەسەر و كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكات دوای ئەو ھەموو فریودان و بەڵێنە درۆینەیانەی ئەوانی تر، بەڵێ ھەنگاوەكەی كردەییەو پێویستە ھەموو خەڵكی سنورەكە نەك ھەر سوپاس و ستایشی بكەین، بەڵكو پێویستە ھەموان پشتیوانی خۆی و حزبەكەی بكەین تا ھانی بدەین بۆ خزمەتی زیاتر و تۆڵە سەندن و پەیامێكیش بێت بۆ ئەوانەی كە چەندە ساڵە دڕۆیان لەگەڵمان كردووە. كادیرەكەی پارتی خەڵكی قەزای چەمچەماڵی دڵنیا كردووەتەوە كە بەردەوام دەبن لە داواكاری ھەموو جۆرەكانی خزمەتگوزاری بۆ سنورەكەو بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ بەدیھێنانی خواستەكانی خەڵك و "چەند كەچە نوسەر و دڵ ژەنگاوییەكی سیاسی و چەند گروپێكی دروستكراو لە مناڵومەزم ساردمان ناكاتەوە لە خزمەتكردنی خەڵك و ناوچەكەمان".
هاوڵاتى وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند:" لە باشووری کوردستان ، هێرش کراوەتە سەر سەربازەکانمان و سەربازێک کوژرا". وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی "چڕنووکی هەورەبرووسکە" کە لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، هێرش کراوەتە سەر سەربازەکانیان. لە ئەنجامی هێرشەکەدا سەربازێکی سوپای تورکیا بەناوی هاکان بالی برینداربووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. لەلایەکی دیکەوەشهوی رابردوو چوار موشەک لە گوندێکی ناحیەکەیاندا کەوتووەتە خوارەوەو باس لهوه كراوه كه موشەکەکان بە ئاڕاستەی بنکەی سەربازی زێلکان ئاڕاستە کرابن. محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان رایگهیاند: چوار موشەک لە گوندی گوداد کەوتوونەتە خوارەوە، کە دوو موشەکیان تەقیونەتەوە و دووەکەی دیکەش نەتەقیونەتەوە، راشیگهیاندبوو كه پێشبینی ناکەن موشەکەکان بە ئاڕاستەی بنکەی سەربازی زێلکان ئاڕاستە کرابن. سوپای تورکیا لە 23ـی نیسانی رابردووەوە بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستاندا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "چڕنووکی هەورە برووسکە" بۆ سەر ناوچەکانی مەتین و ئاڤاشین و زاپ دەستپێکردووە؛ لەو کاتەوە ئۆپەراسیۆن و رووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.
عەمار عەزیز «سێ جار كڕین و فرۆشتنم پێوە كراو حەوت جار هەوڵی هەڵهاتنم داو 90 حەپم خوارد تا بمرم و لەدەست داعش رزگارم ببێت، بەزۆر دەستدرێژی دەكرایەسەرم كە لەوە ناخۆشتر نییە دەستدرێژی بكرێتەسەر شەرەف كە چۆنێتییەكەی و ئازارەكەی وەسف ناكرێت». حەلا سەفیل ، كچێكی رزگاربووی دەستی داعشە ، زیاتر لەسێ ساڵ لەژێر ئەشكەنجەو مامەڵەی خراپی داعشدا بووە، ئەو هەشت جار هەڵاتووە لەژێر دەستی داعش رزگاربكرێت، جاری هەشتەم توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە سوپای عێراق و رزگاری ببێت. حەلا سەفیل، خەڵكی كۆمەڵگای تل قەسەبە سەر بەقەزای شەنگال لەدایكبووی 1996، رۆژی 2ی ئاب 2014 لەناوچەی (قنێ) كە حەوت كیلومەتر دوورە لەناوەندی شەنگال، لەگەڵ دایك و باوك و خوشك و براكانی دەكەوێتە دەست چەكدارانی داعش، دوای دەستگیركردنیان ژن و پیاو لێك جیاكرانەوە، دواتر ژن و كچیان گواستنەوە بۆ تەلەعفەر. دوای سێ رۆژ مانەوە لەتەلەعفەر دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی بادۆش لەسنوری شاری نەینەوا، لەزیندانی بادۆش دووبارە دایك و كچەكانیان لێك جیاكرانەوە، ئینجا كچیان گواستەوە بۆ ماڵی ئەسێل نوجەیفی لەناوەندی موسڵ، وەك حەلا سەفیل بۆ پەیامنێرەكەی هاوڵاتی باس كرد. «كاتێك ئێمەیان گواستەوە بۆ ماڵی ئەسێل نوجەیفی لەوێ ناخۆشترین شت لەژیانی مندا دەستپێكرا ئەویش كڕین و فرۆشتنی كچان بوو ، لەوێ هەندێك چەكداری داعش دەهاتن 10 كچیان دەكڕی، هەندێكی تر پێنج كچیان دەكڕی بەپێی حەزو خواستی خۆیان، دوای كڕین دەیانبرد بۆ شاری رەققە، تەلەعفەر، بەعاج ، ئیتر هەركەسێك بەئارەزوی خۆی بۆ چ شوێنێكی بردبا»، حەلا سەفیل وا دەڵێت . «سێ جار كڕین و فرۆشتنم پێكراوە، دوو لەو چەكدارانە بە رەگەز سعودی بوون و ئەوەی تر عێراقی، ناخۆشترین شت هەر ئەوەبوو كە بەزۆر دەستدرێژییان دەكردەسەرم، لەوە ناخۆشتر نیە دەستدرێژیی بكرێتەسەر شەرەف كە لەهەموو شتێك گرنگترە، هەموو شتێكی خراپیان دەكرد ناتوانم وەسفی بكەم». حەلا باس لەچۆنیەتی خواردنی 90 حەب دەكات تابمرێت و لەژێر دەستی ئەوان رزگاری بێت، وتی:» زۆر بێزاربووم لە چەكدارانی داعش، زۆر شتمان تاقیكردەوە تا بمرین، چەند جارێك هەوڵی خۆ خنكاندنم دا، بەڵام زوو زوو دەیانزانی و رێگەیان بەئێمە نەدەدا خۆمان بكوژین، جارێك دەستی خۆم بڕی، دواینجار لەماڵی كریستیانەكان سێ كارتۆنی حەبی (مقەوی)م بەدەستهێنا، تەنها لەیەك كاتدا 90 حەبی (مقەوی )م خوارد، دوای خواردنی حەب لەهۆش خۆم چووم، هێندە زانیم لەنەخۆشخانەم». حەلا باس لەوەدەكات كە بەو حەبانە نەمردو ئێستاش بەهۆی خواردنی ئەو حەبانە تەندروستیی باش نیە، وتیشی:»كە زانیان حەبم خواردووە یان هەر جارێك هەوڵی خۆ كوشتنم دەدا ئێمەیان لەكارەبا دەداو دەیان سزادانی تر، هەشت جار هەوڵی هەڵهاتنمدا سوودی نەبوو ، لەكۆی ئەو هەوڵانە حەوت جار چەكدارانی داعش زانیان دووبارە منیان دەستگیردەكردو سزایان دەدام بەقورسترین و ناخۆشترین شت كە باس ناكرێت». حەلا كاتی هەڵهاتنی لەدەست چەكدارانی داعش دەخاتەڕوو كاتێك فیرقەی زێڕینی لەشكری عێراق دەگەنە موسڵ ، حەلا بۆ جاری هەشتەم هەوڵدەدات خۆی رزگار بكات»لەبەری چەپی موسڵ بووم، زانیم سوپای عێراق هاتووەتە ناو سەنتەری موسڵ، هەوڵی هەڵاتنمدا بەچەند قۆناغێك خۆم گەیاندە بەری راستی موسڵ و یەكسەر خۆم رادەستی سوپای عێراق كرد، پێش ئەوەی بگەمە بەری راست لە رێگا هەر كەسێك پرسیاری لەمن كردبا نەمدەگووت ئێزیدیم تاگەیشتمە خاڵێكی سوپای عێراق، لە رێكەوتی 1/ 7/ 2017 بەتەواوی لەژێر دەستی داعش رزگاربووم». حەلا سەفیل، پێنج براو سێ خوشكی هەیە، دوای حەوت ساڵ هێشتا چارەنووسی دایك و باوك و سێ برای حەلا دیار نیەو بێسەروشوێنن، حەلا لەگەڵ سێ خۆشكی خۆی و برایەكی لەكەمپی بێرسیف لەسنوری قەزای زاخۆ ژیان دەگوزەرێنێت . حەلا لەدوای رزگاربوون لەژێر دەستی چەكدارانی داعش لەكەمپی بێرسیف لەگەڵ برایەك و سێ خوشكی ژیان دەگوزەرێنێت و دوای وەرگرتنی چارەسەری دەروونی بۆ ماوەی دوو مانگ، لەگەڵ رێكخراوێك كاری (پاككەرەوە) دەكات لەنەخۆشخانەی كەمپی بێرسیف، وتی:» بەداخەوە لەدوای ئەو هەموو ناخۆشییانە ئیشی پاككەرەوە دەكەم، هەرچەندە ئیشكردن شەرم نیە و شەرەفێكی گەورەیە بۆ من، بەڵام عەیب و شەرمە بۆ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەهەموو شێوەیەك ئێمەیان «قوربانیانی ئێزیدییەكانیان پشتگوێخستووە». «كەیسی شەنگال و رزگاربووانی دەستی داعش وەكو یاری منداڵانی لێهاتووەو یاری بەئێسك و پروسك و نەخۆشییەكانی ئێمەوە دەكرێت، هەندێكجار بەناچارییەوە باس لەكەیسی شنگال دەكەن، هیچ شتێك بۆ ئێمە نەكراوە»، حەلا وای وت.
نامۆ سەربەست دەسەڵاتدارانی حزبەكەی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمان دەڵێن كودەتایەك لەوڵاتەكەیاندا بەڕێوەیەو بۆ ئەو مەبەستەش دوای ئاگركەوتنەوەكەی توركیا سەدان كەس دەستگیركراون. هیلال كاپلان مامۆستای دەروونناسی و رۆژنامەنوسی دیاری نزیك لەدەسەڵات و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی تەرەتەی توركیی، لەڕۆژنامەی دەیلی سەباحدا وتارێكی بەو ناونیشانەوە بڵاوكردەوەو ئەوە بووە سەرەتای دەستپێكی هەڵمەتێكی راگەیاندن و سیاسییەكانی ئاكەپەو جەهەپە، كەئەگەری كودەتایەكی نوێ لەتوركیادا هەیە. كاپلان لەوتارەكەیدا دەڵێت ئەو ئاگرانەی ماوەیەكە توركیای گرتووەتەوە:»دەكرێت وەك بیانویەك بەكاربهێندرێن بۆ هەوڵی كودەتایەكی سەربازیی». نووسەرەكە ئاماژەی بەئەوە كردووە پێشبینییەكەی دوای ئەوە دێت كە ستفین كوك شارەزا لەسیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سێ رۆژ بەر لەدەستپێكردنی ئاگرەكان، لەوتارێكدا كە لەڕۆژنامەی فۆرین پۆلیسی بەناونیشانی (درزەكانی رژێمی ئەردۆغان لەزیاتربووندایە)، تیشكی خستەسەر خاڵە لاوازە بەرچاوەكانی حكومەتەكەی ئەردۆغان و لاوازبوونی زیاتری رژێمی توركیا و باسی لەوەشكرد توانای ئەردۆغان بۆ سەپاندن و پاراستنی دەسەڵاتەكەی لەسەرتاسەری توركیادا لاواز بووە و ئەوەش ئەگەری روودانی ناڕەزایی فراوان و زیاتربوونی توندوتیژی و كێبڕكێ سیاسییەكان زیاتردەكات. كاپلان لەوتارەكەیدا دەڵێت:»ئەوانەی چاودێری دەزگا راگەیاندنە رۆژئاواییەكان دەكەن، دەزانن ستیفن كوك یەكێكە لەسێ دژترین نووسەرەكان بەتوركیا، ئەو نووسەرە وتارێكی نووسیوە بە ناونیشانی چۆن ئەردۆغان توركیای كردووەتە وڵاتێكی سوڵتەوی و هەوڵدەدات بیانوو بۆ كوشتنی 251 كەس بهێنێتەوە لەلایەن كودەتاچییەكانەوە «. كاپلان كەسەرپەرشتیی چەند لیژنەیەكی ئەلكترۆنیی ئاكەپە دەكات بەناوی (گروپی ماسیخۆرە) و كاریان هێرشی ئەلكترۆنییە بۆ سەر ركابەر و ئۆپۆزسیۆنەكانی ئاكەپە، لەوتارەكەیدا نووسیویەتی:»هەمان فێل دووبارە دەكەنەوە بەوەی تۆمەتبارم بكەن بەبڵاوكردنەوەی تۆقاندن، وەك ئەوەی چوار مانگ پێش 15ی تەمموزی 2016 باسی ئەگەری كودەتام كرد، بەڵام من پێتان دەڵێم جوڵەی نامۆ هەیەو ئێمەش ئامادەین». دوا بەدوای كاپلان محێدین ئەتامان، مامۆستای زانستە كۆمەڵاتییەكان لەزانكۆی ئەنقەرە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی سەنتەری لێكۆڵینەوەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی، وتارێكی بڵاوكردەوە بەناونیشانی (ئایا ئاگری دارستانەكانی توركیا كودەتایەكی نوێیە دژی حكومەت؟). تیایدا باس لەوە دەكات ئاگرەكان بە ئەنقەست لەلایەن پەكەكەوە كراونەتەوە و بوونەتە بیانوو بۆ گێرەشێوێنان تا توركیا وەك دەوڵەتێكی لاواز نیشان بدەن و هەوڵی كودەتا بدەن. لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا چەندین وتارو بەرنامەو راپۆرتی تەلەفزیۆنیی تریش نووسران و پێشكەشكران، دواتریش پارتی دادو گەشەپێدان لەشاری ئەستەنبوڵ، كۆڕێكی گرت بەناونیشانی، (نمونەی دادو گەشەپێدان لەبەمەدەنیكردنی دەوڵەتی توركیاو شكستپێهێنانی كودەتا سەربازییەكان) تیایدا چەندین سیاسیی و نووسەر بەشدارییانكرد. لەكۆڕەكەدا یاسین ئاكتای راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی:»كودەتا رێگایەكی ناشەرعییە بۆ گەیشتنە حكوم، چارەسەری راستەقینە بەڕێگای پەرلەمانی و سیاسی دەبێت». هەروەها وتیشی:» كودەتا بەسەر دەستورو دامەزراوەكاندا دەبێت و ئەوەش سەری گەندەڵییە، چونكە كودەتا دزین و پێشێلكردنی هەموو پێوەر و نرخ و دەستورەكانە، گەلی توركیا لەكودەتا تێگەیشتووە و رەتی دەكاتەوە». لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەی دەسەڵاتدا، خەڵك و ئۆپۆزسیۆنی توركیاو چاودێرە دەرەكییەكان دەڵێن، ئەوانە تەنیا بۆ شاردنەوەی شكستی حكومەتە لەچارەسەری ئاگرەكاندا، بەتایبەتی ئەو رەخنانەی لەخودی ئەردۆغان گیران لەپای سەردانی بۆ ناوچە سوتاوەكان بەهێزێكی پاسەوانیی زۆرو دابەشكردنی كیسە چا بەسەریاندا. لەلایەكی ترەوە هەوڵی دەسەڵاتە بۆ زیاتر بێدەنگكردنی دەنگە ناڕازییەكان و ئۆپۆزسیۆن بەناوی پشێوینانەوە و بڵاوكردنەوەی ترس و دژایەتیكردنی دەوڵەتەوە. هاوكات بیانویەكی بەهێزە بۆ بەردەوامیی ئەردۆغان لە لەسەركارلابردنی ئەو فەرماندە سەربازییانەی گومانی لە وەلائیان هەیە بۆ خۆی، ئەوەبوو رۆژی 5ی ئاب و لەگەرمەی هەڵمەتەكەدا 30 فەرماندەی سەربازیی بەپلەی جەنەراڵ و ئەدمیراڵ خانەنشینكرد. لە 27ی تەمموزەوە ئاگرەكانی دارستانەكانی توركیا بەردەوامە، جیاوازیی لێدوانی بەرپرسە توركەكان سەبارەت بەژمارەی ئاگرەكان و كوژاندنەوەیان، ناجێگیریی دەرونی خەڵكی ئەو وڵاتەی زیاتر كردووە. هەندێكیان دەڵێن 150 ئاگرەو هەندێك دەڵێن 210 ئاگرە و 200یان كوژێنراوەتەوە. هەروەها 9ی ئاب بەكر باكدمیریلی وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا رایگەیاند، تەواوی ئاگرەكان كوژێندراونەتەوە، بەڵام فەخرەدین ئەڵتۆن سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی كۆمار وتی 239 ئاگر بووەو هێشتا 5 یان بەردەوامە. بەوتەی ئەڵتۆن شەش هەزار كەس و 16 فڕۆكەو 9 درۆن و 65 هەلیكۆپتەرو 850 ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە، بەشدارن لەهەڵمەتەكەدا. لەسەرەتای كەوتنەوەی ئاگرەكاندا (ئەوكات هێشتا ئاگر لە یۆنان نەكەوتبوەوە) حكومەتی یۆنان ئامادەیی بۆ هاوكاریكردنی توركیا دەربڕی و رایگەیاند ئەوان پێشتر چەند جارێك رووبەڕووی ئەو دۆخە بوونەتەوە و شارەزاییەكی زۆریان لەو بوارەدا هەیە، بەڵام توركەكان دەستپێشخەرییەكەی ئەوان و ئیسرائیلیشیان رەتكردەوە. لەبەرامبەردا سێ فڕۆكەی روسییان بۆ ماوەی 153 رۆژ بەبڕی 23 ملیۆن دۆلار بەكرێ گرت. زیانەكانی ئاگرەكەی توركیا تائێستا حكومەتی توركیا بەفەرمیی زیانەكانی ئاگرەكانی بڵاونەكردووەتەوە، بەتایبەتی زیانە ماددی و داراییەكان. بەپێی ماڵپەڕی سەنتەری خێرخوازیی كارەساتەكان، تائێستا لەتوركیادا 95 هەزار هێكتار زەوی و دارستان سوتاون، لەكاتێكدا لە 12 ساڵی رابردوودا نێوەندی سوتانی ساڵانە 13 هەزار و 516 هێكتار بووە. لەڕوی گیانییەوە 14 كەس مردون و 27 كەس هێشتا لە نەخۆشخانەكانن و سەدانی تریش دوای چارەسەر چوونەتە دەرەوە. چەتین عوسمان بوداق، پەرلەمانتاری ئەنتاڵیا لە پارتی كۆماریی ئۆپۆزسیۆن، بەڕۆژنامەی جمهوریەتی توركی راگەیاند:»زیانی دارایی ئاگرەكان 300 ملیار لیرە (350 ملیۆن دۆلار) تێدەپەڕێنێت». ئاماژەی بە ئەوەشكرد ئەو نرخە زیانەكانی كەرتی گەشتوگوزاریش لەخۆدەگرێت كە لەدەرئەنجامی ئاگرەكانەوە پێی دەگات. پەرلەمانتارەكە راشیگەیاند:»رووبەری ئەو دارستانانەی سوتاون 10 هێندەی ئەو رووبەرەی ساڵی رابردووە كە سوتاوە هەزاران دۆنم زەوی دارستان و كشتوكاڵ و لەوەڕگاو ژیانی سروشتیمان لەدەستداوە، نرخی ئابوریی درەختە سوتاوەكانمان دەگاتە 200 ملیار لیرە». «بەهۆی سوتانی دارستان و ناوچە گەشتوگوزارییەكانەوە، بڕی زیانەكان 300 ملیار لیرە تێدەپەڕێنێت، ساڵی 2019 داهاتی گەشتوگوزار تەنیا لەمانافاعاتی باشوری ئەنتاڵیادا 4.5 ملیۆن دۆلار بووە، ژمارەی گەشتیارەكانی سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن كەمدەكات و زیانەكانمان لەداهاتی گەشتوگوزار 100 ملیار لیرە تێدەپەڕێنێت، ئەوە بێجگە لە لەناوچوونی سامانی ئاژەڵ و هەنگوین»، چەتین عوسمان وای وت. هاوكات ئاشكراشی كرد كە 48 هەزارو 300 دۆنم زەوی كشتوكاڵیی لەئەنتاڵیا سوتاوە، رووەكە بۆندارەكانی وەك مەریەمیە و غارو جاترە بەتەواوی لەناوچون و زۆر سەختە كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لەو ناوچانەدا دەستپێبكاتەوە. #یارمەتی توركیا بدەن بەردەوامیی ئاگرەكان و ناڕونیی قوربانی و زیان و كاتی كوژانەوەیان، حكومەتی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر كردەوە. لەگەڵیدا هاشتاگی #helpturkey یارمەتیی توركیا بدەن، لە ئاگرەكە خێراتر تەشەنەی سەندو لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا زیاتر لەدوو ملیۆن و 500 هەزار تویت كرا. بڵاوبوونەوەی ئەو هاشتاگە بووە مایەی نیگەرانیی و توڕەبوونی ئاكەپەو مەهەپەو بڵاوكەرەوەكانیان بەخیانەتكار لەقەڵەمداو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی:»ئەوە هەوڵی دوژمنانە تاوەكو توركیا وەك وڵاتێكی لاواز نیشانبدەن». هەروەها دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەش رایگەیاند:»كەسانێك هەن دەیانەوێت لەناومان ببەن و هەڵمانبوەشێننەوە، كارەساتەكان بەهێزو خۆڕاگریمان تێدەپەڕێنین، خۆبەدەستەوەدان ئەو خاڵە لاوازەیە لە سروشتی ئێمەدا بوونی نییە». هاوكات نوسینگەی داواكاری گشتی لێكۆڵینەوەیەكی لەسەر ئەو هاشتاگە دەستپێكرد، كە بەوتەی ئەو ئامانجی»نانەوەی پشێوی و ترس و تۆقاندنی دانیشتوان و سەرزەنشتكردنی حكومەتە». دوابەدوای ئەوە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی چالاكوان و رەخنەگرەكان دەستیپێكردو تائێستا هەزاران كەس گیراون لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو هاشتاگە و هەر پۆستێكی تری سۆشیال میدیا كە باس لەشكستی حكومەت و بەردەوامیی ئاگرەكان بكات. تەنیا لەئەنتاڵیا، فەرماندەیی درك سكاڵای لەسەر 66 كەس تۆماركردووە و داوای راگرتنی 17 ماڵپەڕی كردووە. لەگەڵیشیدا دەستەی رێكخستنی راگەیاندن هەڕەشەی غەرامەكردنی لەو كەناڵە تەلەفیزیۆنییانە كرد كەوێنەی راستەوخۆی ئاگرەكانیان دەگواستەوە، بۆیە زۆرێك لەكەناڵەكان روماڵكردنی ئاگرەكانیان راگرت.
هاوڵاتى بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرو بارزانی نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە چەمچەماڵ خەرجدەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئابی 2021، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" لە سەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بڕیاردرا وەک هەنگاوی یەکەم، بڕی حەفت ملیار و شەشسەد و هەشتا ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی چەمچەمال خەرج بکرێت". نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە:" سەرۆکی حکومەت ، دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە دەست بە هەنگاوی پێویست بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، بەتایبەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەمال". ڕاگەیاندراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە:... بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ ، لە سەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بڕیاردرا وەک هەنگاوی یەکەم، بڕی حەفت ملیار و شەشسەد و هەشتا ملیۆن دینار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی چەمچەمال خەرج بکرێت . هەروەها سەرۆکی حکومەت ، دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە دەست بە هەنگاوی پێویست بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی، بەتایبەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەمال . نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 11ی ئابی 2021
سازدانی شاناز حەسەن پسپۆرێكی پزیشكی سنگ و بۆری هەوا دەڵێت:» وەرگرتنی ڤاكسین پارێزراوت دەكات لە كۆرۆنا نەك پارێزراو بی لە ئیلتیهابات، یان جەڵدە و هەوكردنی سییەكان، بۆیە كەسێك با دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتبێت، كە دەمرێت بە هەوكردنی سییەكان دەمرێت نەك بە كۆرۆنا». دكتۆر كامەران قەرەداغی، پسپۆری سنگ و بۆری هەوا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» لە كوردستاندا بەرگری گشتی لەناو خەڵكدا بڵاوبۆتەوە و خەڵكی لەناو یەكدا بەتێكەڵی توشی كۆرۆنا ڤایرۆس دەبن و بەركەوتەی یەكترین و چاكدەبنەوە، ئەمە بۆ خۆی وایكردووە نیشانەی شەپۆلەكان جیاوازبن». هاوڵاتى: بەشێك لەهاووڵاتیان هێشتا ترسیان لەوەرگرتنی ڤاكسین هەیە؟ئایا هیچ مەترسییەكی هەیە؟ كامەران قەرەداغی: هیچ جۆرە ڤاكسینێك مەترسی نیە، یان مەترسیەكەی ئەوەندە كەمە ، كە ئێمە پێی دەڵێین ماكەكانی، كە شایانی باسكردن و ترساندن نیە، بەپێی تەمەنەكانیش جیاوازی هەیە، بۆ نمونە كەسێك تەمەنی لەسەرو 50 ساڵەوە بوو، بەهیچ شێوەیەك لەهیچ جۆرە ڤاكسینێك نەترسێت، ئەگەر تەمەنی ژنێك یان كچێك تەمەنی خوار 50ساڵ بوو هەر جۆرێك هەبوو بەكاریبێنە، ، بەڵام گەر جۆرێكی تری جیاواز لە ئەزترازێنیكا هەبوو ئەوەیان بەكاربێنێت، وە توێژینەوە جیهانیەكان سەلماندویانە هەموو جۆرەكانی باشە و گونجاوە، تەنیا هەندێك حاڵەتی زۆر دەگمەن بۆنمونە ئەوانەی خەستی خوێنیان تێدادەركەوتووە. هاوڵاتى: هاووڵاتیان دەپرسن چەند ژەم ڤاكسین وەربگرن گونجاوە؟ كامەران قەرەداغی: ڤاكسینەكان كەلەمانگی دووی ساڵی رابردووە دروستكران، سەرەتا ژمارەیەكی كەم كرایەوە بازاڕەوە و ئەوكاتە دوو شەپۆلی جیاوازی كۆرۆنا ڤایرۆس هاتن كە ڤاكسینەكان شمولی نەكردن. شەپۆلی بەریتانیەكە و دەلتاش كە ئێستا زۆر بڵاوە، بۆیە دوو ژەم ڤاكسین زۆر گرنگە تا كاریگەریەكەی بۆ هەردوو جۆرەكەی كۆرۆنای گۆڕاو هەبێت، سەرەتا دەركەوت ژەمی یەكەم لەسەدا 70 تۆ دەپارێزێت لە نیشانە دەركەوتن و بەتوندی توشبوون. هەندێكی جۆریشی لەسەدا 90 بۆ 95 لەمردن دەتپارێزێت، ئەمە تەنیا شیكارە سەرەتاییەكان بوو كە لەسەر ژمارەیەكی كەمی توشبوو تاقیدەكرایەوە، بەڵام كاتێك توێژینەوەكان فراوان بوون و لەسەر ژمارەیەكی زیاتری توشبوو تاقیكرایەوە وردە وردە نیشانەی زیاتری ڤایرۆسەكە دەركەوت، ئەو نیسبەیە هاتە خوارەوە بۆ لەسەدا 30 هەتا 60و لەسەر ژمارەیەكی زیاتری توشبوو تاقیكرایەوە، بۆیە وا بەپێویست زانرا دوو ژەم ڤاكسین وەربگرێت. لەو كاتەشدا تەنیا تۆ پارێزراوی لە كۆرۆنا ڤایرۆس نەك پارێزراو بی لەئیلتیهابات، یان جەڵدە و هەوكردنی سییەكان، بۆیە كەسێك با دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتبێت، كە دەمرێت بە هەوكردنی سییەكان دەمرێت نەك بە كۆرۆنا بۆیە پێویستە خەڵك لە ئەوە تێبگات كە دەوترێت فڵان كەس دوو ژەمە ڤاكسینی وەرگرتبوو بەڵام مرد. بۆ نمونە وڵاتێكی وەك نەرویج، پێنج ملیۆن و 400 هەزار ژەمە ڤاكسینی بەكارهێناوە، بەو پێیەش لەسەدا 67%ی خەڵكی ژەمی یەكەمی وەرگرتووە و لەسەدا 33%ژەمی دووەمی وەرگرتووە، كە لە سەرەتای مانگی یەكەوە دەستی بە بەكارهێنانی كردووە، پێم سەیرە راوێژكاری وەزیری تەندروستی دەڵێت پلانمان هەیە بیگەیەنینە لەسەدا 40% ژمارەی دانیشتوان كە لەوەرگرتنی ڤاكسین سودمەندبن. هەر خۆشی دەڵێت لەسەدا سێ تا چواری خەڵكی هەرێمی كوردستان ڤاكسینی وەرگرتووە، بۆیە كە لەماوەی چوار مانگدا ئەوەندە بەكارهاتووە چۆن دەتوانرێت بەو ماوە كەمە بگەیەنرێتە لەسەدا 40% بۆیە ئەم شێوە لە وەهمی زانستی بۆ وەزارەتی هەرێم خۆی خراپە، یاخود دەوترێت ئێمە 500 هەزار ژەمە ڤاكسینمان وەرگرتووە، لەو ژمارەیە 300 هەزارمان داوەتە هاووڵاتیان، لەكاتێكدا سەیری ئاماری عێراق بكەین، ملیۆنێك و 800 هەزار ژەمە ڤاكسین دراوەتە هاووڵاتیان، كەچی لە سلێمانی نوسراوە 63 هەزار و سەد ژەم و لەهەولێر نوسراوە 66 هەزار و 500 ژەمە ڤاكسین و لەدهۆك نوسراوە 68 هەزار و 600 ژەمە ڤاكسین، واتە بەپێی ئەو ئامارانە ئەوە چۆن داخڵ كراوە و چۆن بەكارهاتووە. بۆیە ئەو ناشەفافیەتە لەوانەیە لەپارەی نەوت و قاچاغچێتیدا بكرێت، بەڵام باسی زانست بەو شێوەیە بكەیت كە هەموو قسەكان پڕن لە دژ بەیەك و ناكرێت بەو شێوە ناڕاستە لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی. هەروەها سۆشیال میدیاش بەهیچ شێوەیەك دژی ڤاكسین هیچ بڵاونەكاتەوە، چونكە خەڵك خۆی گومانی هەیە و دەترسێت و دەریش كەوتووە تەنیا ڤاكسینە دەتوانێت كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكان بكات. هاوڵاتى: پارێزگای دهۆك بەراورد بە هەولێر و سلێمانی دۆخی كۆرۆنا تێیدا خراپە، هۆكار چییە؟ كامەران قەرەداغی: دهۆك لەبەرنامەی گونجاودا دەڕوات بەڕێوە كە لەڕۆژێكدا زۆرترین ژمارەی پشكنین دەكرێت لەو پارێزگایەدا، چونكە كە لە پارێزگایەك پشكنین نەكرا یان كەمتر كرا با بەراورد نەكرێت بە شوێنێكی وەك دهۆك كە زۆرترین ژمارەی پشكنینی تێدادەكرێت، بۆیە پێویستە خەڵك لە ئەوە تێبگات، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی بەناوی وەزارەتەوە قسەدەكەن بتوانێت زانیاریەكان بە خەڵك بگەێنێت تا سەری لێ تێكنەچێت، بۆیە من پێم وایە دهۆك لەسەر ئەو رێگە راستە دەڕوا كە وڵاتێكی وەك بەریتانیا لەسەری دەڕوات، كە لەجیهاندا بەریتانیا زۆرترین پشكنینی تێدادەكرێت. هاوڵاتى: ئایا شەپۆلەكانی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر گۆڕینی نیشانەكانی دەكات؟ كامەران قەرەداغی: شەپۆلی پەتای ڤایرۆسی، تەنانەت پزیشكەكانیش، كەسانی خوێندەوار و پسپۆریش هەر لە شەپۆلی یەكەم لەسەرەتای دۆزینەوەی كۆرۆنا تا كۆتایی ساڵی 2020 بەردەوام بوو، دوای ئەوە شەپۆلی دووەم تا مانگی چوار بەردەوام بووە، لەدوای ئەویشەوە شەپۆلی سێیەم دەستی پێكردووە و تائێستا بەردەوامە، هەموو شەپۆلێك لەگەل خۆیدا نیشانەی خۆی هەیەو دیاریكردنەوەی گۆڕانی تیداكراوە و كاریگەریشی هەبووە لەسەر نیشانەكانی و لەسەر بڵاوبونەوەی، بۆیە یاسای شەپۆل ئاوایە لەجیهاندا كەماوەی چوار بۆ هەشت هەفتە هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكرا، دوای ئەوە هەمان حاڵەت دەستی پێكردەوە ئینجا ناودەنرێت شەپۆلێكی دیكە، بەڵام لەم كۆرۆنایەدا هەتاكوو ئێستا لە جیهاندا ئەو دیاردەیە ڕووی نەداوە هاوڵاتى: نیشانەكانی كۆرۆنای دەلتا چی جیاوازە لە كۆرۆنای شەپۆلی یەكەم و دووەم؟ كامەران قەرەداغی: نیشانەكانی كۆرۆنا دەلتا، كۆرۆنا ڤایرۆس لەگەڵ خۆیدا لەنیشانەكاندا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، یەكێك لەوانەیە بەرەنگاربوونەوەی بەرگری مرۆڤە بەرامبەر ڤایرۆسەكە و شەپۆلە تازەكە زۆربوونی ڤایرۆس لەو كاتەی كە ڤایرۆسەكەی تێدەچێت لەبری ئەوەی نیشانەكان وەربگرێت نیشانەكان زۆر سوك دەبێت. بۆیە با شەپۆلەكەش بێت كە تۆ ڤاكسینی تەواوت هەبێت نیشانەكان دەگۆڕێت لەگەڵی، بۆیە با خەڵك لە ئەوە تێنەگات كە دەلتا ڤایرۆس نیشانەی هەڵامەتە، بۆیە نیشانەكانی تەنیا هەڵامەت نیە، بەڵكو لە كوردستاندا بەرگری گشتی بە نیسبەتێك هەیە كە نازانین چەندە ئێمەش كاریگەری لەسەر نیشانەكان هەیە. ئێستا هەموو كوردستان بەركەوتەی یەكترین، چونكە تیكەڵاوی هەیە، بۆیە كە نیشانەی هەڵامەتت هەیە دەبێت نیشانەی پرسیار بۆ خۆت دابنێیت كۆرۆنامە یان نا دەبێت بچی پشكنین بكەی، بۆ دڵنیابونەوە، چونكە تۆ لەشوێنێكدا دەژیت، كەتێكەڵاوی زۆر هەیە و دەلتاش زۆر زوو بڵاودەبێتەوە بۆیە ئەگەری هەیە بڵاوبێتەوە و هەموو چواردەورت تووشی ببێت. ڤایرۆسی دەلتا تایبەتمەندییەكی تریشی هەیە كە درەنگ دەگاتە سییەكان و لەبەشی سەرەكی سییەكان دەمێنێتەوە و بۆیە حاڵەتی مردن لەئێستادا زۆر كەمە. هاوڵاتى: ئایا دەكرێت هاووڵاتیان ڤاكسین وەرنەگرن؟ كامەران قەرەداغی: ناكرێت كۆرۆنا ڤایرۆس بچێتە لەشی مرۆڤەوە و بەرگری دروست نەكات، بەڵام ناشكرێت ئەو كەسەی كۆرۆنای گرت، ڤاكسین بەكارنەهێنێت، بەڵكو دەبێت بەكاریبهێنێت، بەڵام بەرگریەكە دروست بووە و پێویستە ئەو كەسانەی گرتویانە دوای چوار مانگ ڤاكسین بەكاربهێنن، چونكە گاریگەریە گرنگەی ئەوەیە لە مردن دەتپارێزێت نەك لە توشبوون. هیچ چارەسەرێكی تایبەتی نیە بۆ كۆرۆنا دەلتا، تەنیا هەندێك چارەسەر هاتوون پێش حاڵەتی توند كە بەكاردەهێنرێن تەنیا ریگری دەكات لەتوشبون بە توندی و دەیپارێزێت كە ڤیتامینەكانن بەتایبەت ڤیتامین دی. ئەگەر ئۆكسجینی مرۆڤ گەیشتە 93 واتە سییەكان گرتویەتی، بۆیە لەوكاتەدا پێویستی بە دەرمان هەیە و پێویستە بچێتە نەخۆشخانە و چارەسەر وەربگرێت و رێنماییەكان وەربگیرێت. وەرگرتنی ڤاكسین تەنیا بۆ ئەو كەسانە خراپە كە ئیلتیهاباتیان هەیە مانای هەر ئێستا نەخۆشە یان پێشوو تر حەساسیەتیەكی زۆر زۆر قورسی گرتبێت و لە نەخۆشخانە دەخڵكرابێت، بەدەر لەوە هەموو كەس لەسەرو 12 ساڵەوە دەتوانێت ڤاكسین وەربگرێت ئەوانەشی كە فیلەر و بۆتۆكسیان كردووە دەتوانن و هیچ كێشەی نیە. هاوڵاتى: پێتانوایە ڤاكسین وەرگرتن باشترە یان بەستنی ماسك لەكاتی چوونەدەرەوەو خۆپاراستن لەقەرەباڵغی؟ كامەران قەرەداغی: : پێموایە هەر كەسێك دەبڵ ڤاكسینیشی وەرگرتبێت لەكاتێكدا دەچێتە دەرەوە و ناو قەرەباڵغی پێویستە ماسك بكات، چونكە ئەوە سەلمێنراوە كە دەبڵ ڤاكسینیش وەربگری، هەر توشی كۆرۆنا ڤایرۆس دەبیت و هەر دەشیگوازیتەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە تا كۆرۆنا هەبێت ڤاكسینیش بكرێت و ماسكیش بەكاربهێنرێت. هاوڵاتى: بەپێی ئامارە فەرمییەكان كە پۆلێنبەندی بۆ تووشبوان دەكرێت، جۆری سێیەمی كۆرۆنا (كۆرۆنای دەلتا) زیاتر تووشی گەنجان دەبێت، پێتانوایە بۆچی ئەمجارە باس لە تووشبوونی گەنجان زیاتر دەكرێت؟ كامەران قەرەداغی: ئەو توێژینەوانەی كە بڵاوبونەتەوە لە جیهاندا بەتایبەت لە ئەوروپای غەربی و ئەمریكادا، لەو وڵاتانەدا زۆربەی پیرەكان كورتراون و بۆیە زۆربەی زۆریان كە تووش دەبن گەنجن و گەنجان زۆر تێكەڵاو دەبن و زیاتریش دەچنە شوێنە قەرەباڵغیەكان و تائێستا ڤاكسینیان وەرنەگرتووە. هاوڵاتى: پێتانوایە حكومەتی هەرێم یا وەزارەتی تەندروستی بەگشتی توانیویەتی هاوكار بێت بۆ ئەوەی تووشبوون بە كۆرۆنا كەمببێتەوە؟ كامەران قەرەداغی: حكومەتی هەرێم ناتوانێت سەربەخۆ بڕیار بدات بەبێ عێراق، ڤایرۆسێكی وەك كۆرۆناش كە چووە وڵاتێكەوە، بەتایبەت دەلتا ڤایرۆس هەر ئەوەندەی پێویستە بچێتە وڵاتێكەوە، بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی ئامادەنەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەیاننامە و ڕێنمایی دەركردووە و ئەوەندەی كە توانای هەبووە كردوویەتی، بە دانپێنانی هەموو وەزیرەكانی ئێستا و پێشووش سیستەمی تەندروستی سیستەمیێكی خراپە و دەبێت بگۆردرێت ، بۆیە وەزارەتی ناوخۆیە كە دەبێت ڕێنماییەكانی وەزارەتی یتەندروستی جێبەجێ بكات كە نەیتوانیوە شتەكان بكات بە عەمەلی، كەرەنتین و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی، بۆیە وەزارەتی تەندروستی هیچ دەسەلاتێكی دیكەی نیە تەنیا دەتوانێت نەخۆشخانە بكاتەوە و چاودێری بارودۆخەكە بكات، لەكاتێكدا خۆشی وەزارەتێكە كەموكوڕی زۆری هەیە. هاوڵاتى: هیچ توێژینەوەیەكی نوێ هەیە كە كۆرۆنا لە جیهاندا كەی كۆتایی دێت كە پشتڕاستكراوە بێت بە كۆمەڵێك بەڵگە بەتایبەت باس لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەكرێت؟ كامەران قەرەداغی: كەس ناتوانێت كاتی كۆتایی هاتنی كۆرۆنا ڤایرۆس دیاریبكات، تەنیا ئەوەی كە دەتوانرێت بكرێت كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا ڤایرۆسە و ڤاكسینكردنە كە دەتونێت كۆنترۆڵی بكات، ئەگری هەیە ئەم ڤایرۆسە ببێتە ڤایرۆسی وەرزی وەك ڤایرۆسەكانی دیكەش.
هاوڵاتى مەكتەبی سیاسی یەكێتی پشتیوانی بۆ هەنگاوەكانی بواری چاكسازی دەربڕیوە و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی كردووەتەوە، بهوپێیهی ئەو چاكسازییانە دەبنە سەرمایەیەكی مەعنەوی و بەرجەستە بۆ سیاسەتی راست و رەوای یەكێتی لە خزمەتی خەڵكدا. مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسهرۆكی حزبهكه كۆبووەوە و بە گفتوگۆ لەسەر تەوەرەكانی چاكسازی حزبی و حكومی و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كراوە. له راگهیهندراوی كۆبوونهوهكهدا هاتووه: مەكتەبی سیاسی پشتیوانی بۆ هەنگاوەكانی بواری چاكسازی دەربڕیوە و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی كردووەتەوە، بهوپێیهی ئەو چاكسازییانە دەبنە سەرمایەیەكی مەعنەوی و بەرجەستە بۆ سیاسەتی راست و رەوای یەكێتی لە خزمەتی خەڵكدا. بهپێی راگهیهندراوهكه، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بووه بە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵسەنگاندنی "ئیجابیانە بۆ بەرنامە و كۆششی میحوەرەكانی هەڵبژاردن لە هەموو شار و پارێزگاكاندا، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانە" كراوهتهوه. هەر لە كۆبوونەوەكەدا "بە بایەخەوە، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو لێكتێگەیشتنانە كرا كە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی تر كراون، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كەشێكی ئارام و دیموكراسیدا بەڕێوەبچێت".
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" 1632 تووشبووی دیکە تۆمارکراون و 14 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە". بەپێی راگەیێندراوی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاژێری رابردوودا 11 هەزار و 660 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 1632 کەسیان پۆزەتیڤ بووە، زۆرترین تووشبوو لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە و کەمترینیش لە هەڵەبجە.
هاوڵاتى ماڵپهڕی ئافاد رایگهیاند:" بوومهلهرزهیهك به گوڕی 4.2 پلهی رێختەر كهناراوهكانی شارۆچكهی داتچا-ی له پارێزگای موغڵا-ی توركیا ههژاند". ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئابی 2021، له ماڵپهڕی ئافاد بڵاوكراوهتهوه، بوومهلهرزهیهك به گوڕی 4.2 پلەی رێختەر، دهریای ئیجهی ههژاندووه. ئاماژه بهوهش كراوه بوومهلهرزهكه له قووڵایی 8.16 كیلۆمهتردا روویداوه و چهقهكهی 27.18 كیلۆمهتر له داتچا-وه نزیک بووه. تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن پارێزگاری ئەو شارە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی زیانی گیانی و ماددی بڵاونەکراوەتەوە. رۆژی 1ی ئاب، لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی داتچا لە پێنج کاژێردا سێ جار بوولەمەرزە تۆمارکراوە. گوڕی بوومەلەرزەکان لەنێوان 4.2 تاوەکو 5.5 پلە بوون.
