نامۆ سەربەست سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەپێناو نوێكردنەوەی ژێرخانی وڵاتەكەیدا بڕیاریدا تریلۆنێك و 200 ملیار دۆلار بۆ وڵاتەكەی تەرخان بكات كە لەماوەی ئەو 10 ساڵەی جێبەجێكردنیدا  زیاتر لە 16 ملیۆن دەرفەتی كار بڕەخسێنێت. دوای چەند مانگێك لەگفتوگۆو دوا كۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكادا، دواجار لیژنەی هاوپارتیی (لیژنەیەكە لە 11 ئەندامی دیموكراتەكان و 9 ئەندامی كۆمارییەكان و ئەندامێكی سەربەخۆی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پێكهاتووە، بۆ گفتوگۆكردن و رێككەوتن لەسەر پرۆژەیاساكان پێش ئەوەی ببرێنە ئەنجومەن)، گەیشتنە ئەنجام و رۆژی 7ی ئاب پلانەكەیان بردە ئەنجومەن و لەوێ بەدەنگی 49 دیموكرات و 18 كۆماریی، قۆناغی رێوشوێنیی تێپەڕاند. لەقۆناغی كۆتاییدا، تەنیا پێویستی بەدەنگی 51 سیناتۆر هەیە، بۆیە تێپەڕبوونی مسۆگەرە. پلانەكەی بایدن كە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی دابوو، سەرەتا بڕیاربوو بودجەی 2.8 ترلیۆن دۆلاری بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام كۆمارییەكان قایل نەدەبوون، بۆیە سەرەتا كەمیكردەوە بۆ 1.7 ترلیۆن و دواتریش بۆ 1.2 ترلیۆن دۆلار. رەخنەی كۆمارییەكان لەپلانەكە كە تادوای پەسەندكردنیشی بەشێكیان هێشتا سورن لەسەری ئەوەیە، ئەو بودجە زەبەلاحە دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەی قەرزەكانی سەر ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئاستێكی پێوانەیی هاوتای كاتی كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم. جانیت یلین وەزیری دارایی ئەمریكا وتی:»پلانەكەی سەرۆك بایدن ئاستی پێوانەیی قەرزی گشتیی ئەمریكا بەرزدەكاتەوە، بەڵام لەدەرەوەی تواناكانی وڵاتدا نابێت و شتێكیش نابێت لەمێژوودا رووینەدابێت». ئەگەرچی یلین هیچ وردەكارییەكی نەدا لەسەر ئاست و ژمارەی قەرزەكان، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەزاری چەند شارەزایەكی ئابورییەوە ئاشكرایكرد، دەگەنە زیاتر لە 25.5 ترلیۆن دۆلار، واتە لەنێوان 103٪ بۆ 117٪ی كۆی داهاتی ناوخۆ. هۆكارێكی تری ناڕەزایی كۆمارییەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یەكێك لەسەرچاوەكانی تەمویلكردنی پلانەكە، بریتی دەبێت لەگێڕانەوەو زیاتركردنی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكان. لەسەردەمی دۆناڵدا ترەمپ سەرۆكی پێشودا، كۆمارییەكان یاسایەكیان دەركرد بۆ كەمكردنەوە و لێخۆشبوونی باج لەو كۆمپانیایانە، كەئێستا بەهێڵی سوری دادەنێن. بەڵام بایدن بەنیازە باج لەهەموویان وەربگرێت و رێژەكەشی لە 21٪ەوە، بەرزبكاتەوە بۆ 28٪. دوای دەنگدانەكەی ئەنجومەنی پیران، سەرۆكی ئەمریكا لەوتارێكدا بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەگەلی ئەمریكا كردو رایگەیاند:»ئەمە وەبەرهێنانێكی مێژووییە و بێجگە لەجێبەجێكردنی هیچی ترمان پێناكرێت». هاوكات دڵنیایشیدایە گەلی ئەمریكا، كە ئەگەرچی لەمەودای نزیكدا قەرزەكانی سەر ئەمریكا زیاتر دەبێت، بەڵام بەهۆی پلانەكەوە، بەهەدەردانی پارە كەمتر دەبێتەوەو دەرفەتی كاری زیاتر دەڕەخسێت، بۆیە قەرزەكان ئاسانتر دەدرێنەوەو كاریگەرییان نابێت. بڕیارە پلانەكەی بایدن لەماوەی ئەو 10 ساڵەی بۆ جێبەجێكردنی دانراوە، زیاتر لە 16 ملیۆن دەرفەتی كار لەئەمریكادا بڕەخسێنێت. هاوكات دوای دەنگدانەكە كۆشكی سپی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا وردەكاریی خەرجكردنی پارەكانی بەم جۆرە خستەڕو.و رێگاوبان، پرد، پرۆژەی زەبەلاح بەیاننامەكە ئاشكرایكرد 173 هەزار میل (278 هەزارو 417) كیلۆمەتر لەڕێگا دەرەكییەكانی ئەمریكاو 45 هەزار پردی ئەو وڵاتە پێویستییان بەچاككردنەوە هەیە، بۆیە پلانەكە 110 ملیاری بۆ ڕیگاوبانەكان و 40 ملیاری بۆ پردەكان و 16 ملیاری بۆ پرۆژە گەورەو نوێیەكان تەرخان كردووە. سەلامەتیی هاتوچۆ بەیاننامەكە دەڵێت ئەمریكا یەكێك لەبەرزترین ژمارەی قوربانیانی كارەساتی هاتوچۆی هەیە لەجیهاندا بەتایبەتی گیانلەدەستدان، بۆیە 11 ملیار دۆلار تەرخانكراوە بۆ سەلامەتیی رێگاوبان و هۆكارەكانی هاتوچۆ، بە پاسكیل و ماتۆڕیشەوە. گواستنەوەی گشتی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی ئەمریكا ساڵانە پێویستییان بەچەندین ملیۆن دۆلارە بۆ چاككردنەوە، پلانەكە 39 ملیار دۆلاری تەرخانكردووە بۆ وەبەرهێنان و نوێكردنەوەیان، بەجۆرێك شەمەندەفەرو پاس و وێستگەكانیان رەچاوی خەڵكانی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان تێدا دەكرێت و زۆرینەیان لەو جۆرانە دەبن كە گازە گەرمكەرەكان دەرنادەن. گواستنەوەی ئاسنین گواستنەوەی ئاسنین مەبەست لێی هەموو ئەو جۆرە فارگۆنانەیە لەسەر هێڵی ئاسنین دەجوڵێن وەك میترۆكان و شەمەندەفەری گواستنەوەی خەڵك و شەمەندەفەری بارهەڵگرو پاسە هەڵواسراوەكان و ...هتد بەیاننامەكە دەڵێت لە 50 ساڵ لەمەوبەرو دروستبوونی كۆمپانیای نیشتیمانیی هێڵی ئاسنەوە، چاكسازی و نوێكاریی لەم جۆرە لەهێڵی ئاسنی ئەمریكادا نەكراوە، ئێستا 66 ملیاری بۆ تەرخانكراوە تاوەكو بەدەر لەچاكسازیی و نوێكردنەوەكان، هێڵەكان بگەیەندرێنە ئەو ناوچانەی تائێستا پێیان نەگەیشتووە. گواستنەوەی كارەبایی بەیاننامەكە نووسیویەتی بازاڕی هۆكارەكانی هاتوچۆی كارەبایی لەئەمریكادا، یەك لەسەر سێی بازاڕی چینەو سەرۆك بایدن پێی وایە دەبێت ئەوە بگۆڕێت. بۆیە 7.5 ملیار دۆلار تەرخانكراوە بۆ كردنەوەی وێستگەی بارگاویكردنەوە لەسەرتاسەری ئەمریكادا، تاوەكو كێشەی بارگاویكردنەوە كەگەورەترین بەربەستی بوژانەوەی ئەو بازاڕەیە، چارەسەر ببێت. پاسی كارەبایی كۆشكی سپی دەڵێت پاسی قوتابخانەكان رۆڵێكی سەرەكی دەبینن لەدەستخستنی خوێندندا، بەڵام سەرچاوەیەكی سەرەكیی پیسبوونی ژینگەن. پلانەكە 2.5 ملیاری تەرخانكردووە بۆ دابینكردنی ئەو پاسانەی گاز دەرنادەن و 2.5 ملیار بۆ ئەو پاسانەی گازی كەم دەردەدەن و 2.5 ملیاری تریش بۆ پەڕێنەرەوەكان (جۆرە بەلەمێكی تایبەتە بۆ پەڕاندنەوەی خەڵك و شتومەك و ئۆتۆمبێل لەڕووبارەكاندا). پێكەوە بەستنەوەی كۆمەڵگا سیستمی گواستنەوەی ئەمریكا لەزۆر شوێن بەجۆرێك كراوە كۆمەڵگاكان لەیەكتر داببڕێت (رەشپێست و نەتەوەكانیتر لەسپی پێستەكان) پلانەكە یەك ملیاری تەرخانكردووە بۆ گۆرینی ئەو سیستەمەو بەستنەوەی كۆمەڵگاكان بەیەكەوە. فڕۆكەخانە، بەندەر، رێگای ئاوی هیچ كام لەفڕۆكەخانەكانی ئەمریكا نەگەیشتونەتە لیستی باشترین 25 فڕۆكەخانەی جیهان، بەندەرو رێگا ئاوییەكانیش پێویستیان بەچاككردنەوەو نوێكردنەوە هەیە، پلانەكە 17 ملیاری بۆ بەندەرەكان و 25 ملیاری بۆ فڕۆكەخانەكان تەرخانكردووە. ژێرخانی ئاوی تەنیا ساڵی رابردوو ئەمریكا تووشی 22 كارەساتی پەیوەندیدار بەگۆڕانی كەشوهەواوە بووەتەوە كەزۆرترینیان لافاوو پڕ لەئاوبوونی تونێل و رێگاوبان و قوتابخانەكان بووە و تێچووی كەڵەكەبوویان گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار. بەرنامەكە 50 ملیار دۆلاری تەرخان كردووە، تاوەكو سیستمی ئاوو ئاوەڕۆ والێبكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بگونجێن بەهەردوو باری لافاوو وشكەساڵییەوە. ئاوی خواردنەوە لەئێستادا 10 ملیۆن ماڵ و 400 هەزار قوتابخانەو دایەنگاو باخچەی ساوایان لەئەمریكادا، ئاوی خواردنەوەی پاكیان نییە. پلانەكە 55 ملیار دۆلاری تەرخانكردووە تاوەكو هەموو ئەمریكییەك ئاوی ماڵ و قوتابخانەكەی بۆ خواردنەوە بشێت. ئینتەرنێتی خێرا زیاتر لە 30 ملیۆن ئەمریكی لەو ناوچانەدا دەژین كە ئینتەرنێتی بەخێراییەكی گونجاو نییە، 65 ملیار تەرخانكراوە تاوەكو لەسەرتاسەری ئەمریكادا ئینتەرنێتی خێراو بەنرخێكی هەرزانتر لەئێستا بەردەستبێت بۆ هەمووان. چارەسەری ژینگەیی لەسەرانسەری ئەمریكادا سەدان هەزار كارگەو وێستگەی وزەی جێهێڵراو هەیە كە بوونەتە مایەی پیسكردنێكی بێڕادەی ژینگەی دەوروبەریان. 21 ملیار دۆلار تەرخانكراوە تاوەكو چارەسەری ژینگەیی بۆ ئەو شوێنانە بكرێت و پاكبكرێنەوە، چونكە بوونەتە مایەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی زۆر لەو شارو شارۆچكانەی تیایدان. كارەبا لێكۆڵینەوەیەكی وەزارەتی وزە دەریخست هێڵ و وێستگەكانی كارەبا پێویستیان بەنوێكردنەوەی بەپەلە هەیەو كوژانەوەی كارەبا ساڵانە زیانی 70 ملیار دۆلار لەئەمریكا دەدات. ئەو 73 ملیارەی بۆ ئەو بوارە تەرخانكراوە، چارەسەری ئەو كێشەیە دەكات و وادەكات كارەبای ئەمریكا پشت بەوزەی نوێبوەوەی ژینگەپارێز ببەستێت. قەرەبووكردنەوە لەكۆتایی بەیاننامەكەیدا كۆشكی سپی بۆ دڵنیایدان لەلایەنی ئابوریی پلانەكە نووسیویەتی:»لەساڵانی داهاتوودا پلانەكە قازانجە ئابورییەكانی دەردەكەون. پلانەكە لەڕێی چەند شتێكەوە تەمویل دەكرێت، لەوانە ئەو پارانەی بۆ باری نائاسایی تەرخانكرابوون و خەرج نەكراون، خەرجی سەر كۆمپانیا بەكارهێنەرەكان، توندكردنەوەی رێوشوێنەكانی باج وەرگرتن لەسەر ئەوانەی داهاتەكانیان بە نەختینەی دیجیتاڵییەو هەندێك رێوشوێنی تر، ئەوانە وێڕای زیاتربوونی داهات بەهۆی ئەو وەبەرهێنانانەوە كەپلانەكە دەیكات».  

پ. دهۆك سوپای توركیا لەماوەی سێ‌ مانگی رابردوودا زیاتر لە 11 خاڵی سەربازیی لەسنوری ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌ جێگیركردووەو لەم هەفتەیەدا تەقەو هەڕەشەیان لەهاووڵاتیانی گوندی هرور كردووەو كونسوڵی توركیا لەهەرێمیش وەڵامی پارێزگاری دهۆك ناداتەوە. هاووڵاتیەكی گوندی هرور دەچێتە دەوروبەری گوند بەمەبەستی كردنی هەندێك گژوگیا بۆ مەڕو ماڵاتەكەی، سوپای توركیا تەقە لەو كەسە دەكەن و دوای ماوەیەك شوێنەكە بەجێدەهێڵێت، دووری شوێنی ئەو دانیشتووەی گوندی هرورەو ناوەندی گوند تەنها 300 مەتر بووە. هەروەها جاری دووەمیش دوو كەسی دیكەی گوندی كێستە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی بۆری ئاوی گوندەكەیان دەچن، بەڵام سەربازانی توركیا رێگەیان نەداوە بچنە ناو گوندەكەو بۆری ئاوی گوندەكیان نۆژەن بكەنەوە، هەڕەشەی كوشتنیان لێكردوون ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێنەوە. ئەدیب موسا، تەمەن 59 ساڵ، دانیشتووی گوندی هرور باسی رووداوەكە بۆ هاوڵاتى دەكات و وتی:» لەگەڵ كوڕێكم رۆیشتین بۆ دەوروبەری گوند بەمەبەستی كردنی هەندێك گژوگیاو بڕینی چلی لەداری بەڕوو، دوای چەند خولەكێك سەربازانی توركیا بەچەكی سووك تەقەیان لەئێمە كرد، یەكسەر شوێنەكەمان بەجێهێشت و گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر زوو شوێنەكەمان بەجێنەهێشتبا یان بریندار دەبووین یان دەیانكوشتین». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد پێش دوو رۆژ هەر لەگوندەكەیان هاووڵاتیەك دەچێتە سەر جوگەی ئاوی گوند بەمەبەستی ئاودانی باخەكەی، بەڵام سوپای توركیا تەقەی لێ‌دەكەن و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بەم شێوەیە باخەكەی وشك بووە، وتیشی:» لەگوندی كێستەش كە نزیكە لەئێمە سوپای توركیا هەڕەشەی كوشتن لەدوو كەس دەكەن، ئەو دوو كەسە بەنیاز بوون بچن بۆ گوند بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی بۆری ئاو، بەڵام سەربازانی توركیا رێگا بەئەوان نادەن و هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكەن» . ئەدیب موسا ئەوەشی خستەڕوو كە زیاتر لەسێ‌ مانگە بەردەوام ناوچەكەیان بۆردوومان دەكرێت، «تائێستا سەرووی هەزار تۆپ لەدەوروبەری گوند دراوە ، نزیكەی 55 خێزان لەناو گوندی هرور دەژین، تائێستا هیچ كەسێك گوندەكەی بەجێنەهێشتووە، هیچ شتێكمان ناوێت تەنها دەمانەوێت واز لەئێمە بێنن بۆ خۆمان بژین، بەداخەوە هیچ كەسێك قسە ناكات، بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بێ‌دەنگن وابڕوات مەترسی زیاتر دەبێت بۆ سەر دانیشتوانی گوندەكانی سنوری ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌«. سوپای توركیا دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی داگیركردووەو دەیان گوند چۆڵكراون و دانیشتوانی چەند گوندێكی دیكەش لەترسی بۆردومان ناتوانن بچنە سەر كارەكانیان. سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «پێنج رۆژە چوار گوندی سنوری ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌ بێ‌ كارەبا ماونەتەوە، ئەوانیش (ئەدنێ‌، دێشیش، سەرەرۆ، ئورە ) چەند جارێك تیمەكانمان سەردانی ئەو گوندانەیان كردووە بەمەبەستی چاككردنەوەی كارەباكەیان، بەڵام لەبەر بەردەوامی شەڕی توركیاو پەكەكە، سوپای توركیا تەقەشیان لەتیمەكانمان كردووەو ناچاربوون بگەڕێنەوە». بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ ئەوەی دووپاتكردەوە كەسوپای توركیا تەقە لەدانیشتوانی گوندی هرور دەكات، وتیشی:» لەهەمووشی خراپتر خەڵكی ئێمە بەتایبەت لەگوندی هرورێ‌ دەچنەناو باخەكانیان، بەڵام سوپای توركیا تەقەیان لێ‌دەكەن و ناتوانن ئیشەكانی خۆیان بكەن». «لەسەر تەقەكردنی سوپای توركیا لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی بزانین هۆكاری تەقەكردنی ئەوان چیە، ئاگاداری قایمقامیەتی قەزای ئامێدیشمان كردووە ئەوانیش ئاگاداری پارێزگای دهۆكیان كردووە، بەرپرسانی پەیوەندیدار ئەم بابەتەیان گەیاندووەتە كونسڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووەتەوە» سەربەست سەبری وای وت. بەڕێوەبەری ناحیەی كانێ ماسێ هێما بۆ زیانەكانی شەڕی نێوان سوپای توركیاو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەكات كە لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر ناوچەكە 22 هەزارو پێنجسەد دۆنم زەوی ئاوی و وشكانی سووتاون‌و   زیاتر لەحەوت ملیار دیناریش زیانی دارایی خەمڵێندراوە . حكومەتی عێراق دوای هێرش و داگیركارییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم لەناوچەكانی بادینان چوار خاڵی سەربازیی داناوە، بەڵام نەتوانراوە رێگری لەهێرش و داگیركارییەكانی سوپای تورك بگیرێت. بەڕێوەبەری ناحییەی كانێ ماسێ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بۆ رێگەگرتن لەتەقەی جەندرمەی توركیا لەدانیشتوانی گوندەكانی بادینان پاسەوانی سنوری عیراق خاڵێكی دیكەی سەربازیی دادەنێت، بەڵام هێشتا تۆپباران و گرژییەكان بەردەوامەو ژیانی دانیشتوانی گوندەكان ئاسایی نەبووەتەوە.    

شاناز حەسەن خێزانی شێروان شێروانی دەڵێت:» شێروان بەتەلەفون پێی وتم كە لەلایەن ئاسایشەوە ئەشكەنجە دەدرێن»، تیمی پارێزەران و كەسوكاری سزادراوانی دیكەش ئەو ئەشكەنجەیە دووپاتدەكەنەوە كە ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە بەردەوامە. خێزانی شێروان شێروانی ئاماژە بەدەدات شێروان پەیوەندی كردووەو داوای كردووە قسەكانی بگەیەنێتە راگەیاندنەكان و پارێزەران و كەسانی مافپەروەر كەڕۆژانە ئەشكەنجەی دەرونی و جەستەیی دەدرێن. روكەش جەباری، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» شێروان رۆژی شەممە حەوتی ئاب پەیوەندی كردووەو داوای كردووە قسەكانی بگەیەنرێتە پارێزەرەكەی و راگەیاندنەكان و رای گشتی كە ماوەی دوو هەفتەیە ئەشكەنجە دەدرێین». هەروەها وتیشی:» شێروان وتی خواردنمان لێ‌ دەگرنەوەو ساردیەكانمان لێ‌ دەكوژێننەوەو لەگەرمایە وەزعمان زۆر خراپە بەپارێزەران بڵێ تا بەهانامانەوە بێن». نوێنەری زیندانیانی بادینان دەڵێت:» لەدوای دادگایی كردنەكەی رۆژی 29ی مانگ كە شایەتیەكەیان هەڵوەشاندۆتەوەو وتوویانە متمانەیان بەئاسایشی پارتی و دادگا نەماوە لەتۆڵەی ئەوەدا لەو رۆژەوە تائێستا زیندانیان خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و ئەشكەنجە دەدرێن». ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» هۆكاری ئەو سزادان و ئەشكەنجەدانانە، دوای ئەوە بووە كە لەدادگا زیندانیان وتوویانە ئێمە نەخێر متمانەمان بەئاسایشی پارتی نیە و متمانەمان بەدادگا نیەو ئەمانە پەنجەیان بەرزكردۆتەوەو رایانگەیاندووە بژی ئازادی و بمرێت دیكتاتۆرو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگ دروست بووەو دوای ئەوە كە براون بۆ زیندان ئەشكەنجە دراون وەك تۆڵە سەندنەوەیەك لەدژی ئەو بەرخودان و ئازایەتیەی بەرامبەر خەڵك و پەرلەمانتارو كەسوكارەكانیان نیشانیانداوە». نوێنەری زیندانیانی بادینان، زیاتر روونیكردەوە  كەڕۆژی ٢٩ی مانگ دادگایی كردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشكی بوو زیندانیەكانی تر (شڤان سەعید و شێروان شێروانی و ئاریوان عیساو گۆدار زێباری) وەك شایەت لەسەریان هێنرابوو كە شایەتیان لەسەربدەن كە ئەمانە تێكدەرو تیرۆریستن و ویستوویانە تەقینەوە بكەن و ئەوانیش ئەو شایەتیەیان رەتكردووەتەوەو و رایانگەیاندووە «لەژێر فشاردا 50 وەرەقەیان پێ واژۆ كردووین كە نەمانزانیوە ئەمە چییەو رێگەیان نەداوە بیخوێنینەوە». نوێنەری زیندانیانی بادینان، ئەوەشی دووپاتكردەوە هێشتنەوەی بەندكراوان لەدەرەوەی یاسایە و پێویستە ببرێنە چاكسازییەكان نەك تائێستا لە لای ئاسایشی هەولێر بمێننەوە. هاوكات ئەم هەفتەیە تیمی پارێزەرانی چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان بانگەوازێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و دەڵێن « سزادراوانی بادینان (رۆژنامەنوس و چالاكوانان ) زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆیان بۆ دەهێنرێت»، تیمەكە داوای بەهاناوەچوونی كردووە. بانگەوازەكەی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان، شەممە 7ی ئابی 2021، ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمان كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان، فراكسیونە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان  كراوە. تیمی پارێزەران داواشیكردوە بەزووترین كات سزادراوەكان بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر یاخود چاكسازی زەڕكا لەدهۆك كە بەپێی یاسا دوای سزادانی هەر راگیراوێك دەبێت بگوازرێنەوە چاكسازی و وەك هەر زیندانیانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و رادەستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بكرێن. محەمەد عەبدوڵا، تیمی پارێزەری زیندانیانی بادینان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «ئێمە لەڕێگەی هاوسەری شێروانەوە زانیاریمان پێگەیشتووە كە ئەشكەنجە دەدرێن و باری دەروونییان باش نیە». وتیشی» نووسراومان ئاراستەی هەموو لایەنە بەرپرسەكان كردووە بەپیر بەندكراوانەوە بچن و ئەو ئەشكەنجەدانە راگرن». ڕۆژی 29ی تەمموز رۆژی دادگایكردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشكی بوو كە لەناو هۆڵی دادگادا لەلایەن زیندانیان و كەسوكارو ئامادەبوانی ناو هۆڵی دادگاییەكەوە دروشمی بژی ئازادی و بمرێت دیكتاتۆر دەوترایەوەو دادگاییەكە دواخرا.  

عەمار عەزیز سەرۆكی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك بەوەكالەت دەڵێت: لەهیچ شارەوانییەكی سنوری پارێزگای دهۆك پارچە زەوی نیە تا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكرێت، كەفەرمانی پێدانی زەوی بۆ 20 هەزار فەرمانبەر لەسنوری پارێزگای دهۆك دەرچووە . خالد سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك بەوەكالەت لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پێش 2012 بڕیاری پێدانی پارچە زەوی بۆ 20 هەزار فەرمانبەر لەسنوری پارێزگای دهۆك دەرچووە، ئێمە قەرزاری ئەوانین، بەڵام چی بكەین هیچ پارچە زەویەك لەسنوری شارەوانییەكانی ئێمە نیە تا بەسەریاندا دابەشی بكەین». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە لەسنوری پارێزگای دهۆك 47 شارەوانییان هەیە، بەڵام هیچ پارچە زەوییەكی ئامادەو ئیفراز بوونی نییەو دەبێت سنوری شارەوانییەكان فراوان بكرێت و كوژاندنەوە بۆ زەوی كشتوكاڵی بكرێت. سەرۆكی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك ئەوەشی دووپاتكردەوە دەبێت حكومەتی هەرێم فەرمانێك دەربكات تابڕیارەكە بكەوێتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە، تا بتوانن هەندێك پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشبكەن، وتیشی:» ئەوەش لەحكومەتی هەرێم راگیراوەو پێویستی بەڕازەمەندی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانە بۆ كوژاندنەوەی زەوییەكان و فراونكردنی شارەوانییەكان». هاوكات ئەوەشی خستەڕوو  حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێناوە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كاری ئەو لیژنەیە سەرەتا (جەردێك) دەكەن تا بزانن لەسنوری هەموو شارەوانییەكان چەند پارچە زەوی هەیەو چەند فەرمانبەر بڕیاری بۆ دەرچووە تا زەوی پێبدرێت، «چاوەرێ‌ی ئەنجامی لیژنەكە دەكەین، جگە لەو 20 هەزارەی كە فەرمانی دەرچووە زەوی پێ‌بدرێت ، نزیكەی 20 هەزار فەرمانبەری دیكەش مافی ئەوەیان هەیە زەوی وەربگرن». خالید سلێمان ئەوەی دووپاتكردەوە كە دابەشكردنی زەوی دەمێكە لەلایەن حكومەتی هەرێم راگیراوە، دەبێت بڕیارێكی گشتی بدەن بۆ هەموو شارەوانییەكان تا بەفەرمی دابەشكردنی زەوی دەستپێبكاتەوە.  

  هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 2069 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون و لەو ماوەدا 19 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 967 تووشبووی پێشووش چاکبوونەتەوە. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاژێری رابردوودا 12 هەزار و 155 پشکنین کراون، ئەنجامی پشکنینی 2069 کەس پۆزەتیڤ بوون، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای سلێمانی بووە. 

هاوڵاتى نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "ئەوەش بە‌مە‌بە‌ستی زیاتركردنی توانای دابینكردنی ئاوی خواردنە‌وە‌ بۆ ھاوڵاتیان بودجەیەک بۆ بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاوی سلێمانی تە‌رخان كرا". ئەمرۆ 10ی ئابی 2021. میدیاکانی یەکێتی لە نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاویانکردۆتەوە: " ئیدارە‌ی گشتی یە‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە‌سە‌ر فەرمانی بافڵ تاڵە‌بانی ھاوسە‌رۆكی یە‌كێتی، بودجە‌یە‌ك بۆ بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاوی سلێمانی تە‌رخان دەکات". بەپێی هەواڵی میدیاکانی یەکێتی، "بە‌مە‌بە‌ستی زیاتركردنی توانای دابینكردنی ئاوی خواردنە‌وە‌ بۆ ھاوڵاتیان و چارەسە‌ركردنی ھە‌ندێك گرفتی تە‌كنیكی لە سنووری پاریزگای سلێمانی". سەربەست عوسمان، بە‌ڕێوەبە‌ری ئاوی سلێمانی رایگە‌یاندووە: "داوامان كردبوو بودجە‌یە‌كمان بۆ تە‌رخانبكرێت بە‌مە‌بە‌ستی زیاتركردنی تواناكانمان بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنە‌وە‌ بۆ ھاوڵاتیان و چارە‌سە‌ركردنی ھە‌ندێك گرفتی تە‌كنیكی". ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە‌سوپاسە‌وە‌ لە‌سە‌ر فەرمانی بافڵ تاڵە‌بانی ھاوسە‌رۆكی یە‌كێتی، لە‌لایە‌ن ئیدارە‌ی گشتییە‌وە‌ بودجە‌كە‌مان بۆ تە‌رخان كرا".

هاوڵاتى تیمی کوردستانی عێڕاقی ڕێكخراوی‌ (CPT) ئه‌مریكی‌ رایگه‌یاند:" لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە تاوەکو ئێستا، بەلایەنی کەمەوە ١٩ ھاوڵاتی مەدەنی لەھەرێمی کوردستان بەھۆی بۆردومانەکانی‌ سوپای‌ توركیاوە برینداربون".  ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی ئابی 2021، لە راگەیەنراوێکدا تیمی کوردستانی عێڕاقی ڕێكخراوی‌ (CPT) ئه‌مریكی‌ ڕایگه‌یاندووه‌:"بەھۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاوه‌ بۆسەر گوندی بۆسەل لەناحیەی دەرکار، ھاوڵاتییەکی مەدەنی بەسەختی برینداربو". ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ دوێنێ کاتژمێر ٣:٥٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، گوندی بۆسەل لەناحیەی دەرکار لەھەرێمی کوردستان، بەچڕی لەبارەگا سەربازییە نوێیەکانی تورکیاوە بۆردومانکرا. بۆردوومانەکان بوونە ھۆی برینداربوونی عەبدولرەحمان یوسف-ی تەمەن ٥٥ ساڵ کە خەڵکی گوندی بۆسەل-ە. رێكخراوه‌كه‌ ئەوەشى خستووەتەڕوو، کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تاوەکو ئێستا، بەلایەنی کەمەوە ١٩ ھاوڵاتی مەدەنی لەھەرێمی کوردستانی عێراق بە ھۆی بۆردوومانەکانەوە برینداربوون. دوێنێ دوو شەممەش تیمی عێراق كوردستانی cpt بڵاویكردەوە، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەكانی توركیاوە بەتایبەت لەكاتی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی 23 نیسانەوە 12 هەزار دۆنم زەوی سوتاوە. وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی سی پی تی دا هاتووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، بەهۆی بۆردومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە 19 هاوڵاتی مەدەن برینداربوو. لە 23ی نیسانی ئەمساڵەوە سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی نوێی بۆسەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەباشوری كوردستان دەستپێكردووە، بەوهۆیەوە چەندین گوند چۆڵكراون و ژمارەیەك گوندیش مەترسی چۆڵبونیان لەسەرە.

  هاوڵاتى مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند، گۆڕانکاری ستوونی بە تەنھا له‌ سه‌ركردایه‌تیدا، ناتوانێ دەستەبەر بێ بۆ دیموکراسی و ناشتوانێ مافە کۆمەڵایەتی، پیشەیی، مەدەنییەکان بەدیبھێنێت و لەوانەش مەترسیدارتر ئەقڵییەتی باوکسالاری، چەوساندنەوەی ژن و جیاوازی رەگەزایەتی ھەر دەمێنێت. ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی ئابی 2021، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، لەگەڵ ژمارەیەک لە ھاوبیرانی فێمێنیزمی رۆشنگەری و دابڕان لە دەڤەری پشدەر کۆبوه‌وە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆبونەوەی ئێوە و تێکۆشانتان لەدەڤەری پشدەر، بەڵگەی ئەوەیە کە نەک ھەر سلێمانی بەڵکو دەوروبەریشی لە گۆڕان و گەشەکردندایە و گۆڕانکارییەکەش کۆمەڵایەتییە. لەدیدارێکیشدا، مه‌لا به‌ختیار، باوەڕی خۆی نیشاندا، کە گۆڕانکاری ستوونی بە تەنھا، واتە ھەر لەسەرەوەو لە سەرکردایەتیدا، ناتوانێ دەستەبەر بێ بۆ دیموکراسی و ناشتوانێ مافە کۆمەڵایەتی، پیشەیی، مەدەنییەکان بەدیبھێنێت و لەوانەش مەترسیدارتر ئەقڵییەتی باوکسالاری، چەوساندنەوەی ژن و جیاوازی رەگەزایەتی ھەر دەمێنێت. وتیشی: "بەپێچەوانەشەوە ئەگەر گۆڕانکاری شۆڕ ببێتەوە بۆ خوارەوە، واتا گۆڕانکارییەکە لەستونییەوە ببێ بە ئاسۆیی و کۆمەڵ و ژیانی کۆمەڵایەتی بگرێتەوە، ئەوا ئەو گۆڕانکارییە وردە وردە رای گشتی، بزووتنەوەی مەدەنی و فێمێنیستی دروستدەکات و ھەموو مافەخوراوەکان بەدیدەھێنێت و ئەوکاتەش گەشەکردنەکە دەبێت بە گەشەکردنێکی بابەتی". مەلا بەختیار، روونیکردەوە: یاساکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، بەھەردوو رەگەزەکەیەوە، یاسایەکی مێژوو کردن و بەپێی جوگرافیا و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی ترو بە پێی قۆناغ و کات دێتەدی، جا دوادەکەوێت یان پێشدەکەوێت. راشیگەیاند: ھەر کۆمەڵێک بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی، دەچێتە ناو یاساو گۆڕانکارییەکانەوەو ژیانی ئێستای کوردستانیش وەک رابردوو نییە، بەڵکو ژیانی بازاڕی ئازادە و ئەمەش وایکرد پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بگۆڕێت، لەپەیوەندی دەرەبەگایەتی و داگیرکارییەوە بۆ پەیوەندی سەرمایەداری، بازاڕی ئازادو سەرەتاکانی دیموکراسی، ئەگەرچی دەکرا لەمەی ئێستاش باشتربوایە. جەختیشیکردەوە: "لەئێستادا ئێمە لە سەردەمی بونیادنانی بناغەکانی دەسەڵاتی کوردستان و لەسەردەمی بەڕێکردن و خەباتکردنین بۆ ئەوەی دیموکراسی و دەستکەوتەکانی بھێنینەدی".

     هاوڵاتى هەپەگە ناسنامەی ئەو سێ گەریلایەی ئاشکراکرد کە لە سنووری شارۆچکەی خەلیفان لەلایەن هێزێکی پەدەکەوە هێرشیان کرایە سەر و چارەنووسیان نادیارە. هەپەگە،ئەمڕۆ سێ شەممە، 10ئابی 2021 هەیەگە لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند:"  ڕۆژی ٢٦ی تەمموز، ڕامانگەیاندبوو، کە پەیوەندییمان لەگەڵ گروپێکی گەریلامان لە گوندی بێخمە سەربە شارەدێی خەلیفان بچڕاوە، ئێمە بانگەوازییمانکرد و سەردانی خانەوادەی ئەو گەریلایانەش بۆ زانینی چارەنووسیی ڕۆڵەکانیان تا ئێستا لەلایەن پەدەکەوە بێوەڵام ماوەتەوە". ناسنامەی ئەو گەریلایانەی کە لە گوندی بێخمە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا بچراوە، بەمشێوەیەیە:  نازناو: سەروەر سەرحەد ناو و پاشناو: ئەرداڵ ئاسلان شوێنی لەدایکبوون: ئەرزڕۆم ناوی دایک و باوک: زاهیدە- سەیدخان سەروەر سەرحەد نازناو: وارگەش چاوڕەش ناو و پاشناو: ئایهان تاتلی شوێنی لەدایکبوون: شرناخ ناوی دایک و باوک: هەیچ- سلێمان وارگەش چاوڕەش نازناو: دژوار بەرخۆدان ناو و پاشناو: مەحمود خەلەف شوێنی لەدایکبوون: حەسەکە ناوی دایک و باوک: ڕۆس خەلەیل- حەسەن خەلەف دژوار بەرخۆدان

هاوڵاتى  بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەدەدات كەهێشتا هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بۆ ئوتومبێلە بێسەرەتاكان دەرنەچووە كەژمارەیان نزیكەی بیست هەزار دەبێت، بەڵام پێشنیار بۆ چارەسەركردنیان هەیە. عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە  هاوڵاتى  وت:» تائێستا وەزارەتی ناوخۆ بڕیارینەداوە ئوتومبێلە بێسەرەتاكان تۆمار بكرێن، بەڵام داوای ئامارەكەیان كردووە كەژمارەیان كەمترە لەبیست هەزار ئوتومبێل و ئێمەش داومانەتە وەزارەتی ناوخۆ». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لەو ژمارەیە كەمتر لەسێ هەزار ئوتومبێلی لەپارێزگای سلێمانیدایەو ئەوانی دیكە لەپارێزگاكانی دیكەدان. دەربارەی ئەوەی پێشنیار هەبووە ئوتومبێلە بێسەرەتاكان تابلۆی پارێزگای هەڵەبجەیان پێبدرێت تاداهاتەكەی بۆ ئەو پارێزگایە بێت، بەڵام بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت ئەوە تەنها قسەیەو پێشنیار نییەو شتێكی فەرمی لەوەزارەتی ناوخۆ نییە. دەربارەی ئەوەی پێشنیار هەیە بۆ ئەوەی چارەنووسیان یەكلابكرێتەوە كە لەئێستادا كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی وتی:»پێشنیار هەیە كە رسوماتی مروری و گومرگیان لێوەربگیرێت وەك ئەوەی ساڵی 2017 و 2019 تۆمار بكرێن، چونكە ناكرێت بەبێ ژمارەو ژمارەی ساختە بسوڕێنەوە، تا ئێستا ئەم پێشنیارە لەوەزارەت تەبەنی نەكراوە». «خەڵك دەبێت چاوەڕوان بێت و نابێت كڕین و فرۆشتنی پێوە بكات، یان بەژمارەی ساختە بسوڕێتەوە تا بڕیار لەچارەنووسی ئوتومبێلە بێسەرەتاكان دەدرێت»، عەمید فەرەیدون عومەر وادەڵێت. هەروەها وتیشی:»هەركات ئەو پێشنیارە تەبەنی كرا ئەوكات وەزارەتی دارایی و ناوخۆ جۆری رسوماتی هاتوچۆو گومرگەكان دیاری دەكەن كەپێویستە رەچاوی جۆری ئوتومبێل بكرێت»

   هاوڵاتى  وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند:" لە‌ماوە‌ی ٢٤ سە‌عاتی رابردوو ھیچ جۆرە‌ كارێكی نایاسایی ئە‌نجام نە‌دراوە‌ و ھێزە‌كانی ئاسایش و ھێزە‌كانی تری دە‌روازە‌كان توانیویانە‌ رێگریی تە‌واو بكە‌ن لەهەر هەوڵێكی قاچاغچێتی". سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگە‌یاند:"پرۆسە‌كە‌ بە‌ردەوام دە‌بێت و خودی قوباد تاڵە‌بانی بە‌ردە‌وام لە‌سەر خە‌تە‌ لە‌گە‌ڵ ھێزە‌كانی ئاسایش و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی تر بۆ ئە‌وە‌ی رێگری تە‌واو بكرێت لە‌ھە‌ر یاسا شكێنییە‌ك كە‌ ئە‌گە‌ری روودانی ھە‌بێت. سە‌میر ھە‌ورامی ئە‌وە‌شی راگەیاند:" ھێزە‌كانی ئاسایش بە‌ردە‌وام دە‌بن لەئەرکەکانیان و لە‌دە‌روازە‌كان دە‌مێننە‌وە"‌. وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەمە‌ ھەنگاوێكی گرنگە بە‌ئاڕاستە‌ی چاکسازی و سەروەری یاسا و پارێزگاریکردن لە مافی گشتی. دوو رۆژە بە فەرمانی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سە‌ر بە‌دە‌زگای ئاسایشی ھە‌رێم لەدەروازە سنورییەکانی باشماخ و پەروێزخان و چەندین خاڵی تری گومرگی جێگیر کراون ، لە‌دوێنێوە‌ ٩/٨ ھێزە‌كە‌ بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی و یاساشکێنی دەستبەکاربوون.

  هاوڵاتى بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کارەبای ئێران ڕایگه‌یاند:" هەناردەكردنی کارەبای وڵاتەکەمان بۆعێراق هەڵپەساردوە ". ئەمڕۆ سێشەممە10ى ئابى 2021، مستەفا رەجەبی مەشهەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کارەبای ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی پڕكردنەوەی پێویستییە ناوخۆییەكانی ئێران هەناردەكردنی كارەبامان بۆ عێراق هەڵپەساردووە. ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو " لە ساڵی 2021 ەدا تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار مێگاواتمان هەناردەی عێراق کردوە دواتر کەمکرایەوە بۆ 150 مێگاوات". هاوكات عێراق نزیکەی لەسەدا چلی وزەی کارەبا لە تارانەوە هاوردە دەكات و تا ئێستا نزیکەی شەش ملیار دینار قەرزاری ئێرانە.

 هاوڵاتى رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند:" بەرپرسانی گینیا تووشبوونی کەسێکیان بە ڤایرۆسی ماربێرگ پشتڕاستکردووەتەوە، ئەوەش دەبێتە یەکەمین تووشبووی ڤایرۆسە کوشندەکە لە رۆژئاوای ئەفریقا. دکتۆر ماتشیدیزۆ مۆیتی، بەڕێوەبەری هەرێمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رۆژی دووشەممە ئاماژەی بەوە کرد، ڤایرۆسەکە توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی بڵاوببێتەوە و دوور بڕوات، بۆیە هۆشداریی دا، کە پێویستە ڤایرۆسەکە پێش ئەوەی بگاتە ئەو ئاستە، رێگەی لێبگیرێت.   راگەیێندراوەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە رۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت تووشبووەکەی ئەو ڤایرۆسە لە باشووری گینیا تۆمارکراوە.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئەم ڤایرۆسە یەکەمینجارە لەو وڵاتە و تەواوی رۆژئاوای ئەفریقادا تۆماربکرێت.  بەگوێرەی WHO، ڤایرۆسەکە بە خێرایی لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی گرانەتا و خوێنبەربوون.  ئەم ڤایرۆسە لە خێزانی ئەو جۆرەیە، کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئیبۆلا، کە ئەویش نەخۆشیێکی خێرا گوێزەرەوەی کوشندەیە. ئەم دۆزینەوەیەی گینیا تەنیا دوو مانگ دوای ئەوە دێت، کە رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکە رایگەیاند بەرپابوونی دووەمی ئیبۆلا کۆتایی هاتووە، کە ساڵی رابردوو دەستیپێکرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس. 

   هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایيی ساڵی نوێی کۆچی لە موسڵمانان دەکات و ڕایگه‌یاند:" لە خوای مەزن داواکارم ساڵی نوێ کۆتایيی دەرد و بەڵا و مەینەتی و گرفتەکان بێت". دەقی پەیامەكەی   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی یەکی موحەڕڕەم و سه‌ری ساڵی نوێی كۆچییەوە، پیرۆزبایی له‌ ته‌واوى موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م. هیوادارم ساڵی نوێی کۆچی، ساڵێکی پڕ بەرەکەت و خێر و خۆشی بێت بۆ هەموو موسڵمانان و مرۆڤایەتی بەگشتی. لە خوای مەزن داواکارم ساڵی نوێ کۆتایيی دەرد و بەڵا و مەینەتی و گرفتەکان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بۆ کوردستان و عێراق و جیهان ساڵێکی پڕ ئاسوودەیی و ئارامى و خۆشبەختی بێت. دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم و هەموو ساڵێك بە خۆشى. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 9ی ئابی 2021

    هاوڵاتى مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی رایگه‌یاند:" "ئێمەش ھەموو پەرۆشی ئەم دۆخەین، کە نەدەبوو ئەم یەکێتییە گەورەو گرانە، خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵک"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "ئەم رووداوانە بونەتە مایەی نیگەرانی خەڵک، ھەربۆیە یەکێتی دەبێت یٔەم بابەتە بەزوویی چ بە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی یان حکومی ساغبکاتەوەو کۆتایی پێبھێنرێت، ئەوکات بڕیاری لێخۆشبوون یان سزابدرێت و کۆتایی بەم دۆخە بھێنرێت." ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌  9ی ئابی 2021،  ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌شیره‌تی میكائیلی سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیاریان كرد و له‌سه‌ر دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی پێیان راگه‌یاند كه‌ "ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سلێمانی و ناو یەکێتیدایە، مایەی نیگەرانی ھەموولایەکە". مەلا بەختیار رایگه‌یاند: "ئێمەش ھەموو پەرۆشی ئەم دۆخەین، کە نەدەبوو ئەم یەکێتییە گەورەو گرانە، خۆی بخاتە بەردەم لۆمەی خەڵک"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "ئەم رووداوانە بونەتە مایەی نیگەرانی خەڵک، ھەربۆیە یەکێتی دەبێت یٔەم بابەتە بەزوویی چ بە لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی یان حکومی ساغبکاتەوەو کۆتایی پێبھێنرێت، ئەوکات بڕیاری لێخۆشبوون یان سزابدرێت و کۆتایی بەم دۆخە بھێنرێت."  مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاند:"ئێستا دڵسۆزیی و پەرۆشی لەوەدایە چەندە دەبیت بە بەشێک لەچارەسەر، بۆ کورد و کوردستان، نەک تەرەفگیری و خۆ ھەڵواسین بەم لێپرسراو و ئەو لێپرسراودا، ببیتە بەشێکی چارەسەری نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، نەک ببیتە مایەی قوڵکردنی کێشەو گرفتەکان. ئێستا دڵسۆزیی ئەوەیە بەشێک بیت لەچارەسەر، نەک لەقوڵکردنی کێشەو ئازارەکان، کە ئەمەیان دواجار مایەی شەرمەزاری مێژووە". وتیشی:"بەداخەوە ھێشتا عیراق کە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دوای 17 ساڵ لە ئازادبوون لە حوکمی بەعس، گەندەڵی بەرادەیەک بەربینی گرتووە، کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەی نییەو لەدۆخێکی تەواو خراپدایە. ئەمەش سەلمێنەری ئەو واقیعەیە کە ھێشتا ئەم وڵاتە نەتیوانیوە سەرکردەی خۆی دروستبکات و حزبێکی راستەقینەی خەمخۆر لەم وڵاتەدا دروست نەبووە، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ دەسەڵاتی باش و سیستەمی باش و دادپەروەر دروست نابێت و یاساش ناسەپێ".