هاوڵاتى عەلی حەمە ساڵح رایگه‌یاند " نەوت و زەوی و خاڵی سنوری دەرگای گەورەی گەندەڵی و ستەمکارین لە کوردستان". عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا بەناونیشانی، "وەڵامێک بۆ بەرپرسانی حکومەت" بڵاویکردەوە، رایگه‌یاند "دوو ساڵە بە بەردەوامی لە ململانێدام لەگەڵ قاچاغچی و میدیای قاچاغچی و لایەنگرانی قاچاغچیەکان، بەبێ چاوپۆشی لە ھیچ کەس و سنورێک ئەوەی توانیومە کردوومە، لەم دۆسیەدا فشاری گەورەو عەرزی گەورە ھەبوەو ھاوڕێکانم ئاگاداری زۆریانن، بەڵام کۆڵمان نەدا تاوەکو ھەموو بەرپرسانی حکومەت و حیزب بە ئاشکرا دانیان بەوەدا ناوە ھێزە حوکمڕانەکان قاچاغچێتی بەسەر میللەتی خۆیانەوە دەکەن". ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو دۆخە دەیانەوێت، قەبارەی قاچاغی بەوشێوە نیەو بەڵگە کوا؟ دەیانەوێت بردنی سەدان ملیۆن دۆلاریش بەناوی کۆمپانیاکاریەوە دابپۆشن". عەلی حەمە ساڵح ئامارێکی خستوەتەڕو و دەڵێت، " ئەم ئامارەم لە وەزارەتی بازرگانیەوە دەستکەوتوە ساڵی 2018 قاچاخی جگەرە کەمبو بە بەھای 360 ملیار و 710 ملیۆن دینار بوە جگەرە بەفەرمی داخڵبوە، کە قاچاغی دەستپێدەکات، تەنیا 4%‏ جگەرە بە گومرگ دێت، کە لە ساڵی 2020دا تەنیا بە بەھای 17 ملیارو 100 ملیۆن دینار جگەرە بە فەرمی داخڵبوە". رونیشیکردەوە، 96%‏ جگەرە کێشیەکانی کوردستان جگەرەی تەرک نکردوە، ھۆکارەکەی ئەوەیە بارھەڵگرێکی جگەرە گومرگی (40 ھەزار دۆلار) بێت بەرپرسە قاچاغچیەکان بە (20 ھەزار دۆلار) داخڵی دەکەن، لە بازاڕی جگەرەکە نوسینگەیان ھەیەو بارھەڵگرەکەت بە ھەمو بازگەکان بۆ داخڵ دەکەن. عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، "100% ھێلکەو 100% خورماو مریشکی بەستو، جۆی سوری و چەندین کاڵای دیکە بەقاچاخ داخڵ دەبێ، لەم دۆسیەش ھەر قسەمان نەبوە، بەھاوکاری چەندین دڵسۆز، چەندین مەواد ڕاگیراوەو یان کەمیکردوە وەک دەرمان و ھەنگوین و ئاژەڵ ماوەیەک ڕاگیراو ئێستا کەم بوە، ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل کەمبوە، نەوت و زەوی و خاڵی سنوری دەرگای گەورەی گەندەڵی و ستەمکارین لە کوردستان".

هاوڵاتى  پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی ئەڵمانیا، کە ئەندامی گروپی ئاشتییە بۆ سەردانی لایەنەکانی باشووری کوردستان هاتبووە هەولێر لە فڕۆکەخانە دەستگیر کرا. ئەمرۆ شەممە، 12 حوزەیرانی 2021 بەپێی بەداواداچونەكانی هاوڵاتی هاکان تاش، پەرلەمنتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا ‘Die Linke’، شەوی ڕابردوو بۆ سەردانی لایەنەکانی باشووری کوردستان هاتبووە هەولێر لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەندامی گروپی ‘ئاشتییە’، کە بە ئامانجی هەوڵدان بۆ بەرگرتن بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بڕیاربوو سەردانی لایەنەکانی باشووری کوردستان و حکومەت و پەرلەمان بکەن.  

هاوڵاتى  ئاسایشی سلێمانی رایگه‌یاند ئەو كرێكارە عەرەبەی دوێنێ هاوڵاتییەكی لەگەڕەكی رزگاری كوشت، لەلایەن هێزەكانیانەوە دەستگیركراوە. دوێنێ هه‌ینى 11ى حوزه‌یرانى 2021، لەشاری سلێمانی  هاوڵاتیەك بەناوی (  عوسمان حمەسەعید )  لەگەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی كوژراو ئۆتۆمۆبیلەكەی لەلایەن بكوژانەوە جۆری  تۆیۆتا لاندكرۆزەر ستێشن دزرا. ئاسایشی سلێمانی لەراگەیاندراوێكدا كەئەمڕۆ شەممە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" دوای تاوانەكە، تاوانباری تاوانەكە هەڵهات و ئۆتۆمۆبیلەكەی بەرەوخواروی عیراق برد، دەستبەجێ هێزەكانمان  بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 406 ) لەیاسایی سزادانی عیراقی و بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان و  بە هەماهەنگی  لەگەڵ هێزەكانی  ( بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای كەركوك + دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق +  ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی بەغداد + قیادەی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین )،  توانیمان  ناسنامە و شوێنی دانیشتی كەسی تاوانبار بەناوی ( س , ح , ح , ت ) لەدایكبووی ساڵی 1998 تكریت , دەستنیشان بكەین , تاوانبار دەستگیر بكرێت  و دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەكەدا." ئاسایشی سلێمانی روونیكردووەتەوە:"تاوانبار ماوەی چەندمانگێكە هاتووەتە شاری سلێمانی و نیشتەجێ بووە، بەردەوام كاری بۆ كوژراوەكە كردووه, دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی بە ئۆتۆمۆبیلەكەیەوە هەڵدێت بۆ شاری تكریت، لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشدا لە سەر زانیاریەكانی ئاسایشی پاریزگای سلێمانی و لەلایەن تیمیكی هاوبەشەوە كەسی داواكراو لەماوەی كەمترلە ( ٢٤  ) كاتژمێردا دەستگیربكرێت، بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبیلە دزراوەكەدا گیراوە و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی بەردەوامە ." دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی پاریزگای سلێمانی :... دوایی ئەوەی دوێنێ 11/6/2021 لەشاری سلێمانی هاوڵاتیەک بەناوی ( عوسمان حمەسەعید ) لەگەڕکی رزگاری شاری سلێمانی کوژراو ئۆتۆمۆبیلەکەی لە جۆری تۆیۆتۆ لاندکرۆزەر ستێشن دزراو تاوانباری تاوانەکە هەڵهات و ئۆتۆمۆبیلەکەی بەرە وخواروی عێراق بردبوو , دەست بەجێ هێزەکانمان بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 406 ) لەیاسایی سزادانی عێراقی و بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ( بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای کەرکوک + دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق + ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغداد + قیادەی پۆلیسی پارێزگای صلاح الدیین ) , توانیمان ناسنامە و شوێنی دانیشتی کەسی تاوانبار بەناوی ( س , ح , ح , ت ) لەدایک بووی ساڵی 1998 تکریت , دەست نیشان بکەین , تاوانبار دەستگیر بکرێت و دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەکەدا , تاوانبار ماوەی چەندمانگێکە , هاتۆتە شاری سلێمانی و نیشتەجێ بووە , بەردەوام کاری بۆ کوژراوەکە کردووه, دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە ئۆتۆمۆبیلەکەیەوە هەڵدێت بۆ شاری تکریت , لە ئۆپراسیۆنیێکی هاوبەشدا لە سەر زانیاریەکانی ئاسایشی پریزگای سلێمانی و لەلایەن تیمیکی هاوبەشەوە کەسی داواکراو لەماوی کەمترلە ( ٢٤ ) کاتژمێردا دەستگیربکرێت , بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبیلە دزراوەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە . ​​​​​​ ئەو پیاوەی لەلایە كرێكارە عەرەبەكەوە كوژرا  

هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى گه‌رمه‌سێرى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند:" له‌م کاته‌دا شه‌ڕى په‌که‌که‌ خه‌ته‌رێکى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر میلله‌ته‌که‌مان و ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیا کاول ببێت، من ئاماده‌نیم بڕۆم یه‌ک فیشه‌ک به‌ره‌وڕووى په‌که‌که‌ بته‌قێنم". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى حوزه‌یرانى 2021، مه‌حمود سه‌نگاوی، ئه‌ندامى  سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى و فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى گه‌رمه‌سێرى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ میانى وتارێکیدا له‌ ساڵیادى کۆچى دوایى پێشمه‌رگه‌ى دێرین حه‌مه‌ سه‌نگه‌رییدا رایگه‌یاند:" هه‌ر شتێک هه‌بێت ناکاته‌ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ شه‌ڕى لایه‌نێک بکه‌ین و کوڕى خه‌ڵک به‌ کوشت بده‌ین، له‌ پێناوى ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى تورک ئافه‌رینمان بکات یان لایه‌نێکى عێراق یان دراوسێ ئافه‌رینمان بکات". هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ى میحوه‌رى گه‌رمه‌سێرى پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند:" ده‌بێت هه‌موومان بچینه‌ سه‌رشه‌قام و شه‌ڕى براکوژیى حه‌رام بکه‌ین، شه‌ڕى په‌که‌که‌ حه‌رام بکه‌ین، له‌م کاته‌دا شه‌ڕى په‌که‌که‌ خه‌ته‌رێکى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر میللته‌که‌مان. هه‌روه‌ها، دژایه‌تیى خۆى بۆ شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ دژى شه‌ڕى په‌که‌که‌ی و ده‌ڵێت:" له‌به‌رده‌م هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتیدا وتوومه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیا کاول ببێت، من ئاماده‌نیم بڕۆم یه‌ک فیشه‌ک به‌ره‌وڕووى په‌که‌که‌ بته‌قێنم، هیچ شتێک ناکاته‌ ئه‌وه‌ى بچین یه‌کترى بکوژین".  

هاوڵاتى جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە رێکارەکانی ھاتنی بەنزین ئاسان بکرێت، ئاسانکاری بۆ سەرجەم بازرگانان بکرێت، ناکرێت بەرزبونەوەی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانی لەسەر خەڵک گرفتێکی گەورەیە دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە. گولیزار رشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزین لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "پێویستە رێکارەکانی ھاتنی بەنزین ئاسان بکرێت، ئاسانکاری بۆ سەرجەم بازرگانان بکرێت، ناکرێت بەرزبونەوەی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانی لەسەر خەڵک گرفتێکی گەورەیە دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە، ئێمە کە لەپەرلەمان یاسامان دەرکرد بۆ ئەوە نەبو رێکارەکان ببنە ھۆکاری گران بونی نرخی بەنزین". ئاماژەی بەوەشکردوە، کاتی خۆشی ئەو مەرجەیان دانا کە ئاسانکاری بکرێت بۆ هێنانی بەنزین، بۆیە گرنگە کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەت بکەن و ھۆکارەکانی ئەو گران بونە دیاری بکرێت و رێکاری خێرا بۆ چارەسەر بدۆزرێتەوە. پێشتر پارێزگاری سلێمانی لە راپۆرتێكی رۆژنامەی هاوڵاتیدا هۆكاری گران بونی بەنزینی بۆ وەزارەتی ستاامنە سروشتیەكان گێرابۆوە و رایگەیاند هۆكاری گرانی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ، هۆكاری ناوخۆیی گرانبوونی نرخی بەنزینی باس كرد «یەكەمیان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە سیاسەتی خۆیدا تائێستا بڕیاری نەداوە نەوتی خاو بدات بەپاڵاوگەكانی ناوخۆ تابتوانن بیپاڵێون و بەو نرخەی كەهەیە بیفرۆشن، یاخود رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات وەكو چۆن لەسەر بودجە كراوە». پارێزگاری سلێمانی پێشیوابوو هۆكاری دەرەكی كە پەیوەندی بەگرانبوونی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕی نێودەوڵەتی هەیەو بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار دابەزیوە»سوتەمەنی بەدۆلار دەكڕدرێت و جارێكی دیكە بەدینار بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت». پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد»هەرێم دەتوانێت رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات بەو نرخە پشتیوانیكراوەی حكومەتی فیدڕاڵی دەیدات بەهەموو پارێزگاكانی تر لەبەسرەوە تا كەركوك بیدات بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش». هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پاڵاوگەكانی ناوخۆ لەبەرئەوەی نەوتی خاویان پێنادرێت توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان بۆ بازاڕەكان نیە، ئەو پاڵاوگە ناوخۆییانەشی كە نەوت لەحكومەتی فیدڕاڵ یان شوێنێكی دیكە پەیدا دەكەن بەنرخی بازاڕو بۆرسە دەیفرۆشنەوە بەبەنزینخانەكان» ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی ببێت بەسەرچاوەی پشتیوانیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە بەهۆی گرانبونی بەرهەمە ناوخۆییەكان كەهەمانە». لەبارەی چارەسەری گرانبوونی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر بەپێویستی دادەنێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕێك لەو سوتەمەنیە دابینبكات بۆ پێداویستی ناوخۆ بەنرخێكی پاڵپشتیكراو بیفرۆشێت و بیدات بەپاڵاوگە ناوخۆییەكان كە سێ پاڵاوگەی سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەكانی ناوخۆ دابینبكەن، «یاخود ئەو باج و گومرگ و رسوماتەی لەسەر هێنانی سوتەمەنی دایناوە هەڵیبگرێت بۆ ئەوەی ئەو نرخە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان نەك بچێتە سەر داهاتی گشتی كەدواجار دەبێت هەموومان باجەكەی بدەین».

هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی 60 ملیۆن ڤاکسینی کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن فڕێدەدات کە ئەگەری هەیە لەکاتی دروستکردنیاندا پیس بووبن. بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسنی بە بڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو ڤاکسینانە ئەگەری هەیە لەکاتی دروستکردنیاندا پیس بووبن، هەروەها راشیانگەیاندووە کە پرۆسەی پیشەسازیی دروستکردنی ڤاکسینەکان کێشەیان تێدا بووە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە رێگەیان بە بەکارهێنانی 10 ملیۆن ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن لەنێو ئەمریکا یان لە دەرەوە داوە، بەڵام لەگەڵ هۆشیارکردنەوە لایەنی بەرامبەر کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆراکی ئەمریکی ناتوانێت گرەنتی ئەوە بکات کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن رێگەیەکی دروستی لە دروستکردنی ڤاکسینەکە گرتەبێتەبەر. بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی رایگەیاند، ئەو 60 ملیۆن ژەمە ڤاکسینە کە دەبێت فڕێ بدرێن و بەکارنەهێنرێن زۆربەیان لە کارگەی کۆمپانیاکە لە شاری باڵتیمۆری ویلایەتی مێریلاندی ئەمریکی دروستکراون. کارگەی باڵتیمۆر زیاتر لە دوو مانگە بەهۆی شپرزەیی و کێشەی رێکخستن داخراوە و تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری نەداوە کارگەکە بکرێتەوە یاخود نا. تاوەکو ئێستا جگە لەم 60 ملیۆن ڤاکسینەی جۆنسن ئاند جۆنسن، 100 ملیۆن ڤاکسینی دیکەی ئەو کۆمپانیایە فڕێدراوە؛ هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک لانیکەم 70 ملیۆن ڤاکسینی ئەسترازێنیکای ئەمریکی بە نەشیاو بۆ بەکار‌هێنان پۆڵێنکردووە و فڕێیداون، ئەوەش لە دوای دۆزینەوەی شوێنەواری پیسبوون لەو ڤاکسینانە.

  هاوڵاتى وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، لەمانگی حوزەیراندا هاوبەشەکانیان لەعێراق و سوریا 13 ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامداوە و 3 کردەوەی تیرۆرستییان پوچەڵکردوەتەوە. ئەمڕۆ شەممە، 12 حوزەیرانی 2021 وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "تا ئێستا لە مانگی حوزەیراندا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش و هاوبەشەکانمان لە عێراق و سوریا، 13 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە". ئەوەش هاتوە، ئۆپراسیۆنەکان "ڕێگربون لە ئەنجامدانی 3 کردەوەی تیرۆرستی لەلایەن تیرۆستانەوە". هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش داوا دەکات هەر زانیارییەک لەسەر جموجۆڵی چەکدارانی داعش هەبو، هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندییان پێوەبکەن و باسی لەوەکردوە، "هاوکارمان بە بۆ لەناوبردنی داعش وزانیاری دەربارەیان بنێرە بۆ 454 لە عێراق، و 9647512451273+ لە سوریا".

هاوڵاتى ‌سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ ئیمارات و له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د عه‌لى وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئیماراته‌وه‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى به‌تین له‌ ئه‌بوزه‌بى پێشوازى لێکرا. به‌پێى راگه‌یه‌نراوى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینى 11ى حوزه‌یرانى 2021، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ ئیمارات چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بدات، که‌ "پته‌وترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێم و ئیمارات، چۆنیه‌تى فراوانکردنى بواره‌کانى هاوبه‌شى و هاریکاریى نێوان هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئیمارات تاوتوێ ده‌که‌ن و له‌باره‌ى دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى ناوچه‌که‌ش به‌ گشتى بیروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌." شه‌وى رابردووش، مه‌سرور بارزانى گه‌یشته‌ یۆنان و ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌تى یۆنان کۆبوونه‌وه‌ و به‌ پێى راگه‌یه‌نراوى حکومه‌تى هه‌رێم، باسیان له‌ "په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق، په‌ره‌سه‌ندنه‌کانى ناوچه‌که‌ و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى داعش کرد". هاوکات، سه‌رۆکى حکومه‌تى یۆنان رایگه‌یاندووه‌ که‌ به‌م نزیکانه‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌کات.  

هاوڵاتى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ جودى تا چیاکانى زاگرۆس، رووبه‌روبونه‌وه‌ روویداوه‌و  11 داگیرکه‌ر سزادراون و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو که‌ "شه‌ڕى سه‌خت له‌ ئاڤاشین و زاپ و مه‌تینا به‌رده‌وامه‌". ئه‌مڕۆ هه‌ینى 11ى حوزه‌یرانى 2021، ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندنى هه‌په‌گه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا ده‌ڵێت:" گه‌ریلاکانى ئازادیى کوردستان له‌ جودى بگره‌ تا مێردین، مه‌تینا، زاپ و ئاڤاشین، داستانى قاره‌مانێتیى ده‌نووسنه‌وه‌، شه‌هید ده‌ده‌ن و به‌رخۆدان و چالاکیى به‌هێز به‌رده‌وامیى پێده‌ده‌ن". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامى چالاکییه‌کانیان له‌ زه‌وى و ئاسمانه‌وه‌ گورزى قورسیان له‌ داگیرکه‌ران داوه‌ و له‌ چه‌ند چالاکییه‌کدا ئه‌وه‌نده‌ى ڕوونبووه‌ته‌وه‌، 11 داگیرکه‌ر سزادراون. هاوکات ئه‌وه‌شیان دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌"شه‌ڕى سه‌خت له‌ ئاڤاشین و زاپ و مه‌تیناش به‌رده‌وامه‌".  

هاوڵاتى میدیاکانى نزیک له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) بڵاویانکرده‌وه‌ که‌ "ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورکیا به‌ فڕۆکه‌ میلیشیا له‌ عه‌مانه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر و له‌وێوه‌ بۆ ناوچه‌ى حاجى ئۆمه‌ران له‌ شارۆچکه‌ى سۆران و ناوچه‌ى بادینان له‌نزیک پارێزگاى دهۆک". ئه‌مڕۆ هه‌ینى 11ى حوزه‌یرانى 2021، میدیاى نزیک له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان رۆژنیوز بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ "ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورکیا به‌ فڕۆکه‌ میلیشیا له‌ عه‌مانه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر و له‌وێوه‌ بۆ ناوچه‌ى حاجى ئۆمه‌ران له‌ شارۆچکه‌ى سۆران و ناوچه‌ى بادینان له‌نزیک پارێزگاى دهۆک". وه‌حده‌ مه‌حمود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند:"ئه‌و پرۆسه‌ى تورکیا ده‌ستیپێکردووه‌ و مه‌ترسیداره‌ و هۆشداریدا له‌وه‌ى ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ئه‌و چه‌کدارانه‌ى تورکیا هێناونێتییه‌ ناوچه‌که‌  تاوانى جه‌نگ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکى مه‌ده‌نى ئه‌نجامبده‌ن". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواى له‌ مسته‌فا کازمى ده‌کات  لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت پێکبێنن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌کانى تورکیا که‌ له‌ ناوچه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. هاوکات، ئه‌حمه‌د که‌نانی، ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند:" حکومه‌تى هه‌رێم و تورکیا له‌سه‌ر حسابى خه‌ڵک و له‌ پێناو به‌دیهێنانى به‌ژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کانیان ڕێککه‌وتوون و جێى سه‌رسورمانه‌ حکومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر تاوانه‌کانى ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک بێده‌نگه‌". پێشتر، فادل ئه‌لفه‌تلاوى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ کوتله‌ى سادقون، له‌سه‌ر هێنانى میلیشیاکانى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک له‌ سوریا، ئازه‌ربایجان و لیبیا بۆ باشوورى کوردستان و داواکاریى له‌ حکومه‌ت، به‌ ڕۆژنیوزى راگه‌یاندبوو:" ئه‌مه‌ بابه‌تێکى مه‌ترسیداره‌، داوا له‌ حکومه‌تى عێراق ده‌که‌م لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌دا بکات".  

هاوڵاتى  ئه‌ندامێکى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى ره‌خنه‌ له‌ شۆرش ئیسماعیل وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێت که‌ په‌له‌ى کردووه‌ له‌ تۆمه‌تبارکردنى په‌که‌که‌ له‌ شه‌ڕى چیاى مه‌تینا که‌ بووه‌ هۆى شه‌هید بوونى پێنج پێشمه‌رگه‌و برینداربوونى چوارى دیکه‌. سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى  له‌چاوپێکه‌وتنێکى ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ میدیاى حزبه‌که‌ى رایگه‌یاند:"وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ وه‌زیرى هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر شه‌هیدبونى پێشمه‌رگه‌ بێته‌ده‌نگ، به‌ڵام ناکرێت به‌یاننامه‌ ده‌ربکرێت به‌نیه‌تى خۆشکردنى ئاگره‌که‌". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ "من به‌دورى ده‌بینم ئه‌م به‌یانه‌ وه‌زیر ده‌ریکردبێت و پێویست نه‌بوو، به‌ڵکو ده‌توانرا به‌وردى له‌رووداوه‌که‌ بکۆڵدرێته‌وه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌کان چۆن شه‌هیدبوون، چونکه‌ ئه‌گه‌ر گوێ له‌که‌سوکارى شه‌هیده‌کان و برینداره‌کان رابگریت ده‌رده‌که‌وێت تا ئێستا رووداوه‌که‌ ناڕوونه‌".   هاوکات سه‌عدى پیره‌ پێیوایه‌ که‌ ده‌بوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌نده‌ په‌له‌نه‌کات، "وه‌زیرى ناوخۆ هه‌راسان بووه‌ به‌هۆى له‌گرێژه‌ ده‌رچوونى دۆخى ئه‌منی، به‌ڵام له‌و دۆخه‌دا که‌سایه‌تییه‌ ئه‌منییه‌کان قسه‌یان ناخوات و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کان قسه‌یان سوار ده‌بێت". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ که‌" هیچ که‌سێک نابێت حه‌سودى به‌ دۆخى ئێستاى پارتى ببات، ده‌مێکه‌ تا نزیکى سۆران و به‌عشیقه‌ ئاسیاسێل و کۆڕه‌ک کارناکه‌ن، ته‌نها تورک سێڵ کارده‌کات، واته‌ ته‌نها شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کان ره‌نگه‌ به‌ده‌ست حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بێت، به‌شى زۆرى ناوچه‌کانى تر هێزى تورکیاى لێن".  

هاوڵاتى دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەچوارچێوەی یاسای چاکسازی لەموچە، دەرماڵ و خانەنشینی فەرمانبەراندا، پرۆسەی وردبینکردن لەدۆسیەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەردەوامی هەیە وھەر فەرمانبەرێکیش بە نایاسایی پلەی بەرز کرابێتەوە، لێی وەردەگیرێتەوە. دەستەی دەستپاکی ھەرێم لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، ھەموو وەزارەتەکان راسپێردراون لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران بکەن و لە ئێستاشدا پرۆسەی وردبینیکردن لە وەزارەتەکان بەردەوامە، ھەر فەرمانبەرێک بە نایاسایی پلەی بەرز کرابێتەوە، پلەکەی لێوەردەگیرێتەوە. ئەوەش هاتوە، ھەر کاتێک وردبینیکردن لە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو کرا، لیژنەی باڵای چاکسازی بڕیار لەسەر پلە نایاساییەکان دەدات و داھاتێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. 11ی (کانونی یەکەم/12)ی 2019 ئەنجومەنی وەزیران، پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە موچە، دەرماڵەو خانەنشینی پەسەندکرد، پاشان لە 16ی (کانونی دوەم/1)ی 2020دا، یاساکە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکرا، لە یەکی (تەموز/7)ی 2020دا حکومەت دەستی بە جێبەجێکردنی یاساکە کرد.

هاوڵاتى وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، 5%ی کاروانە سەربازییەکان لە عێراق هێرشیان کراوەتەسەر کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە پارێزراون. ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021  واین مۆراتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند “هێرشە تیرۆرستیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، بەڵام لەماوەی رابردوودا کاروانە سەربازییەکان کە هەندێک جار کەلوپەلی سەربازیان بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق گواستوەتەوە کراونەتە ئامانج”. ئەو وتی گروپەچەکدارەکانی سەر بە ئێرانن هێرشەکان ئەنجام دەدەن و دەشڵێت: تەنانەت هێرش دەکەنە سەر کاروانی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەڵێندەرە مەدەنییەکانی عێراق، کە هەوڵدەدەن بژێوی ژیانیان بۆ خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا بکەن. وتیشی “زۆربەی ئەو کاروانانە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە پارێزراون و کەمتر لە 5%ی ئەو کاروانە مەدەنیانە هێرشیان کراوەتە سەر و زۆربەی ئەو هێرشانەش کاریگەری زۆر کەمی لەسەر ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکان دژی ئەو گروپانە هەبووە”.

هاوڵاتى دادگای تێهەڵچوونەوەی ئامەد سزای 22 ساڵ زیندانیکردنی لەیلا گوڤەن سیاسەتمەداری باکووری کوردستانی پەسندکرد.  ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021 دادگای تێهەڵچوونەوەی ئامەد تانەی پارێزەرەکانی لەیلا گوڤەن پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان و هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک-کەجەدەیان رەتکردەوە و سزای 22 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی ئەو سیاسەتمەدارە کوردەیان پەسندکرد.  دادگا بە پاساوی ئەگەری هەڵاتنی لە تورکیا، بڕیاری دا بە هێشتنەوەی لەیلا گوڤەن لە زیندان. لە رووی یاساییەوە دەرگا واڵایە بۆ تانەگرتن لە بڕیارەکەی دادگا.  نۆیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2020 بە تۆمەتی ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە سزای 22 ساڵ و 3 مانگ بەندکردنی بۆ لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی-کەجەدە دەکرد. گوڤەن هەمان رۆژ درەنگانی شەو دەستبەسەرکرا و خرایە زیندانەوە. لەیلا گوڤەن پێشتریش لە 31ی کانوونی دووەمی 2018 خرابووە زیندانەوە. لە دوایین هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا کە لە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، لەسەر لیستی هەدەپە لە بازنەی جۆلەمێڕگ هەڵبژێردرا و بووە پەرلەمانتار، بەڵام ئازادنەکرا و لە گرتووخانە مایەوە. گوڤەن لە گرتووخانە بۆ لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، مانگرتنی لە خواردن راگەیاند، لە 79یەمین رۆژی مانگرتنەکەیدا ئازادکرا و لە 200ەمین رۆژی مانگرتنەکەشیدا لەسەر داوای ئۆجەلان بەوەی مانگرتنەکە گەیشتووەتە ئامانج کۆتایی بە مانگرتن هێنا. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی یەک ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، لەیلا گوڤەن لە رۆژی چوارشەممە 10ی تەمموزی 2019دا لە دانیشتنی پەرلەماندا سوێندی یاسایی خوارد و وەک پەرلەمانتار دەستبەکاربوو.  رۆژی 4ی حوزەیرانی 2020 لە پەرلەمانی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە پارێزبەندی لەسەر لەیلا گوڤەن لادرا،. یەک رۆژ دوای لادانی پارێزبەندییەکەی، لەیلا گوڤەن دەستگیرکرا و خرایە زیندانی جۆری D لە ئامەد. دوای یەک هەفتە مانەوەی لە زیندان ئازادکرا.  لەیلا گوڤەن کە لە 22ی کانوونی یەکەمی 2020 ـەوە خراوەتە زیندانەوە و ئێستا لە زیندانی ژنان لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستانە.   

هاوڵاتى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران كرد و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئێران چه‌ك له‌ رێی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بگوازێته‌وه‌، سزای زیاتری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. پێشتر یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری هه‌ماهه‌نگی جه‌نه‌راڵ حه‌بیبوڵڵا سه‌ییاری رایگه‌یاند، كه‌شتییه‌كانی سه‌هه‌ند و مه‌كران، چوونه‌ته‌ ئاوی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی و به‌ره‌و باكووری زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی ئاراسته‌یان گرتووه‌ته‌ به‌رو له‌ هیچ به‌نده‌رێك له‌نگه‌ر ناگرن. له‌ 29ی ئایاری رابردوودا، رۆژنامه‌ی پۆلیتیكۆ بڵاویكردبوویه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئاگادارن، كه‌ دوو كه‌شتی ئێرانی له‌ زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی به‌ره‌و ئامانجێك به‌ڕێوه‌ن و ئه‌گه‌ر زۆره‌ روویان له‌ ڤه‌نزوێلا بێت. نید برایس، له‌ كۆنفرانسێكی میدیاییدا، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وێت ئێران له‌ رێی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سییه‌وه‌ به‌ كه‌شتیی چه‌ك ده‌گوازێته‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی و سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ری دا. وتیشی: بۆ به‌رگرتن له‌و "پێشێلكاریانه‌ی" ئێران ئێمه‌ ئاماده‌ین، رێككاری جیا بگرینه‌به‌ر، به‌ تایبه‌تی سزای زیاتری به‌سه‌ردا بسه‌پێنین و هه‌موو ئه‌وانه‌ش سزا بده‌ین، كه‌ یارمه‌تی ئێران ده‌ده‌ن.