هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەممە،٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەفیخای ئەدرعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، سوپا سەرکەوتوو بووە لە نەهێشتنی ژمارەیەک ئەندامی حزبوڵا لە باشووری لوبنان، ئەمە جگە لە بۆردومانکردنی شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانیان و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی شەڕ. دەشڵێت، سوپا لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و چەند ئامانجێکیان بۆردومان کردووە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێزەکانیان نزیکەی ١٨٥ ئامانجی حزبوڵایان لە لوبنان و ٤٥ ئامانجی حەماس لە کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە. وتیشی: هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل لە هەموو بارەکاندا لە ڕووی هێرشبردن و بەرگرییەوە ئامادەن. هاوکات، حزبوڵای لوبنانی باسیلەوەکردوە، لە نزیک گوندی لابونەی سنووری لوبنان و ئیسرائیل، هێزەکانی سوپای ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.

هاوڵاتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئەم مانگە بۆ پەرلەمانی باشووری کوردستان دەڵێت، هەڵبژاردنی باشوور لەناو شەڕێکی گەورەدا بەرێوەدەچێت و دەبێت گەلی باشوور دەنگ بدەن بە کاندیدە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکان و تۆڕی هاوکار، خیانەتکار و سیخوڕیش لە هەڵبژاردن تێکبشکێنن. هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ئەوەشی خستۆەتەروو، هەڵبژاردنی باشوور لەناو شەڕێکی گەورەدا بەرێوەدەچێت، لە باشوور هێرشەکانی داگیرکەر و لکاندن هەیە، ئیدارەی باشوور وپارتیش بە تەواوەتی لەناو ئەو شەڕەدان، لە کەشوهەوایەکی بەم جۆرەدا هەڵبژاردن دەکرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، "گەلەکەمان دەبینێت کە کێ خیانەتکار-داردەست و سیخوڕە، دەزانێت کە کێ زیانیان پێدەگەنێت و کێ سیاسەتی چەپەڵ بەرێوەدەبات و دەشزانێت کە کێ نیشتمانپەروەرە، دەزانێت و دەبینێت کە کێ بۆ بەرژەوەندیی، شکۆمەندیی و بەهاکان تێدەکۆشێت و لەو پێناوەدا بوونی هەیە و سیاسەت دەکات". بەسێ هۆزات لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت گەلی باشوور دەنگ بدەن بە کاندیدە وڵاتپارێز و نیشتیمانپەروەرەکان، ئەو کاندیدانەی کە داکۆکی لە شکۆی ئەم گەلە دەکەن، پارێزگاری لە بەها نەتەوەییەکانی ئەم گەلە دەکەن، بۆ ئەوە تێدەکۆشن و سیاسەت بەڕێوەدەبەن. وتیشی: دەبێت تۆڕی هاوکار، خیانەتکار و سیخوڕیش لە هەڵبژاردن تێکبشکێنن، پێوسیتە گەلەکەمان لە باشوور لەو هەڵبژاردنەدا لە بەرامبەر هێڵی داردەست و خیانەتکار بەهێزترین هەڵوێست نیشان بدەن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانى مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە مووشەک ھێرش کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکا لە کێڵگەی کونیکو لە ڕیفی سنوورى دێرەزوور. ئەوەش خراوەتەڕوو، مووشەکەکەش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە ھەڵدراوە، بەڵام سیستمی بەرگری ئاسمانی توانیوێتی بەرپەرچی بداتەوە. هاوکات بەپێی هەواڵەکەى ڕوانگەی سووری، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، بنکەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سووریا ڕوبەڕووی ١٤٣ ھێرش بوونەتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوامن لە پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی لوبنان، كە بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون. لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ئەمڕۆ لە ڕێگەی دەروازەی سنووری قائیمەوە كۆمەڵەی چوارەمی ئاوارەكانی لوبنانیان وەرگرت، كە لە ٤٥٢ هاوڵاتی پێكهاتبوون. جێگەی ئاماژەیە ئیسرائیل ماوەی چەند ڕۆژێكە هێرشەكانی لە لوبنان و سوریا و فەڵەستین چڕ كردووەتەوە و سەدان هاوڵاتی مەدەنیی و چەندین سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی كوشتووە. هاوکات، بە هۆی هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ٢٥٠ هەزار هاوڵاتیی ئاوارە بوون و پێویستیان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، گروپە چەکدارەکانی ناسراو بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی" لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی ئامانجێکی دیاریکراو لە ئیسرائیل کرد. لە ڕاگەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشەکەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە و بەردەوامیشدەبن لە شەڕ دژی ئیسرائیل و ڕێژەی چالاکییەکانیان زیاد دەکەن.   جێگەی ئاماژەیە، لەچەند مانگی ڕابردوودا ئەم گرووپە بەهۆی جەنگی غەززەوە چەند هێرشێکیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.

هاوڵاتی ئەمرۆ سێشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سندوقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتوەکان (یونیسێف) لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماری کوژرانی منداڵانی لە لوبنان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ١١ ڕۆژدا ١٠٠ منداڵ بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان کوژراون. دەشڵێت، لە ماوەی شەش هەفتەدا نزیکەی ٦٩٠ منداڵ بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان ئاوارەبوون و بەوهۆیەشەوە لە ساڵی نوێی خوێندن بێبەشبوون.

هاوڵاتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێـران ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بەرپەچی توندی هەر هێرشێک دەداتەوە کە ژێرخانی ئابووری ئێران بەئامانج بگرێت. دەشڵێت، ئەگەر ئیســرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران وەڵامی توندتری پێدەگات و ئامانجەکانی لەناو خاکی وڵاتی دوژمندا دیاریکردووە. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی هەر کەسێک کە دژی قەوارەی زایۆنی بووەستێتەوە. جێگەی ئاماژەیە، لە ئێستادا ئیسرائیل لە ئامادەكاریدایە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ١ی ئەم مانگەی ئێران، هاوکات زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش هۆشداریی لە هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە لە ناوچەكە دەدەن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ئاشکرایکرد، لەڕێگەی فڕۆکەی ئێف ١٦ەوە شەش چەکداری داعشمان لە سەڵاحەدین کوشتووە، دەشڵێت هێرشە ئاسمانییەکە بەگوێرەى زانیارى ورد و دروستى هەواڵگری ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپراسیۆنەکەمان وەک هەوڵێک بۆ تۆڵەسەندنەوەى شەهیدانى کەرکووک ئەنجامداوە. جێگەی ئاماژەیە، لەمانگى ڕابردوودا چەکدارانى داعش چەند جارێک لە ڕێگەى تاکەکەسییەوە هەوڵى کردەى چەکدارییان لە پارێزگاى کەرکووک دابوو، ناو بەناویش کردەى چەکداری لەو ناوچانەدا ئەنجامدەدەن کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، یەکەی بەڕێوەبردنی مەترسی و کارەساتی حکومەتی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەدا، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە لوبنانەوە چوونەتە خاکی سووریا. دەشڵێت، لە ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوولی مانگی ڕابردووەوە تاوەکو ٥ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئاسایشی گشتیی لوبنان ئاوارەبوونی ٣٠٠ هەزار و ٧٧٤ هاوڵاتیی لوبنان و گەڕانەوەی ١٠٢ هەزار و ٢٨٣ هاوڵاتیی سووریا بۆ ناو خاکی سووریا تۆمارکردووە. جێگەی ئاماژەیە، پێشتریش هیومان رایتس وۆچ ئاشکرایکردبوو، هێرشەکانی ئەمدواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دەروازەی سەرەکی سنووری نێوان لوبنان و سووریا، ڕێگریی لە هەڵاتنی ئاوارەکان و ئۆپراسیۆنەکانی هاوکاریی مرۆیی دەکات، هۆشداریشیدا لەوەی خەڵکی مەدەنی ڕووبەڕووی مەترسييەکی گەورە دەبنەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، حەیدەر نوری، بەرێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرایکرد، یەدەگی ستراتیژیی ئێستایی بەرووبوومی گەنم گەیشتووەتە زیاتر لە 5 ملیۆن و 500 هەزار تۆن لە سەرجەم کۆگاکانی عێراق. دەشڵێت، عێراق ناکەوێتە ژێر هیچ قەیرانێکی جیهانییەوە، بەهۆی ئەوەی بڕی گەنمی پێویست لە هەموو پارێزگاکاندا هەیە و هەر پارێزگایەک یەدەگێکی ستراتیژی خۆی هەیە کە بەسە بۆ ساڵێکی تەواو، جگە لە پارێزگای بەسرە، کە لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆی دەگوازرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکاری تەواویان هەیە بۆ هەر بارودۆخێکی نائاسایی جیهانی لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی گەنم یان هەر پشێوییەک لە پرۆسەی گواستنەوەدا هەبێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، فیرقەی ٩١ جەلیل دەستیکردووە بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سنووردار و ئامانجدار لە باشووری لوبنان. ئەڤیخای ئەدرعی ئەوەسی خستۆتەڕوو، ئەو فیرقەیە بریتییە لە لیوای یەدەگی سێیەم و لیوای یەدەگی هەشتەم و لیوای ٢٢٨ی نەهال لە باشووری لوبنان ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجام دەدەن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، داوامان لە هەموو دانیشتووانی گوندەکانی لوبنان کردووە، کە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە تا ئاگاداریان دەکەینەوە، نەگەڕێنەوە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان. جێگاى ئاماژەیە، حزبوڵای لوبنانی لە یەکەمین ساڵیادی هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل.

هاوڵاتی ڕوسیا ڕێگانادات میلیشیا عێراقیەكان لە سوریاوە هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل نایەوێت دۆخی سوریا لەوە ئاڵۆزتربێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕۆژنامەی (العربي الجدید) بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەوەی میلشیا عێراقیەكان ئامادەبونێكی گرنگیان هەیە لە جوگرافیای سوریادا، كە دیارترین پێگەكانیان لە حمس (ناوەڕاستی سوریا)و دەرعاو ڕیفی دیمەشق(باشور) بۆ پشتیوانیكردن لە هێزەكانی ڕژێمی سوریا. ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، خۆ بەدورگرتنی لە بەركارهێنانی ناوچەكانیان لە سوریا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل پرسیاری زۆر لەبارەی هۆكارەكانی وروژاندووە، بەتایبەت كە ئەو مەودایەی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان و موشەكان دەیبڕن كەمترە لەنێوە بە بەروارد بە عێراق، وێڕای وردی پێكهان و زامنكردنی ئامانجی هێرشەكە. دەشڵێت، چوار سەرچاوە لە گروپە چەكدارەكان ڕەتیانكردووەتەوە قسە لەبارەی ئەم پرسە بكەن، بەڵام یەكێكیان ئاماژەی بەوەداوە دۆخی سوریا بەرگەی ئاڵۆزی زیاتر ناگرێت و روسیاش نایەوێت سوریا ببێتە گۆڕەپانێكی نوێ جەنگ. ئەوەشی خستۆتەڕوو، نوێنەرایەتی گروپە چەكدارەكانی عێراق لە سوریا پاشەكشێی زۆری كردووە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەكی كەم لە چەكدارو نوێنەرایەتی و سینگەی ماوە لەوێ‌. دەشڵێت، بڕیاڕی حكومەتی سوریا ئەوەیە خۆی بەدوور بگرێت لەو جەنگەو روسیاش پشتتیوانی ئەو بژاردەیە دەكات .

هاوڵاتی بانکى ناوەندى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بڕى ٢٦٠ ملیۆن و ٥٤٧ هەزار و ٩١٠ دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە.  دەشڵێت، لەو بڕە حەوت ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و ٢٥٣ ملیۆن و ١٤٧ هەزار و ٩١٠ دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە نرخی دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.

  هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە یادی هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل ڕایگەیاند، زیاتر لە 40 هەزار ئامانجیان لەماوەی ساڵی ڕابردودا پێكاوەو 4700 تونێلیان دۆزیوەتەوەو، هەزار پێگەی تەقاندنی موشەكیان خاپوركردووە. سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستۆتەڕوو، 726 سەرباز لە 7 ئۆكتۆبەری ساڵی 2023وە كوژراون، كە 380 كەسیان لەو رۆژەدا كوژراون، 346 سەربازیش لە هێرش بۆ ناو غەززە كوژراون، كە لە ڕۆژی 27 ئۆكتۆبەری 2023وە دەستیپێكردووە. دەشڵێت، ژمارەی سەربازە بریندارەكانی ئیسرائیل لەو كاتەوە تائێستا گەیشتووەتە 4576 سەرباز، 56 سەربازی دیكەش گیان لە دەستداوە، لە ئەنجامی روداوەكان لە دەرەوەی كردەوە سەربازییەكان. سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە13 هەزار و 200 موشەك لە غەززەوە هەڵدراوە بۆ ئیسرائیل، 12 هەزار و 400 موشەكی تریش لە لوبنانەوە هەڵدراوە، هاوكات 60 موشەك لەسوریاو 180موشەك لە یەمەن و 400 موشەك لە ئێرانەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە زیانی دارایی ڕاستەوخۆی سەرەتایی شەرى بزووتنەوەى حەماسى فەڵەستینى و سوپاى ئیسرائیلی بە 33 ملیار دۆلار خەمڵاند. هاوکات بەگوێرەى ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە مانگی٦ی ساڵی ڕابردوودا، پێش شەڕ ڕێژەی بێکاری لەو کەرتە لەسەدا ٤٥٪بووە و پاش شەڕەکە گەیشتووەتە ٨٠٪ ڕێژەی هەژاری بۆ لەسەدا ١٠٠٪ بەرزبووەتەوە. هەروەها ٩٦٪سەروەت و سامانى کشتوکاڵى لەناوچوون، ئەمەش توانای بەرهەمهێنانی خۆراکی ئیفلیج کردووە. هاوکات، لە کۆی ٤٠٠هەزار یەکەى نیشتەجێبوون تەنیا ٥٠ هەزار یەکەیان ماوەو ئەوانى دیکە لەناوبراون و ١٢٥ قوتابخانە و زانکۆ وێرانکراوەو ٢٠١ بارەگاى حکومى بەتەواوى لەناوبراوە.