هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا لە هەرێمی زاپ( ئامێدی) درۆنێکی تورکیای خستەخوارە و کامێرایەکی چاودێریی تێکشکاندوە و تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومانی کردوە. ئەمڕۆ دوو شەممە ٣٠/٩/٢٠٢٤، ڕاگەیاندنی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل ( (HPG) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زانیاریی ورد لەبارەی چالاکیەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ رایگشتیی خستەڕوو: لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ١٤:٣٠خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی کامێرایەکی چاودێری داگیرکەران تێکشکێندرا. لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ١٧:٣٠ خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی درۆنێک بە چەکی سووک خرایە خوارەوە. لە ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ١٥:١٥ خولەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار بە چەکی نیچمە ئۆتۆماتیکی داگیرکەران کرانە ئامانج. دوای دەستوەردانی هێزەکانمان جموجۆڵی داگیرکەران ڕاگیرا. لە هەرێمی مەتینا؛ لە ٢٧ی ئەیلول کاتژمێر ٢١:٥٠ خولەک و ٢٨ی ئەیلول کاتژمێر ٠٢:٣٠ هێزەکانمان هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بۆردومانی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی دەرگەلێ، بیشیلی و سەری مەتینای بۆردوومان دەکرد کرانە ئامانج. دوای دەستێوەردانەکە هەلیکۆپتەرەکان ناچار بوون ناوچەکە بەجێبهێڵن. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٢٧ی ئەیلول لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. لە ٢٧ی ئەیلول لە ناوچەی شەهید دەلیلی هەرێمی ڕۆژئاوای زاپ تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی ٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛ ٢٧، ٢٨ و ٢٩ی ئەیلول لە هەرێمی خوکوڕک گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەربزن، شاخی قەلە، شەهید شەریف، گۆشین، خنێرەی ژورو ١٢ جار، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانەکانی مێران، حەفتەباخ، شێدارێ، شیێ، شاخی سیسەر، دێ ڕەشە، دەشتی کافیا، گرێ ١٢ جار، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلێ ٢ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار ٣ جار، لە هەرێمی قەندیل گوڕەپانی بێوانێ جارێک؛ بەگشتی ٣٠ جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکران. لە ٢٧، ٢٨ و ٢٩ی ئەیلولدا لە هەرێمی مەتینا گۆڕەنەکانی بەرخۆدانی سەری مەتینا، دەرگەلێ و بێشیلی ١٧ جار، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار ١٩ جار؛ بە گشتی ٣٦ جار بە هەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانکران.
هاوڵاتی بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل پێگەی گروپە چەکدارییەکان لە لوبنان و سوریا دهكاته ئامانجو مەترسی ئهوهش هەیە بەهۆی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق، ئیسرائیل بارەگای ئەو گروپانەش لهناو خاكى عێراق بکاتە ئامانج، لە بەر مەترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناچەکە سووپای عێراق دەخرێتە حالەتی ئامادەباشییەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یاڕەڵا سوپاسالاری عێراق کۆبونەوەیەکی ئەمنیی بەبەشداریی فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی، وشکانیو پلاندانانو چەند بەرپرسێکی تر ئەنجامدا. لەکۆبونەوەکەدا دۆخی ئەمنیی و ئەو ئاستەنگییانەی ڕوبەڕوی ناوچەكه بوەتەوە تاووتوێکراون، هاوکات فەرماندەکان باسیان لەئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵات بەباشترین شێوە، ئاگاداربون و ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو کرد.
هاوڵاتی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لوبنان تا دێت زیاتر دەبێت و بەم هۆیەوە زیاتر لە ١٢ وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە لوبنان ڕاگرتووە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، هاوکات سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە و ئەوان بڕیاردەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە. لەم بارەیەوە، هێڵی ئاسمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی لوبنان، بڕیار دراوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت ڕابگیرێت. هێڵی ئاسمانی عێراقی دەشڵێت، پێشهاتەکانی لوبنان لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەندە بە پێشهاتە ئەمنییەکانەوە، ئەم بڕیارەش لە چوارچێوەی نیگەرانیانە بۆ سەلامەتیی گەشتیاران، کە هاوکاتە لەگەڵ گرژییە بەردەوامەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە. باسلەوەشدەکات، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات، هەر ڕێنماییەکی نوێ سەبارەت بە دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەکاتی خۆیدا ڕادەگەیەنرێت. هاوکات لای خۆیەوە هێڵی ئاسمانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت ڕاگرت و ئاشکرایکرد، تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتەکان ڕادەگیرێن. جێگەی ئاماژەیە بەپێی دواین زانیارییەکان سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو تاوەری کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت و دەستی بەسەردا گرتووە، هەروەها هۆشداریشی داوە کە ئەوان بڕیار دەدەن ڕێگە بە گەشتی چ فڕۆکەیەک دەدەن لە فڕۆکەخانەکان بنیشێتەوە. بە پێی دواین ئامار تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە دەیان گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیروت هەڵوەشێنراوەتەوە و زۆربەی گەشتە هەڵوەشاوەکان لە ئەڵمانیا، سعوودیە، ئیمارات، تورکیا، ئەسیوپیا، سویسرا، فەرەنسا، ئوردن، میسر، عێراق و قەتەر و ئێرانەوە بووە. لە نێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە گەشتەکانیان بۆ لوبنان ڕاگرت، بریتی بوون لە هێڵی ئاسمانی قەتەر، میسر ئەیر، تارۆم، لوفتهانزا لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی لوبنان ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە ڕاگرتنی تەواوەتی گەشتە ئاسمانییەکان دەکەن و ڕوونیان کردەوە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی چالاکییەکانیان بۆ بەیروت ڕاگرتووە.
هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا لە دوو هێرشی جیادا بۆسەر چەکدارانی داعش لە سووریا توانیا ٣٧ چەکدار بکوژن و دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکانەوە هیچ زیانێک بە هاوڵاتییانی مەدەنی نە گەیشتووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی ئەیلوول، هێزەکانمان هێرشێکی ئاسمانیان لە دژی کامپێکی مەشقی دوورە دەستی داعش لە ناوەڕاستی سووریا ئەنجامدا، بە هۆیەوە لانیکەم ٢٨ چەکداری داعش کوژراون، دەشڵێت، پێدەچێت چواریان سەرکردەی پلە بەرزبن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ٢٤ ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هێرشێكی دیکەیان ئەنجامداوە و بە هۆیەوە ٩ چەکدار کوژراون، یەکێک لەوانە مەروان بەسام عەبدولڕەئەف، "حراس الدین"ە کە بەرپرس بوو لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا. فەرماندەیی ناوەندیى هێزەکانی ئەمریکا، ئاشکراشیکردووە "حراس الدین" ڕێکخراوێکی سەر بە قاعیدەیە و بنکەی لە سووریایە و خواستی ئەنجامدانی هێرشی هەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانمان. باسیلەوەشکردووە، هیچ ئاماژەیەک نییە هاوڵاتییان لە هیچ کام لە هێرشەکاندا زیانیان پێگەیشتبێت.
هاوڵاتی گەنجێکی کوردی خەڵکی زاخۆ بەناوی دیار غەریب لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو. لەم بارەیەوە ئەمڕۆ یەک شەممە، 29ی ئەیلوولی 2024، هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین(HRE) راگەیاندراوێکدا ڕاینگەیاند،هاوڕێمان دیار غەریب کە کوڕێکی هێژای باشووری کوردستان بوو، لە زۆر مەیدانی شەڕی کوردستان تێکۆشانی کرد، دواجار ڕووی کردە ڕۆژئاوا و لە دژی دوژمنی گەل و شۆڕشەکەمان هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی نیشان دا و تا دوا هەناسەی تێکۆشانی خۆی ئەنجامدا، لە بەرواری 22ی ئەیلوولی 2024، لە ناوچەی عەفرین کاتێک لەسەر ئەرکی خۆی بوو شەهیدبوو. دەشڵێت، وەک هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین بەڵێنی خۆمان نوێ دەکەینەوە کە خەون و ئامانجی هاوڕێ شەهیدەکانمان بەدی دەهێنین، ئەو ئاڵایەی کە هاوڕێ دیار غەریب ڕادەستی ئێمەی کرد، هەر بە شەکاوەیی دەیهێڵینەوە، لەسەر ئەم بنەمایانە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی هاوڕێمان دیار غەریب و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. ناسنامەی گەنجە کوردەکە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو: ناسناو: دیار غەریب ناو و پاشناو: کاروان حاجی ناوی دایک: بەهار ناوی باوک: محەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: 22ی ئەیلوولی 2024 هەرێمی عەفرین
هاوڵاتی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشێكدا بۆ سەر ناوچەی شیاح سەر بە بەیروتی پایتەختی لوبنان شێخ نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی حزبوڵای كوشت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بۆردومانێکیاندا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، شێخ نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبوڵا کوژرا. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، هێرشیان کردە سەر نەبیل قاووق، سەرۆکی یەکەی ئەمنیی خۆپارێزیی و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبوڵا و کوژرا. ئاماژەی بەوەشکرد، قاووق یەکێکە دیارترین سەرکردەکانی حیزبوڵا دادەنرا و ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لە دانانی پلانەکان دژ بە ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا. دەشڵێن، نەبیل قاووق، لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە حزبوڵای لوبنانەوە کردوە، شارەزا بووە لە بواری کارەکەیدا، پێشتر وەک جێگری بەرپرسی هەرێمی باشوور بەناوی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە کاری کردووە، هەروەها بەرپرسی هەرێمی باشوور و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار بووە. ڕۆژی ٢٧ـی ئەم مانگە ئیسرائیل هێرشێكی بۆ سەر چەند بارەگایەكی حزبوڵا لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدا، توانیان لەو هێرشەدا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان و چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەو گرووپە بكوژن.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری حیزبوڵای لوبنان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵا و یاوەرانی پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ ناوچەکە. دەقی ڕاگهيهندراوی سهرۆكایهتیی ههرێمی کوردستانهوه: لە راگەیێنراوەکەدا هەروەها هاتووە، به نیگهرانییهكى زۆرهوه له پێشهاته سهربازییهكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و بهئامانجگرتنى سهید حهسهن نهسروڵڵا، ئهمیندارى گشتیى حیزبوڵڵاى لوبنانى و یاوهرانى دهڕوانین، پرسه و سهرهخۆشى له خێزان و كهسوكارى شههیدان دهكهین و هاوخهمیانین. هەر لە ڕاگەیانراوەکەدا هاتووە، ئەم پێشهاتانه مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکەن، هۆشداری دەدەین کە بەردەوامیى ئهم دۆخه تەنیا کارەسات و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ ههموو لایهك بهبێ جیاوازى لێ دەکەوێتەوە، بۆیە داوا لە هەمووان دەكهین به دانایى و دانبهخۆداگرتن، ڕێگه له تێکچوونی دۆخەکە بگرن و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزن. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا ئێوارەی رۆژی هەینی (٢٧-٩-٢٠٢٤) بە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا، کە ئەوەش مەترسیی فراوانبوونی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاترکردووە.
هاوڵاتی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە. عێراق و ئەمریکا ، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند: ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی (٢٠٢٥) كۆتایی دێت و دەچنە قۆناغی هاوبەشیی ئەمنیی. بەرپرسێكی ئەمریكی رایگەیاندووە: ئەو هەنگاوە كشانەوە نییە، رەتیشیكردووەتەوە هیچ بدركێنێت لەبارەی كشانەوەی سەربازەكانیان لە عێراق. زانیارییە نافەرمییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بەگوێرەی رێككەوتنەكە سەدان سەرباز لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو دەكشێنەوە، لەگەڵ رۆیشتنی ئەوانی تریش لە كۆتایی ساڵی (٢٠٢٦)، چاوەڕوانیش دەكرێت، سەربازانی ئەمریكا لە هەولێر بمێننەوە. حسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: ساڵی (٢٠٢٦) كۆتا ساڵی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت و ئەركەكەیان لەسوریا بەردەوام دەبێت، بەو جۆرەی لیژنە هاوبەشەكە دیاریكردووە.
هاوڵاتی فلیپۆ گراندی دەڵێت، بەهۆی مەترسیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتی لوبنانی و سوورییەکانی لوبنانیش بەرەو سووریا هەڵاتوون و بەمەش کۆی گشتیی ئاوارەکان لە لوبنان گەیشتووەتە ٢١١ هەزار و ٣١٩ کەس. ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، فلیپۆ گراندی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنى پەنابەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند، لە ترسى هێرشەکانى ئیسرائیل زیاتر لە ٥٠ هەزار لوبنانى و سوورى کە لە لوبنان دەژین، بەرەو سووریا هەڵاتوون. فلیپۆ گراندی ئەوەشی ئاشکراکرد، لەناوخۆى لوبنانیشدا زیاتر ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. دەشڵێت، کۆی گشتیی ئاوارەکان لە لوبنان گەیشتووەتە ٢١١ هەزار و ٣١٩ کەس، لەو ژمارەیەش ١١٨ هەزار کەسیان لە ڕۆژى دووشەممەوە ئاوارەبوون.
هاوڵاتی لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا لە ناوچەی سوڵتانغازی، هێرشێکی چەکداریی کرایەسەر بینای پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی). ئەمڕۆ شەممە، 28ی ئەیلوولی 2024، ئاژانسی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، لەلایەن کەسانی نەناسراو لە شاری ئەستەنبوڵ، هێرشێکی چەکداریی کرایەسەر نووسینگەی دەم پارتی، بەوهۆیەوە زیان بە نووسینگەی پارتەکە گەیشتووە. دەشڵێت، بەهۆی ئەو هێرشەوە گولـلە بەر دەرگا و پەنجەر و بیناکە کەوتووە. لەم بارەیەوە، فاروق کایا هاوسەرۆکی دەم پارتی لە سوڵتانغازی ڕایگەیاند، دانیشتوانی گەڕەکەکە باس لەوە دەکەن کە هێرشەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 5ی بەیانی ڕوویداوە.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکدا لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند: "بە سەربڵندی ژیایت، شەهید بوویت و بە سەربڵندی رۆیشتیت. هەروەها وتیشی، سێ رۆژ لە عێراق ماتەمینی ڕادەگەیێنین." جێ ئاماژەیە، پێشتر ئیسرائیل كوژرانی حەسەن نەسروڵڵای لە هێرشێكدا لە ڕۆژی هەینی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕاگەیاند.
هاوڵاتی له دوای كوژرانی حهسهن نهسروڵا رێبهری حزبوڵای لبنان، دۆخێكی زۆر نالهبار بهربینگی رێبهرانی ئێرانی گرتووه، چونكه بههێزترین باڵی سهربازییان شكاوه و رۆیتهرز بڵاوی كردهوه، له ئێران رێوشوێنی نوێ گیراوهتهبهر و عهلی خامنهیی بۆ شوێنێكی پارێزراو گواستراوهتهوه. لە دوای هەڕشەکانی ئیسرائیل و کوشتنی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری حیزبوڵای لوبنان، خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێوشێنێکی توندی ئەمنییدا گوازرایەوە بۆ شێنێکی پارێزراو. رۆیتهرز له زاری دوو بهرپرسی خۆجێیی له ناوخۆی ئێران بڵاوی كردهوه، عهلی خامنهیی رێبهری باڵای كۆماری ئیسلامی، بۆ شوێنێكی زۆر ئارام گواستراوهتهوه له ترسی ئهوهی لهلایهن ئیسرائیلهوه بكرێته ئامانج و به چارهنووسی حهسهن نهسروڵا بگات. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندوە، خامنەیی لە نێوان ڕێوشوێنی توندی ئەمنییدا گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی قەڵادار و ئارام و لە رووی ئەمنییەوە لە ئاستێکی بەرزدایە. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەو حیزبوڵا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دیکەی بۆ دیاریکردنی "هەنگاوی داهاتوو".
هاوڵاتی ناوەندی مافی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک هێزێکی زۆر کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٥ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییە ڕەوانەی بارەگاکانی لە گوندەکانی سنووری ئیدلب لە سووریا کرد، ئاژانسی ANHAـش ڕایگەیاند، کاروانێکی سەربازیی لە دەروازەی سنووری عەین بەیدەوە ڕەوانەی سووریا کراون. سوپای تورکیا ھێزێکی زۆری سەربازی ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی کرد لە سنوری ئیدلب و حەلەب لە باکور و رۆژئاوای سوریا. لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندەکەدا هاتووە، کاروانێکی سەربازیی تورکیا لە دەروازەی “باب هەوا” گەیشتوون بە بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ئیدلب. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کاروانێکی سەربازی زۆری سوپای تورکیا کە لە ٧٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی زرێپۆش، بارهەڵگر و کەرەستەی لۆجستیی و سەربازیی.پێکھاتبوون، ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا کراون لەڕۆژھەڵاتی ئیدلب و گوندەکانی ڕۆژئاوای حەلەب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی کەمتر لە٢٤ کاتژمێردا ئەوە دووەمین کاروانی سەربازییە کە تورکیا ڕەوانەی ئەو سنورانەی کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، بەم نزیکانە ڕووسیا، تورکیا، دیمەشق و ئێران کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ئاستانە ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی لێک نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق. دەوڵەتی تورک دەیەوێت ڕووسیا و ئێران و دیمەشق ڕازی بکات هەوڵی ئاساییکردنەوە بدەن بەبێ ئەوەی تورکیا ناچار بکەن لە خاکی سووریا بکشێتەوە.
هاوڵاتی جۆزیب بۆریل، بەرپرسی سیاسەتە دەرەكییەكانی یەكێتی ئەوروپا، ڕایگەیاند، بەداخەوە هیچ هێزێك نییە، بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشەوە بتوانێت بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رابگرێت. ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئەنجامیدەدەین دروستكردنی تەواوی فشارە دیپلۆماسیەكانە بۆ راگرتنی ئاگربەست، بەڵام پێناچێت كەس توانای راگرتنی ناتانیاهۆی هەبێت، نە لە غە.ز.زە و لە كەرتی خۆرئاوادا. وتیشی، پشتیوانی دەستپێشخەرییەكەی فەرەنساو ویلایەتە یەكگرتووەكانی دەکەین بۆ راگرتنی ئاگربەست بۆ ماوەی (21) رۆژ لە لوبنان، بەڵام ئیسرائیل بە چڕكردنەوەی هێرشەكانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی لوبنان پشتگوێی خست. ناتانیاهۆ راشكاو بوو لەوەی ئیسرائیلییەكان ناوەستن تا حزبوڵا وێران نەكەن، هاوشێوەی ئەو جەنگە نزیكەی ساڵێكە بەردەوامە لە كەرتی غە.ز.زە دژی بزوتنەوەی حە.ما.س.
هاوڵاتی بانکی ڕافیدەینی عێراقی بڵاوی کردەوە، سێ جۆری قەرز دەدەینە فەرمانبەران، هاووڵاتییان و خانەنشینان کە ڕێژەی سوودەکەی دەگاتە 6٪ و بە ماوەی 15 ساڵ لێیان وەردەگرینەوە. قەرزەکە بەم شێوەیە دەبێت: لە (50) ملیۆن دینارەوە تا (75) ملیۆن دینار بۆ مەبەستی کڕینی پارچە زەوییەک لە (15) ملیۆن دینارەوە تا (75) ملیۆن دینار بۆ مەبەستی بیناکردن و نۆژەنکردنەوە.. لە (50) ملیۆن دینارەوە تا (150) ملیۆن دینار بۆ مەبەستی کڕینی خانووی نیشتەجێبوون، شوقە، یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، لە 5 ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کە قەرزەکە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لە بانکی ڕافیدەین بە بانکیکراوە، پێویستە ماستەرکارت و تاپۆیەکی خانووبەرە وەک بیمە پێشکەش بکەن. هاووڵاتییانیش دەتوانن لە قەرزەکە سوودمەندبن، بەڵام بەو مەرجەی فەرمانبەرێک لە مووچەکەی لە بانکی ڕافیدەین بەبانکیکراوە ببێتە کەفیل و تاپۆیەکی خانووش وەک بیمە دابنێت. خانەنشینانیش بە پێشکەشکردنی کەفیل و تاپۆی خانوو دەتوانن لە قەرزەکە سوودمەندبن.