هاوڵاتی وەزارەتی دارایی ئەمریکا نزیکەی 50 کەس و دامەزراوەی خستە لیستی گەمارۆکانەوە کە یارمەتی سوپای پاسدارانیان داوە و پارەی نەوتی ئێرانیان بۆ دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران سپی کردووەتەوە. بەپێی راگەیەندراوێک کە رۆژی سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، لە ماڵپەڕی وەزارەتی دارایی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەس و دامەزراوانەی خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، لە وڵاتانی جیاوازن کە بە دروستکردنی "تۆڕی بانکی شاراوە" لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئێران و بە پشتیوانی هێزە چەکدارەکان و هەروەها سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، یارمەتیدەربوون بۆ دابینکردنی چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی ئابووری بۆ گەشەپێدانی بواری سەربازی لە ئێران. ڤاڵی ئادیمۆ، جێگری وەزارەتی دارایی ئەمریکا لەم بارەوە وتوویەتی، ئەو تۆڕە لە ساڵی 2020ەوە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەستیان بە تۆڕی ئابووری نێودەوڵەتی بگات بۆ سپیکردنەوەی چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی نەوتی و داهاتە نایاساییەکانی دیکەی ئێران. گەمارۆکانی رۆژی سێشەممە تۆڕێکی بەربڵاو لە کەس و دامەزراوەکانی جێگیر لە هۆنگ کۆنگ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دوورگەکانی مارشاڵ، ئێران و تورکیای خستووەتە لیستی ڕەشەوە. بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، دەست بە سەر دارایی ئەم کەس و کۆمپانیایانە دەگیردرێت لە ئەمریکا و بە گشتی قەدەغەی ئەکات ئەمریکاییەکان بازرگانی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانە بکەن. هەر کەسێکیش لە گەڵیان مامەڵە بکات دەکریتە لیستی گەمارۆ پلە دووەکانەوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی چەند قاچاخچیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کە پەیوەندییان بەکەیسی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە هەبووە، رادەگەیەنێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لەناردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەلەمە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا، چوار قاچاخچیان دەستگیرکردووە. لە راگەیێنراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بە فەرمانی بەڕێز دادوەری ئاسایش، توانراوە ئەمڕۆ چوار تۆمەتباری گەورە قاچاخچیی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە بەناوەکانی (ح،ح،ع)، (ب،س،م)، (م،ج،أ) و (د،ع،س) دەستگیربکەین. لە رووداوی نقومبوونی ئەو بەلەمەدا 64 کەس گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون. راگەیێنراوەکە دەڵێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بەردەوامە و لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر کەسێکیتر ناوی بێت و بەشداربێت لەتاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوخۆ یان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەستگیردەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. ئاماژەش بەوەکراوە، ئێستا تۆمەتباران بەیاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
هاوڵاتی لەلایەن دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە فەرمانی دەستگیکردن بۆ بەڕێوەبەری بانکێک دەرکرا کە زیانی پێنج ملیار دیناری بە بانکەکە گەیاندووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین لقی سەقلاویە لە پارێزگای ئەنبار، قەرزێکی پێنج ملیار دیناریی لەسەر بنەمای راپۆرتێکی نا راست بە کەسێک داوە بە مەبەستی دروستکردنی زانکۆیەکی ئەهلی لە شاری فەلوجە، بەوەش ئەو بەڕێوەبەرە زیانی بە بەرژەوەندیی بانکەکە گەیاندووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو کەسەی ئەو بڕە پارەیەی وەرگرتووە ویستوویەتی لەسەر موڵکی گشتی ئەو زانکۆیە دروستبکات، هەر بۆیە ئەو بەڕێوەبەرە فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئەنبارەوە بۆ دەرکراوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پێشبینی روودانی کودەتای سەربازی لە عێراق دەکات و خەڵک پێشوازی لێ دەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی شەرقیە رایگەیاند، ئەگەری كودەتای سەربازی لە عێراق هەیە و رەنگە گەلیش پێشوازی لێبكات بەتایبەتی ئەگەر سەركردەی كوتلە سیاسییەكان بخرێنە زیندانەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، من پێموایە گروپە چەكدارەكان سەركەوتوو نابن لە هەوڵی ئەنجامدانی كودەتا، چونكە گروپێك دژی ئەوەی ترە، بەڵام ئەگەر فەرماندەیەكی سەربازیی بە پشتیوانی دامەزراوەی سەربازی كودەتا بكات سەركەوتوو دەبێت.
هاوڵاتی تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ 8ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. دەشڵێت، لیستى مووچەى مانگى شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەى بەغدا دەکرێت. لەبارەى مووچەى مانگى حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەی خستۆتەڕوو، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاریش نەنێردراوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی هەولێر پەخشی کەناڵی زووم دەستپێدەکات. بەڕێوبەری تۆڕە میدیاییەکە بە هاوڵاتی گوت، ئەوان کەناڵێکی بێلایەن نین و لایەنگری خەڵکن. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، تۆڕی میدیای زووم دەست بە پەخشی تەلەفزیۆنی دەکات و بارەگای سەرەکیی تۆڕەکە لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا دەبێت. هەروەها لە هەولێر و سلێمانیش نوسینگە و ستۆدیۆیان دەبێت. هێمن مەحمود، بەڕێوبەریی گشتی تۆڕی میدیای زووم بە هاوڵاتی گوت، زووم کەناڵێکی ئاسمانیی هەواڵی دەبێت، بەڵام جگە لەوەش، لایەنەکانی کلتوور، ئابووری، وەرزش و تەندروستی بەشێک لە بەرنامە و کارەکانی کەناڵەکە پێکدەهێنن. بە گوێرەی بەڕێوبەری گشتیی زووم، رۆژانە پەخشی راستەوخۆی کەناڵە ئاسمانییەکە لە 8:00ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام دەبێت. لە شەویشەوە تاوەکو بەیانی بەرنامەکانیان دووبارە دەکرێتەوە، واتە 16 کاتژمێر پەخشی راستەوخۆیان هەیە و 8 کاتژمێریش پەخشی ئاسایی دەکەن. هاوڵاتی لەبارەی پۆرتاڵی تۆڕی زوومەوە پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد. پێی راگەیاندین، ماڵپەڕی زووم بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەست دەبێت بۆ خوێنەران و لە ماوەیەکی نزیکدا بەشی عەرەبیش دەکەنەوە. لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، "ئێمە پەیامنێرمان لە سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەیە". لەبارەی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە گوتی، لە رۆژئاوای کوردستان لە هەریەک لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانی پەیامنێریان هەیە. هەر لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی تەلەفزیۆنی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، لە پلانیاندایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ئێران و تورکیاش پەیامنێر دابنێن. هەروەها باسی لەوەکرد، لە ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک شوێنی دیکەی جیهانیش لە داهاتوودا پەیامنێر دادەنێن و کاریان لەسەری کردووە. ئەو بەڕێوبەرەی زووم بە هاوڵاتی گوت، ئەوان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاریکاریی داراییان دەکرێت و یەکێک لەو کۆمپانیا سەرەکیانەش کە هاریکاریانە کۆمپانیای مەعادل زەهەبییە. هاوڵاتی لەبارەی لایەنگیری کەناڵەکەوە بۆ پارتە کوردستانییەکان پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد و لە وەڵامدا گوتی، ئەوان سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراو نین. زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوان ئامادەن رێکلام بۆ هەر بەربژێرێکی پەرلەمان و لیستێک بکەن کە خواستی رێکلامکردنی لە زووم هەبێت". لەبارەی بڵاوکراوەی کەناڵەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوبەری گشتیی زووم گوتی، لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکانی هەرێمی کوردستان لاپەڕەی تایبەتییان دەبێت و پێشتریش هەر هەیانبووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە هێرشێکی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی شەتی لە رۆژئاوای غەززە، 15 فەڵەستینی کوژران و لە نێویاندا خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس و 9 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی هەبوون. بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-6-2024، ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی شەتیی لە رۆژئاوای غەززە کرد و 15 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژران. میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە نێو ئەوانەدا کە کوژراون خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە و 9 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی کوژراون. لە دوای پەلاماری حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 179 فەڵەستینی کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی گۆڤاری زە ناشناڵ بڵاویکردووەتەوە، بارەگای سەرەکیی بزوتنەوەی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا. ئەوەش بە هۆکاری ئەو گوشارە زۆرەی واشنتن و دۆحە دەیخەنە سەر بزوتنەوەکە بۆ دانوستان. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق مانگی رابردوو داواکارییەکەی حەماسی قبوڵکردووە. دوای ئەوەی حەماس دەچێتە بەخدا، حکومەت ناچاردەبێت چەکداران و سەرکردەکانی حەماس بپارێزێت. زە ناشناڵ دەڵێت، ئەندام پەرلەمانێکی عێراق کە نزیکە لە هێزێکی میلیشیای سەر بە ئێرانەوە گوتوویەتی، ئیسماعیل هەنییە و محەممەد شیاع سوودانی بە تەلەفۆن ئەم بابەتەیان گفتووگۆکردووە و لەسەری رێککەوتوون. هەروەها ئیسماعیل هەنییە و نوێنەرانی بزوتنەوەکە لە عێراق و ئێرانیش گفتووگۆیان لەو بارەیەوە کردووە. بە گوێرەی ئەو ئەندام پەرلەمانەی زە ناشناڵ قسەی لەگەڵکردووە، لایەنەکانی دیکەی عێراق وەک کورد و سوننەکان ناڕازین لە گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق، ئەوەش لەبەر مەترسی دروستکردنی جیاوازی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا. لەم مانگەدا حەماس بە سەرۆکایەتی محەمەد حافی نوسینگەی خۆی لە بەخدا کردەوە و بڕیارە ناوەندی میدیاییش بکاتەوە. گواستنەوەی حەماس بۆ عێراق دوای ئەوە دێت، ئەمریکا و قەتەر گوشاری گەورەیان کردووەتە سەر بزوتنەوەکە بۆ ئاگربەست، حەماسیش تاوەکو ئێستا پێشنیازەکانی ئاگربەستی رەتکردووەتەوە یان بە مەرجەکانی رازی نەبووە، بەتایبەت ئاگربەستەکەی کۆتایی مانگی ئاداری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا. ئەگەر حەماس بچێتە عێراق ئەگەری هەیە گفتووگۆی ئاگربەست سەختتر بێت، ئەوەش لەبەرئەوەی دەسەڵاتی بەرپرسانی دۆحە لەسەر بزوتنەوەکە کەمدەبێتەوە.
مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، بەردەوامین لە جێبەجێکردنی 8 پڕۆژەی گەورە بۆ وەبەرهێنانی گاز و یەکێک لەو پڕۆژانەش پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆرە لە عێراق. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، گازی هاوردەکراو بەشی کارپێکردنی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ناکات، بەڵام گازی ئێران سەرچاوەیەکی سەرەکییە لە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا. دەشڵێت، بەرهەمهێنانی گازی پوخت لە عێراق دوو ملیار پێ سێجای تێپەڕاندووە و لەماوەی ئەمساڵدا ژمارەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی گاز تۆمارکراوە. سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی گاز ئەوەی خستەڕوو، بەردەوامین لە جێبەجێکردنی 8 پڕۆژەی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی گاز و قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆر لە ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی وزەی خۆر دابینکردنی 250 مێگاوات لەخۆدەگرێت. باسی لەوەشکرد، کۆمەڵێک رێککەوتنیان ئەنجامداوە بۆ بەرهەمهێنانی گاز لە پەستانی نزمیشدا.
هاوڵاتی بە بڕیاری دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، 12 هەزار زیندانیکراو کە وادەی سزاکانیان تەواوبووە یان سزاکانیان هەڵوەشاوەتەوە ئازاد دەکرێن. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندەکانی گرتن و دەستبەسەرکردن و بە ئامانجی خێراکردنی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ راگیراوان و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی تۆمەتباران و دوای وەرگرتنی چەندین سکاڵا، سەرۆکایەتی کۆمار لە ژێر رێنمایی راستەوخۆی سەرۆك کۆمار، لیژنەیەکی پێکهێنا، کە نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لیژنەی پەیوەندیدار چەندین کۆبونەوەی ئەنجامدا و کارەکانی بوەهۆی ئازادکردنی زیاتر لە 12 هەزار دەستگیرکراو و راگیراو، کە ماوەی سزاکانیان تەواوببوو یاخود لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەوە، هەڵوەشابوونەوە.
هاوڵاتی بڕی چوار ملیۆن دینار وەک پاداشت بۆ هەر توێژەرێکی زانکۆ خەرج دەکرێت، کە توێژینەوەکەی لە گۆڤارە رەسەنە جیهانییەکاندا بڵاوبکاتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپاردووە، هەماهەنگی بکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی ئەو پاداشتە چوار ملیۆن دینارییە بۆ ئەو توێژەرانەی توێژینەوەکانیان لە یەکێک لە گۆڤارە رەسەنە جیهانییەکاندا بڵاودەکەنەوە. دەشڵێت، پاداشتەکە پشتبەست بە حوکمەکانی مادەی یەکی بڕگەی شەش لە یاسای خزمەتی زانکۆیی ژمارە 23ی ساڵی 2008 خەرج دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، بە گوێرەی ریزبەندنی تایمزی جیهانی بۆ زانکۆکانی جیهان، لە کۆی 108 وڵات، عێراقی چووەتە ریزبەندی 37ەمین وڵات لە ریزبەندییەکەدا.
هاوڵاتی عێراق ناوهندی نوێی ئۆپهراسیۆنی بۆ هێزی ئاسمانی كردووهتهوه و فهرماندهی هێزهكهش دهڵێت، ناوهندهكه دهتوانێت كۆنتڕۆڵی جموجۆڵی فڕۆكهی سهربازی و شارستانی و ههموو جۆره ئامانجێكی دیكه بكات و كۆنترۆڵی تهواوهتی و راستهقینهی ئاسمانی عێراق دهكات. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، لیوای فڕۆكهوان موههنهد ئهسهدی فهرماندهی هێزی بهرگریی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، توانای بهرگریی ئاسمانی عێراق رۆژ به رۆژ بههێزتر دهبێت و بەشێوەیەک دەتوانین کۆنترۆڵی راستهقینهی ئاسمانى عێراق بکەین. ئەوەشی خستەڕوو، ناوهندی نوێی ئۆپهراسیۆنی هێزی ئاسمانی كه رۆژی شهممهی رابردوو محهمهد شیاع سوودانی فهرماندهی گشتیی هێزه چهكدارهكان كردییهوه، به ئاستێكی بهرز توانای كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی عێراقی ههیه. ئاماژەی بەوەشکرد، ههموو ئهو چهكانهی بۆ فهرماندهیی بهرگریی ئاسمانی دابینكراون، له كاتی پێویستدا بهرپهرچی ههر هێرشێك دهدهینهوه، توانای بهرگریی ئاسمانی رۆژ به رۆژ بههێزتر دهبێت و فڕۆكهوانهكان بهشداریی خولی راهێنان دهكهین و مهشقی راستهقینه لهسهر جۆره جیاوازهكانی فڕۆكه دەکەین.
هاوڵاتی 397 ئاوارەی کوردی ئێزدی دانیشتووی كامپی خانكی سەر بە پارێزگای دهۆك گەڕێندرانەوە بۆ زێدى خۆیان لە سنوورى شنگال. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ 397 ئاوارەی کوردی ئێزدی دانیشتووی كامپەكانی دهۆك گەڕێندرانەوە بۆ زێدى خۆیان لە سنوورى شنگال. ئاماژە بەوەشكراوە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران (IOM) و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بووە. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتمانە بە مەبەستى كۆتایهێنان بە پرسى ئاوارەكان. جێگای ئاماژەیە، پێشتر ئیڤان فایەق وەزیر كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو، تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم كامپەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەخرێت، هەروەها تا كۆتایی مانگی تەمموز سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەخرێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جەنەراڵێکی پلە باڵای ئەمریکا رایدەگەیێنیت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان مەترسی دروستبوونی جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان ئێران و میلیشیاکانی دروستدەکات، بەتایبەت ئەگەر بوونی حیزبوڵا لە لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە. رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، سی کیو براون، جەنەراڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا گوتوویەتی، نازانێت هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی لوبنان چییە، بەڵام هۆشداری دەدات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "دەکرێت جەنگەکە بۆ رووبەرێکی گەورەتر فراوانبکات". براون دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی حیزبوڵا لە حەماس بەهێزترە بەتایبەت لە ژمارەی مووشەک؛ دەشڵێت ئەو وای دەبینێت ئێران خواستی هاوکاریکردنی حیزبوڵای زیاتر بێت بەراورد بە حەماس. ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە باس لەوە دەکات، لەو کاتەدا ئیسرائیل دەکەوێتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە و دەبێت لە خەمی ئەوەدابێت لە یەک کاتدا لە باکوور و باشووری وڵاتەکەوە بەرگری بکات، هەروەها شەڕەکە پریشک بۆ رووبەرێکی فراوانتری ناوچەکە دەهاوێت. قسەکانی جەنەراڵە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، قۆناخی شەڕی سەخت لە غەززە کۆتاییهاتووە و ئەمەش رێگەیان بۆ خۆشدەکات هێزی زیاتر ببەنە سنووری لوبنان. لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا دەستی بە مووشەکباران کردنی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، هێرشەکان راناگرێت تاوەکو ئاگربەست لە غەززە نەکرێت. براون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەم جارە ئەمریکا توانای کەمتر دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی حیزبوڵا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە گفتووگۆکان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئۆکراینا 18٪ی خاکەکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، نوێنەرانی ئۆکراینا و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ گفتووگۆی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە. هەر لە سبەینێشەوە ئۆکراینا قۆناخێکی دیکەی چاکسازیکردن لە سیستمی حوکمڕانییەکەیدا دەستپێدەکات، تاوەکو دڵی بەرپرسانی برۆکسل رازی بکات. هەر چوار رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و لە 28ی شوباتی 2022، ئۆکراینا داواکاریی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بەرزکردەوە، ئەوەش وەک دانانی قەڵخانێکی دیپلۆماسی لەبەردەم هەڕەشەی هێرشەکانی رووسیادا. رۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی دەستپێکردنی گفتووگۆکانەوە رایگەیاند، "ئۆکراینا دەگەڕێتەوە ئەوروپا، بۆ ئەو شوێنەی سەدان ساڵە بەشێک بووە لێی، وەک ئەندامێکی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئەوروپا". کیێڤ لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستپێکردنی گفتووگۆی وەرگرتنی لە یەکێتی ئەوروپا هێناوەتە بەرباس، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر لە دژوەستانەوەی گەندەڵی و چاکسازیکردن لە سیستمی دادوەری وڵاتەکەیدا. ئێستا ئۆکراینا دەبێت نەخشەسازییەکی ورد بۆ داهاتووی وڵاتەکەی دابنێت و بۆ بەرپرسانی برۆکسلی بخاتەڕوو چۆن رووبەڕووی گەندەڵی لە ئۆکراینا دەبێتەوە و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی چین.