هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی ئەفغانستان، رایگەیاند دەیان تەنکەر بەنزینی بێ کوالێتی ئێرانی، گەڕاندۆتەوە. رۆژی پێنج شەممە ٣٠ تشرینی دووهەم، بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنترۆڵی تالیبان، لە پەیامێکدا لە تویتەر، نووسی بە گشتی ٢٤ تەنکەری بەنزینی بێ کوالێتی ئێرانیان لە رێگای (بەندەری میل فراە) گەڕاندۆتەوە بۆ ئێران و ئامادە نەبووە وەریبگرێت. وتوشێتی، بازرگانەکانی بەنزینی ئاگادار کردۆتەوە لە هاوردە کردنی بەنزینی کوالێتی نزم خۆیان بپارێزن، بە پێچەوانەوە سزا ئەدرێن و" هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە خەڵکی ئەفغانستان بەنزینی ستاندارد بەکار بهێنن." تالیبان پێشتریش زۆرجار بەری بەوە گرتووە بەنزینی کوالێتی نزمی ئێرانی بچێتە ئەو وڵاتەوەو سێپتەمبەری رابردوو ٤٨ تەنکەری بەنزینی ئێرانی گەڕاندەوە بۆ ئێران. بە پێی بەڵگەیەکی نهێنی وەزارەتی نەوتی ئێران کە رادیۆ فەردا بڵاوی کردۆتەوە، ٨٠٪ بەنزینی ئێران ستانداردی یۆرۆ ٤ و یۆرۆ ٥ی نییە. لە لایەکیترەوە، هەموو رۆژێک ١٠ میلیۆن تەن ماددەی کیمیایی، ئارۆمتیک و ماددەی "ئێم تی بی ئەی" کە هۆکاری شێرپەنجەیە، ئەکرێتە ناو بەنزینی ئێرانەوە. لە هاوینی ساڵی رابردووەوە ئێران کێشەی بەنزینی هەیە و بۆ قەرەبووکردنەوەی و هەروەها باشترکردنی سووتاندنی بەنزینەکەی، ئەو ماددە کیمیایانە ئەکاتە ناو بەنزینەکەیەوە. لەم پەیوەندەدا، بەنزینی خراپ و ناستاندارد، سووتاندنی مازووت و بەکارهێنانی زۆری گازۆئێل لە پیشەسازی و وزەخانەکانی کارەبدا، گرینگترین هۆکاری پیسی هەوان لە ئێران.  

هاوڵاتی لەكاتێكدا گروپەكانی نزیك لەئێران بەردەوامن لەهەڕەشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەویش لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس لەغەززە، عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەهەڕەشەیەكی پێشووی بەرامبەر ئیسرائیل پەشیمان دەبێتەوە. خامنەیی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی: هەندێك كەس لەجیهان درۆیان بەدەم ئێرانەوە كردووە گوایە ئێمە وتوومانە( پێویستە ئیسرائیل و جولەكە بخەینە دەریاوە) نەخێر هەرگیز ئەوەمان نەوتووە، بەڵكو وتوومانە ئەوە دەنگی خەڵكە چارەنوس دیاری دەكات، ئەو حكومەتەی بەدەنگی گەلی فەلەستین هەڵدەبژێردرێت بڕیاردەدات ئەوانەی لەدەوڵەتانی ترەوە هاتوون دەمێننەوە یاخود دەڕۆن. هەفتەی ڕابردوو سێ بەرپرسی باڵای ئێران ئاشكرایانكردبوو عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران نامەیەكی ڕاشكاوانەی ئاڕاستەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس كردووە كاتێك لەنۆڤەمبەری ڕابردوو لەتاران چاوی پێی كەوتووە، پێی وتووە:"حەماس پێشتر ئێرانی ئاگادارنەكردووەتەوە لەهێرشەكەوی حەوتی ئۆكتۆبەر بۆسەر ئیسرائیل، بۆیە ئێران بەنوێنەرایەتی حەماس ناچێتە شەڕەوە".  

راپۆرتی: BBC وەرگێڕانی: هاوڵاتی پێنج گروپی چەکداری فەڵەستینی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل چوونەپاڵ حەماس پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠٢٠ەوە پێکەوە راهێنانی سەربازییان کردووە. ئەو گروپانە لەغەززە چەندین راهێنانی هاوبەشییان کردووە کەزۆر بەنزیکەیی هاوشێوەی ئەو تاکتیکانە بوون لەهێرشە کوشندەکە بەکارهێنرا – لەوانە لەناوچەیەکدا کەتەنیا یەک کیلۆمەتر لەدیوارە بەربەستییەکەی ئیسرائیلەوە دوورە – ئەو گروپانە راهێنانەکانیشیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لەمیانی ئەو مەشقانەدا، چەکدارەکان راهێنانیان لەسەر بردنی بارمتە، هێرشکردنەسەر خانوو و هەروەها بەزاندنی بەرگری ئیسرائیل کردووە، کەدواهەمین مەشقیان ٢٥ رۆژ پێش هێرشەکە ئەنجامداوە. بی بی سی چەندین بەڵگەی کۆکردووەتەوە کەپیشانی دەدەن چۆن حەماس لایەنەکانی ناو غەززەی یەکخستووە تا رێگەشێوازەکانی شەڕکردنیان کاریگەرترو باشتر بکەن و لەکۆتایشدا هێرشێک ئەنجامبدەن بۆ سەر ئیسرائیل کەناوچەکەی بەرەو جەنگ برد. «نیشانەی یەکگرتوویی» لە ٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، مەشقێکی لەچوارچیوەی چوار مەشق و راهێنان راگەیاند بەناوی «کۆڵەکەی بەهێز» کەوتی «پەیامێکی بەهێزو نیشانەی یەکگرتویی»ە لەنێوان لایەنە جیاوازە چەکدارەکانی غەززە. وەک بەهێزترین گروپی چەکداری غەززە، حەماس زاڵترین هێز بوو لەهاوپەیمانیەتییەکدا کە ١٠ لایەنی چەکداری تری فەڵەستینی یەکخست لەمەشقێکی هاوشێوە-جەنگیدا کە لەلایەن «ژورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش»ەوە چاودێری دەکرا. ئەم ژوورە لەساڵی ٢٠١٨دا دامەزرا بۆ هەماهەنگی لەنیوان گروپەکانی غەززە لەژێر فەرمانی یەک ناوەندی بڕیاردا. پێش ٢٠١٨ حەماس بەفەرمی هەماهەنگی لەگەڵ گروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی دروستکرد کەدووەمی گروپی چەکداری غەززەیە. ئەم گروپەش لەلایەن بەریتانیاو ئەمریکاوە بەرێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدراوە. حەماس لەململانێکانی پێشوودا هاوشانی گروپی تری چەکداری شەڕی کردووە، بەڵام مەشقەکەی ٢٠٢٠ وەک پروپاگەندە خرایەڕوو کە بەڵگەبێت لەسەر ئەوەی کۆمەڵێکی زۆری گروپی تر یەکخراون. سەرکردەی حەماس رایگەیاند یەکەم مەشق رەنگدانەوەی «ئامادەیی هەمیشەیی» گروپە چەکدارەکانە. راهێنانەکەی ٢٠٢٠ یەکەم مەشقی هاوبەش بوو لەچوار مەشق کە لەماوەی سێ ساڵدا ئەنجامدرا کەهەریەکەیان وەک بەڵگە بەڤیدیۆی دەستکاریکراوە لەچەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرانەوە. بی بی سی ١٠ گروپی جیاوازی دەستنیشانکردووە کەگروپی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیشی تێدایە، ئەمەش بەناسینەوەی پەڕۆکانی سەریان و دروشمەکانیان کەهاوشانی حەماس لەکاتی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەستوویانە لەو ڤیدیۆیانەی لەتیلیگرامەوە بڵاویانکردووەتەوە. دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، پێنج لەو گروپانە چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کەبانگەشەی ئەوەیان دەکرد بەشدارییانە لەهێرشەکەدا کردووە. سێ گروپی تریش بەیاننامەیان لەتیلیگرام بڵاوکردەوە کە بەشدارییان کردووە. سێ لەو گروپانە – جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، کەتیبەی موجاهیدین و هەروەها کەتیبەی ناسر سەڵاحەدین – بانگەشەی ئەوەیانکرد کەهاوشانی حەماس بارمتەی ئیسرائیلییان گرتبێت. لەکاتێکدا ئەم گروپانە بیری ئایدۆلۆجی جیاوازییان هەیە هەر لەئیسلامی توندڕەو بۆ میانڕەو، بەڵام هەموویان ئامادەیی ئەوەیان نیشاندا کە توندوتیژی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنن. بەیاننامەکانی حەماس چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کەیەکگرتوویی گروپە چەکدارە جیاوازەکانی غەززە دەربخات. حەماس باسی لەوەکرد ئەو گروپانە هابەشی یەکسانین لەمەسقەکاندا، بەڵام بەردەوام حەماس خۆی رۆڵی سەرکردایەتی هەبووە لەپلانەکان بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل. ڤیدیۆکانی مەشقی یەکەم فەرماندەی دەمامکداری پیشاندەدا لەژێرزەمینێکدا کەخەریکی راهێنانەکەن و بەهەڵدانی کۆمەڵێک مووشەک دەستپێدەکەن. ڤیدیۆکان دواتر دەچنەسەر چەکداری پڕچەککراو کەپەلاماری تانکێکی ناڕاستەقینە دەدەن کەئاڵای ئیسرائیلی لەسەرە، دواتر کەسێکی ناو تانکەکە دەگرن و وەک زیندانی رایدەکێشن. جگە لەمانەش هێرش دەکەنەسەر چەند باڵەخانەیەکی دروستکراو. بەڵگەمان هەیە لەڤیدیۆکان و چەندین شایەتحاڵ کەهەردوو تاکتیکەکە لەگرتنی سەربازو مەدەنی لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر بەکارهێنراون کاتێک هەزارو ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی ٢٤٠ بارمتەش رفێندران. راگەیاندنی بە جیهان راهێنانی دووەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» بەنزیکەیی ساڵێک دوای راهێنانی دووەم ئەنجامدرا. ئەیمان نۆفاڵ، یەکێک لەفەرماندەکانی کەتیبەی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازی حەماس، رایگەیاند کە ئامانجی راهێنانەی لە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ «جەختکردنەوەیەکە لەیەکگرتوویی لایەنەکانی بەرگری.» فەرماندەکەی حەماس وتی کە مەشقەکان پەیامێکە بۆ «دوژمن کە دیوارو رێکارە ئەندازیاریەکانیان لەسەر سنوری غەززە پارێزگارییان لێناکات». بەیاننامەیەکی تر حەماس لەو کاتەدا باسی لەوەکرد کە «مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان» ئامانجیان ئەوەیە «هاوشێوەی ئازادکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی نزیک غەززە بکەن». کە مەبەست لێی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیلە نزیک سنوری غەززە. راهێنانەکە لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ دووبارە کرایەوەو وێنە پروپاگەندەکان دەریدەخست کە چەکدارەکان راهێنان لەسەر چۆڵکردنی باڵەخانەکان و پەلاماردانی تانکەکان دەکەن کەدەردەکەوێت لەبەنکەیەکی سەربازیدا ئەمە دەکرێت. رهێنانەکان لەناو ئیسرائیلدا لەمیدیاکاندا بڵاوکرانەوە، بۆیە شتێکی باوەڕپێنەکراوە کە بەوردی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە چاودێری نەکراون. سوپای ئیسرائیل پێشتر هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ تێکدانی چالاکییەکانی حەماس. لەنیسانی ٢٠٢٣، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی ئەو شوێنەی کرد کە بۆ مەشقی یەکەمی «کۆڵەکەی بەهێز.» چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکە، سەربازانی چاودێری نزیک لەغەززە هۆشدارییان لەجوڵەی نائاسایی درۆن دابوو هەروەها حەماسیش خەریکی راهێنان بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی چاودێری دروستکراوو هاوشێوە کەهاوشێوەی ئەو بنکە سەربازییانەن کەسەربازە ئیسرائیلییەکان تێیدا جێگیرن، بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل وتەی ئەو سەربازانە پشتگوێخراوە. جەنەراڵ ئەمیر ئەڤیڤی، فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، «زانیاری هەواڵگری زۆر هەبوون کەئەوان خەریکی ئەو راهێنانەن، دووجار هەموو ڤیدیۆکان بڵاوکراونەتەوەو هەموو ئەو مەشقانە تەنها چەند سەد مەترێک لەپەرژینەکەی ئیسرائیلەوە دوورن»، بەڵام باسی لەوەشکرد کەهەرچەندە سوپا ئاگای لەو راهێنانانە بوو بەڵام «نەیانبینوە کە راهێنان بۆ چی دەکەن». دەرکەوتن بەڕۆژی رووناک حەماس هەولی زۆریداوە کە دڵنیا ببێتەوە لەوەی مەشقەکان واقیعی بن. لەساڵی ٢٠٢٢، چەکدارەکان راهێنانی ئەوەیان دەکرد کەچۆن پەلاماری بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل بدەن (کە خۆیان دروستیان کردبوو بۆ مەشقکردن)  و ئەو بنکە دروستکراوە گاڵتینەیە ٢.٦ کیلۆمەتر لەخاڵی سنوری بەیت حانونەوە دوور بوو. ئەو خاڵە سنورییە لەنێوان غەززە و ئیسرائیلدایەو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە. بی بی سی ئەو شوێنەی دیاریکردووە لەباکوری غەززە کە تەنها ٨٠٠ مەتر لەپەرژینە دیوارییەکەی ئیسرائیلەوە نزیکە. هەتا مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئەو شوێنەی حەماس لەنەخشەی «بینگ»دا هەبوو. ئەو کەمپی راهێنانە تەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەتاوەرێکی چاودێری ئیسرائیلەوە دوور بوو. ئەو بنکە دروستکراوە چەند مەترێک قووڵکراوە لەئاستی زەوییەوە بۆ ئەوەی دیار نەبێت لەچاوی ئۆتۆمبێلە گەڕۆکە چاودێرییەکانی ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەو دووکەڵەی لەتەقینەوەکانەوە بەرزبوونەتەوە بەدڵناییەوە شوێنەکەی ئاشکرا کردووەو سوپای ئیسرائیل بەوە ناسراوە کەچاودێری ئاسمانی بەکاربهێنێت. حەماس ئەو شوێنەی بەکارهێناوە بۆ راهێنان کرد لەسەر پەلاماردانی باڵەخانە و رفاندنی بارمتەو لەناوبردنی بەربەستە ئەمنییەکان. بی بی سی بە بەکارهێنانی وێنەی مانگی دەستکردو زانیاری بڵاوکراوە توانیویەتی ١٤ شوێنی راهێنان لە نۆ ناوچە بدۆزێتەوە بەدرێژایی کەرتی غەززە. تەنانەت حەماس دووجار لەشوێنێکدا راهێنانی کردووە کەتەنها ١.٦ کیلۆمەتر لەناوەندی هاریکاری نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دوورەو لە ڤیدیۆیەکدا لەپشتەوە دەردەکەوێت کە ڤیدیۆی بەرپرسێکی ئاژانسەکە لەکانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە. زەمینی، دەریایی، ئاسمانی لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لەچەناڵی تیلیگرامی خۆی چەند وێنەیەکی چەکدارانی بڵاوکردەوە کە بەجلوبەرگی سەربازی یەکپۆشییەوە بوون و خەریکی دانانی بنکەی چاودێری سەربازیی بوون بەدرێژایی بەربەستی غەززە. دوای دوو رۆژ راهێنانی چوارەمی مەشقی «کۆڵەکەی بەهێز» ئەنجامدراو تا ٧ی ئۆکتۆبەر هەموو ئەو تاکتیکانەی کەدەبوو لەهێرشەکەدا بەکارهێنرابان راهێنانیان لەسەر کرا. لە راهێنانەکاندا چەکدار دەبینرێن کە هەمان ئەو پیکابە تۆیۆتایانە بەکاردەهێنن کە لەکاتی هێرشەکدا بەئیسرائیلدا تێدەپەڕین. ڤیدیۆ پروپاگەندەکان ئەوەی پیشان دەدا کە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەر باڵەخانەی دروستکراوە و ئامانجی گاڵتینە. بەڵام حەماس ئەو راهێنانانەی بڵاونەکردەوە کەچەکدارەکانی بە مۆتۆرسکیل و پاراگلایدەرەوەن لەڤیدیۆ پروپاگەندەکانیان لەمەشقی «کۆڵەکەی بەهێز.» دوای سێ رۆژ لەهێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، حەماس ڤیدیۆیەکی راهێنانی بڵاوکردەوە کە لەناوبردنی پەرژین و بەربەستەکانی پیشاندەدا تاماتۆرسکیلەکان پێیدا تێپەڕن، ئەمەش تاکتیکێک بوو کە بەکاریانهێنا بۆ گەیشتن بەنشینگەکانی باشوری ئیسرائیل. لەڕۆژی هێرشەکەشدا، ڤیدیۆیەکی مەشق و راهێنان بڵاوکرایەوە کەچەکدارەکانی حەماس بەسەر  کیبوتز (کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی) ئیسرائیل دەنیشنەوە (کە خۆیان دروستیانکردبوو بۆ راهێنان). ئەو ناوچە دروستکراوە لەشوێنێکدایە کەدەکەوێتە باکوری خاڵی سنوری رەفەح لەباشوری غەززە. بی بی سی ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کەئەو ڤیدیۆیە لەدەوروبەری ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢ تۆمارکراوە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەپلانی پاراگلایدەرەکان ساڵێکە زیاترە داڕێژراوە. سوپرایزەکە پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، وا دەخەمڵێندرا کەحەماس خاوەنی ٣٠ هەزار چەکدار بێت لەکەرتی غەززە ئەمەش بەپێی هەندێک راپۆرت کە لەفەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلەوە وەرگیراون. حەماس تائێستا بەهێزترین گروپە لەگروپە چەکدارەکانی فەڵەستین، تەنانەت بەبێ پشتگیری گروپەکانی تر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نیازی حەماس لەیەکخستنی گروپە جیاوازەکان بۆ ئەوە بووە کەپشتگیری فراوان لەنێو غەززەدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. پێشتر سوپای ئیسرائیل وا مەزەندەی دەکرد کەهەزار و ٥٠٠ چەکدار هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامداوە. لەسەرەتای ئەم مانگەوە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە کەئێستا سوپای ئیسرائیل بڕوای وایە ژمارەکە نزیکە لە سێ هەزار. ژمارەکە هەرچەنێک بێت، مانای ئەوەیە کەژمارەیەکی زۆر کەم لەتەواوی ژمارەی لایەنە جیاوازەکان بەشدارییان کردووە. ناتوانرێت ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە کەژمارەی راستەقینەی ئەو چەکدارانە چەند بوون لەگروپە بچووکترەکان کە لەهێرشەکەدا  یان مەشقی «کۆڵەکەی بەهێزدا» بەشداربوون. لەکاتێکدا حەماس خەریکی کۆکردنەوەی پشتگیری بوو پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، هیشام جابر، جەنەڕالێکی پێشوو لەسوپای لوبنان کەئێستا شیکەرەوەیەکی ئەمنییە لەناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دیراسات و توێژینەوە، بروای وایە تەنها حەماس ئاگاداری پلانی کۆتایی بووە و «رەنگە لەڕۆژی هێرشەکەدا داوایان لەگروپەکانی تر کردبێت بەشداری بکەن.»

هاوڵاتی  حەماس و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ رۆژێکی تر درێژبکەنەوە تا ئەوەی بتوانن ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیاندانی زیاتر لەنێوانیان بکەن. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2023 لەکۆتایی چرکەساتەکانی تەواووبونی کاتی فەرمی ئاگربەستدا، حەماس و ئیسرائیل بۆ رۆژی حەوتەم ئاگربەستەکەیان درێژکردووە تا بتوانن دانوستانەکانین بەردەوامی پێ بدەن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان. سوپای ئیسرائیل پێش کۆتایهاتنی ئاگربەست رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵی لایەنە نێوەندگیرەکان بۆ بەردەوامی پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان، شەڕ راگرتنی بەردەوام دەبێت." حەماس لە کۆتا ۆرژی ئاگربەستدا کە دەکاتە دوێنێ چوارشەممە 16 بارمتەی رزگارکرد لەبەرامبەر ئازادکردنی 30 زیندانی فەڵەستینیندا. تا ئێستا لەماوەی ئاگربەستدا 76 ابارمتە ئازادکراون لەبەرامبەر ئازادکردنی 210 زیندانی فەڵەستینی.

هاوڵاتی  بنییامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بەبێ دوودڵی شەڕ دەستپێدەکاتەوە و هیچ بژاردەیەک نییە جگە لەوەی تا کۆتایی بەردەوام نەبن لە شەڕ. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لە سەرەتایی جەنگەوە سێ ئامانجم دانا، لەناوبردنی حەماس، گەرانەوەی هەموو رفێندراوەکان و زامنکردنی ئەوەی غەززە هەرگیز نەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەم سێ ئامانجە هەر وەک خۆیان ماون." ئەمڕۆ کۆتا رۆژە بۆ کۆتایهاتن بە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل و تا ئێستا حەماس 60 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکردووە. ناتانیاهۆ لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دەڵێت کە "لەم رۆژانەی دواییدا گوێم لەو پرسیارە دەبێت کە ئاخۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ دوای قۆناغی گەڕانەوەی رفێندراوەکان؟ وەڵامی من ئەوەیە کە بەبێ دووڵی بەڵێ." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە گەرانەوەیان بۆ جەنگ تا کۆتایی و "ئەمە سیاسەتی من و کابینەکە و حکومەت و سەرباز و خەڵکی ئیسرائیلە، هەر ئەوەش دەکەین." هاوکات پێشتریش وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکە ئامادەیە دەستبەجێ دەست بە شەڕ بکاتەوە.

هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە دەستبەجێ دەستبکاتەوە بە شەڕ، بەرپرسێکی تری ئیسرائیلیش دەڵێت، مەحاڵە ئاگربەست درێژبکرێتەوە.  ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2023، یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوی و دەریا "ئامادەیە  دەستبەجێ دەست بکاتەوە بە شەڕ." وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەشڵێت، ولاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئاگربەست هەموو بارمتەکان بگەڕێنێتەوە. ئەمڕۆ کۆتا رۆژی ئاگربەستە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل و بەرپرسێکی ئیسرائیل کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و ناوی نەهێندراوە رایگەیاندووە کە مەحاڵە ئاگربەست درێژبکرێتەوە ئەگەر حەماس نیازپاکی پیشان نەدات کە هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات.  ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردووە، حەماس هێشتا ئەوەندە ژن و منداڵی بارمتەی لایە کە بتوانێت ئاگربەست بۆ دوو بۆ سێ رۆژ درێژ بکاتەوە. تا ئێستا گروپە چەکدارەکانی غەززە 60 ژن و منداڵی ئیسرائیلییان ئازادکردووە لەکۆی 240 بارمتە بەپێی ئەو رێککەوتننەی کە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کراوە. حەماس جگە لەو ژن و منداڵانە 21 کەسی بیانیشی ئازادکردووە کە بەشێکی زۆرییان خەڵکی تایلەندان. لەبەرامبەر ئەمەدا تا ئیستا ئیسرائیل 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکردووە.

هاوڵاتی  عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە وتاردانێکدا جارێکیتر وێڕای پشتیوانیکردن لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا رایگەیاند روانگەی کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە کە زایۆنیست و جوولەکەکان بخرێنە دەریاوە. رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتاردانەکەیدا کە لە دیدار لەگەڵ بەسیجییەکان ئەنجامیدا وتی :" کۆماری ئیسلامی رازییە بەوەی ریفراندۆم لە فەلەستین بکرێت و رای خەڵک وەربگیردرێت". بەدرۆ خستنەوەی بیرۆکەی لەناوبردنی ئیسرائیل و خستنە دەریای زایۆنیستەکان لە لایەن رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی خامنەیی، ساڵانێکی زۆر باسیان لە پێویستی نەمانی ئیسرائیل کردوەو بەڵێنی نەمانی ئیسرائیلیان داوە. لەوانە ساڵی ٢٠١٩ ، فەرماندەی ئەو کاتەی هێزە زەمینییەکانی سوپای ئێران هەڕەشەی نەمانی ئیسرائیلی کرد و وتی:" لەسەر تەواوی بنکە سەربازییەکانی هێزە زەمینییەکانی سوپا، رۆژژمێری لەناوچوونی ئیسرائیل دانراوە. هەروەهاعەلی خامنەیی ساڵی ٢٠١٥ وتبووی :" ئیسرائیل ٢٥ ساڵی داهاتوو نابینێت"و دوای ئەو قسانەی خامنەیی رۆژژمێری نەمانی ئیسرائیل لەبەشێک لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ژمارەیەک لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکان دانرا. خامنەیی، لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووهەم، هێرشی ٧ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی بە (گەردەلوولی الاقصی) ناوبرد و وتی :" هەرچەن ئەم هێرشە دژی ئیسرائیل بووە، بەڵام ئامانجەکەی لێدان بووە لە  ئەمریکا ". ئەمریکا و یەکیەتی ئەورووپا حەماسیان لە لیستی گرووپە تیرۆریستەکان داناوە. خامنەیی لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتی:" هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل توانی خشتەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکبدات و بە ئومێدی خوا درێژەی ئەبێت و خشتەکە ئەسڕێتەوە". رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەروەها هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی بە یەکێک لە "ناوکەکانی بەرگری لە هەموو دونیا " ناوبرد و وتی :" ئەمە هەمان بەسیجە، بەسیجی ئێمە نییە، بەسیجی خۆیانە، بەڵام هەمان کەلتوورە". خامنەیی ٣ رۆژ پێش هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم، هێرشی توندی کردە سەر ئەو وڵاتانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردۆتەوەو بە قومار لەسەر گای دۆڕاو ناوی برد و وتی :" بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین بە زووترین کات بە ئامانج ئەگات". زۆر کەس ئەم وتانەی خامنەیی وەک فەرمان بۆ حەماس ناوبرد و هێرشی حەماسیان گرێ دایەوە بە قسەکانی خامنەییەوە. عەلی خامنەیی ٣ رۆژ دوای هێرشەکە و رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، لە وتاردانێکیدا بۆ هێزە سەربازییەکان، ئەوەی رەت کردەوە ئێران دەور و نەخشی هەبێت لەم هێرشەدا و رایگەیاند حەماس سەربەخۆیانە ئەم کارەی کردوە. هەڵبەت خامنەیی ئەوەی راگەیاند کە ئەوان پشتیوانی خەباتی فەلەستینن ، بەڵام هێرشی ٧ی تشرینی یەکەم کاری خودی فەلەستینییەکانە و ئەوانەی ئەیانهەوێت گرێی بدەن بە کۆماری ئیسلامیەوە دەیانهەوێت وەها پاساو بۆ شکستی خۆیان بهێننەوە.    

هاوڵاتی ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە بەڕێوەبەرانی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەوحەن و پرسی ئاگربەستێکی درێژخایەن لەگەڵ لێپرسراوانی میسر و قەتەر تاوتوێدەکەن. ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ولیەم بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا و دەیڤید بارنیاع، بەڕێوەبەری ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە دەوحە لەگەڵ محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا لێپرسراوانی میسریش ئامادەبوون. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، بەڕێوەبەرانی ھەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە دەوحە ئەنجامدەدەن و تیایدا باس لە قۆناغەکانی دوایی کۆتاییھاتنی ئاگربەست لە غەززە و تاوتوێی مەرجی لایەنەکانیش بۆ رێککەوتنێکی ئاگربەستی درێژخایەن دەکەن. ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٢٤ی تشرینی دووەم دەستی پێ کرد، ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی ١٥٠ فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل لەبەرامبەر ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون، هەروەها ئاگربەستی کاتی لە غەزە بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە. ڕێککەوتنی چوار رۆژە کرا لە نێوان حەماس و ئیسرائیل  بۆئەوەى دیلەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن و هاوکاری مرۆیی بچێتە غەزە. بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، تاوەکو ئێستا حەماس ٥٨ دیلی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل ١٥٠ بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.

هاوڵاتی ئیسرائیل دەڵێت، حەماس 11 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە و حەماسیش دەڵێت، چاوەڕێن ئەمشەو 33 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن. ئەرکی وەرگرتنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس و گەیاندنەوەیان بە سوپای ئیسرائیل، بە خاچی سووری نێودەوڵەتی سپێردراوە. هه‌ر ئه‌مشه‌و حكومه‌تی ئیسرائیل رایگه‌یاند: بزووتنه‌وه‌ی حەماس 11 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە و حەماسیش چاوه‌ڕوانه‌ هه‌رئەمشەو 33 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکرێن. ماڵپەڕی "واینت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو 11 بارمتەیەی لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە ئازادکراون ژن و مێردێک و نۆ منداڵ و ژنی دیکەن. هەروەها بەوتەی به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی حەماس، 33 بەندکراوە فەڵستینییەکەش، 30 کەسیان منداڵن و سیانەکەی دیکەش ژنن. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ماجد بن محه‌مه‌د ئه‌نساری، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: له‌چوارچێوه‌ی نێوه‌ندگیریی به‌رده‌وام له‌نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتن بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی بۆ دوو رۆژی دیكه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌. هاوكات بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌و رایگه‌یاند دوای گفتوگۆكردنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی میسر و قه‌ته‌ر، رێككه‌وتون به‌ هه‌مان مه‌رجه‌كانی ئاگربه‌ستی پێشوو، دوو رۆژی دیكه‌ ئاگربه‌سته‌كه‌ درێژ بكه‌نه‌وه‌. ئەمڕۆ رۆژی چوارەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیلە کە دوو رۆژی دیکەش درێژکرایەوە، تائێستا 39 ئیسرائیلی و 117 فەلەستینی لەلایەن هەردوولاوە ئازادکراون.      

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئاماری هه‌نارده‌ی نه‌وتی بۆ مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2023 بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ش، داهاتی مانگی رابردو زیاتر له‌ نۆ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بوه‌. وه‌زاره‌تی نه‌وت له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، به‌پێی ئاماری كۆتایی كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ مانگی مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2023 گه‌یشته‌ 109 ملیۆن و 454 هه‌زار و 589 به‌رمیل، كۆی گشتی داهاته‌كه‌شی نۆ ملیار و 593 ملیۆن و 634 دۆلار بوه‌. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 108 ملیۆن و 50 هەزار و 360 بەرمیل، هاوکات لە گەیارە ملیۆنێک و 30 هەزار و 501 بەرمیل و هەناردەکراوە، هەروەها 464 هەزار و 728 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن کراوە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە تێکڕا بە 87,577 دۆلار فرۆشراوە. وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكراشیكردوه‌، كۆی به‌رهه‌می هه‌نارده‌كراوی عێراق له‌لایه‌ن 38 كۆمپانیای جیهانیه‌وه‌ كڕدراون، له‌ به‌نده‌ره‌كانی به‌سڕه‌ و خور زوبێر، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی كۆگای مۆدێرنی كه‌ركوك و گه‌یاره‌وه‌ به‌تانكه‌ر فرۆشراوه‌.  

هاوڵاتی  ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) رایگەیاند لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر کەشتی سەربازی (یو ئێس ئێس مەیسین). بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، کەشتی سەربازی (یو ئێس ئێس مەیسیۆن) بۆ یارمەتی کەشتی بازرگانی سەنتراڵ پارک، کە هەوڵی رفاندنی درابوو، چبووە کەنداوی عەدەن. بەرەبەیانی دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی 2023، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ئەم کەشتییە سەربازییە و دوو مووشەکی بالستیکی بەرەو کەشتییەکە هەڵدراوە و سێنتکۆم دەڵێت، مووشەکەکان لە دووری ١٠ میلی کەشتییەکە خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی ماددی و گیانی نەبووە. بە پێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، کەشتی مەیسیۆن، پێش هێرشەکە توانیبووی رێگری بکات لەوەی کەشتی سێنتراڵ پارک لە لایەن  هێرشبەرەکانەوە بڕفێندرێت. بە پێی ئەم راپۆرتە، دوای نزیکبوونەوەی کەشتی ئەمریکایی (یو ئێس ئێس مەیسیۆن) لە کەشتی بازرگانی سێنتراڵ پارک کە ئاڵای لیبریای لەسەر بوو و سەر بە کۆمپانیای زودیاکە، ٥ کەسی هێرشبەری چەکدار هەوڵی هەڵاتنیان دا. بەڵام دەستگیرکراون. سێنتکۆم ئاماژەی بە ناسنامەی چەکدارەکان نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە ئەم ٥ کەسە دەستگیرکراون. بە پێی راگەیاندنی زۆدیاک، هیچ زیانێک بە کەشتی سێنتراڵ پارک کە بارەکەی "ئەسید سۆلفۆریک" بووە نەگەیشتووەو ٢٢ کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوون کە هاوڵاتی وڵاتانی، بولگاریا، تورکیا، جۆرجیا، ڤیەتنام، هیندستان و رووسیا و فیلیپینن، بە تەندروستی تەواوەوە لە کەشتییەکەدا. دەوترێت، کەشتی سێنتراڵ پارک سەر بە کۆمپانیای زودیاکە کە بازرگانی ئیسرائیلی بە ناوی (ئەیال ئۆفێر) خاوەنی ئەو کۆمپانیایە. هەفتەی رابردوو، حووسییەکانی یەمەن، دەستیان بە سەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرت لە دەریای سوور کە دەوترێت سەر بە ئیسرائیلە.

هاوڵاتی  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند 14 بارمتەی تری ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە ئازادکراون و رادەستی رێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی کراون.  سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رێکخراوی خاچی سوورەوە بەدەستیان گەشتووە، 14 بارمتەی ئیسرائیلی و سێ بارمتەی بیانی رادەستی رێکخراوەکە کراون. ئەمە بەشی سێیەمی ئازادکراوەکانی ئیسرائیلە لەلایەن حەماسەوە و لە دوو رۆژی رابردووشدا 26 بارمتەی ئیسرائیلییان ئازادکرد. تا ئێستاش نزیکەی 80 فەڵەستینی ئازادکراون. ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس تەنها دوو رۆژی ماوە و دەبێت تا کۆتایی ئاگربەست حەماس 50 بارمتە ئازاد بکات لەبەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە.    

هاوڵاتی  کەشتییەکی تری ئیسرائیلی لە کەنداوێکی یەمەن دەستی بەسەرداگیرا و هێشتا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.  ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی رایگەیاند کەشتی سێنتراڵ پارک لە کەنداوی عەدەن لە یەمەن دەستی بەسەرداگیراوە کە لەلایەن کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایمەوە بەرێوەدەبرێت. بەپێی زانیاری ئاژانسەکە، کۆمپانیای زۆدیاک ماریتایم لەلایەن ئیال ئۆفەر، ملیاردرێرێکی ئیسرائیلییەوە خاوەندارییەتی دەکرێت. لە راگەیاندراوێکدا کۆمپانیاکە دەڵێت، "کاری لەپیشینەمان سەلامەتی ئەو 22 کارمەندەیە کە لە کەشتییەکەدا بوون و کاپتنەکەی تورکییە و کارمەندەکانی تریش خەڵکی چەند وڵاتێکی ترن، لەوانە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هندی، جۆرجی و هەروەها فلیپینی." ئەو ناوچەیەی تێیدا کەشتییەکە دەستی بەسەرداگیراوە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەندا نییە و لەژیر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەندایە کە لەلایەن سعودییەوە پشتگیری دەکرێت. تا ئیستا هیچ لایەنێک دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.  ئەمە سێیەم کەشتییە لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگی حەماس و ئیسرائیلەوە لە یەمەن دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەفتەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتی گالاکسی لیدەردا گرت و تا ئیستاش کەشتییەکە ئازاد نەکراوە.

هاوڵاتی دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق تۆمەتی بەعیسبوونی درایە پاڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-11-2023 نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ئەویش پەسندی کردووە.  شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی وت: " دوای ئەوەی نەجم جبوری دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشکرد ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن  سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە  دەستلەکارکێشانەوەی قبۆڵ کرا". وتیشی، "  لەشوێنێ نەجم جبوری، عەبدولقادر دەخیل بەشێوەی وەکالەت دەست بەکاردەبێت تا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دواتر،  ئەنجومەنێکی نوێ دەست بەکاردەبن و دواتر پارێزگارێکی تازە لەئەنجۆمەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێت". نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو،بەگوێرەی نامەکەی کە ئاراستەی سوودانی کراوە، جبووری دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەکردنی رێکارەکان بەپێی یاسای دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ "پرسیار و دادپەروەری" بەهۆی دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (23583)ی ساڵی 2023، و بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەرکەکانی پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش دەکەم." هەر لەوبارەوە، ئەحمەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبووری لە پەیجی فەیسبووکی خۆی  وێنەیەکی خۆی و نەجم جبووری داناوە و نووسیویەتی، "رێز لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەت دەگرین." نەجم عەبدوڵڵا ئەلجبوری، لە 28 تشرینی یەکەمی ساڵی 1956، لە ناحیەی گیارەی سەر بەپارێزگای نەینەوا لە دایکبووە، لە خێزانێکی سوننە مەزهەبە و لە هۆزی گەورەی ئەلجبورییە.    

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە دو ملیۆن قوتابی بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێوەی مانگانە پارەیان بۆ دابین دەکرێت. کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ناوی زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی و خوێندکار تۆمارکراوە تاوەکو لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بە شێوەی مانگانە بڕێک پارە وەربگرن. وتیشی، ناوی قوتابییەکان بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پەروەردە و فەرمانگەی تۆماری شایستەکان تۆمار کراوە و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش لە دیاریکردنی خوێندکارەکان هاوکار بوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێداچوونەوە و وردبینی بۆ ناوی خوێندکارەکان کراوە و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی خوێندکاران و قوتابییان بکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بڕێک پارە بە شێوەی مانگانە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە تەرخانکراوە، کە بەخێوکەرەکانیان موچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بڕە پارەکەش بۆ قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی 30 هەزار دینارە، بۆ خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەییش 50 هەزار دینارە.