هاوڵاتی دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. دوێنێ رۆژی شەممە ٣٨ەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە دەستپێکرد و ھەریەکە لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزێل رکابەرییان دەکرد بۆ بوون بە سەرۆکی جەھەپە، کە بە ٨١٢ دەنگی ئەندامانی کۆنگرە لە کۆی ھەزار و ٣٦٦ دەنگ ، ئۆزگور ئۆزێل بە سەرۆکی نوێی جەھەپە ھەڵبژێردرا. ئۆزگور ئۆزێل تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٥وە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەھەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١١شەوە ئەندامی پەرلەمان بووە. کەمال کڵچدارئۆغڵوی تەمەن ٧٤ ساڵ، ١٣ ساڵ سەرۆکی جەھەپە بوو، مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دووچاری شکست ھات، ئەوەش دووچاری رەخنەی گەورەی کردەوە. لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پشتگیرى لێدەکات، بە بەدەستهێنانی 812 دەنگ بە سەرۆکی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرا و لە دەنگدانەکەدا کەماڵ کڵچدار ئوغڵو 536 دەنگی بەدەست هێنا، بەم شێوەیە قۆناغى 13 ساڵەى کڵچدار ئۆغلۆ لەگەڵ جەهەپە کۆتایى هات. بەو پێیە پەرلەمانتاری مانیسا ئۆزگور ئۆزەل بووە هەشتەمین سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری تورکیا. کڵچدار ئۆغلۆ، دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا و سەرۆکایەتى پارتەکەى لە مساڵدا، خۆرى سیاسى بەرەو کوژانەوە دەچێت و بەپێى میدیاکانى تورکیا، پێدەچێت لە سیاسەت دوربکەوێتەوە. جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
هاوڵاتی سەدان خۆپیشاندەر لەبەردەم ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە ئۆرشەلیم-قودس گردبوونەوەتەوە و داوای دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرئیلییەکان دەکەن. خۆپیشاندەران لە بەردەم ماڵی ناتانیاهۆ هوتافی جیاوازیان وتەوە و بەشێکیان هاواریان دەکرد "ناتنیاهۆ بکوژە" و "هەر ئێستا بۆ زیندان." پۆلیسی ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکە نزیک خۆپیشاندەران جێگیر بوون و بەشێکیان رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە. خۆپیشاندەران جگە لە داواکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، داوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانیشیان کرد کە لەلای حەماس دیلن و ژمارەیان سەروو 220 کەسە. تا ئێستا ناتانیاهۆ بەرپرسیارییەتی شکستی هێرشەکەی حەماسی لەئەستۆ نەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئیسرائیل. هاوکات هەر ئەمڕۆ کەناڵی 13ی ئیسرائیلی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە دەردەکەوێت %76ی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن و لەسەدا %64 داوا دەکەن دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. لە بەشێکی راپرسییەکەدا هاتووە کە "کێ بە بەرپرس دەزانیت لە هێرشەکەی حەماسدا" لە 7ی تشرینی یەکەم، %44ی ئیسرائیلییەکان لۆمەی ناتانیاهۆ دەکەن و %33 لۆمەی سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی تری سوپا دەکەن، %5یش وەزیری بەرگری بە بەرپرسیار دەزانن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە 44ەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی کرد خۆیان لە سەردان کردن بۆ ئێران بپارێزن. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لەبەر ئەوەی مەترسی ئەوەیان لەسەرە سەرەڕۆیانە دەستبەسەر بکرێن و بخرێنە زیندانەوە، نابێ بە هیچ هۆکار و بیانوویەک سەردانی ئێران بکەن." لە راگەیاندراوەکە ئاماژە بە بارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان لە 4ی تشرینی دووهەمی 1979 کراوە کە زیاتر لە ساڵێک بارمتەبوون دوای ئەوەی خوێندکارانی زانکۆ لەوکاتەدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دواتریش روداوەکە بە قەیرانی بارمتەکانی ئێران ناسرا لە جیهاندا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە ئەکات کە "بە داخەوە کۆماری ئیسلامی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاوڵاتیانی بیانی و ئەم کارەیان ئێستاش هەر بەردەوامی هەی." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیانی بیانی لە لایەن ئێرانەوە، بە مەبەستی مامەڵەکردن بە ناڕەو ادەەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بارمتەگرت نو دەستبەسەرکردنی "نایاسایی هاوڵاتییە بیانییەکان و هەروەها پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمە هاوشێوەکان وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر بەم چەشنە ئاکارانە." وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی و بیانی لە لایەن حەماسەوەو دەدات و دەڵێ، "ئێمە پشتیوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و گرووپە تیرۆریستییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە خەریکی کردەوەی تیرۆریستی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیانی بیانین بە ناڕەواز دەزانین و خوازیاری نەمانی ئەم جۆرە کردەوانەین." بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوە ئەکەن لە هێرشی 7ی مانگی رابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە 230 کەس بە بارمتە گیراون.
هاوڵاتی تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگێشتکردەوە بەهۆی رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ راگەیاندن ئاگربەست. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، شاکیر ئۆزکان تۆرنلار، باڵیۆزی تورکیای لە تەلئەبیب، بۆ ئەنقەرە بانگێشتکردووەتەوە ئەوەش بەهۆی قبوڵ نەکردنی ئەو بانگەوازانەی ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر خەڵکی مەدەنى ". لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە بانگهێشتکردنەوەى باڵیۆزى تورکیا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستى راوێژکارییە. ئەمە هەنگاوەی تورکیا دوای ئەوەی دێت کە ئەمڕۆ میدیای تورکیا بڵاویکردەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت."
هاوڵاتی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایگەیاند پێویستە بەرپرسانی ئێران پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هەڵبوەشێننەوە و یاسایەک دابنرێت بۆ گۆرانکاری تێیدا. وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەپەیوەند لەگەڵ ئاکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژنان و کچان، داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە پۆلیسی ئەخلاق هەڵوەشێننەوە. لیژنەکە رۆژی هەینی ٣ی تشرینی دووهەمی 2023، دوای تاوتوێی راپۆرتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "دەبێت تاران یاسایەک پەسەند بکات کە پارێزگاری لە ژنان و کچان بکات بەرامبەر هەموو توندوتیژییەک." کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقییەوە لە ساڵی رابردوودا بە بیانووی نەپاراستنی حیجاب، ناڕەزایەتی گەورەی دژ بە حکومەتی لە ئێران لێکەوتەوەو حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هێزێکی زۆری بەکارهێنا و سەرەنجام بە زەبری هێز توانی ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات. لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەو یاسا و سیاسەتەی کە ملکەچ نەبوون بە حیجابی زۆرە ملێ بە تاوان ئەزانێت، پێویستە گۆڕانکاری تیا بکرێت یان هەڵبوەشێتەوە و پۆلیسی ئەخلاقیش نەهێڵدرێت." تا ئێستا نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە جنێف هیچ وەڵامێکی نەبووە بەرامبەر بەم داواکارییەی لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان. دوای مردنی ژینا ئەمینی، پۆلیسی ئەخلاق بۆ ماوەیەک لە شەقامەکان لابردرا، بەڵام لەگەڵ کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام، هێزە سەربازی و پۆلیسییەکان بە شێوەی جیاوازهاتوونەتەوە سەر شەقام و زۆرتوند رووبەڕووی ئەو ژنانە ئەبنەوە کە حیجابی زۆرەملێ ناپارێزن. رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2023، ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی 16 ساڵەی کرماشانی، نیشتەجێی تاران، لە مێترۆ لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە توندووتیژی بەرامبەر کرا. دوای 28 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، رۆژی 28 ی تشرینی یەکەم ماڵئاوایی لە ژیانکرد. رێکخراوەکانی مافی مۆرڤ لە ئێران دەڵێن، ئارمیتا بە هەمانشێوەی ژینا ئەمینی، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، بەڵام حکومەتی ئێران بە شێوەیەک دۆسییەکەی نیشاندا کە هاوشێوەی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لێنەکەوێتەوە.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پچڕاندووە، بەڵام بەردەوامی دەدات بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمڕۆ شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە کە "چیتر ئەو کەسێک نییە بتوانین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەومان فەرامۆش کردووە" بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر پچراندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئسیرائیل وتی، "پچڕاندنی پەیوەندییەکان بە تەواوی گونجاو نییە بەتایبەت لە دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتییدا." ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا، سەرکردایەتی هەوڵی وڵاتەکەی دەکات بۆ نێوەندگیری و راوەستاندنی جەنگ، بەڵام دەشلێت، ناتانیاهۆ بەرپرسایەریەتی سەرەکی لەسەرە سەبارەت بەو توندوتیژییەی ئێتستا لە غەززە دەگوزەرێت بۆیە "پێویستە هەنگاوێک بێتە دواوە و ئەمە رابگرێت." وتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی دەکات لەگەڵ ئەنقەرە بەهۆی گوتاری توندی بەرپرسانی تورکیا بەرامبەر ئیسرائیل لەسەر جەنگ. پێشتریش ئیسرائیل هەموو دیپلۆماتکارەکانی لە تورکیا و وڵاتانی تری نزیک کشاندوە وەک مەترسییەکی ئەمنی. نزیکەی مانگێکە جەنگی حەماس-ئیسرائیل بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار کەس لە غەززە و هەزار 1400 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.
هاوڵاتی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکی کابینەی حکومەتەکەیدا "دەستکەوت"ی زۆری بەدەستهێناوە و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە سەرکەوتوو بووە. محەممەد شیاع سودانی لەمیانی وتارێکدا له كۆنفرانسی باڵیۆزان له بهغدا وتی، "لهم رۆژانهدا حكومهت ساڵێكی تهواوكرد و بەپێی ئەو پلانی کە دامانناوە زۆر دەستکەوتمان بەدەستهێناوە." سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پلانەکان کرد و رایگەیاند، "بهرنامهی حكومهت كه پێنج ئهولهویهتی داناوه كه پهرلهمانی دهنگی لهسهرداوه ئهوانیش بهرهنگاربونهوهی گهندهڵی و كهمكردنهوهی رێژهیی ههژاریی و بێكاری، پێشكهشكردنی خزمهتگوزاری، بهرزكردنهوهی ئاستی بژێوی و چاكسازی كارگێڕی و ئابورییه، كاردهكهین بۆ بههێزكردنی دهستكهوتهكان، لهوانه توانیومانه بهرهنگاربونهوهی گهندهڵی له كرۆكی پهیوهندیهكان دابنێین لهگهڵ وڵاتانی دیكه له پهیوهندیهكانماندا." لەدوای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەساڵی 2021، بۆ ماوەی ساڵێک لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی کابینەی نوێ پێکبهێنن و دواجار بە کۆدەنگی لایەنەکان محەممەد شیاع سودانی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لەجێی مستەفا کازمی هەڵبژێردرا.
هاوڵاتی مدیایەکی فەڵەستینی بڵاویکردەوە ئیسرائیل بە درۆن هێرشیکردووتەسەر ماڵی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، لە غەززە. رادیۆی ئەقسا رایگەیاند درۆنێکی ئیسرائیلی مووشەکێکی ئاراستەی ماڵی ئیسماعیل هەنییە کرووە لە غەززە بەڵام دیار نییە کە خانووەکە ئەندامانی خێزانی ئیسماعیل هەنییەی تێدا بووە یان نا. ئیسماعیل هەنییە لەساڵی 2019ەوە لە غەززە نەماوە و ناوە ناوە لە تورکیا یان قەتەر نیشتەجێ دەبێت. ئیسماعیل هەنییە لە ئایاری 2017ەوە بە سەرکردەی حەماس و سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزوتنەوەکە هەڵبژێردراوە.
هاوڵاتی ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، رۆژێک لە دوای هەڵگیرسانی "تۆفانی ئەقسا" حزبوڵا بەشداریکردنی خۆی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل راگەیاندوە، دەشڵێت هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ژیرانەیە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل. هاوکات گرووپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان و عێراق و سووریا تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە و ئەمریکاش ڕایگەیاندبوو چاوەڕێی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن. حەسەن نەسروڵڵا ئەمنیداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لە غەززە بەدەستنەهێناوە، بە درێژایی مێژو نیشانەکانی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە ئیسرائیلەوە دەمێنێتەوە، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە ئەمریکا تەنها قسەی بەتاڵ و بێ سود دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوەتی بەرپرسیارێتییەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە غەززە دروستبوە لە ئەستۆی ئەمریکادایە، ئیسرائیلش تەنها لایەنی جێبەجێ کارە، بڕیاری راگرتنی ململانێکانیش لە دەستی ئەمریکادایە. ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند ، هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق بڕیارێکی راست و ژیرانەیە، بەوەشدا دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ژنان و منداڵان لە غەززە ئەمریکای لە پشتە وتیشی " ئیسرائیل منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی مەدەنین و ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات." حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە هەبوونی دەستی ئێران لە هێرشەکانی حەماسدا وتی، ""بڕیارەکە هی خودی حەماس بووە و ئێران لەجیاتی هێزە بەرگریکارەکان بڕیار نادات".ئەوەشی ڕونکردەوە، "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس بە مانای سەرکەوتنی ئێران نایەت، بەڵکەو بە مانای سەرکەوتنی گەلی فەڵەستین و بەرژەوەندی نیشتمانی میسر و سوریا و ئەردەن دێت، لە پێش هەموشیانەوە سەرکەوتنی غەززە بە مانای سەرکەوتنی لوبنان دێت." ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە 8ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) حزبوڵای لوبنان بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە کردوە، وەک ئاشکرایە رۆژێک لە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە بۆردومان دەستیان پێکردوە، لە ئێستاشدا پرۆسەی هێرشەکانیان بۆ تەواوی سونری باکوری ئیسرائیل دەستپێکردوە. وتیشی، "لەوانەیە ئەوەی لە سنوری باکوری ئیسرائیل دەیکەین بە شێوەیەکی بەرچاو دەرنەکەوێت، بەڵام بەڵێن دەدەین کە گرنگی خۆی دەبێت و رۆژێک هێرشەکانیان بەرچاو دەگیرێت." ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رەخنە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەگرێت بەوەی لە جەنگەکەدا هەڵوێستی کردارییان نەبووە و دەڵێت، پێویستە ئەو وڵاتانە نەوت و گاز و خۆراک لەسەر ئیسرائیل بگرنەوە. دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، حەسەن نەسروڵڵا گوتی، ئەوان وەکو حیزبووڵڵا دوو رۆژ دوای هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر بە کرداری چوونەتە نێو جەنگەکەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، تا ئێستا نۆ هەزار و 227 کەس بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ژمارەی بریندارەکانیش 23 هەزار کەسی تێپەڕاندوە. ئەشرەف قودرەت وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە فەڵەستینیانەی بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، گەیشتوەتە نۆ هەزار و 227 کەس هاوکات نەخۆشخانەکانی غەززە ناتوانن چاودێری پزیشکی بۆ هەمو بریندارەکان دابینبکەن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە. وهزارهتی تهندروستیی غەززە دەڵێت، له سهرهتای شهڕی غهززه و ئیسرائیلهوه كه له 7ی مانگی رابردوهوه دهستیپێكردوه، 9 ههزار و 227 كهس كوژراون و 23 ههزار و 516ی دیكهش برینداربوون. له ئامارهكهدا هاتووه كه 3 ههزار و 826 له كوژراوهكان منداڵ و 2 ههزار و 405یشیان ژنن. ئەوەشی خستەڕو، هێزەکانی ئیرسائیل لە ماوەی چەند کاتژمێری رابردو 16 هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەنجامداوە، تەنها بەهۆی ئەو هێرشانەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا بون 198 هاوڵاتی کوژراون. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەززە دەشڵێت، "نەخۆشخانەکانمان بریندارەکان وەردەگرن، بەڵام ناتوانین خزمەتگوزاری پێویستی پزیشکیان پێشکەش بکەین، لەبەر ئەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین رێرەوێکی سەلام بۆ بردنە دەرەوەی بریندارەکان دابین بکەن".
هاوڵاتی ئهمڕۆ هەینی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان وتارێک پێشکەش دەکات، کە یەکەمین وتارە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە. لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، حزبوڵای لوبنانی پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی حەماس راگەیاندووە و بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیشی گرتووەتە ئەستۆ کە لە باشوری لوبنانەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل. لە سەروبەندی ئەو وتارەدا، سنوری نێوان ئیسرائیل و لوبنان شایەتی پەرەسەندنێکی بەرچاوه، کە حزبوڵای لوبنان بۆردومانی 19 شوێنی ئیسرائیلی "لە یەککاتدا" راگەیاند و ئیسرائیلیش بە "بۆردومانی بەرفراوان" وەڵامی دایەوە. بڕیاریشە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ یەکەمینجار حەسەن نەسروڵا وتارێک پێشکەش بکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەڕێی تەلەفزیۆنەوە دەگوازرێتەوە، وتارەکەشی بە بۆنەی رێوڕەسمێکە بۆ رێزلێنان لەو ئەندامانەی حزبوڵا کەبەھۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون. بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی فرانس پرێس ، لە سەرەتای هەڵکشانی شهڕهكهوه لوبنانەوە تا ئێستا 70 کەس لە لوبنان کوژراون کە 52 چەکداری هێزه بون، لایخۆیەوە ئیسرائیل کوشتنی هەشت سەرباز و هاوڵاتییەکی مەدەنی راگەیاند. لە دوای شەڕە وێرانکەرەکەیانەوە لە (تەمموز/7)ی 2006، حزبوڵا و ئیسرائیل خۆیان لە چوونە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە بەدور گرتوە.
هاوڵاتی دەزگای پەخشی ئیسیرائیل بڵاویکردەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بیر لەوە دەکاتەوە داواکاری ئەمریکا قبوڵ بکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەست. دەزگای پەخشی ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە ئەو داوایە داوایەکی نهێنییە یان داواکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکایە، کاتێک بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند پێویستە ئاگربەست رابگەیەندرێت. جۆ بایدن لەمیانی وتارێکدا دوای ئەوەی لەلایەن خۆپیشاندەرێکەوە قسەکانی پێ بڕدرا و داوای ئاگربەستی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی لێکرد، وتی کە "پێموایە پێویستمان بە راگرتن هەیە." هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیل بە دەزگای کان نیوزی ئیسرائیلی راگەیاندووە ئەگەری ئاگربەست لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەیە. نزیکەی چوار هەفتەیە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە کە تێیدا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە نۆ هەزار فەڵەستینی کوژراون.
هاوڵاتی رۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردەوە کە ئەمریکا زانیاری هەواڵگری هەیە گروپی ڤاگنەری روسی رەنگە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بداتە حیزبوڵای لوبنانی. رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە ناویان نەهاتووە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی کە گروپی ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای رەوانە بکات، سیستەمی SA-22ە کە مووشەکی دژە فڕۆکە لەخۆدەگرێت بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگی. یەکێک لە بەرپرسەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە واشنتن ئەوەی پشتڕاستنەکردووەتەوە کە سیستەمەکە بۆ حیزبوڵا نێردرابێت، بەڵام چاودێری کۆمەڵێک گفتوگۆ دەکات لەنێوان ڤاگنەر و حیزبوڵا لەسەر بابەتەکە و گەیاندنی ئەو سیستەمە کیشەیەکەی گەورە دروست دەکات. ئەمریکا تا ئێستا دوو کەشتیگەلی فڕۆکە هەڵگری نزیک رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست جێگیر کردووە کە توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگییان هەیە، ئەمەش وەک پەیامێک بۆ رێگریگرتن لە حیزبوڵا تا خۆی پەلکێشی شەڕی حەماس-ئیسرائیل نەکات و بەرەیەکی تری جەنگ نەکاتەوە. گروپی ڤاگنەر لە سوریا سەربازییان هەیە و چەکدارانی حیزبوڵاش لە هەمان وڵات بوونیان هەیە. ئەو سیستەمە رووسیەی کە ڤاگنەر دەیەوێت بۆ حیزبوڵای بنێرێت پێشی دەوترێت سیستەمی پانتسیر کە ساڵی 1990 دیزان کراوە و 2008 بەرهەمهێنراوە، تا ئێستاش زیاتر لە 200 دانەی لێ دروستکراوە. سیستەمەکە هەڵگری مووشەکی مامناوەند مەودا و دژە فڕۆکەی جەنگییە و لەماوەی خولکێکدا دەتوانێت مووشەک ئاراستەی 10 ئامانج بکات. تێچووی هەر دانەیەک 13 بۆ 15 ملیۆن دۆلارە.
هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای عێراقی رایگەیاند، سێیەمین خولی کۆنفرانسی بەغدا، دەربارەی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی جەنگی ئیسرائیل- حەماسەوە لە غەزە لە ئێستادا بەڕێوەناچێت و کەوتووەتە کاتێکی تر. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆنفرانسی 2023ی بەغداد بۆ سەقامگیری ئابووری و ئارامی ناوچەکە بە هۆی رووداوەکانی ناوچەکەو ەو بەتایبەت ئەو جەنگی حەماس-ئیسرائیلەوە، لە ئێستادا بەڕێوە ناچێت و کەوتۆتە کاتێکی تر. ئەو کۆنفرانسە کە دوو خولی پێشتر لەلایەن فەرەنسا و عێراقەوە رێکخرابوو، بڕیاربوو کۆتاییەکانی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی ئێمانیۆل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا و نوێنەری وڵاتانی ناوچەکە ، لەوانە ئێران، لە بەغداد بەڕێوەبچێت. راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا هەموو هەوڵی عێراق ئەوەیە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بێت و یارمەتی خەڵکی فەلەستین بدات. باس لەوە ئەکرێت ئەم کۆنفرانسە لە سەر داوای ئێران راگیراوە، بەڵام فەرهاد عەلائەدین، ئاماژەی بەوەنەداوە لە سەر داوای چ وڵاتێک کۆنفرانسەکە راگیراوە. بۆ یەکەمجار کۆنفرانسی بەغدا لە ئابی 2021 و دووەم جاریش لە مانگی 12ی 2022 لە ئوردن بەڕێوەچوو. لە هەردوو کۆنفرانسەکەدا، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری کردووە. لەکۆنفرانسی پێشتردا، فەرەنسا و چەند وڵاتی ناوچەکە بە ناڕاستەوخۆ داوایان لە حکومەتی عێراق کردبوو سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئێران. لە هەفتەکانی رابردوودا، هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە لایەن ئەو هێزە سەربازیی و میلیشیانەوە کە سەر بە ئێرانن زیاتر بووە.
راپۆرتی: ئەی بی سی نیوز وەرگێڕانی: هاوڵاتی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەغەززە وا لێکدەدرێتەوە کە سیناریۆیەکە باجێکی گەورەی لێبکەوێتەوە بۆ ئیسرائیل. وا چاوەڕواندەکرێت شەڕەکە پەرەبستێنێت و زۆر بخایەنێت، ئەمەش وادەکات بۆ هەردوولا وێرانکەر بێت و قوربانییەکی گەورەی سڤیلی لێبکەوێتەوە. «هیچ بژاردەیەکی باش نییە بۆ هێرشی زەمینی لەغەززە، زۆر خوێناوی و وێرانکەر» دەبێت، رافایل کۆهین، بەرپرسی پرۆژەی هێزی ئاسمانی لەناوەندی توێژینەوەی راند وای وت. ئیسرائیل یەکێک لەپێشکەوتووترین سوپای هەیە لەڕووی تەکنەلۆجییاوە لەجیهاندا. چەندین ساڵە پارەی زەبەلاح سەرف دەکات بۆ بەرەوپیشچوونی تواناکانی بەرگری و دەتوانێت دەستی رابگات بەباشترین سیستەمەکانی چەکی ئەمریکا. واشنتنیش ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار لەهاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل خەرج دەکات. بەبەراورد لەگەڵ ئەمەدا، چەکدارانی حەماس پڕچەکن و چەک و هاوکاری تەکنەلۆجییان لەئێرانەوە پێدەگات. «بەڵام چەکەکانی حەماس سەرەتایین»، مارکۆس هێڵیەر، بەرپرسی توێژینەوە لەناوەندی شیکردنەوەی ستراتیجی ئوستورالیا وادەڵێت. بەڵام لەکاتێکدا ئیسرائیل تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، هەزارەها تانک و فڕۆکەی زیرەکی هەیە، شەڕی ناو شار (کۆڵان بەکۆڵان) بەتەواوی دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت. «حەماس ئیسرائیل ناچار دەکات بەو شێوەیە شەڕ بکات کەبزوتنەوەکە دەیەوێت» تائێستا، ئێمە بینیومانە کە حەماس رێگایەکی ناڕێک و نائاسایی بۆ جەنگ هەڵبژاردووە. چاودێران پێیانوایە لەناو غەززەدا خۆگونجاندن رۆڵێکی گەورە دەبینێت و شەڕەکە دەکەوێتەوە سەر شەڕی «خوێناوی» لەنیوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل. بەراوردکردنی ژمارەکان تائێستا ئیسرائیل راینەگەیاندووە چەند سەرباز بەشداری دەکەن لەئۆپەراسیۆنی زەمینیدا بەڵام دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپا، باسی لەوە کرد «وردە وردە چالاکییە زەمینییەکان و قەبارەی هێزەکانمان لەکەرتی غەززە فراوان دەکەین». پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە، سوپای ئیسرائیل ٣٦٠ هەزار سەربازی یەدەگی بانگکردووە بۆ خزمەت لەسەروو ١٧٠ هەزار سەربازی چالاک کەهەیەتی. بەبەراورد لەگەڵ هێزی روسیا کاتێک ڤلادمیر پوتین ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیای راگەیاند، ١٠٠ هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیر کرد. لەسەر سەربازانی حەماسیش، ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ٣٠ هەزار چەکداری هەیە. زۆربەی جار ئەم چەکدارانە لەئۆتۆمبێلی سەربازی و ماتۆرسکیلدان بەچەکی بچووک و رەشاشەوە. ئیسرائیل ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی پڕچەک کردووەو نزیکەی هەزارو ٧٠٠ تانکی ئامادەیە تا پاڵپشتی لەهەر شەڕێکی کۆڵان بەکۆڵان بکەن. بەڵام لەشارێکی دانیشتوان چڕی وەک غەززەدا کەتێیدا هەڕەشەکاکان قورسترە هەستیان پێبکرێت، رەنگە قەبارەو گەورەییەتی زۆر گرنگ نەبێت. «یەکێک لەو شتانەی کە دەیبینین لەشەڕی ناو شاردا ئەوەیە بەرگریکارەکان دەتوانن لەناو داروپەردوودا بەردەوامی بەشەڕ بدەن، ئەگەر سەیری هەر شەڕێکی کۆڵان بەکۆڵان بکەیت، دەبینیت کە بەرگریکاران دەتوانن ماوەیەکی زۆر خۆیان رابگرن و گورزی کوشندە بدەن لەبەرامبەر»، هەێڵیەر وای وت. تانک بەرامبەر درۆن سوپای ئیسرائیل بە «مامۆستای شەڕی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش» ناسراوە. تانکئ مێرکەڤا بڕبڕەی پشتی سوپای ئیسرائیلەو بەیەکێک لەباشترین تانکی جیهان دادەنریت. تانکی مێرکەڤا بەتانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بەراورد دەکرێت کەدوای شەڕی ئۆکرانیا خواستی زۆر لەسەرە. بەڵام تانک بۆ کاتێک باشە کە لەدووری چەند کیلۆمەترێکەوە لەئامانجەکەی بدات و کاتێک دەیانبەیتە شارێکەوە، هەموو خاسیەتێکی دەکوێتە ژیر مەترسییەوە، بەتایبەت لەلایەن درۆنەوە. «بەزوویی ئەوە دەبینین کە لەئۆکرانیا بینیمان، ئەوەش ئەوەیە کە حەماس درۆنەکانی پڕچەک دەکات، بەئاسانی دەتوانێ گوللە تۆپێک بکەیت بەدرۆنێکەوەو درۆنەکە بۆ سەر تانکەکە بفڕێت و بۆی هەڵبدات». پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دەڵێت کەچەند ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە درۆنێکی بەچەکەوە تانكێکی مێرکەڤای ئیسرائیل تێکدەشکێنێت. شیکەرەوان دەڵین، بەئەگەرێکی زۆرەوە حەماس ژمارەیەکی زۆری درۆنی لەکۆگاکانیدا هەیە کەخۆی پەرەیان پێدەداو هاوکاریشی لەئێرانەوە پێدەگات بۆ بەرەوپێشچوونیان. لەڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە حەماس لەهێرشەکەی ٧ی مانگی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، بزوتنەوەکە درۆنێکی گەورەتریشی هەیە کەهاوشێوەی ئەو درۆنە ئێرانیانەیە لەلایەن هێزەکانی روسیاوە لەشەڕی ئۆکرنیادا بەکارهاتووە. وەک یەکێک لەپێشەنگەکانی جیهان لەبەرکاهێنانی و بەرهەمهێنانی درۆن، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆری درۆنی هەیە، هەم بۆ چاودێری و هەم بۆ شەڕ. ئیسرائیل تەکنەلۆجیای وردی دژە درۆنیشی هەیە بەڵام ژینگەی شار وادەکات کە بەکارهێنایان قورس بێت. جیاوازیی مووشەک لەململانێکانی رابردوودا حەماس بەموشەک و گولەتۆپ و مووشەکی دژەتانک بەرگری لەغەززە کردووە. لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو حەماس رایگەیاند، گوللەتۆپی دژی هێزەکانی ئیسرائیل تەقاندووەو بەمووشەکی دژە تانک لەتانکەکانی ئیسرائیلی داوە. بەخەمڵاندنی هەواڵگری ئیسرائیل، کۆی ژمارەی ئەو موشەکانەی لەغەززە هەیە ژمارەیان ٣٠ هەزار موشەکە کە هەندێکیان دەتوانن ٢٥٠ کیلۆمەتر ببڕن. هەرچەندە ئێران و سوریا بەقاچاغ چەندین مووشەکیان رەوانەی غەززە کردووە لەماوەی رابردوودا، بەڵام بەشێکی زۆریشی وادەردەکەوێت کە لەناوخۆدا بەرهەمهێندراوە. عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حەماس لەدەرەوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی وتی کە حەماس ماوەی دوو ساڵ ئامادەکاری کردووە. «ئێمە کارگەی ناوخۆمان بۆ هەموو شتێک هەیە، مووشەکمان هەیە کەمەوداکانیان ٢٥٠، ١٦٠، ٨٠، ٤٥، ١٠ کیلۆمەترە، کارگەشمان هەیە بۆ گوللە تۆپ و قاوەنەکانیان لەگەڵ کارگە بۆ دروستکردنی کڵاشینکۆف و فیشەک»، عەلی بەرەکە وای وت. حەماس بەوەش ناسراوە کەمووشەکی دژە تانکی دوور مەودا بەکاردەهێنێت، بەوانەشەوە کەهی سەردەمی سۆڤیەتین وەک دژو تانی مالیوتکاس و کۆنکروس. لە رۆژی هێرشەکەدا لە ٧ی تشرینی یەکەم، حەماس وتی کە لەماوەی ٢٠ خولەکدا پێنج هەزار مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە، کە ئەمەش لەسەرجەم ژمارەی ئەو مووشەکانە زیاترە کەگروپەکە لەساڵی ٢٠٢١ لە ١١ رۆژی شەڕدا هەڵیدا. هەرچەندە بەشیکی زۆریان بەرپەرچدرانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیان زۆر بوو سیستەمی بەرگری گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل بەرگەی نەگرت و بەشێکیان سیستەمەکەیان تێپەڕاند. ئەگەر حزبوڵای لوبنان بێتە ناو شەڕەکەوە ئەوا ئیسرائیل رووبەڕووی بۆردومانێکی فراوانتر دەبێتەوە لەگەڵ مووشەکی زیرەکتر. وا دەخەمڵێندرێت کە حزبوڵا ١٠٠ هەزار مووشەکی لەجۆرە جیاوازەکان هەبێت. تونێلەکانو «قەڵغانی مرۆیی» لەلایەنی هێزی ئاسمانییەوە، سوپای ئیسرائیل ٣٠٠ فڕۆکەی جەنگی هەیە. پێش ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، «ئاگر بەسەر حەماسدا دەبارێنین». سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەش دەکات کەفڕۆکە جەنگییەکانی چەندین ناوەندی فەرمانی حەماسیان لەغەززە پێکاوە. ئێستا بۆ ئەوەی بگەن بە چەکدارەکانی حەماس، سەربازی ئیسرائیل دەبێت دەرگا بەدەرگا بڕۆن. حەماس نزیکەی ١٥ ساڵی پێچووە تا تۆڕێکی تونێل درستبکات لەژێر شاری غەززەوە، کە سەربازانی ئیسرائیل پێی دەڵێن، «میترۆی غەززە». بەپێی قسەی شارەزایان، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت حەماس لەناوبەرێت ئەوا دەبێت لەناوی تونێلەکانی خۆیاندا ئەو کارە بکات. حەماس ئەمە دەزانێت و رەنگە تونێلەکانی مینڕێژ بکات. ئیسرائیل چەند بۆمبێکی GBU-28ی هەیە کە سوودیان هەیە بۆ تێکشکانی تونێلەکانی حەماس. ئەو بۆمبانە بۆ ئەوە دروستکراون کە ئەو ئامانجانە بپێکن کەزۆر لەژیر زەویدان و لەلایەن ئەمریکاەوە لەئۆپەراسیۆنەکاندا بەکارهێنراوە دژی قاعیدە لەئەفغانستان. «پیدەچێت حەماس بارمتەکان بەسەر تونێلەکاندا دابەشبکات و لەشوێنی ستراتیجی گرنگ دایانبنێت و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت»، هێڵیەر وای وت. دۆخەکە بەرەو چی دەچێت؟ تائێستا نزیکەی نۆ هەزار خەڵکی غەززە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بۆردومانی چڕی ئیسرائیلەوە کە دوای هێرشەکەی حەماس ئەنجامیدا لە ٧ی مانگی رابردوو. ئیسرائیل دەڵێت هەزارو ٤٠٠ کەس کەزۆربەیان هاووڵاتین لەهێرشەکەی حەماسدا کوژراون و زیاتر لە ٢٢٠ بارمتەش گیراون. بەناردنی سەرباز بۆ غەززە ناتەنیاهۆ پێیوایە ئیسرائیل دەتوانێت «حەماس ریشەکێش بکات و بارمتەکانیش بگەڕێنێتەوە ئیسرائیل. بەڵام ریشەکێشکردنی حەماس ئەگەرێکی لاوازەو رەنگە قوربانی زۆری مەدەنی و سەربازی ئیسرائیل زیاتر ئاگری ئەو رەخنانە خۆش بکات کەئێستا ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکە دەکرێن. «باجی سەرکەوتن بەسەر حەماسدا زۆر گەورە دەبێت، هیچ بژاردەیەکی باش بۆ ئیسرائیل نییە جگە لەدەربڕینی توڕەیی»، هێڵیەر وات وت. ئیسرائیل بۆمبی هێشوویی هەیە کەزیانێکی زۆر بەمەدەنی دەگەیەنێت و تۆمەتبار کراوە بەوەی کەئەو بۆمبە، کەپێشی دەوترێت بۆمبی فسفۆڕی سپی، بەکارهێنابێت لەغەززە. ئەو بۆمبە لەزۆر وڵات قەدەغەیە و بەکارهێنانی دژی مەدەنی بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە کە بەپێی قسەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، «سووتانی ئازاربەخش و ئازاری درێژخایەن» دروستدەکات. ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە کەئەو بۆمبەی بەکارهێنابێت و دەڵێت ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن «هەڵەن». هێڵیەر دەڵێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی چی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەکاردێت، لەناوچەیەکی بچووک کە جێی دانیشتوانی زیاترە لە دوو ملیۆن، «حەتمەن قوربانی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە».
