هاوڵاتی تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدە*پە) رایگەیاند، پێویستە هۆکاری راستەقینەی کشانەوە و گەڕانەوەی پارتی باش بۆ نێو هاوپەیمانی گەل ئاشکرا بکرێت. دوای ساڵێک لە دانوستان، دواجار دوێنێ ٦ی ئازار هاوپەیمانی گەل کە لە شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێک دێت، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهە*پە) بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری کرد. رۆژی هەینی رابردوو، مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی (پارتی باش)  پارتەکەی لە هاوپەیمانێتیەکە کشاندەوە و رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ کاندیدکردنی کلچدارئۆغلۆدا نین، بەڵام ئێوارەی دوێنێ و بەر لە کۆبونەوەی لایەنەکانی هاوپەیمانی گەل گەڕایەوە نێو هاوپەیمانێتیەکە. لەمبارەیەوە تیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کشانەو و گەڕانەوەی پارتی باش بۆ نێو هاوپەیمانی گەل، گۆمانی لەسەر دیموکراسی لایەنەکان دروست کردووە و وتی، " هێزە تاریکەکان کە لەدژی ئیرادەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتین، دەیانەوێت دەست بەسەر دیموکراسی گەلدا بگرن و گەمارۆی بدەن." تەمەل دەشڵێت، دوای کاتژمێرێک لە کشانەوەی ئاکشەنەر، پارتەکەی بێواتە بوو و عەقڵیەتێکی بەم شێوەیە وڵات بەرەو دۆخێکی خراپ دەبات و دۆمان دروست دەکات. ئێمە لێرەوە دەڵێین، چارەسەری و گۆڕانکاری بە گۆڕانکاری رادیکالانە و دیموکرات یان سیاسەتی رێگەی سێیەم دەبێت و وتی، " ئێمە ناومان بەلاوە گرنگ نییەم بەڵکو رەگەزەکانمان بەلاوە گرنگە. ئەو شتانەی لەسەر مێزەکە قسەیان لەسەر کراوە دوای هاتنەوەی ئاکشەنەر، بۆ گەل ئاشكرا نەکراوە. پێویستە بزانرێت کە بەبێ هەدەپە چارەسەری دروست نابێت. ئەوە هەدەپەیە کە چارەنووس دیاری دەکات."  

ناوەندێکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران تەنها بۆ بەرزکردنەوەی بەهای تمەن بەڵێنی داوە پابەندی بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی بێت. ناوەندی بەرگریی لە دیموکراسی (FDD) ئەمریکا رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر سزا و سەرکۆنەکردنی زیاتری ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی، بەڵێنی هاوکاریی بەو ئاژانسە داوە بەڵام لە کرداردا ئەو وڵاتە هەنگاوی راستەقینە نانێت بۆ چاودێریی نێودەوڵەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ناوەندەکە رونی کردوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئێران بۆ پێشوازیی لە رافایل گروسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی، رێگریی بوە لە دابەزینی زیاتری بەهای تمەن چونکە رێککەوتنی ئەتۆمیی زیاترین کاریگەریی لەسەر ئەو دراوە هەیە. ئاماژە بەوە کراوە ئێران بە هەنگاوی ناڕاست دەیەوێت وا پیشان بدات کە هاوکاریی ئاژانس دەکات بەڵام لە راستیدا ئەو وڵاتە ساڵانێکە فێل لە ئاژانسەکە و جیهان دەکات. ناوەندی بەرگریی لە دیموکراسی داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردوە کە راستیی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئانشکرا بکات و ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی ناچار بکات دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بکاتەوە بە مەبەستی سزادانی وڵاتەکە. بڵاوبونەوەی سەرنجەکانی (FDD) دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دوشەممە بەهای یەک دۆلار دوای 13 رۆژ بۆ کەمتر لە 50 هەزار تمەن دابەزی چونکە بە وتەی بەرپرسانی ئێران ئامادەکاریی پێویستیان کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان ئەتۆمییەکان.

دژی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار، خۆپیشاندانی بەرفراون لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردەوە و لە شاری سنە پۆلیس غازی فرمێسکڕێژی دژی مامۆستایان و خۆپیشاندەران بەکارهێنا و ژمارەیەک مامۆستا دەستگیرکران. ئەمڕۆ لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ناڕەزایەتییە بەرامبەر دیاردەی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لەو شارە و ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو و خۆپیشاندەران بە رێپێوان چونە بەردەم پەروەردەی شاری سنە و دروشمی دروشمی ژن ژیان ئازادی وترایەوە. هاوکات لەگەڵ سنە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان و ورمێ گردبونەوە و ناڕەزایەتیی مامۆستایان و دایک و باوکی خوێندکارانی کچ بەڕێوەچو و لە کەرەج و ئەهواز و چەند شارێکی دیکەی ئێران خۆپیشاندەران دژی ژەهراویکردنی کچان چونە بەردەدەم بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەدەی ئەو شارانە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و لە سنە و کرماشان ژمارەیەک مامۆستا دەستگیر کراون. لە ماوەی رابردودا دەیان کچی خوێندکار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژەهراویی بون و ژمارەیەکیان رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون بەڵام تا ئێستا حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان راستیی و هۆکاری ئەو روداوانەیان بەخەڵک و کەسوکاری خوێندکاران رانەگەیاندوە. ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ زیاتر لە 17 پارێزگای ئێرانی گرتوەتەوە و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە دوای 100 رۆژ لە دوبارەبونەوەی روداوەکان داوای بەدواداچونیان کردوە.  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران یاسای بودجە پەسەند دەكات و ڕەوانەی پەرلەمانی دەكات . موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند" پێشبینی دەكەین ئەنجومەنی وەزیران لەدانیشتنی ئەمرۆیدا تاوتوێی یاسای بودجە بكات و پەسەندی بكات و ڕەوانەی پەرلەمانی بكات." وتیشی، بودجە پێشتر زیاتر لە (200) تریلیۆن دینار بوو, لەئێستادا بۆ (196)تریلیۆن كەمكراوەتەوە. ئەوەشی ڕونکردەوە ڕێژەی كورتهێنان دەگاتە نزیكەی (60)تریلیۆن دینار, لیژنەی دارایی بۆچونی وایە بودجە بۆ (170) تریلیۆن دینار كەمبكرێتەوە, كە (90) تریلیۆنی بۆ لایەنی بەكاربردن دەڕوات,(80) تریلیۆنیش بۆ لایەنی وەبەرهێنان تەرخانبكرێت كە بڕە پارەیەكی زۆرە, وێڕای ئەوەی (9) تریلیۆن لەپارەی پشتیوانی بەپەلەی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان ماوەتەوە, كە تەرخانكرابوو بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان. هاوکات لای خۆیەوە, ئیخلاس دلێمی پەرلەمانی پارتی و جێگری دووەمی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئاشكرایكرد: دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی بودجە كۆتایهاتووەو پشكی هەرێم بە (12.67%) دەمێنێتەوە لەیاساكەدا, بەو مەرجەی لەمساڵدا یاسای ئامار جێبەجێبكرێت. وتیشی: ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری لەپشكی هەرێمدا دەكرێت, لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییەی ئەنجامدەدرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە بەغدا وھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بەسەر کردەوە ورایگەیاند کە بەرەوە عێراقێکی ئاسایش، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی ھەنگاو دەنێن. وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای بەسەرکردنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەوە عێراقێکی ئاسایش، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی ھەنگاو دەنێن و لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاندووە "ئامانج لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر پتەوترکردنی ھاوبەشی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق". وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە و بە دووقۆڵی ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن هاوکات بڕیارە سەردانی ھەولێر بکات و لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو کە ڵۆید ئۆستن گەیشتێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات کە لە میانیدا دڵنیایی ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات کە واشنتۆن رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. لەئێستادا، دوو ھەزار سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.

هاوڵاتی باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 نەخراوەتە ناو خشتەی دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، تا کۆتایی ئەم مانگەش پەسەند دەکرێت و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت. باسم عەوادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 نەخراوەتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵکو ئامادەکاریەکان بەردەوامن بۆ ئامادەکردنی تەواوەتی ڕەشنوسەکە و تا کۆتایی ئەم مانگە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، بودجەی ئەمساڵ، بۆ یەکەمجار بۆ جێبەجێکردنی پرۆگرامی حکومی تەرخاندەکرێت، چ خزمەتگوزاری بێت یان کەرتی تایبەت، هەمو ئەوانەی کە بەرنامەی وزاری حکومەتدا بەڵێنیان لەسەر دراوە، بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخاندەکرێت.  هاوکات پێشتر موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  دوشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنوسی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023 پەسەند دەکات و هەفتەی داهاتوش رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ناردنی پشکی هەرێمیش چەند مەرجێک لەناو رەشنوسەکەدا جێگیرکراون.

هاوڵاتی سەرچاوە ئەمنیەکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، تیرۆریستانی داعش جموجوڵەکانیان لە دەوری زیندانی سەناعەی حەسەکە کە بە هەزارن تیرۆریستی داعش تێدایە چڕ کردووەتەوە و رێوشوێنی توندی ئەمنی لە ناوەندی حەسەکە گیراوەتەبەر. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، زانیاری هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە ئاماژە بە جموجوڵی شانەیەکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن لە دەوروبەری زیندانی سناعەی حەسەکە. ئاژانسەکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بەشێکی ئەو رێگایەیان داخستووە کە بە تەنیشت زیندانەکەوە دەڕوات و دۆخەکە لە ئێستادا لە ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکەدا سەقامگیرە، بەڵام دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە کە ژنانی داعش لەنێو کەمپی هۆڵ ئامادەکاریان بۆ یاخیبوون کردووە و بۆیەش لە کەمپەکە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر. ٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، زیندانی سناعەی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هێرشێکی چەکداری گەورەی تیرۆریستانی داعش بووەوە کە نزیکەی چوار هەزار زیندانی داعش تێیدا رادەگیرێن. هەسەدە دوای شەش رۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزی رایگەیاند کە زیندانەکە و ناوەندی حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕی شەش رۆژی نێوان شەڕڤانان و تیرۆریستانی داعشدا، ٩٨ شەڕڤانی هەسەدە و ئەندامی ئاسایش شەهید بوون و ٢٦٨ تیرۆریستی داعش لەناو و دەرەوەی زیندانەکە کوژران.

هاوڵاتی ئاژانسی فەرمیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەخانەی شاری حەلەبیان بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکارکەوت. ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) رۆژی سێشەممە، 7-3-2022، رایگەیاند: ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە ئاراستەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە ڕۆژئاوای لاتقیە ئەنجام دا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج" و زیانێکی ماددی زۆری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە. لە ساڵی رابردووەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا چڕ بوونەتەوە، کە ئامانجیەتی "رێگری لە ئێران بکات لەوەی لەڕێگەی ئەو فڕۆکەخانانەوە چەک و هاوکاری بە هاوپەیمانەکانی لە سووریا و لوبنان بگەیەنێت". تائێستا زانیاری لەبارەی زیانە مرۆییەکانەوە نییە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش هیچ روونکردنەوەیەکیان لە بارەی هێرشەکە نەداوە. نزیکەی 10 ساڵە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر سووریا بە دیاریکراویش دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری و شوێنی گردبوونەوەی میلیشیای چەکداری، کۆگای چەک و توونێل و رێگەی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی، دەکاتە ئامانج وبەدەگمەن ئیسرائیل ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام بەردەوام لەڕێگەی بەرپرسە باڵاکانییەوە ئەو جۆرە هێرشانە بە رێگری لە ئێران بۆ زیادکردنی هەژموونی سەربازی لە سووریا وەسف دەکات.    

هاوڵاتی دوای کۆبونەوەیەکی پێنج کاتژمێری نێوان لایەنەکانی بەشداری لە هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە، وەک کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانێتیەکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاریکرا. ئەمڕۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا، ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی ئایندە، تەمەل کارامولائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت، گولتەکین ئویسال سەرۆکی پارتی دیموکرات و مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی (پارتی باش)، لە ماڵی سەرۆکی پارتی سەعادەت لە کاتژمێر چواری ئێوارەوە کۆبونەوە. کۆبونەوەکە پێنج کاتژمێر بەردەوام بوو و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وەک کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن دیاریکرا.

هاوڵاتی مەسیحیەکان لە پەرلەمانی عێراق تانە لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان دەگرن ودەڵێن " نادیموکراسیە" ئەندامانی حیزبی کریستیانەکان  لە پەرلەمانی بەغدا تانەیان لە بڕیاری قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان گرت ودەڵێن بڕیارەکە " نادیموکراسییە" ئەندامانی حیزبی بابیلۆن کە پێنج کورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە  تانەیان لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق گرت وبە نا دیموکراسی ناویان برد، هاوکات سکاڵاشیان لەسەر یاساکە کردووە و دەڵێن بڕیارەکە مافی کەمینەکان " پێشێل دەکات" و ئازادی سنوردار دەکات، هەروەها دەشڵێن  ئەو بڕیارە "نادەستوریە". ئەندامانی حیزبە سیاسیە کریستیانەکان هەوڵدەدەن ئەو یاسایە هەڵبوەشێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە مانگی ڕابردوو بڕیارەکە بەفەرمی دەرکرا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سەرەڕای دژایەتیکردنی لەلایەن ئەندامانی دیکەی پەرلەمانەوە، هەروەها ڕۆژی شەممە بەفەرمی فەرمان بە گومرگەکان کرا بۆ قەدەغەکردنی هاودەرکردنی خواردنەە کحولییەکان. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستا نازانرێت تاچەند ئەو بڕیارە بە وردی جیبەجێ دەکرێت، هاوکات ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کودستانی لێکەوتەوە، سەرماد عەباس  بریکاری خانووبەرەیە و کارەکەی  لە بەغدای پایتەختی عێراق بووە، بە ئاژانسی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، قەدەغەکردنەکە تەنها دەبێتە هۆکاری گەرمکردنی بازاڕی ڕەش بۆ خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها سەرمەد عەباس وتیشی،  مامۆستا و فێرکارە موسڵمانەکان خواردنەوەی کحولی قەدەغە دەکەن"بەڵام ئەمانە ئازادییەكی كەسین كە ناتوانن  لە هاوڵاتیانی قەدەغە بكەن". پڕۆژە یاساکە لەلایەن مەحمود ئەلحەسەنەوە پێشنیار کراوە لەسەرەتادا کە ئەوکاتە دادوەر ویاسادانەر بووە، یاساکە  لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچووە، کە بەپێی یاساکە غەرامەکردن تا ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت لە ئەگەری سەرپێچیکردندا. مەحمود ئەلحەسەن لەبارەی یاساکەوە وتویەتی یاساکە دەستوریە وبەپێی ماددەی دووەمی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ی عێراقە کە ئەوەش دەگونجێت لەگەڵ یاساکەدا کە دەڵێت هەرشتێک دژی یاسای ئیسلام بێت قەدەغەیە.  

ئەمڕۆ بەهای دۆلاری گەیشتە نزمترین ئاستی 13 رۆژی رابردوی لە ئێران و بەهای هەر دۆلارێک بۆ کەمتر لە 50 هەزار تمەن دابەزی. ئەمڕۆ دوشەممە کاتژمێر (5:30) ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 49 هەزار و 450 تەمەن و ئەوەش نزمترین بەهایە کە ئەو دراوە لە ماوەی 13 رۆژدا تۆماری کردبێت. دۆلار لە ماوەی هەشت رۆژدا 10 هەزار تمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن بەهای راستەقینەی یەک دۆلار لە ئێران 41 هەزار تمەنە. دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار لە ئێران گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەم درا. لە ئیستادا کە بەهای یەک دۆلار بۆ 49 هەزار دابەزیوە ئەو بەهایە بە کەمترین بەهای دۆلار لە 13 رۆژی رابردودا ئەژمار دەکرێت. لەگەڵ سەردانی رافایل گروسی، بەرێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بۆ تاران و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە بریارە هەوڵەکان بۆ چاودێریی ویستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێبکاتەوە و بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵانە کاریگەریی لە بەرزی و نزمیی بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن هەیە. بڵاوبونەوەی هەر هەواڵێکی ئەرێنی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرز دەکاتەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندوە ئامادەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بکەن.

هاوڵاتی بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار دابەزى، لە کاتێکدا بانکى ناوەندى زیاتر لە 172 ملیۆن دۆلارى خستە بازاڕەوە، کە نزیکەى 50 ملیۆن دۆلارى لە رۆژى پێشوو زیاتر بوو. ماڵپەڕی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ، ١٧٢ ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلار خراوەتە بازاڕەوە ،راشیگەیاندووە لەو ١٧٢ ملیۆن و ٨٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلارەی کە ئەمڕۆ خراوەتە بازاڕەوە، ١١٠ ملیۆن و ٧٢١ ھەزار و ٥٨١ دۆلاری بۆ حەواڵکردن بووە ٦٢ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار دۆلاریش بۆ فرۆشتنی کاش بووە. بەراورد بە رۆژى یەکشەممە، بانکى ناوەندى 49 ملیۆن و 998 هەزار دۆلارى زیاتری خستە بازاڕەوە وئەو بڕە  بەراورد بەدوێنێ یەکشەممە بەڕێژەی لەسەدا ٣٧ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. ئەو گۆڕانکارییە لە بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار هاوکاتە لەگەڵ رێوشوێنێکى دیکەى بانکى ناوەندى بە زیادکردنى بڕى 25%ى پشکى دۆلارى کۆمپانیاکانى فرۆشتنى دراو، کە لە 5ى ئادارەوە کەوتە وارى جێبەجێکردن و بڕەکەى هەفتانە کرایە 200 ملیۆن دۆلار لەبرى 150 ملیۆن دۆلار، کە پێشتر پشکى هەفتانەى ئەو کۆمپانیایانە بوو، کە لە بانکى ناوەندى بە نرخى 131 هەزار دینار پێیان دەفرۆشرا. بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و 320 دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و 557 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت

پەرلەمانی ئێران بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی موچە لە وڵاتەکە و لانیکەمی موچە دەگاتە 155 دۆلار لە مانگێکدا. میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە دانیشتینی ئەمرۆ یەکشەممەی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی تایبەت بە بودجە بڕیاردراوە بە زیادکردنی موچە بە رێژەی 20% و لانیکەمی موچە لە وڵاتەکەشدا بە حەوت ملیۆن و 920 هەزار تمەن دیاریی کراوە. هەر بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی ساڵی داهاتوی ئێران کە دوای نەورۆزی ئەمساڵ دەست پێدەکات موچەی ئەو کەسانەی کە هاوکاریی دارایی حکومەت وەردەگرن بە رێژەی 40% بەرز دەکرێتەوە. موچەی سەربازەکانی وڵاتەکە بە رێژەی 60% بەرز کراوەتەوە کە لە ساڵێکدا 48 ملیۆن تمەن دەکات و ئەو سەربازانەی لە ناوچە هەستیار و مەترسیدارەکاندان بە رێژەی 75% کە دەکاتە 60 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا و هاوکات موچەی ئەو سەربازانەی هاوژین و منداڵیان هەیە بە رێژەی 90% بەرز کراوەتەوە کە دەکاتە72 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا. بڕیای پەرلەمان لە کاتێکدایە ئاستی هێڵی هەژاری بۆ هەر خێزانێک لە ئێران بە 15 ملیۆن تمەن بۆ 18 ملیۆن تمەن دیاریی کراوە. بەهای یەک دۆلار لە ئێستادا 51 هەزار و 50 تمەن و لە ماوەی رابردودا بۆ یەکەمجار لە مێژوی دراوەکاندا بەهای یەک دۆلار لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 60 هەزار تمەن و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان داوە بەهای هەر دۆلارێک بۆ 40 هەزار تمەن دابەزێنن.

هاوڵاتی هاوپەیمانی گەل کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێکهێنراوە، بڕیارە سبەینێ کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشكرا بکەن و پارتی باشیش کە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە ئەردۆغان ناکەن. ئیسماعیل سایماز رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئۆیسال سەرۆکی پارتی دیموکرات، بۆ جاری یەکەم بەبێ مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە رۆژی هەینی لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە کۆببنەوە. ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەکرد کە دوای کۆبونەوەکەی سبەینێ، هاوپەیمانی گەل کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکات کە ئەویش کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریە. لەلایەکی دیکەوە، فەرەیدون باهشی، پەرلەمانتاری پارتی باش کە پارتەکەی کەمال کلچدارئۆغلۆی پێ قبوڵ نییە و بەو هۆیەوە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە، رایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە بە ئەگەرێکی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی ئاکەپەیە. باهشی وتی، " ئەگەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کەمال کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان بە تەنیا بمێننەوە، پارتی باش دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدات." دوای ئەوەی رۆژی هەینی ٣ی ئازار، پارتی باش لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا کە ئەو هەنگاوەی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی کۆمار ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە رەتیان کردەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی تورکیا باسی ئەوەیان کرد، دوابەدوای ئەو پێشهاتە، هاوپەیمانی گەل خۆی لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جێی پارتی باش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەدەپە بە شێوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئیسرائیل رایگەیاند هەر کاتێک خۆیان بە گونجاوی بزانن هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەو کارەش بە یاسایی ناو دەهێنێت و رەخنە لە بەڕیوبەری ئاژانسی ئەتۆمیی دەگرێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند؛ پێچەوانەی لێدوانی رافائیل گروسی، بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوەتی یاساییە. نەتانیاهۆ وتی: گروسی کەسێکی بەڕێز و بەنرخە بەڵام لێدوانێکی بێ بەهای داوە چونکە ئێران بە ئاشکرا خوازیاری لەناوچونی ئێمەیە. وتیشی: ئایا ئێران بۆی هەیە ئێمە کۆمەڵکوژ بکات ؟ ئایا بۆمان نییە بەرگریی لەخۆمان بکەین؟ بێگومان ئێمە بەرگریی لەخۆمان دەکەین و مۆڵەت لە کەس وەرناگرین. وتەکانی نەتانیاهۆی دوای ئەوە هات کە گروسی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند؛ لە ئەگەری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کارێکی نایاسیاییە و ئەوەش نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی وتوە کە لە ماوەی رابردودا دەیان کۆبونەوە و دانوستانیان لەگەڵ وڵاتان ئەنجام داوە بۆ هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئیسرائیل بە بەردەوامی جەختی لەوە کردوەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران جێگەی گومانە و هەر کاتێک بیانەوێت بە مەبەستی رێگریی لەو وڵاتە بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان چونکە پابەندی هیچ رێککەوتنێکی ئەتۆمیی و نێودەوڵەتیی لە نێوان تاران و وڵاتانی دیکەدا نابن.