بەمزوانە دۆناڵد ترەمپ سوریا وەكو دەوڵەتێك دەناسێنێت كە پشتیوانی لە تیرۆر ناكات، ئەمەش بەمەبەستی بەهێزكردنی حكومەتی ئێستای سوریایە. تۆماس باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، لە كۆشكی گەل لە دیمەشق چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا كەوت. باراك كە هاوكات باڵیۆزی ئەمریكاشە لە توركیا، بەر لە سەردانەكەی بۆلای شەرع، لە دیمەشق بەشداری كرد لە كردنەوەی باڵەخانەی تایبەت لە كاری باڵیۆزی ئەمریكاو بە رۆژنامەنوسانی وت: بەمزوانە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سوریا وەكو دەوڵەتێك دەناسێنێت كە پشتیوانی لە تیرۆر ناكات، ئەمەبە بەمەبەستی بەهێزكردنی حكومەتی ئێستای سوریایە.  نێردەی ئەمریكا باسی لەوەشكرد، كە ئەركی هێزەكانیان لە سوریا لەناوبردنی داعشەو واشنتۆن هانی بازرگانیی لە سوریا دەدات بەمەبەستی سڕینەوەی ئاسەواری سزاكان. هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سوریا، ئەسعەد شەیبانی و تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئەمریکایان لە دیمەشق کردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆماس باراك، نوێنەری ئەمریکا گەیشتە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزەکە لە دیمەشق، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمی بوو لە دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢، ئەمەش دوای ساڵێک لە سەرهەڵدانی شەڕ لەو وڵاتە. باراک لە هەژماری ئێکسی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "کارەساتی سوریا لە دابەشبوون لەدایک بووە، دووبارە لەدایکبوونەوەی سوریا دەبێت لەڕێگەی کەرامەت و یەکێتی و وەبەرهێنان لە خەڵکدا بێت". نێردەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەرگای ئاشتی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵگرتنی سزاکان "دەرگای خۆشگوزەرانی و ئاسایش" بۆ گەلی سوریا دەکاتەوە. بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باراک دامەزرێنەر و سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینکراوی کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتال ئێڵ ئێڵ سییە کە بنکەکەی لە لۆس ئەنجلۆسە، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا تایبەتەکانی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە جیهاندا (ئێستا بە دیجیتاڵ بریج ناسراوە) و لە 19 وڵاتدا کاردەکات.

  سەرۆککۆماری ئێران مەسعود پزشکیان رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاری دەهێنێت. پزشکیان لە لێدوانێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمی عومانی گوتووە، ئێران لەسەر باوەڕی خۆی و فەتوای رێبەری باڵای وڵاتەکە، هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات و دژی ئەو هەنگاوەیە، ئامادەشن لەوبارەیەوە دڵنیایی بدەنە ناوچەکە و جیهان، بەڵام ئێران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی و کشتوکاڵ، کە ئەوەش یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەیان پێداوە. مەسعود پزیشکیان جەختی لەوەشکردەوە، لە هیچ بارودۆخێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم راناگرن و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، شانازی وڵاتەکەیە.    وڵاتە رۆژئاواییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا لە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نیگەرانن. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر هەڵوێستی رۆژئاواییەکان جەختکردنەوە بێ لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە، ئەو کاتە ''لەگەڵ ئەوان هیچ قسەیەکمان نامێنێت؛ پێویستە هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە.''   دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەگەر بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر.   تاران رەتیکردووەتەوە ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم گومانی لای رۆژئاواییەکان دروستکردووە.    لە 12ی نیسانی 2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نێوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون.

  هەمواری یاسای سزاکان کە پێشبینی دەکرا پێش جەژنی قوربان ببرێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی ئاکەپە و دەمپارتی بۆ وەرزی یاسادانانی نوێ دوادەخرێت. لە کۆبونەوەی نێوان ئاکەپە و دەمپارتی لە سەر وردەکاری پڕۆژە یاسای سزاکان نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن، هەمواری یاساکە وەک ئەوەی دەمپارتی پێشنیازی کردبو،  400 هەزار زیندانی لە سەرتاسەری تورکیادا لێی سودمەند دەبون و نزیکەی 60 هەزار زیندانی دۆسیەی کوردیش ئازاد دەکران.  هەرچەندە دوای کۆبونەوەکە هەردولا بە ئەرێنی وەسفیان کرد، بەڵام سەزای تەمەلی ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، گفتوگۆی هەمەلایەنەیان لەسەر پاکێجی دادوەری و کاری کۆمیسیۆن و پرۆسەی دیموکراتیکردنی تورکیا ئەنجامداوە و کۆبونەوەکەش لە کەشێکی دۆستانەدا بوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئاک پارتی دژی ئەو بەندەی هەمواریی یاساکەیە کە سزاکان بۆ تاوانی ڕێکخراو سوک دەکات، بەهانەی بۆ ئەوەش ئەوەیە کە سزادراوانی گولەنییەکان لێی سودمەند دەبن.  سەزای تەمەلی، سەبارەت بە یاسای سزاکان وتی، بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی یاسای سزاکان کە جەماوەر پێشبینیان دەکرد ڕوویان نەدا. حکومەتیش دەڵێت: هیچ شیکارییەکی کاریگەر نەکراوە و بەو هۆیەوە گۆڕانکارییەکان تا وەرزی یاسادانانی پایز دوادەکەون.

  نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لە گەیشتنی کاندیدە لاوازەکان بۆ پەرلەمانی داهاتوو، تا ئەنجومەنی نوێنەران لەم دۆخەی ئێستادا نەمێنێتەوە، كە جێی بەزەییە. دەشڵێت: ئەو پارە زۆرەی ئەمڕۆ دەیبینێت، هەر گیز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەیبینیوەو، وڵاتێک دەناسێت کە دەیەوێت (100) کورسی بکڕێت و بۆ هەر پەرلەمانتارێك یەک ملیۆن دۆلار دەدات. مالیكی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی حزبەكەی وتی:  ئومێدم بە هاوڵاتیانە کە دەنگەکانیان بە (٥٠) یان (١٠٠) دۆلار نەفرۆشن، هیوادارم خاوەن لیستەکان خۆیان لەم شێوازەی جەمسەرگیرییە بەدوور بگرن، چونکە بەو کارە تاکی لاواز دەهێننە ناو پێگەی سەرکردایەتیكردنی میللەتەوە، ئەمە بە شەرع قەدەغەیەو ئەو پارەیەش بە ناڕەوا بە دەستهاتووە. وتیشی: دەمانەوێت ئەوانەی دەگەنە پەرلەمان، لەوە تێبگەن کە ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراوەیەکی چاودێری یاساییە، نەک دامەزراوەیەکی سیاسی جێبەجێکار،  ئەوەش بۆ ئەوەی جارێکی تر پەرلەمان نەگاتە ئەو دۆخەى ئەمڕۆ پێی گەیشتووەو جێى بەزییە، چونکە ئەوانەی تێیدا خزمەتیان کردووە پێیان وابوو رکابەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنن. مالیكی، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و، رێنمایی کردون کە هەر پەرلەمانتارێك بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن،  بە (١٠٠) ملیۆن دۆلار  (١٠٠) پەرلەمانتار بکڕن، بەم کارە ئیرادەی میللەت دەکڕن، هەموو وڵاتێک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان دەدات چونکە گیانی پڕۆسەی سیاسییە.  جەختیشكرد لەوەی، هەڵبژاردنی داهاتوو بە پارە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، کێبڕکێەكەش دارایی دەبێت، کە بە درێژایی هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشووهەرگیز شاهیدی ئەوە نەبووین پارەیەکی وەها گەورە بۆ کاندیدەکان دابین بکرێت، لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکی بێت. باسى لەوەشكرد: ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت،  یەكیگرت لەگەڵ ئیرادەی ئەوانەی نایانەوێت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكرێت، ئەنجامەکەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بوو، بە ئاشکرا بایکۆتی دانیشتنەکانیان کرد، نەدەبوو ئیدارەی پەرلەمان ملکەچی ئەم فشارە بێت، چونکە بەرژەوەندی گشتی پێسپێردراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسیارێتی پەککەوتنەکەی لە ئەستۆیە، لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەی کە بەرپرسن لە شكاندنی نیسابی یاسایی.

  لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەداتە دامەزراوە و دەزگا حکومییەکان لە پێشخستنی هەر جۆرە مامەڵەیەكی خانەنشینی پێش ئەوەی فەرمانبەر تەمەنی شەست ساڵی تەواوبكات، جەختیشیدەكاتەوە، هەر سەرپێچییەک لەو تەمەنەدا، پێشێلکارییەکی یاسایی روونە و پێویست بە لێپرسینەوە دەکات. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەكە بە رۆژنامەی "الصباح"ی راگەیاندووە: تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینكردن بەپێی یاسای کارپێکراو، تەواوكردنی شەست ساڵە، هیچ لایەك مافی ئەوەی نییە پێش ئەم بەروارە فەرمانبەر رەوانەی خانەنشینی بكات، کە بە وردی لەڕووی رۆژ و مانگ و ساڵەوە هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد: هەندێک لە دەزگاکانی حکومەت تەمەنی خانەنشینی لەخۆیانەوە شرۆڤە دەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی شێواندنی کارگێڕی و وەزیفی لەناو دامەزراوەکاندا.  داواشیكرد بە توند پابەندبون بە یاسا و مافەکانی فەرمانبەران بە تەواوی زامن بكەن. جەمال كۆچەر، جەختی لە گرنگی توندکردنەوەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خانەنشینی کردەوە، بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی یاساکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو، بەفیڕۆنەدانی مافی فەرمانبەران یان دامەزراوەکان روبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی بكەن.

  نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزیدا تێپەڕیوە، هیچ بناغەیەکی دروست بۆ ئەو پەیوەندییە دانەنراوە، دەشڵێت، دەبێت کێشەی لامەرکەزی و دابەشکردنی سامانەکان چارەسەربکرێت. نوری مالکی لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی ئافاق باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد و گوتی، هەڵبژاردن لە تێگەیشتنە نیشتمانییەکەیدا وێستگەیەکە لە وێستگەکانی یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوەی نێوان پێکهاتەکان. جەختی لەوەشکردەوە، رازی نابن بەهیچ کاندیدێک کە باوەڕی بە گرنگیی یاسا و پابەندبوون بە یاساوە نەبێت، هەر کەسیش پێشێلی یاسا بکات لای ئەوان جێگای نابێتەوە. مالکی راشیگەیاند، حکومەت بەرپرسیارە لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی پارەی گشتی بە سودی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ بەکاردەهێنن، دەشڵێ، ناکۆکییەکان لەسەر یاسای ئێستای هەڵبژاردن هۆکارێک بوو بۆ پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

  بەپێى خاڵێکى ڕێککەوتننامەکەى نێوان ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، دەبووایە ئەمڕۆ قۆناغى دووەمى دیلەکانى نێوانیان لەدواى ٥٥ڕؤژ دواخستنى ئاڵوگؤربکەن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئاڵوگۆڕەکە دواخرا. دوای پەنجا و پێنج ڕۆژ لە ئازادکردنی وەجبەی یەکەم، ئەمڕۆ هەردوولا گەیشتنە فۆرمولێک کە ڕێگەی بۆ جێبەجێکردنی وەجبەی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان خۆشکرد.  شوێنی ئاڵوگۆڕەکە بۆ دەروازەی ئەلجەزیرە دانرابوو، کە دەکەوێتە لێواری باشووری گەڕەکی شێخ مەقسوود و بەرەو باقی شاری حەلەب دەڕوات. بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئاڵوگۆڕەکە دواخرا. ئەم دواخستنە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوانییەکی زۆر لەلایەن کەسوکاری زیندانییەکان و کەسوکارەکانیانەوە کراوە، کە بە هیوای گەڕانەوەی ئازیزانیان لەم ڕۆژەدا بوون. هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەکەدا، سێی نیسانى ڕابدوو، بڕگەی ئازادکردنی بەندکراوانی هەردوولا جێبەجێ کرا و 146 بەندکراوی هێزە کوردییەکان و 97 بەندکراوی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق ئازاد کران. ڕۆژی 1ی نیسانی 2025 ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، لەنێوان ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکەکان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق واژۆ کرا. ڕێککەوتنەکە 14 بڕگەی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە پەرەپێدانی پێکەوەژیان و پاراستنی دانیشتوان و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چەکداری و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆ. هەروەها ڕێککەوتنەکە پێکهێنانی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان و ئاسانکاری هاتووچۆ و هاتووچۆ لەخۆ دەگرێت. لە مادەی دوازدەهەمی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە "هەردوولا بەندیخانەکانی پارێزگای حەلەب پاک دەکەنەوە و هەموو ئەو زیندانیانەی دوای ڕزگاربوونیان بەدیل گیراون، ئاڵوگۆڕی پێدەکەن". گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن؛ ئەوەش وایکردووە ‌ئەو گەڕەکە لەبەردەم پەلامار و هێرشی بەردەوامی گروپە تیرۆریستی و میلیشیاییە جیاوازەکانی سوریادا بێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە گەڕەکی شیخ مەقسوود لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەوە کۆنترۆڵکراوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتوانی شێخ مەقسوود بە 30 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت کە زۆرینەیان کوردن.  جوگرافیای شێخ مەقسوود جیاوازە لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی سوریا، چونکە ناوچەیەکی دابڕاوە لە ناوچە کوردییەکانی دیکە؛ واتە بە پێکهاتەکانی جگە لە کورد دەورە دراوە، ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی بەردەوام دۆخی شێخ مەقسوود قورس و ناسەقامگیربێت.

  حەماس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن "لەبارەی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی"، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، بەردەوامى هاوکارییەکان و دانانی لیژنەیەکی پیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. لە بەیاننامەیەکدا هاتووە: ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی 10 زیندانی ئیسرائیلی و ژمارەیەک تەرم لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک لە زیندانییە فەلەستینییە ڕێککەوتووەکان، لەگەڵ گەرەنتی نێوەندگیری. بزووتنەوەى حەماس جەختى کردەوە کە لەگەڵ نوێنەرى ئەمریکا گەیشتووینەتە رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەزە و چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلین، ئەو دووپاتیکردەوە کە چاوەڕێی "وەڵامی کۆتاییە لەسەر ئەم چوارچێوەیە". لەبەرامبەردا کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لێدوانەکەی حەماسی بە شتێکی نوێ نەزانی و ئیسرائیل بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو مەرجانەی ڕەتدەکاتەوە. هەفتەی ڕابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شاندی دانوستانکاری خۆی لە دۆحە کشاندەوە، سەرەڕای ڕەخنەی هەزاران ئیسرائیلی، دیارترینیان کۆڕبەندی بنەماڵەی بارمتەکان کە لە غەززە بەڕێوەچوو، ئاگربەست و دانوستانەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ڕاگرت. سەرچاوەیەکی حەماس دووشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بزووتنەوەکە ڕازی بووە بە پێشنیاری ئاگربەست کە لەلایەن ویتکۆفەوە پێشکەش کراوە.  لە پێشنیازەکەدا مەرجی ئازادکردنی 10 زیندانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئاگربەستێک کە لە نێوان 60 بۆ 70 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەگەڵ گەرەنتی ئەمریکا کە باس لە ئاگربەستی هەمیشەیی دەکرێت و ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە دەکشێتەوە.

  ماڵپەڕی ئاكسیۆسی نزیك لە ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی ترەمپ پلانێكی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران پێدەگات، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجامدا، تێیدا ترەمپ بە توندی ناتانیاهۆی ئاگادار كردەوە لە دەستوەردان لە كاروباری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەروەها نوێنەری خۆ نارد بۆ ئیسرائیل . ماڵپەڕی ئاكسیۆسی نزیك لە ئیسرائیل سەبارەت بە وردەكاری پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە. سەرچاوەیەك لە ناو كۆشكی سپییەوە، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە، ترەمپ دوای ئەوەی هەواڵی پلانی ئیسرائیلی پێگەیشتووە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پەیوەندی بە نەتانیاهۆوە كردووە، بە توندی ئیسرائیلی لە دەستوەردان  لە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران ئاگادار كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم كارەی ترەمپ دوای ئەوە هات، كە زانیاری لەسەر نیازی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران پێگەشت، كە ئەگەری هەبوو ببێتە هۆی تێكچوونی ئەو دانوستانە ئەتۆمییانەی، كە ئێستا لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بەڕێوەدەچێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای هەواڵەكە سەرۆكی ئەمریكا كریستی نوام وەزیری ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكەی ڕەوانەی تەلئەبیب كرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل كۆبووەوە و پێی ڕاگەیاندوون ئەمریكا دژی هەر هەوڵێكی ئیسرائیلە، كە ببێتە هۆی تێكدانی دانوستانەكان.

  فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارى توند دەداتە بەرپرسانى باڵاى ئەمریکا و ئیسرائیل،  "ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک. دەستمان لەسەر پەلەپیتکەى چەکەکانمانە و ئامادەباشیداین. ئەگەر هەر گەمژەیییەک ئەنجام بدەن، وەڵامێکی لەبیرنەکراوتان پێدەگات. ڕۆژی چوارشەممە حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ کارمەندانی سپای پاسداران لە پارێزگای هەمەدان ڕایگەیاندووە،  ئێران گەلێکی گەورەی هەیە کە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە سەختەکان بکات و کاریگەری لەسەر قووڵایی عەقڵی شەیتانپەرستی دوژمنانمان هەیە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزترین ئاستدایە"، وتیشى: ئێمە لە شەڕێکی هەمەلایەنەداین. ئێمە شاهیدی شەڕێکی ئابووری، سزاکان، فشارە سیاسییە جیهانییەکان، شەڕی میدیایی بەربڵاو، ئۆپەراسیۆنی میدیایی و پڕوپاگەندەی توندوتوندوتیژ، لەشکرکێشی فەرهەنگی و هەڕەشەی جۆراوجۆری دوژمنان کە لە نزیک و دوورەوە بەسەر ئەم نەتەوەیەدا سەپێنراون. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ئەوەشى باسکرد سەرەڕای ئەم هەموو هەڕەشە و گوڕەشەی دوژمنان، ئەم وڵاتە بە خۆڕاگری ماوەتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی جێگیر بەرەوپێش دەچێت، نەتەوەی ئێرانیش هەرگیز تەسلیمی ئیرادەی سیاسیی ئەوانی دیکە نابێت. ئێمە لە بواری بەرگریدا باڵادەستین، و هەمیشە هێزمان کۆکردۆتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین زلهێزەکانی جیهان". حسێن سەلامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێین کە ئێمە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک، وڵاتەکەمان هەرگیز تەسلیمی ئیرادەی سیاسی کەسانی دیکە نابێت، دەستمان لەسەر چەکە لە ئامادەباشیداین، ئەگەر هەر هەڵەیەک بکەن، ئەوا وەڵامێکی دەستبەجێتان پێدەگات کە وادەکات ڕابردووتان لەبیربچێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زایۆنیستەکان درێژە بە کردەوەکانی خۆیان دژ بە وڵاتەکەمان دەدەن و هەڕەشە لە نەتەوەی ئێران دەکەن. لە بەرامبەردا دیسانەوە ئاگاداریان دەکەمەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە هەڵە و کردەوەی گەمژانە دەروازەکانی ئاگری بێسنوور بەسەریاندا دەکەینەوە. ئەو بەرپرسە باڵایە ڕوونیشیکردەوە، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنێکدا دەبێت لە قووڵایی بیرکردنەوە و نیەتەکانیان تێبگەین"، ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕی مەعریفی دوژمن یەکێکە لەو شێوازانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ چوونە ناو قووڵایی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بەکاریدەهێنن. هۆشیاری لەم بوارەدا زۆرجار ناتەواو نییە، بەڵام دەکرێت عەقڵ لە ڕێگەی جیهاد و کردەوەی هۆشیارانە لەم چوارچێوەیەدا ڕۆشنبیر بکرێت".

  ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، دەستپێکردنی هێرشێکی نوێی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن ڕاگەیاند و ئەوەى خستەڕوو فڕۆکەخانەی سەنعایان لە یەمەن بۆردومان کردووە. لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئامانجەکانی حوسییەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەنعا داوە، هەروەها دوا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ماوەتەوە کە حوسییەکان وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی گەوهەری زێڕین بەکاریان هێناوە، لەناوبردووە. ئەوەى باسکردووە ئەوەی ڕوویدا "پەیامێکی ڕوون و بەردەوامییەکی ڕاستەوخۆی ئەو سیاسەتە بوو کە ئیسرائیل دیاناوە کە هەرکەسێک هێرشى بکاتە سەر باجێکی قورس دەدات"، وەک ئەوەى بەیاننامەکەى وەزارەت دەڵێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەندەرەکانی یەمەن زیانی زۆریان پێدەگات، هەروەها فڕۆکەخانەی سەنعاش چەندین جارە کاول و وێران دەبێت، ژێرخانی ستراتیجی تری ناوچەکەش کە گروپى حوسی بەکاردەهێنن هێرشى کراوەتە سەر. هەر لەو پێوەندییەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سوپا بە پێی بنەمای "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیەنێت، ئێمە زیانیان پێدەگەیەنین" هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکە. حوسییەکانی بە تەنها قۆڵێکی ئێرانی زانی، کە وەک خۆی دەڵێت، بەرپرسە لەو دەستدرێژییەی لە یەمەنەوە دەستیپێکردووە. لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەڵگیرساوە، بزووتنەوە یەمەنییەکە چەندینجار مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.   حووسییەکان کە هاوسۆزیی خۆیان بۆ حەماس و غەززە دەربڕیوە، لەماوەی ئاگربەستی دوو مانگەی غەززە کە لە مانگی ئادار کۆتایی هات، هێرشەکانیان راگرت، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل هەڵمەتەکەی لە ناوچە کەنارییەکان دەستپێکردەوە، ئەوانیش دەستیان پێکردەوە.   حووسییەکان بەم دواییانە هۆشدارییان دابوو کە "گەمارۆیەکی دەریایی" بەسەر بەندەری حەیفای ئیسرائیلیدا دەسەپێنن.

  شاندی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆدەبێتەوە.  بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا بکات. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت. شاندەکە لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێک دێت و چاوەڕێ دەکرێت لە لایەن عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتییەوە پێشوازییان لێ بکرێت.  بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، کوبوونەوەی دەم پارتی و ئاکپارتی کاتژمێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28-05-2025، بەرێوەدەچێت.  ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 27-05-2025، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)ـیان کرد و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکە کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، دەم پارتی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئەرێنی بەڕێوە چووە و باس لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی کراوە؛ هەروەها بابەتی دەستووریش یەکێک بووە لە مژارەکان. لە لایەن خۆیەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بە دەستپێشخەری پرۆسەی نوێی ئاشتی دادەنرێت، دوای چەندان مانگ لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی دا و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند، بۆ هەموو شتێک کاتێک هەیە و ئەو کاتەش وا بە خێرایی نزیک دەبێتەوە.  هاوکات باخچەلی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کاتەی کە ئاماژەی پێ دەکات هێمایە بۆ سەردەمێک و سەدەیەکی نوێێ تورکیا. ڕاشیگەیاند، ئیتر سەدەیەکی نوێی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی لە وڵاتەکەیان دەرکەوتووە. شاندی دەم پارتی هەر لە چوارچێوەی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دا، لە ڕۆژانی 19-23ی ئەم مانگە لەگەڵ پارتەکانی دەڤا، سەعادەت، رەفا‌ه و ئاییندە کۆبووەوە.

  ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی هێزەکانی باکووری دیموکرات، سەر بە هێزەکانی هەسەدە، رایگەیاند، رۆژی هەینی شاندێکی رۆژاڤا دەچێتە دیمەشق، ئامانجی سەردانەکەش پابەندبوونە بە رێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا. ئەبو عومەر ئیدلیبی لە فەیسبووک نووسیویەتی، سەردانی شاندەکەی رۆژاڤا بۆ دیمەشق، هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی سەقامگیریی سوریا و یەکڕیزیی وڵاتەکە. پێشتر رۆژاڤا و دیمەشق رێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکردووە، یەکگرتنی ئیدارەی رۆژاڤا لەگەڵ دیمەشق و رێکخستنەوەی هەسەدە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سوریا بەشێکن لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە، کە دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێن. ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ سەرکردەیەکی دیاری کورد وتی داواکاری فرەیی لامەرکەزی لە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەدا "ناتوانرێت دەستبەرداری بێت". ئەو بەرپرسە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەلێدوانێکیدا بۆ  ئاژانس فرانس پرێس، جەختی لەوە کردەوە کە "سوریایەکی لامەرکەزی، فرەیی، دیموکراسی چارەسەری ئایدیاڵە بۆ هەموو ئەو پرسە هەڵپەسێردراوانەی ئێستا هەن". هەروەها بڕوای خۆی دەربڕیوە پێویستە لەداهاتوودا هەمەڕەنگى کۆمەڵگای سوریا لەبەرچاووبگرێت و ئەو سیستەمە سیاسییەى دادەنڕیت لایەنە زلهێزەکان قۆرخى نەکەن دان بە تایبەتمەندی ناوچە و پێکهاتەکاندا بنرێت، ئەمەش بەپێی ئاژانس فرانس پرێس. هاوکات ئەو بەرپرسە باڵایەى کوردى ڕۆژئاواى کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم پێشنیازە یەکێک دەبێت لە پرسە بنەڕەتییەکان بۆ دانوستان و ناتوانرێت دەستبەرداری لێبکرێت".

چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: لە سەرانسەری عێراق بە لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق. چوارچێوەی هەماهەنگی، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەكات: لەسەر بنەمای بڕیارەکەی پێشوی، بە لیستی جيا بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكات لەسەرانسەری عێراق.  ئەو راگەیەندراوە لەكاتێكدایە،  ئێوارەی رۆژی دووشەممە 26ی ئایاری 2025، دوای كۆبونەوەی ئاسایی خۆی، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەكردبوو، بەنیازە بە یەك لیست  لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا، بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بكات، كە بڕیارە رۆژی 11 تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت. چوارچێوەی هەماهەنگیی دەشڵێت: بڕیار دەدات بە چەندین لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکات و لە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن بگەڕێتەوە بۆ یەک هاوپەیمانیی پەرلەمانی لە ژێر ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی. چوارچێوەی هەماهەنگی لە لانیکەم 10 لایەنی سیاسی شیعە پێکدێت و پێکهێنەر و پاڵپشتی سەرەکی حکومەتی عێراقن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش بە زیاتر لە شەش لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە لە دیالە، سەڵاحەددین و نەینەوا سەرجەمیان بە یەک لیست دادەبەزن. چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد. جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەو وادەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریکراوە، بەڕێوە ببات.  ئەمە لە کاتێکدایە، سێشەممە، 08-04-2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی لەوە کردەوە "پێویستە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵە، بەڕێوە بچێت."

  تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە بەردەوامیی وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، متمانە دروستکردن تەنیا بە قسە و بەڵێن نابێت و پێویستە هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بنرێت. باکرهان ئاماژەی بە رەوشی زیندانیکراوە نەخۆشەکان کرد و گوتی، کاتی ئەوەیە جەژنی قوربان بۆ زیندانیکراوە نەخۆشەکان و کەسوکاریان بکرێت بە دوو جەژن. بەگوتەى باکرهان، رۆژانە لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دوو زیندانیکراوی نەخۆش گیانلەدەستدەدەن و سەدان زیندانیکراو پێویستیان بە چارەسەرە و پێویستە ئازادبکرێن. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم ئەوەشی گوت، "متمانە دروستکردن تەنیا بە بەڵێن و قسە نابێت و پێویستی بە هەنگاوی دڵنیاکەرەوەیە. ئەمڕۆ لە لایەک باسی ئاشتی دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە تەماشای زیندانەکان بکەین هەست بە ئازارێکی گەورە دەکەین.  ئەو وتیشى: هەموو رۆژێک دوو زیندانیکراوی نەخۆش گیانلەدەستدەدەن. لە 515 رۆژدا هەزار و 26 زیندانیکراوی نەخۆش گیانیان لەدەستداوە. ئەگەر چارەسەر بکرانایە، رەنگە ئێستا لە ژیاندا بوونایە و لەگەڵ منداڵ و خێزانەکانیاندا بوونایە.  جەختى کردەوە کە ئیتر کاتی کۆتاییهێنانە بەو ئازارەی لە زیندانەکاندایە. هەنگاوێکی دیکە بریتییە لە هەموارکردنەوەی یاسای جێبەجێکردن لەسەر بنەمای ستاندارە دیموکراسییەکان. چەندین ساڵە هەزاران کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە زیندانەکاندا هێڵدراونەتەوە. کاتی خاڵیکردنەوەی زیندانەکانە و پێویستە ئەم جەژنە بۆ زیندانیکراوان و کەسوکاریان بکرێت بە دوو جەژن." تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پارتی دەم هیچ کێشەیەکی لەگەڵ پایتەخت، ئاڵا و زمانی تورکیادا نییە و داوای وڵاتێک دەکەن زمان و ناسنامەی کوردی رەتنەکاتەوە. گوتیشی، پێویستە ئەو زمانەی لە میدیاکان بەکاردەهێنرێت، شایستە بێت بەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئاشتی لە زمانەوە دەستپێدەکات و لە کۆمەڵگەدا سەردەکەوێت. هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی، بەهۆی ئەزموونی 100 ساڵەی تورکیا کە هەمیشە بوون، ناسنامە و زمانی کوردی رەتکردووەتەوە، هێشتا بەشێک لە خەڵک گومانیان لە پرسەکە هەیە و ناتوانن متمانەی پێبکەن. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی، "بەڵێ ئێستا پرۆسەیەک لەئارادایە، بەڵام هێشتا بەشێک لە خەڵک گومانیان هەیە. بێگومان هەموو کەس وەک ئێمە بیرناکاتەوە، بمانەوێت و نەمانەوێت، خەڵک گومانیان هەیە و نیگەرانییان هەیە، چونکە 100 ساڵە سیاسەتی رەتکردنەوە جێبەجێکراوە. ئێمە پێشتریش گوتوومانە و دەیڵێمەوە. ئێمە هیچ کاتێک کێشەمان لەگەڵ پرسەکانی تایبەت بە پایتەختی تورکیا، ئاڵا و زمانەکەیدا نەبووە. دەزانم پێمان دەڵێن، ئەگەر کێشەتان نییە ئەی چیتان دەوێت؟ با وەڵام بدەمەوە؛ ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەهاکانی تورکیادا نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ کاراکتەریی نادیموکراسیی سیستمدایە. کێشەمان لەگەڵ ئەو سیستمەدا هەیە، کە کورد قبوڵ ناکات. هەموومان بینیمان ئەو دەوڵەتە نادیموکراسییە لە 100 ساڵی رابردوودا، ئەم وڵاتەی بەرەو کوێ برد. ئێمە وڵاتێکمان دەوێت کە زمان، ناسنامە، کولتور و بوونی کورد رەتنەکاتەوە. مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان و دیموکراتمان دەوێت. کەچی هێشتا خەڵکانێک دەڵێن ئەم پرۆسەیە وڵات دابەشدەکات."