هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتووە ئەو وڵاتە لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی هێڵی بۆری عێراق و تورکیاوە بەخێرایی دەستپێبکاتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وردەکاری نوێی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی راگەیاند. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا وتی: رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە، کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەو وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی و، پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر. وەزیری دەرەوە جەختیکردەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پێگەیەک بۆ تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەم بوارەشدا سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە جەختیان لە بەردەوامی ڕاوێژ لەبارەی دۆسییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە. بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەی رۆبیۆو سودانی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، گفتوگۆ لە بوارەكانی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێی ئەمریكاو چوارچێوەی هاوكاری كراوە، لەسەر بنەمای رێككەوتنە دوو قۆڵیەكان. هاوكات ئەو پێشكەوتنانە خراوەتەڕوو كە لە كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكان بە ئەنجام گەیشتووە، رێككەوتون لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و قۆڵكردنەوەی هاریكاری نێوانیان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كام لەو زانیارییانە بكات كە لە بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە. ئەمریکا بڕیاریداوە سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و هەناردەی نەوتەکەی بۆ سفر بەرمیل دابەزێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت عێراق بە خێرایی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێران دەستپێبکاتەوە، تا ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا بکات.
ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕێگە بە دوو پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا بدات کە بچنە ناو ئیسرائیل و یەکێکیان بە پەرەپێدانی بایکۆتەکان لەدژی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکات. لین بۆیلان و ڕیما حەسەن دوو ئەندام پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپان کە لە فڕۆکەخانەی بن گوریون ڕێگەیان نادرێتێ بچنە ناو ئیسرائیل و فەرمانیان پێکراوە بگەڕێنەوە ئەوروپا. موشە ئاربێڵ وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە ڕیما حەسەن سیاسەتمەداری فەرەنسی بە بەردەوامی کاردەکات بۆ بەرەوپێشبردنی بایکۆتەکان دژی ئیسرائیل، ئەمە جگە لە چەندین لێدوانی گشتی چ لە سۆشیال میدیا و چ لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکان دژی ئێمە". حەسەن لە شاری حەلەبی سوریا لەدایک بووە و هاوشێوەی بۆیلان ئەندامی گروپی چەپن لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا. دوای ڕێگریکردنی ئیسرائیل لەو چەند ئەندامەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ سەردانیکردنی ئۆرشەلیم و ڕامەڵا، شاندەکەی ئەوروپا کە بڕیاربوو سەردانی ئیسرائیل بکەن، گەشتەکەیان بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە. جگە لە ڕیما حەسەن و لین بۆیلان، سێ پەرلەمانتاری دیکەی پەرلەمان لەگەڵ چەند کارمەندێک پلانیان دانابوو لە چوارچێوەی شاندێکدا سەردانی ئۆرشەلیم و هەروەها ڕامەڵڵا بکەن، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی حەسەن و بۆیلان کرد، باقی شاندەکەش بڕیاریاندا واز لە گەشتەکە بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا. هاوکات گیدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کە گەشتێکی بۆ برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و بارەگای سەرەکی یەکێتی ئەوروپا کردووە، لەگەڵ ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبووەوە. ساعر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، مێتسۆلای بە "دۆستی ڕاستەقینەی ئیسرائیل" ناوبرد و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد چاودێری ئەو پارانە بکات بۆ دامەزراوە فەلەستینییەکان وەک دەسەڵاتی فەلەستین تەرخانکراوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو پارانە بە شێوەیەکی دروست خەرج دەکرێن و ناگەنە دەستی حەماس. کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی نێوان گیدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، داوای گواستنەوەی بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتننامەی ئازادکردنی بارمتەکان لەگەڵ حەماس کرد. هەروەها وتی نابێت جارێکی تر غەززە ببێتە پەناگەی تیرۆر و حەماسیش نابێت لەوێ بوونیان هەبێت.
پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان دەست بە گفتوگۆ دەکەن، سبەی جارێکی دیکە لەسەر ئاستی باڵا لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە و یەکێتی داوای چەند وەزارەتێک دەکات. 22ـی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان." سبەی شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە، گفتوگۆکردن لەبارەی دابەشکردنی پۆست و وەزارەتەکان دەستپێدەکات. کۆبوونەوەی رابردوو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کرا، کۆبوونەوەی سبەی لە هەولێر دەکرێت. لە کۆبوونەوەی رابردوودا شاندی پارتی، هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بووە. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "کۆبوونەوەی سبەی بە بەشداریی هەمان شاندی رابردوو دەبێتەوە و درێژەپێدەری کۆبوونەوەکەی پێشوو دەبێت." مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: سبەی لەسەر ئاستی باڵا، پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو نزیکبوونەوەی زۆر دروستبووە لەنێوانمان، لەسەر چەندین پرس و خاڵ ڕێککەوتووین. هاوکات ئەوەشى خستەڕوو لە کۆبوونەوەی سبەیش ئەو خاڵانەی ماون گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، ئومێد دەکەین دوای کۆبوونەوەکە زانیاری باش و دڵخۆشکەر بدەین بە خەڵک و بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێنرێت. نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دوای کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، گەڕایەوە بۆ بەغدای پایتەخت. مستەفا كازمی لەدوای ناڕەزایەتیی تشرینی 2019ی عێراق و لاچوونی عادل عەبدولمەهدی، پۆستی سەرۆك وەزیرانی (ئایاری 2020 بۆ ئۆكتۆبەری 2022) وەرگرت، شیعەكان بۆ ئەو قۆناغە هەستیارەو بە نابەدڵی پۆستەكەیان پێدا، تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت. لە وێنەیەکدا کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆرەوە بڵاوکراوەتەوە، کازمی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی سەوز (ناوچەی سەرۆکایەتی) لە ناوەڕاستی بەغدا تەوقە لەگەڵ دوو ئەفسەری پۆلیس دەکات. گەڕانەوەی کازمی لە کاتێکدایە کە باس لە ئەگەری گەڕانەوەی چالاکییە سیاسییەکەی دەکرێت وەک ئامادەکارییەک بۆ خۆکاندیدکردن لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، هەرچەندە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لایەنە شیعەکان و فراکسیۆنە شیعەکان هەڵمەتی سیاسییان دژی حکومەتەکەی دەستپێکردووە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە مستەفا کازمی خەریکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی پارت و گروپە سیاسییەکان ئەنجام دەدات، هەروەها دیدارێکی ئەگەری لەگەڵ محەمەد سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتڕاست کردەوە، ئەمە جگە لە "کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان" کە مستەفا کازمی دواتر لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە زاڵن بەسەر حکومەتدا ئەنجامی دەدات. هێزە سیاسییەکانی ناو هێزەکانی چوارچێوە، بەتایبەت ئەوانەی باڵی چەکداریان هەیە، پێشتر لە ماوەی خولەکەیدا یان دوای وازهێنانی لە پۆستەکەیدا فشارێکی زۆریان خستە سەر مستەفا کازمی بە دادگاییکردنی بەشێک لە یاریدەدەرەکانی بە تۆمەتی گەندەڵی و پێشێلکاری دارایی. سەرچاوەکان ئەوە بەدوور ناگرن کە گەڕانەوەی مستەفا کازمی "لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشوازی لێبکرێت" کە هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕەنگە دژی عێراق بیگرێتەبەر، لەنێویاندا قسەکردن لەسەر ئەگەری سزاکان.
بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەریخست زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک سروشتی نییە، بەڵکو زیادبوونی میکانیکییە و لە ئەنجامی نیشتەجێبوونی خەڵکی پارێزگاکانی تر لە کەرکوک، زیادبوونەکە ڕوویداوە. ستار پاشا، شارەزای بواری ئامارو سەرژمێری و بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەسەر ژمێری ساڵی 1921 بۆ ساڵی 1922 ی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک108 هەزارو 750 کەس بووە. لەسەرژمێری ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک 283 هەزار و لەسەرژمێری ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بۆ 388 هەزارو 833 کەس زیادیکردووە." دەشڵێت،"بەپێی ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک نزیکەی دوو ملیۆن کەسە، واتە ژمارەکە 500% زیادیکردووە، ئەمە زیادبوونی سروشتی ژمارەی دانیشتوان نییە." بەپێی قسەی شارەزایان، کاتێک ژمارەی زیادبوونی دانیشتوانی هەر شارو وڵاتێک بە زیادبوونی سروشتی هەژمارد دەکرێت کە ڕێژەکە 3% بێت، بەوەی ژمارەی لە دایکبووان بخرێتە سەر ژمارەی دانیشتوان و ژمارەی مردوانیش لە تۆماری دانیشتوان دەربهێنرێت. ستار پاشا دەڵێت،"زیادبوونێکی تری ژمارەی دانیشتوان هەیە و پێیدەوترێت زیادبوون وکەمبوونی میکانیکی، ئەم زیادبوون و کەمبوونە لەسەر بنەمای دەرچوون و هاتنە ژوورەوەی خەڵکە بۆ شارو قەزاو وڵات، بۆیە زیادبوونەکەی کەرکوک میکانیکییە نەک سروشتی." هەروەها وتیشی،"خەڵکێکی زۆر بە لێشاو لە پارێزگاکانی باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک، ئەمەش وایکردووە زیادبوونی میکانیکی لە کەرکوک ڕووبدات و ئەو ژمارە زۆرە لە دانیشتوانی کەرکوک تۆماربکرێت." لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک لە ساڵی 1922 گەیشتووەتە 108 هەزارو 750 کەس، ئەوکات کەلارو کفری و چەمچەماڵ لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە لیوای ئەوکاتی کەرکوک بوون، بەڵام لە سەرژمێری ساڵی 2024 دا ئەو قەزایانە لەچوارچێوەی ئیداری کەرکوک دا سەرژمێری نەکران. لە ڕۆژی 20 ی مانگی 11 ی ساڵی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق دەستیپێکردو سەرباری کۆتایی هاتنی پرۆسەکە، بەڵام هێشتا زۆر وردەکاری گرێدراو بە ناوچە کێشە لەسەرەکان کە سەرژمێری دەریخستووە ڕانەگەیەنراوە. بەڕێوەبەری پێشووتری ئاماری کەرکوک ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆک کۆمار ئەنجام دراوە، ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری گشتی بڵاونەکرێتەوە، تا ئەوکاتەی بەراوردی سەرژمێری ساڵی 1957 و ساڵی 2024 دەکرێت. ستار پاشا دەڵێت،"بەراوردکاری سەرژمێری ساڵی 1957 و 2024، دەریدەخات کێ کەرکوکی ڕەسەنەو کێ کەرکوکی نییە، چونکە خەڵکی کەرکوک ناوی خۆیان و باوک و باپیرانیان لە تۆماری ساڵی 1957 دا هەیە، با ئێستا لە بەغدا یاخود هەولێرو سلێمانی نیشتەجێ ببن." دەشڵێت،"هەرکەسێکیش کەرکوکی نەبێت و ئێستا نیشتەجێی کەرکوک بێت، لە تۆماری ساڵی 1957 ناوی لە پارێزگاکانی تر بێت، ناوەکەی دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەو ناوچەی لە ساڵی 57 تێێیدا تۆمارکراوە، بۆیە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری دواخراوە." سەرژمێرکردنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی خەڵکی پارێزگاکانی تری عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەکاتێکدایە، ژمارەی خێزانی عەرەب لە هەندێک ناوچەی کوردستانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێم زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکانی خەڵکی ئەو ناوچانە. تا پێش سەرهەڵدانی شەڕی داعش ناحیەی کوڵەجۆی سنوری ئیدارەی گەرمیان هیچ خێزانێکی عەرەبی تێدا نیشتەجێ نەبوو، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی خێزانە عەرەبەکان لەوناحیەیە زیاترە لە ژمارەی خێزانە کوردەکان. ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی کوڵەجۆ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرجەم خێزانە کوردەکان بۆ سەرژمێری گەڕانەوە بۆ ناحیەی کوڵەجۆ، سەرژمێرکردنی خێزانە عەرەبەکانیش لە کوڵەجۆ هیچ گرفتێکی دروست نەکرد." هەرچەندە لە ساڵی 1997 حکومەتی بەعس بە بێ هەرێمی کوردستان سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدا، بەڵام شارەزایانی بواری ئامار پێیانوایە سەرژمێرییەکە لەکاتێکدا ئەنجام دراوە دۆخی عێراق ناهەموارو ناسەقامگیربووە، بۆیە زۆر پشت بە ئەنجامەکەی نابەسترێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەخنەی تووندی لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا گرت و رایگەیاند، کۆنگرەکە نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی سووریا ناکات. ئێوارەی سێشەممە، 25-02-2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، سەرجەم گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چاویان لەوە بوو سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان بنیاد بنرێت، بەبێ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن. کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە دوێنێ دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایێنێت. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، رەنگە کۆنگرەی نیشتمانی یەکێک بووبێت لە داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشەکەی کە زیاتر لە 14 ساڵی خایاندووە، لە سەرەتای رووخانی رژێمی لەناوچوو، سەرجەم سوورییەکان گفتوگۆیان دەکرد و چاویان لە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا بوو لەگەڵ هەنگاوە کردارییەکان بۆ قۆناخی بنیادنانی دەوڵەت. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوانەی کە ئیدارەی جێبەجێکردنی کارەکان لە سووریا هەڵیدەگرێت، سەبارەت بە پرسی گفتوگۆ و بەشداریکردن، جێگەی هیوا نەبوون. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رای وایە، لە سەرەتاوە پێویستبوو لیژنەیەکی تەواو بۆ ئامادەکاری پێکبهێنرێت، پاشان گفتوگۆ بکرێت لەسەر نوێنەرایەتیی ئەوانەی کە ئامادەی دەبن، دوای ئەوە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر ببەسترێت، بەڵام هەموو ئەوەی روویدا و ئێستا روودەدات، دوورە لەوەی کە سوورییەکان تامەزرۆی بوون و تامەزرۆی دەبن بۆی. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خەخت لەوە دەکاتەوە، لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەکە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی گەلی سووریا ناکات، تەنانەت لێدوانەکانیشیان دوور بوون لە زمانی گفتوگۆ و نزیککردنەوەی بیروڕاکان، دوای ئەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی سووریا بەڕێوەچوون، بە ناوی ئامادەکاری بۆ دیالۆگی نیشتمانی، بەڵام ئەم کۆبوونەوانە تەنیا رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتانە بوون کە گەلی سووریا بۆ لەناوبردنیان خەباتی کرد. ئاماژە بەوەش دەکات "ئەمڕۆ، لەدوای ئەو کۆبوونەوانەی کە نوێنەرە راستەقینەکانی گەل تێیدا بەشدار نەبوون، روون بوو کە نزیکترە لە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن، و رەچاو نەکردنی موزاییکی گەلی سووریا، لە پایتەختی دیمەشق ئەو کۆنگرەیە دەبەسترێت کە ناوی لێنراوە دیالۆگی نیشتمانی'. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتی دەکاتەوە "ئەم کۆنگرەیە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات، ئێمە وەکو بەشێک لە سووریا، نوێنەرایەتیمان نەکراوە، تێبینمان لە شێوە و ناوەڕۆکی کۆنگرەکە هەیە، نابینە بەشێک لە جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی". بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە "وەک سورییەکان، ئامانجی یەکەم و کۆتاییمان، لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە، رزگارکردنی کۆمەڵگەی سوورییە لە ستەم و زۆرداری و سیاسەتەکانی پەراوێزخستن، ئێمە دەستپێشخەری گرنگمان لەم چوارچێوەیەدا هەبووە". هەروەها دەشڵێت "ئەمڕۆش داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە کە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی راستەقینە ببەسترێت، کە نوێنەرایەتی سەرجەم سوورییەکان بکات، هیچ کەس پەراوێز نەخات."
هێزەکانى پاراستنى هەپەگە ئەنجامى لێکۆڵینەوەى لەسەر بە ئامانج گرتنى سێ گەریلا لە سنورى گوندى گوهەرزێ لە ئامێدى لە ئۆتۆمبێلێکى تایبەتەوە ئاشکراکرد. رۆژى 21ى شوباتى 2025 ژمارەیەک چەکدار لە سنورى گوندى گوهەرزێ لە ئامێدى لە ئۆتۆمبێلێکى تایبەتەوە تەقەیان لە ژمارەیەک گەریلا کرد و بەهۆیەوە سێ گەریلا گیانیان لەدەستدا. رۆژى 22 ى شوبات، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، بەهۆى ئەو رووداوەوە سێ گەریلا شەهیدبوون و لەمەودوا هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نێوان دێرەلوک و ئامێدیدا هاتوچۆ دەکەن و ئاڵاى هەرێمیان لەسەر نەبێت دەکرێنە ئامانج. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، پێشتر لەسەر بۆسەکەی ڕۆژی ٢١ـی شووبات ڕاگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە لە بۆسەیەکی خیانەتکاران لە نزیکی گوندی گوهەرزێ، لەسەر بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوە ئێمە لێکۆڵینەوەمان کرد، دەستنیشان کرا ئەوانەی ئەم بۆسە نامەردانەیان لەبەردەم هەڤاڵانمان دانا تیمێکی تایبەتی کۆنترای سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوون، ئاشکرایە ئەوانەی کە بۆسەکەیان دانابوو هێزی دەوڵەتی تورک بوون و لەدەرەوەش هەندێک هەندێک یارمەتییان وەرگرتووە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی گوندی گوهەرزێ تاوانبار کراون، بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان خەڵکی گوندی گوهەرزێ هیچ ڕۆڵێکیان لەم ڕووداوەدا نییە، پەیوەندییدار بەو بابەتەوە ئەمە ڕاگەیاندراوی کۆتاییمانە و بە ڕای گشتیی و وڵاتپارێزانی ڕادەگەیەنین. هەپەگە سەبارەی بە چالاکییەکانی گەریلا ئاماژەی بەوەداوە، گەریلاکانی ئازادیی لە ٢٢ـی شووبات دوو چالاکییان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی لە زاپ و گردی سەری مەتینا ئەنجامداوە و بە چەکی قورس لە گورز لە داگیرکەران دراوە. باسیان لەوەشکردووە، لە ٢٤ـی شووبات دوو جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە زاپ بۆردوومان کراوە. سەبارەت بەهێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەپەگە بەمشێوەیە زانیاری خستووەتەڕوو: لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٤ـی شووبات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە گشتیی ١٥ جار بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی هەرێمەکانی خواکورک، گارە و مەتینا کردووە.
سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، لە سەروبەندی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لە بازگەی دێگەڵە ٥٤ حاڵەت و لە شارۆچکەی عەربەتیش ٢٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان کراوە. ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە نووسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ماوەی ١١ ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە خستەڕوو. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ڕایەگیاند، لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕێپێوانی درێژی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بازگەی دێگەڵە، ٥٤ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٤ ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە، هەروەها دوو ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون و هەشت ڕۆژنامەنووسیش نەیانهێشتووە بگەڕێنەوە هەولێر. ئاماژەی بەوەشدا، کە ١٦ کەس ڕێگرییان لێکراوە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن، دەست بەسەر کەلوپەلی هەشت ڕۆژانامەواندا گیراوە، هەروەها ١٩ کەسیش بە گازی فرمێسکڕێژ برینداربوون و تووشی هەناسەتەنگی بوون و هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کەناڵێکی ڕاگەیاندنیش لە هەولێر. هەروەها دیاری محەمەد سەبارەت بە توندوتیژییەکانی شەوی ڕابردوو لە شارەدێی عەربەت، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران کرا ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٩ حاڵەتی توندوتیژی ١٣یان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە. وتیشی: پێنج ڕۆژنامەنووس لە گرژی و ئاڵۆزییەکەی دوێنێشەودا دەستگیرکراون و ١١ حاڵەتی ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن و گواستنەوەی هەواڵ تۆمارکراوە، هەروەها هەشت حاڵەتی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تۆمار کراوە، پێنج لە ڕۆژنامەنووسانیش تووشی لێدان و سووکایەتی بووونەتەوە و بە گشتی ٢٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە. وتیشی: یاسا بەرکارەکان مافیان بە ڕۆژنامەنووسان داوە بە ئازادانە ڕووماڵی چالاکییەکان بکەن، بەڵام بەداخەوە لەکاتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا هەمیشە ڕۆژنامەنووسان کراونەتە قوربانی و پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت. هەروەها سابیر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی، بەپێی یاسا ڕۆژنامەنووسان مافی بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانیان هەیە، ئێمەش نیگەرانین بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە. هەروەها دڵشاد میرانی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی لە کۆنگرەکەدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو دۆزە ڕایگەیاند، بەداخەوە لەو ڕووداوەی دوێنێ شەوەوە بینیمان کە هێزە ئەمنییەکان چۆن توندوتیژانە بەرەنگاری ئەو فەرمانبەران و مامۆستا ناڕازییانە و ڕۆژنامەنووسان بوونەوە کە تەنها داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەگرژیەکانی شەوى ڕابردووى عەربەت، دەڵێن هیوادارین گردبونەوەو خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕو کاری خەڵک و شەقام و ڕێگاو بان بەڵکو بەڕێگای مەدەنی داواو داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و یاساییەو پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت. شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوت کردەوە. ئەمرۆ سێ شەممە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: ئێمە نیگەرانین لەو بارودۆخەی کە ڕوویدا دژی هەر جۆرە توندوتیژی و کارێکین کە پێچەوانەی ڕێکارو بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هەمیشە لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنین لەچوارچێوەی ڕێکارو یاسا کارپێکراوەکان. دەقى پەیامەکە پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەگرژیەکانی عەربەت/سلێمانی شەوی ٢٤ی شوبات بەپێی بەدوا داچونەکانی تیمەکانی دەستەکەمان دوای ئەوەی گرژی و ڕووبەڕوو بونەوە دەکەوێتە نێوان مامۆستایانی خۆپیشاندەرو شوفێرانی بارهەڵگر کە ئەو بارهەڵگرانە ڕێگەیان پێ نەدەدرا لەعەربەتەوە بڕۆن دواتر دەبێتە هۆی گرژی لەنێوانیان بە هۆیەوە چەند هاوڵاتیەک بریندار دەبن دواتر هێزە ئەمنیەکان بۆ کونتڕۆڵی بارودۆخە دەچن و بڵاوە بەخۆپیشاندەران دەکەن و گرژی دروست دەبێت لەنێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنوسان کە بەهۆیەوە چەند ڕۆژنامەنوس و هاوڵاتیەک زامدار دەبن و دەست بەسەر کەل وپەلی ڕۆژنامەوانی هەندێ کەناڵ دەگیرێ و چەند کەسێک دەستگیر دەکرێن. ئێمە نیگەرانین لەو بارودۆخەی کە ڕوویدا دژی هەر جۆرە توندوتیژی و کارێکین کە پێچەوانەی ڕێکارو بنەماکانی مافی مرۆڤ بێت و هەمیشە لەگەڵ خۆپیشاندانی مەدەنین لەچوارچێوەی ڕێکارو یاسا کارپێکراوەکان وەک ڕێکارێکی مەدەنی و دژی هەر جۆرە ڕێگری و پێشێلکاریەکین بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بکرێ هیوادارین گردبونەوەو خۆپیشاندانەکان نەبنە مایەی وەستانی بازاڕو کاری خەڵک و شەقام و ڕێگاو بان بەڵکو بەڕێگای مەدەنی داواو داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن کە مافێکی سروشتی و یاساییەو پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکانی خۆپیشاندەرانەوە بچێت. ئەرکی هێزە ئەمنیەکانە لەهەمان کاتدا پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکەن دوور لەبەکارهێنانی توندوتێژی . وەک دەبینین بەگوێرەی ڕاگەیانراوی دەزگا ئەمنیەکانیش لەسلێمانی دەستگیر کراوەکان هەموو ئازاد کراون هیچ بریندارێکیش لەنەخۆشخانەکان نەماوە هیوادارین هەموو لایەک بەئارامی مامەڵە بکەن لەپێناو سەلامەتی بۆ هەموان. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان. ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەراورد بەڕۆژانی ڕابردوو، لەسبەینێوە پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە لە زۆربەى شارەکانى هەرێمی کوردستان. بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ سێ شەممە 25- 02 - 2025 کەش/ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاویەکان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ درووسبونی شەختە لە کاتەکانی شەودا . پلەکانی گەرما / بەرز دەبێت بە (1 -2 ) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند (10 - 20) کم/ک. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8– 10 ) کم . سبەی چوارشەممە 26- 02 - 2025 کەش/ بە گشتی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەگەڵ دروسبوونی شەختە لەکاتەکانی بەیانی زوودا. پلەکانی گەرما / بەرز دەبێت بە (1 -2 ) بە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (10– 20 ) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 8 پلەى سیلیزى سلێمانی : 4پلەى سیلیزى دهۆک : 8 پلەى سیلیزى کەرکوک : 10 پلەى سیلیزى زاخۆ : 8 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 5 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: -5 پلەى سیلیزى سۆران: 5 پلەى سیلیزى گەرمیان : 11 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى 25- 02 - 2025
شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چوونە شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و بە زەبری هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا، رێگەیان بۆ هاتوچۆی تانکەری نەوتی قاچاخ کردەوە و مامۆستایەکی ناڕازیش دەڵێت، شەش کاتژمێر دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراین. بە وتەی ئەوانەی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكەدا، ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئازار دران و ژمارەیەكیشیان دەستگیركران و دواتر ئازادکران و هێرشیش كرایە سەر ژمارەیەک رۆژنامەنووس. رۆژی یەکشەممە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە عەربەت خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و رێگای ناحییەکەیان بەڕووی بارهەڵگرانی گواستنەوەی نەوتی قاچاخدا داخست و خێمەیان هەڵدا و مانەوە و رایانگەیاند، تا داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێن لەژێر خێمەكەدا دەمێنینەوە و داهاتی دەسەڵات پەکدەخەن، بەڵام شەوی رابردوو بە زەبری هێز كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێنا. زانا محەمەد، فەرمانبەری ناڕازی باسی لە ساتەوەختی دروستبوونی گرژییەکان کرد و گوتی، پێشتر هەستیان بە هەبوونی پیلانێک دەکرد بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشانداکە و کەسانی نەناسراو خۆیان بە شۆفێری بارهەڵگر ناساندبوو و بوونە هۆکاری دروستبوونی گرژییەکە. هاوکات، ئاکۆ محەمەد. مامۆستای ناڕازی کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوان ڕایگەیاند، ماوەی نزیكەی شەش كاتژمێر لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران و لە خۆپیشاندانەكەدا نۆ مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركران. ئەو وتیشی، ئاسایشی سلێمانی ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆریانداون و لەکاتی دەستگیرکردنەکەیاندا بەشەش کەسەوە لێیان داوە و بەو هۆیەوە دووجار لەهۆش خۆی چووە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: شەوی ڕابردوو ٢٠٢٥/٢/٢٤ لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتیان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا چەند شۆفێرێک و هاوڵاتییەک بریندار بوون. دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. جەختیشدەكاتەوە لەوەی، له ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوه و هاوڵاتییە بریندارەكان نەخوشخانەیان جهێشتووە.
سەرۆکى کاتى سوریا، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ڕێگە بەوەنادەن خاکى سوریا دابەشببێت و جەخت لەسەر یەکڕیزی وڵاتەکەى دەکاتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 25-02-2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەی سووریا لەمیانی کردنەوەى کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاوەدانکردنەوەی وڵات، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و چەندان بابەتی دیکەی کرد. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە وتارەکەیدا وتى: پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و پێویستە هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاو بکرێن. سەرۆکی کاتیی سووریا جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان، ژێردەستەیی قبووڵ ناکەن و "سووریاییەکان خۆیان وڵاتەکەیان رزگار کرد". دەشڵێ "پێویستە رێز لە هەموو ئەو قوربانییانە بگیرێت کە گەلی سووریا داویەتی. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شەرع باسی لە یەکپارچەیی ئەو وڵاتە کرد و دووپاتی کردەوە "سووریا دابەشبوون قبووڵ ناکات و یەکگرتووە." وەکوو خۆی وتی: "پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ئەمە ئەرکە." سەرۆکى کاتى سوریا جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی سوریا وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە وڵاتەکەی لە ونبوون ڕزگار کرد، بەڵام هێشتا لە ئاستە جیاجیاکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە قۆناغی ئێستا نوێنەرایەتی سەرەتایەکی نوێ دەکات لە مێژووی سوریادا. کۆنفرانسى نیشتیمانیی سووریا، ئەمرۆ سێ شەممە یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات. بڕیارە کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام دەکرێت درێژبکرێتەوە ئەگەر پێویست بکات. بەرپرسانى کورد و ئەندامانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری و هەسەدەش ڕایدەگەیەنن بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا. وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک فەرهاد شامی و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندوە کە هیچ کام لە ئەندامەکانییان بانگهێشت نەکراون بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە پێویستی دەزانێت پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ڤیدیۆیی بێت و جەختدەکاتەوە ئەگەر وا نەبێت قبوڵی ناکەن، ئەوەش دواى وتەکەى وەزیرى دادى تورکیا کە ئاماژەى بەوەکردبوو، هەلومەرج لەبار نییە بۆ ئەوەى بانگەوازەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت. بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەی کەجەکە، لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ Medya TV لەبارەی بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلانەوە دوا کە بە بانگەوازێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە. بەسێ هۆزات بە توندی وەڵامی یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیای دایەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند هەلومەرجی یاسایی لەبار نییە بۆ ئەوەى بانگەوازەکە بەشێوەى ڤیدیۆیی بێت و دەڵێت: "بە هیچ جۆرێک ئەوە قبوڵ ناکەین، 26 ساڵە گۆشەگیری خراوەتە سەر 'ڕێبەر' ئاپۆ، ئەمەیش ئەشکەنجەدانە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیش ئەمە بە ئەشکەنجە و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دەدەن". بەسێ هۆزات سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەوەی لە 22 تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە داوای لە ئۆجەلان کردووە بچێتە پەرلەمان، کەچی هێشتا گۆشەگیرییەکانی سەر ئۆجەلان بە توندترین شێوە بەردەوامە و دەڵێت: "ئەو گوتانەی وەزیری دادی تورکیا بەو واتایە دێت، چۆن لەو دۆخە نوێیە دەڕوانن و هیچ بە هەندی وەرناگرن". هۆزات ڕەخنەی ئەوەی لە یڵماز تونچ گرت بۆچی هەلومەرجی یاسایی بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی بە شێوەی ڤیدیۆیی بێت لەبار نییە، بەڵام کە بە نوسراو بێت لەبارە و دەڵێت: "ئایا دەکرێت لە کاتێکدا ئۆجەلان پەیام بڵاو بکاتەوە کە هێشتا گۆشەگیری سەری هەڵنەگیرابێت؟ پەیامێکی لەو جۆرە تا چەند کاریگەر دەبێت؟ مادام داوا لە سەرۆک دەکەن پەیامی هەبێت، گۆشەگیرییەکەی سەری هەڵبگرن و چیتر ئەشکەنجەی مەدەن". بەسێ هۆزات ڕەتی کردەوە ئۆجەلان هیچ ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری لەگەڵ تورکیا کردبێت و ڕەخنەی ئەوەیش لە گەورە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت کە هەر دەمیان دەکەنەوە دەڵێن با پەکەکە چەک دابنێت، کەچی لە ڕاستیدا بەردەوام لە درێژەدان بە شەڕ لە دژی پەکەکە. هەر لەبارەی گوتەکانی یڵماز تونچ، دوێنێ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی وتی: "بەپێی زانیارییەکانمان بانگەوازەکە ڤیدیۆیی دەبێت. خۆ ئەگەر بە ڕاستیش ئەمە بۆ پرۆسەی ئاشتى بێت پێویستە بەم جۆرە بێت و دەرگاکان بکرێنەوە". ناوبراو جەختیشیکردەوە، لە کەشێکدا کە مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت بانگەوازەکە ڤیدیۆییە یان نا، ناکرێت باس لە ئاشتی و کەشێکی دیالۆگی تەندروست بکرێت. ئەمە بەو واتایە دێت گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بەردەوامە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رەتیدەکاتەوە ئەوان هیچ کەسێکیان دەستگیرکردبێت لە گرژى و ئاڵۆزیەکانى شەوى ڕابردوو لاى چادرى مامۆستایانى ناڕازایی. لەوبارەیەوە رونکردنەوەیەکیان بڵاوکردوەتەوە. دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: شەوی ڕابردوو ٢٠٢٥/٢/٢٤ لە نزیک شارۆچکەی عەربەت، بەهۆکاری ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی ژمارەیەک بارهەڵگر لەلایەن مامۆستایان و هاوڵاتیان، سەرئەنجام بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانیاندا چەند شۆفێرێک و هاوڵاتییەک بریندار بوون. دەزگای ئاسایشی هەرێم وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان و سەلامەتی گیانی هەموو لایەک گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گرتەبەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. جەختیشدەكاتەوە لەوەی، له ئێستادا هیچ كەس دەستگیرنەكراوه و هاوڵاتییە بریندارەكان نەخوشخانەیان جهێشتووە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەڵێت بۆ ڕەمەزانى ئەمساڵ سهرفیتره و فیدیهی بهڕۆژوو نهبوون بۆ ههر ڕۆژێك سێ ههزار دینار دهبێت. ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان تایبەت بە پرسی دیاریکردنی رێژەو ئەندازەی زەکاتی پارە و سەرفیترەو فیدیەی رۆژووی مانگی رەمەزان کۆبوويەوە. لەکۆبوونەوەکەدا دوای هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی وردی پرسی دیاریکردنی رێژەی زەکات و سەرفیترەو فیدیە لە چوارچێوەی بنەماکانی شەریعەت و رێساکانی فیقهی ئیسلامی و بەراوردکردنی بۆچوونی گەورە زانایان و لەبەر چاوگرتنی نرخی زێڕو زیوو، پاڵپشت بە بەڵگەی دروست و زانستی رێژەو ئەندازەی زەکات و سەرفیترەو فیدیەی بەم شێوەیەی خوراەوە دیاری کرد: یهكهم: ڕێژهی سهرفیتره بۆ ههر كهسێك له ئهمساڵدا بهلایهنی كهم (3000) سێ ههزار دینار دهبێت. دووهم: ئهندازهی فیدیهی بهڕۆژوو نهبوون بۆ ههر ڕۆژێك (3000) سێ ههزار دینار دهبێت. سێیهم: ئهندازهی ئهو پارهیهی زهكاتی تێدا واجب دهبێت (نیصابی زهكات) بریتییه له (2,500,000) دوو ملیۆن و پێنجسەد ههزار دینار، واته: ههركهسێك (دوو ملیۆن و پێنجسەد ههزار دیناری عێڕاقی )ههبێت و، ساڵی بهسهردا سوڕابێتهوه، واجبه بۆههر ملیۆنێك بیست و پێنج ههزار دیناری عێڕاقی به زهكات بدات به ههژارو كهم دهرامهتان.
