شەش کامێرای نوێی تۆمارکردنی تیژڕەویی لەسەر رێگەیەکی سلێمانی دادەنرێن؛سەرپێچیی بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنیی پشتێنی سەلامەتی تۆمار دەکات. بەڕیوەبەرایەتى هاتوچۆی سلێمانی کامێرای نوێ و کوالێتی بەرز لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و رێگای تاسڵوجە جێگیر دەکات کە چەند سەرپێچییەکی نوێ تۆمار دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، کامێراکان پێشکەوتوون و بە هەردوو ئاڕاستەی هاتن و رۆیشتن دادەنرێن و لە رێگای کێبڵەوە پەیوەستدەکرێن بە یەکدییەوە و راستەوخۆ سەرپێچییەکان تۆماردەکات، وەک: سەرپێچی نەبەستنی پشتێنەی سەلامەتی، بەکارهێنانی مۆبایل و تێپەڕکردنی گڵۆپی سوری ترافیک لایت. هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانیش ئەوەى خستوەتەڕوو، کامێراکانی پێشوو کوالێتیان تێکچووبوو و دەگۆڕدرێن بۆ کامێرای دیجیتاڵی کوالێتی پێشکەوتووتر و لەدوای دانانیانەوە سەرپێچییەکان کەمدەبنەوە. هاوشێوەى سلێمانى سەرەتاى مانگى دووى ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر کامێراکانی تۆمار کردنی سەرپێچی تیژڕۆیی جێگیر لە چوارڕێیانەکان خستەکار. ئەوەشیان ڕاگەیاند کامێراکان ئەم سەرپێچییانەی خوارەوە تۆمار دەکەن: نەوەستان لە گڵۆپی سوری ترافیک لایت. لێخورین بە خێرای زیاتر لەو خێرایەی کە رێگەی پێدراوە بۆ تێپەڕین لە ترافیک لایت لەوکاتەی گڵۆپی ترافیک لایت سەوزە. زیاتر هاتەنەپێش و تێپەراندنی هێلی پەڕینەوەی پیادە لەو کاتەدا کە گڵۆپی ترافیک لایت سورە.

ها هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ ڕایگەیاند، بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری نەخشە ڕێگایەکی گرنگە نەک تەنها بۆ کوردستان و تورکیا، بەڵکوو بۆ ئاشتی جیهان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک. بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەردەوام بێت، پێویستە سیستەمی ئیمرالی کۆتایی پێی بێت. لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا غەریب حسۆ هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) باسی لە پرۆسەکە کرد کە بە دەستپێشخەری ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە و بە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە. حسۆ ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت، پێویستە دیوارەکانی ئیمرالی هەڵوەشێتەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری بۆ ئاشتی، دیموکراسی و خوشک و برایەتی کردووە، بانگەوازییەکی مێژوویی کردووە. لە هەموو جیهاندا رەنگی دایەوە. بەم بانگەوازە ڕێگا خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ و چارەسەری و بە تایبەت کۆتایی هاتنی شەڕ.  هەروەها وتیشى: یەکسانی، خوشک و برایەتی، دیموکراسی و ئاشتی بەدوای خۆیدا دێنێت. جەوهەر و مانای بانگەوازییەکە زۆر گرنگە. بێگومان ئەم بانگەوازییە کاریگەرییەکی گەورە دروست دەکات." غەریب حسۆ ڕایگەیاند؛ تورکیا لە لێواری تێکچووندایە  وەک دەزانرێت ٥٠ ساڵە شەڕ بەردەوامە تێکۆشان و بەرخۆدان، کە بەهۆی هێرش و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک کە ڕێگری لە ئاشتی دەکرد، وتیى: ئاستەنگی لەسەرە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی. ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازییەکەیدا بە ڕوونی سەرنجی خستووتە سەر سیاسەتەکانی نکۆڵی و لەناوبردنی دەوڵەتی تورک و هۆکارەکانی پێکهێنانی پەکەکەشی ڕوونکردەوە. ئاماژەی بە دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتەکانە کردووە کە لەسەر بنەمای لەناوبردنی گەلەکەی و لەناوبردنی دەرفەتەکانی ئاشتی و دیموکراسی دامەزراوە. بۆیە دەبێت ئەم بانگەوازییە مێژووییە بە شێوەیەکی دروست تێبگەین و پشتیوانی لێبکرێت.  ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک پێویستە هەمووان هەوڵی ئاشتی بدەن. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازیی بۆ ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکە. بانگەوازێکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزی و قەیرانەکان لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی. غەریب حسۆ ڕایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو ئاشتی و ئارامییەی کە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی لایەنەکان و سەرهەڵدانی پێشهاتە نوێیەکان سەرهەڵدەدات، کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەت سووریاش دەکات و وتی: "ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی پێویست لە وەڵامی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆدا بنێت، ئەوا پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نوێیەکان ڕوودەدەن و هەنگاو بەرەو دیموکراتیزەکردن دەگیرێنەبەر. هەروەها کێشەکانی سووریا و عێراقیش چارەسەر دەبن. بۆیە ئێمە لە پرۆسەیەکی گرنگی مێژووییداین. ئاشتی و دیموکراسی کە لە ڕێگەی دیالۆگەوە بەدەست دێت و سوودی بۆ هەموو جیهان دەبێت.

  بانکی ناوەندی عێراق دراوێکی ئەلیکترۆنی تایبەتی خۆی دەخاتە بازاڕی مامەڵەکانەوە، راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانیش ئەوە بە بازدانێکی گەورە لە سیستمی مامەڵە و شەفافیەت و رێگریی کردن لە سپیکردنەوەی پارە ناودەبات. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع) رایگەیاند: بانکی ناوەندی دراوێکی ئەلیکترۆنی تایبەتی خۆی دروست دەکات و هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە جێگرەوەی دراوی کاغەزی، ئەو هەنگاوە بازدانێکی گەورە و جۆرییە لە سیستمی مامەڵە و پارەدانی ئەلیکترۆنی نیشتیمانی. ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەو هەنگاوە چەندین سودی هەیە لەوانە کەمکردنەوەی دزەکردن و تێچووی چاپ بکرن و دانانی سنورێک بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە دەرەوەی سیستمی بانکی، سەرەڕای کەمبونەوەی پێویستی بۆ چاپکردنی پارە بە بەردەوامی و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دراوی کاغەزی. راوێژکاری سەرۆک وەزیران پێیوایە؛ دراوی ئەلیکترۆنی شەفافیەت دەستبەر دەکات  دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی مامەڵەی دراو بکرێت، لەگەڵ چاودێریی نەختینەی ژمارەیی و ئاڕاستەی مامەڵەکان، سەرەڕای ئەوەی بەکارهێنانی ئاسانە و وەبەرهێنانیش تێیدا ئاسانە، بە ئاسانی چاودێریی سەرمایە و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دەرەوەی وڵات دەکرێت و پاڵپشتییەکی بەهێزی روبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارەشە. مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: دراوی ئەلیکترۆنی پارێزگاریی لە ئەرکە نەریتی و کلاسیکییەکانش دەکات وەک یەکەیەکی ژمێریاری، لەگەڵئەوەی لە رێگەی ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەکیشەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەوەش هاوبەشییەکی باشە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دارایی زیاتر سەقامگیر و پێشکەوتوو.

  سەرچاوەیەک لە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆران هەرێم تەواوکرد. ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، لیژنەکە راپۆرتێکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی دوو ئامادەکردووە و بڕیارە سبەینێ یەکشەممە لەگەڵ کردنەوەی دەوامی فەرمیدا بدرێتە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بڕیاری خۆی لەسەر بدات. بەوتەی سەرچاوەکە، ئەگەر سبەینێ تەیف سامی هیچ تێبینییەکی لەسەر راپۆرتەکە نەبێت، ئەوا راستەوخۆ تەمویلکردنی پارەی مووچەی مانگی دوو لەلایەن بەغداوە دەستپێدەکات. ئەوە لەکاتێکدایە، 03ـی ئەم مانگە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکارییەی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:   1- پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. 2- تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە جێکردن "تەوتین"ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە. 3- ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر  ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە ( 70018).   دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، پێنجی ئەم مانگە دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات. بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە. ڕۆژی چوارشەمەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمیان رەوانەی بەغداد کردووە.

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت وتوومانە نابێت لەکابینەى داهاتوودا حکومەتی سێبەر هەبێت و ئێمە گەرەنتیمان دەوێت. سەبارەت بە دواین گۆرانکارى و دانوستانەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێ، سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت لەو کۆبوونەوەیەدا کۆتایی بە زۆربەی بڕگەکانی رەشنووسی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت هێنراوە. هەروەها وتیشى: هیچ نەماوە لە کۆبوونەوەکانماندا باسمان نەکردبێت.   لەبارەی چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەت، سەعدی پیرە دەڵێت: سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەیەکەوە رادەسپێردرێن، "راسپاردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی نایاسایی نییە." هەروەها دەڵێت، "سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەت دەست لەکار بکێشێتەوە، حکومەت بە هەڵوەشاوە دادەندرێت." قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی لە کۆڕبەندی هەولێر ئەوەى خستەڕوو، لەگەڵ پارتی باسی پۆستیان نەکردووە. وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: پارتی بە ئەوانی نەگوتووە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ هێڵی سوورن. هاوکان سەعدی پیرە وتیشى: لە رابردوودا سەرۆکی حکومەت راوێژکار داناوە بۆ راپەڕاندنی کاروباری وەزارەتەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزیر, ئەو ئاجەختى کردەوە ئەگەر پارتی پۆستەکانی خۆی لە حکومەتی داهاتوو دیاریکردبێت، ئێمە بۆ دانوستاندن بکەین، وتیشى  نابێت پارتی قەییوم لە پۆستی بەتاڵی یەکێتی دابنێت. لەکۆتایی قسەکانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت وتوومانە نابێت حکومەتی سێبەر هەبێت،  سەرۆکی پەرلەمان کراوەتە دیلی دەستی جێگر و سکرتێری پەرلەمان.

هاوڵاتى ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت بە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ١٩ی مانگى یەکى ڕابردوو لە کەرتی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێشتا هەنگاوەکانى قۆناغی دووەم ڕوون نییە. سەبارەت بەو کۆبوونەوەو گفتوگۆکانى دوێنێ لە قاهیرە لە نێوان شاندەکانی ئیسرائیل، قەتەر و حەماس سەبارەت بە قۆناغی دووەم، زۆر شت ئاشکرا نەکراوە. دوو سەرچاوەی ئەمنی میسریش دوێنێ ئاشکرایان کردوە کە شاندی ئیسرائیل لە قاهیرە هەوڵی درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمیان دا بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژی دیکە. بەڵام ئەوان پشتڕاستیان کردەوە کە حەماس ئەم هەوڵانەی درێژکردنەوەی درێژکردنەوەی ڕەتکردۆتەوە، بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، داوای گواستنەوەی بۆ قۆناغی دووەمی کردووە وەک ئەوەی لەسەری ڕێککەوتوون. ئەمرۆ ماوەى 42 ڕۆژەڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە جێبەجێدەکرێت، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕەکە تاوتوێ دەکات، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە. ماڵپەڕی ئیسرائیل هایۆم ڕایگەیاندووە کە ناتانیاهۆ ڕاوێژکاری ئەمنی سەبارەت بە زیندانییەکان و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کاتی کۆتایی هاتنی ئاگربەست ئەنجام دەدات. دەزگای پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی سەر زیندانییەکان بڵاویکردەوە، قەتەر و میسر کار لەسەر داڕشتنی چارەسەرێک دەکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، هەروەها نێوەندگیرییەکان ئیسرائیلیان هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەم دەست پێنەکەن، ئاگربەستەکە درێژ ناکرێتەوە. لە کاتێکدا کە قاهیرە شاهیدی دانوستانی چڕ و پڕە سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنی ئاگربەست، کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانەوە ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی قاهیرە باش نەبوون.

  وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت دەکات سەردانی بەغداد بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم. ئەمڕۆ شەممە (1ـی ئازاری 2025) وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کورستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) کرد رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی بەغداد بکەن بۆ گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوە لەسەر چەندین دۆسیەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ناویاندا گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت بۆ ئەوەی بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بە بەرزترین شێوە بە جۆرێک خزمەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی بکات. بانگهێشتەکە داوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: لە چەند سەعاتی داهاتوودا کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و رۆژانە بە تێکڕا 185 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت لە قۆناغی سەرەتادا و دواتر هەنگاو بە هەنگاو رێژەکە زیاد دەکرێت. لەبەرامبەردا کۆمەڵەی ئەپیکۆر کە لە هەشت کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکدێت و 60%ـی کۆی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات، رایگەیاند: تا ئەنجامدانی رێککەوتنی نوێ و گرەنتینەکردنی مافەکانیان ئامادەنین نەوت هەناردە بکەنەوە. کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان (ئەپیکۆر) لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوەکرد، کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە هەرکاتێک رێککەوتنی فەرمی کرا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی ڕابردوو و داهاتوو کە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییە گرێبەستییەکانی ئێستایاندا بگونجێت، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەک لەم بارەیەوە بە کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر نەکراوە. جەختی کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر هیچ ڕێککەوتنێکیان نەکردووە کە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەمڕۆدا. رۆژی 23 ـی شوباتى 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رێککەوتنى کۆتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی بڕی بەردەست رایگەیاند. حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق لەچەند رۆژى رابردوودا بە تەلەفزیۆنى فەرمى عێراقى راگەیاند: لەچەند رۆژى رابردوودا دانوستانیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە و گەیشتوون بەوەى پەلەبکەن لە هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى بۆرى نەوتى عێراق-تورکیاوە.

  تەرمی ئەو چوار کەسە دۆزرایەوە کە ئێوارەى دوێنێ هەینی لە شاخێکى شارى بانەى لە پارێزگای کوردستان(سنە)ی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە ژێر بەفرە.   ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئاداری 2025، عەلى ئەکبەر، جێگرى پارێزگارى سنە، ڕایگەیاند دوای گەڕانێکی زۆر، تەرمی ئەو چوار شاخەوانە دۆزرایەوە کە دوێنێ لە ئەنجامی هاتنی رەنووی بەفرەوە بێسەرشوێن بوون. ئەو بەرپرسە ئەوەشى وت ئێوارەی دوێنێ دوو گروپ لە شاخەوانی ناوخۆیی لە بەرزاییەکانی حەفت تاش کە ٤٠ کیلۆمەتر لە بانەوە دوورە، لە ڕێگای گەڕانەوەیان ڕووبەڕووی سێ بەفربارینی یەک لە دوای یەک بوونەتەوە، و حەوت شاخەوان کەوتونەتە ژێر بەفر. ئەوەشى ئاشکراکرد کە ئەمڕۆش لە کاژێر 5 بەیانییەوە گەڕان بە دوای ئەو هاونیشتمانییانە دەستی پێکرد. جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان، تیمەکانی فریاکەوتن ئامادە بوون.   دوێنی هەینی کۆمەڵێک شاخەوان کە بە مەبەستی شاخەوانی چووبوونە چیایەکی نزیک شاری بانە و ئەندامی هەردوو گرووپی شاخەوانیی پاژین و سوور کێو بوون، بەر رنووی بەفر کەوتن. هەر دوێنێ تەرمی دوو کەسیان دۆزرایەوە و 4 کەسیش بە برینداری دەرهێندران.  ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا، دوو ژن و 4 پیاون بە ناوەکانی شەهلا رەحمانی، رووناک دانشمەند، عومر عەبدوڵڵاهی،کاروان ئەحمەدپوور، خالق محەممەد نەژاد و یاسا سادقی و خەڵکی بانەن.

کۆمیتەی بەڕێوەبەرى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەمڕۆوە ئاگربەستی راگەیاند و دەلێت: بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت.   لەراگەیەندراوێکیدا (پەکەکە) کە ئەمرۆ شەممە، 1ـی ئادار بڵاویکردەوە، دەڵێت: ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. لە ڕاگەیاندنەکەدا پەکەکە هەروەها داوای کرد کە مەرجەکانی ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان و رێگەپێدانی بە پەیوەندیکردن بە کەسانی دەرەوە دابین بکرێن بۆ ئەوەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت."   دەقی راگەیێندراوی پەکەکە:   "راگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین.   جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو زۆر گرنگە   لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات.   بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و رایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن.   هێزی بەڕێوەبردنی خەبات و هاوئاهەنگی پەکەکە کە داڕێژراوە دەدرێتە گەل   زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی راستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و رەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە رێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ژیرییەی کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، راستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان.   بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات   لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت.   بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی بەڕێوەی ببات   هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات.   پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی ئازادی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن   ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن.   بانگەواز کۆتایی نییە دەستپێکێکی نوێیە   گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان!   بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لەم 20 ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو رادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت.   پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین   با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین.   بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن   ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی 8ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی رێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە راستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن.   لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی 8ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی رێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن!   بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە!   "بژی رێبەر ئاپۆ!"

دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و هاوارکردنیان بەسەر یەکدیدا؛ سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی ئەمریکا دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی و بۆ ئەو سەردانەی بۆ واشنتن بۆی رێکخرا.  ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "سوپاس ئەمریکا، سوپاس بۆ پاڵپشتیتان، سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم سەردانە."  لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "سوپاس سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا. ئۆکراینا پێویستی بە دادپەروەری و ئاشتییە، ئێمە رێک کار بۆ ئەوە دەکەین." ڕۆژى هەینی 28ی مانگی دوو دۆناڵد ترەمپ دوای دیدار لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند زێلێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی. لە بەیاننامەکەدا ترامپ دیدارەکەی لەگەڵ زێڵێنسکی بە "زۆر مانادار" ناودێر کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە زۆر شت فێربووە کە بەبێ دیالۆگ و گفتوگۆ لەژێر فشارێکی لەو شێوەیەدا هەرگیز فێرنەدەبوو. بە وتەی سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی، چونکە هەست دەکات دەستێوەردانی ئەمەریکا "سودێکی گەورەی" بۆ ئەمەریکا لە دانوستانەکاندا هەیە. دانۆڵد ترامپ ڕوونیکردەوە "من سوودم ناوێت، ئاشتیم دەوێت". سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم رۆژنامەڤانان لە سەرۆکی ئۆکراینا تووڕە بوو و هۆشداریی پێدا، یان دەبێت ئۆکراینا لەگەڵ وڵاتەکەی رێکبکەوێت، یان واشنتن کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت. کاتێکیش زیلینسکی گوتی، "دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟" ترەمپ پێی گوت، "نەخێر ناتوانیت، تۆ زۆر قسەت کرد!"  ترەمپ بە زیلینسکیی گوت، "تۆ قومار بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە دەکەیت. تۆ قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکەیت، ئەوەی تۆ دەیکەیت بێڕێزییەکی زۆرە بەم وڵاتە."   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ زیلینسکی، ترەمپ گەلی ئۆکراینا بە "زۆر ئازا" ناودەبات، بەڵام بە هاوتا ئۆکراینییەکەی دەڵێت، "تۆ دەبێت یان رێککەوتنێک بکەیت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر ئێمەش بچینە دەرەوە، خۆتان دەبێت ئەو شەڕە بکەن." زیلینسکی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەسەر کانزاکانی ئۆکراینا و تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا لە کۆشکی سپی بوو، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە "دیکتاتۆر" ناوی بردبوو. بەپێی کۆشکی سپی، رێککەوتنەکەش واژۆ نەکراوە.   کۆبوونەوەکە دوای هەفتەیەک لە لاوازبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان هات کە بەهۆیەوە سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیاش چوونە کۆشکی سپی، بۆئەوەی داوا لە ترەمپ بکەن کە کیێڤ پشتگوێ نەخات.   ئاڵۆزی و دەنگ بەرزکردنەوەی سەرۆکی دوو وڵاتەکە دوای چەند قسەیەکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هات کە گوتی، "دیپلۆماسیەت" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێویست بوو. زیلینسکی لێی پرسی، "چی جۆرە دیپلۆماسییەتێک؟" لە وەڵامدا ڤانس بەوە تۆمەتباری کرد کە لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکادا "بێڕێزیی" کردووە.  دواتر ترەمپ بە هاوتا ئۆکراینییەکەی گوت، "تۆ بە هیچ شێوەیەک وا رەفتار ناکەیت کە سوپاسگوزاری ئێمە بیت." گوتیشی، "بزنس بەم شێوەیە زۆر سەخت و قورس دەبێت."  دواتر سەرۆکی ئۆکراینا لایەنی بەرامبەری بەوە تۆمەتبار کرد کە دەنگیان بەرز کردووەتەوە بەسەریدا و "بە دەنگی بەرز قسەیان کردووە." لە درێژەی قسەکانیدا وتی ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی "بێڕێزی" بە ئەمەریکا کردووە و "هەرکاتێک ئامادەبوو بۆ ئاشتی دەتوانێت بگەڕێتەوە". هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانیان داوە پێش ئەوەی ئەم بەیاننامەیە بڵاوبکەنەوە و گفتوگۆکانیان لە کۆشکی سپی دەستپێبکەن. دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاندووە ڕێککەوتنێکی "زۆر دادپەروەرانە"یان لەسەر کانزاکانی ئۆکرانیا ئەنجامداوە و ڕێککەوتنەکەش "بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە" لەلایەن ئەمەریکاوە. سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا وڵاتەکەی ئەو کانزا دەگمەنانە کە لە ئۆکرانیا دەدۆزرێتەوە، دەردێنێت و لە بوارەکانی وەک زیرەکی دەستکرد و کاروباری سەربازیدا بەکاریان دەهێنن. سەرۆکی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی هیوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، جەختی لەسەر پێویستی سازان لە هەردوولا کردەوە. ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا چەکی بۆ ئۆکرانیا دەبێت، بەڵام "هیوادارم پێویست نەکات بڕێکی زۆر بنێرین". سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند کە ناوبژیوانێکی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیایە و دەیەوێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت. وتیشی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا قسەی کردووە و پوتن دەیەوێت بگەنە ڕێککەوتن. بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ پوتندا نییە بەڵکو لەگەڵ باشەیە بۆ ئەمەریکا و جیهان. لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی هیوای خواست کە ڕێککەوتنەکە ببێتە "هەنگاوێک بۆ پێشەوە" بۆ ئۆکرانیا. زێڵێنسکی ئاماژەی بەوەدا کە پوتن شەڕی دەستپێکردووە و بۆیە دەبێت تێچووی شەڕەکە بدات. سەرۆکی ئۆکرانیا پوتنی بە "بکوژ" ناوبرد و داوای لە دانۆڵدترامپ کرد سازش لەگەڵیدا نەکات. دیدار و گفتوگۆی ترامپ لەگەڵ زێڵێنسکی تەنها ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لەگەڵ کێیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆشکی سپی ڕوویدا. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی دوێنێدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەنگاوی داهاتووی شەڕی ئۆکرانیا هەنگاونان بەرەو ئاگربەستە، هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بەو ئاگربەستە "بەخێرایی" بەرەوپێش د  

هاوڵاتى ئێوارەى ئەمڕۆ چوار شاخەوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەرەسى بەفرەوە گیانیان لەدەستدا، سێ کەس بریندار بوون و سێ کەسی دیکە بێسەروشوێنن. دوابەدوای دیارنەمانی گرووپێک شاخەوانی لە بەرزاییەکانی گوندی هەفتاشی سەر بە شارى بانە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، پارێزگارى کوردستان (سنە) فەرمانی کردووە ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەدواداچوونى هەڵگرتنەوەى تەرمى شاخەوانەکان و گواستنەوەى بریندارەکان و دۆزینەوەى شاخەوانە ونبووەکان بکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، شەش تیمی فریاگوزاری مانگی سوور کە ٢ تیمیان تایبەتن بە بەرپەرچدانەوەی خێرای شاخ، هەروەها تیمێک لە خەڵکی شارى سەققز، ڕەوانەی ناوچەکە کراون ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاریی پێویست گیراوەتەبەر. پەیام جەلالی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سووری کوردستان ڕایگەیاندوە: چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ژمارەیەک شاخەوان لە ژێر بەفربارینێکدا لەسەر میحوەری بانە بەرەو گوندی بەیان دەرەح (بەرزایەکانی چیای هەفت تاش) دوای بەفربارین گیریان خواردبوو". پەیام جەلالی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕووداوەکە دەستبەجێ سێ تیمی ئۆپەراسیۆن ڕەوانەی بەرزاییەکانی چیای هەفت تاش کران بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا، کە بۆ شەش تیم زیادکرا. لەلایەکى دیکەوە جێگری پارێزگاری کوردستان بۆ هەماهەنگی کاروباری مەدەنی ڕایگەیاند: چەند خولەکێک لەمەوبەر تەرمی دوو قوربانیان لە بەرزاییەکانی هەفتەش لەناو بەفر دۆزیوتەوەو گواستراونەتەوە بۆ پزیشکى داد. ئەو شاخەوانانە بە مینی پاسێک بۆ کات بەسەربردن چونەتە بەرزاییەکانى ئەو شاخەو لە سێ خاڵەوە لە کاتی خلیسکان لە یەکێک لە دۆڵەکانی ناوچەکەدا لە بەفربارینەکاندا گیریان خواردووە. جێگری پارێزگاری کوردستان، ئەوەى خستەڕوو ئەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە هی ژنێک و پیاوێکن، کە گواستراونەتەوە بۆ مردووخانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە بانە. بەوتەى ئەو بەرپرسە، ئەو کەسانە شاخەوانی پیشەگەر نەبوون و تەنها بۆ خۆشی هاتوونەتە ناوچەکە.

  چوار سەرچاوەی ئاگادار لە هەوڵەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل لۆبی و فشار دەخاتە سەر حکومەتى ئەمریکا، بۆ ئەوەی سوریا بە لاوازی و لامەرکەزی بمێنێتەوە، لەنێویاندا ڕێگەبدات، بە حکومەتى ڕووسیا دوو بنکە سەربازییەکەی لەو وڵاتە بهێڵێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەو کەمکردنەوەى کاریگەریی تورکیا لە سووریا. ئەو سەرچاوانە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزیان وتووە: پەیوەندییە زۆرجار ئاڵۆزەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لە سەردەمی شەڕی غەززەدا کەوتۆتە ژێر گرژی و  فشارێکی توندو زۆرەوە و بەرپرسانی ئیسرائیل بە واشنتنیان ڕاگەیاندووە، فەرمانڕەوا ئیسلامییە نوێیەکانی سوریا کە لەلایەن ئەنقەرە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشەن بۆ سەر سنوورەکانی ئیسرائیل. ئەم فشارانە ئاماژەن بۆ هەڵمەتێکی هاوئاهەنگی ئیسرائیل بۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە قۆناغێکی گرنگدا بۆ سوریا، لە کاتێکدا فەرمانڕەوا نوێیەکان لە سوریا هەوڵی چەسپاندنی سەقامگیری دەدەن و وا لە واشنتۆن دەکەن سزاکان هەڵبگرێت. سێ سەرچاوەی ئەمریکی و کەسێکی دیکەی ئاگادار بەو پەیوەندییانە دەڵێن ئیسرائیل بۆچوونەکانی خۆی گەیاندووەتە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە کاتی کۆبوونەوەکانیدا لە واشنتۆن لە مانگی شوباتدا، کۆبوونەوەکانی دواتر لە ئیسرائیل لەگەڵ نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا. هەروەها دوو لە سەرچاوەکان دەڵێن، خاڵە سەرەکییەکان لە "کاغەزێکی سپی"ی ئیسرائیلیدا بۆ هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکراکراون. هەموو سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاری دیپلۆماسییەوە بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردووە. ئارۆن لوند، هاوڕێی دامەزراوەی بیرکردنەوەی سەدە ئینتەرناشناڵ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، دەڵێت: "ترسی گەورەی ئیسرائیل ئەوەیە کە تورکیا بچێتە سوریاو ئەو فەرمانڕوا نوێیانەى سوریا بپارێزێت، کە دواتر لە کۆتاییدا دەبێتە بنکەیەک بۆ حەماس و چەکدارانی دیکە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەڵامی پرسیارەکانیان بۆ ئەم چیرۆکە نەدایەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزارەتەکانی دەرەوە لە سوریا و تورکیا دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوانیان نەدایەوە. سەرچاوەکان دەڵێن تا چەند ڕوون نەبووەتەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا چەند بیر لە پەسەندکردنی پێشنیارەکانی ئیسرائیل دەکاتەوە. کەمێک لەبارەی سوریاوە وتووە، ئەمەش نادڵنیایی بەجێهێشتووە لەسەر هەردوو داهاتووی سزاکان و ئایا هێزەکانی ئەمریکا کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتى سوریا جێگیرکراون دەمێننەوە یان نا.

وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سبەی ڕۆژى شەممە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزى ڕەمەزانە. پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقافى هەرێم وتى: لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان مانگى بینیوە بۆیە سبەی شەممە 01-03-2025ی وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد. پێشتر ڕوانگە فەلەکییەکان لەوڵاتى سعودیە ئاشکرایان کرد، ئەم ئێوارەیە هەینى، مانگی هیلالی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەسعودیە بینراوەو سبەینێ ڕۆژی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆز لە وڵاتە ڕاگەیەندرا. دادگای شاهانەی سعودیە ڕایگەیاند سبەی شەممە، یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان دەبێت. ڕوانگە فەلەکییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سعودیە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئامادەکارییەکانیان بۆ چاودێریکردنی مانگی هیلال لە کاتی خۆرئاوابوون دەستپێکرد، لەگەڵ ئامادەبوونی دەیان ڕۆژنامەنوس ڕوماڵ و میدیایی بەرفراوان بۆ ڕووماڵکردنی هەوڵەکانی چاودێریکردن، لەنێو ئاسمانی ڕوونى ئەو وڵاتە. هاوکاتى وڵاتى سعودیە زۆربەى وڵاتانى عەرەبى وەک ئیمارات، قەتەر و عومان سبەی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی  ڕەمەزان ڕادەگەیەنن. پێشتر نووسینگەی مەرجەعی باڵاى شیعە،  عەلی حسێن سیستانی ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەم ڕۆژى مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریکراوە.

  دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس سەبارەت بە "قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە" لە قاهیرە دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی بەر لە کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بتوانرێ درێژە بە ئاگربەستەکە بدرێت. دوو سەرچاوەی ئاسایشی میسر ئەمڕۆ هەینی 28ی مانگی دوو ڕایانگەیاند کۆبوونەوەکان لە قاهیرە بە مەبەستی وتووێژ لەسەر قۆناغی دووهەمی ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکردووە و ئامانجی شاندی ئیسرائیلیش لە دانوستانەکان درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەیە بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە. سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە حەماس دژایەتی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەکات و پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە لە سەرەتادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەوەش دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەیە. قۆناغی دووهەم ئەو هەنگاوانە لەخۆ بگرێت کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی شەڕەکە. قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کە 42 ڕۆژی خایاند، ڕۆژی شەممە 1ی مانگی سێ لەکاتێکدا کۆتایی دێت کە بڕیار بوو هێزەکانی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا دەست بە کشانەوە بکەن، بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەمە ڕوونادات. دوو سەرچاوەی میسری ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل بە مەبەستی درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە هاتۆتە دانوستانەکانی قاهیرە. هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە "دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی" ڕایگەیاندووە، وڵاتەکە داوا دەکات بە درێژکردنەوەی ئاگربەستی قۆناغی یەکەم لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە ئەمنییەکانی فەلەستین، هەر هەفتە، سێ لە بارمتە زیندووەکانی ئازاد بکرێن. ڕێکخراوی هەواڵگری و ئاسایشی میسر ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل، قەتەر و ئەمەریکا "دانوستانی چڕ"یان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە قاهیرە دەستپێکردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی میسردا ئاماژەی بەوەشکردووە نێوەندگرەکان باس لە "رێگاکانی زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە" دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە. ئیسرائیل چاوەڕێ دەکات 59 هاووڵاتی ڕفێنراوی خۆی ئازاد بکات کە تا ئێستاش لەلایەن گروپی توندڕەوی حەماس و چەکدارانی دیکەی غەززە بە بارمتە گیراون، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە زیاتر لە 30 کەسیان کوژراون. ئەگەر بۆ قۆناغی دووەم ڕێککەوتن بکرێت، ئەوا لەو ماوەیەدا بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن و لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییدا تەرمی بارمتە کوژراوەکان ڕادەست دەکرێن. حەماس پێداگری لەسەر کۆتایی هاتنی تەواوەتی شەڕ و کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات و سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 هێرشە لەناکاوەکەی بۆسەر ئیسرائیل کە بووە هۆی شەڕێکی بێ وێنە و بەرفراوانی ئیسرائیل لە غەززە، هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستە حوکمڕانی غەززە بکات و چەکەکانی بپارێزێت. شتێک کە ئیسرائیل و ئەمەریکا بە توندی دژایەتی دەکەن.

  پێنج وەزیری پێشووی بەرگریی داوا لە کۆنگرێس دەکەن لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر کارە بێباکەکانى و دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەربازی. لە نامەیەکی کراوەیاندا ئەو پێنج وەزیرەى بەرگریی لە کابینەکانى پێشووتری ئەمریکادا بوون، ئێوارەى پێنج شەممە بەکاتى ئەمریکا بڵاویانکردەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە "بە سیاسیکردنی" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سوپای وڵاتەکەى، هەروەها داوایان لە پەرلەمانتاران کرد دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن.  لای خۆیەوە ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی کارمەندانی باڵای سەربازی ئیمتیازێکی سەرۆکایەتییە کە سەرۆکەکانی پێش سەرۆکی کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاریان هێناوە. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەو هەنگاوە لە نێویاندا پێنج وەزیرەکە دەڵێن هیچ پاساوێکی لەگەڵ نەبووە سەبارەت بە لێهاتوویی یان کردەوەی ئەو سەربازانەی کە بەشداربوون. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترامپ هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چارڵز براون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەگرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاری فراوان لە سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا. پاشان پیت هێگسێت وەزیری بەرگری وڵاتەکەی نیازی خۆی بۆ گۆڕینی چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی دەربڕی. سکرتێری پێشووی ویلیام پێری، لیۆن پانێتا، چاک هاگڵ، جەیمس ماتیس و لۆید ئۆستین کە لە ژێر ئیدارەکانی دیموکراتەکاندا خزمەتیان کردووە، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس ڕایانگەیاندووە، “ئێمە زۆر نیگەرانین لە دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەرەکی سەربازی ئەم دواییەی سەرۆک ترامپ”. سکرتێرەکانی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا نووسیویانە: “ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بکەین لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر ئەو کارە بێباکانە”، داوایان لە یاسادانەران کردووە دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن. هەر لە هەمان چوارچێوەدا پێنج وەزیرە پێشووەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دەرکردنانە "پرسیارێکی نیگەرانکەر لەبارەی خواستی ئیدارە بۆ بە سیاسیکردنی هێزە چەکدارەکان و لابردنی سنووردارکردنی یاسایی لەسەر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دەوروژێنن".