لەکۆبونەوە نێوان سودانى و وەزیری ناوخۆی ئێران، جەخت لەسەر ئەوەکرایەوە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات چالاکبکرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى نوسینگەکەى، ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی کردوە لە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێز ئەسکەندەر موئمنی. لە بەشێکی ئەو دیدارەدا تاوتوێی ڕێوشوێنەکانی ئاسانکاری کردن کرا، بۆ زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، جەخت لەسەر چالاککردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ئێران کرایەوە، سەبارەت بە دانپێدانان بە مۆڵەتی شۆفێری نێوان هەردوو وڵات. هاوکات بەپێى ڕاگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش کراوە، لەوانە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان. هەروەها لە کۆبونەوەیەدا هاوکاری لە بواری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگی لە کاری دەروازە سنوورییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری جەختیلێکراوەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت، هێشتا 63 بارمتەى ئیسرائیلى لە دەستی بزوتنەوەى حەماسدا ماون، ئێمە پابەندین بە بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم دەستگیرکراوەکان. ئێوارەى ئەمرۆ شەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلن لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: تا ئێستا 192 ڕفێنراومان دۆزیوەتەوە کە 147 کەسیان لە ژیاندان و 45 کەسیش کوژراون، هێشتا 63 ڕفێنراو لە دەستی حەماسدا ماون. ئەو وتیشى: حکومەتەکەمان پابەندە بە بەردەوامبوون لە کارەکانی بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ڕفێنراوانی زیندوو بۆ خێزانەکانیان و مردووەکان بە کەرامەتەوە بنێژرێن. هاوکات دەسەڵاتی بنەماڵەی زیندانیانی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ناتانیاهۆ و داوای هاوکاری لە ترەمپ دەکات بنەماڵەی ئەو زیندانیانەی ئیسرائیلی کە لە دەسەڵاتی غەززە دەستبەسەرکراون دەڵێن ٦٣ دەستبەسەرکراو کە هێشتا لە دۆزەخی غەززەدان بۆ ڕۆژی ٥٠٥. ئەوان دەشڵێن: نەتەنیاهۆ ڕێگری لە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن دەکات بۆ دڵخۆشکردنی هاوبەشەکانی هاوپەیمانی لەسەر حیسابی دەستگیرکراوەکان، چۆن دەکرێت ترامپ و ویتکۆف نوێنەرەکەی لە نەتانیاهۆ زیاتر پابەندبن بە گەڕانەوەی دەستگیرکراوەکان؟ هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو هەموو ئەو هەوڵانە دەبیستین و دەبینین بۆ ئاستەنگکردن لە قۆناغی دووەمی گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردن و ئازادکردنی ئەوانەی لە دیلدا ماونەتەوە. ئەمڕۆ لە خولی حەوتەمی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حەماس سەرەتا دوو کەسیان ئازاد کرد، پاشان سێ کەسی دیکە و دواجار دوای کاتژمێرێک، دواهەمین کەسیان لە شەش بارمتە ئیسرائیلییە بەڵێندراوەکان لە بەرامبەر نزیکەی 600 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. ئەمەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە چەند کاتژمێرێک لەوەوبەر تەرمی شیری بیباسی وەرگرتووەتەوە. شەش بارمتەکە دوایین بارمتەی زیندوون لە کۆی ئەو 33 بارمتەیەی کە بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەدا ئازاد بکرێن کە لە 19 ی مانگی یەکەوە دەستیپێکردووە. نزیکەی 60 بارمتەی دیکە لە غەززە ماونەتەوە کە باوەڕوایە لە نیوە کەمترییان زیندوو بن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزارى وتەبێژی وەزارەتی نەوتی سوریاوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سووریا لەسەر بابەتی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دەسەڵاتدارانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرکردایەتی کورد دەستیانکردووە بە دابینکردنی نەوت لەو کێڵگە ناوخۆییانەی کە بەڕێوەی دەبەن بۆ حکومەتی دیمشق. ئەمڕۆ شەممە ئەحمەد سلێمان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی سوریا، وتى: نەوتی خاوی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەنێردرێتە پاڵاوگەکانی حومس و بەنیاس، یاخود بڵێین ئێستا بۆ پاڵاوگەکانی حومس دەنێردرێت، کە ناردنەکە لە رێگەی تەنکەرەوە دەبێت. بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی سووریا ئاشکرای کردوە بڕی ئەو نەوتەی دەنێردرێت، رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار بەرمیلە. هەروەها گازی سروشتی و گازی ماڵانیش دەنێردرێت، بڕی گازە سروشتییەکە 500 هەزار بۆ یەک ملیۆن مەتر سێجایە، کە دەنێردرێتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. ئەوەش یەکەم گەیاندنی ڕاستەوخۆى نەوتە لەلایەن ئیدارەى خۆسەرەوە، کە دەوڵەمەندە بە نەوت بۆ حکومەتی ئێستاى سوریا. سوریا لە ساڵی ٢٠١٠دا ٣٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، ساڵێک پێش ئەوەی ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئەسەد بگۆڕدرێن بۆ شەڕێکی نزیکەی ١٤ ساڵە کە ئابووری و ژێرخانی وڵاتەکەی وێران کرد - لەنێویاندا نەوتەکەی. کێڵگە نەوتییەکان چەندین جار دەستیان گۆڕی، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد لە کۆتاییدا کێڵگە سەرەکییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیان گرتەوە، هەرچەندە سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا هەناردەکردنیان قەدەغەکرد. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی یەکدا بەخشینی سزاکانی بۆ ماوەی شەش مانگ دەرکرد کە ڕێگەی بە هەندێک مامەڵەی وزە دەدات و بڕیارە یەکێتی ئەوروپا سزاکانی پەیوەست بە وزە و گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوە ڕابگرێت.
یەکێتى و پارتى ڕایدەگەیەنن، هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم. ئەمڕۆ شەممە، 22-02-2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانى کوردستان لە سلێمانی کۆبونەوەى شاندی دانوستانکاری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کۆردستانکرا. بەگوێرەی ڕاگەیەندرى دواى کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر. دەقى ڕاگەیەندراوەکەیان ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی هەردوو شاندی دانوستانکاری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کۆردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥، لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر. لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا . هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم.
گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانەیان لە زاپ ئەنجامدا و هەپەگە ڕایگەیاند، چوونەتە سەر تەرمی ١٠ داگیرکەر و دەست بەسەر کەرەستەی سەربازیی و چەندین کەلوپەلی سەربازیی و چەکی دوژمن، دەستیان بەسەردا گیراوە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکان پاراستنی گەل-هەپەگە، ئاماری چالاکییەکانی گەریلاکانی ئازادیی دژی سوپای داگیرکەری تورک و هێرشەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەیدا هەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکدا لە ئاسمان و زەوییەوە، هێزەکانی گەریلامان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕوادا وەکو وەڵام، لە ٢٠ـی شوبات ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانەییان لە زاپ ئەنجامدا، ئەم چالاکییە بۆ بەبیر هێننەوەی شەهیدانی کۆتا ئپەراسیۆنی شۆڕشگێڕانەیە، کە بە ڕۆحی فیداکاری ئاپۆیی سەرکەوتنێکی گەورە ئەنجامدرا. ئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییە لە گەلی تورکیا و ڕای گشتی شاردراوەتەوە، سوپای تورکیا ئاشکرای نەکردووە و کوژراو و بریندارەکانی خۆی شاردۆتەوە، وەزارەتی بەرگری نیشتمانی دەوڵەتی تورک دوێنێ ڕایگەیاند؛ تۆڵەی سەربازەکانی کردوەتەوە و ١٧ گەریلا شەهید بوون، بەڵام شتی وا بوونی نییە و ئەمە درۆیەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خەڵکی تورکیادا کراوە. هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەم وردەکاریانەی خوارەوەی ڕاگەیاند: یەکینەکانی شەهید ئاخین موش ڕۆژی ١٩ـی شوبات کاتژمێر ٠٨:٥٥ هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر داگیرکەران لە ناوچەی بەرخۆدانی گردی بەهار،لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا سەنگەریک لەناو برا. هەروەها لە ٢٠ـی شوبات، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی کوڕە ژارۆ ئۆپەراسیۆنێک لە دژی سەربازانی داگیرکەری تورک لە سێ لاوە ئەنجامدرا، گەریلا سەرکەوتووانە گەیشتنە سەنگەری داگیرکەران، بەشێک لە داگیرکەران سەنگەرەکەیان جێهێشت و هەڵهاتن، ئەو داگیرکەرانەی وەڵامیان دایەوە لێیان دەدرا و سزا دەدرا و لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا گەریلا تەواوی ئەو گردەی کۆنترۆڵکرد، هەموو سەنگەر و چادرەکانی سەر گردەکە لە دووریەکی کەمەوە بە نارنجۆک و چەکی تاکەکەسی و نیمچە ئۆتۆماتیکی لەناوبران. هەروەها کۆگای کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەر گردەکە، کامێرایەکی چاودێری، سیستەمی تەلەفریک لەناوبران، هەروەها پێنج خێمە سووتێنران، هەروەها دەست بەسەر چەندین چەک و کەرەستەی سەربازیدا گیرا، وە گەریلا چوونە سەر تەرمی ١٠ داگیرکەر، بەڵام سوپای داگیرکەری تورک بۆ شاردنەوەی ئەم شکستە، تەنیا ناوی مستەفا ئوسلوی هێناوە کە لەلایەن گەریلاکانەوە سزا درا، بەڵام لەم ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕانە و سەرکەوتووەدا، فەرماندە باڵای ئەو داگیرکەرانەش سزادراوە، ناوی سیان لەو کەسانەش کە سزا دراون بریتین لە ئلهان کۆکسۆی، حوسێن ئۆزدال و ئەیوپ ئۆکسوز. ئەو داگیرکەرانەی کە کوژراون و ئەوانەشی کە هەڵاتن، چەکی بیکەیسی، چوارچەکەی MPT-55، چەکێکی بۆمبهاوێژ، تفەنگێک، دووربینێکی ڕۆژ، دوو دووربینی شەو، دووربینێکی چەک، کامێرایەکی تەرماڵ، دەربینیکی چەکی MPT-55، بێتەلێک، سەرچاوەیەکی وزە، سێ بەرگوێ، ناسنامە، کارت و نەدێک پارەی تورکییان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە و گەریلا دەستی بەسەردا گرتووە. هەروەها کامێرای چاودێری، چەکی قورسی A4 و شوێنەکەی، چەکێکی نیمچە ئۆتۆماتیکی BKC، چەکێکی بۆمب هاوێژ، سەنسۆرێک، و چادرێکی جەنگ، کامەلیایەک، تەلەفزیۆنێک، دوو تەلەفۆن، پێنج کۆمپیوتەر و چوار تەلەسکۆبی داگیرکەرانیش لەناوبران. هەروەها لە ٢١ـی شوباتدا کاتێک کۆمەڵێک لە هەڤاڵانمان بە تەنیشت گوندی گوهەرزەێی سەر بە ئامێدیدا تێدەپەڕین، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەبەردەمیاندا دەوەستێت و خیانەتکارانە هێرشیان دەکاتە سەر، لە ئەنجامدا سێ هەڤاڵمان شەهید بوون، تا ئێستا ناسنامەی ئە شەهیدە قارەمانانە بە تەواوی لەلایەن ئێمەوە دەستنیشان نەکراوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکانەوە دەردەکەوێت کە هێرشکاران جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە و لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا بوون، بەڵام هێشتا دیار نییە سەر بە کام هێزن، دەبێت باجی ئەو خیانەتەیان بدەن. لەمەودوا هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دێرەلووک – ئامێدیەدا تێدەپەڕن، بەڵام بەبێ ئاڵای باشووری کوردستان، وەک دوژمن هەژمار دەکرێن و دەبنە ئامانجمان. هەروەها لە ڕۆژانی ١،٢ و ٣ـی شوباتدا، کامێراکانی چاودێری کە لەلایەن دوژمنەوە لە گۆڕەپانی بەرۆخدانی گردی بەهار دانرابوون، بە تاکتیکی نیشانە شکێنی کرانە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم چالاکییەدا سێ کامێرای چاودێری لەناوبران. لە ٦ـی شوباتدا، داگیرکەرێک کە دەیویست کامێرای چاودێری لەناوچوو لە گۆڕەپانی بەرۆخدانی گردی بەهار بگۆڕێت، بە تاکتیکی نیشانە شکێنی سزا درا. لە ٢٠ـی شوبات و دووجار داگیرکەران بە چەکی قورس لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کرانە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا دوو سەنگەر زیانیان بەرکەوتووە. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ ڕۆژی ١٨ـی شوبات لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ، تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرۆخدانی گردی جودی بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون. لە نێوان ١٦ بۆ ٢٢ـی شوباتدا لە ناوچەی خاکورک، گۆڕەپانی بەرخۆدانی لۆلان، کەندەکۆلا، بەرێ زینێ و گۆشین، گۆڕەپانی ئێندزێ لە قەندیل، لە هەێمی گارە لە گۆڕەپانی یەکەماڵ، گرێ، دێرەش، مام نێچیر، گرێ زەنگل، گرێ کون، زێڤکێ، هەفتەباخ، لە هەرێمی مێتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیر، سەری مەتینا، شیلادزێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار، بە گشتی ئەو ناوچانە ٣٢ جار بە فڕۆکەی شەڕکەر بۆردوومان کاروا.
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى، ڕایدەگەیەنێت بەفر بارین سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە دەگرێتەوە، بارینى بەفرێکى کەم لەسەنتەرى پارێزگاى هەولێرو کەرکوک. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ شەممە 22- 02- 2025 کەش / ئاسمان بەگشتى ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ، لەرۆژهەڵاتى هەرێم هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینى بەفرو بارانێکى کەم وە لەگەڵ هەندێ لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکان ، لە کاتەکانى شەودا دەگۆرێت بۆ هەورى تەواو . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با / باشووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە ( 1 – 3 ) پلەى سیلیزى بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە . مەوداى بینین / 8 – 9 کم دەبێت. سبەی یەک شەممە 23- 02- 2025 کەش/ ئاسمان هەورى تەواو دەبێت ، لەگەل بارینی بەفر لە زۆربەى ناوچە بەرزەکانى رۆژهەڵات و باکورى رۆژهەڵاتى هەرێم بەشێوەى پچڕ پچڕ ، بەفر بارین سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە دەگرێتەوە ، وە بارینى بەفرێکى کەم لەسەنتەرى پارێزگاى هەولێرو کەرکوک . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با / باشوورى خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە ( 2 – 4 ) پلەى سیلیزى لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 8 – 9 کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 6 پلەی سیلیزی سلێمانی : 2 پلەی سیلیزی دهۆک : 4 پلەی سیلیزی زاخۆ : 5 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 3 پلەی سیلیزی کەرکوک : 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 7 پلەی سیلیزی
وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پارە لە حکومەتی هەرێم، چاوەڕێی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیانن، وتیشى کاکە حەمە مانگی جارێک دووبارەی دەکاتەوە، قسەکانی سواون ئەوەندە دووبارەی دەکاتەوە. محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کاکە حەمە هەموو شەوێک قسە ئەکا ئێمە یەک جار ڕەدمان دایەوە، بۆ ئەوە قسە دەکات خەڵک باسی بکات و دائم بە کاکە حەمەوە مەشغوڵ بێت، کوردستان گیرو گرفتی زۆر لەوە گەورەتری هەیە کە کاکە حەمە ئاماژەی پێداوە، وتوومانە ئەوانە ڕاست نین، ئەوە ئێمە و حکومەتی هەرێم و کابینەی نۆ بزانە فلس وەردەگرین؟. محەمەد حەکیم وتیشى: کاکە حەمە مانگی جارێک دووبارەی دەکاتەوە، قسەکانی سواون ئەوەندە دووبارەی دەکاتەوە، زۆر قسە دەکات ئەوەشی زۆر قسە بکات هەڵەش دەکات. ئێمە ئیشمان نییە وەڵامی بدەینەوە؟" وتیشی،"چاوەڕێی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسین پەلەمان نییە، ئەوە بڕیاری مەکتەبی سیاسیە چی دەکەن سەبارەت بە قسەکانی." دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی سەحەری ئێرانی محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو مانگانە 150 هەزار دۆلار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، لە کاتێکدا ئەو حزبانە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم بوونی نییە. تۆمەتبارکردنی ئەو حزبانە لە لایەن محەمەدی حاجی مەحموودەوە یەکەم جار نییە، بەڵکو پێشتریش لە ساڵی 2023 لە دیمانەیەکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەدا کە خۆیی و هەریەک لە عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، قادر عەزیز کە ئەوکات سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو، بڕی یەک ملیۆن دۆلاریان لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سەربازی باڵای ئێران وەرگرتووە. لەدوای لێدوانەکەی کاکە حەمە لە تەلەفزیۆنی سەحەر، دکتۆر سەلاحەدین بابەکر وتەبێژی یەکگرتوو بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" کاکە حەمە تۆمەتێکی خستووەتە پاڵمان، تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندن پیشەی کەسانی شکستخواردووە و زۆریشمان بیستووە و بە شیاوی وەڵاممان نەزانیوە، بەڵام پێمان ناخۆشە ئەو بەرێزە بچێتە ئەو ئاستە، بەهەر حاڵ لەوەڵامدا دەڵێین، ئەوە تۆمەتە و تەشهیرە و مافی خۆمانە ڕەدی بدەینەوە و رێکاری یاساییش بگرینە بەر بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان."
فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دەرەوە، ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە سەبارەت بە سزاكانی ئەمریكا ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمەوە دەستپێنەكرێتەوە. ئەمڕۆ شەممە فەرهاد عەلادین، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئەوەى خستەڕوو: عێراق ئەو هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە كراوە ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە دەست پێ نەكرێتەوە. ڕاوێژکارەکەى سودانى، وتیشى: هیچ ڕاستییەك نییە بۆ ئەو هەواڵانەی میدیاكان باس لەوە دەكەن كە هەڕەشە هەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا ئەگەر هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە دەستپێنەكاتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی كە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا ڕوویانداوە، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەپاندنی سزا و هیچ جۆرە فشارێك لەسەر عێراق نەبووە. ئاژانسی هەوالی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردەوتەوە کە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات، ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە. دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ دژی تاران هەناردەکردنەکەی بگەیەنێتە سفر. حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهانی داببڕێت و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی لێ ببڕێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردنی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری ستراتیجییەوە پشتیوانی عێراقە، پڕۆژەی پەرەپێدان هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بنیادنانی عێراقێکی سەقامگیر. ئەمرۆ شەممە، 22ـی شوبات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی بەغدا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا کە لە هۆڵی بابل بەڕێوەدەچێت. هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنفرانسەکە ئامادەن. نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا وتارێکى پێشکەشکرد، لەبەشێکیدا وتى: پرۆژەی رێگای گەشەپێدان بۆ گشت عێراقییەکان گرنگە، هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بنیادنانی عێراقێکی سەقامگیر، لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بەوە هەیە سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندی هەمووانە، بە تەواوی پشتیوانی پڕۆژەی پەرەپێدان دەکەین. عێراق دەتوانێت پردێک بۆ دیالۆگ نەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێکان." نێچیرڤان بارزانی وای وت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، عێراق دەرفەتێکی باشی لەپێشە تاوەکو ببێتە ناوەندێکی "گرنگیی بازرگانی" و ئاماژەی بەوەشکرد "فرەچەشنی کۆمەڵگەی عێراق سەرچاوەیەکی بەهێزی عێراقە." نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "سەرەڕای ئاڵنگارییەکان بە هەوڵی هەمووان، عێراق دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت." هەر لە کۆنفرانسەدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وتارێکى پێشکەش کردو وتى: ناچینە هیچ جەمسەرگەرییەك و هاوسەنگی دروستمان پیادە كردووە، عێراقمان لە وابەستەیی و پاشكەوتەیی دەربازكرد، لەڕێی گفتوگۆوە كۆتایمان هێنا بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوە بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی لە دۆخێكی سیاسی ئاڵۆزدا. ئەمڕۆ چالاکییەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی (گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا) دەستیپێکرد، ناونیشانی کۆنفرانسەکە (پەیوەندی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی)ـیە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی فەرمی، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، وەڵامى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى دەداتەوەو دەڵێت: ئەم لایەنانە بۆچی سەغڵەتبوون بەوەی، کە وتراوە پارە لەهەرێم وەردەگرن، ئەگەر وەریناگرن فەرموو بەرپرسەکانتان سوێند بۆ ئەندامانی خۆتان بخۆن، کەبەهیچ شێوەیەک پارە لەحکومەت و هەرێم وەرناگرن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی سەحەری ئێرانی محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەریەک لە کۆمەڵ و یەکگرتوو مانگانە 150 هەزار دۆلار لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن. هەریەکە لە یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرى، قسەکانى محەمەدى حاجى مەحمودیان رەتکردەوە، دەڵێن تۆمەتێکی خستووەتە پاڵمان، رێکاری یاساییش بگرینە بەر بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان. لەوەڵامى ئەو قسانەدا فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە. دەقى ڕونکردنەوەکە خوا ڕاستەو ڕاستی پێخۆشە سەبارەت بە لێدوانەکانی جەنابی کاک محمدی حاحی محمودو ئاشکراکردن و وتنی چەند ڕاستییەکی شاراوە، کە بووە هۆی سەغڵەتبوونی هەندێک لایەن، کەئەو بابەتانەیان لە هاوڵاتیان و ئەندام و دەنگدەرانی خۆیان شاردۆتەوەو وتنی ئەو ڕاستیانەش جەماوەو ئەندامانی خۆیان لێ توڕەدەکات، هەر ئەمەش بووەتە هۆی لەرزاندنی عەرشی لەرزۆکیان، ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو: ١. ئەو لایەنانە لەڕۆژی دامەزراندن و ڕاگەیاندنیانەوە، هیچ شتێکیان بۆ خەڵک و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەکردووەو نەک خوێن عارەقیشیان بۆ کورد نەڕشتووە، نەک تەنیا لە سەردەمی خەباتی شۆڕشگێڕیدا، بەڵکو لە سەردەمی نوێ و شەڕی داعشیشدا ئەوکاتەی جەنابی کاکە حەمەو پێشمەرگە خۆبەخشەکانی سۆسیالست بەخوێنی خۆیان پارێزگارییان لەخاکی پیرۆزی کوردستان دەکردو خوێنی خۆیان پێشکەشی کورد و خاکەکەی دەکرد و خودی جەنابی کاکە حەمە لەپێشی پێشەوەی شەڕ سەربەرزانە ئەیوت ئەمەوێت لەمەیدانی شەڕدا شەهید بم نەک لەسەر جێگە بمرم و خوێنی کوڕەگەورەکەی پێشکەشی گەلەکەی کرد لەکاتێکدا بەشدار نەبووین لەحکومەت و تەنانەت یەک بەڕێوەبەری گشتیشمان نەبوو، ئەوان نەک ئامادە نەبوون خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بەڵکو شەڕی پۆست و پلەیان دەکرد و لەبری دابەشکردنی ڕەبایەو سەنگەری بەرگری، شەڕی پۆست و پلەیان دەکردو هەر ئەو حکومەتەی ئەوان تێیدا بەشداربوون، بڕیاری بڕینی موچەو ڕوبعە موچەو پاشکەوتیاندا. ٢. ئەو لایەنانە نەک ڕاستییەکان لەئەندام و هاوڵاتیان دەشارنەوە، بەڵکو سیاسەتێکی دووفاقی پەیڕەودەکەن و خەریکی چەواشەکارین، ئەوان بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، کەچی بەشێکی زۆری پۆستەگرنگەکان لای ئەوانن هەر لەجێگری پارێزگارەوە تا قائیمەقام و بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و جێگر، ئەگەر بەراستی ئۆپۆزسیۆنن ئەو پۆستانە بۆ لای ئێوەن. ٣. نازانم ئەم لایەنانە بۆچی سەغڵەتبوون بەوەی، کە وتراوە پارە لەهەرێم وەردەگرن، ئەگەر وەریناگرن فەرموو بەرپرسەکانتان سوێند بۆ ئەندامانی خۆتان بخۆن، کەبەهیچ شێوەیەک پارە لەحکومەت و هەرێم وەرناگرن، ئەگەر دەڵێن وەریناگرن، ئەی نەک تەنیا وەزیرو ئەندام پەرلەمان و پلەدارە خانەنشینەکانتان، پاسەوانی پەرپرس و بارەگاکانتان موچە لەحکومەت وەرناگرن؟! تەنیا موچەی ئەوان نزیکی ملیارێک دینار نییە؟! ئەمە لەکاتێکدا بەپێی یاسای پارتەسیاسییەکان هەموو پارتێکی سیاسی لەسەر بنەمای خەباتی شاخ و کورسی پەرلەمان مافی خۆیەتی بودجەیەکی لەحکومەت بۆ دابینبکرێ، کەچی سەیرە ئێوە ناتوانن بەئاشکرا بڵێن وەریدەگرین، ئەگەر حەرامە بۆ وەریدەگرن و ئەگەری حەڵاڵیشە بۆ دەیشارنەوە. ٤. بابەتی وەرگرتنی یەک ملیۆن دۆلار لەلایەن حاجی قاسم سلێمانییەوە، کە لەڕێگەی نوێنەرەکەی کۆمەڵی ئیسلامییەوە بۆ لیستی چاکسازیی وەرگیرا، ئەویش وەک هاوکارییەک بۆ لیستەکە، کە بەبەراورد بەلایەنەکانی تر بودجەی پێویستی لەبەردەستا نەبوو، هاوکات بڕی (٤٠٠) هەزار دۆلار لەلایەن خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلالەوە پێیان درا، تا جەنابی کاک محمدی حاجی محمود ڕازیبکەن، بکشێتەوە لەخۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم. ٥.سەبارەت بەپەشیمانی لەلیستی چاکسازیی و زەرەرکردنیا، ئەوە پێیان دەڵێن ئەوە خۆتانن تا ئێستاش نەتانتوانییوە لیستێکی ئیسلامی پێکبهێنن، ئێوە خۆتان هاتن داواتان لە ئێمەکرد بۆ دروستکردنی لیست بۆپاڵپشتی و پارێزگاریکردنتان، نەک ئێمە داواتان لێبکەین. لەدوای لیستی چاکسازییشەوە تا ئێستا نەک نەتان توانیوە گەشەبکەن، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ دێنەوە دواوەو لەگەڵ دەرکەوتنی بەشێک لەڕاستییەکان و نەمانی ناکۆکی و ململانێکان ڕێژەی دەنگی خۆتان بۆ دەرکەوتووە. لەکۆتاییدا دەڵێین ئێمە هەمیشە ڕاستییەکانمان وتووە، لەپێناوی ئەوەی گەل و نەتەوەکەمان بەرچاوییان ڕوونبێت و ئەمەش بابەتێکی سروشتییە لەپرسە سیاسییەکان. د. فەرهاد تۆفیق وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت: ئێمە بەشێکین لە سوریا و دەمانەوێت سوریا بە یەکگرتوویی بهێڵینەوە، بەڵام، تێڕوانین و بۆچوونەکانمان لەسەر ئەمە جیاوازە، دەستێوەردانەکانی تورکیا دانوستانەکان خاو دەکاتەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەریان هەبووە. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەى گاردیانى بەریتانى، مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە، دەڵێت: کۆبوونەوەکەم لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ئەرێنی بوو هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی دوو لیژنەی تەکنیکی بۆ هەماهەنگی سەربازی و مەدەنی، بەڵام دیدگایەکی جیاوازمان هەیە سەبارەت بە وردەکاری و میکانیزمەکانی قۆناغی ئینتقالی. مەزڵوم عەبدی هۆشداریشیدا لەوەی دەستوەردانی تورکیا، ڕێگری لە دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، "تورکیا بە دوای لاوازکردنی پێگەی ئێمەیە لەم وتووێژانەدا. فەرماندەکەى هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆبەڕێوەبردن" ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون بە سوپای نوێی سوریا، بەڵام داوای پاراستنی پلەیەک لە خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی دەستورێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە دەکات. سەبارەت بەکشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا هۆشداریداو دەڵێت: کشانەوەی ئەمریکا هانی تورکیا دەدات بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکە و ئەوەش کاریگەری لەسەر شەڕی دژی داعش بەگشتی دەبێت، چونکە بۆشایی ئەمنی دەبێتە ڕێگر لەبەردەم توانای هێزەکانی هەسەدە بۆ پاسەوانیکردنی زیندان و کەمپەکانی داعش. هێزەکانی سوریاى دیموکرات بێ کارتی دانوستان نین، دەسەڵاتدارانی سەرکردایەتی کورد نزیکەی ٧٠ هەزار گومانلێکراو چەکداری داعش و کەسوکاریان لە دەستدایە – کە هەزارانیان بیانین. زلهێزە بیانییەکان وریان لەوەی ڕێگە بدەن دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق کە زۆرێک لە جیهادییە بیانییەکانی لە ڕیزەکانیدا هەیە، کۆنترۆڵی ئەو زیندان و کەمپانەی کە گومانلێکراوی ئەندامی داعشی تێدایە، بگرێتە دەست. بەرپرسانی کورد زیاتر هۆشدارییان داوە لەوەی کشانەوەی ئەمریکا و دواتر لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیان بە توانایان دەگەیەنێت بۆ هێشتنەوەی داعش لە ژێر کۆنتڕۆڵدا.
سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت هەر دراوێکی ئەلیکترۆنی پاڵپشتی یاسایی دەزگا و حکومەت و وڵاتێکی نەبوو مامەڵەکردن پێیەوە دروست نییە، دەشڵێت،" مامەڵەکردن بەدراوی پای و هاوشێوەکانی وەک مامەڵەکردنە بە خۆڵ و ئاینی ئیسلام بە دروستی نازانێت. دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نەک تەنها دراوی پای بەڵکو هەر دراوێک، ئاینی ئیسلام پێمان دەڵێت شتێک بێت بنەمای هەبێت و ڕاستی هەبێت و دراوەکە گەر پشتگیریەکی یاسایی هەبێت و داوای پارەی کاش بکەیت بتوانیت پارەی کاش وەربگریت یان بیگۆریت، یان بتوانی ئاڵوگۆڕی بکەی و ببی بە خاوەنی ئەوە ئاساییە، بەڵام بە پێچەوانەوە مامەڵەکردن پێیەوە دروست نییە." سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەر دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەنێکی هەبوو واتا دەزگایەک یان حکومەتێک یان دەوڵەتێک پشتگیری کردبێت و سەپۆرتی تەواوی کرد لە ڕووی یاسایەوە و وەک دراوێکی فەرمی دەوڵەت ناساندی، ئەوە کارپێکردنی ئاساییە وەک هەر دراوێکی تری لێدێت و دەتوانی کاری پێبکەیت و شتی پێبکڕیت و شتی پێ بفرۆشێت. ئەو وتیشى: بەڵام ئەگەر هاتوو تەنها ژماریەک بێت و وەهمی بێت و کەس هیچ دەزگا و دەوڵەتێک خۆیی بەخاوەنی نەزانی باش نییە مامەڵەکردن پێیەوە و وەک ئەوە وایە شتێکی هیچ بکڕیت و پارەکانی شتێکی هیچە ئاینی ئیسلام دەڵێت لەگەڵ وەهم مامەڵە مەکەن." سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، مەمەڵەکردن بەم دراوە ئەلیکرترۆنیانە وەک مامەڵەکردنە بەخۆڵ، دەشڵێت،" لەڕووی مەزهەبی شافعی خۆمانەوە مامەڵەکردن بە شتێک بنەمای نەبوو حەرامە." پای (Pi) دراوێکی ئەلیکترۆنییە و بەیارمەتی مۆبایلی بەکارهێنەران بەرهەم دەهێنرێت، بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ هیچ تێچوویەک، بەڵام دوای ئەوەی دراوکە لیست کرا و کەوتە بۆرسەی دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، خەڵکانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان ئێستا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن. ئەم دراوە خاوەندارێتیەکەی کەسانی شاراوە نین و چەند دکتۆرایەکی زانکۆی ستاردفۆردی ئەمەرکی وەک تیمێکی زانستی لە چوار چێوەی توژینەوەی زانستیدا پشتگیری دەکەن و ئاراستەی دەکەن و ئێستا بە ملیۆنان بەشداربووی هەیە. شارەزایانی دارایی و بانکیش بەگرنگی دەزانن کەس مامەڵە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان نەکات و گەر لە حاڵەتێکدا هەر کردیان بە بڕە پارەیەکی کەم بەشداری بکەن. گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانکی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دراوی ئەلیکترۆنی یەکێکن لەو دراوانەی کە هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نییە و مەترسیەکانی زۆرە لەهەموو جیهاندا، واتا تاوەکو ئێستا دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوازی گشتی لەزۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاواش بەشێوەیەکی فەرمی کار پێناکرێت، چونکە بەهۆکاری سەرەکی سپی کردنەوەی پارەیە و لەگەڵ بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بەچەکەوە، لەبەر ئەوە ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانە کاتێک مامەڵەی پێوە دەکرێت ئەوانەی کە لەسەری سەرەوەن قازانجیکی زۆر دەکەن لەڕێگای کۆمپانیا بچووکەکانیانەوە." وتیشی،" ئامۆژگاریم بۆ ئەو کەسانە هەیە دەیانەوێت ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانە بکڕن گەر حەزیان لێبوو بچنە ناو سەر ئەو کێشیەوە با بە بڕە پارەیەکی کەم بەشداربن بەڕایی من بای 100 دۆلار زیاتر نەکڕن و گەر هاتوو بەخت یاوەری بوو لە داهاتوودا بەرز بووەوە وەک دراوی بتکۆینی لێبێت، گەر بە پارەیەکی زۆر بیکڕیت ئەوە ڕەنگە زەرەرمەند بیت، هەر دراوێک ئەم سیفەتانەی نەبوو مەترسیدارە، یەکەم پاڵپشتی بانکی ناوەندی و دووەم پاڵپشتی یاسایی و سێیەم پاڵپشتی مەلموس ئەم سیفەتانە نەبوو پێویستە مرۆڤ خۆیی لێی بە دوور بگرێت."
ئاژانسی هەوالی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە هەشت سەرچاوەی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردەوتەوە کە بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگە بدات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات، ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە. دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترامپ دژی تاران هەناردەکردنەکەی بگەیەنێتە سفر. حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە دەیەوێت ئێران لە ئابووری جیهانی داببڕێت و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی لێ ببڕێت، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردنی لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە. وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە بەشێوەیەکی لەناکاو ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو هەناردەکردن لە کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە. ئەوەش کۆتایی هاتنی ناکۆکییەکی نزیک لە دوو ساڵە کە ڕۆیشتنی زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان کەمدەکاتەوە. ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەی لەگەڵ هەشت سەرچاوە لە بەغدا و واشنتن و هەولێری پایتەختی کوردستانی عێراق کردووە و ڕایانگەیاندووە زیادبوونی فشارەکانی بەڕێوبەریەتی نوێی ئەمەریکا بزوێنەرێکی سەرەکییە لە پشت ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزیری نەوتی عێراق. سەرجەم سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت. ئێران عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی بە گرنگ دەزانێت بۆ هێشتنەوەی ئابوورییەکەی لە میانەی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا. بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن بەغدا کە هەم هاوپەیمانی ئەمەریکایە و هەمیش ئێران، وریایە لەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر تاران لە رێگەی واشنتنەوە. ترامپ داوای کردووە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت. هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە بانکی ناوەندی عێراق لەسەر داوای خەزێنەی ئەمەریکا ڕێگری لە پێنج بانکی ئەهلی دیکە کردووە لە دەستگەیشتن بە دۆلار بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کونترۆلی دەستڕاگەیشتنی تاران بە دولار بکەن. شەش سەرچاوە وتییان دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 دا هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە ڕاگیرا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ئێران لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە زیادی کردووە. ئەمەریکا داوا لە بەغداد دەکات ڕێگری لەوە بکات. لە مانگی حەوتدا ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ڕۆژانە نزیکەی 200,000 بەرمیل بە نرخی کەم بە قاچاخ لە کوردستانەوە بۆ ئێران گواستراونەتەوە، ژمارەیەکی کەمتریش ڕەوانەی تورکیا کراون لە ڕێی بارهەڵگرەوە. بەرپرسێکی نەوتی عێراقی نزیک لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتەوە لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە بۆ ئێران، وتی " واشنتن فشار دەخاتە سەر عێراق تاوەکو دڵنیاببێتەوە لەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێن و بە هەرزانی نەفرۆشرێت بە ئێران." دوو بەرپرسی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە. بەرپرسێکی کۆشکی سپی کاتێک لەو بارەیەوە پرسیاری لێکرا وتی " ئەوە نەک تەنها گرنگە بۆ ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان کە ڕێگەیان بدرێت نەوتەکەی خۆیان هەناردە بکەن، بەڵکو یارمەتیدەریش دەبێت لە هێشتنەوەی نرخی نەوت بە هەرزانی." لە شەڕی دژ بە داعشدا هاریکارییەکی نزیک هەبووە لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەمەریکادا.
هاوپەیمانان لەکوردستانەوە چەک و تەقەمەنیان ڕەوانەى رۆژئاوا کرد ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایگەیاند، هاوپەیمانان لەهەرێمى کوردستانەوە چەند بارهەڵگرێک چەک و تەقەمەنى و پشتیوانى سەربازیان ڕەوانەى هەردوو بنکەى حەسەکەو قەسرەک کردووە. بەپێى زانیاریەکانى ڕوانگەى سورى ژمارەى بارهەڵگرەکان ٣٦ دانەبوون پڕ لەسندووقى داخراوبوون، لە تانکی سووتەمەنی، کە لە سنووری ئەلوەلیدەوە لە هەرێمی کوردستانەوە داخڵ بوون، ناردنى ئەو چەک و تەقەمەنیانەش لەچوارچێوەى بەهێزکردنى تواناى سەربازى هێزەکانى ئەمریکادایە لەڕۆژئاوا. دوورۆژ لەمەوبەر فرۆکەیەکى سەربازى هاوپەیمانان، کە چەک و تەقەمەنى هەڵگرتبوو، لەبنکەى سەربازى کێڵگەى نەوتى عومەر کە گەورەترین بنکەى سەربازى سوریایە نیشتوەتەوە. هاوکات لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستانەوە 42 بارهەڵگریان گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانیان لە حەسەکە، کە تانک و زرێپۆست و چەک و تەقەمەنیان پێبوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 72 فڕۆکە، 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر لەڕێگاى ئاسمانى و زەمینیەوە ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دەکەن.
ئەمڕۆ ٤٥ـەمین ڕۆژە گەل لە بەنداوی تشرین بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی قەسەدە و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بەردەوام لە ئێشکگرییدان و تا دێت بەرخۆدانییەکە بەرفراوانتر دەبێتەوە. ڕۆژی ٨ـی مانگی ڕابردوو، لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ڕوویان لە بەنداوی تشرین کرد، ئەمڕۆش ئەو بەرخۆدانییە لە ٤٥ـەمین ڕۆژییدا بەردەوامە. گەل بە جۆش و خرۆشەوە لەسەر بەنداوی تشرین بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە بە گۆڤەندەوە هێز و ئیرادەی خۆیان بە داگیرکەران نیشان دەدەن. لەگەڵ بەرخۆدانی گەلدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆردوومانی بەردەوامی هاوڵاتییانی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین دەکەن و بە پێی ئامارەکانی دەستەی تەندرووستی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ٤٤ ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ٢٥ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ٢٢١ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
