هاوڵاتى ئێوارەى ئەمڕۆ چوار شاخەوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەرەسى بەفرەوە گیانیان لەدەستدا، سێ کەس بریندار بوون و سێ کەسی دیکە بێسەروشوێنن. دوابەدوای دیارنەمانی گرووپێک شاخەوانی لە بەرزاییەکانی گوندی هەفتاشی سەر بە شارى بانە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، پارێزگارى کوردستان (سنە) فەرمانی کردووە ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەدواداچوونى هەڵگرتنەوەى تەرمى شاخەوانەکان و گواستنەوەى بریندارەکان و دۆزینەوەى شاخەوانە ونبووەکان بکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، شەش تیمی فریاگوزاری مانگی سوور کە ٢ تیمیان تایبەتن بە بەرپەرچدانەوەی خێرای شاخ، هەروەها تیمێک لە خەڵکی شارى سەققز، ڕەوانەی ناوچەکە کراون ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاریی پێویست گیراوەتەبەر. پەیام جەلالی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سووری کوردستان ڕایگەیاندوە: چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ژمارەیەک شاخەوان لە ژێر بەفربارینێکدا لەسەر میحوەری بانە بەرەو گوندی بەیان دەرەح (بەرزایەکانی چیای هەفت تاش) دوای بەفربارین گیریان خواردبوو". پەیام جەلالی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕووداوەکە دەستبەجێ سێ تیمی ئۆپەراسیۆن ڕەوانەی بەرزاییەکانی چیای هەفت تاش کران بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا، کە بۆ شەش تیم زیادکرا. لەلایەکى دیکەوە جێگری پارێزگاری کوردستان بۆ هەماهەنگی کاروباری مەدەنی ڕایگەیاند: چەند خولەکێک لەمەوبەر تەرمی دوو قوربانیان لە بەرزاییەکانی هەفتەش لەناو بەفر دۆزیوتەوەو گواستراونەتەوە بۆ پزیشکى داد. ئەو شاخەوانانە بە مینی پاسێک بۆ کات بەسەربردن چونەتە بەرزاییەکانى ئەو شاخەو لە سێ خاڵەوە لە کاتی خلیسکان لە یەکێک لە دۆڵەکانی ناوچەکەدا لە بەفربارینەکاندا گیریان خواردووە. جێگری پارێزگاری کوردستان، ئەوەى خستەڕوو ئەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە هی ژنێک و پیاوێکن، کە گواستراونەتەوە بۆ مردووخانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە بانە. بەوتەى ئەو بەرپرسە، ئەو کەسانە شاخەوانی پیشەگەر نەبوون و تەنها بۆ خۆشی هاتوونەتە ناوچەکە.

  چوار سەرچاوەی ئاگادار لە هەوڵەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل لۆبی و فشار دەخاتە سەر حکومەتى ئەمریکا، بۆ ئەوەی سوریا بە لاوازی و لامەرکەزی بمێنێتەوە، لەنێویاندا ڕێگەبدات، بە حکومەتى ڕووسیا دوو بنکە سەربازییەکەی لەو وڵاتە بهێڵێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەو کەمکردنەوەى کاریگەریی تورکیا لە سووریا. ئەو سەرچاوانە بە ئاژانسى ڕۆیتەرزیان وتووە: پەیوەندییە زۆرجار ئاڵۆزەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لە سەردەمی شەڕی غەززەدا کەوتۆتە ژێر گرژی و  فشارێکی توندو زۆرەوە و بەرپرسانی ئیسرائیل بە واشنتنیان ڕاگەیاندووە، فەرمانڕەوا ئیسلامییە نوێیەکانی سوریا کە لەلایەن ئەنقەرە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشەن بۆ سەر سنوورەکانی ئیسرائیل. ئەم فشارانە ئاماژەن بۆ هەڵمەتێکی هاوئاهەنگی ئیسرائیل بۆ کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە قۆناغێکی گرنگدا بۆ سوریا، لە کاتێکدا فەرمانڕەوا نوێیەکان لە سوریا هەوڵی چەسپاندنی سەقامگیری دەدەن و وا لە واشنتۆن دەکەن سزاکان هەڵبگرێت. سێ سەرچاوەی ئەمریکی و کەسێکی دیکەی ئاگادار بەو پەیوەندییانە دەڵێن ئیسرائیل بۆچوونەکانی خۆی گەیاندووەتە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە کاتی کۆبوونەوەکانیدا لە واشنتۆن لە مانگی شوباتدا، کۆبوونەوەکانی دواتر لە ئیسرائیل لەگەڵ نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمریکا. هەروەها دوو لە سەرچاوەکان دەڵێن، خاڵە سەرەکییەکان لە "کاغەزێکی سپی"ی ئیسرائیلیدا بۆ هەندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاشکراکراون. هەموو سەرچاوەکان بەهۆی هەستیاری دیپلۆماسییەوە بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردووە. ئارۆن لوند، هاوڕێی دامەزراوەی بیرکردنەوەی سەدە ئینتەرناشناڵ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، دەڵێت: "ترسی گەورەی ئیسرائیل ئەوەیە کە تورکیا بچێتە سوریاو ئەو فەرمانڕوا نوێیانەى سوریا بپارێزێت، کە دواتر لە کۆتاییدا دەبێتە بنکەیەک بۆ حەماس و چەکدارانی دیکە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وەڵامی پرسیارەکانیان بۆ ئەم چیرۆکە نەدایەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزارەتەکانی دەرەوە لە سوریا و تورکیا دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوانیان نەدایەوە. سەرچاوەکان دەڵێن تا چەند ڕوون نەبووەتەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا چەند بیر لە پەسەندکردنی پێشنیارەکانی ئیسرائیل دەکاتەوە. کەمێک لەبارەی سوریاوە وتووە، ئەمەش نادڵنیایی بەجێهێشتووە لەسەر هەردوو داهاتووی سزاکان و ئایا هێزەکانی ئەمریکا کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتى سوریا جێگیرکراون دەمێننەوە یان نا.

وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سبەی ڕۆژى شەممە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزى ڕەمەزانە. پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقافى هەرێم وتى: لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان مانگى بینیوە بۆیە سبەی شەممە 01-03-2025ی وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد. پێشتر ڕوانگە فەلەکییەکان لەوڵاتى سعودیە ئاشکرایان کرد، ئەم ئێوارەیە هەینى، مانگی هیلالی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەسعودیە بینراوەو سبەینێ ڕۆژی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆز لە وڵاتە ڕاگەیەندرا. دادگای شاهانەی سعودیە ڕایگەیاند سبەی شەممە، یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان دەبێت. ڕوانگە فەلەکییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سعودیە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئامادەکارییەکانیان بۆ چاودێریکردنی مانگی هیلال لە کاتی خۆرئاوابوون دەستپێکرد، لەگەڵ ئامادەبوونی دەیان ڕۆژنامەنوس ڕوماڵ و میدیایی بەرفراوان بۆ ڕووماڵکردنی هەوڵەکانی چاودێریکردن، لەنێو ئاسمانی ڕوونى ئەو وڵاتە. هاوکاتى وڵاتى سعودیە زۆربەى وڵاتانى عەرەبى وەک ئیمارات، قەتەر و عومان سبەی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی  ڕەمەزان ڕادەگەیەنن. پێشتر نووسینگەی مەرجەعی باڵاى شیعە،  عەلی حسێن سیستانی ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەم ڕۆژى مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریکراوە.

  دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس سەبارەت بە "قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە" لە قاهیرە دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی بەر لە کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بتوانرێ درێژە بە ئاگربەستەکە بدرێت. دوو سەرچاوەی ئاسایشی میسر ئەمڕۆ هەینی 28ی مانگی دوو ڕایانگەیاند کۆبوونەوەکان لە قاهیرە بە مەبەستی وتووێژ لەسەر قۆناغی دووهەمی ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکردووە و ئامانجی شاندی ئیسرائیلیش لە دانوستانەکان درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەیە بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە. سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە حەماس دژایەتی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەکات و پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە لە سەرەتادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەوەش دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەیە. قۆناغی دووهەم ئەو هەنگاوانە لەخۆ بگرێت کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی شەڕەکە. قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کە 42 ڕۆژی خایاند، ڕۆژی شەممە 1ی مانگی سێ لەکاتێکدا کۆتایی دێت کە بڕیار بوو هێزەکانی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا دەست بە کشانەوە بکەن، بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەمە ڕوونادات. دوو سەرچاوەی میسری ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل بە مەبەستی درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە هاتۆتە دانوستانەکانی قاهیرە. هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە "دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی" ڕایگەیاندووە، وڵاتەکە داوا دەکات بە درێژکردنەوەی ئاگربەستی قۆناغی یەکەم لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە ئەمنییەکانی فەلەستین، هەر هەفتە، سێ لە بارمتە زیندووەکانی ئازاد بکرێن. ڕێکخراوی هەواڵگری و ئاسایشی میسر ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل، قەتەر و ئەمەریکا "دانوستانی چڕ"یان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە قاهیرە دەستپێکردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی میسردا ئاماژەی بەوەشکردووە نێوەندگرەکان باس لە "رێگاکانی زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە" دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە. ئیسرائیل چاوەڕێ دەکات 59 هاووڵاتی ڕفێنراوی خۆی ئازاد بکات کە تا ئێستاش لەلایەن گروپی توندڕەوی حەماس و چەکدارانی دیکەی غەززە بە بارمتە گیراون، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە زیاتر لە 30 کەسیان کوژراون. ئەگەر بۆ قۆناغی دووەم ڕێککەوتن بکرێت، ئەوا لەو ماوەیەدا بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن و لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییدا تەرمی بارمتە کوژراوەکان ڕادەست دەکرێن. حەماس پێداگری لەسەر کۆتایی هاتنی تەواوەتی شەڕ و کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات و سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 هێرشە لەناکاوەکەی بۆسەر ئیسرائیل کە بووە هۆی شەڕێکی بێ وێنە و بەرفراوانی ئیسرائیل لە غەززە، هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستە حوکمڕانی غەززە بکات و چەکەکانی بپارێزێت. شتێک کە ئیسرائیل و ئەمەریکا بە توندی دژایەتی دەکەن.

  پێنج وەزیری پێشووی بەرگریی داوا لە کۆنگرێس دەکەن لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر کارە بێباکەکانى و دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەربازی. لە نامەیەکی کراوەیاندا ئەو پێنج وەزیرەى بەرگریی لە کابینەکانى پێشووتری ئەمریکادا بوون، ئێوارەى پێنج شەممە بەکاتى ئەمریکا بڵاویانکردەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە "بە سیاسیکردنی" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سوپای وڵاتەکەى، هەروەها داوایان لە پەرلەمانتاران کرد دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن.  لای خۆیەوە ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی کارمەندانی باڵای سەربازی ئیمتیازێکی سەرۆکایەتییە کە سەرۆکەکانی پێش سەرۆکی کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاریان هێناوە. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەو هەنگاوە لە نێویاندا پێنج وەزیرەکە دەڵێن هیچ پاساوێکی لەگەڵ نەبووە سەبارەت بە لێهاتوویی یان کردەوەی ئەو سەربازانەی کە بەشداربوون. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترامپ هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چارڵز براون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەگرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاری فراوان لە سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا. پاشان پیت هێگسێت وەزیری بەرگری وڵاتەکەی نیازی خۆی بۆ گۆڕینی چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی دەربڕی. سکرتێری پێشووی ویلیام پێری، لیۆن پانێتا، چاک هاگڵ، جەیمس ماتیس و لۆید ئۆستین کە لە ژێر ئیدارەکانی دیموکراتەکاندا خزمەتیان کردووە، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس ڕایانگەیاندووە، “ئێمە زۆر نیگەرانین لە دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەرەکی سەربازی ئەم دواییەی سەرۆک ترامپ”. سکرتێرەکانی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا نووسیویانە: “ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بکەین لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر ئەو کارە بێباکانە”، داوایان لە یاسادانەران کردووە دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن. هەر لە هەمان چوارچێوەدا پێنج وەزیرە پێشووەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دەرکردنانە "پرسیارێکی نیگەرانکەر لەبارەی خواستی ئیدارە بۆ بە سیاسیکردنی هێزە چەکدارەکان و لابردنی سنووردارکردنی یاسایی لەسەر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دەوروژێنن".

ئاژانسەکانى هەواڵى ڕۆژئاواى کوردستان، رایدەگەیەنن دوینێ کاتێک شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی زیندانی ئیمرالی کردووە ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەتەوە و پێکەوە خواردنیان خواردووە و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەسەر پەیامە مێژووییەکەی کردووە، هەروەها بە سێ کامێراش دیمەنی ڕێبەر ئاپۆ، کە خۆی پەیامەکە دەخوێنێتەوە، تۆمار کراوە. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان، ناوەڕۆک و چۆنییەتی ئەنجامدانی دیدارەکەی دوێنێی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشكرا کردووە. زانراوە شاندی ئیمرالی دەم پارتی کە پێکدەهاتن لە “سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان، تولای حاتیمۆغولاری، تونجەر باقرخان، ئەحمەد تورک، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگور ئەرۆل” دوێنێ لە کاتژمێر ٠٩.٠٠ـی پێش نیوەڕۆ بە فڕۆکە بەڕێکەوتوون و کاتژمێر ٠٩:٣٠ گەیشتوونەتە دوورگەی ئیمرالی. ڕێبەر ئاپۆ بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیی لە شاندەکە کرد شاندەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ و زیندانییانی دیكەی ئیمرالی هەریەکە لە عومەر خەیری كۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاكتاشەوە بە گەرمییەوە پێشوازییان لێكراوە. بە سێ کامێرا دیمەنەکان گیراون پاشان ڕێبەر ئۆجالان، زیندانییەکانی دیکە و شاندی ئیمرالی چوونە شوێنی ئەنجامدانی دیدارەکە و لەوێ باس لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە کراوە. پاشان ڕێبەر ئاپۆ ئەو بانگەوازەی خوێندەوە، کە خۆی بە قەڵەم نووسیبووی، زانراوە، کە بانگەوازییەکە بە سێ کامێرا تۆمار کراوە و دوای خوێندنەوەی دەقی بانگەوازییەکە ڕێبەر ئاپۆ بە چەپڵە لەگەڵ شاندەکە کۆتایی بە خوێندنەوەی پەیامەکەی هێنا، دواتر ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە وێنەی گرتووە. پێکەوە نانیان خواردووە دوای خوێندنەوەی دەقی بانگەوازییەکە، پێکەوە نانیان خواردووە، لە کاتی نانخواردنەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرۆسەکە کراوە. ئەندامانی شاندی ئیمرالی دوای سەردانەکەیان بۆ ئیمرالی، پێکەوە لە باخچەکەدا وێنەیەکی گشتیان گرت، لێرەدا وێنانەکانی پەیوەست بە بانگەوازییەکە ڕادەستی شاندەکە کرا، بەڵام دیمەنەکان ڕادەست نەکرا. گەڕانەوە و ڕاگەیاندنی پەیامی سەدە دیدارەکەی ئیمرالی نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و شاندەکە بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ ئەستەنبوڵ. لە دوای گەیشتنەوەیان بە ئەستەنبوڵ شاندەکە، چوونە ئەو هۆتێلەی کە ڕاگەیاندنەکەی لێ خوێندرایەوە، ئەوانەی لە شوێنەکە ئامادەبوون بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” پێشوازییان لە شاندەکە کرد و دواتر کاتژمێر ٥:٠٠ بانگەوازی “سەدە” خوێندرایەوە. دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند، کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی جێبەجێ بکرێت.

  سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ئاگادارى سات بەساتى دانوستانەکان بووە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و خاوەندارێتى لە پڕۆسەکە بەستووەتەوە بەسەرکەوتنییەوە. ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە، ئەمڕۆ هەینى لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: من بە دروستی نازانم پارتێکی دەسەڵاتدار و ئەردۆغانى سەرۆکی وڵات لە ساڵی ٢٠٢٥دا گاڵتە بە عەقڵی میللەت بکات. لە چونکە زیاتر لە ساڵێکە دانوستان ئەنجام دەدەیت. شاندێکی چوار کەسین ، لەگەڵتان دەبن لەو کۆبوونەوانەدا کە ئەنجامی دەدەن. ئەو وتیشى: ئەو چوار کەسە بەشدارى دانوستانەکانیان کردووە لەگەڵ ئۆجەلان و یەکێکیان دەسەڵاتى تەواوەتى هەبووە و پڕۆسەکەش زیاتر لە ساڵێکە لەنێوان دەوڵەت و ئیمراڵى بەڕێوەدەچێت. جەختیشیکردووەتەوە، ئەردۆغان بەوردى و سات بەسات ئاگادارى دانوستانەکان بووە و جەختیکردووەتەوە کە ئەگەر پڕۆسەکە سەرکەوتنى بەدەستهێنا ئەوا ئەردۆغان خاوەندارێتى لێدەکات، لە ئێستاشدا تیمێکى یاسایی کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن. ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، پێویستە ژینگەی متمانە بڕەخسێنرێت تاکوو چارەسەری پرسەکان بە رێگەی سیاسەتەوە بکرێت. سەرۆکی جەهەپە راشیگەیاند، پارتەکەیان لە دژی هەموو جۆرە تیرۆر و توندوتیژییەکن و پێویستە پرسی کورد لە تورکیا لەژێر چەتری پەرلەمان بە بەشداری تەواوی پارتە سیاسییەکان چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی پارتی ئاییندە لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت،بۆ بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ و رزگاربوون لە تیرۆر، هەر بانگەوازێک بکرێت و هەر هەنگاوێک بنرێت، ئەرێنییە هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، بۆ بەجێگەیاندنی بانگەوازەکە، دەبێت پەند لە رابردوو وەربگیرێت.   ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت ''لە دۆخێکی وەهادا کە ناوچەکەمان لەنێو گێژاودایە، بۆ بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ و رزگاربوون لە تیرۆر، هەر بانگەوازێک بکرێت و هەر هەنگاوێک بنرێت، ئەرێنییە''.   شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بۆ رای گشتی خوێندەوە. بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک و دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە.   سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت: ''بۆ بەجێگەیاندنی ئەم بانگەوازە، دەبێت وانە لە رابردوو وەربگیرێت و نەخشەڕێگەیەکی کرداری بخرێتەڕوو، دەبێت پرۆسەکە لە پەرلەمان بە پاڵپشتی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵگەییەکان درێژەی پێبدرێت''.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی، ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.  

  سەرجەم ڕۆژنامەکانى جیهان و بەتایبەتى تورکیا، لەلاپەڕەى یەکەم و بە مانشێتى گەورە، گرنگى تایبەتیان داوە بە پەیامەکەى ئـ.ـۆجالان و لە ژمارەى ئەمڕۆیاندا بڵاویانکردوەتەوە. بەڵام ئەو ڕۆژنامەمانەى نزیکن لە حکومەت کاریگەری بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییان لەسەر بووە، زیاتر سەرنجیان لەسەر پرسی "چەک دانان" بووە. شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان دوێنێ پێنج شەممە، بۆ جاری سێیەم لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی کۆبووەوە، ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە سەردانی ئیمراڵییان کرد. لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ". ڕۆژنامەی Yenî Yaşamê: ڕۆژنامەکە بە مانشێتی "بانگەواز بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی؛ "بانگەوازە مێژووییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، بە وێنەیەک کە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پارتی دیموکراتی کوردستان گیراوە، ئاشکرا کرا".  ڕۆژنامەى Bîrgun: ڕۆژنامەی بیرگون هەروەها بانگەوازە مێژووییەکەی بەم قسانە کرد: "پەیامەکەی ئۆجەلان ڕاگەیەندرا". بانگەوازێک بۆ چەک. شاندی پارتی دیم کە سەرکردایەتی دانوستانەکانی ئیمرالی دەکات، بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان کە دانانی چەک لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش کرد. ڕۆژنامەى ئێڤرێنسێل: بە مانشێتی "هەموو گروپەکان چەک دابنێن، پارتی هەڵبوەشێتەوە" هاتە دەرەوە. پاشان ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە بە وردی ڕوونکرایەوە. حوریەت: بە مانشێتی "واز لە چەکەکانتان بێنە و خۆتان هەڵبوەشێننەوە" هاتە دەرەوە و تەواوی بانگەوازە مێژووییەکەی لەخۆگرتبوو. جمهوریەت: ڕۆژنامەکە بانگەوازێکی بۆ "بانگەوازێک بۆ دانانی چەک" بڵاوکردەوە و وردەکارییەکانی دەقەکەی لەخۆگرتبوو. ڕۆژنامەی میللی: ئەو بانگەوازەی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا بە مانشێتی "ئۆجالان: دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە" خستووەتە ڕوو. هەروەها مانشێتی هەواڵەکە سەرنجی بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراسی ڕاکێشا. یەنی شەفەق: مانشێتەکە "ئەگەر ساتەوەختی مێژوویی دڵسۆزانە بێت، پێویستە پارتی هەڵبوەشێتەوە". یەنی چاغ: بە مانشێتی "نۆرەی ئۆجەلانە لە پەرلەمان قسە بکات". بڕیار: بە مانشێتی "ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان چاوەڕێی کردبوو: با پەکەکە خۆی هەڵبوەشێتەوە". تورکیا: بە مانشێتی "ئیمرالی: پەکەکە ئەرکی خۆی تەواو کردووە". پەیوەندییەکە تەواو بووە. "کاتی کۆتاییهێنانە." دەرکەوت.

  ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی ڕۆژی سێشەممە پێگەکانی حکومەتی نوێی سوریای کردۆتە ئامانج. وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی ئەم هێرشانە دوای هەوڵەکانی حکومەتی نوێی سوریا هات بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی لە ناوچەی ناسەربازی نزیک سنووری ئیسرائیل. کاتز ڕایگەیاندووە ئیسرائیل ڕێگە نادات لە ناوچەی ناسەربازی پێشێلکاری و هەڕەشە سەرهەڵبدات. ئەو وتیشی "بوونی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە ستراتژیکەکانی باشووری سووریا بۆ ڕێگری لە نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڕەشە تیرۆریستیەکان تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێ." وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە باشووری سوریا پێویستە ناوچەیەکی ناسەربازی بێت، وتیشی پەیامەکان بۆ ئەم مەبەستە نێردراوە و سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات. کاتز لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە بڕیارێکی دەستبەجێمان دا بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت ڕژێمی سوریا ڕزگار بکات و میلیشیاکان بهێنێتە ناوەوە." وتیشی "لە هەموو کەناڵە پێویستەکانەوە پەیاممان نارد ئەگەر بێن هێرش دەکەینە سەریان". سەبارەت بە حکومەتی نوێی سوریاش ئاماژەی بەوەدا کە ئەحمەد ئەلشەرع تەنها عەبا و جل و شێوەی قسەکردنی گۆڕاوە و ئیسرائیل متمانەی بە حکومەتی نوێی سوریا نییە.

  وەزارەتی دەرەوەى عێراق، پێشوازیی لە پەیامەکەى ئـ.ــۆجەلان دەکات و دەڵێت: ئەم هەنگاوە ئەرێنی و گرنگە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکە. لەڕاگەیەندراوێکیدا، وەزارەتى دەرەوەى عێراق، ڕایگەیاند: ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش، نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە. وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، چارەسەری سیاسی و دیالۆگ باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کۆتاییهێنان بە ململانێکان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان بکات و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەرزبکاتەوە". هەروەها لەبەشێکى دیکەدا وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشتیوانیکردنی بۆ هەموو هەوڵەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارە ئەم بانگەوازە وەربگێڕدرێتە هەنگاوی کردەیی و خێرا بۆ هێزەکانی حزبەکە بۆ دانانی چەکەکانیان"، نوێکردنەوەی "پابەندبوونی حکومەتی عێراق بە پەیوەندییە بەهێزەکان لەگەڵ تورکیای دراوسێ، کە لەسەر بنەمای ئەو بناغانەیە کە باوەڕمان پێیانە لە چوارچێوەی پەیوەندی مێژوویی و جوگرافی، ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، و پرەنسیپی دەستوەردان نەکردن". دوێنێ 27ی شوباتی 2025، پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەلایەن شاندی ئیمراڵییەوە خوێندرایەوە، کە دوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو.

لەیەکەم لێدوانى بەرپرسانى ئەمریکا، بۆ بانگەوازەکەى ئـ.ـۆجەلان، وتەبێژى کۆشکی سپی پێشوازی لە بانگەوازەکە دەکات و پێى وایە  یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی. برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئەمە پێشهاتێکی بەرچاوە و هیوادارین یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامکردنەوەی هاوپەیمانە تورکییەکانمان، پێمان وایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە پڕ لە کێشەیە". ئێوارەى پێنج شەممە، عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامە چاوەڕوانكراوەكەی بڵاوكردەوە، لەناوەڕۆکى پەیامەكەیدا داوای چەكدانان لە پەكەكە و خۆهەڵوەشاندنەوە دەكات. ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەشڵێت دوای بانگەوازی بەڕێز دەولەت باخچەلی و بەو ئیرادەیەی بەڕێز سەركۆمار نیشانی دا و بە هەڵوێستی ئەرێنی پارتە سیاسییەكان، بەرپرسیارێتی ئەو بانگەوازە مێژوویییە هەڵدەگرم و داوای چەك دانان دەكەم.  

  ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات - پەیەدە، ڕایدەگەینێت، تائێستاش پێویستمان بە هەڵگرتنی چەكە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا، سەركردایەتی پەكەكە بەبێ لێكۆڵینەوە داواكەی ئۆجەلان جێبەجێ ناكەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد. لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ". لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبیە، ئێوارەى ئەمرۆ ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە، وتى: ئەگەر ڕێگەی كاری سیاسییان بداینایە پێویستی بەوەنەدەكرد چەك هەڵبگرین، ئێستاش ئەگەر هۆكارەكانی هەڵگرتنی چەك نەمان دایاندەنێین". پەیامەكەی ئۆجەلان كە داوای ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیموكراسی دەكات و لەهەمانكاتدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپەكانی پەكەكە دەكات شیكردنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، تائێستا پەكەكە وەڵامی داواكەی نەداوەتەوە، بەڵام میدیاكانیان بە گرنگییەوە باس لە پەیامەكەی ئۆجەلان دەكەن.

  مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە ئاماژەدان بە ڕادەستکردنی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن گرووپی حەماسەوە، ڕایگەیاند حەماس دەبێت دەستبەجێ ئەو  59 بارمتەیە بگەڕێنێتەوە، لەوانە ئەو چوار ئەمەریکاییەی کە ماونەتەوە. وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند تەرمی چوار بارمتە کوژراوەکە ڕادەستی  ئیسرائیل کراون. بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە خاچی سوورەوە دەستی کەوتووە ڕایگەیاند، تابوتەکانی چوار بارمتە کوژراوەکە لە دەروازەی کەرەم شالۆن ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل کراون. پێدەچێت ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری بۆ تەرمەکان لە نزیک سنوور ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا گرووپی تیرۆریستی حەماس بارمتەکانی وەک خۆیان گەڕاندووەتەوە وەک ئەوەی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە یان نا. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە گرووپی تیرۆریستی حەماس هەفتەی ڕابردوو تەرمی ژنێکی خەڵکی غەززەیان لە جیاتی شێری بیباس ڕادەستی ئیسرائیل کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گواستنەوەکە لە ئەنجامی هەڵەیەک بووە و ڕۆژی دواتر تەرمی دایکە کوژراوەکە ڕەوانەی ئیسرائیل کرد. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئیسرائیل ئازادکردنی نزیکەی 620 زیندانیی ئەمنیی فەلەستینی دواخست و بە هۆی دواکەوتنی ڕادەستکردنی تەرمی شێری بیباسی بارمتەی ئیسرائیلی و هەروەها نمایشێک کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حەماس لەگەڵ بارمتە ئازادکراوەکان بەڕێوەچوو. لە میانەی هێرشی تیرۆریستیی حەماس لە ساڵی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 200 کەسی مەدەنی کە زۆربەیان خەڵکی ئیسرائیلی بوون کوژران و زیاتر لە 250 کەسی دیکە کە بەساڵاچوو و ژن و منداڵیشیان تێدایە، بە بارمتە گیران. دوابەدوای ئەم هێرشە تیرۆریستییە، ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ڕفێنراوەکان، لەشکرکێشی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد.

شاندی ئیمراڵی پەیامی ئۆجالانیان بڵاوکردەوە، بفەرموون لە دەزگای میدیایی هاوڵاتییەوە گوێبیستی دەقی پەیامەکە بن: بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پارتی؛ لە سەدەی بیستەم دامەزراوە، توندوتیژترین سەدەی مێژووە. ئەو ژینگەیەی کە پەکەکە تێیدا دروست بوو، ژینگەی دوو شەڕی جیهانی، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و سەردەمی شەڕی سارد بوو لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی واقیعی سەدە کاریگەری لەسەر ئەم پێکهاتە هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی هۆکاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی و تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەکانی ئازادیی بیرکردنەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی مانای خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆبەدەستەوەدەر بێت. بۆیە وەک ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. پەیوەندی کورد و تورکیا؛ بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمێژوودا، تورک و کورد هەمیشە بەپێویستیان زانیوە خۆبەخشانە لە هاوپەیمانییەکدا بمێننەوە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بپارێزن و دژی زلهێزە هەژموونییەکان بوەستنەوە. دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانییە بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین. پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. پەکەکە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیگەر و توندوتیژانە لە مێژووی کۆماردا. چونکە ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی داخرا، پارتی بەهێزتر بوو و پشتیوانی پەیدا کرد. دەوڵەتە نەتەوەیی و فیدراسیۆنە جیاکراوەکان، ئۆتۆنۆمی ئیداری و چارەسەری کولتووری کە دەرئەنجامی پێویستی ناسیۆنالیزمی توندڕەون، ناتوانن وەڵامی کۆمەڵناسی کۆمەڵگەی مێژوویی بن. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت. سەدەی دووەمی کۆمار تەنیا کاتێک دەتوانێت یەکگرتوویی و بەردەوامی هەمیشەیی هەبێت کە تاجی دیموکراسی لەسەر بێت. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ گەڕان بەدوای سیستەمەکان و جێبەجێکردنیان جگە لە ڕێگەی دیموکراسی و ناکرێ. کۆدەنگی دیموکراتی میتۆدی بنەڕەتییە. زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیش بەگوێرەی ئەم واقیعە پەرەی پێبدرێت. ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەولەت باخچەلی کردوویەتی، ئەو ئیرادەیەی جەنابی سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و ڕێبازە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندووە و منیش داوای داماڵینی چەک لەم پرۆسەیەدا دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم. هەروەک چۆن هەموو کۆمەڵگا و حیزبێکی هاوچەرخ کە بوونیان بە زۆر کۆتایی پێنەهاتووە، ئێوەش خۆبەخشانە کۆنگرەی خۆتان بانگ دەکەن و بڕیار دەدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پارتی هەڵبوەشێتەوە. سڵاوی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوە ژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن. ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ عەبدوڵڵا ئۆجالان”