شهوى ربردوو لەسەر ڕێگای پێنجوێن - سلێمانی، سێ تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی سووتا، بههۆیهوه كهسێك گیانى لهدهستداو زیانی ماددیش بە سێ ئۆتۆمبێلی دیكە گەشتوه، ئاستەنی هاتوچۆش لەسەر ڕێگاگە درووستبووە. مەسعود حەسەن، ڕێگەپێدراوی هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی سەیدسادق، لهلێدوانكى رۆژنامهوانیدا، ئهوهى خستهروو ڕووداوەكە بەدیاریكراوی لەكاتژمێر ١١:٠٠ـی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە، ئۆتۆمبێلێك كە نەفتا و سووتەمەنی پێبووە لە سلێمانییەوە بەرەو پێنجوێن ڕۆشتووە، لەو كاتەدا ڕووداوێكی دیكەی هاتوچۆ درووستبووە بۆیە شۆفێری تانكەرەكە كۆنترۆڵی لەدەستداوە بەهۆیەوە ڕووداوەكە درووستبووە. ئهو بهرپرسهى هاتووچۆى سهیدسادق ئاماژهى بۆ ئهوهكردوه لە ڕووداوەكەدا سێ تەنكەری گواستنەوەی سووتەمەنی سووتاوە، سێ ئۆتۆمبێلی دیكەش زیانی پێگەشتووە، شۆفێری تانكەرەكەش گیانی لەدەستداوە. وتیشى: لەئێستاشدا ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر ڕێگاكە درووستبووە، چاوەڕێی هاتنی تیمەكانی دیكە دەكەین بۆ پاكردنەوەی ڕێگاكە، تا ڕێگاكە بكەینەوە بە ڕووی هاوڵاتییاندا.
بەرەبەیانى رۆژى سێشەممەى رابردوو، ئاگرێک لە گردەکانی گەڕەکی پاسیفیک پالیسایدس لە لۆس ئەنجلۆس کەوتەوەو تائێستا نەکوژاوەتەوەولانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە،، ئەو ناوچەیە ماڵی کەسایەتییە ناودارەکانى تێدایە. بەهۆی بەردەوامى ئاگرکەوتنەوەکەى دەوروبەری لۆس ئەنجلۆسەوە ئێستا مەترسی لەسەر ناوچەی بەناوبانگی هۆلیوود دروستکردووە، ئاگرەکە لە گردەکانی هۆلیوود دەستیپێکرد کە سەدان مەتر لە هۆلیوود بۆلیڤارو شانۆی بەناوبانگی چینییەوە دوورە. کارین باس، سەرۆکی شارەوانی لۆس ئەنجلۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لۆس ئەنجلۆس "بای هێزی زریاناوی لەگەڵ وشکەساڵییەکی زۆر توند"دا بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم ئاگرکەوتنەوە گەورانە کە بەهۆی بای بەهێزەوە هەڵگیرساون، زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ باڵەخانەیان وێران کردووە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. شەوی چوارشەممە، دەسەڵاتداران فەرمانیان بە دانیشتوانی ناوچەی مێژوویی ناوەندی شاری هۆلیوود کرد کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسک ڕایگەیاند کە وێستگەی ستارلینکی زیادە بەخۆڕایی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە لۆس ئەنجلۆس دابین دەکات. سەدان ماڵ لە ناوچەی پۆشاکی پاسیفیک پالیسایدز وێران بوون، کە گەڕەکێکی دڵخواز و خۆشەویستە لەلایەن کەسایەتییە ناودارەکانەوە و کۆشکی چەند ملیۆن دۆلاری تێدایە و لە بناری گردە جوانەکاندا هەڵکەوتووە. ئەکتەر و مۆسیقاژەن و کەسایەتییە ناودارەکانی دیکە لەنێو ئەو دەیان هەزار کەسەدا بوون کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گەورەکانی کێوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، ژیانی پایتەختی کات بەسەربردنی ئەمریکای لەناکاو وەستا. ئاگرکەوتنەوەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووە، شارە گەورەکەی ئەمریکای گەمارۆداوە، چەندین بۆنەی هۆلیوود لەنێویاندا نمایشێکی خەڵاتکردنی گەورە و یەکەم نمایشی فیلمی پامێلا ئەندەرسۆن هەڵوەشایەوە، لەکاتێکدا ئاگرکوژێنەوەکان لەنێو بای بەهێزدا شەڕی بڵێسەی ئاگرەکە دەکەن. سەدان ماڵ لە ناوچەی پۆشی پاسیفیک پالیسایدس وێران بوون، کە گەڕەکێکی دڵخوازی کەسایەتییە ناودارەکانە و کۆشکی چەند ملیۆن دۆلاری تێدایە و لە بناری گردە جوانەکاندا دانراوە، لە کاتێکدا ئاگرەکانی دیکە لە سەرانسەری باکووری شارەکەدا بوون. گۆرانیبێژو ئەکتەری فیلمی "This Is Us" ماندی مۆر بە فۆڵۆوەرەکانی لە ئینستاگرام ڕیاگەیاندووە، لەگەڵ منداڵەکانی و ئاژەڵە ماڵیەکانی لە ئاگرەکە هەڵاتووە، گەڕەکی ئەلتادینای "وێران"ی بەجێهێشتووە. ئەو خانمە لە ژێرنووسی گرتە ڤیدیۆییەکانی وێرانکارییەکەدا نووسیویەتی "ماڵە جوانەکەم. من وێران و دڵشکاوم بۆ ئەوانەی ئێمە کە زۆر شتمان لەدەستداوە. هەست بە بێهێزییەکی تەواو دەکەم". هەروەها جەیمس وۆدز ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئیمی ڤیدیۆیەکی لە بەرنامەی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا بڵێسەی ئاگر دار و دارستانەکانی لە نزیک ماڵەکەی لە پاسیفیک پالیسادز گرتەوە لەکاتێکدا خۆی ئامادە دەکرد بۆ چۆڵکردن، دوای ماوەیەکی کەم ئاماژەی بەوەدا کە هەموو زەنگی ئاگرکوژێنەوە لێدرابوو. وۆدز دەڵێت: "باوەڕ ناکەم خانووە بچووکە جوانەکەمان لە گردەکاندا بەم ماوەیە لە ژیاندا مابێتەوە". لای خۆیەوە مارک هامیل ئەستێرەی فیلمی "جەنگی ئەستێرەکان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بە فۆڵۆوەرەکانی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ هاوسەرەکەی و سەگە ئاژەڵەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مالیبو هەڵاتووە، هەروەها ناچار بووە لەسەر ڕێگایەک هەڵبێت کە بە زمانی ئاگر دەورە دراوە. هەروەها بیلی کریستاڵ ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئیمی ڕایگەیاندووە، ماڵەکەی لە شاری پاسیفیک پالیسایدز کە بۆ ماوەی 46 ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی تێیدا ژیاوە، ئەمڕۆ بەتەواوەتى سووتا. لە بەیاننامەیەکدا بۆ گۆڤاری پیپڵ وتی: "وشەکان ناتوانن وەسفی گەورەیی ئەو وێرانکارییە بکەن کە ئێمە شایەتحاڵین و ئەزموونی دەکەین" "من و جانیس لە ساڵی 1979ەوە لە ماڵەکەماندا دەژین، ئێمە منداڵ و نەوەکانمان لێرە پەروەردە کردووە پڕ بوو لە خۆشەویستی”. هەروەها جەیمی لی کورتیس ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار ناچار بوو چۆڵ بکات، دواتر لە ئینستاگرام نووسیویەتی "گەڕەک خۆشەویستەکەمان نەماوە. ماڵەکەمان سەلامەتە. بەڵام زۆر کەس هەموو شتێکیان لەدەستداوە"
ــ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی شەڕی درێژ خایەنکردووە بە هۆکاری سیاسی و بێ سوودبوە ــ تۆمەتبارتان دەکەین بە شەڕێکی بێ ئاسۆ، کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێ وێنەیە ــ وازت لە بارمتەکان و سەربازەکان هێناوە ناگەڕێنەوە مەگەر بە ڕێککەوتن کۆمەڵێک لە بنەماڵەی سەربازانی ئیسرائیل، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکەن کۆتایی بە شەڕی کەرتی غەززە بهێنێت، بۆ ڕزگارکردنی گیانی کوڕەکانیان و تۆمەتباریان کرد بەوەی کە بە بێهودە ململانێکانى درێژ کردوەتەوە. گروپی "خێزانی سەربازەکان بەس دەگرین" زیاتر لە 800 خێزانی سەربازو سەربازو یەدەگ لەخۆدەگرێت کە لە یەکەکانی شەڕکردن لە غەززە خزمەت دەکەن، لەنێویاندا ئەوانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە بێ وەستان بەردەوامن لە شەڕکردن. ماوەی چەند مانگێکە نەتانیاهۆ لەلایەن ڕەخنەگرانییەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە شەڕی دژى حەماس درێژخایەن کردووە بە هۆکاری سیاسی و بێ سوود بووە. دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەم شەڕەی لە وەڵامی ئەو هێرشە بێ وێنەیەی بزووتنەوەی فەلەستین بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستپێکرد. لە نامەیەکدا کە لەلایەن گروپی “خێزانی سەربازەکان بەس دەگرین” بۆ ناتانیاهۆ، ئەو گرووپە ئەمرۆ چوارشەمە لەنامەیەکدا ئەم تۆمەتانەیان دووپاتکردەوە. لە نامەکەدا هاتووە: ئێمە تۆمەتبارتان دەکەین بە شەڕێکی بێ ئاسۆ، کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێ وێنەیە، ئەمەش تەنها لەبەر هۆکاری مانەوەی سیاسی کەسی ئێوەیە”. لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە، “ئێمە تۆمەتبارتان دەکەین بەوەی کە واز لە بارمتەکان و سەربازەکان هێناوە!” بانگەوازتان لێدەکەین: کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن! بنەماڵەی سەربازەکان ڕایانگەیاندووە، "هەموو کەس دەزانێت بە ئەوانیشەوە (سەربازەکان)، کە شەڕەکە بەبێ ئامانج بەردەوامە و بارمتەکان ناگەڕێنەوە مەگەر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا" کە لە ئێستادا لە قەتەر دانوستانیان لەسەر دەکرێت، یەکێکە لەو سێ نێوەندگیرییە وڵاتان هاوشانی ئەمریکا و میسر لە دانوستانەکانی ئاشتیدا.
ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کورد لە باشووری کوردستان. سڵاوێکی پڕ لە ڕێز و پێزانین. ئێمە بە پێزانینێکی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو پەیامی پشتیوانی و هاودەنگییەی بۆ ئێمەتان ناردووە، گومانی تێدا نییە کە پەیامێکی نەتەوەیی کوردستانی هەمەلایەنە، و هەگبەیەکی پڕ لە هیوایە کە ئێوە دەیکەنە گڕوتین لە ناخماندا، ڕووە و ئەو پێشکەوتنانەی لەسەر گۆڕەپانی کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژاڤا بەتایبەتی ڕوو دەدات. گومانی تێدا نییە کە ئێمە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕین کە تیایدا ڕووبەڕووی ململانێ و دیالۆگی پڕ لە ئاڵنگاری و مەترسی دەبینەوە بۆ چارەنووسی خەڵکی ڕۆژاڤا، ئەوەشی تا ئێستا داکۆکیمان لێکردووە جگە لە ئاشتی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان، یەکسانی، گەرەنتیکردنی مافەکان و پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ژنان، هیچی دیکە نەبووە. کە وەک نمونەیەکە لەناو نەخشەی ململانێکاندا و شەڕ و شۆڕشەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بەرهەمیان هێناوە. بەدواداچوونی بەردەواممان، بە پێداگرییەکی پشوودرێژانەوە، هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی ڕاستەقینە و دڵسۆزانە بۆ ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بەشێکی جەوهەری و دانەبڕاو بێت لە سوریای نوێ، یەکگرتوو بێت لەگەڵ سەروەری ڕاستەقینە و کۆڕایی هەمووان، کە هەرچەشنە دەستێوەردانێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی قبوڵ نەکەن و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت؛ بە تایبەتی گەلی کورد کە خەباتی کردووە و تا ئێستاش خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی. ڕۆڵی ڕۆشنبیران و چالاکوانان لە سەرتاسەری کوردستاندا ڕۆڵێکی پەراوێزیی نەبووە، بەڵکو ڕۆڵێکی پێشەنگانە بووە کە ئەولەویەتێکی ڕەهای هەیە، بەو پێیەی ئەو دەنگەیە کە دەگاتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، هەمیشە لە نێویاندا ئامادەیە و هەر ئەوانن کە ڕێبەرایەتی ڕای گشتی دەکەن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بەرەو سەرزەمینی ئارامی لە میانەی ئاشکراکردنی پراکتیکەکان و پیلانەکانی دوژمن و ڕۆشنگەرکردنی گەل و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردییمانەوە بە ئامانج و ئاراستە و خواستە هاوبەشەکانمان و چارەنووسی یەکگرتووی مێژووییمان. خەباتی ڕۆشنبیران و هەڵسوڕاوان لە قوڵایی ئەو بیرۆکە و هێزی قەڵەمدایە کە ئێوە نوێنەرایەتی دەکەن و ئێوە بە شێوەیەکی بێوێنە نوێنەرایەتی دەکەن، بە خستنەڕووی دیدگا و بیرۆکەگەلێک کە خزمەت بە هیواکانی کۆمەڵگای کوردیمان دەکەن لە سەرتاسەری کوردستان، ڕەنگە ڕۆڵی ئەمڕۆتان لە هەر کاتێکی ڕابردوو گرنگتر بێت، چونکە گەورەترین ئەرکتان دەکەوێتە سەر لە هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمان بەم پڕۆژە نیشتمانییە و بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسی و فیکری و سەربازییەکان دەربارەی هەمان ڕۆڵ، بۆ ئەوەی ئەرکەکەمان بە تەواوترین شێوە کە خزمەت بە وەدیهاتنی خواستەکانی گەلی کوردمان بکات بگاتە ئەنجام. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە پاڵپشتیی هزری و کولتووریی ئێوە هەیە، هێزی کوردیش لە یەکڕیزی و هاودەنگیدایە، وە پڕین لە حەماسەت بۆ ئەوەی شانبەشانی یەکتر کار بکەین، بۆ بەهێزکردنی ئەم هاودەنگییە و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی شایستەی ئەم خەباتە درێژخایەنەی گەلەکەمان، لە بەرامبەر زۆرداران و ستەمکاراندا. لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینم مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات
ــ دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى عێراق لەرۆژى یەکشەممەوە دەستپێدەکاتەوە ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکرێت ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان. کارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەمەى پەرلەمانى عێراق بڵاوکرایەوە، ١٠ خاڵ لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان خوێندنەوەى دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی گشتی وڵاتە بۆ ساڵانی (2023-2025)، دەکرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی 2025 لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا نییە. ماڵپەرى پەرلەمانى عێراق، دەستپێکردنەوەى دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى راگەیاند لەرۆژى یەکشەممەى داهاتووەوە ١٢ - ١ - ٢٠٢٥، هاوکات کارنامەى رۆژى دووشەمەشى بڵاوکردوەتەوە کە ١٠ برگە لەخۆدەگرێت. گرنگترینیان خاڵى نۆیەمە، کە تیایدا هاتووە ڕاپۆرت و تاوتوێکردنی خوێندنەوەی دووەمی ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025) ژمارە (13)ی ساڵی 2023. لیژنەی دارایی). رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی ساڵانی (2023-2024-2025)ی پەسەندکرد، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی عێراقدا بودجەی سێ ساڵ پێکەوە پەسەندبکرێت بەو قەبارە گەورەیەو بە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقی، رێژەی کورتهێنانی بودجەش بە 63 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی بودجەی گشتی. زۆرینەی هەموارەکەش تایبەتە بە هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی پەیوەستە بە نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی رابردوودا هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتون. لەبرگەکەکانى دیکەى دانیشتنەکەدا، بڕیارە دەنگدان بکرێت لەسەر ڕەشنووسی یاسای تەندروستی دەروونی، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنی دووەم، مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژمارە (٣٨)ی ساڵی ٢٠١٣. بکرێت کە لەلایەن لیژنەی کار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە پێشکەشکراوە. لە خاڵێکەى دیکەى کۆبونەوەى رۆژى دووشەمەى پەرلەمانى عێراق، بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان.
گیێر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا راپۆرتی بەرفراوانی خۆی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد پێشکەىشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، هۆشداری دایە ئەنجوومەنەکە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەدژی رۆژئاوای کوردستان. لە راپۆرتەکەیدا پێدەرسن ئاماژەی بەوە کرد، دەبینن رێگەی دیالۆگ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی دەستیپێکردووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تورکیا هەڕەشە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات پێکدادانەکانیش لە منبج بەردەوامە. وتیشى: باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەشێکی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و یەپەگە دان. لە بەرامبەردا ئاگربەستێک بەنێوەندگیریی ئەمریکا لە نزیک منبج لە مانگی 12 هەبووە، راپۆرتەکان نیشانی دەدەن پێکدادان و تۆپباران بەتایبەتی لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەن. لە راپۆرتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا چەندین بابەت باسکران، بەڵام بەتایبەتی باسی پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان کرا، کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، ئەمەش جگە لە باسکردنی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا
ــ تا نیوەى نیوەی یەکەمی ئەمساڵ مۆڵەت دراوە بۆ یەکخستنەوەى هێزی پێشمەرگە ــ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مانگانە نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار هاوکارى پێشمەرگە دەکات ــ هاوکات چەک و تۆپى قورسیان دەداتێ، مەشق و ڕاهێنان دەکات بە پێشمەرگە سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە ماڵپەرى ئەلعالەم الجدید-ی ڕاگەیاندوە، پارتە کوردییەکان بەتایبەتی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، بە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانى، هەڕەشەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان پێگەیشتوە، ئەو بڕە پارەیە دەبڕن کەوەک هاوکارى دەدرێتە هێزى پێشمەرگە، ئەگەر لە ژێر یەک سەرکردایەتیدا هێزەکانیان یەکنەگرێتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باس لەبڕى ئەو پارەیە دەکات کە وەردەگیرێت، دەڵێت: ئەو پارەیەى لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەریدەگرێت، دەگاتە نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتی لە شێوەی چەک و تۆپخانەی قورس و مەشق و ڕاهێنان لە ڕاوێژکارانەوە دەکرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا بۆ ئەو مألپەرە، سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی خۆی گەیاندە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها وتیشى: ئەگەر تانیوەى نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکنەخرێت، یارمەتیە داراییەکان دەوەستێنرێت. هێزەکانى پێشمەرگە ژمارەیان 125 هەزار چەکدارن و بەسەر دوو بەشدا دابەشبوون: هێزی یەکەى 70، سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها هێزی 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان. هەروەها هەزاران چەکدار لەژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتى و حزیەکانى دیکەدان و سەر بە دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان نین، لەنێویاندا هێزەکانی (کۆماندۆ)ی سەر بە یەکێتی و هێزەکانی (زێرەڤانی) پارتی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە فشاری ئەمریکی و نێودەوڵەتی بۆ سەر گروپە چەکدارەکان لە عێراق زیاتر دەبێت بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و هەڵوەشاندنەوەیان، ئەمەش پرسیار دروست دەکات کە ئایا ئەم فشارە هێزی پێشمەرگەی کوردیش دەگرێتەوە؟. لەوبارەیەوە شێرزاد مستەفا، لێکۆڵەری سیاسی، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “العالم الجدید”، ڕایگەیاند، “گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر هێزی پێشمەرگە زیاتر دەبێت بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان و کۆتاییهێنان بە سروشتی حزبایەتی ئەو هێزانە، هاوتەریب لەگە ئەو فشارانەی کە دەخرێنە سەر گروپە شیعەکان”. مستەفا زیاتر وتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە، ناتوانێت هێزێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی 70 بجوڵێنێت، یان فەرماندەیەک یان ئەفسەرێک لەو یەکانە بگوازێتەوە سەر بە یەکێتی نیشتمانین. ئاماژە بەوەش دەکات کە “بابەتەکە هاوشێوەیە و هاوکێشەکەش وەک یەکە، بەو پێیەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام ناتوانێت هێزێکی سەربازیی سەر بە گروپێکى دیاریکراو بجوڵێنێت.
بڕیاری هەڵگرتنى ناوى تەحریر شام لە لیستى گروپە تیرۆریستیەکان، دەخرێتە ئەستۆی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى هەڵبژێردواى ئەمریکا، کە لەم ٢٠ى ئەم مانگەدا دەستبەکار دەبێت. ڕۆژنامەی ئەمریکی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆبایدنى سەرۆکى ئێستاى ئەمریکا، بڕیاریدا بە بڕیارى هێشتنەوەو دەستنیشانکردنی تەحریر شام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە سوریا. دەستنیشانکردنی تەحریر شام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم توانای درێژخایەنی ئابوری سوریا. بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، ئەو ئیسلامیانەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە ڕووخاندنی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا جیهانیان سەرسوڕمان کرد، دەبێت بیسەلمێنن کە هیچ پەیوەندیەکان لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان نەماوە، بەتایبەتی ئەلقاعیدە پێش ئەوەی لەلیستەکە لاببرێن. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاماژەدان بە نیگەرانییە بەردەوامەکانی واشنتۆن سەبارەت بە وەرگرتنی چەکدارانی بیانی و چەکدارانی دیکە لە پێگەکانی ناو وەزارەتی بەرگری سوریا وتی: کردەوەکان زۆر جیاوازن لە قسەکان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ڕەخنەگرانی توندڕەوی بۆ پۆستە باڵاکانی کۆشکی سپی دەستنیشانکرد، لەوانە سێباستیان گۆرکا وەک بەڕێوەبەری باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مایکل واڵتز وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. جێهێشتنی بڕیاری هەڵگرتنى تەحریر شام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بۆ ترەمپ، چاوەڕوان دەکرێت هێڵی کاتیی سزا توندەکانی ئەمریکا کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەددا بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، درێژ بکاتەوە. رۆژی ٨ى مانگى ١٢ى ساڵى رابردوو، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
سوارە محەمەد سەرۆکى نجوومەنی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئەمرۆ وەک خاوەنى ئوتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەتەوەو چەند بڕیارێک سەبارەن بەو ئۆتۆمبێلانە دراوە. ئەو نوێنەرە، ئەوەى خستەروو لەکۆبونەوەکە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەبوو، بڕیاردراوە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکى کاتی رابگیرێن و دەتوانن لەئەمرۆوە بێنە سەرشەقام. سەرۆکى ئەنجومەنەکە، هەر لەو کۆنگرەیەدا، چەند خاڵێکى خوێندەوە کە لەکۆبونەوەکە لەسەرى رێککەوتون. 1. بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بەشێوەیەکە کاتی راگیراوە. 2. ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە، ئەگەر تاوانی پێ نەکرابێت رادەستى خاوەنەکانیان دەکرێتەوە. 3. رێگری بکرێت لە داخڵکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا 4. یاسا بەرکارەکان بەسەر هەموو کەس و ئۆتۆمبێلێک وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و نابێت کەس یاساشکێنی بکات 5. رێگە نادرێت کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاوە بکرێت تاوەکو بڕیار دەدەچێت 6. داوا دەکەین کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی هەولێر، دهۆک و سۆرانیش چارەسەر بکرێت. رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاو میلیشیاکانى بۆ سەر بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبج زیاتر لە ٣٧ چەتە کوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێندراون. بەپێی راگەیەندراوەکە کاتژمێر ١٠:٤٠ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەوڵەتی تورکیا، بە پێشەنگایەتی فڕۆکەی شەڕو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هێرشێکی چڕی کردووەتە سەر گوندەکانی عەلوش و تل عەریش، هەروەها گردی سریاتل لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کە دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی منبج. ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەنجامی شەڕی نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا، بە دەیان چەتە کوژراون، ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە، بینینی تەرمی ٣٧ چەتە بووە، ئەمە جیا لە برینداربوونی ٤ چەتە. هەروەها توانراوە تانکێک و ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون و گورز لە ٣ ئۆتۆمبێل لە جۆری ب ئێم بی وەشێندراوە. هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەى هەسەدە، شەڕڤانان لە نزیک گردی سریاتل بۆسەیان داناوە و چەندین چەتە کوژران و ژمارەیەکی زۆریشیان هەڵاتوون. ئاماژەی بەوەشکردووە پێکدادانەکان تا درەنگانێک بەردەوام بوون و تەرمی چەتەکان بەهۆی گورزی قورسی شەڕڤانانەوە لە ناو گۆڕەپانەکاندا کەوتبوون و چەتەکان نەیاندەتوانی تەرمەکان هەڵبگرنەوە.
ــ ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا ــ قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لە سوریا ــ وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی تێکبدەن ئەندامێکی ئەنجومەنیی نیشتمانی کورد سوریا، (ئەنەکەسە) ناوەرۆکى کۆبونەوەکەیان، لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات، ، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پ.ەکە.کە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە. دەشڵێت جەختیان لەسەر چوار خاڵی تایبەت بە داهاتووی کورد لە سوریا کردووەتەوە. سەبارەت بە خاڵەکان بریتین لە یەکهەڵوێستی سیاسی کورد، ڕاگرتنی پێشێلکاریەکان بەرامبەر ئەنەکەسە لە سوریا، کردنە دەرەوەی پەکەکەو هێزە دەرەکییەکان لە سوریاو قۆزتنەوەی ئەو هەلە مێژووییەی کە بۆ کورد هاتووەتە پێش لەو وڵاتە. ڕامان مەلا، ئەندامی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "لەسەر داخوازی بارزانی کۆبوونەیەک ئەنجامدرا، چەند تەوەرێکی سەرەکی تایبەت بە مافی کورد لە سوریا کرا، چونکە بارزانی بە گرنگییەوە لە دۆخی سوریا دەڕوانێت." ئەو بەرپرسەى ئەنەکەسە وتیشی، "باس لەوە کرا چۆن یەکڕیزی ماڵی کورد، یەک هەڵوێست و یەک خیتابی سیاسی کورد هەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی مافی کورد؛ وە چۆن دەتوانین چالاکتر لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بە جیاجیا پەیوەندی ببەستین. بەرپرسەکەی ئەنەکەسە ئاماژە بەوەش دەکات، خاڵی هەرە گرنگ باسی ئەوە کراوە چۆن بتواندرێت (پەکەکە) بە زووترین کات لە سوریا بچێتە دەرەوە، وتى: هاوکات هێزە دەرەکیەکان لە سوریا هەمووی بچنە دەرەوە، ئەوەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو بتوانین ڕێگە لە بیانووی هێرشی دەرەکی بگرین بۆسەر ڕۆژئاوا؛ خەڵکی ئێمەو وڵاتەکەمان ئارام بێت، نەک بیانوو بدەینە وڵاتانی دەرەوە ئارامی ڕۆژئاوا تێکبدەن." بەپێى وتەکانى ئەو تەوەرەکى دیکەى کۆبونەوەکە باس لە پێشێلکاریەکانی پەیەدە بەرامبەر ئەنەکەسە کراوە، لە دەستگیرکردنی بەرپرسەکان و سووتاندنی بارەگاکانی ئەنەکەسە بۆ پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندن و دەستگیرکراوەکانی لای پەیەدە. وتیشى :خاڵیکی تریش جەختکردنەوە بوو لە قۆستنەوەی ئەو هەلە مێژوویەی کە لە سوریا بۆ کورد هاتۆتە پێش و پێویستە تێیدا کورد یەک ڕیز و یەک هەڵوێست بێت." بە پێی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، دوێنێ، چوارشەممە، 8ی مانگی یەکی 2025، لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتى کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا. وێڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، ڕۆژی 23ی مانگی 12 بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا. دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە هەسەدەو ئەنەکەسە کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی ناوبرد، جەختیان لە گرنگی بەردەوامی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتن و بە هاوبەشی بەشداریکردنیان لە دانوستانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا.
ــ ئەو پلانەى حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی بووەتەوە ــ ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی کێشەکانی قەرەباڵغی و کەمی ئاوە حکومەتى ئێران، پلانی گواستنەوەی تارانی پایتەختی بۆ ناوچەی مەکران لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکەی ڕاگەیاند. فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران، رایدەگەیەنێت ئامانج لەو هەنگاوە چارەسەرکردنی کێشەکانی قەرەباڵغی و کەمی ئاو و قەیرانی دابینکردنی کارەبایە، وڵاتەکە بەدەستەوە دەناڵێنێت بە تارانی پایتەختیشەوە. موهاجرانی وتی: “پایتەختی نوێ لە باشوور دەبێت، لە ناوچەی مەکران و لە ئێستادا بابەتەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.” وتەبێژەکەى حکومەتى ئێران، باسى لەوەکرد دوو تیمی تایبەتمەند پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە خەرجی و تێچووى پڕۆژەکە، پەرەپێدانی پلانێکی ئابووری لەسەر بنەمای ئابووری لە ناوچەی مەکران، کە تێیدا داوای پشتگیری لە ئەکادیمیست و پسپۆڕان دەکەن، لەوانە ئەندازیارو کۆمەڵناس و ئابوریناسان. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە پلانەکە هێشتا لەقۆناغی سەرەتاییدایەو ئەولەویەتێکی هەنگاوەکانى بەپەلە نابێت. ئەو پلانەى حکومەت ڕووبەڕووی ڕەخنەی نەیارانی بووەتەوە، لەوانە ڕۆژنامەنووس عەلی جولاهىی، کە لەژێر ڕۆشنایی قەیرانی ئابووری وڵاتدا بە "نا واقیعی و مەترسیدار" وەسفیان کردووە. لەسەر پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی: “یاریگای ئازادی 18 مانگ دەخایەنێت و 24 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، کەواتە چەند کات و پارەی دەوێت بۆ گواستنەوەی پایتەخت؟” زانراوە کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە چەند جارێک بیرۆکەی گواستنەوەی پایتەخت وروژێنراوە، بەڵام چەندین جار تووشی ئاستەنگی ئابووری و سیاسی و لۆجستی بووە.
ــ جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە ــ حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق ــ یەکڕیزی و یەکگرتویی نێوان ئایین و نەتەوەکانی عێراق گرنگه عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە، بە جددی دژایەتی داگیرکارییەکانى ئەمریکا لەعێراق بوەستینەوە، هاوکات ئەوەشى دووپاتکردەوە حەشدی شەعبی یەكێكە لە پێكهاتە گرنگەكانی هێز لە عێراق كە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت و بەهێزتربكرێت. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەیەکەم کۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، کۆبویەوە، پاشان لەگەڵ عەلی خامنەیی رابهرى باڵاى وڵاتەکە کۆبووەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی، لەبەشێکى کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانى، خامنەیی، رابهرى باڵاى کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەختى لەسەر ئەوە کردوەتەوە، حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق، دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگی پێبدرێت و بەهێزتر بکرێت. خامنهیی ئهوهشى خستوهتهڕوو بهپێى ئهو بەڵگانهى ههن، ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان لە عێراق دەدەن و دەبێت بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکرێت. ئهو وتیشى: بوونی هێزی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق بە نایاساییه، پێچەوانەی بەرژەوەندیی گەل و حکومەتی عێراقه، جەختی لەسهر ئهوهشكردهوه ئەمریکییەکان هەوڵی چەسپاندن و فراوانکردنی ئامادەیی خۆیان دهدهن لە عێراق، پێویسته بە جددی دژایەتی ئەم داگیرکارییە بکهین. رابەڕی باڵای کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئاماژەى به پەیوەندی باشی نێوان حکومەتی عێراق و یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی عێراقی بە پێویست و گرنگ زانی.
ــ هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین پووچەڵکردەوە ــ ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، زۆربەیان تەقێندرانەوە ــ بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی تورکیاى بۆ سەر بەنداوی تشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. ئەمرۆ چوارشەممە، بەسەدان هاوڵاتى شارەکانى باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەو بەنداوی تشرین بەڕێکەوتن، کە لەژێر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. لەکاتى ئەو سەردانەدا لەلایەن تورکیاوە هێرشکرایە سەر کاروانی هاوڵاتییانی مەدەنی لە نزیک بەندوای تشرین بوون و بەو هۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداو برینداربوون. دوابەدواى ئەو بۆردومان و هێرشانە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە خراوەتە ڕوو، هێزەکانمان هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گوندەکانی باکووری بەنداوی تیشرین و لادێکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبەج پووچەڵکردەوە. هەروەها دەڵێت: بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە پاڵپشتی دەکران، لەکاتێکدا هێزەکانمان هێرشی توندیان ئاراستەی بەکرێگیراوانی داگیرکەر دەکر، ئۆتۆمبێل و تانکەکانیان، کە زۆربەیان تەقێندرانەوە. راگەیەندراوەکەى هەسەدە ئاشکرایدەکات لە ماوەیەکی نزیکدا دیمەن و وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکان بڵاودەکەنەوە. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی ئاشکرای دەکات کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی کاتى سوریا بە نیازە سەردانی تورکیا بکات، ئاماژەی بەوەداشداوە چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە. ڕۆژنامەکە ئەوەى خستوەتە ڕوو ئەحمەد شەرع، سوپاسی ئەردۆغان دەکات بۆ پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ شۆڕشی سوریا، هاوکات جەختیشیکردووەتەوە کە دیارترین مەلەفی سەرمێزى گفتوگۆکەیان، پرسى شەرڤانانى هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێت لەسوریا. بەپێى ناوەرۆکى هەواڵى ڕۆژنامە تورکیەکە، سەرکردایەتی تورکیا و سوریا لەسەر پێویستی "پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر" هاوڕان، بە هاوبەشی بڕیاریانداوە ئەم هەوڵانە بەرەو پێشەوە ببەن. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاربوو پێشتر سەردانەکەی شەرع ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەرنامەکەى سەردانەکە دواخراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کرا، ڕوونیدەکاتەوە مەرجەکانی تورکیا بۆ دوورکەوتنەوە لەو ئۆپەراسیۆنە ڕوون و ئاشکرایە، کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورک جەختی لەوە کردەوە، تورکیا "هیچ مەبەست و ئامادەکارییەک بۆ بەدیهێنانی ئەم بابەتە نابینێت"، هەروەها وتى "ئەو تیرۆریستانە کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن دەبێ سوریاش بەجێبهێڵن، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتاکەی، دووشەممەی ڕابردوو، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە دۆخی سوریا گۆڕاوە، هەروەها نەهێشتنی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنیا لەسەر کات وەستاوە. هەروەها جەختی لە گرنگی سەقامگیری هەمیشەیی لە سووریا و پاڵپشتیکردنی ئیدارەی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و گەیاندنی بۆچوونی پێویست لەبارەی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی و سەقامگیری بۆ دیمەشق کردەوە. ئەنقەرە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دوای نزیکەی 13 ساڵ لە داخستنی، باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە و ئیبراهیم کالین، وەزیری هەواڵگری تورکیاش سەردانی دیمەشقی کرد.
