هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، بە ئەندامانى شاندی ئیمرالی دەم پارتی راگەیاندوە ئەو ئامادەیە بۆ جێبەجێکرنى هەر ئەرکێک کە بکەوێتە سەرشانى. ئەمڕۆ یەکشەمە، شاندی ئیمرالی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بولدان و ئەحمەد تورک پێکهاتبوون، سەردانی بەندیخانەی کۆجاعەلییان کرد، چاویان بە فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کەوتوە، شاندەکە هەروەها چاویان بە سەمرا گوزەل پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە کەوت. شاندەکە دوای چاوپێکەوتنەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامداو ناوەرۆکى ئەو چاوپێکەوتنانەیان ئاشکرا کردووه. سری سورەیا ئۆندەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا رایگەیاند، دیدارمان لەگەڵ سەرۆک فیدان ئەنجامدا، تەندروستی و دۆخی باشە چاومان بە نوێنەرەکەمان سەمرا کەوت، فیگەن داوای کرد پێتان بڵێم؛ ‘ئێمە لەگەڵ پرۆسەکەین و هەرچییەک بکەوێتە سەر شانمان، ئامادەین بە خۆشحاڵییەوە جێبەجێی بکەین”. ئەو ئاماژەى بەوەشکردوە، دوو شت هەن کە گەڕانەوەیان نییە، یەکەمیان ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و دووەمیان کاتە، گەورەترین دیاری کە دەتوانین پێشکەشیان بکەین، کۆتایی هێنان بە شەڕ و تاجی ئاشتیی لەسەرنانە، ئێمە جددی و دڵسۆزین. هەر لەو کۆنگرەیەدا، سری سورەیا ئۆندەر، هێماى بۆ ئەوەکرد، منداڵانی ئەم وڵاتە، شایەنی ئەوە نین میراتی شەڕ وەربگرن، بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتێکی ئاشتییخواز ڕادەستیان بکەین. ئەو وتیشی: ئێمە پرۆسەکە بە ڕوونی بەڕێوە دەبەین، بەڵام دوو خاڵی گرنگی هەیە، یەکەم جددی بوون و دووەم دڵسۆزییە، مافی ئێمەیە چاوەڕێی شتی وا بین، چاوەڕێین هەموو کەس بە ئەرێنی سوودمەند بێت. سری سورەیا ئۆندەر، سەبارەت بە پرسیاری پەیوەندیدار بە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان وتی: بەڵێ بەردەوام دەبێت، دەم پارتی پلانی بۆ دادەنێت.
پەرلەمانى عێراق بڕیابوو ئەمرۆ دانیشتنەکانى دەستپێبکاتەوەو لەخاڵێکى کارنامەکەشیدا باس لە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ بکرێت، بەڵام بەهۆى تەواونەبوونى ژمارەیی یاسایی ئەندامانى پەرلەمانەوە دانیشتنەکە هەڵگیراو دواخرا بۆ کاتێکى دیکە. بڕیاربوو پاشنیوەرۆى ئەمرۆ یەکشەمە، پەرلەمانی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی دەستپێبکاتەوە، بەرنامەی کار لە شەش بڕگە پێکهاتووە؛ دوو پرۆژەیاسا دەنگیان لەسەر بدرێت و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پرۆژەی دیکەش بکرێن. هاوکات لەبڕگەیەکى دیکەى دانیشتنەکە، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پێشنیازی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى، ئەمرۆ بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، لیژنەی دارایی پێشنیارێکی پێشکەش کردوە بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە تەمەنی خانەنشینی و بەرزکردنەوەی بۆ 63 ساڵ، بەڵام هەر یاسایەک لایەنێکی دارایی لەخۆبگرێت بە دەسەڵاتی تایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دادەنرێت، و پەرلەمان ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەری بەبێ رەزامەندی حکومەت. پێشتر تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی 2014 یاسای خانەنشینی هەموارکرایەوە و تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکرایەوە. تا ئێستا حکومەت رەزامەندی خۆی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی نەداوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مامەڵەکانی پەیوەست بە خانەنشینی بەردەوام دەبن لە پلەبەرزکردنەوە بەپێی ئەو تەمەنەی ئێستا کە بە 60 ساڵ دانراوە، تا ئەو کاتەی یاساکە بە فەرمی هەموار دەکرێتەوە. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی ڕاگەیاندوە، بەشێک لەپەرلەمانتارانیش ئەوەیان راگەیاندووە، بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەیان بەدڵ نەبوو بۆیە ئامادەنەبوون بەشداریی لە کۆبوونەوەکەى ئەمرۆدا بکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواى کۆبونەوەیەکى لەسەر کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێرو دهۆک، بڕیاریدا ڕێگریی بکرێت لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت بۆ ئاودانی سەوزە، هەروەها ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک. لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەیدا بەوەداوە، پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمە، پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین. هاوکات لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی حکوومەت لەبارەى چارەکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەواوە دەڵێت ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتەو لەم بارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریی لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر. لەکۆبونەوەکەشدا ئەم بڕیارانە دراوە: یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت. سێیەم: دەبێ خاوەنی مووەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، دژى سەپاندنى سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی هاتوەتە دەنگ و داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییکردووەو هەڵوێستی توند وەربگرن، جەختیش لەسەر ئەوەدەکاتەوە سێدارەی ئەوان لە بەرانبەر هێزو بەرخودانى ئێمە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت. پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "یاخییبوون و ئەندامێتی" لە پژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەمرۆ یەکشەمە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە رایگەیاند: " لە بنەڕەتدا سەپاندنی سزای سێدارە بە سەرپەخشان عەزیزی و دواتریش ب سەر وریشە مورادی تەنانەت بە پێی خودی یاسا نامرۆییەکانی رژیمی ئیسلامی، هیچ پێگەیەکی یاسایی نیەو بە تەواوی بڕیارێکی سیاسییە. لەیەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەى پژاکدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران هەڵوێستی توند وەربگرن، هاوکات دەڵێت: با بە رۆحی شۆرشی "ژن ژیان ئازادی"، بە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەین کە سێدارەی ئەوان لە بەرانبەر بەرخۆدانی ئێمە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت." راشیگەیاندووە: " سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر پەخشان عەزیزی و پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی ئەم حوکمە دژە مرۆییە، روانگەو ئامانجی هاوبەشی رژیمی ئیسلامی و داعش لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازو گەلی کورد نیشان دەدات، تەنیا رێگای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، لە پەیرەوکردنی سیاسەتی مشتی ئاسنین لە ناوخۆ دا دەبینێت". پارتى ژیانى ئازاد لە راگەیەندراوەیاندە ئەوە دەخەنە ڕوو هەر جۆرە هەڵسووکەوتێک لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازدا، هەڵسووکەوت لە بەرانبەر نرخ و کەرامەتی گەلی ئێمەیە. دەشڵێن: هەربۆیە پێویستە دەستبەجێ سزای سێدارە لە سەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی هەڵبوەشێت و لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێن." پژاک لەبەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەیدا جەختیشی کردووەتەوە بەرخۆدانی ئازادیخوازان و بە تایبەتی ژنان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بێچارە و دەستەوەستان کردووە.
ــ تا ئێستا پشكی هەرێم لە نەوتی پاڵپشتیكراو لەلایەن بەغداوە نەگەیشتووە ــ لەم هەفتەیە دەینێرێت، بەڵام بەشی سەدا 19ـی خێزانەکان دەکات وەزارەتى سامانە سوروشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رایدەگەیەنێت لەم هەفتەیەدت لە بەغداوە بڕێک نەوتی سپی بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆوەکان دابین دەکرێت، بەڵام بەشی سەدا 19ـی خێزانەکان دەکات. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە کە تاوەكو ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نەگەیشتووە. وەزارەتى ناوبراو دەڵێت: لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڕێک لە نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکان دابین بکرێت. راگەیەندراوەکەى وەزارەت جەختى لەسەر ئەوەکردوەتەوە، بەڵام ئەوەی بەغدا دەینێرێت تەنیا بەشی 19٪ی پێداویستیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە. وەزارەتى سامامانە سروشتیەکانى هەرێم دەشڵێت: ئەگەر ئەو بڕە نەوتەش دابینکرا، بە چەند كاروانێک دەگاتە هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانەوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئەمرۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕیاز میوانداری کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوا و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا. سەرچاوەکان بە شەرق ئەوسەتیان ڕاگەیاندوە، ئەسعەد حەسەن شەیبانى، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات، جگە لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە. وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا، پێش ئەوەی گفتوگۆی فراوانتر لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانیان و نوێنەری ڕێکخراوە بەشداربووەکان بکەن، بەپێی هەمان سەرچاوە. لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، جێگری وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەیەکی فرەقۆڵی دەکات کە سعوودیە بۆ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ناوچەکەو هاوبەشە جیهانییەکان بۆ هەماهەنگی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ گەلی سوریا رێکیدەخات. باڵیۆزی سوریا لە سعودیە، ئەیمەن سوسان، جەختی لەوە کردەوە کە “سعودیە کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە، و توانایەکی گەورەى هەیە دەتوانێت پاڵپشتی سوریا بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت”. چەند ڕۆژێکە سعودیە لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە خۆراک و شوێنی حەوانەوە و پێداویستی پزیشکی دەگوازێتەوە، هاوکاری مرۆیی بۆ دیمەشق دەنێرێت. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە ئێستا گەلی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت.
بەفربارین ڕێگەی زینی وەرتێی داخستوەو داوا لە شۆفێران دەکرێت تاوەکوو ڕامالینی بەفرەکە، ئەو ڕێگە بەکار نەهێنن، هاوکات زیاتر لە 20 سانتیمەتر بەفر لە سنوورى مەرزى کێلێ باریوە، بەهۆیەوە رێگاى گەیشتن بە مەرزەکە پەکى کەوتووەو هاتووچۆ وەستاوە. سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەممە، 12-01-2025، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی وەرتێ لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە، بەهۆی شەپۆلی بەفرو گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە، ڕێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی گیراوەو هاتووچۆى تێدا ناکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەکە لەراگەیەندراوێکیاندا داوا لە شۆفێران دەکەن، تاوەکوو تیمەکانی پاککردنەوە و ڕاماڵینی بەفر دەگەنە شوێنەکە، بۆ سەلامەتی خۆیان وسەرنشینان، ڕێگەکە بەکار نەهێنن. ڕێگەی زینی وەرتێ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەرین بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ناحیەی وەرتێ لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای ڕواندزە، بێجگە لە ناوەندی ناحییەکە، 17 گوند دەکەونە سنوورییەوە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 10 هەزار کەسە. هاوکات لە شەوى رابردووەوە زیاتر لە 20 سانتیمەتر بەفر لە سنوورى مەرزى کێلێ باریوە، بەهۆیەوە هاتوچۆکردن پەکى کەوتووە ئێستا کارى بازرگانى و هاتوچۆى هاوڵاتیانیش تا کاتێکى نادیار راگیراوە.
بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبێتەوە، بەشداریش لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکات. هەر لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ یەک شەممەش بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات کە بڕیارە هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبن. بەپێی زانیارییەکانیش تەوەری گفتوگۆکان بودجە و مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەبن.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە سیرین خانوویەکی بۆردوومان کرد، ئەندامێکى خێزانێک لەو روداوەدا بوونە قوربانى کەپێکهاتوون لە باوکێک و دوو منداڵی کچی شەهیدبوون، هەروەها هاوسەرى پیاوەکەو ٥ منداڵی ترى هەمان خێزان برینداربوون. ئاژانسەکانى هەواڵى رۆژئاواو نزیک لە هەسەدە، بڵاویانکردەوە، ئێوارەى ئەمرۆ شەممە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە گوندی مەسرەب لە شاری سیرینی سەر بە کانتۆنی فورات، خانوویەکی بۆردوومان کردوەو کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە. بەپێى زانیاریەکانى ئەو ئاژانسانە، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردوەتە سەر ئەندانمانى ئەو خێزانەکە، لە ئەنجامدا سێ کەس شەهیدبوون بەناوەکانى ئیسماعیل حەسەن مستەفا (٣٧ ساڵ)و ٢ منداڵی ئەو پیاوە شەهیدبوون. هەروەها شەش ٦ کەسی تر لە ئەندامانى هەمان خێزان بریندار بوون. بارى تەندروستى هاوسەرى پیاەکە خراپە. ناوی شەهیدەکان: ئیسماعیل حەسەن مستەفا (٣٧ ساڵ)، فاتمە ئیسماعیل مستەفا (١٢ ساڵ) و عایشە ئیسماعیل مستەفا (١٣ ساڵ). ناوی بریندارەکان: حەسەن ئیسماعیل مستەفا (١٠ ساڵ)، خلود ئیسماعیل مستەفا (٨ ساڵ)، ئیمان ئیسماعیل مستەفا (٥ ساڵ)، عەلی ئیسماعیل مستەفا (٢ ساڵ)، بەحریە ئیسماعیل مستەفا (١ ساڵ). زیاتر لەمانگێکە دەوڵەتى تورکیاو بەکرێگیراوەکانى بەفرۆکەى جەنگى و فرۆکەى بێ فرۆکەوان و چەکى جۆراو جۆر، بۆردوومان و هێرش دەکەنە سەر شارو گوندەکانى رۆژئاواى کوردستان، بەتایبەتى ناوچەکانى منبج و دەوروبەرى بەنداوى تشرین. بەهۆى ئەو بۆردومانانەشەوە مەترسى گەورە لەسەر بەنداوى تشرین لە زیادبووندایە کە زیانێکی بەرچاو بە پێکهاتەی کۆنکرێتی بەنداوەکە بگەیەنێت، کە مەترسی داڕمان و کارەساتی گەورە بەدرێژایی ڕووباری فورات و ناوچەکانی دەوروبەری لێدەکەوێتەوە، داگیرکاری تورکیا بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆدایە لە هەموو ئەو شتانەی کە بەسەر بەنداوەکەدا دێت.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەمرۆ شەممە ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستی کردووە بە دەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون. کەناڵی 12 ئیسرائیل لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ دەستیکردووە بەدەستوەردانی شەخسی لە پرسی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکاندا، و ئەویش "پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنەکە تەواو بکات پێش ئەوەی دەستبەکاربێت لە ٢٠ى ئەم مانگە". ڕوونیشیکردەوە، ئەو پێشنیازەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتییە لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی فیلادلفیا و دەروازەی نیتساریم لە دوا ڕۆژی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کشانەوەی بەشێکی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا خاڵەکانی چاودێری ئیسرائیل، لە کۆتا ڕۆژی قۆناغی سێیەمیشدا کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەبێت. بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە میدیاکانی ڕاگەیاند: دیدگای کۆتایی ڕێککەوتنەکە تەواو بووە، ڕێککەوتن لەنێوان ناوبژیوانەکاندا هەیە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. بەپێی سەرچاوەکان، هەردوولا لەسەر هێڵکارییە گشتییەکانی قۆناغی دووەم ڕێککەوتوون، خاڵە ناکۆکییەکانیش لە کاتی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمدا دواخران بۆ گفتوگۆکردن. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری و ژمارەی بارهەڵگرەکان وردە وردە لە ڕێگەی دەروازەی سەڵاح الدین و دەروازەی کەرەم شالوم لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە زیاد دەکات. هەروەها دەروازەی ڕەفعەت وردە وردە دەکرێتەوە، سەرەتا لە حاڵەتە فریاگوزاریەکانی وەک نەخۆش و بریندارەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر ژمارە و پۆلەکانی زیاد دەکرێت. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە، کە لە سەردانێکی لەناکاودا گەیشتە ئیسرائیل.
یانەى نەورۆز لەسەر رێگریەکانى هێزى کۆماندۆ کە نەیانهێشتوە یارى تیپى لاوان بەرێوەبچێت، داواکار لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی کوردستانە دەکەن، هەڵوێستی جدی و بەپەلەیان هەبێت تاوەکو رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە. بڕیاربوو ئەمرۆ کاتژمێر 2:30ـى پاشنیوەڕۆ لە چوارچێوەى یارییەکانى خولى تۆپى پێى عێراق بۆ ئاستى خوار تەمەن 21 ساڵ، تیپی لاوانی یانەى نەورۆز لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە یارى بکات، بەڵام لەلایەن هێزێکى کۆماندۆوە نەیانهێشت یاریەکە بەڕێوەبچێت. یانەى وەرزشى نەورۆز، پەیامێکى بڵاوکردەوەو لەبەشێکیدا، ئەوە خراوەتە روو یانەی نەورۆز هەڵگری پەیامی ئاشتی و وەرزشە ئیدانەی هەرکارێکی قێزەون و دوور لە گیانی وەرزشی دەکەین. یانەى ناوبراو رایدەگەیەنن، لەکاتێکدا وا بریار بوو ئێوارەی ئەمرۆ لەمیانی رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی یانەکانی عێراق بۆ ئاستی تەمەن خوار ٢١ ساڵ یانەکەمان بەرامبەر یانەی پێشمەرگەی هاوشارمان لە هەفتەی هەشتەمی خولەکە یاریی بکات، بەداخەوە لەلایەن هێزێکی کۆماندۆوە گەمارۆی یاریگای پێشمەرگە ناسراو بە یاریگای فەرماندەیی دەدرێت و لەپاش لێکۆڵینەوەو پشکنینی ئەندامانی تیپی یانەکەمان، پێیان رادەگەیەنن کە بۆیان نییە لەو یاریگایە یاریی بکەن و دەبێت ئەو شوێنە جێبهێڵن. لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەک یانەی وەرزشی نەورۆز سەرەرای ئیدانە کردنی ئەم رەفتارە قێزەونە، بۆ هەمووان رایدەگەیەنن کە کارو ئەرکی ئێمە هەڵگرتنی پەیامی ئاشتی و وەرزش و جوانکردنی ناوی شاری سلێمانی و دەوروبەرییەتی، بۆیە دووبارە ئەم کارە ئیدانە دەکەین و مایەی سەرسورمانە کە تەنانەت لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسدا دەست بۆ ئەم جۆرە چالاکی و رکابەرییە وەرزشیانە نەدەبرا.! یانەى نەورۆز دەڵێن: بۆیە داواکاریمان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و بەرپرسانی وەرزشی هەرێمی کوردستانە کە هەڵوێستی جدی و بەپەلە لەسەر ئەم رووداوە بگرنە بەر تاوەکو رێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارانە. لەکۆتایی راگەیەندراوەکەى نەورۆزدا دەڵێن: جارێکی تر وەبیری یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەخەینەوە کە ئەم کارە قێزەونە لەسەر ناوو نازناوی یەکێتییەکەیان دەکەوێت لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی جیهان (FIFA)ەوە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە رێکاری توندو بەپەلە بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن و دووبارە نەبوونەوەی ئەمجۆرە رووداوە نەخوازراوانە.
ــ نرخى خانوەکە بایی ٩ ملیۆن دۆلارە، ڕووبەرەکەی ٤٢٠٠ پێی چوارگۆشەیە ــ بە شێوەیەک دیزاین کراوە بەرگەی بوومەلەرزە سەقفەکەى بەرگەى ئاگر دەگرێت ــ لە ئاگرەکەى لۆس ئەنجلۆس، تا ئێستا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە بەپێى ئەو وێنانەى لە ئاسمانەوە گیراون، ماڵێک لەگەڕەکێکى لۆس ئەنجلۆس نیشان دەدەن، سەرەڕای ئاگرکەوتنەوەکان کە هەموو ماڵەکانی نزیکیان بۆتە خۆڵەمێش، بەڵام تەنها ئەو خانوە سێ نهۆمیە هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە. خانوەکە هی بازرگانێکی ئەمریکیە بەناوى دەیڤید شتاینەر، نرخەکەى بایی ٩ ملیۆن دۆلارە، ڕووبەرەکەی ٤٢٠٠ پێی چوارگۆشەیە و ٤ ژووری نوستنى تێدایە. لە کاتێکدا ئاگرى کێوەکانی لۆس ئەنجلۆس هەموو شتێکی لە ڕێگاکەیاندا سوتاندو کردنى بەخۆڵەمێش، بەڵام ماڵە سێ نهۆمیەکەی ئەو بازرگانە بەپێوە ماوەتەوەو بە شێوەیەکی موعجیزە هیىچى لێنەهاتووە. ئەو خانووە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە بەرگەی بوومەلەرزە بگرێت و بیناسازییەکی زۆر تۆکمەی هەیە، لەوانە دیواری بەرد و سەقفەکەى بەرگەى ئاگر دەگرێت. نزیکەى هەفتەیەکە لە لۆس ئەنجلۆسی لە هەردوو لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو شارە ئاگرێکى بەهێزو فراوان کەتوەتەوە، تا ئێستا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ هەزار بینای لەناوبردووە و پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارانە بەرزببنەوە.
ناوەرۆکى کۆبونەوەکەى ئەمرۆى نێوان حکومەت و نوێنەرانى کورد لەبەغدا بڵاوکراویەوە، داواکراوە حکومەت نوێنەرانی هەرێم لە بەغدا، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆران بکەن بۆ هەر دوازدە مانگەى ئەمساڵ، بڕیاریشدرا شاندێک بچێتە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 1/11، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا. ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو باسى لەناوەرۆک و بریارەکانى کۆبنەوەکەى ئاشکراکردوە. بەپێى راگەیەندراوەکە دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە و تاووتوێکردنی بابەتەکان، کۆبوونەوە جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هاوهەڵوێستی و هاوئاهەنگیی پێویستی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە لەپێناو بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەکانی هەرێم لە بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی مووچە. لە کۆبوونەوەدا بڕیار دراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەربکرێت. هەروەها لەخاڵێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بریاردراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی. خاڵى سێیەم و کۆتا بریارى کۆبوونەوەکەى ئەمرۆ ئەوەبووە لە ئێستاوە کار بکرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی ، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی ، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.
هێزێکى کۆماندۆ رێگریکرد لەبەرێوە چوونى یارى تیپی لاوانی یانەى نەورۆز لە خولی عێراق لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە، بڕیاربوو ئەمرۆ کاتژمێر 2:30ـى پاشنیوەڕۆ لە چوارچێوەى یارییەکانى خولى تۆپى پێى عێراق بۆ ئاستى خوار تەمەن 21 ساڵ، یاریەکە ئەنجامبدرێت. نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یانەی نەورۆز لەبارەیەوە راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە دەڵێت، بەداخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ، لەکاتێکدا تیپی لاوانی یانەکەمان لە خولی عێراق لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە لە یاریگای یانەی پێشمەرگە لەنێو فەرماندەیی گشتیی خەریکی ئەنجامدانی یاریکردن بوون، هێزێکی لە یاسا دەرچوو کە خۆیان بە کۆماندۆ ناساندووە رێگرییان کردووە لە ئەنجامدانی یارییەکە. دەشڵێت، بە فەرمانى سەرۆکى یەکێتى هێزەکەى کۆماندۆ رێگریی لە بەڕێوەچوونى یارییەکە کردووە، هەربۆیە داوا لە یەکێیتى تۆپی پێی عێراق دەکەن بە ئەرکى خۆى هەستێت و بەرپەرچى ئەم کارە بداتەوە کە ئەو بە رەفتارى بەعس ئاسا و ترسنۆکانە ناوى بردووە. نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یانەی نەورۆز باسى لەوەشکردووە، ئەم کارە ئیهانەکردنە بە شاری سلێمانی و وەرزش و وەرزشدۆستان و داوا لە وەرزشدۆستانی سلێمانی و هەموو کوردستان دەکات کە دژ بەم رەفتارە بە توندی بوەستنەوە. لە بەشێکى دیکەى راگەیەنراوەکەى نووسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى یانەى نەورۆز هاتووە، سەرۆکی حکومەت بەرپرسیار دەکەین بەرامبەر جڵەوکردنی ئەو هێزانەی کە مووچە لەسەر حسابی ئەم میلەتە و لەسەر لیستی ئەم حکومەتە وەردەگرن، بەڵام وەکو خۆى دەڵێت، بەعس ئاسا کەوتونەتە گیانی هەموو پیرۆزییەکانی کوردستان و میللەتەکەى.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت، ئەو گروپەى داعش کەویستویانە، مەزارگەى زەینەب لە دیمشق بتەقێننەوە، لەژێر دەسەلاتى ئەوانەوە نەرۆشتوون و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەن هاوکاری پێشکەش بە ئیدارەی دیمەشق بکەن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان. ئاژانسى ساناى حکومەتى سوریا، ئەمرۆ بڵاویکردەوە هێزە ئەمنیەکان توانیویانە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێکدا بگرن کە بۆمبڕێژکراوبووەو گروپێکى داعش، ویستویانە مەزارگەى زەینەب بتەقێننەوە، بەڵام شکستیان هێناوەو دەستگیرکراون، ئاژانسەکە بانگەشەی ئەوەی کردوە ئەو ئۆتۆمبێلە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەوە رۆشتوون. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ لە ئیدارەی نوێی سوریا، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا، گیراوە لە ناوچەکەکانى ژێر کۆنترۆڵى هەسەدەوە بەرەو شاری حەلەب دەهات". ناوەندى راگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوەو دەڵین: ئێمە ئەم بانگەشە بەپەلەو تۆمەتانە درۆ یانە رەتدەکەینەوە، لەسەر بنەمای بەڵگەی واقیعی یان لێکۆڵینەوەی شەفاف نین. هەسەدە لەبەیاننامەکەشیدا، ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى ئەوان و ناوچەی حەلەب پڕن لە کوتلەى بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا، هەروەها بەرژەوەندییەکی تەواویان هەیە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەو کەشوهەوای ئەرێنییەی کە هاوڕێی گفتوگۆی نێوان ئێمەیە هێزەکان و بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دیمەشق. هەسەدە دەڵێن: بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، هێزەکانمان پێشنیاری هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن لە ئیدارەی دیمەشق بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی لایەنە ڕاستەقینەکانی پشت تەقینەوەکان و ناردنی تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی حەلەب و شوێنەکانی دیکە.
