دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، حزبوڵا هەوڵدەدات بە هاوکاری ئێران هێزی خۆی وەربگرێتەوەو خۆى پڕ چەک بکاتەوە، ڕاشیدەگەیەنێت ئەو حزبە هێشتا مەترسییەکی جددی لە سەر ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات. دانۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە ١٥ ئەندام، دەڵێت: هەرچەندە لە کاتی شەڕدا توانای سەربازیی حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە، بەڵام ئێستا بە هاوکاری ئێران هەوڵ دەدات هێزی خۆی وەربگرێتەوە. دانۆن بە پێویستی زانی حکومەتی لوبنان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی قاچاخچێتی چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتی دارایی لە سنووری سوریا و لوبنان و لە ڕێگەی ڕێگا ئاسمانی و دەریاییەکانەوە بێت. دانۆن لە بەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەیدا، ڕوونی کردەوە لەوەتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، چەندین هەوڵی گواستنەوەی چەک و پارە بۆ حزبوڵا دراوە. بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە ئیسرائیل و حزبوڵا ڕێککەوتنێک واژۆبکەن لەسەر ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە بە نێوەندگیری ئەمریکاو لە 27ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات، ئەمەش دوای زیاتر لە ساڵێک لە ململانێ. لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری لوبنان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا دیاریکراوە.
بەپێى راپۆرتێکى ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەنیازە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، محەمەد شیاع سودانی، لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە داونینگ ستریت، تاوتوێی ڕێککەوتنی گەڕانەوەی کۆچبەران بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ستارمەر کەمکردنەوەی کۆچبەرانی بۆ بەریتانیا کردۆتە ئەولەویەت و ئامانجی ئەوەیە کە پرۆسێسکردنی هەزاران کۆچبەری عێراقی کە ساڵانە بە ڕێگای "نایاسایی" دەگەنە ئەو وڵاتە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت: "رێککەوتنەکە یارمەتیدەردەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی بازرگانیی قاچاخچیییەکان و پەیامێکی روون دەبێت بەوەی ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی بێیتە ئێرە، ناتوانیت چاوەڕێی مانەوە بکەیت." ئەو هێماى بۆ ئەوەشکردوە زۆر خۆشحاڵە کە دەستیان بە دانوستانەکان کردووە بۆ ڕێککەوتنێکی گەڕانەوەی ئەوانە لە نێوان وڵاتەکانماندا. نزیکەی ١٦ هەزارو ٤٩٩ عێراقی لە نێوان مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ تا ئەیلوولی ٢٠٢٤ گەیشتوونەتە بەریتانیا، بە بەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە، کە ١٢%ی سەرجەم کۆچبەران لەو ماوەیەدا پێکهێناوە. کۆچی نایاسایی و یاسایی بابەتێکی سەرەکی بوو لە هەڵبژاردنی گشتیی مانگی تەممووزی بەریتانیا، کە پارتی کاری سەرۆکوەزیرانی هێنایە سەر دەسەڵات. لە هەمان هەڵبژاردندا پارتی ریفۆرمی راستڕەوی تووندڕۆی دژە کۆچبەری نایجڵ فاراج سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکرد. دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممە لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە بنیات دەنرێت کە ئیڤێت کوپەر وەزیری دەرەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە مانگی نۆڤەمبەردا واژۆیان کردووە، کە بریتی بوون لە بەڵێنی پشتیوانی دارایی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و عێراق "رێککەوتنی هاوبەشی" واژۆ دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان و هەلی کار بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا لە کەرتی ئاو، وزە، پەیوەندییەکان و بەرگری عێراق، بەپێی ئۆفیسی میدیایی سودانی. ئەم ڕێککەوتنە بە بەهای 12.3 ملیار پاوەند (15 ملیار دۆلار)، بەشێکە لە پاکێجێکی هەناردەکردنی بەریتانیا و دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە وردەکاری زیاتر ئاشکرا دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا رایگهیاند: زۆر بەخێراییی چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین سهرۆكی رووسیا دەكەوێت. لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "نیوزماكس" ترهمپ رایگهیاند: بەنیازە زۆر بەخێرایی چاوی بە ڤلادیمێر پۆتین ، سەرۆكی روسیا بكەوێت، له دوای دەستبەكاربونی لههەفتەی داهاتوودا. لەبارهی ستراتیجی كۆتایهێنان به جەنگی ئۆكرانیاش، ترەمپ وتی: تەنها یەك ستراتیج هەیەو بڕیاریش بەدەستی پۆتینە، پێموانیە ئەو زۆر دڵخۆش بێت بەو رێگایەی كارەكانی پێدا تێپەڕی، چونكە ئەوە بۆ ئەویش باش نەبوو. هاوكات وتەبێژی كۆشكی كریملین، ئامادەیی پۆتینی پیشاندا، بەبێ هیچ مەرجێك دیداری لهگهڵ ترەمپ ئهنجامبدات، وتیشی: خوازیارین،به بوونی ویستێكی هاوبەش و ئیرادەیەكی سیاسی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێی دیالۆگەوە.
پات ڕایدەر ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایدەگەیەنێت ئەوان هیواخوازن شەر لەنێوان هێزەکانى هەسەدەو تورکیا لە باکورى سوریا(بەنداوى تشرین) کۆتایی پێبهێنرێت. لەکۆنگرەیەکى رۆنامەوانیدا، لەوەڵامى پرسیارى رۆژنامەنوسان سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەى داعش، پات ڕایدەر ووتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) وتى: ئێمە دەمانەوێت گرژى و ئاڵۆزیەکان بەرەو کەمبوونەوە بچن، چونکە نامانەوێت سەرهەڵدانەوەی داعش یان ئەو هەلومەرجە ببینین کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا. وتەبێژەکەى پنتاگۆن وتیشى : شەڕێکى سەخت لە باکورى سوریا (بەنداوى تشرین) هەیە لەنێوان هێزەکانی سوریاى دیموکرات و تورکیا یان ئەوهێزانەی سەر بە تورکیان، ئەمانەوێت کۆتایی پێبێت و ئاگربەست رابگەیەنرێت. وتەبێژی پنتاگۆن ئەوەشى خستەروو ئەرکی ئەوان وەک هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا شکستپێهێنانی داعشە، وتى: من ئاگاداری ئەوەنیم هیچ گۆڕانکارییەک لەو ئەرکە رویدابێت. بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەی مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە سوریا لەسەر ڕووباری فورات ئامانجی بەرهەمهێنانی کارەبایە. ١١٥ کم لە حەلەبەوە دوورە و ٨٠ کم لە سنووری تورکیاوە دوورە. تێچووی پڕۆژەکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق، عەتوان عەتوانی، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئەولەویەتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بریتین لە دەستەبەرکردنی مووچە و خەرجییەکانی حوکمڕانی و هەموو ئەو شتانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. ئەمرۆ دووشەممە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبوونەوەیەکی فراوانى لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ ستافی باڵای وەزارەتى دارایی بەڕێوەچووە. مەبەستى کۆبونەوەکە، بۆ پێداچوونەوەو گفتوگۆکردن بووە لەسەر ژمارەیەک دۆسیەو بابەتی دارایی، پێداچوونەوە بە قەرزی گشتی لە وەزارەتی دارایی، فایلەکانی قەبارەی خەرجکردن و نەختینەی بەردەست، ڕێژەی کورتهێنانی بودجە کراوە. بەپێى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی دارایی وڵات و ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی سیاسەتی دارایی وڵات بووەتەوە، دوایین ئامادەکارییەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025، هەروەها میکانیزم و پلانەکانی دڵنیابوون لە دابینکردنی دارایی مووچە و خەرجییەکانی حوکمڕانی لەماوەی ئەمساڵدا تاوتوێ کراوە. عەتوانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئامانجی سەرەکی بودجەی سێ ساڵە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بووە، بەڵام مەرجی هەبوونی نەختینەی دارایی پێش گرێبەستکردن ئێمەی بردەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. هەروەها وتیشى: ئێمە ڕێگای یەکگرتنی ئەرێنیمان لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرتەبەر بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت بڕگەکانی بەرنامەی حکومەتەکەی جێبەجێ بکات، ئەولەویەتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بریتین لە دەستەبەرکردنی مووچە، خەرجییەکانی حوکمڕانی، و هەموو ئەو شتانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە وەزارەتی دارایی پلان و بەرنامەی دروستی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی بە شێوەیەک کە گەشەسەندن بەدەستبهێنێت.
جێگری سەرۆکی هەدەپە و پەرلەمانتارو ئەندامی شاندی ئیمرالی، سڕی سوڕەیان ئۆندەر، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە ئاشتی ڕوونەو ئەو داوای ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات. جێگری سەرۆکی هەدەپە، لەوەڵامى رۆژنامەنوساندا رایدەگەیاند "ئەوەی ئێمە جیاواز لە جەماوەر دەیزانین ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانمانە، کاتێک پرۆسەکە گەیشتە قۆناغێکی دیاریکراو هەموو شتێک بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین". لەوەڵامى پرسیارێک سەبارەت بە هەڵوێستى ئۆجەلان، سیری سوریە ئۆندەر جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی ئۆجەلان ڕوونە، ئەو وتى: عەبدوڵا ئۆجەلان داوای ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات، هەڵوێستی سیاسی نیشان دەدات نەک بانگەوازی شەڕ و توندوتیژی. سەبارەت بەناوەرۆکى کۆبوونەوەو سەردانەکانى شاندى دەم پارتى بۆلاى پارت و لایەنەکانى پەرلەمانى تورکیا، جێگری سەرۆکی هەدەپە، وتى: من ناڵێم ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەم نەبوونی شەفافیەت سەبارەت بە ڕاستگۆیی پرۆسەکە نییە، بەڵکو سەبارەت بە دۆخەکە بە واتایەکی تر ئێمە تەنیا نین وڵاتان و ئەکتەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای ئەوەدان بزانن چی ڕوودەدات لە ڕێگەی ئامرازو شێوازی جۆراوجۆرەوە. ئۆندەر سەرنجی بۆ پێشنیازو هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان ڕاکێشا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، وتی: ئێستا ڕوون نییە ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران، تورکیا یان ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەی سوریا چی دەکەن ئێستا باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە حکومەت چی دەکات.
دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززەو ئازادکردنی بارمتەکان بە کۆبوونەوەیەک لە دۆحەی پایتەختی قەتەر سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى رۆیتەرز. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە رۆیتەرزى ڕایگەیاندوە، سبەینێ سێشەممە لە دەوحە خولێکی نوێى دانوستانەکانی نێوان ئیسرایل و حەماس لەبارەى ئاگربەست لە غەززە ئەنجامبدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان. ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە "لە هەموو کاتێک نزیکترە". ئاشکراشی کرد کە بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک، نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکى ئێستاى ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئامادەبن. قەتەر شایەتحاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆی چڕوپڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکانی دەستبەسەرکراو لە غەززە و زیندانیانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرن. بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشکەوتن بەدەست هاتووە کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک نزیک بووەتەوە. سەرچاوەیەکی فەلەستینی ڕایگەیاند کە حەماس لەم دانوستانانەدا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە پێشکەش کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕگەکانی دەرببڕێت. بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی گرێبەستەکەدا، ژن و منداڵ و پیاوانی سەروو ٥٠ ساڵ یان نەخۆش ئازاد بکرێت، هەروەها سوپا وردە وردە لە زۆربەی ناوچەکانی ستریپ دەکشێتەوە بۆ ناوچەیەکی پارێزراو لە ماوەی ٤٢ ڕۆژدا. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دانوستانەکان بۆ قۆناغەکانی دواتر دوای ١٦ ڕۆژ لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی ئەمریکا دەست پێدەکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێککەوتنەکە ڕاوێژکاری ئەمنی ئەنجام دەدات.
فه ڕماندەى گشتی هێزەکانى سوریای دیموکرات، رایدەگەیەنێت قۆناغی ئێستا پێویستی به هه وڵێکی هاوبەشه له نێوان هه موو لایەنه کوردییەکان بۆ به دیهێنانی سەقامگیری. بەپێى راگەیەندراوێکى هەسەدە، پاشنیوەرۆى ئەمرۆ دووشەمە، مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیدارێکدا پێشوازی لە نوێنەری مەسعوود بارزانی، دکتۆر حامید دەربەندی کرد کە دوایین پێشهاتەکانی گۆرەپانی کوردی و هەرێمی تاوتوێ کردوە. بەپێى راگەیەندراوەکە، مەزڵوم عەبدى لەکۆبونەوەکە، رایگەیاندوە قۆناغی ئێستا پێویستی به هه وڵێکی هاوبەشه له نێوان هه موو لایەنه کوردییەکان بۆ به دیهێنانی سەقامگیری و و دەسته بەکردنی پاراستنی بەرژەوه ندییەکانی کورد. لە میانی دیدارەکەدا دکتۆر دەربەندی پەیامی پشتیوانی بارزانی گەیاندوە بەهەسەدە، جەختی لە گرنگی یەکخستنی ڕیزەکانی کوردو بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای سوریا کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەفەرمى بانگهێشتی نورى مالیکى، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات بۆ ئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان بکات، مالیکیش رەزامەندی نیشانداوە ئەو سەردانە ئەنجامبدات. ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەغدا سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کۆبونەوە. بەپێى راگەیەندراوێکى نوسینگەى راگەیاندنى نورى مالیکى، لە بەشێکى کۆبونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی کردوە، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، نورى مالیکیش پێشوازی لەو بانگهێشتە کردوە، هەروەها "هیوای ئەوەى خواست ئەم سەردانە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا. بەپێی راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی لێكگهیشتن، بەهێزکردنی دیالۆگی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقییهكاندا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاڵنگارییهكانى بهردهم وڵات. لە تهوهرێكى دیكهى كۆبوونهوهكهدا باسیان لە پێشهاتهكانى ناوچهكه، بهتایبهتى دۆخى سووریا كرد؛ تیشكیان خسته سهر ئهگهر و لێكهوتهكانى دۆخى رۆژههڵاتى نێوهڕاست لهسهر عێراق و ناوچهكه و، لهوبارهیهوه داكۆكییان لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامى و سهقامگیریى وڵات كردهوه. نێچیرڤان بارزانى، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداو کۆبوونەوەکانى لەگەڵ سەرۆکایەتیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان، باسى لەچەند دۆسیەیەکى جیاواز کردوە، پرسی بودجە و مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی پەیوەست بە ناوچەکانی ماددەی 140 و کێشەی تازەخولقێندراوی بازرگانی لەنێوان هەولێر و بەغدا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بووە.
ناوەندى راگەیاندنى هەسەدە، ڕایگەیاند لە شەڕی ٢٤ کاتژمێری کۆتاییدا لە دژی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەر ٢٣ چەتە کوژراون و ٧ی دیکەش بریندربوو، هەروەها چەندین ئۆتۆمبیلی زریپۆش و سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون. ناوەندی ڕاگەیاندنى هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک کۆتا زانیاری سەربازی و دەرنجامی بەرخۆدانی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر گوندەکانی منبج و کۆبانێ ئاشکرا کرد. لە ڕاگەیاندراوكەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، دوێنێ لە گردی سیریاتەل و گوندەكان دەوروبەری باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج، شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕوویداوە. ئاماژە بەوەشكراوە، لەو شەڕەدا ٢٣ چەتە كوژراون و حەوتی دیكەش برینداربوون برینەكانی هەندێكیان سەخت بووە، هەروەها پێنج ئۆتۆمبێل و سێ زریپۆشی چەتەكان لە ناوبراون. لەراگەیەندراوەکەى هەسەدا هاتووە: یەكینەكانی شەهید هارون بەچەكی قورس بنكەیەكی چەتەكانیان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەك كوژران و بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا ژمارەی درووستی كوژراو و بریندارەكان لە بەردەست نییە. هەروەها راگەیەندراوەکە ئاشکرایکردوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆردوومانی گوندەكانی"كەرەك"و "ئومراك"ی سەر بە شاری كۆبانێی كردوە. هاوكات لە ڕێگەی فڕۆكە سەربازییەكانیانەوە هێرشی توندیان كردە سەر گوندەكانی مەغرەبتین و سەبت لە باشووری كۆبانی، جگە لەبۆردوومان كردنی كارگەی چیمەنتۆ لە دەوروبەری سرین." جەخت لەوەشکراوەتەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك هەركاتێك هێرشی چەتەكانی شكست بهێنێت، پەنا بۆ بۆردوومانكردنی ناوچەكانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە دەبات.
ژمارەی ئەوانەى بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەرزبووەوە، بەپیێى ئامارەکان تائێستا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ کەسی دیکە بێسەروشوێنن. بۆ حەوتەمین ڕۆژ لەسەریەک ئاگر لە ناوچەگەلێکی دیکەی شاری لۆس ئەنجلۆس لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەسەر زەریای هێمن لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بەردەوامە. بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ژمارەی کوژراوانی ئاگرەکە گەیشتووەتە 24 کەس و نزیکەی 300 هەزار کەسی دیکەش کە دامەزراوەکانیان سووتاون یان لە نزیک ئاگرەکانەوە بوون، چۆڵکراون. بەرپرسانى ئەو وڵاتە پێشبینی دەکەن ژمارەکە بەرزبێتەوە، چونکە هێشتا دۆخەکە سەلامەت نییە بۆ هەڵسەنگاندنی ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هێشتا کارێکی زۆر دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە، هاوکات پسپۆڕانی کەشناسی هۆشدارییان داوە لە بەردەوامی بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا بۆ کارەکانیان. دەزگای کەشناسیی نیشتمانی هۆشداریی بڵاوکردەوە لە بارەی بای بەهێز، بەجۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان پەستانی گەرما دەگاتە 50 میل لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ 113 کم لە کاتژمێرێکدا. فڕۆکەکان ئاو و کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەیان خستە خوارەوە، لە کاتێکدا ئاگرکوژێنەوەکان لەسەر زەوی ئامێری دەستی و هۆزیان بەکارهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی پاسیفیک پالیسادز، کە دەستیکرد بە خۆخزاندنە ناو گەڕەکی برێنتوودی ئاست بەرز و ناوچە دانیشتووەکانی دیکەی لۆس ئەنجلۆس. ئاگرەکە کە لە لای ڕۆژئاوای شارەکە نزیکەی ٩٦ کیلۆمەتری چوارگۆشەی سووتاندووە، تەنها لەسەدا ١١ی ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵکراوە، ئەمەش ڕێژەیەک نیشاندەری ڕێژەی سەدی دەوری ئاگرەکە دەبێت کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵیان کردووە. لە سەرانسەری لۆس ئەنجلۆس بەهۆی دوکەڵی زۆر و کوالێتی هەوای مەترسیدارەوە قوتابخانەکان ناچاربوون دابخرێن، هەروەها ناوچەی خوێندنگە یەکگرتووەکانی لۆس ئەنجلۆس (دووەم گەورەترین قوتابخانە لە وڵاتەکەدا) هەموو قوتابخانەکانی داخست. وەزارەتی پەروەردەی کالیفۆرنیا ڕایگەیاندووە، 335 قوتابخانە لە پێنج پارێزگادا داخراون، لەنێویاندا لۆس ئەنجلۆس، سان بێرناردینۆ و سان دیێگۆ، لەکاتێکدا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان تا ئێستا نادیارە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرسی هەڵگرتنی سزاکان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە، ئامانجی سەرەکی ئەم وتووێژانە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆوانەیە کە بەشێوەی نایاسایی و دڕندانە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون. بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی لە جنێفی پایتەختی سویسرا دەستپێبکەنەوە، وەزیرى گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لەنێوان ئێران و ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت، بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت و پرسی ئەتۆمی تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئامانجەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جنێف چییە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتى: پرسی هەڵگرتنی سزاکان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێمە بووە، لە کاتێکدا فێربووین بە گرنگیدان و پشتبەستن بە خۆمان بەهێزتر بکەین و ئابووریمان بەهێز بکەین بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی سزاکان کەم بکەینەوە. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، بۆیە ئامانجی سەرەکی ئەم وتووێژانە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆوانەیە کە بەشێوەی نایاسایی و دڕندانە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنراون. وتیشى: سەبارەت بەم وتووێژانەش وتم کە زنجیرەیەک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دووقۆڵی لەنێوان ئەم سێ وڵاتە و لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکرێن، جگە لە پرسی ئەتۆمی. کۆبوونەوەکە پاش ئەوە دێت، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەرامبەر هاوکارینەکردنیان لەلایەن تارانەوە، لە 21ـی تشرینی دووەمی 2024 رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بە هاوکاریی ئەمریکا ئامادەکرد و لە ئاژانسى ئەتۆم خستیانە دەنگدانەوە، بە 19 دەنگی بەڵێ لە کۆی 35 دەنگ پەسەند کرا. بەوێرەى ئاژانسەکە، ئێران 170 کیلۆ یۆرانیۆمی کۆگاکراوی هەیە و نزیکە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90%، تاران ئەمە رەتناکاتەوە، بەڵام دەڵێت بۆ بواری ئاشتیی بەکاریدەهێنێت.
ــ کۆمپانیا بەریتانیایەکان گرێبەستی گەورەیان بەدەستهێناوە لەعێراق ــ بەردەوام دەبین لە هاندانی وەبەرهێنانی زیاتری بەریتانیا لە بواری نەوت و گاز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، باس لەئامانجى سەردانەکەی دەکات بۆ بەریتانیا، وتى: ئەم سەردانە باس لە بەردەوامبوون لە چاکسازی کەرتی بانکی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی بەریتانیا و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە گۆڕینی دیجیتاڵی و تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و بەرزکردنەوەی کارایی کارگێڕی دەکەین. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی تێلێگراف بڵاوکراوەتەوە باس لەوەدەکات سەردانەکەى بۆ لەندەن كاردانهوهی پابەندبوونی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و بەریتانیا. وتیشى: ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو هاوبەشییە، لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە مێژوودا هەیەو ئاواتەخوازە ئاسۆکانی هاوکاری ئابووری، بازرگانی و کولتووری فراوانتر. سەرۆک وەزیران، لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئەوەى خستوەتەڕوو، کۆمپانیا دیارەکانی بەریتانیا ساڵانێکە ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی وەک ڕومەیلە و کەرکوک. ئەو وتیشى: لەم دواییانەشدا ئەم هاوکارییە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ دامەزراندنی غازێکی گەورە بەهێزتر بووە پڕۆژەیەک کە نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوت لەخۆدەگرێت. محەمەد شیاع سودانى، جەختیشی لەوەکردەوە: بەردەوام دەبین لە هاندانی وەبەرهێنانی زیاتری بەریتانیا لە بواری نەوت و گاز، هەروەها لە پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە، و ئامانجمان بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە". ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکانی بەریتانیا گرێبەستی گەورەیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە ژێرخانی ئابووری، وزە، تەکنەلۆژیا، پیشەسازی و بەرگری، کە بەهای کۆی گشتییان لە سێ ملیار دۆلار (2.46 ملیون پاوەند) تێپەڕیوە". وتارەکەى سودانى ئەوەشى ئاشکراکردوە، هەناردەی بەریتانیا بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 6.4% زیادیکردووە، بە ڕێژەی 36%ی هەناردەکردن لە کاڵا و 37% لە خزمەتگوزارییەکان پێکدێت. هەروەها دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ شارەزایی بەریتانیا دەڕەخسێنێت لە بەڕێوەبردن و داراییکردنی پڕۆژەی ژێرخانی گەورە، سەکۆیەکی هاوبەش دابین دەکات کە سوود بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت لە هەمان کاتدا سەقامگیری ئابووری فراوانتر لە ناوچەکەدا بەرز دەکاتەوە".
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، رایدەگەیەنێت لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێم گەڕانەوە بۆ وڵات خێرابووە، دڵنیام لە دوو ساڵدا ١٤ ملیۆن هاوڵاتی سوری دەگەڕێنەوە بۆ وڵات. لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە ٦١ ساڵ وڵاتی بەڕێوەبردوە، ئەو کەسانەی بە زۆرەمڵێ ئاوارە و دەربەدەر کرابوون و ناچاربوون ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکەن، گەڕانەوەیان بۆ وڵات دەستیپێکردووە. شەرع جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بە درێژایی ئەو پرۆسەی بەهۆی ڕووخانی ڕژێم هاتووەتە ئاراوە، ئەو کەسانەی لەو ناوچانەی کۆنترۆڵکراون ئاوارە نەبوون، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵکی زیاتر هاتوونەتەوە بۆ ژیان لێرەدا، ئێستاش هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ کێشە بەیەکەوە دەژین. ئەحمەد شەرع، باسى لەوەکرد ئاماژەی بە زیادبوونی گەڕانەوە ئاوارە و پەنابەرانی سووری کرد بۆ وڵاتەکەیان، ڕایگەیاند: دڵنیام لە دوو ساڵدا ١٤ ملیۆن هاووڵاتی سووری دەگەڕێنەوە بۆ وڵات، تەنیا یەک بۆ ١،٥ ملیۆن کەس دەمێننەوە.
بەرێوەبەرایەتى کەشناسى رایدەگەیەنێت بەپێى پێشبینیەکان شەپۆلى باران و سەرما، کۆتایی هاتوەو لەئەمڕۆوە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانى گەرماش بەرزدەبنەوە. بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمرۆ دووشەمە، ئاسمان ساماڵ دەبێت، سەبارەت بە پێشبینى بۆ سبەینێ سێ شەممە کەشناسی دەڵێت، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەورو پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزتر دەبنەوە. ئەمرۆ کەشو هەواو پلەکانى گەرما بەمجۆرەن کەش/ ئاسمان ساماڵ دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبیت ( 5 – 20) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 9 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 15 پلەى سیلیزى سلێمانی : 11 پلەى سیلیزى دهۆک : 12 پلەى سیلیزى کەرکوک : 15 پلەى سیلیزى زاخۆ : 13 پلەى سیلیزى گەرمیان : 17پلەى سیلیزى
