ــ موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مسۆگەرکراوەو نەختینەى تەواو لەبەردەستدایە ــ قسەکردن لەسەر نەبوونی نەختینەیی بۆ پارەی مووچەی فەرمانبەران راست نییە ئەندامێکى لیژنەی دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە موچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بە تەواوی مسۆگەرکراوەو نەختینەى تەواو لەبەردەستدایە. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەى دارایی لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى ئەمرۆ سێ شەممە بە رۆژنامەى (سەباح)ی ڕاگەیاندوە: “مووچەی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و پۆلەکانی دیکە لەماوەی ئەمساڵدا بەتەواوەتی مسۆگەر کراوە، هیچ نیگەرانییەک لەوبارەیەوە نییە، وەک دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە. هاوکات لای خۆیەوە، ئەندامی پەرلەمان ڕەفیق ساڵح، بەهەمان رۆژنامە سەباحى راگەیاندوە، قسەکردن لەسەر نەبوونی نەختینەیی بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران راست نییە، بەو پێیەی مووچە بەتەواوی مسۆگەرە، گەرەنتی هەیە لەلایەن حکومەتەوە سەرجەم موچەکان دابین بکرێت. ساڵحی داوای لە "دەسەڵاتدارانی فەرمی کرد، ڕووبەڕووی ئەو دەنگۆیانە ببنەوە و ڕوونکردنەوە بۆ هاووڵاتیان بدەن"، جەختیشی لەوە کردەوە "پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری دۆخی دارایی و ئابووری وڵات". ئەو پەرلەمانتارە، بە پێویستیشى زانى هەموو لایەک ئاگادار بن و وردبینی لەڕاستی زانیارییەکان لەسەڕچاوە فەرمییەکان بکەن، وتیشى: بۆ ئەوەى لەهەر کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەقامگیری عێراق و ئاسایشی دارایی عێراق دوورى بخەنەوە.
ــ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ دەکرێت ــ کاتژمێر٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە بەپێى راگەیەندراوێکى ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بڕیارە ئەمرۆ سێ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانى تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە. بەپێى راگەیەندراوى ماڵپەڕەکەى سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، کۆبونەوەکەى ئەردۆغان و مەسرور بارزانى لەئەنقەرە دەبێت، کاتژمێر ٢ى پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار کۆدەبنەوە. پێش کۆبونەوەى لەگەڵ ئەردۆغان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات، راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار تائێستا هیچ زانیاریەکى لەبارەی ناوەرۆک و تەوەرکانى کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکردوە. بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەى ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاویکردوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێم و تورکیا، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و پرسە ناوچەییەکان تاوتوێ بکرێت. ئەم سەردانەى مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، ئەردۆغان بەردەوام هەرەشە لە شەرڤانانە کوردەکانى سوریا دەکات، لەدواین لێدوانیشدا دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە. ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە. پێشتریش لە ٢٠ی حوزەیران سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی ھاکان فیدان کۆبوویەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لە هەفتەیەکدا چەندین هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی داعش لە عێراق و سووریا، چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان داوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا و دووانی دیکە لە عێراق بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: لە 30-12-2024 تاوەکو 06-01-2025 هێزەکانی سێنتکۆم و هێزە هاوبەشەکان لە عێراق و سووریا چەند جارێک پێگەکانی داعشیان کردنە ئامانج. دەشڵێت، هێرشەکانی عێراق لە لایەن سێنتکۆم و هێزە عێراقییەکان لە زنجیرە چیای حەمرین، بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش کران. سێنتکۆم لەبارەی زیانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە رایگەیاند: لە عێراق چەند جارێک داعش وەڵامی هێزەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا، سەربازێکی هێزەکانی هاوپەیمانی کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "قۆناغێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی" بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئێران گەورەترین هەڕەشەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئێمە لە کاتێکی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین. ناوبراو ئەوەشى زیادی کرد: ساڵانێکە دەزانین کە ئێران گەورەترین هەڕەشەی ئێمەیە، چ ڕاستەوخۆ و چ لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی بۆ سکای نیوز عەرەبی پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی "ساڵانێکی زۆرە" خۆی بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "لە ئێران ئێمە هەواڵگری و بانکی ئامانجمان هەیە، سەلماندوومانە کە توانامان هەیە"، دەشڵێت، ڕژێمی ئێران وەک حوسییەکان نییە، لە دەوڵەتدایە، شتێکی لەدەستی هەیە، و بە شێوەیەکی لۆژیکی بیردەکاتەوە”. ناوبراو لە درێژەدا وتی: لە پرسی ئێراندا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە... میحوەری ئێران لە هەموو کاتێک لاوازترە، لە ڕووی تواناکانەوە لاوازترە بەڵام لە ڕووی ناوبانگیشەوە لە ناوچەکەدا لاوازترە.
وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند،عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ کردنەوەی ڕێگەی چارەسەری دیموکراتیک بانگەوازی بەرپرسیارێتی یەکسان لە هەمووان دەکات و هەمومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتبوونەوە، وتیشى پێویستە هەلومەرجی گونجاو بۆ ئۆجەلان بڕەخسێنرێت، تاوەکو ئەم دەرفەتە مێژووییە بەردەوام بێت. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشە گوڵ دۆغان، دەربارەی ئەو پرسانەى لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی تاوتوێکران، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر دوایین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ڕایگەیاند پرسی کورد گرنگترین پرسی تورکیایە، بەڵکو پرسی هەرێمەکەیە، وتی: ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و کردنەوەی ڕێگەی دانوستانی یەکسان، بانگەوازی بەرپرسیارێتی لە هەمووان دەکات. چونکە دەزانێت ئەم فۆرمولە بە قازانجی تەواوی تورکیا دەشکێتەوە. وتەبێژەکەى دەم پارتى ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، گۆشەگیری سەر ئاپۆ گۆڕاوە بۆ ڕژێمێک، تیشکی خستەسەر گرنگی پەیامە ٧ خاڵییەکەی، وتی: ئۆجەلان بانگەواز لە ڕای گشتی تورکیا دەکات، بانگەواز لە هەموومان دەکات، کاربکەین بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک و دیالۆگ و ڕێگەی دانوستان. هەروەها جەختی کردەوە، ئاپۆ هەرگیز سازشی لەسەر خواستی ئاشتی نەکردووە، دوورگەی ئیمراڵی گۆڕیوە بۆ دوورگەی گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەر و دانوستانی دیموکراتیک، وتی: لە پەیامەکەیدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوەو دەڵێت "خاوەنی هێز و ئیرادەم تاوەکو هاوکارییەکی ئەرێنی پێشکەش بکەم بۆ پارادایمە نوێیەکەی باخچەلی و ئەردۆغان. شاندەکە ڕوانینی من لەم ڕووەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەوڵەت دەگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی پێویست بنێم و بۆ ئەو بانگەوازە ئامادەم". ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند نابێت بنیاتنانی ئاشتی بۆ تاکە لایەن و پارتێک جێبهێڵرێت، وتی: "چونکە ئاشتی پێویستی بە کۆمەڵگەیە، کۆمەڵگەش پێویستی بە ئاشتییە. بۆیە ئۆجالان هەموومان بانگهێشت دەکات بۆ ئاشتی". ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، وەک دەم پارتی بانگەواز لە هەمووان دەکەن لەم ڕووەوە بەرپرسیاربن و بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر و یەکسان کاربکەن، گوتی: "گەر پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، دەکرێت تورکیا دیموکراتیک ببێت".
ــ نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون ــ ئیسڕائیل بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای دوایین هەوڵی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو ببێت. ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت لیستێکی ئیسڕائیلییان پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنییان لە حاڵەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆریای باشوور وتی "ئێمە دەمانەوێت ئەمە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا تەواو بکەین، ئەوەندە کاتمان ماوە. ئیسڕائیل تیمێکی ئاست بەرزی لە بەرپرسەکانی ناردووە بۆ قەتەڕ بە مەبەستی گفتوگۆکردن کە لەلایەن قەتەڕ و میسڕەوە سەرپەرشتی دەکریت. هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان وتییان دەیڤد بارنیای بەرپرسی موساد کە سەرکردایەتی گفتوگۆکانی کردووە پێشبینی دەکرێت بەشدار بیت. بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، نزیکەی 46,000 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر غەززە کوژراون. ئەوەش دوای ئەوەی حەماس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسی کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەی بە بارمتە گرت. باوەڕوایە زیاتر لە 100 بارمتە هێشتا لە غەززە مابێتنەوە، حەماسیش دەڵێت بەبێ ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و کشانەوەی ئیسڕائیل لە غەززەدا ئازادییان ناکات. ئیسڕائیل دەڵێت هێرشەکەی ڕاناگرێت هەتاوەکو توانا سەربازییەکان و فەرمانڕەواییەکانی حەماس لە لە ناودەبات و سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن. بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت حەماس لیستێکی ئیسڕائیلی پەسەند کردووە کە پێکهاتووە لە 34 بارمتە کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە خراوەتەڕوو بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنییان لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی ئاگربەستدا. وتیشی دەکرێت ئەو کەسانە لە قۆناغی سەرەتایی ئاگربەستێکدا ئازاد بکرێن. ئەو لیستەی کە خراوەتەڕوو سەربازی ژن و بەساڵاچووان و ژن و هاووڵاتیانی سڤیلی گەنجیشییان تێدایە. ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئەو لیستە لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە مانگی حەوتدا دراوە بە نێوەندگرەکانی قەتەڕ، ئیسڕائیلیش تاوەکو ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک یاخود لێدوانێکی لە حەماسەوە پێنەگەیشتووە لەسەر ئەوەی ئەو بارمتانەی کە لە لیستەکەدان لە ژیاندا ماون یان نا. وتی "ئیسڕائیل ماندوونەناسانە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانمان."
ــ تورکیا هەست بە هەڕەشە بکات، ئۆپەراسیۆن دژى چەکدارە کوردییەکان دەستپێدەکات ــ دۆخی سوریا گۆڕاوە، پێمان وایە نەهێشتنی پەکەکە/یەپەگە تەنها پرسێکی کاتییە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییدا لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی سوریا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان کرد ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکەمان دەستیپێکردووە. ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بازنەکە لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان و شوێنکەوتووانی لە سوریا بەرتەسک دەبێتەوە، کۆتایی چەکدارانی کورد لە سوریا نزیکە. دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە ئەنقەرە، ئەردۆغان ئەوەى خستەروو ئەگەر تورکیا هەست بە هەڕەشە بکات، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سنوور بەزاندن لە ناوخۆی سوریا دژی کوتلە چەکدارە کوردییەکان دەستپێدەکات. ئەو وتیشی "ان شاوالله توانای ئەوەمان هەیە ئەم کارە بکەین. پێویستە هەموو کەسێک لەسەر ئەم بنەمایە حیساباتی خۆی بخەمڵێنێت". پێشتریش ڕۆژی دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە نەهێشتنی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد لە سوریا "نزیکە". وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە بە هیچ سیاسەتێک ڕازی نابێت کە ڕێگە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل بدات ئامادەیی خۆیان لە سوریا بپارێزن. فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی، ئەیمەن سەفادی ڕایگەیاند، “ئێمە لە دۆخێکداین کە ڕێگەمان پێدەدات نەک تەنها چاودێری بکەین، بەڵکو هەر جۆرە پیلانگێڕییەک لە ناوچەکەدا لەت بکەین”. فیدان جەختی لەوە کردەوە کە نەهێشتنی چەکدارانی پەکەکە لە سوریا “مەسەلەی کاتە” وتی: “دۆخی سوریا گۆڕاوە، ئێمە پێمان وایە نەهێشتنی پەکەکە/یەپەگە تەنها پرسێکی کاتییە”.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی رایەگەیاند: گەنجینەکان ئاگادارکراونەتەوە لیستی مووچەی مانگی ١ ی ٢٠٢٥ ئامادەبکەن. ئەو فەرمانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانیش بەوە لێکدەدرێتەوە کە ئەو وەزارەتە بە نیازە مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو پاشەکەوت بکات. وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی یەکیان بە ئامادەکراوی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە، لە ئامادەکردنی لیستەکەش لەسەر بنەمای داواکارییەکانی بەغدا بووە. هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆران دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی پێش 15ـی مانگ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم دوێنێ یەکشەمە دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو کردوەو هێشتا هیچ رونکردنەوەیەکیش نەدراوە سەبارەت بە دابەشکردنى موچەى مانگى ١٢. هاوکات هەر دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق لە 31-12-2024، بڕی 441 ملیار 493 ملیۆن و 599 و 611 دیناری خستوەتە سەر هەژمارەکەیان. دابەشنەکردنى موچەى مانگى ١٢ لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١ی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی کردووە. دەشڵێت لەلایەن فەرمانگەی ژمێریارییەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی خراوەتەسەر هەژماری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی. هەموو مانگێک خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە و دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە بکەن و مووچەکانیان وەربگرن. بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خانەنشینی حکومەتی عێراقن و بەشێکیان زیندانی سیاسی ڕژێمی پێشوون و مانگانە مووچەکانیان لە ڕێگەى حکومەتى بەغداوە وەردەگرن.
هەردوو وەزیرى دەرەوەى تورکیاو ئوردون، هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر سوریا رەتدەکەنەوە، دەڵێن دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، پێشێلکاریی ڕونی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەریی سوریایە. ئەمرۆ دوشەممە ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن، سەردانى تورکیاى کردو دواتر لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتاکەى ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان ڕێکخست. ئەیمەن سەفەدی ئاماژەی بەوەداو دیدارەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ ھاکان فیدان لە تورکیا لەچوارچێوەی ئەو ھەوڵانە ئەنجامداوە کە ھەردوو وڵات بە ھاوبەشی لەپێناو گەلانی سووریا و فەڵەستین خستوویانەتە گەڕ. ئەو ئاماژەی بەوەشدا: سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی ڕوبەڕومان بوونەتەوە، ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنی تورکیا دەکەین بەشێوەیەک ھاوکاربێت لە زیادکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئوردن دووپاتی کردەوە: ئاسایش و سەقامگیری سوریا، پەیوەندارە بە ئاسایشی و سەقامگیری ئوردن و تورکیاوە. وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی باسی لەوەش کرد، لەگەڵ تورکیا ئەو دەستدرێژییانە ڕەت دەکەنەوە کە ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆ سەر سووریا ئەنجامی داون، وتیشی: دەستدرێژییەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسایی نێودەوڵەتی و سەروەریی سوریایە. ھەروەھا وتى: نامانەوێت شەڕ لە سووریا ڕووبدات". وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە وتی: پێویستە دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە، ھەروەھا پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بھێندرێت. هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا، قسەیکردو وتی، پێویستە نەهێڵین داعش بکەوێتەوە سەرپێ خۆی لە ناوچەکەدا، بۆ رزگاربوون لە بەڵای داعش، تاوەکو ئەودیو سنوورەکانیشمان هەموو هەوڵێک دەدەین.
ــ کوردەکان وەک هاوپەیمانى رۆژئاوا ڕوبەڕوی داعش بوونەتەوە ــ فەرەنسا داواى دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازادو فرەچەشن دەکات لەسوریا ــ فەرەنسا یاوەری پرۆسەی گواستنەوە دەبێت لەسوریا ئاژانس فرانس پرێس، بڵاویکردەوە سەرۆکی فەرەنسا، بەڵێنیداوە واز لە کوردەکانی سوریا نەهێنێت و پشتیوانى بەردەوامیان بێت. لە کۆبونەوەی ساڵانەی باڵیۆزەکانی فەرەنسا، ئەمرۆ دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا باسی لە دۆخی ئێستای سووریا و ئێران و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و چەندپرسێکى تر کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا، سەرۆکی فەرەنسا، وتى: دەستبەردارى کوردانی سوریا نابین و پشتیان لێناکەین، هاوسۆز دەبین لەگەڵیان. ئەو وتیشى: کوردەکان وەک هاوپەیمانى وڵاتیانى رۆژئاوا ڕوبەڕوی گروپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوەداشداوە، فەرەنسا یاوەری پرۆسەی گواستنەوە دەبێت بە درێژایی و دوورمەدا بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد کە ڕێز لە فرەچەشنی نەتەوەیی و سیاسی و تائیفی خۆی بگرێت. ئیمانوێل ماکرۆن، لەبارەى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێرانەوە ڕایگەیاند بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیک دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لەگەڵ ئیدارەی داھاتوی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی ستراتیجی سەبارەت بە تاران بکات. ماکرۆن لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵوێزەکانی فەرەنسا زیادی کرد کە سەرکردەکان ناچار دەبن لە خۆیان بپرسن کە ئایا پێویستە پێش ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەن. ناوبراو جەختی کرد ئێران ئاڵنگاری سەرەکی ستراتیژی و ئەمنییە بۆ فەڕەنسا، ئەوروپاکان، هەموو ناوچەکە، هۆشداریشی دا کە خێرایی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێمە دەباتە لێواری پچڕان.
ــ دادگاى پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری ئازادکردنی داوە ــ لە ساڵی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکرا ــ ساڵى رابردوو لەدادگای دهۆك سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا پارێزەری رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بڵاویکردەوە، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، تۆمەتەکانی سەر ئەو ڕۆژنامەنوسەیان هەڵگرتوەو و بڕیاری ئیفراجکردنی (ئازادکردنی) دراوە. نەریمان ئەحمەد، پارێزەری ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەبارەی هەڵگرتنی تۆمەتەکانی سەر سلێمان ئەحمەد زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد. بەپێی زانیارییەکانی ئەو پارێزەرە، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، تۆمەتەکانی سەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی هەڵگرتووە. سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)، دوای ئەوەی بۆ بەشداریی كردن لە پرسەی باوكی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردبوو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی لە ٢٥ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێت. ئەو رۆژنامەنوسە لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون. لە 29 ی تەموزی ساڵى رابردوو 2024، لەهۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد كۆتایی هات و تێیدا بڕیاری سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا..
ــ رۆژى پێنج شەمە لە رۆى ئیتاڵیا، کۆبونەوەکە دەکرێت ــ ئاماژە بە وەزیرە ئەوروپییەکان نەکراوە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن ــ بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی دەسەڵاتى سیاسیە بە ئاشتیانەیە بەپێى راگەیەندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، وابڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەى ئەم هەفتەیە لە رۆما لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی لەبارەی سوریا کۆببێتەوە. لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەی بلینکن بۆ سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، ئەمرۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەنیازە، لە ڕۆما چاوی بە وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا بکەوێت سەبارەت بە سوریا. ئەم سەردانەى بلینکن لە کاتێکدایە وڵاتانى ڕۆژئاوا هەوڵدەدات دەستی بۆ هاوکارى و پشتیوانى بۆ سەرکردایەتى نوێی سوریا درێژ بکات. کە بەهەمان شێوە هەوڵی هەڵگرتنی سزاکانی سوریا دەدات. بەپێى راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانى کۆدەبێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی سیاسیی ئاشتیانە و گشتگیر بە سەرۆکایەتی و خاوەندارێتی سورییەکان. بەڵام راگەیەندراوەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە وەزیرە ئەوروپییەکان نەکردووە کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن. بلینکن کە ئێستا لە گەشتێکیدایە کە ژاپۆن و فەرەنسا لەخۆدەگرێت، دواتر پەیوەندی بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە دەکات. وەزیری دەرەوەى ئەمریکا پاڵپشتی واشنتۆنی بۆ پڕۆسەى سیاسی به سەڕۆکایەتی حکومەتى کاتى سوریا دووپاتکردەوە، که دەبێت حکومەتی نوێ ڕێز له مافی ژنان و کەمینەکان و هەموو نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان بگرێت. رۆژی هەینی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی فەرەنساو ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقیان کرد، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى کاتى سوریا کۆبوونەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمرۆ دووشەممە، بەگشتی ئاسمان نیمچە هەوربێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی هەولێر و سلێمانی نمە باران ببارێت. بەشى پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گوستنەوەی هەرێم بڵاویکردەوە، بۆ ئەمڕۆ باران لە ناوچە شاخاویەکان دەبارێت و هەروەها هەر لەو ناوچانە تەمیش دروست دەبێت. سەبارەت بە سبەینێ ئاماژە بەوەکراوە، بەهەمانشێوە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزتر دەبنەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 6.1.2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بە گشتى , ئەگەرى نمە باران هەیە لەسەر هەندێ ناوچەى شاخاویی بەتایبەتى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر , لە گەڵ دورستبوونى تەم لەسەر هەندێ ناوچەى شاخاویی. پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبیت ( 5 – 15) کم/ک مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ: هەولێر : 14پلەى سیلیزى سلێمانی :12پلەى سیلیزى دهۆک : 13 پلەى سیلیزى کەرکوک : 16 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 13 پلەى سیلیزى زاخۆ : 13 پلەى سیلیزى گەرمیان : 17 پلەى سیلیزى
ــ لەگەڵ دەیمرتاش گفتوگۆ لەبارەی نامە حەوت خاڵییەكەی ئۆجەلان دەكەن ــ شاندهى دهم پارتى سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن ــ لەگەڵ پارتی ئاییندە و ئاکەپە و پارتی سەعادەت كۆدهبنهوه ئەو شاندەی دەم پارتی لە كۆتای ساڵی ڕابردوو سەردانی ئیمراڵییان کردو دیداریان لەگەڵ ع.بد.و.ڵا ئ.ۆج.هلا.ن ئەنجامدا، لەئەمڕۆ دووشەمەوە سەردانەکانیان بۆ لاى پارتەکانى پەرلەمانى تورکیا دەستپێبکات و یەکەمین وێستکەش دەچنە لاى ئاکپارتى، بڕیاریشه سهردانى سەڵاحەدین دەمیرتاش بكهن. شاندى پارتی یەكسانی و دیموكراتی (دەم پارتی) كە پێكهاتون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەرو ئەحمەد تورك، لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئۆجهلان لە ئیمراڵی کۆبوونەوەو دوای ئەم کۆبوونەوەیە دەستیان بە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی توركیا کرد. بڕیاره رۆژی 6 و7 ئەم مانگە ئهو شاندهى دهم پارتى سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن، دواتر لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی پارتی دیموكراتی گەلان لە زیندانی ئەدرنە كۆببنەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكان، بڵاویانكردووەتەوە، شاندهكهى ئیمرالی لەگەڵ دەیمرتاش گفتوگۆ لەبارەی نامە حەوت خاڵییەكەی ئۆجەلان دەكەن، كە (29) مانگی رابردوو و رۆژێك دوای سەردانی وەفدەكەی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، ناوەرۆكەكەی بۆ رای گشتی بڵاوكرایەوە. هاوكات شاندەكەی دەم پارتی لە ٦ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتی ئاییندە و ئاکەپە و پارتی سەعادەت، لە ٧ی کانوونی دووەم لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ ڕەفا و دەڤا کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەم پارتی ئاشکرای کردوە، شاندەکە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١١:٠٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی ئاییندە ئەحمەد داودئۆغڵو لە ناوەندی گشتی کۆدەبێتەوە. پاشان کاتژمێر ١:٣٠ سەردانی ئاکەپە دەکەن. دوایین کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر ٣:٣٠ لە ناوەندی گشتی پارتی سەعادەت لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەحمود ئاریکان بەڕێوەدەچێت. شاندەکە ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەم کاتژمێر ١:٠٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی دەڤا عەلی باباجان لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆدەبێتەوە. هەمان ڕۆژ کاتژمێر ٣:٣٠ لەگەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سەرلەنوێ ڕەفا فاتیح ئەربەکان لە ناوەندی گشتی پارتی سەرلەنوێ ڕەفا کۆدەبنەوە. دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، بۆ جاری دووەم سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەنەوە.
ــ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهیدبوون ــ شەڕڤانان داستانی قارەمانێتیان نوسیوەتەوە، بەتایبەت لە بەندوای تشرین ــ لەو هێرشانەشدا ١٣ چەتەى تورکیا کوژراون ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەراگەیەندراوێکیاندا، ناسنامەی ١٢ شەهیدی ئاشکرا کرد کە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەچەند رۆژى رابردوودا شەهید بوون. لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، لە هەرێمەکانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەڕڤانانی قەسەدە داستانی قارەمانێتیان نوسیوەتەوە، بەتایبەت لە بەندوای تشرین و پردی قەرەقۆزاق. راگەیەندراوەکە ئەوەى خستوەتە ڕوو کە ماوەى ٢٨ ڕۆژە شەڕڤانان تەواوی هێرشی چەتەکانیان شکاندووەو ئەفسانەی لوتبەرزیی دەوڵەتی تورکیایان تێکشکاند. شەڕڤانان بە یەکگرتنی بەهێزی کورد و عەرەب و سریانی و پێکهاتەکانی تر، بەرخۆدانێکی مەزن دەکەن و تا کۆتایی شکۆی دانیشتووان دەپارێزن. گیانی خۆیان کردووەتە پردێک تا گەلانی هەرێمەکە بگەنە ئازادی و ئاشتی و ئاسایش. لە ڕاگەیاندراوەکە بەڵێن دراوە بە تێکشکاندنی خەونی داگیرکەران، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکات و بەڵێن دەدات بە درێژەدان بە ڕێگەی فیداکاری و فراوانکردنی تێکۆشان بەرامبەر هێرشەکان. هەروەها بەڵێن دراوە کە هەرگیز ناهێڵن چەتەکان بگەنە هەرێمەکە و لەسەر بەڵێنەکانیان بۆ شەهیدان بەردەوام دەبن. هاوکات هەر ئەمرۆ یەکشەمە، ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە ئاماری شەرو پێکدادانەکانى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی منبج تێکشکێندراون و ١٣ چەتەش کوژراون. ناوەندەکە ئەوەى خستوەتەڕوو، دەوڵەتی تورکیاو چەتەکانی هەوڵدەدەن لە بەرەی شەری بەنداوی تشرین و هەرێمەکانی باشوری رۆژهەڵاتی منبجەوە پێشڕەوی بکەن، بەڵام هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندون.
