رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، تەنیا مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە، بەڵکو ئامانجەکە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلی کوردە. ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، ڕێگە نەدات جارێکی دیکە کورد لەو بەشەی کوردستان پاکتاو بکرێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە هێرشبەرەکان کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ بوونی گەلی کورد هەیە و دەیانەوێت ئەو هێزە لەناو ببەن کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، ڕزگارکردنی زیندانییانی داعشە وەک ئەوەی لە ڕەققە ڕوو دەدات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا چاوی هێرشبەران لەسەر کۆبانێیە و پلان بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان لەو شارە دادەنێن. رامی عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر پێکهاتەی سوپای سووریا و ڕایگەیاند کە 18 هەزار چەکدار کە لە نێویاندا چەکداری چەندین وڵاتی بیانی هەن، دژی کورد شەڕ دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو لەبەردەستدایە، ئەو تاوانە گەورانە دەسەلمێنن کە سوپای سووریا دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات، بە بڕوای ئەو دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و ڕایگەیاند: ناوبراو جگە لە کوشتن و بڕین، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە. رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، حکوومەتی ئێستای سووریا تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتی ڕەها لەدەستی خۆیدا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە وەک کورد خاوەن دەسەڵات نەبێت، هەر بۆیە پەنایان بۆ کوشتن و وێرانکاری بردووە بۆ سەپاندنی خواستەکانیان. ئەم هۆشدارییانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە لوتکە و مەترسییەکی جددی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جۆراوجۆر و میلیشیا بیانییەکان بوونەتەوە.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازی ڕێپێوانی فراوانی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و داوا لە گەل و هەموو حزبەکان دەکەن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری و پشتیوانی ڕێپێوانەکە بکەن. ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازییەکی بەپەلەی سەبارەت بە ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی بەشداریی لە هەڵمەتی سەفەربەریی گشتیی دژی هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لە بانگەوازەکەدا هاتووە: لەم چرکەساتە مێژووییەدا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی و پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژیدایە، لەم سۆنگەیەوە و لەژێر درووشمی “یان بەیەکەوە دەژین، یان بەیەکەوە دەمرین” داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەین، لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەدابڕاوەکان خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرەو رۆژئاوا. ئەنجوومەنەکە داواش لە هەموو حزبەکان دەکات بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە شێوەیەکی فراوان بەشدار و پشتیوانی چالاکییەکە بن، هەروەها داوا لە میدیاکان دەکات لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ببنە بەشێک لەم چالاکییە جەماوەرییە. هەر لە بانگەوازەکەدا ئەنجوومەنەکە داوا لە ڕەوەندی کوردی دەکات، بکەونە ناو چالاکیی جۆراوجۆری جەماوەری و دیپلۆماسی و سیاسیی بەردەوام، لە پێناو پاراستی گیانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا. سەبارەت بە کات و شوێنی خۆپیشاندانەکەش ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سبەینێ کات و شوێنەکەی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێكدا: - لە 6ـی کانوونی دووەمەوە گەلەکەیان رووبەڕووی هێرشی دڕندانە بووەتەوە، ئەمرۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کە خاوەن بیری داعشن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان چڕ کردووەتەوە، بەو خەیاڵەی کە بتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن. - وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێمان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعشانەی تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەمرۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیێنین کە شارەکانمان لە دێرکەوە تاوەکو حەسەکە و کۆبانێ، دەکەینە گۆڕستان بۆ داعشە نوێیەكان کە لە لایەن تورکیاوە ئاراستە دەکرێن." - سنورەكان تێكبشكێنن و یەكلگرن ئەمرۆ رۆژی کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مێژووییە؛ ئێمە جارێکی دیکە نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە داگیرکارییەک بەهێزترە.
هەسەدە چۆن تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێت؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەماوەی 48 کاتژمێردا کورد لە رۆژاڤا خاکێکی زۆری لەدەستدا و ناچارکرا بە کشانەوە، بەڵام چەندین هۆکار هەبوون کە گرینگترینیان ئەمریکای لەپشتە. هەروەک چۆن واشنتن لەساڵی 2019 گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکرد تا گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژاڤا داگیربکات، ئەمجارەش وادەردەکەوێت ئەمریکا هەمان کاری بۆ دیمەشق کردبێت چونکە لە راستیدا ئەمریکا هەسەدە وەک هاوپەیمانێکی نابینێت، بەڵکو تەنها وەک هاوبەشێکی بازرگانی تەماشای دەکات و هەرکات بەرژەوەندی لەگەڵ نەما وازی لێدەهێنێت. ئەمە قسەی خودی چەند بەرپرسێکی ئەمریکییە کە خۆیان لەبارەی هەسەدەوە کردوویانە. ئێستا لەنێو کورد تووڕەیەکی زۆر دژی ئەمریکا دروستبووە، بەتایبەتی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی واشنتن بە "خیانەت" ناوزەند دەکەن، بەڵام من پێتان دەڵێم بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێشتر چۆن باسی کورد و هەسەدەیان کردووە. ساڵی 2017 جۆناسان کۆوهن، کە بەرپرسێکی خانەنشینی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە پانێڵێکدا باسی سیاسەتی ئەمریکای بەرامبەر هەسەدە کرد و گوتی، سیاسەتێکی کاتی، مامەڵەکاری و تاکتیکییە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو ئیدارە یەکلەدواییەکەکانی ئەمریکا هەڵوێستیان بەمجۆرە بوو بەرامبەر کورد و هەسەدە چونکە پێشتریش جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، لە کۆتایی ساڵی 2018 لەبارەی هەسەدەوە گوتی، پەیوەندییەکی هەمیشەییەمان لەگەڵ قەوارەی خوار دەوڵەت نییە، پەیوەندی ئێمە بە هەسەدەوە تەکتیکییە و سروشتێکی مامەڵەکاری هەیە. تەنانەت تۆم باراک، کە ئێستا نێردەی ترەمپە بۆ کاروباری سوریا، لەناوەراستی ساڵی رابردوو قسەیەکی تووندتری کرد و گوتی: هەسەدەیە یەپەگەیە، یەپەگەش بەشێکە لە پەکەکە، ئەمریکا پشتگیری لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ هەسەدە یان کوردستانێکی ئازاد ناکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەمریکا هەرکات کاری بە هەسەدە نامێنێت بەمجۆرە پشتی تیێدەکات، هەر بۆیە بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، ئەمریکا وەک "کۆمپانیایەکی سیکیوریتی" تەماشای هەسەدە دەکات. هۆکارێکی دیکەی لەدەستدانی ئەو خاکەی بەدەست بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە بوو، هەڵگەڕانەوەی هۆزە عەرەبەکان بوو لە تەبقا، رەققە و دێرەزوور کە پێشتر هەسەدە لەدەستی داعش پاراستنی، بەڵام بە رۆژێک خیانەتیان کرد و پشتیان تیکرد. پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت، هەر ئەمە بوو وای لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کرد، بە ناچاری رێککەوتنەکەی حکومەتی سوریا واژۆ بکات. بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی ئیسرائیل، چونکە ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی ئیسرائیل لەگەڵ سوریا لە شەشی ئەم مانگە واژۆیکرد بەجۆرێک ئیسرائیلی قایلکردووە کە خیتابەکانی لەسەر سەربەخۆی کورد و دروزەکان کەمبکاتەوە. ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا سوودێکی زۆر دەکات تورکیایە چونکە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆری خواستەکانی تورکیایە، بەتایبەتی لەبارەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا. پێنجشەممەی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەسەدە هێشتا کیشەیە لە سوریا و لەساڵی 2026 ئەو کێشەیە ناهێڵین. پێش ئەم قسەیەی هاکان فیدان، سوریا بەوە رازیبوو بوو هەسەدە بە سێ فیرقەی جیاواز بچێتە نێو سوپاوە، بەڵام لەدوای ئەم قسەیەوە هەموو شتەکان گۆران و لە رێککەوتنەکەدا ئەوە چەسپێنراوە کە دەبێت سەرجەم هێزەکانی هەسەدە بە تاک بچنە نێو سوپای سوریا، واتە هەسەدە هەڵدەوەشێتەوە و شەڕڤانانیش تاک تاک دابەش دەبن بەنێو سوپا و کاریگەرییان نامێنێت، ئەمە جگە لەوەی رەنگە بەهۆی پاساو و تۆمەتی "تیرۆر" لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا بەشێکیان لە سوپای وەرنەگیرێن.
لە راگەیەندراوێكدا هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویكردەوە: تا كاتی ئامادەكردنی ئەم بەیاننامەیە بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە، تا ئێستا (9) شەڕڤان شەهیدبوون و (20)ی دیكە بریندارن. هەسەدە ڕایگەیاند لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر زیندانی ئەقەتان لە ڕەققە، 9 شەڕڤانیان شەهید بوون و 20ی دیکەش بریندار بوون؛ هاوکات ڕەخنە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرن کە سەرەڕای مەترسییەکان، هیچ هەنگاوێکیان بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش نەناوە. دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی، وردەکاریی دۆخی مەترسیداری زیندانی ئەقەتانی لە شاری ڕەققە ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ماوەی سێ ڕۆژە هەسەدە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ شوێنێکی ئارام، بەڵام سەرەڕای بەڵێنەکان، هاوپەیمانان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرووپە سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردووەتە سەر زیندانەکە. لە کاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەدا بۆ پاراستنی زیندانەکە و ڕێگریکردن لە هەڵاتنی داعشەکان، شەڕێکی سەخت ڕوویداوە. هەسەدە ڕایگەیاندووە، ئاماری قوربانییەکان تا ئێستا بریتییە لە شەهیدبوونی 9 شەڕڤان و برینداربوونی 20 شەڕڤانی دیکە هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکەنەوە کە شەڕ و پێکدادانەکان لەنێو دۆخێکی ئەمنیی زۆر مەترسیداردا هێشتا بەردەوامن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەواوی هێزەکانی لە سەرجەم سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا لەوپەڕی ئامادەباشی و چاودێریدان بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنی تێرۆریستان. لیوا میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی کردەوە: "سەرجەم سنوورەکانی عێراق ئارامن و ناوچە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا لەوپەڕی پتەویی و چاودێریدان و هیچ مەترسییەک لەسەر سنوورەکان نییە". ئەم دڵنیاییەی بەغدا لە کاتێکدایە کە هەڕەشەی هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیاد بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە زیندانی "شەدادی" لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکان نەماوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چاودێریی وردی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هەر جووڵەیەکی گوماناوی لەسەر هێڵی سنووریی دەکەن. حکومەتی عێراق ئامادەکاریی تەواوی کردووە تاوەکو ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی بەکۆمەڵ یان تاکەکەسیی تێرۆریستان بکات کە بیەوێت سوود لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەربگرێت بۆ تێپەڕبوون بەرەو ناو خاکی عێراق. دۆخی ناوخۆی سووریا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی هەندێک زیندانی داعش، فشاری ئەمنیی لەسەر عێراق دروست کردووە، بەڵام بەرپرسانی ناوخۆ جەخت دەکەنەوە کە سوپا و هێزەکانی سنوور لە حاڵەتی "ئامادەباشیی پێشوەخت"دان و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتە بەر تاوەکو ئاسایشی نیشتمانیی بپارێزرێت. عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا ملیارەها دیناری بۆ دروستکردنی دیوار و خەندەقی سنووریی لەگەڵ سووریا خەرج کردووە؛ ئەم هێڵە سنوورییە کە درێژییەکەی زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، هەمیشە وەک مەترسیدارترین ڕێڕەوی گواستنەوەی تێرۆریستان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بینراوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەزینی بەهای دینار پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەر و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکاوە هەیە. بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 500 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ناجێگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار دەگەڕێنێتەوە. رۆژی دووشەممە 19-01-2026 سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش سەری ساڵ، هەر 100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئێستا بە جیاوازییەکی بەرچاو بەهای دینار رووی لە دابەزین کردووە و نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 147 هەزار و 500 دینار." سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو دابەزینە خێرایە، سیامەند مەولوود گوتی، "دانانی پارە لە بانکەکان کەم بووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەری." سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکاری سەرەکیی دابەزینی دینار بۆ دۆخی سیاسی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کرد، هاووڵاتییان خستنەڕووی دۆلاریان کەم کردەوە." سەرەڕای ئەو دابەزینە، سیامەند مەولوود گەشبینە بەوەی دۆخەکە کاتییە و دەڵێت، "ئابووری راستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە؛ پێشبینی دەکەین دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی، بەهای دینار جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکات."
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕایدەگەیەنێت هۆشداری دەدەین لە پابەند بوونی هاونیشتیمانیان و شوفێران لە بەکارهێنانی رێگاکانی دەرەوە بەتایبەتی کە لە خێرای دیاری کراو کەمتر لێبخورن بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕانی کەش و هەواوە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. هۆشداری گرنگی کەش و هەوا بۆ دوو رۆژی داهاتوو . بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسی وەزارەتمان دەردەکەويت کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەوا و دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما پێشبنینی بکرێت لە زۆربەی پارێزگاکانمان و سەنتەری شار و رێگا سەرەکیەکان شەختە درووست بێت و شەقامەکان ببەستن بەهۆیەوە مەترسی زۆری درووستبوونی رووداوی نەخوازراوی لە ئارادایە ، بەو هۆیەوە هۆشداری دەدەین لە پابەند بوونی هاونیشتیمانیان و شوفێران لە بەکارهێنانی رێگاکانی دەرەوە بەتایبەتی کە لە خێرای دیاری کراو کەمتر لێبخورن بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە گۆڕانی کەش و هەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمادا درووست دەبێت لەماوەی ٤٨ کاژمێری داهاتوو ، ويڕای هەبوونی بەفر و کڕێوە لەناوچە شاخاوی و نزیک سنوورەکان و بەشێک لە ناوچە بەرزەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی .. دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووریی کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات کردەوە. حکومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی توندکردنەوەی ڕێکارە داراییەکان و فرەجۆرکردنی داهاتەکان، ڕزگاری بێت لە وابەستەیی تەواوەتیی بە نەوت؛ ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی جدیی بۆ ڕێکخستنەوەی خەزێنەی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان لە کاتێکدا کە بازاڕی وزە بەردەوام لە گۆڕاندایە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، بەتایبەتیش پێشنیازی دیاریکردنی نرخی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی دارایی وڵات". لەم کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیرانی دارایی، پلاندانان و بازرگانیی تێیدا بەشدار بوون، چەندین پێشنیازی گرنگ تاوتوێ کران. یەکێک لەوانە پاڵپشتییکردنی هەناردەی کاڵای عێراقیی بوو لەرێگەی پێدانی قەرز و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئابووریی نانەوتیی، تاوەکو داهاتەکان تەنها لە یەک سەرچاوەوە نەبن. سوودانی بڕیاریدا لیژنەی جیاواز و پسپۆڕ پێکبهێنرێن بۆ ئەوەی بە وردیی لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو پێشنیازەکان بکەن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدەن، بە جۆرێک کە هەموو هەنگاوەکان پاڵپشتیی لە پلانی چاکسازیی ئابووریی حکومەت بکەن و خەرجییە ناپێویستەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. حکومەت دەیەوێت نرخی بەرهەمە نەوتییەکان و شێوازی پاڵپشتییە داراییەکان ڕێکبخاتەوە. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا زنجیرەیەک بڕیاری نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەربچێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت. ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش هەمیشە حکومەتەکانی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی کردووەتەوە لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا.
هەسەدە: هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، دوای چەندجار هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر زیندانی ئەلشەدادی و شەهید و برینداربوونی ئەندامی هێزەکانمان، ئێستا رایدەگەیەنین، کە زیندانەکە کە هەزاران زیندانی داعشی تێدابوو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە. زیندانەکە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەیەکی هاوپەیمانان دوورە، بەڵام ئەوان دەستواردانیان نەکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی ڕایگەیاند، زیندانی شەدادێ کە هەزاران تیرۆریستی داعشی تێدایە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان چووەتە دەرەوە. ئەم پێشهاتە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، زیندانەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی چڕ و یەک لەدوای یەک بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، شەڕڤانان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتێکی ئەمنی و مرۆیی، لە چەندین قۆناغدا بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهید و برینداریان داوە، سەرەڕای بەرگرییەکی سەخت، بەهۆی توندیی هێرشەکان و بەردەوامیی فشارەکان، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵی ئەو گرتووخانە ستراتیژییەیان لەدەستداوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ئاماژەی بە هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە و ڕایگەیاندووە، زیندانی شەدادێ تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانان لە ناوچەکە دوورە، بەڵام سەرەڕای بانگەواز و داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هاوکاری و دەستوەردان، هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و نەچوونەتە هاناوەیان. زیندانی شەدادێ یەکێکە لە گرتووخانە هەرە گرنگ و مەترسیدارەکانی ناوچەکە، کە هەزاران چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدا ڕاگیرابوو. دەرچوونی ئەم زیندانە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەگەری دووبارە ڕێکخستنەوەی چەکدارانی داعش دروست دەکات، کە پێشتر لە چەندین هەوڵی هاوشێوەدا هەوڵی شکاندنی زیندانەکانیان داوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند دەوڵەتی ئێران لە بەرانبەر پێدانەوەی تەرمی خۆپیشاندەران کە لە ٢٢ ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەڵێننامە بە کەسوکارەکانیان پڕدەکاتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی ئێران بەرانبەر گەلانی ئێران و گەلی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بە خواستی 'نان و ئازادیی' لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد ڕایگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران تا ئێستا ٢٤ هەزار و ٦٦٩ کەس دەستبەسەر کراون، سێ هەزار و ٩١٩ کەس کوژراون، دوو هەزار و ١٠٩ کەسیش بریندار بوون." لە کۆی ٣ هەزار و ٩١٩ کوژرا و ٢٥یان منداڵن لە درێژی ئامارەکەدا هاتووە: "لەو ژمارەیە ٢٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کوژراون، هەروەها لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ خۆپیشاندەران گەیشتووەتە ١٤٥ خۆپیشاندەر، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن." بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە تەرمەکان وەردەگیرێتەوە ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە وەک چۆن لە پێشتر بەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارە تەرمی خۆپیشاندەران ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرایەوە، لە ئێستاشدا گوشارەکانی دەسەڵاتی ئێران بەردوامەو و دەڵێت: "هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوەکان لە پزیشکەکانی داد دەبیندرێت، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەت فشار لەسەر خێزانەکان هەیە بۆ بێدەنگ بوون و ناشتنیان بە شەوانە ئەنجام بدرێت. تەنانەت بە مەرجی واژۆکردنی دەتوانن تەرمی کەسوکارەکانیان وەربگرن."
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ دوو شەممە 19-1-2026 کەش / ئاسمان نیمچە هەور و هەندێ ناوچە هەوری تەواو دەبێت .لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆڵەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە دووبارە چالاک دەبێتەوە باران بارین لە سەر ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمە باران دەست پێدەکاتەوە لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاویە بەرزەکان و سنوورییەکان . ئیداەی ڕاپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی سۆران ڕێژەی دابارینی زیاتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی تر , شێوازی دابارینی مامناوەند دەبێت . خێراى با / لەسەر خۆ-مامناوەند ( 10– 20) کم/ک هەندێ کات دەگاتە سەرووی 20 کم لە کاتژمێرێکدا . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / 7 – 8 کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (2-4) پلەی سیلیزی بەراورد بە دوێنێ هەولێر : 10 پلەی سیلیزی پیرمام : 7 پلەی سیلیزی سۆران : 5 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی دهۆک : 9 پلەی سیلیزی زاخۆ : 10 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی سبەى سێ شەممە 20-1-2026 کەش/ باران بارین لە کاتەکانی بەرەبەیان لەسەر زۆربەی ناوچەکەمان کۆتای دێت و ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە جگە لە بەشێک لە سنووری پارێزگای( سلێمانی وهەڵەبجە ) کەمێک دابارینی دەبێت پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆ بە گشتی کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتای دێت ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت. خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما/ نزم دەبێتەوە بە (2-4) پلەی سیلیزی بە تایبەت نزمترین پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە . مەوداى بینین / 7– 9 کم لە کاتی تەم بۆ کەمتر لە 2 کم . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 7 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -4 پلەی سیلیزی سلێمانی : 5 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە :6 پلەی سیلیزی دهۆک :6 پلەی سیلیزی زاخۆ : 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی تێبینی /لەگەڵ کاریگەری ئەم شەپۆڵە ئەم شەو پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە کاریگەری ئەم نزم بوونەوەیە سبەی زیاتر دەبێت .
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو رۆژ کرایە پشوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی گشتییدا، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی. ئاماژەی بەوەشکرد، پشووەکە دوو رۆژە کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، 20 و 21 کانوونی دووەم دەگرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی بۆ جۆناس ستۆر، سەرۆکوەزیرانی نەروریج ناردووە و تێیدا دەڵێت، ♦ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەت بڕیاری داوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم نەداتێ کە زیاتر لە هەشت جەنگم راگرتووە، منیش چیتر هەست بەو بەرپرسیارییەتییە ناکەم تەنها بیر لە ئاشتی بکەمەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بە سەرۆکوەزیرانی نەرویج دەڵێت، لەبەر ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ نەداوە، چیدیکە هەست ناکات "ناچار بێت تەنیا بیر لە ئاشتی بکاتەوە." ناردنی نامەکە لە کاتێکدایە، ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر گرینلاند لە فراوانبووندایە. تۆڕی هەواڵی PBSی ئەمریکی رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، هەمان نامە لەلایەن کارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە بۆ چەندین باڵیۆزی ئەورووپا لە واشنتن نێردراوە. لە نامەکەدا هاتووە، "یۆناسی ئازیز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەت بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ نەبەخشێ لە بەرامبەر راگرتنی 8 جەنگ و زیاتر، چیدیکە هەست بەوە ناکەم ناچار بم تەنیا بیر لە ئاشتی بکەمەوە، هەرچەندە ئاشتی هەمیشە لە پێشینەدا دەبێت، بەڵام ئێستا دەتوانم بیر لەوە بکەمەوە چی بۆ ئەمریکا باش و گونجاوە." ♦ ئێستا ئیتر بیر لەوە دەکەمەوە چی باش و دروست بێت بۆ ئەمریکا بیکەم. ♦ دانیمارک ناتوانێت پارێزگاری لەو خاکە (گرینلاند) بکات لە دەستی روسیا و چین. ♦ بۆچی دانیمارک مافی خاوەندارییەتی گیرنلاندی هەیە؟ هیچ بەڵگەیەکی نوسراو لەنێوانیان نییە. ♦ لەو کاتەوەی دامەزراوە، من لە هەموو کەسێک زیاتر کارم بۆ ناتۆ کردووە، ئێستاش ناتۆ دەبێت کارێک بۆ ئەمریکا بکات. ♦ جیهان ئاسایشی نابێت هەتاوەکو بەتەواوی دەست بەسەر گرینلاندا دەگرین. لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، ترەمپ نووسیویەتی، "دانیمارک ناتوانێت ئەو خاکە [گرینلاند] لە رووسیا یان چین بپارێزێت و هەر لە بنەڕەتدا بۆچی ئەوان 'مافی خاوەندارێتی'یان هەبێت؟"
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەخت دەکاتەوە دەستبەرداری تایبەتمەندیی ناوچەکەیان نابن و بڕیارە سبەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سووریا، وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەشی مانگی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی دڕندانە و پلان بۆ داڕێژراو کرایە سەریان، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداریان دا و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون. فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی نەیاندەویست بچنە نێو ئەم شەڕەوە، بەڵام بە سەریان سەپێندرا و ئامانج لێی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن بوو. عەبدی گوتی: بەر لەوەی سبەی لە دیمەشق گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستەکە بکەن، هەندێک ڕوونکردەوە دەدات؛ ئاماژەشی دا، لەو چەند کۆبوونەوەی لەو ماوەیدا ئەنجامییان داوە، هەوڵییان داوە ڕێگری لەو شەڕە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕە لەلایەن چەند لایەنێکەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەسەرمان سەپێنرا، کە ئامانجی لێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ بوو. گوتیشی: بەهۆی ئەوەی کوشتن و بڕین، بەتایبەت لەناو خەڵکی مەدەنی، زیاد نەکات و شەڕەکە بێ ئەنجام بوو، بڕیارمان دا لەپێناو پاراستنی خەڵکەکەمان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، هێزەکانییان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەققە بکشێنەوە بۆ حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنێک ئامادە کرا. دەشڵێت: دوای ئەوەی لە دیمەشق گەڕایەوە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، وردەکاری زیاتر لەسەر ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکەنەوە. مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندیی ناوچەکە نابن و خەباتەکەیان بەردەوام دەبێت. لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆڕاگریی گەل و هێزەکانی کرد.
