وتەبێژى پنتاگۆن ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران تا دوو ساڵ دواکەوتووە. شۆن پارنێل وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم خەمڵاندنەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنە فەرمییەکە "پێدەچێت لە دوو ساڵ نزیکتر بێت". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای نەهێشتنیان وەک خۆی دەمێنێتەوە. ڕۆژی 22ی حوزەیران، ڕۆژێک دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمریکا سێ شوێنی ئەتۆمی ئێرانی بۆردومان کرد. دوابەدوای ئەمەش ئێران بنکەی ئەلعودەیدی ئەمریکای لە قەتەر بۆردومان کرد و ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاند. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو لێدانانەی وڵاتەکەی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستیپێکرد، "بەهێز و وێرانکەرن". ناوبراو زیادی کرد: ئەو شوێنانەی لە ئێران لێمان دا بە تەواوی وێران بوون. عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز ڕایگەیاند، بۆردومانی پێگەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە "زیانێکی زۆر و وێرانکەری" بەو دامەزراوەیە گەیاندووە.
ئەندامێکی کۆنسەی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن ''ئەمەش واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە (پرۆسەی چارەسەری) دروست بکەن''. مستەفا قەرەسوو راگەیاند گرووپێک لە دڵی دەوڵەتی تورکیا هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی چارەسەری دەدات، جگە لەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە، بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەکانی، دۆخی زیندانیی عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی باشتر نەکراوە. مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، وێڕای ئەوەی پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری داوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن. هەروەها جەختی کردەوە، گۆشەگیریی ئۆجالان وادەکات پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەبچێت، بەڵام پەکەکە دەیەوێت پڕۆسەکە بەردەوامبێت و بەخێرایی گەشە بکات. کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە. قەرەسوو گوتی، گەریلاکانی پەکەکە ''مافی خۆیانە'' لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بەرگری لەخۆیان بکەن، گوتیشی: ''ئەو هێرشانە واتە؛ چینێک لە نێو دەوڵەت (تورکیا) هەن، دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن''. ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکاری کەجەکە رایگەیاند: ''ئێمە ئەوەی پێویست بوو کردمان. کۆنگرەمان بەست، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریمان دا. ئێستا دەبێت حکومەت هەنگاو بنێت''. قەرەسوو پێیوایە، ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت پرۆسەی چارەسەری سەربکەوێت، ''دەبێت هزر، سیاسەت و هەڵوێستەکانی بگۆڕێت. پێویستە هەڵوێست و تێگەیشتنی نوێی هەبێت''. لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەهەموو توانایانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جووڵەیەکی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی ئامادەن. عەباس عێراقچی لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەنزوێلا رایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە کە پێشێلکارییەکی گەورەی بنەماکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی بوو، ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی بێوێنەوە و دووڕوویی پشتیوانانی ئیسرائیلی زیاتر ئاشکراکرد. عێراقچی دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێرانی بە خیانەت لە دیپلۆماسی و زەبرێکی بێوێنە لە یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد. جەختیشیکردەوە کە هەموو پشتیوانانی ئیسرائیل لە تاوانەکانیدا هاوبەشن. لەلایەکى دیکەوە موحسین رەزایی، فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، جەنگی ئەمجارە تا لەناوبردنی رژێمی زایۆنی و چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوامدەبێت. گوتیشی، ئەمە یەکەم جارە جەنگێکی لەو شێوەیە راستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانەوە فەرماندەیی بکرێت. هەروەها فەرماندەی پاسداران دەڵێت، ئەم شەڕە بە هاوکاریی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بنکەی خاتەمولئەنبیا ئەنجامدرا، سەرجەم فەرمانەکان لەلایەن خامنەیی بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچوون.
بڕیارە لەچەند ڕۆژى ئایندەدا، ٣٠ گەریلاى پەکەکە، بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناو ببەن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ شوێنێکى نادیارو خۆیان تەسلیم ناکەن. سەرچاوەیەکى ئاگادارو تایبەت بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: لەچەند ڕۆژى داهاتوودا پەکەکە پرۆسەیەکى چەکدانانى سمبولیکى جێبەجیدەکات، ئەو گەریلایانە ژمارەیان ٣٠ کەسەو چەند بەرپرسێکى دیاریان لەگەڵدایە. بەپێى ئەو زانیاریانەى لەسەرچاوەیەکى تایبەتەوە دەستى هاوڵاتى کەوتووە لەپرۆسەکەدا بەبەرچاوى میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە چەکەکانیان لەناودەبەن واتە ڕادەستى هیچ کەس و لایەنێکى ناکەن، دواتر ئەو گەریلایانە دەچن بۆ شوێنێکى نادیار، واتە خۆیان ڕادەستى تورکیا ناکەن، چونکە دووجارى دیکە ئەم پرۆسەیە ئەنجامدراوەو گەریلاکانى پەکەکە خراونەتە زیندانەکانى تورکیاوە، بۆیە خۆیان تەسلیم ناکەن. لەلایەکى دیکەوەئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێسی فەرەنسی (AFP) بڵاویکردووەتەوە، "بەگوێرەی دوو سەرچاوەی نزیک لە پرۆسەکە، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی دروستکردنی متمانە لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە سیاسییەی ئێستا لە تورکیا هەیە." ئەم هەنگاوە تەنها شەش هەفتە دوای ئەوە دێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند کە زیاتر لە چوار دەیە شەڕی گەریلا کۆتایی پێدەهێنن. سێزای تەمێلی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیی دەم پارتى ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو بە پەرلەمانتارانی وت: پێدەچێت ئەم پێشهاتانە هەفتەی داهاتوو ڕوو بدەن. وتی شاندێکی پەرلەمانتاران بەنیازن "لە 8 یان 9ی تەمموزدا چاویان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بکەوێت دوای ئەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن پاشان دەچنە ئیمرالی"ئەو دوورگەیەی ئۆجالان لە ساڵی 1999ەوە زیندانی کراوە. هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاندبوو کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ شاندی دەم پارتى کۆدەبێتەوە.
ترسی شەڕی جیهانی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی سیناریۆیەکی ترسناک و نیگەرانکەر بۆ زۆرێک لە وڵاتان و گەلانی جیهانە. ئەمەش دەرگای زۆر پرسیاری کردۆتەوە و بەردەوامە لە کردنەوەیدا سەبارەت بەوەی کە چۆن خۆی لە شەڕێکی لەو شێوەیە بپارێزێت ئەگەر سەریهەڵدا. شارەزایانی سەربازی پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەر شەڕێکی ئەتۆمی وێرانکەر دەبێت، تیشکەکان نزیکەی هەموو گۆشەکانی جیهان بڵاودەبنەوە و بەشێکی زۆری گەردوون پیس دەبێت و نەخۆشیەکى زۆر بڵاودەکاتەوەو ناتوانرێت بۆ ژیان بەکاربهێنرێت. ڕۆژنامەی بەریتانی، دەیلی مەیلی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن کەناڵی ئەلعەرەبیەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، بە پشتبەستن بە ئانی جاکۆبسن، شارەزای ناوەکی، ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ئەتۆمی وێرانکەر، تەنیا دوو شوێن لە جیهاندا سەلامەت دەبن، ئەوانیش ئوسترالیا و نیوزلەندا. جاکۆبسن ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی دراوسێ لە نیوەگۆی باشوور تاکە شوێن دەبن کە دەتوانن "پشتیوانی کشتوکاڵ بکەن" لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی ئەتۆمی لە نیوەگۆی باکووردا، واتە تاکە دوو شوێنی سەلامەت ئوسترالیا و نیوزلەندا دەبن. جاکۆبسن باسی لە هێڵی کاتیی ترسناک کرد کە تێیدا شەڕی ئەتۆمی زۆربەی هەسارەکە لەناو دەبات. ئاماژەی بەوەشکردووە، "شوێنەکانی وەک ئایۆوا و ئۆکرانیا تەنها بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەفر دادەپۆشرێن". "کەواتە کشتوکاڵ شکستی دەهێنا، کاتێکیش شکستی دەهێنا، خەڵک دەمرن." جاکۆبسن دەڵێت: "لە سەرووی ئەوەشەوە ژەهراویبوون بە تیشکەوە هەیە، چونکە چینە ئۆزۆنەکە ئەوەندە تێکدەچوو و لەناو دەچوو، کە نەتدەتوانی لەبەر خۆردا بچیتە دەرەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "خەڵک ناچار دەبن لەژێر زەویدا بژین، بۆیە دەبێت خەڵک لەژێر زەویدا بخەیتە بەرچاوت، جگە لە نیوزلەندا و ئوسترالیا لە هەموو شوێنێکدا خەبات دەکەن بۆ خۆراک". پێش ئەوەی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرە بسێنن، جاکۆبسن کتێبێکی بە ناوی "جەنگی ئەتۆمی: سیناریۆیەک" بڵاوکردەوە، کە بە وردییەکی شۆککەر وردەکارییەکانی چۆنیەتی پەرەسەندنی ئاپۆکالیپس لە کاتی جەنگی جیهانی سێیەمدا خستەڕوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، گومانی تێدا نییە سەدان ملیۆن کەس بەهۆی تۆپە ئاگرینەکانەوە دەمرن. بەڵام جاکۆبسن ئاماژەی بەوەشکردووە، توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ی پرۆفیسۆر ئۆین تون کە لە گۆڤاری (Nature Food) بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژمارەی مردووان بە خێرایی زۆرینەی دانیشتوانی جیهان لەناو دەبات. جاکۆبسن وتی: پرۆفیسۆر تون و تیمەکەی بیرۆکەی زستانی ئەتۆمی لەسەر بنەمای خۆراک نوێکردەوە و ئەو ژمارەیەی کە هەیانە پێنج ملیار کەسە کە دەمرن. لە شەڕێکی تەواودا کە زۆرێک لە شارەکان بۆمبی ئەتۆمی لێدەدرێن، ئەم تەقینەوەکان دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە و سووتانی بینا و دارستان و پێکهاتەکانی دیکە. پرسیار لە جاکۆبسن کرا: ژمارەی دانیشتوانی ئێستای هەسارەکە هەشت ملیارە، بۆیە سێ ملیار کەس بە زیندووی دەمێننەوە، مرۆڤ دەچێتە کوێ بۆ ئەوەی یەکێک بێت لەو سێ ملیارە؟ جاکۆبسن لە وەڵامدا وتی: "ئەوە ڕێک ئەو شوێنەیە کە تۆ دەچیت: ئوسترالیا یان نیوزلەندا". "ئەوانە تاکە شوێنن کە بەڕاستی دەتوانن پشتگیری لە کشتوکاڵ بکەن."
حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت هەر پابەندییەک لەسەر ئێمە بووە بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، هەموو نەرمییەکمان نواندووە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێی سۆمۆوە. هاوکات ئەوەش دەخەنەڕو ئێمە و کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادەیی هاوکاریمان لەگەڵ عێراق پیشانداوە، هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن، بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هیچ بیانوویەک لە بەردەم دارایی فیدڕاڵ نامێنێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى خستوەتەڕوو. تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامدران، کە تایبەت بوون بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەکانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە و هەرێم هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان. کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون و حكومەتی هەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە مووچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری مووچەخۆرانی هەرێمە و بە هەموو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن. پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە مووچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هاتوون. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەکان كرد و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زياتريان بۆ بکات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوێندی خوارد کە حەماس لەناو ببات، ئەمەش لە یەکەم لێدوانی گشتیدا بوو، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری ئاگربەستی بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕاگەیاند. بزوتنەوەى حەماسیش ڕایگەیاند ڕێککەوتنێکمان دەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ئیسرائیل بەتەواوەتی بکشێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا وتی: حەماس نابێت، حەماسستان نابێت، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ دوواوە ئەوە کۆتایی هاتووە، وتیشى: هەموو دیلەکانمان ئازاد دەکەین و حەماس لە رەگ و ریشەی خۆی دەردەهێنین. ترەمپ ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل ڕازی بووە بە مەرجەکانی ئاگربەست کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیار کراوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆببێتەوە. وتەبێژێک بەناوى حەماسەوە دەڵێت: پێشنیازی نوێی ئاگربەستمان لە نێوەندگیرەکانەوە پێگەیشتووە و لێیدەکۆڵینەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە حەماس کرد کە ڕازی بێت بەو شتەی کە بە "پێشنیاری کۆتایی" وەسفی کردووە بۆ ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل لە غەززە، کە لەلایەن بەرپرسانی نێوەندگیری قەتەر و میسرەوە پێشکەش دەکرێت. ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ڕاستی سۆشیالی خۆی ڕایگەیاندووە، نوێنەرانی کۆبوونەوەیەکی "درێژ و بەرهەمدار"یان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە غەززە ئەنجامداوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بە مەرجەکانی ئاگربەستی 60 ڕۆژە ڕازی بووە، "لەو ماوەیەدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە"، ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرانی قەتەر و میسر "ئەم پێشنیازە کۆتاییە" دەگەیەننە حەماس.
شاندی ئەورووپا کە لە چوارچێوەی کەمپینی "دەمەوێت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکەم"ـدا گەیشتنە ئەستەنبوڵ، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوەو داوایانکرد ئۆجەلان و زیندانیانی تری سیاسی بەبێ مەرج ئازاد بکرێن. لە وڵاتانی جیاوازی ئەورووپاوە ٣٩ کەس لە چوارچێوەی کەمپینی "دەمەوێت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکەم" دوێنێ هاتنە ئەستەنبوڵ. شاندەکە کە لە ڕۆژنامەنوس، نوسەر، ئەکادیمی، سەندیکاوان، پەرلەمانتار و یاساناسان پێکهاتبوو، لە هۆتێلێکی تەقسیم مێزگردێکییان ڕێکخست. لە هۆڵی کۆبوونەوەکە پانکارتی "دیداری نێونەتەوەیی بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری" دانرا. هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) مەراڵ دانش بەشتاش، هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) کەسکین بایندر و لە تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)وە سەباحەت تونجەلیش چەندین کەسی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. دوای کۆبوونەوەکە، دەقی پەیامی هاوبەش خوێندرایەوە. پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا فەرهاد کۆچاک پەیامە هاوبەشەکەی بە تورکی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی CUPـی کەتەلۆنیا ئیولالیا ڕێگوانت کورا پەیامەکەی بە ئینگلیزی خوێندەوە. فەرهاد کۆچاک ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن و گوتی: "ئێمە بانگەواز لە دەسەڵاتدارانی تورک دەکەین بۆ دیالۆگێکی بونیاتنەر و ڕاست و دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگەی کورددا، هەنگاوی کاریگەر بنێن. ئێمە جارێکی تر بانگەوازی کاری هاوبەش بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە لە هەموو تەڤگەر و پارتە پێشکەوتووخوازەکان و گەلانی تورکیا دەکەین. تەنها بە پابەندبوونی لەو شێوەیە دەکرێت گۆڕانکارییەکی هەمیشەیی و بەردەوام جێبەجێبکرێت، لەم ڕووەوە بەڕاستی ڕێگە بۆ تورکیایەکی دیموکراتیکی بکرێتەوە." کۆچاک لە بەردەوامیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە تورکیا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بەرپرسیارێتییە نێونەتەوەییەکانی جێبەجی بکات و وتی: "لە کاتێکدا کە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی زیاتر بەرەو ململانێ و شەڕانگێزی دەڕوات، دەرفەتێکی مێژووییە لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. لە سەردەمێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێو ئاگردایە و زۆرێک لە وڵاتان کەوتوونەتە پێشبڕکێیەکی بێسنووری بەکار هێنانی چەکەوە، بەڕێز ئۆجالان یەک لە بەهێزترین دەنگەکانی بەرگریکردن لە ئاشتی و چەکدانانە." هەروەها کۆچاک ئاماژەی بەوەدا کە ئایدیای "کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک"ی رێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش مۆدێلێکی گونجاوە و وتی: "بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی بگاتە ئاستی پێویستی تواناکانی، دەبێت دەستبەجێ و بێ مەرج بەڕێز ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی کە مافە مرۆییەکانیان پێشێل کراوە ئازاد بکرێن، ئەمە شتێکی بنەڕەتییە، درێژبوونەوەی دەستگیکردنیان نیگەرانیەکی جدییە. ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە کاتی زیندانیکردنییدا هەنگاوێکی بنەڕەتیە، بە تایبەتی گۆشەگیری سەپێنراوی ٢٦ساڵەی سەر بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی و هەروەها قەدەغەکردنی نایاسایی مافە بنەڕەتییەکانی، پێشێلکردنێکی ئاشکرای پێوەرە یاساییە ناوخۆیی و جیهانیەکانە."
سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان حکوومەتەکانی هەرێم و بەغدا بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە و بەردەوامە. چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، د. لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی گوتی: سەبارەت بە ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. سەرۆک کۆماری عێراق گوتیشی: بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە دەبێت یاسای نەوت و غاز دەربکرێت. لەتیف ڕەشید، دەڵێت: عێراق هەر جۆرە پێشێلکارییەکی ئاسمانی وڵاتەکەی لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕەتدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەدا، دەبوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو ماوەیەدا ئاسمانی عێراق بپارێزێت. جەختیشی کردەوە "ئێمە ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەکاتی شەيی نێوان هەردوولا دەکەین"، "ئێمە داوای کڕینی سیستەمی بەرگریی بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆمان دەکەین." دەشڵێت "دەبوو هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگارییان لە ئاسمانی عێراق بکردایە." سەرۆک کۆماری عێراق لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتی: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکانی نێوان واشنتن و حکوومەتی عێراقە، هەروەها چارەنووسی بەردەوام بوونیان یان ڕۆیشتنیان، پەیوەستە بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەت و ئەمەریکا. لەتیف ڕەشید هۆشداریی دا لە مەترسی گرووپە چەکدارەکان و ڕایگەیاند، داعش لە هەموو شوێنێک مەترسی دروست دەکات نەک تەنیا لە عێراق، بەڵام ئەوە ئەو مەترسییە نییە کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووینەوە، چونکە شکستیان هێناوە، ئەو تاوانانەی کە بە تایبەتی دژی ئێزدییەکان ئەنجامیاندا، لەبیرمان ناچێتەوە. سەبارەت بەچەک هەڵگرتن گوتی: سیاسەتی حکوومەت ئاشکرایە، دەبێت چەک لە رێگەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانەوە لە دەستی دەوڵەت دابێت. دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لەتیف ڕەشید ڕوونی کردەوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن، بەتایبەتی ئەو هێزانەی بایکۆتیان کردووە، جەختیشی کردەوە، پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پرسەکانی دیکە، بەڵام بایکۆتیش دیاردەیەکی سروشتیە و لە هەموو وڵاتاندا ڕوودەدات.
سەرچاوەیەکى ئاگادار ئەوەى ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هیچ بڕیارێک لەبارەی مووچە نەدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا زیاتر گفتوگۆ لەسەر نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان و داواکارییەکانی بەغدادکراوە. بۆ موچەش هیچ بڕیارێک نەرداو چاوەڕێی بەغدادن بڕیار بدات بۆ موچە، ئاسۆیەکی روون و هەڵوێستێکی روون و دیار لەلایەن بەغدادەوە نیە. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشدا باسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەكرا، بە پێی زانیاریەکان نە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و موچەموچەخۆرانی هەرێم كردووەو نە وەزیرە كوردەكانیش ئەو بابەتەیان لە كۆبوونەوەكە باسكردووە. وەزیرێکى کوردى بەشداربووى کۆبونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا، چاوەڕوان بووین لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە بکرێت، وتیشى: نازانین سودانى خۆى بڕیارى ناردنى مووچە دەدات یان نا. هەرچەندە نازانرێت سودانی تاك لایەنە موچە دەنێرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوەكە ئەو پرسە نەوروژێندراوەو دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرە كوردەكان لەگەڵ سودانی كۆنەبوونەتەوە. پێش کۆبوونەوەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەكات. لە بڕگەی یەكەمدا دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژانی 29ی حوزەیرانی 2025 تاكوو 1ی تەممووزی 2025 لە نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی حكوومەتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەكانی هەردوو مانگی ئايار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات. لە بڕگەی دووەمدا ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەكان تاوتوێ دەكات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ئێران چەندین ڕاپۆرتیان بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە "ئامانجکردنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ٣٥ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل". ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل دەستیان پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن، ئیسرائیل ئەم هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەموو فڕۆکەکان و فڕۆکەوانەکانیان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانیان. ڕاپۆرتەکانی بەشێک لە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە بەئامانجکردنی ئەم فڕۆکەیە - کە بە مۆدێرنترین فڕۆکەی جەنگی ڕۆژئاوایی ناسراوە - تەنانەت باس لەو "شوێنەی کە تێیدا کەوتوونەتە خوارەوە" بە "نزیک فۆردۆ و تەبرێز و کرماشان" و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "فڕۆکەوانێکی ژنی ئیسرائیلی دوای دەرچوونێکی بەپەلە دەستگیرکراوە". ئەکاونتی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گاڵتە بە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ئێرانی کرد کە ئەو قسانەیان کردبوو و کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانەی بە کارەسات ناوبرد و نووسیبووی "بۆچی تا ئێستا وێنەی فڕۆکەوانە دیلەکانمان بڵاونەکردۆتەوە؟ ئێمە زۆر نیگەرانین". لە وتووێژێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئێرانەوە پەخشکرا، چاوپێکەوتوو لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکار سەبارەت بە هۆکاری نیشان نەدانی "وێنەی فڕۆکە جەنگییە کەوتووەکە"، گرێدایەوە بە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان و ئامادە نەبوو وەڵامی ڕاستەوخۆ بداتەوە. بانگەشەى کاربەدەستان و میدیاکانی ئێران، سەرنجی ئەوتۆی لە میدیاکانی جیهان و شرۆڤەکارانی بەرگریدا ڕاکێشاوە. پرۆفیسۆر جەستن برانک، لێکۆڵەری هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆجیا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی بەریتانیی ئینستیتیوتی ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤیس (RUSI) بە بی بی سی دەڵێت کە ئەم جۆرە بانگەشانە بە لەبەرچاوگرتنی توانا سەربازییەکانی ئێران هیچ ئیعتبارێکیان نییە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە توانا ناسراوەکانی ئێران لە بواری بەرگری ئاسمانیدا، دەڵێت: "هەرچەندە ئێران هەندێک ڕادار وەک سیستەمی نێبۆ ئێمی ڕووسی بەکارهێنابوو، بۆ زیادکردنی ئەگەری دۆزینەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ و فڕۆکە دزێوەکانی دیکە، بەڵام توانای تەکنیکی نەبوو بۆ شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکە جەنگییەکانی وەک ئێف ٣٥، چ جای بەشداریکردنیان ئەمە لە دۆخێکدا بوو کە زۆربەی ڕادارەکانی بەرگری ئاسمانی و سیستەمی مووشەکی مەودای دوور لە سەرەتای شەڕەکەدا بە خێرایی لەناوچوون”. جگە لە خەمڵاندنە تەکنیکی و سەربازییەکان، بەڵگەیەک کە دەتوانێت پشتگیری لە ئیدیعای ئێران بکات، بڵاوکردنەوەی وێنەی داروپەردووی فڕۆکەکە بە ژمارەی زنجیرەیی لەسەر باڵەکانى کە دەتوانرێت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە. بەڵام تا ئێستا جگە لە چەند وێنەیەکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد یان داروپەردووی فڕۆکە جەنگییەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە ململانێی ئەم دواییە نییە، هەروەها وێنەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ وێنەیەکی دیکە بڵاونەکراوەتەوە کە سەرنجی میدیای بێلایەن یان توێژەرانی سەربازیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەم هەڵسوکەوتە پێچەوانەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلە. میدیاکانی ئێران وێنەی ڕوونی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلیان بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی جەنگدا لەلایەن بەرگرییەکانەوە کراونەتە ئامانج و ئیسرائیلیش خستنەخوارەوەی ئەو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی پشتڕاستکردووەتەوە. هەرچەندە میدیاکان ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە کە دەگاتە ١٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نییە لەسەر داروپەردووی هەموو ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە. سەرەڕای ئەو بانگەشانەی ئێران سەبارەت بە گرتنی فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی، کە ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە، تا ئێستا هیچ وێنەیەکی هیچ دیلێک بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها باس لە ناسنامەی ئەو "فڕۆکەوان یان فڕۆکەوانە" نەکراوە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات "دەستگیری کردووە". ساڵانی ململانێی سەربازیی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و دۆسیەی دیل گرتنی هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵانی پێشوودا، ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگای ئیسرائیل هەستیارە بەرامبەر بە گرتنی هێزە سەربازییەکان و کردەوەیەکی لەو شێوەیە ناتوانێت بە شاراوەیی بمێنێتەوە. بۆ نموونه ڕفاندنی دوو سه ڕبازی ئیسرائیلی به ناوه کانی ئه لداد ڕیجب و ئیهود گۆڵدواسه ڕ له لایه ن حزبوڵای لوبنانییه وه بووه هۆی شه ڕی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان له ساڵی 2006 و ڕفاندنی گیلاد شالیت له لایه ن حه ماسه وه له هه مان ساڵدا بووه هۆی ململانێی سه ڕبازی و قه یرانی سیاسی له ئیسرائیل. هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل کە سەربەخۆ لە حکومەت کاردەکەن، بە شێوەیەکی ئازادانە هەواڵیان لەسەر گرتن و ڕفاندنی کارمەندانی سەربازی لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوکردووەتەوە. هەروەها هێزە سیاسییەکانی دژایەتی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، چەندین جار تەحەدای کارەکانی حکومەت و قوربانییەکانی سوپای ئیسرائیلیان کردووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا. بەڵام تا ئێستا میدیاکانی ئیسرائیل هیچ هەواڵێکیان لەبارەی گرتن یان خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بڵاونەکردۆتەوە و ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی ئێرانیان بە "پڕوپاگەندەی حکومەت" ناوبردووە. لە کاتێکدا ژمارەی وردی فڕۆکە جەنگییەکان لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا پۆلێنکراون، ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل نزیکەی 40 فڕۆکەی ئێف 35 و نزیکەی 75 فڕۆکەی ئێف 15 و زیاتر لە 190 فڕۆکەی ئێف 16ی هەیە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە کە چەند لەو فڕۆکانە کاردەکەن. ئەو وێنانەی کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران، فڕۆکەکانی ئێف ١٥ و ئێف ١٦ بە بۆمبی ڕێنمایی قورس چەکدار کراون. هەروەها هەواڵی هاتنە ناوەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 بۆ ئێران بڵاوبووەتەوە. بەڵام ڕەنگە هۆکاری گرنگیدان بە میدیاکان و بەرپرسانی ئێران بەم فڕۆکە شەڕکەرە، تایبەتمەندییە ناوازەکانی و مێژووی ئەو فڕۆکەیە بێت، کە چەندین جار لە میدیاکاندا باسی لێوە کراوە و بووەتە مانشێتی ڕۆژنامەکان. فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ پێوەرێکی جیهانییە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم. دیزاینی فۆسێلاجی F-35 و ئەو کەرەستانەی کە بۆ دروستکردنی بەکارهێنراون، وا دەکات نزیک بێت لە نەبینراوی بۆ ڕاداری دوژمن. بەڵام ئەوە تاکە تایبەتمەندی فڕۆکەکە نییە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کرد کە تیمی ملیاردێر ئیلۆن مەسک لە سەردەمی سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی کارامەیی حکومەتدا دەستڕاگەیشتنێکی بێ وێنەیان بە زانیارییە هەستیارەکانی حەوت دەزگای ئەمریکی بەدەستهێناوە. داتاکان بریتی بوون لە گرێبەستی حکومەت و نهێنی بازرگانی و سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکانی مەسک. سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی خراپ بەکارهێنانی، ئەم دەستڕاگەیشتنە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لە بازنەکانی پیشەسازی و ڕێکخستندا دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی داوای یاسایی و گرژی یاسایی بۆ هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی ئەم کاریگەرییە. ئەمەش لەکاتێکدایە جارێکی دیکە شەڕی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک دەستی پێکردەوە. ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو مەسک هێرشی کردە سەر ئەو یاسایەی دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆمارییەکان ئامادەیان کردووە و براوەتە کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی. مەسک ئەو یاسایە- کە ترەمپ و کۆمارییەکان بە پرۆژە "یاسا گەورە و جوانەکە" ناوی دەبەن- بە مەترسی دادەنێت و هۆشداری دەدات، کە ئەگەر پەسەند بکرێت، ئابووریی ئەمریکا بەرەو هەڵدێر دەبات. سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی مەسکی دایەوە و لە ترووس سۆشیاڵ نووسیوویەتی: "ئەگەر پشتیووانی و هاوکاریی فیدراڵیت لێببڕم، ناچاریت دووکانەکەت دابخەیت و بگەڕێیتەوە بۆ ئەفریقای باشوور." مەسک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پشتگیریی لە بەربژێری کۆمارییەکان کرد، 270 ملیۆنی دۆلاریشی بەخشییە هەڵمەتەکەی. لەبەرامبەردا ترەمپ بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی، کردیە راوێژکاری خۆی و سەرپەرشتیاری فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەی فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت. دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئایار، مەسک دەستی بە رەخنەگرتن لە پرۆژە یاسای خەرجییەکانی ترەمپ گرت و دواتر ناکۆکییەکان تەقینەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی مەسک لە تۆڕی ئێکس داوای دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ لە ئەمریکا بەناوی "پارتی ئەمریکا" بکات. وەزارەتی کارامەیی حکومەت کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دروستکراوە و بە سەرۆکایەتی مەسک دەسەڵاتی ئەوەی هەبووە بچێتە ناو سیستەمی حەوت دەزگای فیدراڵی، لەوانە وەزارەتی بەرگری، ناسا، وەزارەتی کار و نووسینگەی پاراستنی دارایی بەکاربەران. جێسیکا تیلیپمان، ڕاگری یاریدەدەر بۆ توێژینەوەکانی یاسای تەداروکاتەکانی حکومەت لە قوتابخانەی یاسای زانکۆی جۆرج واشنتۆن دەڵێت: "ئەم زانیاریانە تێڕوانینەکان دەدەن، یارمەتیدەرن بۆ پێشبینیکردنی تەداروکاتەکانی داهاتوو، وردەکارییەکان دەخاتە ڕوو کە دەزگایەک پێویستی بە چییە، و تێڕوانینەکان لەبارەی کارکردنی ناوخۆیی خۆیەوە دەدات." "لە بنەڕەتدا، تۆ وردەکارییەک لە پرۆسەکانی بیرکردنەوەی ناوخۆیی دەزگایەکدا دەبینیت. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو کێ بیریان لێدەکاتەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند: ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مەرجەکانی ئاگربەست بۆ ماوەی (60) رۆژ لە کەرتی غەززەو، هەموو لایەنەکان کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو ماوەیەدا. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: رەزامەندی تەلئەبیب دوای ئەوە هاتووە، تیمەکەی رۆژی سێشەممە كۆبونەوەیەکی درێژو بەرهەمداریان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ئەنجامداوە، هیواشی خواست حەماس ئەو پێشنیازە قبوڵ بکات، وەك خۆی وتی، بۆ چاکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ پێیوابوو، دۆخی ناوچەكە باشتر نابێت، بەڵکو خراپتر دەبێت، ئەگەر حەماس رەتی بکاتەوە، وتیشی: قەتەرییەکان و میسرییەکان کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ یارمەتیدانی گەیشتن بە ئاشتی، ئەم پێشنیازە کۆتاییە پێشکەش دەکەن. ترامپ ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو کە هیوادارە هەفتەی داهاتوو لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا "ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ بارمتەکان" بکرێت. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆببێتەوە. نەتەنیاهوو لە سەردانێکیدا بۆ دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) لە باشووری ئیسرائیل گوتی، "ژمارەیەکی زۆر دەرفەت هەن. یەکەم و پێش هەموویان، رزگارکردنی بارمتەکانە. بێگومان پێویستە پرسی غەززەش چارەسەر بکەین و حەماس لەنێوببەین، بەڵام بڕوام وایە دەتوانین هەردوو ئامانجەکە بەدەست بهێنین." کۆمەڵەی خێزانی بارمتەکان پێشوازییان لە "گۆڕان"ی هەڵوێستی نەتەنیاهوو کرد، ستایشی بڕیارەکەیان کرد بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان وەک کاری لەپێشینەی حکومەت. نەتەنیاهوو لە قسەکانیدا وشەی "رزگارکردن"ی لەبری "ئازادکردن" بەکارهێنا و خۆی لە وشەی "رێککەوتن" بەدوور گرت. شەڕی غەززە کاتێک سەریهەڵدا چەکدارانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و ئامارە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بووەتە هۆی کوژرانی ١٢٠٠ کەس و گرتنی ٢٥١ کەس لە غەززە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئامارو پوختەی راپۆرتی ناڕەزایەتییەكانی مانگی حوزەیرانی 2025 خستەڕوو لەمانگی حوزەیرانی 2025 لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هاوڵاتیان (32) چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، بایكۆت، گردبوونەوەیان رێكخستووە. • (18) چالاكی لە سلێمانی، (8) چالاكی لە هەولێر، (1) چالاكی لە هەڵەبجە، (1) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، (4) چالاكیش لە ئیدارەی گەرمیان. • (16) چالاكی بۆ مووچە، (9) چالاكی بۆ داواكاری دامەزراندن، (3) چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، (1) چالاكی بۆ ئیدانەكردنی جەنگ، (3) چالاكی داخوازی جیاجیا بوون. • لە میانەی چالاكییەكاندا لە سلێمانی 81 مامۆستا و چالاكوان و كادری سیاسی و میدیاكار دەستگیركراون، پاشان ئازاد كراون، یەك ررودای رفاندیش لەلایەن هێزێكی دەمامكدار لە دهۆك تۆمار كراوە، پاش ئەشكەنجەدان ئازاد كراوە. • هەندێك لە دەستگیركراوانی شاری سلێمانی، بەهۆی تدووتیژی هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دەستگیركردنیان ئاسەواری لێدان بە گیانیانەوە دیاربووە. • دوو حاڵەتی پەشیمانكردنەوە (ئەوەی لە ئاستی میللی پێدەوترێت رادیۆ) لە دهۆك تۆماركراوە، هەدوو هاوڵاتییەكە لێدوانی رەخنەگرانەیان بڵاوكرایەوە، دواتر لێدوانی پەشیمانبوونەوەیان بڵاوكرایەوە. • بەهۆی هەڵمەتەكانی رێگری و دەستگیركردن، مانگی حوزەیران خراپترین بووە بۆ ئازادی رادەربڕین. • بۆ یەكەمین جار بوو، دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لێبووردنی لە دەستگیركراونی سلێمانی كرد. • حوزەیران مانگێكی خراپ بوو بۆ پارێزبەندنی پەرلەمانتاران، (سیپان ئامێدی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی لە دهۆك رفێندرا، عەلی حمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی كوردستان، لە سلێمانی دەستگیركرا. تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی رادەربڕین لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، گشتاندنی بۆ یاسای راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كرد، کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرابوو. ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاویكردەوە: ئەم یاسایە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاتە ئاراوە، پەرلەمانتاران پرۆژە یاسایەکیان لەژێر ناوی هەڵپەساردنی هاوکاری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە پەرلەمان پێشكەشكرد و پەسەند کرا. پێنجشەممەى ڕابردوو 26ـی حوزەیرانی 2025 ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕەزامەندییان لەسەر پلانی حکوومەتدا بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم. وتەبێژی ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستوور ڕایگەیاند: بەپێی ئەم بڕیارە، حکوومەت پابەندە بە هەڵپەساردنی هەر هاوکارییەک بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و ناوەندە ئەتۆمییەکان. پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: ئەو پرۆژە یاسایەیان پەسەند کردووە کە حکوومەت پابەند دەکات بە هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. گوتەبێژی ئەنجوومەنە ئاشکرای کردووە، ئەو پرۆژە یاسایەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پەسەندی کرد، بەندێکی تێدایە، کە ڕافایل گرۆسی تۆمەتبار دەکات بە نووسینی ڕاپۆرتی نادروست و پڕ لە سیخوڕی بەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.