ڕەنگە كۆنگرەكەی پاریس لەعەممانی پایتەختی ئوردن بكرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆنگرەیەك لەپاریس بەچاودێری فەرەنساو ئەمریكا لەنێوان دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و هەسەدە بەڕێوەبچێت، بەڵام دەستوەردان و فشاری دەرەكی ئەم هەوڵەی لەباربرد بەتایبەت توركیا بۆیە دوێنێ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەڕەسمی بەشدارینەكردنیان لەكۆنگرەكە راگەیاند، ئەمەش بەبیانوی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی (یەكخستنی هەڵوێست) لەحەسەكە كەلەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ پێكهاتەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا رێكخرابوو.

كۆنگرەكەی لەحەسەكە كە نزیكەی 400 كەس بەشداریان تێداكرد، جگە لەپێكهاتەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، هەریەكە لەنوێنەرانی عەلەویی و درووزەكان پەیامی خۆیان خوێندەوەو پشتیوانیان لەكۆنگرەكەو پەیامەكەی كرد، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو كۆنگرەی نیشتیمانی كورد لەسوریا (ئەنەكەسە) كە پێكهاتەیەكی سیاسی كوردەو پارتی دیموكراتی كوردستان (لەباشور) پشتیوانیان دەكات بەشداریان لەكۆنگرەكە نەكردو هیچ سەرنجێكی رەسمیشیان نەبوو.

ئەو كۆنگرەیەی حەسەكە جگە لەدیمەشق، جێی نیگەرانی توركیاش بوو، ئەوەی گرنگە پێویستە رێڤەبەرانی رۆژئاوای كوردستان كار بۆ ئەوەبكەن كە ئەوان دەتوانن پێكهاتە سیاسی و تایفییەكان لەسوریا كۆبكەنەوەو پشتیوانیان بەدەستبێنن، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەك ناتوانن پێكهاتەكانی سوریا كۆبكەنەوە، بەڵكو ئامادەنین بەشداریان پێبكەن لەهیچ بڕیارو كایەیەكی سیاسی و بەڕێوەبردن! بگرە لەماوەی 8 مانگی رابردوو دووجار كۆمەڵكوژییان لەناوچەی عەلەوییەكان و دروزەكان كردووە.

بەپێی هەموو لێكدانەوەكان بەشدارینەكردنی حوكمڕانانی دیمەشق لەكۆنگرەكەی پاریس لەژێر فشاری توركیابووە، بەتایبەت بەر لەدوو رۆژ هاكان فیدان بەسەردانێكی رانەگەیەنراو و بەپەلە گەیشتە دیمەشق و دژایەتی خۆی بۆ كۆنگرەی پاریس بەدیمەشق گەیاند. ئێستاش هیچ ئاسۆیەك بۆ دۆخی سوریا دیار نییەو پێشبینی ناكرێت بەمزوانە سەقامگیر ببێت.

ئەنقەرە نایەوێ‌ رێككەوتنێك لەنێوان دیمەشق و رێڤەبەری باكوری خۆرهەڵاتی فوراتدا بكرێت، بەڵكو دەیەوێت دانوستانەكان كورتبكاتەوە لەسەر تەنها پرسی كورد لەسوریا بەپێدانی چەند مافێكی سەرەتایی و هاوكات نایەوێت پرسی رێڤەبەری باكوری رۆژهەڵاتی فورات وەك هەرێمێك یان ناوچەیەكی خۆبەڕێوبەر ببێتە واقع و هەسەدە لەبارەی چارەنوسی ئەو ناوچەیە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بكات.

ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆری ئەمنی لەسنورەكانی نێوان هێزەكانی هەسەدەو هێزەكانی رژێمی نوێی سوریا هەستی پێدەكرێت. هەردوولا تۆپبارانی یەكتر دەكەن، ئەمریكاو فەرەنسا لەو گرژیەدا لەدیمەشق نیگەرانن، لایەنگری هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن، بەڵام پێدەچێت ئەم گرژیە دەستی توركیاو چەند گروپێكی نزیك ئەحمەد شەرعی لەپشت بێت. 
بەپێی هەموو لێكدانەوەكان، هێزەكانی سوریای دیموكرات توانای سەربازیی و ئەمنی زۆر باشترە بەراورد بەهێزی سەربازیی دیمەشق، بۆیە ئەگەر ئەو پێكدانانە لەوە زیاتر پەرە بستێنێ، ئەوا هێزەكانی سوریای دیموكرات توانای كۆنترۆڵكردنی بەشێك لەناوچەكانی بەری رۆژئاوای فوراتیان هەیە بەتایبەتیش منبەج و ناوچەكانی نزیك حەلەب.

دواخستن یاخود سەرنەگرتنی كۆنگرەی پاریس چاوەڕوانكراو بوو، ئێستا جگە لەتوركیا بەریتانیاش هاتۆتە ناو یاریەكە. دوای كردنەوەی باڵیۆزخانەو راگەیاندنی لایەنگیریان بۆ ئەحمەد شەرع، ئەوانیش دەیانەوێ‌ رۆڵیان هەبێت لەپرسی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە. نایانەوێ‌ فەرەنسا بەتەنها ئەو رۆڵە میحوەرییە بگێڕێت بۆیە پێشبینی دەكرێت كۆبونەوە یاخود كۆنگرەكەی پاریس كە دەمێكە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت ببرێتە وڵاتێكی دیكەو لەكاتێكی دیكە دا بكرێت، بەڵام جگە لەفەرەنساو ئەمریكا، بەریتانیەكانیش لەكۆنگرەكە ئامادەبن و رۆڵ بگێڕن لەدووبارە داڕشتنەوەی نەخشەڕێی قۆناغی راگوزەرو پرسی نوسینەوەی دەستورو چۆنیەتی بەیەكەوە ژیانی پێكهاتەكان. پێشبینی دەكرێت كۆنگرەكەی پاریس ببرێتە عەممانی پایتەختی ئوردن، رەنگە ئەمە خواستی ئەو وڵاتانەش بێت كەپشتیوانی ئەحمەد شەرع دەكەن بەتایبەت سعودیەو ئیمارات.

جێی سەرنجە بەریتانیا وەك چۆن لەدوای ریفراندۆمی 2017ی كوردستان و پرسی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی ئێجگار خراپی دژی كورد گێڕا، ئێستاش دوای زیاتر لە 8 مانگ لەرووخانی ئەسەد هاتۆتە گۆڕەپانەكەو هەمان رۆڵی خراپ و دژ بەكورد لەسوریا دەگێڕێت و لایەنگری حوكمڕانانی نوێی دیمەشقە لەدژی ماف و بەركەوتەی گەلی كورد.

ماوەی چەند هەفتەیەكە هەست بەگۆڕانكارییەكی ئیجابی دەكرێت لەهەلوێستی ئەمریكا بەرامبەر كورد، پێشتر (تۆم باراك) نوێنەرەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ گفتوگۆی نێوان هەسەدەو دیمەشق چەند لێدوانێكی بێسەروبەرو خراپی دژی كوردو پرسی فیدراڵی لەسوریادا، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلایەن هەسەدەو كورد لێكەوتەوە، بەڵام لەو گرژیانەی چەند رۆژەی نێوان هێزەكانی هەسەدەو گروپە چەكدارەكانی شەرع مەیلی كوردیان زیاترەو ناڕازین لەهەڵسوكەوتی شەرع.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار