سەردانەکای هاکان فیدان و کۆنفڕانسەکەی حەسەکە .!

11 كاتژمێر لەمەوپێش



خەبات کوردە

ڕۆژی ٧ ی ئاب هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا ، بەسەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی چەند کاتژمێری گەیشتە دیمەشق و ئەوەی کە ئاشکرا کرا تەنها دەربارەی هەسەدە و هەندێ پڕۆژەی ئابوری بوون کە ئەنقەرە هیوای لە سەر هەڵچنیوە کە لە داهاتوو لە ناو سوریادا جێبەجێیان بکات . 

هەر چەندە سوریایەکەی ئەحمەد ئەلشەڕع لە گێژاوێکی سیاسی و سەربازی قوڵدا ڕێدەکات ، بەڵام هیچ شتێک ئاشکرا نەکرا دەربارەی دروزەکانی خواروی سوریا و پڕۆژەی داود کە ئیسڕائیل ئێستا زۆر بە گەرمی کاری لە سەر دەکات یان عەلەویەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کە ڕوسیا خەریکە سەربازەکانی لەو ناوچانەدا بڵاوە پێدەکات .

شەوی ٦ ی ئاب هێزەکانی هەسەدە بەناو بیابانی شامدا ڕووەو دیمەشق جوڵەیان پێکرا و تا گەیشتنە ١٥ کیلۆمەتری نزیک دیمەشق و گەڕانەوە .  هەر چەندە وا ڕاگەیەندرا کە ئەو جوڵەیە بۆ کردنەوەی ڕێگایەکی خۆڵاوی ناو بادیەی شام بووە ، بەڵام لە ڕاستیدا جوڵەیەکی تاکتیکیانەی سەربازی زۆر گرنگ بووە و تەواوی دیمەشقی هەژاندوە .

بەڵێ دوابەدوای سەردانەکەی هاکان ڕۆژی ٨ ی ٨ ی ٢٠٢٥ لە شاری حەسەکەی کوردان کۆنفڕانسێکی تەواوی هەموو حیزب و لایەن و پێکهاتەکانی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕێوە چوو و شێخی گەورەی دروزەکانیش لە ڕێی ڤیدیۆوە بەشداری کرد و وتارێکی دا و هەموو لایەک هاوڕا بوون کە پێویستە و زۆریش گرنگە کە سوریای داهاتوو دەبێ وڵاتێکی عیلمانی و فیدڕاڵی دوور لە دەستێوەردانی ئاینی و مەزهەبی بێ .

هەواڵەکان وا ڕادەگەیەنن کە ( ئەنەکەسە ) دور یا نزیک بەشداری کۆبونەوەکەی نەکردوە و کۆنفڕانسەکەی بە دوژمنکاریەکی گەورەی بەرامبەر دیمەشق ناوزەند کردوە .!
هەر چەندە ئەو بەشداری نەکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەستەیی سەرانی ئەنەکەسە بۆ ڕێنماییەکانی تورک ، بەڵام دوربارە کردنەوەی وەلایەکە بۆ سیاسەتەکانی تورکیا زیاتر لە ناوچەکە .

خێرایی گرێدانی ئەو کۆبونەوەیەی شاری حەسەکە وەڵامێکی توندی تەواوی پێکهاتەکانی ڕۆژئاڤایە بۆ ئەو سەردانەی هاکان فیدان کە بۆ دیمەشق ئەنجامیدا .

لە ئێستادا دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە سوپای تورکیا تەواوی هێزەکانی لە سوریادا دەکشێنێتەوە و زۆرێک وا لێکدانەوەی بۆ دەکەن کە بە هۆکاری سەردانەکەی هاکان فیدانی وەزیری دەگەڕێننەوە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەردۆگان سەردانی وەزارەتی بەرگری کردوە و دەنگگۆی گۆڕینی زۆرێک لە سوپاسالارەکانی ئەنجامداوە و دوور نیە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیشیان لە سوریا هەر لەو سەردانەدا بڕیاری لێدراوە .

تەواوی ناوچەکە بە گرژی و ئاڵۆزیەکی گەورەدا تێپەڕ دەکات ، هەر لە بڕیاری چەک کردنی حیزبوڵڵای لوبنانی و داگیر کردنی کەرتی غەززە لە لایەن سوپای ئیسڕائیل و ڕازی نەبوونی گروپە توندڕەوە ئیسلامیە سوننە مەزهەبەکانی ناو سوریا دەربارەی سوریایەکی فیدڕاڵی و عیلمانی دیموکرات لە سوریا و هەڵوەشاندنەوەی هێز و گروپە چەکدارەکانی شیعە و حەشدی شەعبی لە عێڕاق و دەستپێکردنەوەی هەڕەشەکانی سەرانی ئێران دژی ئەمەریکا و ئیسڕائیل و کۆتایی هێنان و ڕازی بوونی پۆتین سەرۆکی ڕوسیا کە لە گەڵ دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە ئیمارات دانیشتنێ بکەن و بڕیار بدەن کە شەڕە خوێناویەکەی ئۆکڕانیا ڕابوەستێ .!

هەموو ئەو جوڵە سیاسی و سەربازیانەی کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن وادەکەن کە تورکیاش ناچار بکرێ لە کۆتاییدا خۆی لە هەڕەشەکانی ئیسڕائیل بپارێزێ و لە کۆتاییدا دەستبەرداری دەستێوەردانەکانی لە ناو سوریا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و لە کۆتاییدا شەڕع و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی بۆ مانەوەی خۆیان ڕازی ببن و سوریا بۆ چەند هەرێمێکی فیدڕاڵی دابەش بکەن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار