هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس دیپلۆماسییەتێکی بەهێزتر و دەروازەیەکی تری نوێی ووزە و ئابووریی

8 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردن: هاوڵاتی
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
بۆ ڕاپۆرتێک لەبارەی لایەنەکانی پڕۆژەکە و ئەگەرەکانی بەردەمی، لەگەڵمان بن:
دوای ئەوەی وەزیری ووزەی سوریا، محەممەد بەشیر، ڕایگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە سەردانێکیدا بۆ عێراق، گفتوگۆ لەبارەی سەرلەنوێ ژیانەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس دەکەن، بابەتەکە بووەتە جێی سەرنجی شیکەرەوەکانی بواری ووزە و ئابووریی.
هێڵی بوڕی نەوتی کەرکوک-بانیاس، پڕۆژەیەکی گرنگی ووزە و ڕێگەی گەیاندنی لێشاوی زێڕی ڕەشی عێراقە لە کەر کوکەوە بە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست و لەوێوە ووڵاتانی ئەوروپا و بازاڕەکانی جیهانەوە. درێژی هێڵەکە ٨٠٠ کیلۆمەتر دەبێت. هێڵی بۆڕی نەوتی کەرکوک-بانیاس لە ساڵی ١٩٥٠ دەستکراوە بە بونیادنانی و لە ساڵی ١٩٥٢ تەواو بووە و ڕاستەوخۆ کاریکردووە و توانای گواستنەوەی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی هەبووە لە ڕۆژێکدا. لە ساڵی ١٩٨٢ هێڵەکە ڕاگێرا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە لە سەردەمی حافز ئەسەد و صەدام حسێندا.
لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن و گەورەکردنیدا، پێدەچێت توانای گوستنەوەی بگاتە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سوریا دەیەوێت لەم دۆخە ئابوورییە دژوارەیدا سوود لە زیندووکردنەوەی هێڵەکە ببینێت و وەکو سەرچاوەیەکی بەردەوامی داهات بەکاریبهێنێت لە بووژانەوەی ئابووری وڵاتەکەدا. هەروەها پەیوەندی ووزەی ببێتە پردێک و بنەمایەک بۆ ئەوەی پەیوەندیی ئابووریی و سیاسیی خۆی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات. لەم دۆخەدا سوریا زۆر پێویستی بە بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی هەیە لەگەڵ ووڵاتان بە گشتی و بەتایبەتی ووڵاتانی دراوسێ.
هەڵوێستی تورکیا لەبارەی پڕۆژەکەوە
دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا، ئەردۆگان، ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ١٩٧٣ ەوە کاری پێدەکرێت لەگەڵ عێراق بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهان لە ڕێگەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهان، لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت و ئامادە نییە بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە. ئەمەش بەهۆکاری ئەو سزا یەک ملیار دۆلارییەی سەپێنرا بەسەریدا لەئەنجامی سکاڵایەکی عێراقدا لە داگای پاریسدا کە نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت کە بەبێ ڕەزامەندیی عێراق نەوتەکەی فرۆشراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک-جەیهانەوە.
پەیوەندی پڕۆژەکە بە هەرێمی کوردستنەوە
بەوپێیەی ڕێککەوتنەکە لە نێوان دیمەشق و بەغدا دەبێت، کۆنترۆڵی تەواوی هەناردەی نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان دەچیێە ژێر دەستی بەغدا. هەرێم بەهێچ شیوەیەک ناتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا و بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵی، نەوتەکەی بفرۆشێت. کە ئەمەش ناوەندگەراییەکی زیاتر و دەسەڵاتدارێتییەکی زیاتر بە بەغدا دەبەخشێت و بۆ هەرێمیش وابەستەییەکی زیاتر بە بەغداوە.
بەربەست و ئاڵنگارییەکان
بۆرییەکە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە خزمەتگوزاریی بەردەوام بێبەش بووە جگە لە ماوەیەکی کەم و بەشێوەیەکی کاتی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ کە بۆ جیبەجێکردنی بڕیاری نەوت بەرانبەر بە خۆراک لە دوای چەندین ساڵی گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق. هەروەها هێڵەکە لە کاتی ململانێکانی دواتردا زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.
هەروەها ئەگەرێکی بەهێز هەیە تورکیا بێتە ناو پرسەکەوە و فشار لەسەر دیمەشق دابنێت تا لە ڕێککەوتنەکە پاشەکشە بکات، چونکە هێڵی کەرکوک-بانیاس بە تەواوی دەبێتە جێگرەوە بۆ هێڵی کەرکوک-جەیهان.
نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە تێچوویەکی زۆری پێویستە. پڕۆژەکە ڕووبەڕووی مەترسی هەندێک سزا، لەلایەک و ئاسایشی هێڵەکە لە ناوخۆی سوریا لەلایەکی تر دەبێتەوە. هەروەها سیاسەتی ئاڵۆزی دابەشکردنی داهات لە نێوان بەغدا و هەولێردا یەکیکی تر لە ئاڵنگارییەکان دەبێت.
تەنانەت ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە ڕێککەوتنیش بکرێت، دووبارە دروستکردنەوەی وێستگەکانی پەمپکردن، چاککردنەوە یان گۆڕینی بۆری و نوێکردنەوەی بەندەری بانیاس کاتێکی زۆری دەوێت.
دەرئەنجام
زیندووکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک – بانیاس لە ڕووی ستراتیژییەوە بە گرنگ و لە ڕووی ڕەمزییەوە بە بەهێز دادەنرێت. هێڵەکە دەروازەیەکی بەدیل لە دەریای ناوەڕاستدا پێشکەش بە عێراق دەکات و داهاتی ترانزێت بە سوریا دەبەخشێت - بەڵام وەک پڕۆژەیەک بە تێچوویەکی زۆرەوە و بە هەستیاریی دەمێنێتەوە لە پارستنی ئاسایشەکەیدا.
لە ئەگەری ڕێککەوتن و سەرکەوتنی پڕۆژەکەدا، ئەوەی تیایدا زیانمەند دەبێت بە پلەی یەکەم هەرێمی کوردستانە کە بەتەواوی وابەستە دەبێتەوە بە بەغداوە چونکە توانای فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە تەواوی بەبنبەست دەگات و هەروەها تورکیاش زیانمەند دەبێت. بەڵام بەغدا و دیمەشق جگە لەوەی سوودمەندە گەورە ئابوورییەکە دەبن هەروەها پێگەی دیپلۆماسییەتی ووزە و سیاسەتیان بەهێز دەبێتەوە.
بۆچوونی تۆ لەبارەی پڕۆژەیەکی وەها گرنگ لەنێوان بەغدا و دیمەشق چییە؟

